ئاپۆ و ئاگربه‌ست
|
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
جارێ زوه بۆ ئه‌وه‌ی ره‌مڵی ئه‌وه لێبدرێت، په‌یامه‌كه‌ی عه‌بدوڵا ئۆجەلان جۆرێكه له خۆ به‌ده‌سته‌وه دان، وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ندێك نه‌یاری په‌كه‌كه ته‌پڵی بۆ ده‌كوتن، ئه‌مه كاتی خۆیشی كه ئاپۆ له پیلانێكی نێو ده‌وڵه‌تی گه‌وره‌دا گیرا، دیسان ماوه‌یه‌ك ئه‌و ته‌پڵه لێدرا، دواتر ده‌ركه‌وت كورد له باكور به رێگا راسته‌كه‌دا ده‌ڕوات، ئه‌وه‌ی به وردی په‌یامه‌كه‌ی ئه‌و پیاوه بخوێنێته‌وه، دو خاڵی پڕ بایه‌خی بۆ ده‌رده‌كه‌وێت.
یه‌كه‌م: ئه‌م په‌یامه ده‌ریخست كه شه‌ڕ له‌ده‌ستی توركیا و ئاشتی له ده‌ستی كوردایه، ئایه ئه‌مه خاڵێكی بایه‌خدار نیه بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه سه‌دان ساڵه كوشت و بڕ ده‌كرێن و سه‌دان ساڵه سه‌رۆك و سه‌ركرده‌كانی یان خۆیان ته‌سلیمی خه‌ڵكانی تر ده‌كه‌ن، یان له دار ده‌درێن.
دوه‌م: ئه‌م په‌یامه جارێكی تر سه‌رنجی دنیای ده‌ره‌وه‌ی به‌لای كێشه‌ی كورد له‌باكوری كوردستان راكێشا، ئه‌مه‌ش نه‌له‌به‌ر بۆن و بونی نه‌وته، نه‌له‌به‌ر ئه‌وه‌ی په‌كه‌كه بوه به‌پیاوی ئه‌م و ئه‌و.
ئیتر هیچ بیانویه‌ك نه‌ماوه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی په‌كه‌كه به تیرۆریست له‌قه‌ڵه‌م بدرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی كاتی خۆی له باشوری كوردستان له‌گه‌ڵ هه‌مان ئاوازی ئه‌مه‌ریكاو توركیا‌و رۆژئاوادا ئێمه‌ش هه‌مان ئاوازمان ده‌ژه‌نی.
ئه‌م هه‌نگاوی ئاگربه‌سته كه له‌په‌یامه‌كه‌دا ئاماژه‌ی پێدراوه، ده‌رگایه‌كی فراوانتر به‌ڕوی كوردی باكوردا ده‌كاته‌وه، ده‌رگای هه‌ناسه‌دانی زیاتری ئازادانه، ئه‌وانه گێلن كه ده‌یانه‌وێت به‌و په‌له پڕوزێیه ئاپۆ تۆمه‌تبار كه‌ن، ئاخر پێش ساڵی 1984 و پێش خه‌باتی چه‌كداری باكوری كوردستان كورد له باكوری كوردستان یان دیل و ده‌ست به‌سه‌ر بو، یان جاش و به‌كرێگیراو، ئه‌وه جگه له‌وه‌ی كوردی وتنیش حه‌رام بو.
په‌كه‌كه مرۆڤی كوردی به‌شێوه‌یه‌كی تر خسته‌وه سه‌ر پێ، هێزی وا گه‌وره‌و گرانیش هه‌ر ده‌بێ هه‌ندێ هه‌ڵه‌و په‌ڵه‌و كه‌م و كوڕی هه‌بێت.
ئێستا من ترسی ئه‌وه‌م هه‌یه ئه‌م هه‌له له‌بار ببرێت، ئه‌وه چیه وا به خێرای‌ی تورك و جوله‌كه ئاشت بونه‌وه‌و، هه‌ر دوای ئه‌وه‌ش توركه‌كان كه‌وتنه قسه‌ی به‌تاڵ رشتن، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌ردۆغان كه ده‌یه‌وێ خۆی وه‌ك فریشته نیشان بدات، ده‌ڵێت هه‌ندێ سه‌ركرده‌ی كورد ده‌یانه‌وێت ئه‌م پرۆسه‌ی ئاشتیه سه‌ر نه‌گرێ، یان نه‌بونی ئاڵای توركیا له نمایشه ملیۆنیه‌كه‌ی ئامه‌دا، یان قسه‌ی هه‌له‌ق و مه‌له‌قی دیكه.
توركیا ده‌بێ مه‌منون بێت كه ئاپۆ، په‌یامی ئاشتی ده‌نێرێت نه‌ك هه‌وڵی ئه‌وه بدات كه‌م بایه‌خی بكات، كوردیش ده‌بێ له‌وه نه‌ترسێ سێ چوار هه‌زار چه‌كدار چیاكانی باكور به جێ‌دێڵن، چونكه ئیتر ئێستا ملیۆنان وا له‌ناو شاره‌كاندان.
مه‌ترسن و نیگه‌ران مه‌بن، ئه‌وه‌ی له باكوری كوردستان ده‌گوزه‌رێ زۆر جیاوازه له‌وه‌ی باشوری كوردستان.
|
|
|