خۆری ئێزیدی توڕه‌یه
|
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
مرۆڤ ئازاده له‌وه‌ی دینی هه‌بێت یا نه‌یبێت، ئازادیشه له‌وه‌ی له بیروباوه‌ڕی دینی خۆیدا شتگه‌لێك بكات و بڵێ، كه ئه‌وی تر به دڵی نه‌بێت، یان نه‌یه‌وێ بیبیسێ، مادام خودایه‌ك هه‌یه‌و به‌هه‌شت و جه‌هه‌نثمێكی هه‌یه‌و له‌شكرێكی گه‌وره‌و گران فریشته‌و جن و به‌رده‌ستی هه‌یه، مادام به‌و توانا‌و هێزه‌وه نه‌یویستوه ئه‌هریمه‌ن له‌ناودات و ئازادیكردوه له‌وه‌ی له‌سه‌ر زه‌ویدا چی ده‌كات و چی ناكات، كه‌س له‌بری ئه‌و بۆی نیه له‌سه‌ر دین جیای، بێباوه‌ڕی، خودا دۆستی و خودا ناسی و خودا په‌رستی و بێ‌خودایی، ئه‌وانی تر ئازار بدات، بچه‌وسێنێته‌وه، بكوژێ، خودا ئه‌گه‌ر هه‌ر رق و غه‌زه‌به، ئیدی ئه‌و هه‌مو سۆز‌و به‌زه‌یی و لێبورده‌ییه چی.
خۆ ئه‌گه‌ر مرۆڤ بۆ یه‌كه‌مینجار لەڕێی ئاوه‌زه‌وه خودای دۆزیه‌وه "ئیبراهیم له رێگه‌ی ئاماژه‌دان به دیارده به هێزو كاریگه‌ره‌كانی سروشته‌وه ویستویه‌تی خودا بدۆزێته‌وه" كه‌واته ئاوه‌زی مرۆڤ جوانترین ئه‌فرێنه‌رێكی دۆزیوه‌ته‌وه نه‌ك بكوژ‌و ببڕێ، خۆر، مانگ، ئاسمان، ئه‌مانه جوانترینه‌كانی سروشتن، مرۆڤ گه‌ڕاوه باشترین ئه‌فرێنه‌ری بۆ خۆی دۆزیوه‌ته‌وه، ئه‌وه پیاوه‌كانی ئاین بۆ ئازایه‌تی ئه‌وه‌یان نیه به‌وانه بڵێن كه دێن ده‌یانه‌وێ له‌بڕیاردان بۆ كوشت و بڕی ئه‌وانی تر خودا وا وێنا كه‌ن كه ئه‌وان گه‌ره‌كیانه و به‌ناوی ئه‌وه‌وه ئه‌وه ده‌كه‌ن، خوداكه‌ی ئێمه ئه‌وه نیه، ئێزیدیه‌كان مافی ژیان و ئازادی و بیر‌و باوه‌ڕی ئاینی و هه‌ست و كه‌وت و داب و نه‌ریت و تایبه‌تمه‌ندی خۆیان هه‌یه و ناكرێ به‌و جۆره له‌ناو بدرێن، له‌كاتێكا خۆیان و ئاینه‌كه‌یان كۆنترین گروپی ئه‌م ناوچه‌یه‌ن و ئاینه‌كه‌یان مێژوه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ 4 هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌رو نوێژ‌و پاڕانه‌وه‌كانیشیان به زمانی كوردیه.
ئه‌وان له‌پێناوی پاراستنی ئاینیه‌كه‌یاندا مه‌ینه‌تی و كوێره‌وه‌ری زۆریان چه‌شتوه‌و له‌رابردودا زیاتر له 70 جار روبه‌ڕوی له‌ناودان و كوشت و بڕو جینۆساید بونه‌ته‌وه، كه له‌مه‌دا عوسمانیه‌كان و سونه مه‌زهه‌به‌كانی كورد و تورك و عه‌ره‌ب پشكی هه‌ره‌زۆری ئه‌و سته‌مه‌یان به‌رده‌كه‌وێت، ئێزدیه‌كان بۆ خوداپه‌رستی و ئاینی خۆیان رێ و رچه‌ی خۆیان هه‌یه‌و له‌وباره‌یه‌وه دو نوسراوی تایبه‌تی "جیلوه‌و مه‌سحه‌فی ره‌شیان" هه‌یه، ئێزدیه‌كان خودا‌و یه‌زد و خۆر‌و روناكیان لاپیرۆزه‌و زۆر باش خودا ناسی خۆیان ده‌كه‌ن، لای ئه‌وان خودا هه‌زارو یه‌ك ناوی هه‌یه:
سوڵتان ئێزی به خۆ پاشایه
هه‌زارو یه‌ك ناڤ لخوه نایه
ناڤێ مه‌زن هه‌ر خودایه
ئه‌وانه‌ی په‌لاماری ئێزدیه‌كانیان داوه، ده‌بێ ئه‌وه بزانن ئه‌وان په‌لاماری خه‌ڵكێكیان داوه هه‌زاران ساڵه له‌و چیا‌و چۆڵه خودا ئاشنایی ده‌كه‌ن و به دیوێكی دیكه‌دا په‌لاماری ئه‌وان په‌لاماری خودایه، بۆیه دور نیه ئازاری ئه‌وان توڕه‌یی خودا له‌سه‌ر هه‌مو ئه‌وانه‌ش زیاد كات كه ئه‌مڕۆ بێده‌نگیان له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و سته‌مكاریه هه‌ڵبژاردوه. ئێزدیه‌كان كوردی هه‌ره ره‌سه‌نی ئه‌م نیشتمانه‌ن بۆیه ده‌بێ هه‌مو كورد له‌سه‌ریان بێته ده‌نگ و نابێ هیچ بیانویه‌ك هه‌بێت بۆ بێده‌نگی، جا ئه‌و بیانوه دینی بێت یان هه‌ر بابه‌تێكی دیكه، ئه‌وان دانیشتوی دێرینی ئه‌م نیشتمانه‌ن بۆیه شێخ شه‌ره‌فه‌دینی ئێزدی به‌ر له 750 ساڵ داوا له‌كورده‌كان ده‌كات "بڵند كه‌ن پایته‌خت ل كوردستانێ".
|
|
|