ریشه و رایه‌ڵه‌كانی داعش
|
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
سه‌ره‌تا: من نامه‌وێ له‌م بابه‌ته‌دا زۆر له‌سه‌ر مێژو بوه‌ستم هه‌روه‌ك نایشمه‌وێ ئه‌مه وه‌ك ئه‌وه لێكبدرێته‌وه كه سهنگهرگیریه له ئاین، ئه‌وه‌ش بكرێته بیانوی ئه‌وه‌ی له‌م شێوازه فهندهمهنتاڵه نامۆیه دوربكه‌وینه‌وه، كه له هه‌مو ئه‌وانی تر به‌گومانه.
داعش ریشه‌ی هه‌یه له مێژودا و ناتوانین نكوڵی لێبكه‌ین مێژوی خه‌لافه‌ته‌كان پڕه له توندوتیژی و سته‌م، من هه‌ر بۆ بیرخستنه‌وه سه‌رنجتان بۆ كتێبه‌كه‌ی هادی عه‌له‌وی راده‌كێشم. ئه‌وه جگه‌له‌وه‌ی له سه‌دان سه‌رچاوه‌ی تردا باسی ئه‌و سته‌مكاریه كراوه، ته‌نانه‌ت هه‌ندێ له خه‌لیفه و خه‌لافه‌ته‌كان خۆیان بونه‌ته گه‌واهیده‌ر به‌سه‌ر زه‌برو زه‌نگی یه‌كتره‌وه. هه‌رئه‌وه‌ی ئه‌وان دین و سیاسه‌ت و ئیداره تێكه‌ڵ ده‌كه‌ن ئه‌مه ریشه‌یه‌كی دیرۆكیه، هیچ ئاینێك به‌قه‌ده‌ر ئاینی ئیسلام دینی سیاسه‌ت و ئیداره‌و به‌ڕێوه‌بردن نیه، هه‌ربۆیه دوای مه‌رگی پێغه‌مبه‌ر "د.خ" یه‌كسه‌ر سیستمی خه‌لافه‌ت راده‌گه‌یه‌نن، ئه‌مه‌ش بچڕبچڕو به به‌رده‌وامی تا سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست و كۆتای هاتنی ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی درێژه‌ی كێشا‌و له‌و ده‌مه‌شه‌وه فهندهمهنتالی ئیسلامی به‌دوی گێڕانهوهیهوهن، بۆ ئه‌وه‌ش هه‌مو شتێ ده‌كه‌ن، وه‌ك چۆن له جه‌زائیر كردیان، له سۆماڵ كردیان، له ئه‌فغانستان، له سوریا له یه‌مه‌ن له عێراق و له وڵاتگه‌لی وه‌ك میسر‌و توركیا‌و ئێرانیش به شێوازی تر، كه ئه‌وه‌یان بابه‌تی ئێمه نیه، هێشتا خه‌لافه‌تی عوسمانی و ده‌وڵه‌ته نه‌خۆشه‌كه به ته‌واوه‌تی هه‌ڵنه‌وه‌شاوه‌ته‌وه له سعودیه گروپێكی چه‌كدار به‌ناوی برایانی موسڵمان له ساڵی 1911 سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن. ئه‌مه له‌وه به دواوه‌ش تائێستا هه‌رجاره‌و له‌ژێر ناوێك‌دا سه‌ر هه‌ڵده‌داته‌وه.
ریشه‌و بنچینه‌كانی داعشه‌و ناكرێ نادیده بكرێت، ته‌نیا شتێكیش كه داعش له قاعیده جیاده‌كاته‌وه، راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی ئیسلامیه، كه قاعیده نه‌یكردو داعش هه‌ر له سه‌ره‌تاوه رایگه‌یاند. ئه‌وانه‌ی ته‌ڤلی داعش ده‌بن سێ هۆكاری گرنگیان هه‌یه:
هۆكاری ئابوری؛ ره‌فعه‌ت محه‌مه‌د سه‌عید له‌سه‌ری ده‌وه‌ستێ و نمونه‌ی گه‌نجه هه‌ژاره‌كانی قاهیره دێنێته‌وه، به‌شێكی زۆر له‌و گه‌نجانه نه‌بونی و نه‌داری و دانه‌مه‌زراندن و ...هتد پاڵیان پێوه ده‌نێ بۆئه‌وه‌ی به دوی به هه‌شته ونهكهدا بگه‌ڕێن، باری ئابوری خراپ و نادادیهكانی ده‌سه‌ڵات و هه‌ستكردن به‌و نادادیه واده‌كات خه‌ڵك رولهم جۆره بزوتنه‌وانه بكه‌ن.
هۆكاری گه‌ڕان به‌دوای ئازادی رههاو بێقهیدو شهرتا؛ جیهادی نیكاح و ئازادی چه‌ك هه‌ڵگرتن و هه‌ستكردن به خۆخاوهنی و تادوای، وه‌ك یهكلێكردنی خه‌ڵك و نه‌هێشتنی جیاوازی و تادوای وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌یانه‌وێ، چی خواردن و چی له به‌ركردن و چۆن نوێژكردن و چۆن ژیان و ...هتد.
هۆكاری كاریگه‌ری فكری جیهادی و گه‌یشتن به به‌هه‌شت؛ بیروبۆچونه‌كانی سه‌ید قوتب و عه‌بدوڵا عه‌زام و ئه‌وانی تر‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌ربڵاوی نامیلكه گیرفانیه پڕ له توندوتیژیه‌كان.
ئه‌وانه‌ی رۆڵ له گه‌وره‌كردن و گه‌شه‌كردنی داعش و گروپه تهكفیریهكاندا ده‌بینن بریتین له:
یه‌كه‌م: میدیای عه‌ره‌بی به‌ناو ئازاد‌و سه‌ربه‌خۆ كه زۆر بایه‌خ به كار‌و كرده‌و چالاكیه‌كانیان ئه‌ده‌ن و وه‌ك راگه‌یاندنی هه‌واڵ و ده‌نگ و باسی ئه‌وان ده‌رده‌كه‌ون. دوه‌م: هه‌ندێك رابه‌رو موفتی و ئه‌میری جیهادی كه زۆر به خێرای بیروبۆچونهكانیان له‌ناو خه‌ڵكدا بڵاوده‌بێته‌وه.
سێیه‌م: ئه‌و ترس و تۆقاندنه‌ی بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه.
چواره‌م: پشتبه‌ستنی زۆریان به ئایه‌ت و حه‌دیس و راكێشانی سۆزی خه‌ڵك بۆ خۆیان.
پێنجه‌م: په‌یج و ئه‌كاونته زۆر‌و زهوهندو پڕ جوڵه‌كانیان.
خاڵێكی زۆر گرنگ كه واده‌كات گه‌نجه‌كان ته‌ڤلی ئه‌م شێوه رێكخراوانه بن، مه‌سه‌له‌ی ناسنامه‌یه، له‌وێ هه‌مو له ژێر یه‌ك ناسنامه‌دا كۆده‌بنه‌وه.
عه‌بدوڵا عه‌زام له تێگه‌یشتن و ئیجتیهاد له جیهادا ئه‌ڵێ "جیهاد فه‌ریزه‌ی عهینهو له‌ناو فه‌ریزه‌ی عهینهكانیشدا له‌سه‌رو ههمویانهوهیه" هه‌روه‌ها ده‌ڵێ: بۆ جیهاد ئیزن له كه‌س وه‌رمه‌گره نه‌دایك و باوك نه ئهمیرهكانت، نهمامۆستاكهت، نهبهخێوكهر و نه‌خێزان و هاوسه‌رو نه‌خاوه‌ن قهرزهكهت، هه‌روه‌ها ده‌ڵێ؛ شه‌ڕو جیهاد فه‌رزه ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ فاجیریشدا بیت واجبه ئه‌گه‌ر له سه‌ربازگه‌یه‌كدا بیت گوناه و خهراپهشی تیا بكرێ سه‌ید قوتب ده‌ڵێ؛ "ئه‌مڕۆ هه‌مو دنیا له جاهیلیدا ده‌ژێ"، به‌شێكی زۆر له رابه‌رو موفتی و وتار بێژه‌كانی ئێستاش هه‌مان بیروڕای سه‌ید قوتبیان هه‌یه و ته‌نانه‌ت گۆرانی و میوزیك و فیلم و هه‌رشتێ كه هه‌یه به جاهیلی ده‌زانن، جگه له وتاری دورودرێژ‌و قسه‌كردنی زۆری خۆیان. هه‌روه‌ها ده‌ڵێ "ئێمه ئێستا له جاهیلیدا ده‌ژین، هه‌رچی له ده‌وروبه‌رمانه جاهیلیه، دیدگای خه‌ڵك و بیروبڕوایان، هه‌ڵسوكه‌وت و داب و نه‌ریتیان، سه‌رچاوه‌كانی رۆشنبیریان، هونه‌رو ئه‌ده‌بیان، شه‌ریعه‌ت و یاساكانیان، هه‌تا زۆربه‌ی ئه‌و شتانه‌ی لامان وایه رۆشنبیریی ئیسلامین، سه‌رچاوه‌كانی ئیسلامی، فه‌لسه‌فه‌ی ئیسلامی، فكری ئیسلامی هه‌موی دروستكراوی ئه‌و جههالهتهیه "ئه‌و ده‌ڵێ "ئیسلام خۆی شارستانیه‌ته" ئه‌و ئیسلامه‌ی ئه‌و ره‌نگ و روی ده‌كێشێ و رێ‌و شوێنی بۆ داده‌نێت. هه‌روه‌ك ده‌ڵێ: ئیسلام جگه له دوجۆر كۆمه‌ڵ هی تر ناناسێ یان ئیسلام یان جاهیلی عه‌بدوڵا عه‌زام بۆ پاڵپشتی قسه‌كانی ئایه‌ت و حه‌دیس دێنێته‌وه، وه‌ك سوره‌تی نیسا ئایه‌ته‌كانی 74-76 سوره‌تی ئه‌نفال ئایه‌ته‌كانی 38-40 سوره‌تی ته‌وبه ئایه‌ته‌كانی 29-32 سوره‌تی ته‌وبه ئایه‌تی 36 داعش زۆر سود له‌و مزگه‌وت و قوتابخانه‌و ناوه‌ندانه وه‌رده‌گرێت، كه له رۆژئاوا‌و رۆژهه‌ڵات دور له چاوی مامۆستایانی ئاینی نه‌رم و شاره‌زا كار ده‌كه‌ن و رۆژانه مێشكی سه‌دان كه‌س پڕ ده‌كه‌ن.
داعش كورده‌كانی ناو رێكخراوه‌كه وه‌ك كۆیله و به‌كاربه‌ر به‌كاردێنێ، له‌كاتێكا كورد هه‌رگیز نه‌یتوانیوه، یان نه‌یویستوه ئاین بۆ مه‌به‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و ده‌سكه‌وتی نه‌ته‌وه‌یی به‌كاربێنێ، ئه‌مه ره‌نگه له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تریش وابێت، كه من زۆر زانیاریم له‌سه‌ری نیه، ئاخۆ داعشه عه‌ره‌به‌كان چۆن سه‌یری تورك و چیچانی و ئه‌فغانی و پاكستانی و ...هتد ناویان ده‌كه‌ن.
گه‌وره‌ترین كێشه‌ی داعش ئه‌وه‌یه هیچ چه‌كێكی لۆژیكی و ئه‌قڵانی پێنیه له‌به‌رانبه‌ر نه‌یاره‌كانیدا ئه‌و ئه‌وه‌نده ترسنۆك و بوده‌ڵه‌یه كه ناتوانێ به‌رگه‌ی چوار ره‌خنه بگرێ، ئه‌مه تێگه‌یشتنی بیرمهندهكانیشیانه، هه‌ربۆیه ئه‌و ترسنۆكی و بوده‌ڵه‌ییه ئه‌و دڕنده‌ییه به‌رهه‌م دێنێ، ره‌نگه ئه‌مه تێگه‌یشتنی ئاسان نه‌بێ، له‌و باره‌یه‌وه سلاڤۆی ژیژه‌ك نمونه‌یه‌كی جوان باس ده‌كات فه‌نده‌مه‌نتالیزمی ئیسلامی توندڕه‌و له‌به‌رانبه‌ر كاریكاتێرێكی رۆژنامه‌یه‌كی زۆر ئاست نزم و بێتیراژا دنیای لێدێته‌وه یه‌ك بێئه‌وه‌ی یه‌ك قسه‌ی مه‌نتقی هه‌بێت، ئه‌مه‌ش به‌سۆز هه‌مو ئه‌وانی تریش به‌دوی خۆیدا دێنێ، ئه‌مه هه‌مان نوكته‌ی شیعره‌كه‌یه له‌سه‌ر چواردێڕ شیعری ئینسانی، وه‌ك شیعره‌كه‌ی شێركۆ بێكه‌س دنیا پڕده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌سه‌ر كوشتن و سه‌ربڕین و ئه‌تك كردنی خه‌ڵك نقه‌یان لێوه نایه‌ت، ئه‌مه ترسنۆكیه نه‌ك ئازایه‌تی، هه‌مو ئه‌وه‌ی داعش ده‌یكات ترسنۆكی زیاتر هیچی تر نیه.
داعش لای وایه ئه‌گه‌ر ئه‌م نه‌بێ خوا و پێغه‌مبه‌رو ئاین و موسڵمانان له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ناوچوندان ئه‌مه‌ش ئه‌وپه‌ڕی گێلێتیه، چونكه هیچ بوارێك بۆ پێكه‌وه‌یی و تولهرانسی ئاینی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی ناهێلێته‌وه. ئاخۆ ئەمه ئهمهریكاو رۆژئاوا ده‌یانه‌وێ ئه‌و وێنه‌یه بۆ داعش دابتاشن یان خۆی وایه ئه‌وه‌یان گرێدراوه به چه‌ندین پرسی دیكه‌وه، بۆ نمونه هه‌ر جاره‌و له شوێنێك و هه‌ر جاره‌و به‌ناوێك، ئه‌مه‌ش جێگه‌ی پرسیاره داعش سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه له هه‌مو دنیاوه خه‌ڵك تێكه‌ڵیان ده‌بێت، به‌ڵام دیدو بیروبۆچونی زۆر په‌یوه‌سته به ناسیونالیزمی دینی عه‌ره‌بیه‌وه، ئه‌مه‌ش واده‌كات زۆربه‌ی عه‌ره‌ب هاوسۆز بن له گه‌ڵیان، ته‌نانه‌ت به‌زۆرێك له خوێنه‌وارو رۆشنبیرهكانیشیانهوه. بۆ ئه‌مه ئه‌و خه‌ڵكانه كاتی زیاتریان ده‌وێ تا ده‌یانناسن، ئه‌مه له میسریش به‌رانبه‌ر توندره‌وه‌كان هه‌روابوه.
رایه‌ڵه‌یه‌كی فراوان له‌سه‌ر ئاستی دنیا هه‌مو داعش به‌یه‌كه‌وه گرێ ئه‌دا ئه‌مه چۆن كراوه‌و چۆن وای لێهات پێویستی به شیكارو توێژینه‌وه‌ی ورده، ئه‌وه‌ی كه جێی سه‌رنجه ئه‌وه‌یه هه‌مویان هه‌مو ناسنامه‌و بونی خۆیان توڕ داوه‌و به دوی دروستكردنی دهوڵهتهكهوهن.
تێبینی: ئه‌مه پوخته‌ی كۆڕێكه كه له كه‌ركوك به‌ڕێوه چو له‌م رۆژانه...
|
|