نه‌وت و ئه‌نفال
|
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
كاتێ كه ساڵی 1987 به‌عس له رێگه‌ی گروپێكه‌وه به سه‌رۆكایه‌تی عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید "عه‌لی كیمیاوی" نه‌خشه‌ی ئه‌نفالكردن و سڕینه‌وه‌ی ژیانی له كوردستان ده‌كێشا، كوردی باشوری كوردستان خاوه‌ن عیزه‌تی نه‌فسێكی به‌رزبون، دوای ئه‌نفالیش سه‌ره‌ڕای كوشت و بڕی ده‌یان هه‌زار كه‌س و زینده چاڵكردنی هه‌زاران كه‌س و روخاندنی هه‌زاران گوند‌و خانه‌و لانه‌و مزگه‌وت و قوتابخانه‌و ته‌كیه‌و خانه‌قا، هێشتا نه‌یانتوانی ئاكاری خه‌ڵكه‌كه له‌كه‌دار بكه‌ن، هه‌رچی نهشیاكردیان، خه‌ڵكیان به كۆمه‌ڵ ده‌كرد به جاش و فه‌وجی سوكیان ده‌كرده‌وه و دروشمی "جاشایه‌تی و پاشایه‌تی" یان بڵاو ده‌كرده‌وه، دوای راپه‌ڕینیش خه‌ڵك هه‌ر سور بون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی جوامێرانه بژین، كاتێ به‌عس داموده‌زگاكانی له كوردستان پێچایه‌وه، مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران دروشمی "سه‌ری به‌رز بۆ پاره نه‌وی ناكه‌ین" یان به‌رزكرده‌وه، حیزبه‌كانیش به تاڵان و روتانه‌وه ی داموده‌زگاكان و هاوكاری ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان ده‌ژیان.
له دوای دروستبونی شه‌ڕی كوردكوژی، كه تێكڕای هه‌ژارانی وڵاته‌كه‌م زه‌ره‌ری گه‌وره‌یان تیاكرد، به‌ره‌به‌ره تێكشاندنی كه‌سێتی كورد له باشوری كوردستان ده‌ستی پێكرد، له‌وكاته‌وه فێڵكردن قاچاخچێتی چه‌ك و مرۆڤ، ته‌زویر له‌پ پانكردنه‌وه و كه‌وتن له ده‌رگای به‌رپرسان و هه‌زارو یه‌ك شێوازی ناشرینكردنی ئه‌م كورده خرایه‌گه‌ڕ له‌كاتێكا به‌عس به هه‌مو توانای خۆیه‌وه نه‌یتوانی ئه‌وه بكات.
له‌دوای وه‌ستانی شه‌ڕی ناوخۆ و دواتر روخانی به‌عسه‌وه له ساڵی 2003 ته‌قه‌لایه‌كی زۆر هه‌یه بۆ بنیاتنانه‌وه‌و دروستكردنه‌وه‌ی ئه‌و مرۆڤه، هه‌رچه‌ند لهمپهرو رێگره‌كان زۆرن، لانی كه‌م له حیزباندنی كۆمهڵهوهتا ده‌گاته، فێركردنی خه‌ڵك بۆ ته‌زویر و ساخته‌كاری له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ئاخر ناوی خاتونه شاعیرێكی هه‌ست ناسكم لایه خۆی وتویه‌تی سێ جار ده‌نگم بۆ لایه‌نێك داوه.
بنیاتنانه‌وه‌ی مرۆڤی كورد و وه‌ستانه‌وه له‌سه‌رپێی خۆی كاتی زۆری ده‌وێت، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر بزانین ئێمه له ئه‌نفالدا ده‌شتمان له‌ده‌ستچو، دیاره شاریشمان وه‌ك پێویست نه‌بو، له‌دوای راپه‌ڕینیشه‌وه هیچ به‌رنامه‌یه‌ك نه‌بو نه‌بۆ دروستكردنه‌وه‌ی گونده‌كان نه بۆ دروستكردنی شار، ئه‌مانه بابه‌تگه‌لێكی دیكه‌ن و ده‌كرێ كاتی تر قسه‌یان له‌باره‌وه بكرێت، به‌ڵام دوای هاتنی كۆمپانیا نه‌وتیه‌كان و بیركردنه‌وه له هه‌ڵدڕینی بێبه‌رنامه‌ی خاكی كوردستان به‌بیانوی بونه خاوه‌ن ئابوری و تێكدانی ژینگه‌ی كوردستان جارێكی تر ئێمه له‌گه‌ڵ رۆژه ره‌شه‌كانی ئه‌نفالدا ده‌سته‌و یهخهبوینهوه، من بۆ خۆم هه‌رگیز له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌نیم ئه‌نفال كه به‌عس بۆ قڕكردنی كورد به هه‌شت قۆناغ و له كه‌متر له یه‌كساڵدا پیاده‌ی كرد بۆ هیچ شتێكی دیكه به‌كاربێت، به‌ڵام كه نه‌وت له ناوچه ئهنفالزادهكانی هه‌ڵه‌بجه و كۆر‌و مۆر‌و گونده‌كانی دیكه‌ی گه‌رمیان و بادینان و ده‌شتی كۆیه ده‌رده‌هێنرێت و هێشتا له‌و ناوچانه بۆنی ئه‌نفال دێت، ئه‌و جۆره له وێرانكردنی جوانی و ژینگه‌ی كوردستان درێژكراوه‌ی هه‌مان پرۆسه‌یه لێ ئه‌مجاره له‌گه‌ڵ خاك و ژینگه‌كه‌دا هه‌رچه‌ند له دواجاریشدا ئیدی خه‌ڵكه‌كه‌ش ژاراوی ده‌بن.
هه‌ڵدڕینی به‌و جۆره‌ی خاكی كوردستان و شێواندنی سروشته‌كه‌ی، ئه‌وه‌ی كه ماوه‌ته‌وه و به‌رپرسه‌كان داگیریان نه‌كردوه و نه‌یانكردوه به باخ و باخاتی تایبه‌تی خۆیان و كۆشكی بلورینیان تیادروست نه‌كردوه، به قسه‌ی كێ ئه‌مه سیاسه‌تی نه‌وتیه تا هه‌ندێك بێن بیانه‌وێ خۆڵبكه‌نه چاوی خه‌ڵكی ئه‌و گوندانه و هاوڵاتیانی كوردستان و بڵێن ناهه‌قی ده‌رهه‌ق به‌م سیاسه‌ته مه‌كه‌ن، ئاخر خه‌ڵكی كوردستان وه‌ك هه‌ندێك كه‌س شیرنی و نوقڵ و نه‌باتی ئه‌و سیاسه‌ته‌یان نه‌خواردوه، تا داكۆكی له ناهه‌قی بكه‌ن، ئه‌مه ئه‌نفالكردنی خاكی كوردستانه یان سیاسه‌تی نه‌وت، ئایه وه‌زیری كاره‌ساته سروشتیه‌كان تائێستا گونده‌كانی كۆر‌و مۆر‌و ناوچه‌ی قادر كه‌ره‌می دیوه.
له راستیدا پێویسته هه‌مو كورد به گژ ئه‌م سیاسه‌ته‌دا بچنه‌وه، تا ئه‌وه‌ی ئه‌م وڵاته ده‌بێته وڵاتی سیستماتیك و خێر‌و بێره‌كه‌ی به دادگه‌رانه بۆ هه‌موان ده‌بێت، تا ئه‌وكاته ناكرێ هه‌ندێك به مه‌ستی بۆنی نه‌وت هه‌مو ریسه‌كه بكهنهوهخوری.
|
|
|