ئاسۆ حامدی
به حوکمی وه‌زعیه‌تی سیاسی و ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی کۆمه‌ڵگای کورستان، له‌م دواییانه روداوه‌کان زۆر به خێرایی هه‌نگاوهه‌ڵده‌گرن و ته‌نانه‌ت خه‌ڵکی ئاسایی پێڕاناگه‌ن هه‌مو مه‌سه‌له‌کان به زانستی تێ بگه‌ن و شی بکه‌نه‌وه‌و له بڕیار و هه‌لومه‌رجه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم و گرفته‌کانی نێوان حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کان و کێشمه‌کێشه سیاسیه‌کانیان بگه‌ن و جێگه و رێگه‌ی ئۆپۆزیسیۆنیش بناسنه‌وه‌و سه‌ره‌داوێکیان له‌م هه‌مو گرفتانه یان ده‌ست بکه‌وێت که په‌یوه‌ندی به ژیان و چاره‌نوسی نه‌وه‌کانیان هه‌یه و ئاینده ببێته مه‌سه‌له‌یه‌کی بهبهرنامهیی و کۆمه‌ڵگای کوردستان وه‌رچه‌رخانێکی ئابوری و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی بکات. لێره‌دا چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌کی گرنگ دهروژێنین یان به بیر خه‌ڵک و ده‌سه‌ڵاتی ده‌هێنینه‌وه که زۆر لایه‌ن ده‌یه‌وێت ببنه رابردو، له‌م مه‌سه‌لانه:
1. رفاندن و کوشتنی قوتابی و رۆژنامه‌نوس سه‌رده‌شت عوسمان له هه‌ولێر و هه‌فته‌ی بێده‌نگ نابین، یه‌که‌م زه‌نگی سه‌رکوت و کوشتنی ئازادیخوازان نه‌بو، به‌ڵکو سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی ئه‌م مێژوه‌ی سه‌رکوته و ده‌بێ خه‌ڵکی کوردستان کۆتایی به‌م وه‌زعه سه‌رکوته بێنن، شه‌هید نهزیریش قوربانی ئه‌م رێگه‌یه بو، ره‌وف ئاکرێییش هه‌روا، به‌کر عه‌لیش هه‌روا چۆن شه‌هیدانی زۆری تریش له شاره‌کانی کوردستاندا ته‌نها له‌به‌ر جیاوازی بیروباوه‌ڕیان کوژراون و ده‌نگیان کۆتایی پێهێنراوه و به زۆری زۆردار سه‌رکوتیان کردون، بێ ده‌نگ بون مانای رازی بون ده‌گه‌یه‌نێ ده‌بێ هه‌فته‌ی بێده‌نگ نابین به شێوه‌یه‌کی دروست کۆتایی به چالاکیه‌کانی بێنێ یان کۆمیته‌کانی ناڕازی و ئیعتراز به‌م تیرۆرکردنه و لیژنه‌که‌ی سه‌رۆک که خه‌ڵکی هه‌مو هه‌راسان کرد، په‌یکه‌ری ئازادی و سمبولی ئازادی له هه‌ولیر زۆر مه‌سه‌له یه‌کلا ده‌کاته‌وه. دوباره گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌رکوت باجه‌که‌ی زۆر زۆره و خه‌ڵکی له کوردستان ده‌بێ به هۆشیاریه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بکات.
2. مه‌سه‌له‌ی پارێزگای موسڵ و قهتیسبونهوهی ته‌نها له‌لای یه‌ک که‌س و پارتی دا. زۆرجارو زۆرله خه‌ڵکی باسیان له کاریگه‌ری ئه‌م ناوچه‌یه له جیۆپۆلیتیکی کوردستان و گرنگی ستراتیژی ئه‌م ناوچه‌یه کردوه، به‌م شێوه‌یه و ده‌ست ئاوهڵلایهی پارتی له جیاتی حکومه‌ت و خه‌ڵکی کوردستان کارێکی ته‌ندروست نیه و به ئامانجیش ناگه‌ن. بۆیه ده‌بێ میلله‌تی کورد زۆر هۆشیارانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ گه‌لانی ئه‌م ناوچه‌یه بکات و مه‌سه‌له‌کان بۆ گه‌ل بگه‌ڕێنه‌وه.
3. مه‌سه‌له‌ی ئازادی بیرباوه‌ڕ له کوردستان و شکایهتهکانی پۆلیتیک بورۆی پارتی له میدیای ئه‌هلی. هه‌ر ئه‌م هێزه ناڕازیانه‌ی کۆمه‌ڵگا ده‌بێ ئه‌م مه‌سه‌لانه به زانستی وه‌ربگرن و پوچی بکه‌نه‌وه. ئه‌گه‌ر یاسا هه‌یه ده‌بێ بۆ هه‌موان بێت. ئازادی دادگاکانی کوردستان و سیسته‌می قه‌زایی زۆر مه‌سه‌له‌یه‌کی گرنگه. ده‌بێ هێزێکی کۆمه‌ڵایه‌تی داوای سه‌ربه‌خۆیی بکات خه‌ڵکی کوردستان خوازیاری ژیانی مه‌ده‌نی و شارستانیه، به‌ڵام زۆرجار ده‌سه‌ڵات رێگره له‌به‌رده‌م ئه‌م گه‌شه‌کردنانه.
4. سات و سه‌وداکانی پارتی و یه‌کیتی له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی کورد له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌که. به‌تایبه‌ت کوردستانی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان. تائێستا میلله‌تی کورد که‌م هه‌ست به قورسایی و گرفته‌کان و کاریگه‌ریه‌کانی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه کردوه ئه‌مه‌ش گرفته‌که‌ی له‌وه‌دایه پرۆسێسه‌کانی ئه‌م مه‌سه‌لانه له خه‌ڵکی کوردستان ده‌شاردرێنه‌وه و خۆیان به گوێره‌ی قازانجی حیزبی بڕیاری بۆده‌ده‌ن. ئه‌مه ده‌بێ هیزی جه‌ماوه‌ری بۆی بێته مه‌یدان و مه‌سه‌له‌ی زۆرگرنگن و میژو خۆی دوباره ده‌کاته‌وه‌و خه‌ڵکی کوردستانیش ده‌بنه قوربانی سه‌ره‌کی. بۆ ئه‌مه ته‌نها سه‌رنجتان بۆ شۆڕشه‌که‌ی عهبیدوڵلای نه‌هری راده‌کێشم که حکومه‌ته‌کانی قاجاریه‌کان و عوسمانیه‌کان و ئینگلیز و روس و نه‌مساویه‌کان و ئه‌ڵمانیه‌کان چه‌نده دوژمنی یه‌ک بون، به‌ڵام له‌سه‌رکوتی شۆڕشی میلله‌تی کورددا کۆک و ته‌با بون و هه‌رده‌م خه‌ڵکی کوردیان به‌گژ شۆڕشدا وهناوهو سودیان له هێزی خودی میلله‌تی کورد وه‌رگرتوه. ئێستا هه‌مان مه‌سه‌له‌یه به شێوه‌یه‌کی تر.
5. گرفته‌کانی نێوان پارتی و یه‌کێتی له یه‌کنه‌گرتنه‌وه‌ی دو ئیداره و مه‌سه‌له‌ی پێشمه‌رگه و ئاسایش و پاراستن و زانیاری و دارایی، هه‌روه‌ها مانه‌وه‌ی سه‌رۆک به‌بێ جێگر و پیداگرتنی پارتی له‌سه‌ر رازی نه‌بون به که‌ندیداتی یه‌کێتی و مانه‌وه‌ی یه‌کیتیش له‌سه‌ر هه‌مان که‌ندیدات.
6. هه‌ڵوێستی پارتی و یه‌کیتی به‌تایبه‌ت سه‌رکرده‌کانیان له پێکهێنانی حکومه‌تی عێراقی و هێنانه‌وه‌ی به‌عسیه‌کان بۆ سه‌نته‌ری ده‌سه‌ڵات و قوڵبونه‌وه‌ی زامه‌کانی خه‌ڵکی کورد و عێراق. که‌ڵه‌که‌بونی گرفته‌کانی میلله‌تی کورد مانه‌وه‌ی ماددی 140 له شوێنی خۆیی و مه‌سه‌له چاره‌نوسسازه‌کانی تر.
7. نا هاوسه‌نگی چینایه‌تی له کۆمه‌ڵگا و بونی یاساکانی وه‌به‌رهێنان و نه‌بونی یاسایه‌کی کرێکاری و کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ راگرتنی هاوسه‌نگی له‌نێوان هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌نددا، له کوردستان خه‌ڵکانێ هه‌روا هه‌ژارده‌بن و خه‌ڵکانێکی که‌میش ئه‌وانه‌ی له بازاڕی دراو بازرگانی و موڵکداری و کلکی ده‌سه‌ڵاتن ئه‌وا هه‌روا ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بن، بێ‌کاری و نه‌بونی بیمه کۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌ندروستیه‌کان گرفتیکی گه‌وره‌ن له کۆمه‌ڵگادا. ئه‌مه جگه له گه‌نده‌ڵی به‌ڕێوه‌بردن و به‌کارهێنانی ده‌سه‌ڵات و سه‌رمایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ مه‌سه‌له تایبه‌ته‌کان.
8. شلبون و خاوبونه‌وه‌ی ئۆپۆزیسیۆن و هێزه ناڕازیه‌کان له کۆمه‌ڵگا، نه‌بونی به‌رنامه‌یه‌کی دروست و رۆشه‌ن بۆ ئاڵوگۆڕکردن به وه‌زعی مه‌وجود، خه‌ریکه ته‌نها رۆژانی ده‌نگدان ببیته پرسێک بۆ ئاڵوگۆرکردنی کۆمه‌ڵگا نه‌ک هێزێکی ناڕازی به‌رده‌وام که بتوانێ کاره‌کانی حکومه‌ت و هه‌مو ئاڵوگۆرهکان و وه‌زعیه‌ته ستراتیژیه‌کان بکاته مه‌سه‌له‌یه‌ک، که هێزی بۆ کۆبکاته‌وه‌و هه‌ولی گۆڕانی بدات. به‌م شێوه‌ی کارکردنی هێزه ناڕازیه‌کان، ته‌نها پارتی و یه‌کێتی به‌هێزتر ده‌کا و کۆمه‌ڵگای به‌رخۆریش وه‌کو رێگری سه‌ره‌کی ده‌مێنێته‌وه، به‌ڵام خه‌ڵکی له کوردستان ده‌بێ له‌م سلوکه سیاسیه داببرێن که هیچ قازانجێکی نه‌ته‌وه‌ییان نیه و ته‌نها له خه‌می خۆیان دان. ئه‌گه‌رچی کۆمه‌ڵگای کوردستان ئه‌زمونی زۆر تاڵی هه‌یه، چونکه هه‌رکێ هاتوه کۆمه‌ڵگای بۆ خۆی به‌کارهێناوه تا چاره‌نوسی کۆمه‌ڵگا چاکتر بکات.
9. مه‌سه‌له‌ی ئاماری دانیشتوان له کوردستان و عێراق بوه‌ته مهزادهیهکی سیاسی و هه‌ر لایه‌نێک بۆ خۆی به‌کاردێنێ. له واقعدا خه‌ڵکی کوردستان ده‌توانێ له‌م پرۆسه‌یه‌دا قسه‌ی خۆی بکات و ئه‌گه‌ر ریفراندۆمێک له‌م ناوچانه بکرێت به‌وه‌ی ئازادبن که له‌گه‌ڵ حکومه‌تی هه‌رێم ده‌بن یان له‌گه‌ڵ حکومه‌تی عێراق ئه‌وکات ئه‌م به‌زم هه‌ڵلایه‌ی ناوێت، خۆ حکومه‌تی هه‌رێمیش هه‌روا له فیدراڵی به‌ناو عێراقدایه و هێشتا شۆڤینیه‌کان رێگا به‌مه‌ش ناده‌ن نازانم حکومه‌تی شه‌راکه و توافقی و ئه‌م هه‌مو ماچ و موچه‌ی سه‌رۆک کۆماری کورد چی ده‌گه‌یه‌نێ!.
10. ساڵێک به‌سه‌ر ته‌مه‌نی کابینه‌ی شه‌ش ره‌ت بو و ده‌سکه‌وته‌کانی هه‌مو که‌سێکی سیاسی ده‌توانێ به پیوه‌ری زانستی بیپێویت و جگه له حکومه‌تی حیزبی چیتر نه‌بوه، ئه‌م سه‌رۆکه‌ش نه‌یتوانی و ناتوانێ حکومه‌تی حیزبی بکاته حکومه‌تی خه‌ڵکی کوردستان. ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین گرفته له کوردستان له‌م ده‌ورانه‌ی ئه‌مڕۆدا. ئه‌مه‌ش کاتی ده‌بێت که سلوکی سیاسی له کوردستان بگۆڕێت و چۆنایه‌تیه‌کانی کۆمه‌ڵگا له‌باری بپرۆسیسهکان و چۆنایتیهکانی ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی و ژینگه و ده‌روبه‌ر به باشترین شێوه له مه‌یدانه‌کانی ئۆپراسیۆن و تاکتیک و ستراتیژدا له کۆمه‌ڵگادا گه‌شه بکه‌ن.
11. مه‌سه‌له‌ی دادگایی کردنی جاش و خه‌فیفه‌کانی کوردستان، داوایه‌کی کۆمه‌لاتی ره‌وای خه‌ڵکی کوردستانه، به‌ڵام به‌م شێوه‌ی که به‌ره‌ی کوردستانی ئه‌وکات و ئه‌م ده‌ورانه‌ش که 20 ساڵ دوای روداوه‌کان مه‌سه‌له‌کانی ئالۆزکردوه. ئه‌گه‌رچی شێلگیربونی خه‌ڵکی کوردستان له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی کۆمه‌ڵایه‌تی خۆیان ده‌بێ حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتداران ناچاربکات، ئه‌مه به‌شێکه له وه‌رگرتنه‌وه‌ی هه‌ق و تۆڵه سه‌ندن.
12. قاچاخی به نه‌وت و گاز و سامانه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان، ئه‌مه‌ش هه‌رده‌مه هه‌یه، به‌ڵام رۆژانێ میدیاکان و حکومه‌ت تۆزێ گرژیان تێ که‌وت. ئه‌گه‌رچی به‌هه‌ده‌ردانی سامانی نه‌ته‌وه‌یی خۆ ئه‌مڕۆ نیه.
هه‌مو ئه‌مانه وه‌کو پانورامایهک و تارماییه‌ک له ئاسمانی کوردستان ده‌سوڕێنه‌وه، ئه‌مه‌جگه له مه‌سه‌له‌ی ژنان و سه‌رکوت و کوشتنیان به به‌هانه‌ی ناموس په‌رستی و بازرگانی کردن به ژنان. یان نه‌بونی چاودێری چۆنایه‌تی له پرۆسێسه‌کانی به‌ڕێوه‌بردن و چۆنایه‌تی خۆراک و خوارده‌مه‌نی و چۆنایه‌تیه‌کانی ئاو و ئاوه‌ڕۆ و نه‌خشه‌سازی شاره‌کان و گونده‌کان و مه‌سه‌له‌کانی ئینفراستکچهری کۆمه‌ڵگا و ده‌یان مه‌سه‌له‌ی تر وه‌کو مه‌سه‌له‌کانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و دیاریکردنی سنور و سیاسه‌ته سه‌ربازیه‌کان و گه‌لێکی تر. به‌داخه‌وه خه‌ڵکی له کوردستان سلوکی بیده‌نگی هه‌ڵبژاردوه له زۆر له‌م مه‌سه‌له سه‌ره‌کیانه‌ی که په‌یوه‌ندی به ستراتیژ و چاره‌نوسی نه‌وه‌کانیان هه‌یه. جا چ له‌مه‌سه‌له سیاسیه‌کان بێت یان له‌مه‌سه‌له‌ی خوێندن و خوێندنی باڵابیت یان مه‌سه‌له‌کانی وه‌رزش و یان یان مه‌سه‌له‌ی سیاسی و یه‌کلاکردنه‌وه‌ی مه‌سه‌له چاره‌نوسسازه‌کان بێت. یان هه‌ر چاککردنی ژیان و گوزه‌رانی بێت به‌نمونه بونی فدراسیۆنێکی کرێکاری که یاساکانی کاروکارمهندانی داموده‌زگاکانی حکومه‌ت و کارگه‌کانی که‌رتی تایبه‌تی دیاری بکات له هه‌مو شتێ پێویستتره. به‌ڵام به‌داخه‌وه که‌س له خه‌می دانیه.
خه‌ڵکی له‌کوردستان هه‌روا ته‌نها بیر له مه‌سه‌له‌کانی ماکرۆ و میکرۆ و رێکخراوه‌کان ناکه‌نه‌وه که چه‌نده په‌یوه‌ندیان به‌یه‌که‌وه هه‌یه. چاککردنی ژیان و گوزه‌ران له ژینگه‌ی نزیک به مرۆڤه‌کانه‌وه ده‌ست پێده‌کات. خه‌ڵکی له کوردستان ده‌بێ ئه‌م ئاماده‌یی گۆڕانی سلوکی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیان هه‌بێت، چۆن ئاماده‌ن جلوبه‌رگ و مۆبایل و ئۆتۆمۆبیل و شته ماتیریالهکانی تریان بگۆڕن، ده‌بێ ئاواش داینهمیکانه بن بۆ وه‌زعه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان و سیاسیه‌کان. هه‌موی ده‌زانێ زه‌وی گۆشه و نرخی خان‌و و ئۆتۆمۆبیل چه‌نده و چۆن نرخی دراوه‌کان له بازاڕ هه‌ڵبه‌زودابه‌ز ده‌کات، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئاوا فلیکسیبیل (نه‌رم و نیان) سه‌یری ژیانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگیان ناکه‌ن. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ش به‌شێکی هۆشیاری کۆمه‌ڵگا ناڕازیه به‌م هه‌مو وه‌زعانه‌ی که‌هه‌یه ئه‌مه‌ش هه‌ر له زیادبونه. هه‌ناسه‌یه‌ک هه‌رماوه ئه‌مه‌ش شفایه...
|