سیروان رهشید
بەرقەراربونی سیستمێكی قەزایی سەربەخۆ و بەهێز، كۆڵەكەیەكی گرنگ و سەرەكی ژیانی دیموكراسییە، هەربۆیە پێویستە چاكسازی لەسیستمی حوكمڕانی هەرێم، لە دەسەڵاتی دادوەرییەوە دەستپێبكات.
دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێمی كوردستان كە هاوتەریبە لەگەڵ دەسەڵاتی تەشریعی (پەرلەمان) و دەسەڵاتی جێبەجێكردن (حكومەت)، كەمترین گفتوگۆی جدیی و رەخنەگرانەی لەبارەوە كراوە، لەكاتێكدا ئەم دامەزراوەیە پەیوەندیی راستەوخۆی بە ژیانی رۆژانەی هاوڵاتییان و كایەی سیاسی و ئابورییەوە هەیەو بە رادەیەكی زۆریش پەیوەستە بە سیستمی حوكمڕانییەوە.
لەماوەی دو سێ ساڵی رابردودا، بەتایبەتیش لەم چەند هەفتەیەدا كە باس لە گۆڕان و چاكسازیی دەكرێت، زۆربەكەمی قسە لە بارەی دەسەڵاتی دادوەرییەوە دەكرێت، لەكاتێكدا سیستمی قەزا لە كوردستان، لێوانلێوە لە كڵۆڵی و ئیفلیجی كە پێویستی بە گۆڕانی ریشەیی هەیە.
خۆشبەختانە، لە هەرێم بەپێی یاسای ژمارە(23)ی ساڵی 2007ی پەرلەمانی كوردستان، یاسای دەسەڵاتی دادوەریی لەهەرێم دەركردو لە دەسەڵاتی تەنفیزیی جیاكردەوە، كە بەپێی یاساكە، ئامانجی ئەم دەسەڵاتە، پاراستنی شكۆمەندی دادوەریی و بەدیهێنانی دادپەروەرییە لەهەرێم، جگە لەوەی دەستوری عێراق و رەشنوسی دەستوری هەرێمیش لەسەر مەبدەئی جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان (فصل السلگات) جەخت دەكەنهوە، بەڵام لەراستیدا ئەمڕۆ لە كوردستان، سیستمی قەزایی وەكو پێویست حزوری نییە و لەئیفلیجبون نزیكبوەتەوە.
بەكورتی، رەخنەو كەموكورتییەكان لە بواری دەسەڵاتی قەزایی لە هەرێم، لەم لایەنانەوەیە:
یەكەم: دەسەڵاتی قەزایی، حزور و هەیبەتی زۆر لاوازە، زۆربەی هاوڵاتییان نازانن كە لە كوردستان دەسەڵاتی دادوەریی سەربەخۆیە!. تەنانەت كەم كەس هەیە بزانێت كە سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی و ئەندامانی ئەنجومەنەكەی چەند كەسن و كێنو ناویان چییە! كە دەبوایە سەرۆكی ئەم دەسەڵاتە وەکو بەڕێزان سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی پەرلەمان لەكایەی سیاسیی و ئیدارییدا حزوری هەبوایە.
دوەم: هەرچەندە بەپێی ئەو یاسایەی پەرلەمان دەسەڵاتی دادوەریی سەربەخۆیە، بەڵام لەواقیعدا وانییە و كەموكورتی زۆرە، بۆ نمونە سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی، پلەی وەزیری هەیە، كە دەبوایە پۆستەكەی لەئاستی سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆك وەزیراندا بوایە، ئەمەش وایكردوە كە تەواوی ئەنجومەنەكە وەك وەزارەتێك سەیربكرێت و مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، نەك وەك دەسەڵاتێكی جیاو سەربەخۆ. جگە لەوەی كە باس لەوەدەكرێت كە ئەم دەسەڵاتە سەربەخۆیە، دەبێت لە روی كارگێڕی و داراییەوە بەتەواوەتی سەربەخۆ بێت و بۆهیچ شتێك نەگەڕێتەوە بۆ حكومەت، بەڵام لەباری واقیعدا، سەرباری ئەوەی دوساڵە بودجەیەك بۆئەم دەسەڵاتە تەرخاندەكرێت، بەڵام لەخەرجییەكانیدا وەك دەسەڵاتێكی جیاو سەربەخۆ دەسەڵاتی نەدرواوەتێ و پێویستە بۆ خەرجییە گرنگەكان بگەڕێتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیرانو بۆهەندێك بواری تر بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی.
سێیەم: یەكێك لەكێشەكانی ئەم دەسەڵاتە، هەژمونو دەستێوەردانی حیزبە كە پێویستە دەسەڵاتی حیزب بەتەواوەتی دور بخرێتەوەو رێنەدەن دامودەزگا حیزبییەكان دەستبخەنە كاروباری دادگاوەو حیزب دەوری نەبێت لە دامەزراندنی دادوەرو كارمەندی دەزگای قەزایی و بەهیچ جۆرێك رێنەدرێت راستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ دەست وەربداتە رەوتی كارەكانی دادگاو بڕیارەكانییەوە.
چوارەم: دەزگای داواكاری گشتی (ئدعای عام) لەكوردستان ئیفلیجكراوە، لەكاتێكدا ئەم دەزگایە ئەندامە لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی دادوەریی و لەهەمانكاتیشدا سەر بە دەسەڵاتی جێبەجێكردنە و ئێستا لەژێر دەسەڵاتی وەزارەتی داد دا ئیفلیجكراوە.. هەڵبەت هەمولایەك باش دەزانین كە بایەخو گرنگی دەزگای داواكاری گشتیی لە روی پەیوەندیی بە سامانی گشتی و لێكۆڵینەوە لەگەندەڵی و تهتانهت لەچاودێریكردنی قانون و چۆنێتیی جێبەجێكردنی، دەورێكی زۆر گرنگی هەیە.
رۆحی هەمو سیستمێكی حوكمڕانیی تەندروست و عادیلانە، بریتییە لە بەرقەراربونی سیستمێكی قەزایی سەربەخۆ و تۆكمەو بەهێز، كە بەداخەوە لەكوردستان ئەم دەسەڵاتە هەندێكجار وەك پاشكۆو ئالەتێكی لێهاتوە بەدەست دەسەڵاتی تەنفیزییەوە، هەربۆیە هەتا كورد نەبێت بەخاوەنی دەسەڵاتێكی دادوەریی سەربەخۆو ئازاو ئەكتیڤ، ناتوانێت هەرێمێكی یاسایی و دامەزراوەیی دروستبكات.
|