سیروان ره‌شید
هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی كه‌ركوك و دیاله و موسڵ، بۆ كورد گرنگییه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه به‌و پێیه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆر كورد له سنوری ئه‌و سێ پارێزگایه‌دا ده‌ژین، سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی كه روبه‌ری سنوری جوگرافیای هه‌رێمی كوردستان زیاتر له (80000) كیلۆمه‌تری چوارگۆشه‌دایه، به‌لاَم ئێستا مه‌زه‌نده ده‌كرێت زیاتر له (35000) كیلۆمه‌تری چوارگۆشه كه نزیكه‌ی نیوه‌ی سنوری خاكی هه‌رێمی كوردستان كه‌وتۆته ئه‌و ناوچانه‌وه و نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، كه به‌ناوچه‌ی ناكۆكی (متنازع علیه) داندراون.
به‌گوێره‌ی یاسای ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراق، كه بڕیاره له 1ی تشرینی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردن بۆ ده‌ستنیشانكردنی 29 ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نه‌كان بكرێت، یاساكه كۆمه‌ڵێك ده‌سه‌لاَتی هه‌ستیار و گرنگی داوه به‌و ئه‌نجومه‌نانه كه ده‌سه‌لاَتی ته‌شریعییان هه‌یه و به‌گوێره‌ی ده‌ستوری عێراقی یه‌ك له‌سه‌ر سێی ئه‌و ئه‌نجومه‌نانه ده‌توانن داوابكه‌ن كه ریفراندۆم بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی كه پارێزگاكه‌یان بكرێته هه‌رێمێكی سه‌ربه‌خۆ یان بچنه سه‌ر هه‌رێمێكی تر.
سه‌ركردایه‌تی كورد ده‌بێت به گرنگیه‌وه بڕوانێته هه‌ڵبژاردنی ئه‌و سێ پارێزگایه و به‌تایبه‌تیش له كه‌ركوكدا، به‌وپێیه‌ی له پێنج ساڵی رابردودا و تائێستا ئاسۆیه‌كی گه‌ش به‌دی نه‌كراوه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی شاره‌كه بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.
له‌ئێستادا زۆربه‌ی ئاماژه‌كان ئه‌وه نیشانده‌ده‌ن كه كورد ئه‌مجاره ناتوانێت له‌و پارێزگایانه‌دا ئه‌و ده‌نگه زۆره به‌ده‌ستبێنێته‌وه كه هه‌ڵبژاردنی پێشوو به ده‌ستی هێنا بوو، ئه‌ویش له‌به‌ر دوو هۆكار، یه‌كێكیان به‌شداربوونی سونه‌كانه به قورساییه‌كی زۆره‌وه له هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌دا، دووهه‌میشیان كورد له سێ ساڵی رابردودا ئه‌دای ئیداری له‌و ئاسته‌دا نه‌بوو، كه نه‌ك هه‌ر ده‌نگی ژماره‌یه‌كی باش توركمان و عه‌ره‌ب بۆ خۆی راكێشێت به‌ڵكوو كوردێكی زۆریش له ئه‌دای لیستی برایه‌تی كوردی رازی نین كه پارتی و یه‌كێتی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كه‌ن.
ئێستا له كه‌ركوك لیستی كورد دابه‌شبووه و جیاواز له‌و لیسته‌ی پارتی و یه‌كێتی كه له‌چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنه ستراتیژیه‌كه‌یان پێكی ده‌هێنن، لیستێكی دیكه به‌ناوی (لیستی چاكسازی و بیناكردنی كه‌ركوك) كه عه‌لی ساڵه‌یی ئه‌ندامی ئێستای لیستی برایه‌تی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات و به‌جیا به‌شداری هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن، پێده‌چێت له داهاتودا كورد لیستی دیكه‌شی لێ جیابێته‌وه.
له هه‌رسێ پارێزگاكه و به‌تایبه‌تیش له كه‌ركوك له ئێستادا ژماره‌یه‌كی زۆر له كادێر و به‌رپرسانی یه‌كێتی و پارتی له هه‌ڵپه‌ی خۆ كاندیدكردندان بۆ وه‌رگرتنی كورسیه‌كانی ئه‌نجومه‌ن له هه‌ندێك كۆمیته و ناوچه‌ی یه‌كێتی و پارتیدا 10 بۆ 12 كه‌س ده‌یه‌وێ خۆی هه‌ڵبژێرێت، سه‌ره‌ڕای ململانێی زۆرێك له به‌رپرسانی كه‌ركوك كه له ئێستاوه شین و شای بۆ كورسیه‌كه‌ی پارێزگار ده‌كه‌ن.
ئه‌م ململانێ ناته‌ندروسته‌ی كادێر و به‌رپرسانی پارتی و یه‌كێتی له كه‌ركوك له‌به‌ر كوردایه‌تی و خزمه‌تكردن نیه، به‌ڵكو ئێستا له كه‌ركوكدا شتێك نه‌ماوه به‌ناوی كوردایه‌تی و هه‌ركه‌س هه‌ڵپه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سی خۆی ده‌دات، كه ده‌زانێت پێشتر پارێزگار و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن، هه‌ریه‌كه‌یان سێ ئۆتۆمبێل و زه‌وی و چه‌ندین ئیمتیازی تریان وه‌رگرتووه و ئێستا هه‌ندێكیان بونه‌ته خاوه‌نی سامان هاوكات ژماره‌یه‌كیان پۆسته‌كانیان به‌كارهێناوه بۆ جۆره‌ها كاری تر، ئه‌مانیش ده‌یانه‌وێت به‌و شێوه‌یه سود مه‌ند ببن.
كه‌ركوك به‌و پێیه‌ی نزیكه‌ی سه‌ده‌یه‌كه كورد شه‌ڕی له‌سه‌ر ده‌كات و چه‌ندین شۆڕشیش له‌و پێناوه‌دا هه‌ڵگیرساوه و نه‌گه‌یشتووه به ئامانج، گرنگه سه‌ركردایه‌تی كورد (پارتی و یه‌كێتی) هه‌وڵبده‌ن ئه‌و كه‌سانه‌ی بۆ كورسیه‌كانی ئه‌نجومه‌ن كاندیدیان ده‌كه‌ن پێویسته به كۆمه‌ڵێك فلته‌ردا بڕۆن و له‌ئاست ئه‌و به‌رپرسیارێتیه مێژووییه‌دا بن.
1- پێویسته یه‌كێتی و پارتی واز له په‌یڕه‌و كردنی مه‌بده‌ئی (گوناحه) بێنن و له به‌ر ئه‌وه‌ی فلاَنه كادێر و فیساره تێكۆشه‌ر پێشتر هیچ پۆستێكی نه‌دراوه‌تێ با ئه‌مجاره كاندید بێت بۆ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌ن.
2- پێویسته ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی كاندید ده‌كرێن كه فائه‌تی سیاسیان هه‌بێت و بتوانن له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب و به‌غدا مفاوه‌زات بكه‌ن، نه‌ك له‌بری ئه‌وان وه‌ك ئێستا به‌رپرسانی بالاَی پارتی و یه‌كێتی بچن له به‌غدا شه‌ڕیان بۆ بكه‌ن.
3- به‌وپێیه‌ی كێشه‌ی كه‌ركوك ره‌هه‌ندێكی نێوده‌وڵه‌تی و ئیقلیمی وه‌رگرتووه، پێویسته نوێنه‌رانی كورد له‌بواری دیبلۆماسیه‌تدا شاره‌زابن و توانای ئه‌وه‌یان هه‌بێ شه‌ڕی دیبلۆماسی له‌گه‌ڵ توركیا و ده‌وڵه‌تانی تر بكه‌ن، سه‌ره‌رای كه‌فائه‌تی سیاسیان له ململانێی گروپی توركمان و عه‌ره‌بی ئه‌نجومه‌ن.
4- پێویسته ئه‌و كه‌سانه‌ی كاندید ده‌كرێن خه‌ڵكی زمانزانبن.
5- پێویسته ره‌چاوی لایه‌نی پسپۆری و شاره‌زای له بواره‌كانی قانونی و نه‌وت و ئیداری و په‌روه‌رده و و ئه‌من و ئه‌ندازیاری و ...هتد بكرێت.
6-گرنگه لیستی كوردی چه‌ند كه‌سایه‌تیه‌كی ته‌كنۆكرات له نه‌ته‌وه‌كانی توركمان و عه‌ره‌ب و مه‌سیحی بكاته نوێنه‌ری خۆی، نه‌ك نوێنه‌ری ئه‌و نه‌ته‌وانه پیاوی یه‌كێتی و پارتی بن و لای نه‌ته‌وه‌كانی تر قبوڵ نه‌بن.
|