ئاسۆ حامدی
خه‌ریکه کۆمه‌ڵگای کوردستان له ده‌ره‌وه به ژن کوشتن له‌سه‌ر شه‌ره‌ف بناسرێته‌وه، به‌نمونه ئه‌گه‌ر له ئه‌وروپا ژنێکی بێگانه بکوژرێ یه‌کسه‌ر په‌نچه بۆ کۆمه‌ڵگای کوردی و ئه‌فغانی و هه‌ندێ جاریش پاکستانی و عێراقی (عه‌ره‌ب) درێژده‌کرێت، له ئه‌ڵمانیا فیلمێکی قه‌شه‌نگیان له‌م باره‌یه‌وه به‌رهه‌مهێنا که ده‌رباره‌ی ژنێکی کوردستانی تورکیا بو، خه‌ڵکی ئازادیخواز و داواکاری مافه‌کانی ژنان و کۆمۆنیسته‌کان ته‌نانه‌ت ده‌سته‌واژه‌ی ره‌شه‌کوژه‌ی ژنانیان به‌کارهێنا و دواتریش له ژێر کاریگه‌ری هه‌مو ئه‌م هێزانه حکومه‌تی کابینه‌ی پێنجه‌م له کوردستان به‌ناچاری چه‌ند یاسایه‌کی ده‌رکرد له قازانجی ژنان بون، سه‌ره‌ڕای یاسای وه‌کو باری که‌سێتی و به‌یاسایی بونی فره‌ژنی له کوردستان که په‌ڵه‌یه‌کی ته‌ڵخه به ناوچه‌وانی ده‌سه‌ڵات له کوردستان و ته‌عبیر له دواکه‌وتویی و مه‌ده‌نی نه‌بونی کۆمه‌ڵگا ده‌کات. دیاره له‌م باره‌یه‌وه‌ش زۆر ناڕه‌زایه‌تی و ئیعترازی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌بون، به‌ڵام له ئاستی پێویست نه‌بون و ئیتر ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه به سه‌رکه‌وتن نه‌گه‌یشتن و هێزه ناڕازیه‌کانیش هه‌رگیز به‌دوای شیکردنه‌وه‌ی خاڵه به‌هێز و لاوازیه‌کانیان نه‌بون و نین بزانین بۆچی ناتوانین ته‌واوی داواکاریه‌کانمان بگه‌یینه جێ. سه‌ره‌ڕای هه‌مو ئه‌مانه، هه‌روا ده‌سه‌ڵات و حکومه‌تی حیزبی مافه سه‌ره‌تاییه‌کانی کۆمه‌ڵگا پیشێل ده‌کات و له جیاتی ئه‌وه‌ی زیاتر به‌ره‌وپێشه‌وه بچین، ناچارین دیفاع له‌م مافانه بکه‌ین که به‌ده‌ست هاتون و له قۆناغی دیفاع کردنداین تا هێرشبردن بۆ فراونکردنی داواکاریه‌کانمان.
نوێترین نمونه‌ی پێشێلکردنی مافی ژنان وه‌کو ئینسان، بازرگانی کردنه به جه‌سته‌یان و بونی بازاڕێکی گه‌رمی سێکسی له شاره‌کانی کوردستان کاریگه‌ری نێگه‌تیڤی زۆر له‌سه‌ر نه‌وه‌کان داده‌نێت و کۆمه‌ڵگایه‌کی بۆگه‌ن به‌رهه‌م دینێت، ده‌وڵه‌تیش عاجزه له‌به‌رده‌م ئه‌م دیارده ترسناکه، بێ به‌رنامه کارکردن بۆ چاککردنی کۆمه‌ڵگا جۆرێکه له به به‌رنامه کارکردن بۆ بۆگه‌نکردنی کۆمه‌ڵگا و مانه‌وه‌ی وه‌زعی مه‌وجود.
ئه‌م که‌لتوره ئه‌نتا گۆنیسته‌ی له‌لایه‌ک ژن له‌سه‌ر شه‌ره‌ف ده‌کوژرێ و له‌لایه‌کی تریش فاحیشه ده‌بێته بازرگانی و پاره‌که‌ی حه‌ڵاڵه و کڕیار و فرۆشیاری هه‌روا له بره‌ودان، ئه‌گه‌ر یاسایه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌بێت بۆ هاوسه‌نگی کڕیار و فرۆشیار و مافه‌کانیان پارێزراو بێت هێشتا ده‌کرێ له سیسته‌می سه‌رمایه‌داری هه‌بێت وه‌کو له هه‌ندێ وڵاتاندا هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ش هه‌مو مرۆڤایه‌تی دژی کاری بازرگانی کردنه به ژنان سه‌ره‌ڕای به یاسایی بونه‌وه‌ی کاری له‌شفرۆشی چ ژن چ پیاو.
دیاره باشترین رێگا، له‌به‌ین بردنی خودی ئه‌و هه‌لومه‌رجانه‌یه که کاری له‌شفرۆشی هێناوه‌ته ئاراوه، ئه‌گه‌رچی سه‌رمایه و سیسته‌مه‌که‌ی به‌رگێکی تری بۆ پۆشیون، به‌ڵام ئه‌مڕۆ له کوردستان وه‌کو دیارده‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ن و ره‌گ و ریشه‌یه‌کی دورو درێژیان له شاره‌کان هه‌یه، دوای روخانی رژێمی فاشیزمی به‌عس ئه‌م دیارده‌یه زۆر بوه‌و ته‌نانه‌ت بو به کاسبی و بازرگانی زۆری پێوه‌ده‌کرێت. سه‌ره‌تا هه‌ندێ له وه‌رگێڕه‌کانی هێزه ئه‌مریکایی و بیانیه‌کان رۆڵی نێگه‌تیڤیان له‌م دیارده‌یه بینی و دواتریش هه‌ندێ له مه‌سوله‌کانی حیزبی و حکومیش بره‌و‌یان پێدا و ته‌نانه‌ت خودی رێکخراوه به‌رگریکاره‌کانی ژنان تێوه‌گلان و دواتریش له‌گه‌ڵ زیادبونی ئیمکانیاتی ئابوری ئیتر بازاڕه‌که گه‌رمتر بو و شوێنی تایبه‌تی و ماڵ و خانه‌خوێ و هتد بۆ په‌یدا بو.
دیاره ده‌سه‌ڵات مه‌سئوله له ئه‌من و ئاسایشی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری و فه‌رهه‌نگی ها‌وڵاتیان، ته‌نها رێکخراوه‌کانی ژنان ناتوانن کۆتایی به‌م دیارده‌یه بهێنن هه‌روه‌ک چۆن یاساش به ته‌نها ناتوانێ، به‌ڵکو ده‌بێ به هه‌موان دژایه‌تی توندیان بکرێت، یانی ده‌سه‌ڵات و رێکخراوه‌کانی مه‌ده‌نی و ته‌واوی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک ده‌بێ هاوڕا بن له دژایه‌تی ئه‌م دیارده ترسناکه که دژی مرۆڤی ژن (ئه‌مه ده‌سته‌واژه‌ی خاتو نه‌زه‌ند به‌گیخانیه) ئه‌نجام ده‌درێن.
پیاوان و ژنان چ ئه‌وانه‌ی کاره‌که ده‌که‌ن یان پاره‌ی پێ په‌یدا ده‌که‌ن و له‌زه‌ت له‌کاره‌کانیان وه‌رده‌گرن هیچ جیاوازیه‌کیان نیه، به‌ڵام له کۆمه‌ڵگای پیاوسالاریدا هه‌ر ژن ده‌بێته قه... و پیاویش وه‌زیفه‌ی گه... هه‌ندێجار پێده‌برێ، به‌ڵام گه...کان ناکوژرێن و بازرگانیان پێوه ناکرێت، به‌ڵام ژنه‌کان به‌ڵێ، چه‌ندان سنوریان پێ ده‌بڕدرێ و ته‌نانه‌ت پاره‌ی ماندوبونه‌کانیشیان ده‌خورێ، به‌ڵام چۆن له مانفێستی کۆمۆنیست‌دا هاتوه سه‌رمایه‌داره‌کان له‌زه‌ت له‌وه وه‌رده‌گرن له‌گه‌ڵ ژنی یه‌ک رابوێرن و چاویان به کچه جوانه پرۆلیتاریایه‌کان تێر نابێت.
هه‌ندێ سفاتی که‌لتوری کۆمه‌ڵگای کوردستان به‌ڕاستی سه‌یره به‌نمونه گه‌نده‌ڵی و دزینی سه‌رمایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی به ئاشکرا- بێ شه‌ره‌فی نیه، خیانه‌ت کردن له نه‌ته‌وه بێ شه‌ره‌فی نیه، براکوژی بێشه‌ره‌فی نیه و عه‌یبیش نیه، چۆن بازرگانی کردن به فاحیشه حه‌ڵاڵه و بێ شه‌رفی نیه، به‌ڵام کچێ ده‌یه‌وێ ته‌نها چاره‌نوسی خۆ به‌ده‌ستی خۆی دیاری بکات و که‌سێکی خۆش ده‌وێ، ئه‌وا شه‌ره‌فی خێزان ده‌بات و ده‌کوژرێ له‌سه‌ر (غسل العار) و تاوانباریش به‌پێی یاسای تایبه‌تی شه‌ره‌فه‌وه تاوانه‌که‌ی سوکه یان هه‌ر ناشگیرێت، ئه‌ی ئه‌م هه‌مو بێ شه‌ره‌فانه‌ی که ئه‌نفالیان کرد نه‌ته‌وه‌یان فرۆشت و هێزی داگیرکه‌ریان به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌وه نا به پانتایی شه‌قام ده‌سوڕێنه‌وه و که‌سیش یه‌ک قسه چیه پێیان ناڵێت.
ئه‌م که‌لتوره کۆنه و پرۆسیسه‌کانی ده‌بێ بگۆڕدرێن ئینجا ژنان ده‌توانن ئازادتر و سه‌ربه‌رزتر بژین. شه‌ره‌ف ده‌بێ پێناسه‌یه‌کی تر وه‌ربگرێ وه‌کو ئه‌وه‌ی له کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا هه‌یه. به‌نمونه دایک وه‌کو ژن له که‌لتوری کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا رێزێکی به‌رزی هه‌یه و شایانی وتنه و کۆمه‌ڵگای کوردیش زۆرجار قاره‌مانی ژنی به‌رهه‌م هێناوه، به‌ڵام له گشت‌دا هه‌روا ژنان له دوای دواوه دێن و نه‌یانتوانیوه ئه‌م رۆڵه مرۆڤایه‌تیه‌ی که پێویسته و هه‌یانه له کۆمه‌ڵگا ببینن.
دوباره هاتنه‌وه مه‌یدانی ئیعتراز بۆ ئازادی ژنان وه‌زیفه‌ی هه‌مو مرۆڤێکی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌یه، هه‌روه‌کو یاسایه‌که‌ی سه‌ربازی هێرشکردن باشترین ئامرازه بۆ به‌رگری کردن.
|