سیروان ره‌شید
كتوپڕ، كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان رایگه‌یاند كه له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمه‌وه ئاگاداركراونه‌ته‌وه كه ده‌بێت هاوكات له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی خولی سێیه‌می په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ڵبژاردنه‌وه بۆ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمیش بكرێت.
ساڵی 2005، دوای ئه‌وه‌ی پارتی‌و یه‌كێتی بڕیاریاندا لیستی هاوبه‌ش بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق‌و كوردستان پێكبهێنن، هه‌ردولا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش پێكهاتن كه ئه‌گه‌ر لیستی هاوپه‌یمانی كوردستان توانی له به‌غدا پۆستێكی (سیادی) كه مه‌به‌ست لێی (سه‌رۆكی كۆمار یان سه‌رۆك وه‌زیران) به‌ده‌ستبهێنێت، ئه‌وا تاڵه‌بانی ئه‌و پۆسته وه‌ربگرێت، له به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا له كوردستان بۆ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم بارزانی دیاریبكرێت، خۆ ئه‌گه‌ر له به‌غدا لیستی هاوپه‌یمانی نه‌یتوانی ئه‌و پۆسته (سیادی)ه وه‌ربگرێت، له كوردستانیش ئه‌و پۆسته دانانرێت.
له‌كاتی ئاماده‌كردنی ره‌شنوسی ده‌ستوری هه‌رێم‌و ده‌رچونی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمیش له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه، مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه خاڵێكی ناكۆكی نێوان پارتی‌و یه‌كێتی بو، كه پێده‌چێت ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت یه‌كێتی هه‌مان بۆچونی هه‌بێت‌و پێیباشه هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه هه‌ڵبژێردرێته‌وه، به‌و پێیه‌ی سیستمی حوكمڕانی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك عێراق په‌رله‌مانییه، به‌ڵام به ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه، سیستمه‌كه ده‌بێته سه‌رۆكایه‌تی.
ئێستا كه به‌ڕێز بارزانی دوباره بۆ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم خۆی كاندید كردوه‌ته‌وه، تائێستا مه‌كته‌بی سیاسی‌و سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی هیچ رونكردنه‌وه‌یه‌كی به جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی رانه‌گه‌یاندوه كه بارزانی پاڵێوراوی یه‌كێتیشه بۆ ئه‌و پۆسته یان ته‌نیا پاڵێوراوی پارتییه، به‌ڵام وه‌ك ئه‌وه‌ی له چه‌ند رۆژی رابردودا میدیاكان بڵاویانكرده‌وه، به‌پێی رێككه‌وتنێكی نێوان به‌ڕێز تاڵه‌بانی‌و به‌ڕێز بارزانی، تاڵه‌بانی گڵۆپی سه‌وزی بۆ بارزانی هه‌ڵكردوه كه قبوڵیه‌تی ئه‌و پۆسته بدرێته‌وه به پارتی، به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ی تاڵه‌بانی بۆ رای مه‌كته‌بی سیاسی‌و كۆمیته‌ی سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌كه‌ی.
لێره‌دا ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رسوڕمانه، پێدانه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته‌یه به پارتی، به‌بێ ره‌چاوكردنی به‌ده‌ست نه‌هێنانه‌وه‌ی پۆسته سیادییه‌كه‌ی به‌غدا (سه‌رۆك كۆمار یان سه‌رۆك وه‌زیران، نه‌ك سه‌رۆك په‌رله‌مان) ئه‌و پۆسته به پارتی دراوه‌ته‌وه، كه ئه‌مه پێده‌چێت كێشه بۆ رێككه‌وتنه ستراتیژییه‌كه‌ی نێوانیشیان دروستبكات، جگه له‌وه‌ی نیشانه‌ی تێكچونی هاوسه‌نگی هێزه له كوردستان‌و پارتی بوه به حیزبی یه‌كه‌م‌و یه‌كێتیش حیزبی دوه‌م.
له‌ڕوی یاساییه‌وه هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه كارێكی دروسته‌و هیچ خه‌وشێكی تێدانییه كه یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به‌وجۆره هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی ده‌ستنیشانكردوه، به‌ڵام باشتر‌وایه ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستان بڕیار له میكانیزمی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بدات، به‌وپێیه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم وه‌ك له یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمدا ئاماژه به ده‌سه‌ڵاته‌كانی كراوه، سه‌رۆك كۆمه‌ڵێك ده‌سه‌ڵاتی گرنگی هه‌یه‌و به‌پێی ماده‌ی یه‌كی یاسای سه‌رۆكایه‌تی، سه‌رۆكی هه‌رێم سه‌رۆكی یه‌كه‌م ده‌سه‌ڵاتی راپه‌ڕاندن (حكومه‌ت)ه، كه به‌م پێودانگه له ئێستادا سه‌رۆك ده‌سه‌ڵاتێكی نیمچه موتڵه‌قی هه‌یه.
له هاوپه‌یوه‌ند به هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم مه‌سه‌له‌یه‌كی دیكه كه جێگای نیگه‌رانییه ئه‌وه‌یه، كه ئه‌و (42) قه‌واره سیاسییه‌ی ئێستا كێبڕكێ بۆ بردنه‌وه‌ی (111) كورسیه‌كه‌ی په‌رله‌مان ده‌كه‌ن، هیچ لایه‌كیان جگه له پارتی دیموكراتی كوردستان پێناچێت كاندیدی خۆیان بۆ ئه‌و پۆسته ده‌ستنیشان بكه‌ن، كه ئه‌مه‌ش به‌ڕای من تابڵێی عه‌یبه‌یه‌كی گه‌وره‌یه، چونكه:
* یاسا رێگای به خۆكاندیدكردنی هه‌مو لایه‌ك داوه.
* بونی كێبڕكێ بۆ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمیش گه‌مه‌ی دیموكراسیه‌ت خۆشتر ده‌كات.
* پرسیارێك كه ئێستا خه‌ڵك روبه‌ڕوی لیسته‌كانی گۆڕان و چوارحیزبه‌كه‌ی ده‌كه‌نه‌وه، هۆكار چیه به‌نیازن كاندیدتان بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم نه‌بێت!
|