ئه‌رێ به‌ڕاست كه‌س رقی له سه‌رۆكه؟
|
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
له‌م رۆژانه‌دا ده‌نگێكی نه‌شاز و نه‌خوازراو كه‌م و زۆر ده‌بیسترێت و هه‌ندێكجار هه‌مان ده‌نگ ده‌یه‌وێت دنیا به‌سه‌ر ره‌ش و سپی‌دا دابه‌ش بكات، ئه‌م ده‌نگه كه به‌داخه‌وه ده‌شێت لای ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێمه له‌به‌ر دڵان بێت ده‌یه‌وێت بڵێت، ئه‌وه ئێوه‌ن رقتان له سهرۆكهو ئه‌وه منم ده‌یپارێزم، ئه‌م ده‌نگه پاسه‌وانه هه‌رگیز نایه‌وێت سه‌رۆك به ئاسوده‌ی بیر بكاته‌وه و بڕیار بدات، ئه‌و به‌رده‌وام ئه‌وه نیشانی سه‌رۆك ده‌دا كه دژ و نه‌یاره‌كان ئامانجیان كورسییه‌كه‌ی ئه‌وه، كێشه سه‌ره‌كییه‌كه له‌وه‌دایه سه‌رۆك زیاتر له‌و ده‌نگه‌وه نزیكه تا له ده‌نگی گشت خه‌ڵكه‌وه، یان ده‌شێت ئه‌و ده‌نگه ئه‌و هه‌له‌ی بۆ ره‌خسابێت و ئیدی به ئامان و زه‌مان نه‌یه‌ڵێت ده‌نگی دی به‌رزه‌وه بن، كه بڕوام وایه ئه‌مه برینه‌كه قوڵتر ده‌كات، ده‌زانم ئه‌و ده‌نگه راست ده‌كات كه ده‌ڵێت سه‌رۆك له رێگه‌یه‌كی دیموكراتییه‌وه نزیكه‌ی (70%)ی ده‌نگه‌كانی گه‌لی به‌ده‌ستهێناوه، به‌ڵام هه‌رگیز له‌وه‌دا راست ناكات كه ده‌ڵێت: (30%)ی ده‌نگه‌كانی دیكه دژی سه‌رۆكن، له دنیای دیموكراسیدا ئه‌گه‌ر كه‌سێك به (51%)یش ببێته سه‌رۆك، دواجار ده‌بێت وه‌كو یه‌ك سه‌یری (100%)ی میلله‌ت بكات، جیاوازی دنیای دیموكراسی له دنیای به دیموكراسیكراو لێره‌دایه، ئه‌وه‌ی وا له سه‌رۆكه‌كه‌ی ده‌گه‌یه‌نێت كه (30%) له‌گه‌ڵیان نین، جگه له‌وه‌ی كار له‌سه‌ر خۆبردنه پێشه‌وه و به‌رات و خه‌ڵات ده‌كات، ده‌بێت له‌وه تێبگات به‌م كاره به‌رده‌وام به‌ره‌ی (30%) به‌ره‌و زیادبون ده‌ڕوات، زۆرمان بینی (99%)ی ده‌نگه‌كانیان بۆ هێنا بو، به‌ڵام نه‌یتوانی له‌به‌ره‌ی گه‌لدا بێت، ئێمه زۆر جار له رێگه‌ی ئه‌م په‌یام و نامانه‌وه كه بۆ سه‌رۆكی ده‌نێرین، چاوه‌ڕێی گۆڕان و چاكسازی ده‌كه‌ین، نه‌ك ئافه‌رین و خه‌ڵات و به‌رات، له راستیدا هیچ هاولاَتییهك وه‌ك رق، رقی له سه‌رۆك نییه، به‌وانه‌شه‌وه كه رۆژێك له رۆژان له شه‌ڕی حیزبه‌كه‌ی سه‌رۆكدا له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیكه بونه قوربانی، هاوڵاتییهكان دادگه‌ری و یه‌كسانی وه‌ك یه‌كیان ده‌وێت، هاوڵاتییهكان ده‌یانه‌وێت له بری ته‌نیا سه‌رۆك، ده‌یانه‌وێت جێگر و ده‌سته‌ی راوێژكاری و رێنمای گه‌ر هه‌بن له دیوانی سه‌رۆكایه‌تی و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، ته‌لاره‌كه‌ی له ته‌لاری سه‌رۆكی حیزب به‌رزتر و رازاوه‌تر بێت، ئه‌وان واته میلله‌ت گه‌ره‌كیانه ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری و ئازادی خۆنیشاندان و رونكاری هه‌بێت، گه‌ره‌كیانه له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی، له‌سه‌ر دزینی سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌م نیشتمانه سزا‌و لێپرسینه‌وه و به‌دواداچون هه‌بێت، نه‌ك قسه‌ی روت، ئه‌وان ده‌زانن قسه‌ی روت ناچێته نێو گیرفانه‌وه، ئه‌وه‌ی كه زۆرجار به هاوڵاتییان ده‌گوترێت سه‌رۆك به ده‌نگی زۆرینه‌ی خه‌ڵك سه‌ركه‌وتوه و بوه به سه‌رۆك، زۆر لێدانه‌وه‌ی وه‌ك هه‌ره‌شه وایه، یان له راستیدا ده‌بێته ههإهشه له وڵاته دیموكراسییه‌كاندا له‌نێو ركابه‌ره‌كاندا ده‌شێت زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كان له نیوه‌ی ده‌نگده‌رانیش كه‌متر بن، بۆ نمونه ده‌شێت كه‌سێك به (40%)ی ده‌نگه‌كان ببێته سه‌رۆك، دواجاریش سه‌رۆكی هه‌مو میلله‌ته، نه‌ك ته‌نیا ئه‌وانه‌ی ده‌نگیان پێداوه. ئاخر نازانم بۆچی سه‌رۆكی هه‌رێم وه‌ك چۆن مامۆستا ماستاوچییهكهی زانكۆی دهۆكی دانیشاندو كپی كرد، ئه‌و قه‌ڵه‌مبه‌ده‌ست و ماستاوچییانهش كپ ناكات كه دێن له بری ئه‌و قسه ده‌كه‌ن، نه ئه‌وانه‌ی به‌شان و باڵی سه‌رۆكدا هه‌ڵده‌ده‌ن ئه‌ویان خۆشده‌وێت، نه ئه‌وانه‌ی ره‌خنه‌ی لێده‌گرن رقیان لێیه‌تی، نه‌ك ئه‌وانه‌ش بگره له راستیدا ئه‌وانه‌ی ره‌خنه‌كه ده‌گرن، ئه‌وان له خه‌می جوانكردنی نیشتماندان جیاوازییه‌كی زۆر له‌نێوان خه‌می پڕكردنی گیرفان و خه‌می جوانكردنی نیشتماندا هه‌یه، ئێستاش نه‌بێت رۆژێك دێت نه‌ك هه‌ر خه‌ڵك، سه‌رۆكیش ئه‌وان بناسێت، له مێژوی كورددا هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك نییه بۆ ئه‌وه‌ی كه شێخ مه‌حمود و قازی محه‌مه‌د و مه‌لا مسته‌فا ماستاوچییهكانیان له ده‌وری خۆیان كۆكردبێته‌وه و رهخنهگرهكانیان وڵاتبه‌ده‌ر كردبێت، له به‌رامبه‌ردا له سه‌رده‌می هه‌ریه‌ك له‌وانه‌دا ره‌خنه‌ی زۆر توند گیراوه و به‌شێكی زۆریشی قبوڵكراوه، بگه‌ڕێنه‌وه بۆ شیعره‌كانی حه‌مدی و شوكری فه‌زڵی و پیره‌مێرد و محه‌مه‌د خاڵسی، گرفته‌كه له‌وه‌دایه زۆرجار ماستاوچییهكان به پیاهه‌ڵدان، سه‌رۆكه‌كان به رێگه‌ی هه‌ڵه‌دا ده‌به‌ن، به‌و هیوایه‌ی كه‌س نه‌توانێت سه‌رۆكی هه‌رێم به رێگه‌ی هه‌ڵه‌دا به‌رێت.
|
|