ئاسۆ حامدی
لێره‌دا به کورتی باس له دو لایه‌ن ده‌که‌ین ئه‌ویش یه‌كه‌میان مه‌سه‌له‌کانی ئه‌ندازیاری و نوسینی پلانه، دوه‌میشیان باس له پرۆسیسهکانی جێبه‌جێ کردنی پلان ده‌که‌ین له کۆمه‌ڵگای مۆدیرن دا.
ئه‌گه‌ر به‌م پێناسه‌یه‌ی ماسته‌ر پلان ده‌ست پێ بکه‌ین:
ماسته‌رپلانی هه‌ولێر یه‌کسانه به گه‌شه‌دان به بازاڕی نیشتیمان یه‌کسانه به مۆدێلی دوبه‌ی یان یه‌کسانه به کۆمابونی کاری هاوبه‌شی سه‌رمایه‌و بازاڕی سه‌ره‌کی شار.
ئه‌وا یانی: به ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی زیاتری ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان و هه‌ژارکردنی هه‌ژاران هه‌روه‌ها یه‌کسانه به له‌نێو بردنی که‌لتور و شوێنه‌واری کۆنینه‌ی شار و تێکدانی وه‌زعیه‌ته کۆمه‌ڵایه‌تیه رۆتینه‌کان که خه‌ڵکی زیاتر له ده‌یان ساڵه له‌گه‌ڵی ده‌ژین.
گریمان ئه‌مه ناهه‌قیه و ئه‌م پێناسه‌یه دروست نیه و به زمانی ره‌ق و دژی ئه‌م ماسته‌رپلانه نوسراوه.
چۆنیه‌تی نوسینی زانستی پلانه ئه‌ندازیاریه‌کان له کۆمه‌ڵگای مۆدێرن دا، سه‌ره‌تا هه‌وڵده‌ده‌م به کورتی باسیان بکه‌م؛
گه‌لێ تیۆر و سه‌رچاوه‌ی نه‌خشه‌سازی شاره‌کان هه‌یه، که ئێستا ناکرێ باسیان بکه‌ین هه‌مو ئه‌وانه‌ی زانستی پلانه‌کانیان (پلانهلۆجی) یان خوێندوه یان زانیاریان هه‌یه ئه‌وه ده‌زانن که چ ئاڵوگۆڕێ له‌م مه‌یدانه هه‌یه و روده‌دات، به‌ڵام له هه‌مو تیوریه‌کان دو مه‌سه‌له‌ی گرنگ هه‌ن که ئه‌وانیش مه‌سه‌له پان و بهرینهکانه و دوایش مه‌سه‌له‌ی درێژخایانه به زمانی ئینگلیزی پێی ده‌ڵێن (Integrale and Sustainbility) مه‌سه‌له پان و به‌رینه‌کان به‌کورتی یانی مه‌سه‌له‌کانی ئابوری، ژینگه، کۆمه‌ڵایه‌تی، مه‌سه‌له‌کانی ده‌وروبه‌ر و مه‌سه‌له‌کانی پرۆسیسه‌کان ده‌گرێته‌وه، مه‌سه‌له درێژخایه‌نه‌کانیش بریتین له مه‌سه‌له داهاتوه‌کان و دژایه‌تی نه‌بون له‌گه‌ڵ پێداویسته‌کانی نه‌وه‌کانی ئاینده نابێ ئه‌م پلانه و ئه‌نجامه‌کانیان دژایه‌تیان له‌گه‌ڵ هه‌بێت.
ئه‌مانه له پلانی شوێنه نوێیه‌کان به‌کاردێت ئه‌گه‌ر هاتو باس له مه‌سه‌له‌ی شوێنهرهوار و دوباره دروستکردنه‌وه‌و گۆڕینی (فونکشن) کاره‌کانیان بکه‌ین ئه‌وه مه‌سه‌له‌یه‌کی تره.
گرنگترین مه‌سه‌له‌ش لێره‌دا مه‌سه‌له‌ی یاساکانی کۆمه‌ڵگایه و ئایا کۆمه‌ڵگا وا به‌یاسایی بۆته‌وه که مه‌سه‌له‌ی پرۆسیسه‌کان وا به ئاستی زانستی ده‌چێته‌ڕێوه، یان مه‌سه‌له‌کانی یاساکانی پاراستنی شوێنه‌واره کۆنه‌کان و نوێکردنه‌وه‌یان چه‌سپاوه.
ره‌نگه له شاری هه‌ولێر نه‌خشه‌سازی لاترال (ئه‌مه جۆرێکه له نه‌خشه‌سازی - که ئه‌مه ته‌نها یه‌ک مه‌سه‌له مهکسیمال ده‌کاته‌وه‌و هیچ نرخ بۆ مه‌سه‌له‌کانی تردا دانانێ) به‌کار هاتبێ، یان هه‌ر بڕیارێکی سیاسیه و به‌س به‌بێ ئه‌وه‌ی حساب بۆ هیچی تر بکه‌ن، به گوێره‌ی زانیاریه‌کان هه‌ر ئه‌وه‌ی دوه‌میانه و له سه‌رۆکایه‌تی وه‌زیرانه‌وه هاتوه.
زیانی ئه‌م کاره ئه‌گه‌ر جێبه‌جێ ببێ نه‌ک هه‌ر له‌نێو بردنی شارستانیه‌ت و مێژوی شاره، به‌ڵکو فازێکی بازدانه له مه‌یدانی که‌لتوری و مه‌سه‌له ئابوریه‌کان و مه‌سه‌له‌کانی ژینگه و مه‌سه‌له‌کانی ده‌وروبه‌رو کۆمه‌ڵایه‌تی ئینسانه‌کانه له هه‌ولێر و فه‌رزکردنی هه‌مو شتێکه له سه‌ره‌وه بۆ خواره‌و هاوڵاتیان هیچ کاریگه‌ریه‌کیان نیه‌و ته‌نها ده‌بێ مل شۆڕی ده‌سه‌ڵات بن، ئه‌مه‌ش زیانێکی زۆر به هاوڵاتیان و شارستانیه‌تی و که‌لتور و حکومه‌تیش ده‌گه‌یه‌نێ.
بۆ مه‌سه‌له‌ی پرۆسێسه‌کان له کۆمه‌ڵگای مۆدێرن دا هه‌ر ئاڵوگۆڕێ بکرێ له کۆمه‌ڵگا ده‌بێ هاوڵاتیان رای خۆیان له‌باره‌وه بده‌ن و له رێگای رێکخراوه‌کان و ناوه‌نده‌کانی ئیداری دا ئاڵوگۆر به پلانه‌کان و ویست و داواکاریه‌کانیان بخه‌نه رو، له‌به‌ر نه‌بونی ئازادی و رێکخراوبون له کوردستان دا به شێوه‌یه‌کی زانستی و راشکاو، بۆیه هه‌روا هاوڵاتی له کوردستان له پله‌ی خوارخواره‌وه ناتوانێ ده‌نگه‌کانی به دونیای ده‌ره‌وه‌ی خۆی بگه‌یه‌نێ که حکومه‌ته.
ئه‌م کۆمه‌ڵگایه حزبیه و له‌سه‌روی ئه‌مه‌ش بونی یان ئیستغلال کردنی ده‌زگاکانی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن هه‌ندێ مهسئولهوه بۆ پیداویستی خۆیان هه‌مو مه‌سه‌له‌کانی به‌رته‌سک کردۆته‌وه.
له نه‌خشه‌سازی نوێ‌دا به‌تایبه‌ت له ئه‌نجامی بونی یاساکانی پاراستنی شوێنه‌واره کۆنه‌کان ئه‌وا ده‌بێ سیسته‌می تێکهه‌ڵکێشان به‌کار بهێنرێ (من له‌م باره‌وه به‌درێژی باسێکم له‌سه‌ر قه‌ڵای هه‌ولێر نوسیه‌وه خوێنه‌ران ده‌توانن سه‌یری ئه‌رشیفی سایتی ده‌نگه‌کان بکه‌نwww.dengekan.com)).
به کورتی سیسته‌می تێکهه‌ڵکێشان له هه‌مو وڵاتانی دونیا به‌کاردێت، ئه‌مه‌ش یانی مانه‌وه‌ی هه‌مو شوێنه‌واره کۆنه‌کان به هه‌مو پێکهاتهکانیهوهو به‌کارهێنانیان به شێوه‌ی نوێ و نوێخوازیهوهو هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندی به‌ستنه‌وه‌ی نه‌خشه‌سازی نوێ و کۆنه‌کان له‌ته‌ک یه‌کتردا و فه‌راهه‌م کردنی ئامرازه نوێیه‌کان له شوێنه‌واره یان بینایه کۆنه‌کاندا.
به‌نمونه قه‌یسه‌ری هه‌ولێر ده‌کرێ هه‌مان فونکشنی (کاری) هه‌بێ چۆن که ئێستا هه‌یه‌تی و له داهاتوش هه‌روا، به‌ڵام له‌وانه‌یه سه‌قفێکی مۆدێرنی بۆ بکرێت به‌شێوه‌ی کۆنی خۆی، یان گه‌ڕه‌کی عاره‌بان و خانه‌قا و سه‌عدوناوه و هه‌مو ئه‌و جێگایانه‌ی تر، ده‌کرێ به هه‌مان نه‌خشه‌سازی کۆنیان نوێ بکرێنه‌وه.
ده‌کرێ به سیسته‌می تێکههلكێشان بڵێن سیسته‌می ریفۆرم له سیاسه‌تدا که هه‌یه، به‌ڵام ئه‌م سیسته‌مه له وڵاتانی ئه‌وروپای به‌تایبه‌تی له سوید و به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا زۆر ده‌بینرێن به‌تایبه‌تی له پایته‌خته‌کانیان دا.
دواتریش ئه‌م سیسته‌مه ئابوری نیه‌و زۆر گرفتی ئابوری دورست ده‌کات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت ئه‌رکی ئه‌مه‌ی گرته ئه‌ستۆ ئه‌وا هاوڵاتیان که‌متر توشی گرفتی ئابوری ده‌بن.
له‌باری کۆمه‌ڵایه‌تی و که‌لتوری باشترین رێگاچاره‌یه و له‌باری ده‌وروبه‌ریش هه‌مو نه‌خشه و سیسته‌مه‌کانی کۆن به نوێخوازی ده‌مێننه‌وه، به‌ڵام له مه‌یدانی پرۆسێسه‌کاندا ده‌بێ هاوڵاتیان زیاتر کاریگه‌ری خۆیان بنوێنن، له‌لایه‌کی تر ده‌بێ پلانه‌کان پێش ئه‌وه‌ی له فازه‌کانی نه‌خشه‌سازی و ده‌ست پێکردن هاوڵاتیان قسه‌ی خۆیان تیاکردبێ، به‌ڵام له هه‌ولێر پێچه‌وانه‌یه، ماسته‌رپلان دارێژراوه و ده‌یانه‌وێ ده‌ست به‌کار بن تازه هاوڵاتیان ده‌نگۆی ده‌بیستن!.
ئه‌م شێوه له کۆمپارس بونی هاوڵاتیان له کوردستان دا چاره‌نوسێکی ترسناکی هه‌یه و مرۆڤه‌کان هیچ ئیراده‌ی ئاڵوگۆڕه‌کانیان نیه و ته‌نها سیاسیه‌کان و ده‌سه‌ڵات به‌که‌یفی خۆیان ده‌ست به‌کارده‌بن.
ئه‌مه‌ش به گوێره‌ی حیزب و تواناکانی خۆیان و قازانجه‌کانیان مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگا ده‌که‌ن، ئه‌م ده‌ست ئاواڵاییه زیاتر زیان به کۆمه‌ڵگا ده‌گه‌یه‌نێ و مه‌یدانی گفتوگۆ و ئازادی به‌رته‌سک ده‌کاته‌وه.
خه‌ڵکی شاری هه‌ولێر ئه‌گه‌ر هه‌مویان بڕیاری ئه‌وه‌یان دا به‌نمونه ئه‌م ماسته‌ر پلانه جێبه‌جێ بکرێت له ریفراندۆمێکی ئازاد دا ئه‌وه مه‌سه‌له‌یه‌کی تره، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ر له هۆبه‌ی هونه‌ری له پارێزگا و شاره‌وانی دا بڕیار دراوه ئه‌مه کاره‌ساته، له واقعیش هه‌ر کاره‌ساته ده‌گوزه‌رێ.
هه‌ر له جیاتی ئه‌وه‌ی شاره‌وانی و پارێزگای هه‌ولێر سیمای کۆنی شار بپارێزن و که‌لتوری شار و شوێنه‌واره‌کان گرنگی تایبه‌تیان پێ بده‌ن ئه‌وا ده‌ست بۆ ته‌ختکردنی ده‌به‌ن. یان له جیاتی ده‌روازه‌ی ئیسلامیزه کردنی قه‌ڵا له نێو ببه‌ن و په‌یکه‌ره‌که‌ی به‌رده‌رکی قه‌ڵا بگوازنه‌وه بۆ شوێنێ که شایسته‌یه‌تی یان هه‌ر هه‌ڵی بگرن ئه‌وا پلانی ئاوا لاترال داده‌ڕێژن.
پرسیارێکی ساده ئه‌وه‌یه ئایا زه‌حمه‌ته بۆ حکومه‌تی کوردستان سیسته‌می تێکهه‌ڵکێشان پیاده بکات، خۆ زۆربه‌ی مه‌سئوله‌کان سه‌ردانی وڵاتانی ئه‌وروپاییان کردوه؟ مۆدێلی دوبه‌ی مۆدێلێکی دروست نیه بۆ ئێستای کوردستان، ته‌نانه‌ت میلله‌تی کورد پێوستی به مۆدێلی ژیان و گوزه‌رانی خۆی هه‌یه و ده‌بێ ته‌عبیر له ژیان و گوزه‌ران و ئاستی ئابوری و سیاسی و فه‌رهه‌نگی کۆمه‌ڵگای خۆی بکات، چ به‌هره‌یه‌ک و رۆشنبیریه‌ک له دوبه‌ی دا هه‌یه؟ جگه له دواکه‌وتوی فه‌رهه‌نگی و دراوی نه‌وت نه‌بێ.
ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌م کاره زیاتر هاوسه‌نگی چینایه‌تی له شار به‌لای ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان دادهداو له باری کۆمه‌ڵایه‌تیش ئاڵگۆڕی ناڕێک دروست ده‌کات و له وهزعیهتهکانی ده‌وروبه‌ریش سیمای شار ناڕێک ده‌کات و هاویهکیهک له نیوان کۆنه (قه‌ڵا) و نوێ بازاڕی نیشتمان نیه، هه‌روه‌ها پرۆسێسه‌کان هه‌ر به لاسه‌نگی ده‌ڕۆن.
به‌کورتی ئه‌م پلانه به قازانجی هاوڵاتیان و که‌لتوری شار و شوێنه‌واره کۆنه‌کان و گه‌شه‌سه‌ندنی شار نیه، به‌ڵام له لایه‌نی ئابوری ره‌نگه زیاتر مه‌سه‌له چینایه‌تیه‌کان زه‌ق بکاته‌وه‌و جیاوازی نێوان هه‌ژاران و ده‌وڵه‌مه‌ندان زیاتر بکات و درهزهکان و شه‌قه‌کان قوڵتر ده‌بنه‌وه و هه‌ندێ فرسه‌تی کار و هه‌ندێ ده‌وڵه‌مه‌ند و به‌ڵێنده‌ری زه‌به‌لاحیش دروست ده‌کات.
به‌ڵام که‌ی سیسته‌می هه‌ڵسه‌نگاندن له‌م شارانه‌ی وه‌کو هه‌ولێر هه‌یه و هه‌مو شتێ له‌سه‌ره‌وه بۆخوارهوهیه که‌ی ده‌نگی هاوڵاتیان وه‌رده‌گیرێ و کۆمه‌ڵگاش هه‌روا کورت بینن و هێزێکی کۆمه‌ڵایه‌تی نیه، هه‌مو ناڕه‌زایه‌تیه‌کان کۆ بکاته‌وه‌و له قازانجی کۆمه‌ڵگا به‌کاریان بهێنێ. تا ئه‌مه‌ی دوایی وجودی نه‌بێ ئاڵوگۆڕی خراپتریش ده‌بینین له ئاینده‌دا خۆ هه‌ر گرفت نه‌خشه‌سازی ماسته‌رپلان نیه، سه‌یری هه‌ر له تۆپبارانه‌کانی ئێران و تورکیا و مه‌سه‌له‌ی کوشتنی ژنان و یاسای باری که‌سیتی و گه‌نده‌ڵی ئیداری به پله‌ی جیاجیا، هه‌ڵاتنی فرۆکه‌وان تاریق ره‌مه‌زان ئه‌لعه‌زاوی و مه‌سه‌له‌کانی ناوچه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و مادده‌ی 140 و مه‌سه‌له‌کانی چاره‌نوسسازه‌کان له یاساکانی نه‌وت و غاز و که‌ره‌سته خاوه‌کان و یاساکانی ئاو و سه‌رچاوه ئاویه‌کان و مه‌وقعیه‌تی کورد له عێراقی نوێ‌دا و مه‌سه‌له‌کانی ئه‌نجومه‌نی ئیسناد، ته‌نانه‌ت خودی کاره‌کانی نێو حیزبه‌کانی ده‌سه‌ڵاتیش بکه‌ن ...هتد، هه‌مویان دور له کاریگه‌ری هاوڵاتیان و به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ گه‌ل له ده‌روازه جیاجیاکاندا به‌بێ ئاگاداری ئه‌وان ده‌چێته رێوه. کۆمپارس بونی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک له بێ ئهڵتهرناتیڤیه و هیچی تر، به‌داخه‌وه ئه‌م ره‌شبینیه مێژویه‌کی درێژی هه‌یه و ده‌بێ و ئه‌گه‌ر کاروابڕوا نه‌وه‌کانی ئاینده چاره‌نوسی باشییان نابێت له‌م سنوره داخراوه‌دا.
|