ناوچه دابڕێنراوه‌كان و پارله‌مانی كوردستان
|
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
سه‌ره‌تا:
پارله‌مانی كوردستان به‌رپرسیاره‌تیه‌كی گه‌وره‌ی به‌رانبه‌ر ئه‌و ناوچانه له ئه‌ستۆیه، كه هێشتا وه‌ك پێویست كاری له‌سه‌ر نه‌كردوه، كاتێ له 25-5-2013 وۆرك شۆپێك سه‌باره‌ت "پڕۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستان" به‌ڕێوه‌چو، ئه‌وده‌م دكتۆر یوسف محه‌مه‌د سادق به‌پرسی ژوری توێژینه‌وه‌ی سیاسی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بو كه هه‌رخۆیان به‌و كاره هه‌ستا بون، ئێستا دكتۆر یوسف سه‌رۆكی پارله‌مانی كوردستانه، له‌و گفتوگۆیه‌دا ته‌وه‌ری سێیه‌م تهرخانكرابو بۆ ناوچه دابڕێنراوه‌كان له پڕۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستاندا، خاڵێكی زۆر گرنگ له‌و بابه‌ته‌دا پرسی بونی كه‌ركوكی بو له پارله‌مانی كوردستان و چۆنێتی ئه‌و رێوشوێنانه‌ی ده‌گیرێنه‌به‌ر بۆ ئه‌م كاره، بۆچونه‌كه وه‌ك ئه‌رك و پابه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی پارله‌مان به‌م ناوچانه‌وه به‌م جۆره داڕێژۆا بو "بونی چه‌ند كورسیه‌كی ره‌مزی له پارله‌مانی كوردستان تایبه‌ت بێت به دانیشتوانی ناوچه دابڕاوه‌كان، ئه‌م كورسیانه هێمایه‌ك ده‌بێت بۆ پابه‌ندبونی ئه‌خلاقی هه‌رێم به دانیشتوان وخاكی ئه‌م ناوچانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم و یه‌كێتی كوردستان، ده‌كرێت ئه‌م كورسیانه هه‌مو مافێكیان هه‌بێت جگه له مافی ده‌نگدان، یان له بری ئه‌وه ئه‌نجومه‌نێكی تایبه‌ت له پارله‌مانی كوردستان بۆ ئه‌وناوچانه دروستبكرێت، كه ده‌سه‌ڵات و شێوه‌ی دانانیان به یاسا رێك بخرێت، ئه‌مه ده‌كرا له ده‌ره‌وه‌ی پارله‌مان دروستبكرێت و پارله‌مان سه‌رپه‌رشتی بكات به مه‌رجێ خه‌ڵكی ناوچه دابڕێنراوه‌كان بن، له كورد‌و عه‌ره‌ب و توركمان و ئه‌وانی دیكه.
په‌رله‌مانی كوردستان به‌كردنه‌وه‌ی نوسینگه‌ی پارله‌مان له رۆژی 16-10-2014 هه‌نگاوێكی نا به‌ره‌و كاركردنی راسته‌وخۆ له‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه، لێ به ته‌نێ كردنه‌وه‌ی نوسینگه‌یه‌ك و هاوشێوه‌كردنی كاره‌كانی له‌گه‌ڵ نوسینگه‌كانی دیكه‌ی پارله‌مان، ره‌نگه شتێكی وا له مه‌سه‌له‌كه نه‌گۆڕێ، هه‌ڵبه‌ت ئه‌رك و كار‌و به‌پرسیاره‌تی ئه‌م نوسینگه‌یه قورستر‌و زیاتر‌و جیاوازتره له نوسینگه‌كانی دیكه‌و به‌پرسیاره‌تی پارله‌مان و خودی سه‌رۆكی پارله‌مانیش كه له وتاری كردنه‌وه‌ی نوسینگهكهدا كۆمه‌ڵێك مژده‌و بهڵێنیدا زیاتره به‌رانبه‌ر به‌م نوسینگه‌یه، له‌م نوسینه‌دا باسی سه‌ره‌تاكانی كردنه‌وه‌و گیروگرفته‌كان ناكه‌م و هه‌ڵیده‌گرم بۆ كاتی خۆی، به‌ڵام به باوه‌ڕی من هێشتا ئه‌م خوله‌ی پارله‌مانیش وه‌ك پێویست به ته‌نگ و به ده‌نگ خواسته‌كانی ئه‌م ناوچانه‌وه نه‌هاتوه و نه‌یتوانیوه لانی كه‌م ئه‌و پرده په‌یوه‌ندیه دروستبكات، كه ئامانجی سه‌ره‌كی له دروستكردنی گرێدرابو به كردنه‌وه‌ی ئه‌م نوسینگهیهوه.
ده‌ستوری هه‌رێم و پرسی ئه‌و ناوچانه:
له‌پڕۆژه ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستاندا هه‌ست به كێماسی و بۆ شاییه‌كی سیاسی و قانونی گه‌وره ده‌كرێت به‌رانبه‌ر ئه‌م ناوچانه، ئه‌م پڕۆژه ده‌ستوره نه‌یتوانیوه یان نه‌ویستراوه رون و ره‌وان له‌سه‌ر ئه‌م ناوچانه رابوه‌ستێ، له ماده‌ی دوی ئه‌م ده‌ستوره‌دا خاڵی یه‌كه‌م نوسراوه "كوردستان – عێراق قه‌واره‌یه‌كی جوگرافی مێژویه پێكدێت له پارێزگای دهۆك به سنوری كارگێڕی ئێستایه‌وه و پارێزگاكانی كه‌ركوك و سلێمانی و هه‌ولێرو قه‌زاكانی..." ئه‌م په‌ره‌گرافه پڕه له هه‌ڵه‌و په‌ڵه كه ده‌كرێ به كورتی به‌م شێوه‌یه چاره‌سه‌ر بكرێت "كوردستانی باشور – عێراق سه‌رجه‌م شار‌و شارۆكهو ناوچه‌كانی باشوری كوردستان ده‌گرێته‌وه" راستی ئه‌و جۆره له باسكردنی ناوچه دابڕێنراوه‌كان به‌بێ هۆ ده‌سبه‌ردانه له چه‌ندین شوێن بۆ نمونه به‌دره‌و جه‌سان و زڕباتیهو...هتد.خاڵی دوه‌می هه‌مان ماده بۆ سنوری سیاسی هه‌رێمی كوردستان پشت ده‌به‌ستێ به جێبه‌جێ كردنی ماده‌ی 140 له كاتێكا ئه‌م ماده‌یه پڕه له كهندو له‌ند و له‌مپه‌ری زۆری له‌به‌رده‌مدایه.هه‌رچه‌ند ئه‌م خاڵه‌یان تاڕاده‌یه‌كی زۆر پاشگهزبونهوهشه له خاڵی یه‌كه‌م.
له ماده‌ی 35 ی هه‌مان پڕۆژه ده‌ستوردا باس له مافی پێكهاته‌كانی تر كراوه، ئه‌م ماده‌یه به رای من ماده‌یه‌كی گرنگه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ خاڵی سێیه‌می ماده‌ی دوه‌مدا به‌ریه‌ك كه‌وتنێك هه‌یه، له ماده‌ی 35 دا باس له مافی ئۆتۆنۆم بۆ پێكهاته‌كان ده‌كرێ لێ له خاڵی سێیه‌می ماده‌ی دوه‌مدا ده‌ڵێ ناكرێ هه‌رێمێكی تر له ناو هه‌رێمدا دروست بكرێت، گریمان ئه‌و ئۆتۆنۆمه ته‌واوی پارێزگای كه‌ركوك وه‌ك پارێزگا ویستیان له چوار چێوه‌ی هه‌رێمدا هه‌یانبێت ئه‌وسا چی، چونكه له رابردودا كاتێك باسمان له تایبه‌تمه‌ندی كه‌ركوك ده‌كرد هه‌ندێك دنیایان لێده‌هاته‌وه یه‌ك، ئه‌گه‌ر كه‌ركوك و زۆربه‌ی ناوچه دابڕێنراوه‌كان به تایبه‌تمه‌ندی خۆیان و به‌شێوه‌یه‌كی ئۆتۆنۆم له چوارچێوه‌ی هه‌رێمی كوردستاندا جێیان بكرێته‌وه ئایه هیچ له‌مپه‌رێكی ده‌ستوری هه‌یه.
پارله‌مانی كوردستان له پیاچونهوهبه پڕۆژه ده‌ستوری هه‌رێمدا پێویسته ئه‌م درز‌و كه‌لێنانه چاره‌سه‌ر بكات و له‌ڕوی سیاسی و جوگرافیه‌وه راشكاوانه‌تر له‌سه‌ر ئه‌م ناوچانه بوه‌ستێ دیاره به‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌وه كه ئه‌م ناوچانه هه‌یانه.
كێشه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌و ناوچانه:
ناوچه‌دابڕێنراوه‌كان كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی قورس و كه‌ڵه‌كه‌بوی چه‌ندین ساڵه‌یان هه‌یه، كه پێویست ده‌كات پارله‌مانی كوردستان به جیاجیا قسه‌یان له‌سه‌ر بكات و هه‌ر كێشه‌یه‌كیان بخاته سه‌به‌ته‌یه‌كی تایبه‌ته‌وه، جیاكردنه‌وه له باسكردناو گه‌ڕان به دوای چاره‌سه‌ردا واده‌كات دواتر كۆی چاره‌سه‌ره‌كه بخرێته سه‌به‌ته‌یه‌كی تایبه‌ته‌وه‌و ئه‌وه‌ش ببێته دۆسیه‌و پاكێجی تایبه‌ت به‌م ناوچانه، ئه‌وه‌نده‌ی من تێبینیم كردوه، له‌و باره‌یه‌وه هێشتا ئه‌و پێداگری و شێلگیریه نابینرێ، ئه‌مه‌ش به‌شێكی زۆری په‌یوه‌سته به‌و ململانێ ناجۆره‌ی نێوان خودی كورد خۆیه‌وه له‌و ناوچانه.لێره‌دا به كورتی باس له هه‌ندێ له كێشه‌كان ده‌كه‌ین.
كێشه‌ی سیاسی:
ده‌كرێ ئه‌م كێشه‌یه‌یه بكه‌ینه چه‌ند چڵێكه‌وه و قسه‌ی تایبه‌تیان له‌سه‌ر بكه‌ین:
1- كێشه‌ی حیزبایه‌تی و به‌حیزبی كردنی داوده‌زگاكان له نێوان كورد خۆیدا
2- كێشه‌ی نێوان حیزبه عه‌ره‌بیه‌كان و جیاوازی بیروڕا
3- كێشه‌ی نێوان حیزبه توركمانیه‌كان و كێشه‌ی شیعه‌و سونه‌ی توركمان له‌و ناوچانه
4- كێشه‌ی نێوان كورد‌و ئه‌وانی تر
5- كێشه‌ی نێوان توركمان و عه‌ره‌ب له‌و ناوچانه
ئه‌م كێشانه هه‌مو بونیان هه‌یه‌و هه‌ریه‌ك به جۆرێك له‌مپه‌رن له‌به‌رده‌م پێكه‌وه‌یی له‌م ناوچانه، پارله‌مانی كوردستان تا ئێستا بۆ هیچ یه‌ك له‌م كێشانه پڕۆژه‌و به‌رنامه‌ی نیه، ئه‌وه جگه له‌وه‌ی ته‌نانه‌ت رون و ره‌وان نازانێ ئه‌وانیش چیان ده‌وێت، ئه‌مه‌ش به هۆی ئه‌وه‌ی تا ئێستا گفتوگۆی راشكاوانه له‌و باره‌یه‌وه نه‌بوه، جگه له رێگه چاری ماده‌كانی 58ی ده‌ستوری كاتی و 140 ده‌ستوری هه‌میشه‌یی و پڕۆژه‌كه‌ی تاڵه‌بانی بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران وئه‌و له‌مپه‌رانه‌ی هاتنه به‌رده‌م جێبه‌جێ كردنی ماده‌ی 140، ئه‌مه له كاتێكا هیچ ئاسۆیه‌كی جێبه‌جێ كردنی ئه‌و ماده‌یه بهدیناكراو به‌دیناكرێ.
كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌مو نه‌یاریه بۆ ئه‌وه‌ی كار له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ی رێگه چارێك بكرێت كارێكی ئاسان نیه، به‌ڵام هی ئه‌وه‌ش نیه ده‌ستی بۆ نه‌برێ، به بڕوای من له یه‌كه‌مین هه‌نگاودا پێویسته پارله‌مانی كوردستان گروپ گروپ ئه‌و نه‌یارانه به‌یه‌كتر كۆبكاته‌وه‌و دیدو سه‌رنجی هه‌مو لایه‌نه‌كان وه‌ربگرێت و دواتر كار له‌سه‌ر ئه‌وه بكات كۆی خاڵه هاوبه‌ش و ناكۆكه‌كان بخاته دو سه‌به‌ته‌وه، خاڵه هاوبه‌شه‌كان بكاته سه‌ره‌تای گه‌ڕان به دوای چاره‌سه‌ری كێشه سیاسیه‌كاندا، بۆ ئه‌مه لام وایه ده‌كرێ له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتارانی عێراقی ئه‌و ناوچانه‌ش گفت و گۆ بكرێت.
كێشه‌ی زه‌وی و زار:
له‌ناوچه دابڕێنراوه‌كان كێشه‌یه‌كی زۆری زه‌وی و زار هه‌یه سه‌ره‌ڕای ده‌رچونی یاسای تایبه‌تیش بۆ گێڕانه‌وه‌یان هێشتا وه‌ك پێویست چاره‌سه‌ر نه‌كراون، به‌شێك له‌و زه‌ویانه به یاسای چاره‌سه‌ری كێشه‌ی موڵكداریش چاره‌سه‌ر ناكرێن بۆیه پێویسته بۆ چاره‌سه‌ر كردنیان پارله‌مانی كوردستانیش قسه‌ی خۆی هه‌بێت، به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و گوندانه‌ی كه ده‌كه‌ونه سه‌ر سنوره‌كانی نێوان كورد‌و عه‌ره‌ب و كاتی خۆی به‌عس به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ خاوه‌نه ره‌سه‌نه‌كانیان داگیری كردوه و به‌خشیویه‌تی به‌خه‌ڵكی تر، بۆ نمونه به‌شێكی زۆریان ته‌عریب كراون، ئه‌مه‌ش وای كردوه ئێستا عه‌ره‌به‌كانی ئه‌و ناوچانه خۆیان به خاوه‌نی بزانن، وه‌ك زۆربه‌ی زه‌ویه‌كانی سنوری مه‌تاره كه به تاپۆ هی تاڵهبانیهكانهوه عه‌ره‌ب ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتوه، یان زه‌ویه‌كانی باجوان به‌نمونه، راستی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌سته‌ی كێشه موڵكداریهكان زۆربه‌ی ئه‌و یاسایانه‌ی ههڵوهشانوهتهوه كه به‌عس بۆ ته‌عریب و ده‌سبه‌سه‌ردا گرتنی ئه‌و زه‌ویانه ده‌ریكردوه، به‌ڵام ئه‌مه نه‌بوه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و زه‌ویانه بگه‌ڕێنرێنه‌وه بۆ خاوه‌نه‌كانیان.
پارله‌مانی كوردستان له‌م بابه‌ته‌دا ده‌توانێ به دواداچون بۆ ئه‌و كێشانه بكات و لایه‌نه ناكۆكه‌كان بگه‌یه‌نێته یه‌كتر بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌و بابه‌ته بدۆزرێته‌وه، من سه‌باره‌ت به‌م پرسه قسه‌م له گه‌ڵ لقی جوتیارانی كه‌ركوك كرد دیار بو ئه‌وان زانیاری وردیان له باره‌ی كێشه‌كانه‌وه لابو، بۆیه ده‌كرێت به‌ر له هه‌ر شت پارله‌مان له‌گه‌ڵ جوتیارانی كه‌ركوك له‌و باره‌یه‌وه گفت و گۆ بكات و زانیاریه‌كان وه‌ربگرێت.
كێشه‌ی رێكخستنه‌وه‌ی ئیداره:
به‌عس له ناوچه دابڕێنراوه‌كان سیاسه‌تی جۆراو جۆری پیادهكردوه، له‌وانه ته‌عریب، ته‌بعیس، ته‌رحیل، هه‌روه‌ها تێكدانی نه‌خشه‌ی ئیداری، ئه‌نفال و سڕینه‌وه، گۆڕینی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و هه‌تا دوای، ئه‌م كارانه‌ی به‌عس له مه‌ودای ده‌یان ساڵدا كراون، لانی كه‌م له هه‌شت مانگی ساڵی 1963 و دواتر له ساڵی 1968 وه بۆ ساڵی 2003 ته‌نیا ماوه‌ی نێوان 1968 بۆ 2003 ده‌كاته 35 ساڵ، له دوای ساڵی 2003وه هیچ هه‌نگاوێكی ئه‌رێنی نه‌بینرا بۆ چاره‌سه‌ر كردنی ئه‌و كێشانه، به تایبه‌ت كێشه‌ی رێكخستنه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی ئیداری، به‌عس نه‌خشه‌ی ئیداری زۆر پارێزگا‌و ناوچه‌ی تێكداوه له‌وانه:
1- له پارێزگای كه‌ركوك له ساڵانی 1976-1977هه‌ریه‌ك له قه‌زاكانی خورماتو، كفری، كه‌لار، چه‌مچه‌ماڵ له كه‌ركوك دابڕێنران.
2- ده‌یان گوندی پارێزگاكانی هه‌ولێرو كه‌ركوك ئه‌مبه‌رو ئه‌و به‌ریان پێكراوه ئه‌وه جگه له سه‌رگه‌ڕان و پردێ،
3- چه‌ندین ناحێ هه‌ڵوه‌شێنراونه‌ته‌وه بۆنمونه به‌یه‌ك بڕیار له ساڵی 1987 له سنوری پارێزگای كه‌ركوك ناحێكانی " شوان، قه‌ره‌حه‌سه‌ن، قه‌ره‌هه‌نجیر، یایچی " هه‌ڵوه‌شێنرانه‌وه جگه له ته‌ختكردن و ئه‌نفالكردنی ناحێكانی " قادركه‌ره‌م، سه‌نگاو، ئاخجه‌له‌ر، نه‌وجول "
4- هه‌روه‌ها له دهۆك و موسڵ و به‌غداو كه‌ربه‌لاش ئه‌م ده‌سكاری كردنه بونی هه‌یه.
له چوارچێوه‌ی ماده‌ی 140 دا كه ده‌بوایه له 31-12-2007 ته‌واوی ته‌واو جێبه‌جێ كرابا، چاره‌سه‌ری كێشه‌ی رێكخستنه‌وه‌ی ئیداره ده‌كه‌وته نێو خانه‌ی " ئاسایكردنهوهوه" نه‌كرا كه‌سیش له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌كرا له كاتێكا نوری مالكی لهكارنامهكهی خۆیدا له خولی یه‌كه‌می سه‌ره‌ك وه‌زیریدا 2006-2010 به‌ڵێنی جێبه‌جێ كردنی ماده‌ی 140ی دا‌و نه‌یكرد ده‌قی كارنامه‌كه به واژوی مالكی له نێو پڕۆتۆكۆلهكانی پارله‌مانی عێراقدا هه‌یه‌و له‌به‌رده‌م پارله‌مانیش خوێندرایه‌وه، كورد بۆیه‌كجاریش له‌م روه‌وه سه‌رزه‌نشتی مالكی نه‌كرد.
پارله‌مانی كوردستان چه‌ندین به‌ڵگه‌ی له‌به‌ر ده‌سته تا كاریان له‌سه‌ر بكات بۆ قسه له‌سه‌ركردنی ئه‌و ناوچانه‌و هه‌وڵدان بۆ گێڕانه‌وه‌یان بۆ دۆخی ئاسای، به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی ده‌كه‌وێته سنوری پارێزگای كه‌ركوكه‌وه، له‌و به‌ڵگانه:
یه‌كه‌م: خودی ماده ی 140 كه له هه‌ناوی ماده‌ی 58وه ده‌رچوه و ده‌بوایه له 31- 12- 2007 جێبه‌جێ بكرایه.
دوه‌م: خاڵی بیست و دوی كارنامه‌كه‌ی مالكی له خولی یه‌كه‌می سهرۆكوهزیریدا كه به‌ڵێنی داب‌و ماده‌ی 140 جێبه‌جێ بكات.
سێیه‌م: هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی كۆی یاساكانی به‌عس له سه‌رده‌می بریمه‌ردا ساڵی 2004.
چواره‌م: به جێهێشتن و راكردنی سوپای حكومه‌تی عێراقی له زۆربه‌ی ناوچه دابڕێنراوه‌كان له كاتی په‌لاماری داعشدا بۆنمونه له ناوچه‌كانی داقوق و خورماتو سه‌عدیه‌و جه‌له‌ولاو سلێمان به‌گ و مهخمورو شه‌نگال و زومارو شوێنه‌كانی تر.
كێشه‌ی خاوه‌ندارێتی و پێكه‌وه‌یی:
ره‌نگه یه‌كێ له كێشه سه‌ره‌كیه‌كانی ئه‌م ناوچانه پرسی خاوه‌ندارێتی كردن بێت، ئه‌مه به بڕوای من په‌یوه‌سته به نه‌بونی دیموكراسی و متمانه بهیهككردنهوه، راستی ئه‌گه‌ر دۆخێكی دیموكراسی هه‌بێت و پێكهاته‌كان متمانه به‌یه‌كتر بكه‌ن، پێداگیری خاوه‌ندارێتی كردنیش به‌ره‌و كاڵبونه‌وه ده‌چێت، به‌ڵام ناكرێ له‌م بابه‌ته‌دا رۆڵی خه‌راپی ده‌رو دراوسێ له بیر بكرێت، هه‌ندێك ده‌ستوه‌ردان له كار‌و باری ئه‌م ناوچانه وای كردوه كه هه‌مو به گومانه‌وه سه‌یری یه‌كتر بكه‌ن و متمانه‌یان به یه‌كتر نه‌بێت، له‌باره‌ی ئه‌م پرسه‌وه وه‌ك پێشتر باسمان كرد پارله‌مانی كوردستان ده‌توانێ دیدی لایه‌نه ناكۆكه‌كان وه‌ربگرێ و دواتر له‌سه‌ر خاڵه هاوبه‌شه‌كانی پێكه‌وه‌یی پڕۆژه‌ی پێكه‌وه ژیانی ئاشتیانه له‌و ناوچانه بنیاد بنێ، لام وایه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، ئێستا له هه‌ركات بار‌و دۆخ له بارتره، ئێمه ده‌زانین سیاسی گه‌لێك هه‌ن، زیاتر لایه‌نی نه‌رێنی و ره‌شبینی به سیاسهتكردنیانهوه دیاره، بۆ نمونه هه‌ندێك هه‌ڵوێستی ئه‌رشه‌د ساڵحی، كه زۆر جار ئه‌و هه‌ڵوێستانه و شێوازی دهربڕینهكهیان ره‌نگه زیانی زیاتر بێت له سود، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له چوارچێوه‌ی ئازادی بیر‌و رادا پێویسته رێزی لێبگیرێ، دڵنیام بۆ هه‌مو ئه‌مانه ده‌رچه‌یه‌ك هه‌یه، ئه‌مه‌ش هه‌مومان له یه‌كتر نزیك ده‌كاته‌وه، په‌رله‌مان ده‌توانێ زه‌مینه‌كانی ئه‌و ده‌رچه‌یه بدۆزێته‌وه‌و بیڕهخسێنێ، بۆنمونه كاتێ بارزانی بڕیاری دا ناوچه دابڕێنراوه‌كان ناوبنرێ " ناوچه كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم " ئه‌گه‌ر چی ئێمه تێبینی خۆمان له‌سه‌ر شێوازی ناونانه‌كه هه‌بو، به‌تایبه‌ت له‌و روه‌وه كه داننان بو به‌وه‌ی ئه‌م ناوچانه له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمن و ئه‌وه‌ش وه‌ك دیكۆمێنتێك له روی قانونیه‌وه دو سه‌ره‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش یه‌كسه‌ر به‌دوای ئه‌و بڕیاره‌دا ساڵحی بۆ مه‌دا پرێس باسی له‌وه كرد كه ئه‌م ناوچانه توركمانین، راستی كه ده‌گوترێ كوردستانی واته جگه له كورد خه‌ڵكی دیكه‌شی تیایه، به‌ڵام كه ده‌گوترێ توركمانی من له كاك ئه‌رشه‌د ساڵحی ده‌پرسم ئه‌م ناونانه چی بیر ده‌خاته‌وه، ئێستا ئه‌وه كۆتای هات و هیچیش روینه‌دا، ئه‌و بۆ كردنه‌وه‌ی نوسینگه‌ی پارله‌مانیش هه‌مان هه‌ڵوێستی بو، له كاتێكا ئێستا نوسینگه‌كه توركمانیش روی تێده‌كه‌ن و به هی خۆیانی ده‌زانن، ته‌نانه‌ت پێشوازی له‌و له بیر‌و راكانیشی ده‌كرێت، به‌ڵام كه‌ركوكی بون و ئینسانی بون كۆمان ده‌كاته‌وه، پارله‌مانی كوردستان، ده‌كرێ له رێی بایه‌خدان به چه‌مكه‌كانی ئینسانی بون و كه‌ركوكی بونه‌وه كێشه نه‌ته‌وه‌یی و سیاسیه‌كان تا راده‌یه‌كی زۆر كاڵبكاتهوه.
په‌رله‌مان ده‌توانێ چی بكات:
له بڕگه‌كانی پێشودا هه‌ندێ قسه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه كردوه پارله‌مانی كوردستان ده‌توانێ چی بكات، لێره‌شدا به كورتی له‌سه‌ر هه‌ندێ خاڵی دیكه ده‌وه‌ستین، هه‌رچه‌ند به بڕوای من پارله‌مان هه‌ر له ئێستاوه ده‌توانێ زه‌مینه بڕه‌خسێنێ بۆ گفت و گۆیه‌كی كراوه بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ركوكیه‌كان هه‌م به‌شداری هه‌ڵبژاردنی هه‌رێم بكه‌ن له ئلیندهدا هه‌م نوێنه‌ریان هه‌بێت بۆ پارله‌مانی كوردستان، ئه‌مه نه‌ك هه‌ر بۆ كورد بۆ پێكهاته‌كانی تریش، په‌رله‌مانی كوردستان ده‌توانێ له ئێستاوه ئه‌م كارانه بكات و دۆسیه‌ی تایبه‌تیان بۆ ئاماده بكات.
یه‌كه‌م: له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانی عێراقی:
پارله‌مانی كوردستان بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی ئه‌و ناوچانه ده‌كرێ لیژنه‌ی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ پارله‌مانی عێراق دروستبكات، باشتریشه نوێنه‌ره‌كانی په‌رله‌مانی عێراق له خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه بن، په‌رله‌مانی عێراق كه‌م و كوڕی زۆری به‌رانبه‌ر ئه‌و ناوچانه نواندوه، به‌تایبه‌ت له‌و روه‌وه كه له‌كاتی خۆیدا نه‌یتوانیوه نهمادهی 140 جێبه‌جێ بكات نه له‌وانه بپرسێته‌وه كه كه‌مته‌رخه‌میان هه‌بوه له‌و باره‌یه‌وه.
دوه‌م: له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كان:
پارله‌مانی كوردستان سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌كرێ داوای دیدو سه‌رنجی پێكهاته‌كان بكات بۆ ئایندهی ئه‌و ناوچانه، جگه له‌وه‌ش ده‌توانێ له گه‌ڵیان دابنیشێ و پێكه‌وه قسه‌له‌سه‌ر پته‌و كردنی خاڵههاوبهشهكان بكه‌ن، من دڵنیام له ناوپێكهاتهكانی كه‌ركوك و خه‌ڵكی ناوچه دابڕێنراوه‌كاندا زۆرن ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێ له‌باره‌ی چاره‌نوسی خۆیانه‌وه گفت و گۆ بكه‌ن، زۆربه‌شیان دیدو سه‌رنجی به‌جێ و گونجاویان هه‌یه، كه ده‌كرێ كاریان له‌سه‌ر بكرێت، من بۆ خۆم دیدو سه‌رنج و پێشنیازی زۆر جوانم له‌و كه‌سانه بینیوه.
سێیه‌م: له گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم:
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ئێستا به‌دواوه ئه‌ركێكی زۆرتری به‌رانبه‌ر به‌و ناوچانه ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئیدی لێره به دواوه به فه‌ڕمی نه‌وتی كه‌ركوك لهبۆڕیهكانی هه‌رێمه‌وه ده‌ڕوات ئه‌وه‌ش واده‌خوازێ كه پارله‌مانی كوردستان و حكومه‌تی كوردستان پێكه‌وه كار له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته بكه‌ن، له‌ماوه‌ی رابردودا پرسی ناردنی نه‌وت له‌و بۆڕیانهوه كێشه‌و وت‌و وێژی زۆری به دوی خۆیدا هێنا ده‌بێت ئه‌مه چاره‌سه‌ر بكرێت و له به‌حیزبی كردن رزگار بكرێت، لانی كه‌م حكومه‌تی هه‌رێم ده‌توانێ نوسینگه‌ی دایك بۆ نوسینگه‌ی وه‌زاره‌ته‌كان له كه‌ركوك بكاته‌وه، به‌تایبه‌ت ئێستا كه نوسینگه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاكراوهتهوهو كارئاسانی بۆ خوێندكارانی ئه‌و ناوچانه ده‌كات، ده‌كرێ ئه‌مه سه‌ره‌تایه‌ك بێت بۆ كردنه‌وه‌ی نوسینگه‌كانی دیكه‌ش.پارله‌مان ده‌توانێ رۆڵی پاڵپشتی و هاندان له‌و روه‌وه ببینێ به‌تایبه‌ت له ئێستادا كه زۆرێك له كێشه‌كان دێنه به‌رده‌م نوسینگه‌ی كه‌ركوكی پارله‌مانی كوردستان.
ماده‌ی 140:
ماده‌ی 140 پوخته‌و كورتكراوه‌ی ماده‌ی 58 ی یاسای ئیداره‌ی ده‌وڵه‌تی عێراقه، ئه‌م ماده‌یه له سێ قۆناغ پێكهاتوه " ئاسایكردنه‌وه، سه‌رژمێری، راپرسی " ئه‌وه‌ی جێگه‌ی نیگه‌رانیه كورد سه‌ره‌ڕای بونی ئه‌ندامی زۆری له لیژنه‌كاندا، سه‌ره‌ڕای رۆڵی له نوسینه‌وه‌ی ده‌ستوری عێراقی و ماده‌ی 140ی ئه‌و ده‌ستوره‌دا، كه‌چی ئه‌و ماده‌یه‌ی به كۆمه‌ڵێ كه‌م و كوڕیه‌وه قه‌بوڵ كردوه، من پێشتر هه‌ر پاش ده‌رچونی ده‌ستوری عێراقی و بونی ئه‌و ماده‌یه تێیدا وتارێكم له‌سه‌ر ئه‌و ماده‌یه نوسی به ناونیشانی كه‌ركوك له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی ماده 140 دا، له‌وێ كه‌م و كوڕیهكانم دیاری كردبو، به‌ڵام هه‌رزو ئه‌و ماده‌یه نه‌یارو دژی زۆری بۆ په‌یدا بو، كه من نامه‌وێ لێره‌دا بچمه‌وه سه‌ر ئه‌و باسه، به‌ڵام گرنگه ئێستا پارله‌مانی كوردستان دوا قسه‌و هه‌ڵوێستی خۆی له‌سه‌ر ئه‌و ماده‌یه ده‌ربڕێ.
له‌و ماده‌یه‌دا ده‌یان پرسیاری بێوه‌ڵام هه‌یه، كێ و چۆن و به چ شێوازێك ئاسایكردنهوهو سه‌رژمێری و راپرسی ده‌كرێت، وه‌ڵامی كۆی ئه‌م پرسیارانه ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی ئه‌و لیژنه پارله‌مانیه‌ی كه پێویسته له پارله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر ئه‌م ماده‌یه گفت و گۆ بكه‌ن.
جێگره‌وه‌ی ماده‌ی 140:
ئه‌گه‌ر ماده‌ی 140 هه‌ر وه‌ك ماده‌یه‌ك له ده‌ستوردا مایه‌وه‌و كاری له‌سه‌ر نه‌كرا، چی بكرێت، ئایه پارله‌مانی كوردستان هیچ جێگره‌وه‌یه‌كی ئه‌و ماده‌یه‌ی هه‌یه، ئایه هیچ به‌رنامه‌یه‌كی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ق بگه‌ڕێته‌وه بۆ خاوه‌ن هه‌ق وقه‌ره‌بوی ئه‌و دیرۆكه پڕ سته‌مكاریه بكرێته‌وه، بۆ ئه‌مه پێویسته پارله‌مانی كوردستان به دوای جێگره‌وه‌یه‌كی قانونیدا بگه‌ڕێ، لانی كه‌م له‌به‌ر خوێنی ئه‌و شه‌هیدانه‌ی له‌م ناوچانه رژان ناكرێ به هه‌مان شێوه‌ی جاران مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م دۆخه‌ی ئێستا بكرێت.بۆ ئه‌مه پێویسته پارله‌مان به‌رنامه‌ی خۆی هه‌بێت.
بۆ مێژو ئه‌وه‌ش ده‌نوسم كه ئه‌وانه‌ی له به‌غدا له‌و سه‌رو به‌نده نوێنه‌رایه‌تی كوردیان ده‌كرد و رۆڵیان له مه‌جلیسی حوكم و دواتر بنیاد نانه‌وه‌ی عێراق و نوسینه‌وه‌ی ده‌ستوردا هه‌بو بریتی بون له:
مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی
جه‌لال تاڵه‌بانی سكرتێری یه‌كێتی
سه‌لاحه‌دین به هائهدین ئه‌مینداری یه‌كگرتو
دارا نوره‌دین
مه‌حمود عوسمان
وه‌زیره‌كانی كورد له‌و سه‌رده‌مه: وشیار زێباری ده‌ره‌وه
له‌تیف ره‌شید - سه‌رچاوه‌كانی ئاو
نه‌سرین به‌رواری - شاره‌وانیه‌كان
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم - پیشه‌سازی
عه‌بدولره‌حمان سدیق - ژینگه
له سه‌رده‌می عه‌لاویدا 2004
رۆژ نوری شاوه‌یس - جێگری سه‌رۆك كۆمار
فواد مه‌عسوم - سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی عێراق
وه‌زیره‌كان
به‌رهه‌م ساڵح - جێگری سه‌رۆك وه‌زیران
وشیار زێباری - ده‌ره‌وه
له‌تیف ره‌شید - سه‌رچاوه‌كانی ئاو
نه‌سرین به‌رواری - شاره‌وانی
به‌ختیار ئه‌مین - مافی مرۆڤ
ئه‌م ناوانه زۆربه‌یان به‌رده‌وام دوباره ده‌بنه‌وه جگه له هاتنی ناوی تر وه‌ك "عارف ته‌یفور، عهبدواباست كه‌ریم مه‌ولود، جوان فواد مه‌عسوم، هادی ئیدریس، فه‌وزی حه‌ریری، به‌یان دزه‌یی" ئه‌م ناوانه لانی كه‌م تا 2009 له‌گه‌ڵ شیعه‌و سونه‌ی عه‌ره‌ب حوكمی عێراقیان كردوه، عێراقێك كه له دوای روخانی سه‌دامه‌وه بۆیه‌ك مانگ ئارامی به خۆیه‌وه نه‌بینیوه و كوردیش هێشتا پابه‌نده پێیه‌وه.
|
|