ئاسۆ حامدی
له‌م دواییانه ئۆپراسیۆنی خوست که کوشتنی چه‌ندین ئه‌فسه‌ری سی ئای ئه‌ی لێ که‌وته‌وه. که له ئه‌نجامی پرۆسه‌یه‌کی دوفاقی دا بوه. ده‌مه‌وێ کورته باسێک له‌سه‌ر قوربانیانی ده‌زگا جاسوسیه‌کان بنوسم که تا ده‌وڵه‌تی ناسیونالی مابێت ئه‌وه ئه‌م ده‌زگایانه هه‌رده‌مێنن و قوربانیه‌کانیشیان هه‌رده‌مێنن.
له دونیای ئێستادا هه‌مو وڵات و حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کان له ته‌واوی دونیادا ده‌زگای نهێنی و پاراستن و زانیاری و هێزی تایبه‌تیان هه‌یه.
ئه‌م دیارده‌یه زۆر کۆنه و له‌گه‌ڵ په‌یدابونی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و داموده‌زگاکانی وجودییان هه‌یه، له شه‌ڕی ساردی نێوان دو بلۆکی رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا تا وای لێهات ده‌زگاکانی جاسوسی که‌ی جه‌ی بی و سی ئای ئه‌ی و ده‌زگاکانی جاسوسی وڵاتانی رۆژئاوا هه‌مو کار و هونه‌رێ ئه‌نجام بده‌ن، ته‌نانه‌ت سه‌دان و هه‌زاران خورافات و فلیم و شتی وایان کرد که مێشک ته‌قه‌بولی ناکات ونهدهکرد. ئه‌م کارانه به مه‌لاین دۆلار نرخه‌کانی بون و سه‌دان و هه‌زاران قوربانیان لێکه‌وته‌وه.
ئه‌مه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ندا زۆر زه‌قتر له کێشه‌ی عه‌ره‌ب و ئیسرائیل به تایبه‌تی رۆڵی به‌رچاوی موساد و کاره‌کانی له هه‌مو دونیادا که‌م وێنه‌ن. ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل تائێستاش به پشتیوانی ئه‌م ده‌زگایه و ده‌زگا تایبه‌ته‌کانی تری ده‌توانێ ئارامی و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی خۆی بپارێزێ.
له ئێران و تورکیه هه‌مان مه‌سه‌له‌ن ساڤاک و ئیتلاعات تا ده‌گاته میتی تورکیا هه‌تا هێزه‌کانی مخابه‌راتی سوریای و عێراقی نمونه‌یه‌کی تری ئه‌م دهزگایانهنن، که حه‌شریان به بزوتنه‌وه‌ی کوردی کردوه و ده‌که‌ن له‌م ده‌ڤه‌ره‌دا.
به‌رێز ئۆجه‌لان یه‌کێک له هه‌ره قوربانیانی ده‌زگا جاسوسیه‌کانی دونیا و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌نده و زۆر به شێوه‌یه‌کی نایاسایی و به به‌رچاوی هه‌مو دونیا و یاساکانی نێوده‌وڵه‌تی له زیندانی ئیمرالی یان په‌ستا و به زۆری زۆردار له نێو دو ئاڵای تورکیا و به ده‌ستی به‌ستراوی روی گه‌شی مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تی گه‌لێکی چه‌وساوه‌ی به دونیا ناساند.
مخابه‌راتی عێراقی له ژیانی خۆیدا له سه‌رده‌می به‌عسی فاشیدا له‌و په‌ڕی به‌هێزی دا بو، ده‌زگایه‌کی به‌هێز و به‌توانا و ده‌یتوانی بچێته نێو زۆر له ته‌شکیلاته‌کانی ئۆپۆزیسۆنه‌وه. به سه‌دان له ته‌شکیلاتی که‌شف ده‌کردو له زیندانه‌کانی سه‌دان له ئۆپۆزیسیۆنه‌کان گیانیان له‌ده‌ستدا ئه‌مه جگه له دزینه‌وه‌ی به ده‌یان له که‌سانی ئۆپۆزیسیۆن له ده‌ره‌وه‌ی وڵات، تا وای لێهات ئه‌م ده‌زگایه بوبوه به ته‌مێکی ترسناک و هه‌مو که‌س له خۆی ده‌ترسا توشی زه‌ربه خواردن بێت. ئه‌گه‌ر هه‌ڵسان و راپه‌ڕینه‌کانی کوردستان و عێراق له به‌هاری 1991 خه‌ت و ختوتهکانی ته‌فرو توناکرد، به‌ڵام هه‌ر زو خۆیان رێکخسته‌وه‌و دوایش ئۆپراسیۆنی ئه‌مریکا کۆتایی به ژیانی ئه‌م ده‌زگایه و ده‌زگا تایبه‌ته‌کانی به‌عسی فاشی هێنا. به‌ڵام وا هێواش هێواش له‌م وڵاته ده‌زگای له‌م شێوه‌یه دروست ده‌بنه‌وه. قوربانیانی ئه‌م ده‌زگایانه له ژماردن نایێن.
له کورستانیش ئه‌م ده‌زگایه له نێو پارتی دیموکراتی کوردستان و یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان وه‌کو حیزب و ده‌سه‌ڵات ده‌زگای پاراستن و زانیاریان هه‌یه. ئه‌م ده‌زگایانه‌ش له شه‌ڕی ناوه‌خۆدا قوربانیان زۆر لێکه‌وته‌وه.
کاریگه‌ری ده‌زگاکانی سه‌روی خه‌ڵک له روسیه و ئه‌مریکا زۆر رونه به‌نمونه هه‌مو سه‌رکرده‌کانی روسیه دوای لینین رۆلیان له که‌ی جه‌ی بی هه‌بو، هه‌ر بۆیه‌ش بون به سه‌رۆک. کوردستان مه‌یدانی کرده‌وه‌ی ده‌زگاکانی وڵاتانی دراوسێ و زلهێزه‌کان بوه، ئه‌مه جگه له پاڵاوتن و له‌نێوبردنی هه‌ر جاره‌ی هه‌ندێکیان له‌لایه‌ن ئه‌وانی تره‌وه. ئه‌مانه‌ش هه‌موی قوربانی ئه‌م پرۆسێسانه بون و ده‌بن.
له دوای ئۆپراسیۆنی ئه‌مریکا بۆ عێراق ئه‌وا رێکخراوی ده‌مامک دراوه‌کانی دژی تیرۆر دژی هه‌مو ئه‌و رێکخراوانانهن که دژایه‌تی مه‌سله‌حه‌تی ئه‌مریکان له رێگای قه‌هر و زه‌بروزه‌نگ دا.
کوردستان به‌داخه‌وه ماوه‌یه‌ک که وه‌زعی ئابوری خراپ ببو، ببوه مه‌ڵبه‌ندی جاسوسانی هه‌مو وڵاتانی ناوچه‌که، له‌لایه‌ک ئیتلاعاتی ئێرانی و له‌لایه‌ک مخابه‌راتی سعودی و له‌لایه‌کی تر میتی تورکی و مخابه‌راتی سوری ئه‌مانه به هه‌مو شێوه‌یه‌ک له ژێر په‌رده‌ی ده‌زگاکانی خێرخوازی کاره‌کانیان ئه‌نجام ده‌دا.
موسادی ئیسرائیلی له‌م نێوه‌دا له‌گه‌ڵ هه‌مو ئه‌مریکاییه‌ک هاوه‌ڵ زاوایه و ده‌گاته هه‌مو کون و کهلهبهرێکێکی دونیا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی له کوردستان گرفتی هه‌یه و بۆیه زۆر به ئاسانی هه‌مو داموده‌زگاکانی سه‌روی خه‌ڵک له ناوچه‌که ده‌توانن نفوز په‌یدا بکه‌ن و کاره‌کانیان له کوردستان بکه‌ن.
وه‌زعیه‌تی ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی کوردستان له ده‌یه‌ی نه‌وه‌ده‌کان زیاتر ئاماده‌گی بۆ ئه‌م ده‌زگایانه هه‌بو، ئه‌م ده‌زگایانه به ناوی رێکخراوه مرۆڤ دۆستیه‌کان و خێرخوازه‌کان به لێشاو هاتنه کوردستان و ده‌یان و سه‌دان کاریان ئه‌نجام دا، له‌م نێوه‌دا ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزبه کوردیه‌کانی ئێران و تورکیه بونه قوربانی. ئه‌مه جگه له قوڵکردنه‌وه‌ی گرفته‌کان و کاریگه‌ری سلبی له‌سه‌ر چاره‌نوسی کۆمه‌ڵگا.
ئه‌م ده‌زگایانه هه‌ر کاره‌کانی تیرۆر‌و کوشتن ئه‌نجام ناده‌ن و نه‌داون له کوردستان، به‌ڵکو زۆربه‌یان کاتی و بۆ کۆکردنه‌وه‌ی زیاتر زانیاری ههمهجۆر له‌سه‌ر گشت وهزعیهتهکانی کۆمه‌ڵگا و به‌کارهێنانی ئه‌م زانیاریانه بۆ سیاسه‌تی پێویست له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی دیاریکراودا که ریکخراوه‌کانیان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ناردوه. له نێوبردن و دزین و تاڵانی که‌لوپه‌له شوێنه‌واری و کۆنه‌کان به به‌رنامه کاریان بۆ کردوه و ده‌که‌ن.
له ده‌ورانی ئێستادا میلله‌تی کورد له‌م نێوه‌دا هه‌ر له‌سه‌ره‌تای مه‌سه‌له‌کانه، چونکه هه‌رێمێکه ده‌سه‌ڵاتی حیزب زاڵه به‌سه‌ر هه‌مو شتێکدا بۆیه‌ش ده‌زگاکانی ئه‌منی تایبه‌تن به پاراستنی حیزب تا له ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی. به‌ڵام میلله‌تی کورد له‌م ناوچه‌یه ده‌بێ هێزێکی تایبه‌تی و هۆشیاری هه‌بێت.
له واقعدا میلله‌تی کورد وه‌کو نه‌ته‌وه پێویستیه‌تی به ده‌زگایه‌کی هه‌واڵنێری به‌هێز هه‌یه بۆ پاراستنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ک بۆ مه‌سه‌له حیزبیه‌کان و سه‌رکوتی سیاسی و پاراستنی کۆمه‌ڵه که‌سێک. ئه‌مه‌ش ده‌بێ سه‌ر به وه‌زاره‌تی ناوخۆ و و به‌رگری (پێشمه‌رگه)بن و له‌ژێر کۆنترۆڵی ده‌وڵه‌ت دابێت نه‌ک حیزبی‌دا یانی کاره‌کان و بودجه‌کان و ...هتد کۆنترۆڵ بێت و له خزمه‌تی ته‌واوی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک بێت و دوربێت له ده‌ست تێوه‌ردان له سیاسه‌ت له وڵات‌دا ته‌نها ئه‌گه‌ر له‌کاتی پێویست نه‌بێ. ته‌نانه‌ت ده‌بێ وه‌کو پارێزه‌ری ئارام و ئاسایش و گه‌شه‌دان به ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی سه‌یری بکرێت. له‌لایه‌کی تریش ده‌بێ ده‌زگایه‌کی پته‌و به‌هێز بێت تا بتوانێ هه‌مو کاره‌کانی راببهپهڕێنێ که بۆی دیاریکراوه. ته‌نانه‌ت ده‌بێ کاره‌کانیان هه‌مو مه‌یدانه‌کانی ژیان بگرێته‌وه نه‌ک هه‌ر مه‌سه‌له سه‌ربازییه‌کان، به‌ڵکو مه‌سه‌له‌کانی ئابوری و زانست و گه‌شه‌ی زانیاری و په‌روه‌رده‌و خوێندن و گشت داموده‌زگاکانی ده‌وڵه‌ت بۆ مه‌سه‌له‌کانی ئارام و ئاسایش و چۆنایه‌تیه‌کانی کۆمه‌ڵگا.
ده‌زگا جاسوسیه‌کانی سعودیه له رێگای ئیسلامیه‌کان و ئیتلاعات له هه‌مو که‌ناڵه‌کانی بازرگانی و سیاسی و فه‌رهه‌نگی ئه‌وا میتی تورکی هه‌ر به‌بێ فیزا بۆ وڵات دێن و ئه‌مه جگه له عهمیلهکانی سی ئای ئه‌ی و موساد و ...هتد.
له‌م ده‌ورانه‌ی دواییدا له کاتی شه‌ڕ دژی تیرۆر ئه‌وا عهمیلهکانی سی ئای ئه‌ی ته‌نانه‌ت زیندانی تایبه‌تیان له ئه‌وروپا هه‌بوه و هه‌یه له‌گه‌ڵ چه‌ندین شوێنی گواستنه‌وه‌ی زیندانیه‌کان به فڕۆکه‌ی تایبه‌ت ئه‌م مه‌سه‌له تا وای لێهات هه‌مو سه‌رکرده ئه‌وروپیه‌کان و په‌رله‌مانی ئه‌وروپایی هێنایه قسه.
له نێو له‌نده‌نیش جاسوسه‌کانی که‌ی جه‌ی بی توانیان کۆنه ئه‌فسه‌ری خۆیان به مادده‌ی کیمیاوی بکوژن، له کاتێکا که داوای په‌نابه‌ریان کردبو.
هه‌روا ئه‌م رێکخراوانه و ده‌زگاکانی هه‌واڵنێری له‌وپه‌ڕی کارکردنن بۆ پاراستنی مه‌سله‌حه‌ته جۆربه‌جۆره‌کان. ئه‌گه‌رچی له وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ند ئه‌مانه بۆ سه‌رکوت و خه‌فه‌قانی مخالیفانی سیاسه‌ته‌کانی حیزبی حاکم به‌کاردێن و ئه‌مه له ئه‌وروپا و ئه‌مریکا له‌مێژه کۆتایی پێهاتوه.
قوربانیانی ئه‌م ده‌زگایانه له‌شه‌ڕه‌کانی سارد و گه‌رمی سه‌رمایه که‌متر نین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش بونه‌ته وههم که‌م که‌س هه‌یه جورئه‌تی باسکردنی هێڵ و عهمیلهکانیان بکات.
یه‌که‌م هه‌نگاوی ئۆباما داخستنی زیندانه‌کانی سی ئای ئه‌یه له وڵاتانی ئه‌وروپایی، به‌ڵام ئایا چه‌ند شوێنی تر هه‌ن که که‌س هه‌واڵێکیان لێوه نیه. وا ئه‌م ئۆپراسیۆنه‌ی خوست ئه‌م مۆڵگایهشی که‌شف کرد، ئه‌م ده‌زگایانه هه‌مویان له دژی یه‌ک و هه‌ندێ جار له‌گه‌ڵ یه‌ک کاری سحراوی ئاڵۆز ئه‌نجام ده‌ده‌ن. ئیمکاناتی ئابوری ئه‌مڕۆ ده‌توانێ هه‌رچی زیاتر ئه‌م هێزانه زیاتر بکات و قوربانیان زیاتر بکات. کێشمه کێشه‌کان ره‌نگه گلۆبالیزم شێوه‌یه‌کی تری پێ ببه‌خشێ، به‌ڵام ئه‌مه به‌و مانایه نیه که قوربانیه‌کانی که‌م ده‌بێته‌وه. له‌م نێوه‌دا ده‌بێ میلله‌تی کورد زۆر به هۆشیاری مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌مو ئه‌و ئه‌گه‌رانه بکات. به‌ڵام تا ئه‌م ده‌زگایانه به یاسایی و له ژێر رکێفی داموده‌زگاکانی ده‌وڵه‌ت نه‌بن، ئه‌وا له سنوری حیزبی قه‌تیس ده‌خۆن و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یش قوربانیه‌کی تره.
|