ئاسۆ حامدی
ئاسۆ حامدی
دوای خۆپیشاندانه‌کان له کوردستان ریفۆرم و چاکسازی له کوردستان بۆته مه‌سه‌له‌یه‌کی هه‌نوکه‌یی و به‌رجه‌سته. هه‌موان داوای ده‌که‌ن. به ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆن. ئه‌گه‌رچی ناونیشانی باسه‌که‌م کافییه بۆ خودی چاره‌نوسی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه، به‌ڵام با هه‌ندێ زیاتر بنوسین و خه‌ڵکی تریش تا به‌دوای هۆکاریهکانیهوه بن و ئه‌م مه‌سه‌لانه بۆ کۆمه‌ڵگا رۆشن بێت.
خودی گۆڕان مه‌سه‌له‌یه‌که هه‌مو جارێ بۆ ئاڵوگۆڕی له وه‌زعیه‌تی مه‌وجود ده‌بێته پرس، هه‌ر له مارتن لۆسه‌ره‌وه و خه‌ونه‌کانی تا ده‌گاته ئۆباما و داواکاریه‌کانی بۆ گۆڕان. ئه‌م مه‌سه‌له‌یه هه‌مو وڵاتانی گرتۆته‌وه و نیولیبرالیزم ده‌یه‌وێ به شێوه‌یه‌کی تر ئیدامه به ژیانی خۆی بدات، به‌هاری عه‌ره‌بی که رۆژنامه‌نوسان ناویان لێ ناوه، یه‌ک گوڵی بێ بۆنیشی بۆ کرێکاران و چینه نه‌داره‌کانی تیادا نیه. له کوردستانیش له ده‌ورانێکی جیا له‌وان و به هه‌مان ئاواز داوای گۆڕان و چاکسازی ده‌کرێت و له واقعدا هه‌ر گۆڕینی دیارده‌ی مه‌سه‌له‌کان و گۆڕینه‌کان له ناوه‌رۆکدا که‌میان روده‌ده‌ن. بۆ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک ته‌نها گۆڕین له ده‌م و چاوه‌کانه و هیچی تر. ئه‌م گۆڕینه له ده‌م و چاویش پێشه‌کیه‌که بۆ لهبهینچونی ده‌سه‌ڵاتی ره‌هایی که‌سانێک که وا ده‌زانن هه‌تا هه‌تایه ده‌سه‌ڵات و نیری ئه‌وان پاوانسازی ده‌خوات و هه‌مو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک ده‌بێ کڕنوشیان بۆ ببه‌ن. ئه‌گه‌ر گۆڕان و چاکسازی له کوردستان هێما و بنه‌مای بیری پاوانسازی و مه‌سه‌له‌ی له باوکه‌وه بۆ کوڕ و ده‌سه‌ڵاتی میراتگه‌ری کۆتایی پێ نه‌هێنێ دیاره کورتی دێنێ. ئه‌مه‌ش ته‌نها به یاسایی بونی کۆمه‌ڵگا کۆتایی پێ نایه‌ت، به‌ڵکو ده‌بێ هه‌مو کۆمه‌ڵگا ئاماده‌گی بۆ هه‌بێ و ته‌واوی چۆنایه‌تیه‌کانی کۆمه‌ڵگا بگرێته‌وه. یانی زیادبونی دیسپلینی کۆمه‌ڵایه‌تی له کۆمه‌ڵگا به‌رامبه‌ر به حکومه‌ت.
ئه‌مه‌ش له ئه‌نجامی گۆڕانی ده‌زگای فیکری حیزبه‌کانه له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌کانی ستراکتۆری کۆمه‌ڵگا و پرۆسێسه‌کانی به‌ڕێوه‌بردن و مه‌سه‌له چاره‌نوسسازه‌کانی وه‌کو ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و ئامرازه‌کانی بۆ وه‌کو مه‌سه‌له‌کانی سوپا و هێزی پێشمه‌رگه و هێزه ناوخۆییه‌کان و ده‌زگا هه‌واڵگریه‌کان و سیاسه‌تی ئابوری و دارایی و شه‌فافیه‌ت له بودجه‌دا و رۆڵی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکه له پرۆسیسهکاندا. ئه‌مه‌ش به‌داخه‌وه له کوردستان له‌سه‌ره‌تای خۆیدایه. ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی داوای گۆڕانیش ده‌که‌ن داینه‌مۆی یان بنه‌ماکانی گۆڕان به شمولی و تا دوا خاڵ له لایان رون نیه و خودی خۆشیان له گشت‌دا هه‌مان کلتوری کۆمه‌ڵگا و رێکخراوبون پیاده ده‌که‌ن.
بانگه‌وازی ئه‌م ئاڵوگۆڕانه له ئه‌نجامی بۆگه‌ن بونی ته‌واوی سیسته‌مێک هاتوه که کۆیله‌تی و له سهرمۆدهیهکی نوێیدا هێناوه‌ته کایه‌وه و ده‌سه‌ڵات هه‌مو پێداویسته‌کانی ئابوری له ده‌ست خۆی کۆکردۆته‌وه. کۆمه‌ڵگایه‌کی به‌رخۆر و بێ به‌رهه‌م هاتۆته کایه‌وه و ئه‌گه‌ر هه‌ر تاکێک مانگێک مه‌عاشی یان نه‌بێت یان سنوره‌کان دابخرێن ئه‌وا قه‌یرانه‌کانی ده‌یه‌ی نه‌وه‌ده‌کان رو ده‌ده‌نه‌وه ئه‌گه‌رچی ئێستاش رێژه‌ی بێ‌کاری و گرانی و نه‌بونی و هه‌ڵاوسان له خودی سێ شاره‌که‌ی کوردستاندا له ئاستی نزم نین. که ئه‌م هه‌مو ههلههلهیهی خۆشگوزه‌رانیش لێ ده‌درێ.
سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردن له کوردستان سیسته‌مێکی داخراوه و سیسته‌مێکی ئه‌نالۆگی کۆن و بیرۆکراتخوازه و له‌سه‌ر میراتی به‌ڕێوه‌بردنی داگیرکه‌ران بنه‌مای دامه‌زراوه و له‌گه‌ڵ کلتوری کۆمه‌ڵگا راهاتوه و تێکهڵاوبوه، ئه‌م سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنه فه‌زایه‌کی باش بۆ گه‌نده‌ڵی کردۆته‌وه له هه‌مو مهیدانهکانیدا. نه‌بونی سیسته‌می ئاودیت (کۆنترۆڵی به‌ڕێوه‌بردن) له ته‌واوی ئۆرگانه‌کاندا هێنده‌ی تر مه‌سه‌له‌ی گه‌نده‌ڵی ساناتر کردۆته‌وه.
گه‌نده‌ڵی پرۆسه‌یه‌کی ئاڵۆزه له کوردستان له ئه‌نجامی مه‌سه‌له‌ی ئابوری و سیسته‌می ده‌سه‌ڵات و سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردن و سیسته‌می جێبه‌جێ کردن و سیسته‌می قه‌زایی مه‌وجود له ئه‌نجامی غیابی کۆمه‌ڵگایه‌کی یاسایی هاتۆته گه‌شه‌کردن و به‌رده‌وامی هه‌یه.
به‌ره‌یه‌کی تر له کۆمه‌ڵگا که گۆڕانخواز و چاکسازه‌کانی کۆمه‌ڵگان ده‌بێ به‌شێ له کاریان بنبڕکردنی گه‌نده‌ڵی بێت یان رادهدانان بۆ گه‌نده‌ڵی و چالاکردنی هێزه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان بۆ له‌به‌ینبردنی گه‌نده‌ڵی له کوردستان. دیاره به یاسایی بونی کۆمه‌ڵگا و ئه‌کتیڤ بونی داواکاری گشتی و ئازادی سیسته‌می قه‌زایی و دادوه‌ری یارمه‌تیه‌کی باشی رادهدانان بۆ گه‌نده‌ڵی ده‌که‌ن.
لایه‌نێکی تری کارکردنی ریفۆرمخوازانی کوردستان گه‌شه‌دانه به هێزه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگا و کارکردن له خواره‌وه‌یه له گه‌ڕه‌ک و کارخانه و دام و ده‌زگاکانی ده‌وڵه‌تدا، ئه‌م کارکردنه له خواره‌وه بۆ سه‌ره‌وه ده‌توانێ یارمه‌تیده‌رێکی جدی بێت بۆ چاره‌سه‌ری گرفته‌کان و چالاککردنی هێزه مه‌ده‌نیه‌کان و رێکخراوهکانیانه له کۆمه‌ڵگادا. چالاکیه‌کانی ئه‌مه‌ش له گره‌وی هاتنه‌مه‌یدانی کۆمه‌ڵگادایه و پێش ئه‌مه‌ش بونی هۆشیاری و متمانه‌ی ته‌واوه به هێزه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان و چاره‌نوسی بزوتنه‌وه‌کان.
به‌نمونه بونی فیدراسیۆنێکی سه‌راسه‌ری کارمه‌ندان و کرێکاران و فه‌رمانبه‌ران به هه‌مو جۆره‌کانیانه‌وه له کۆمه‌ڵگا هێزێکی کۆمه‌ڵایه‌تی گه‌وره ده‌نوێنێ، ئه‌م فیدراسیۆنه ده‌بێ له ئه‌نجامی یه‌کگرتنی ته‌واوی ئیتحادی و یه‌کێتیه پیشه‌ییه‌کانی کۆمه‌ڵگاوه پێک بێت و ژنان و پیاوان تیایدا بۆ چاککردنی کۆمه‌ڵگا و به‌یاسایی بونی کۆمه‌ڵگا هه‌وڵ و کۆشش بکه‌ن. (ئه‌م فیدراسیۆنه هه‌مو رشته‌کان و پیشه جیاوازه‌کان ده‌گرێته‌وه هه‌ر له پزیشکان و رۆژنامه‌نوسان تا ده‌گاته کرێکارانی چێشتخانه‌کان و هۆتێله‌کان و کرێکارانی بیناسازیه‌کان هه‌روه‌ها له جیاتی سه‌ندیکا حیزبیه‌کانیش که ئێستا هه‌ن).
ئه‌م فیدراسۆنه ده‌بێ ئامانجه‌کانی رۆشن بن و پێکهاته‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی جیاجیایه و بۆ خودی چاککردنی ژیان و گوزه‌رانی هه‌موان دامه‌زراوه و له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت کارده‌کات تا هێزێکی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌هێز بێت بۆ داڕشتنی بیمه کۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌ندروستیه‌کان. هه‌روه‌ها په‌یڕه‌وی کردنی سیسته‌می کۆنتراکته کرێکاریه‌کان له هه‌مو رشته‌کانی کارکردنی ده‌وڵه‌ت و که‌رته تایبه‌تیه‌کاندا له رێگای رێکخراوه کرێکاری و کارمه‌نده‌کانه‌وه، چ بۆ کاری هه‌میشه‌یی و چ بۆ کاری کاتی. ئه‌مه‌ش ده‌بێته ئه‌وه‌ی که مرۆڤه‌کان به قیست خۆیان بفرۆشن له جیاتی ئه‌وه‌ی که به نادیاری و به‌بێ کۆنراکت کار بکه‌ن. ئه‌مه‌ش ده‌بێته ئه‌وه‌ی که به‌رهه‌می نه‌ته‌وه‌یی گه‌شه پێ‌بکات و کارکردن له کات و ساته‌کانی خۆی به‌ڕێوه‌برێت و هه‌م پشو ته‌واوی مه‌سه‌له هێز و زهنیهکان بۆ کارمه‌ندان دیاری بکات و ته‌ندروستیان بپارێزێت و کاره‌کانی وڵات گه‌شه پێبدات.
گه‌شه‌دان به ئینفراستکچهری کوردستان له باری پێشه‌سازی و پیشه‌سازی کشتوکاڵ و رێگا و بان و پرد و گلدانه‌وه‌ی ئاو و پاراستنی سامانه ئاویه‌کان و سه‌رچاوه ئاویه‌کان له کوردستاندا ده‌بێ کارێکی تری ریفۆرمخوازه‌کان بێت. دیاره بۆ ئه‌وه‌ش ده‌بێ نۆرم و یاسای تایبه‌ت به کۆمه‌ڵگای کوردستان له‌لایه‌ن پسپۆڕان و ئه‌ندازیاران دیاری بکرێت.
له جیاتی ئه‌وه‌ی سه‌رمایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی له دیکۆرات و هه‌ندێ مه‌سه‌له‌ی لاوه‌کی سه‌رف بکرێت ئه‌وه ده‌بێ به به‌رنامه‌یه‌کی به‌رین و هه‌مه‌لایه‌نه و درێژخایان پیشه‌سازی له هه‌مو مه‌یدانه‌کاندا گه‌شه‌ی پێ بدرێت و کارگه و کارخانه‌ی به‌رهه‌مهێن له وڵات‌دا دروست بکرێن و به هێزی کاری ناوخۆ گه‌شه‌ی پێ بدرێت و فرسه‌تی کار زۆر و زهمهنده بکرێت تا نه‌وه‌کان به هیوا و ئاواته‌وه گه‌شه به خوێندن و به‌هره‌کانیان بده‌ن.
سیسته‌می په‌روه‌رده و فێرکردن و خوێندنی باڵا ده‌بێ له ئاستی به‌رز و توانا و پێداویسته‌کانی کۆمه‌ڵگا بن.
ریفۆرمخوازه‌کان ده‌بێ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌م تیێمایه بکه‌ن و زۆریش گرنگی پێبده‌ن چونکه هه‌م ده‌توانێ پێداویستی بازاڕی کاری ناوخۆ پڕبکاته‌وه و هه‌م ده‌توانێ له سنوری ده‌ره‌وه‌ی وڵات‌دا ئه‌گه‌ر تواناکان باش بون ئه‌وه ده‌توانن له ده‌ره‌وه‌ی وڵات هه‌مان فرسه‌تی کار و کارکردنیان هه‌بێت. هه‌ڵاوسانی دیپلۆم و شههادات خۆی له خۆیدا یانی نزمی چۆنایه‌تی خوێندن و سیسته‌مه‌که‌ی. هه‌روه‌ها وه‌رزش و په‌ره‌دان به وه‌رزش هه‌م له‌باری کۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌م له‌باری زانست و خوێندن و گه‌شه‌دان به ئابوری وڵات له رێگای تواناکان و به‌هره‌داراندا.
ڕیفۆرمخوازه‌کان ده‌بێ لایه‌نه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی وه‌کو بیمه بێ‌کاری و بیمه ته‌ندروستی و سیسته‌می بیمه‌ی ته‌ندروستی له کوردستان بکه‌ن به سیسته‌مێک تا هه‌موان بتوانن ئاگاداری ته‌ندروستی خۆیان ببن. گه‌شه‌دان به ته‌ندروستی تاکه‌کان گه‌شه‌دانه به به‌رهه‌می نه‌ته‌وه‌یی و به‌رهه‌می نه‌ته‌وه‌یی به‌رزده‌کاته‌وه.
لایه‌نێکی تری کاره‌کانی ریفۆرمخوازان بریتیه له سێنتراڵیزهبونی سیاسه‌تی سه‌ربازی و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم که ئه‌مه‌ش خۆی له گه‌شه‌دانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و پاراستنی ده‌دۆزێته‌وه.
سیسته‌می فیدراڵی ته‌مه‌نی کورته، باشترین نمونه ده‌وڵه‌تی کۆنی یۆگسلاڤیایه و به‌نمونه کرواتیا له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کان خاڵێکی له‌دوای فیدراڵی دانا و ئیتر ئیستا وڵاتێکی تره و زۆر به ئاسانی مه‌سه‌له‌کانیش چونه سه‌ر.
ریفۆرمخوازان ده‌بێ کار بۆ دروستکردنی ده‌وڵه‌تی دامه‌زراوه‌کان بکه‌ن نه‌ک فیدراڵی و فدراڵیهت.
گه‌شه‌دان به‌تاک له کۆمه‌ڵگا و زیندوبونه‌وه‌ی به‌هاکانی پیرۆزی مرۆڤایه‌تی و یه‌کسانخوازی له کۆمه‌ڵگا به‌بێ جیاوازی له نێوان مرۆڤه‌کان. ئه‌مه ده‌توانێ کۆمه‌ڵگایه‌کی تۆلرانس و هه‌مه‌ڕه‌نگ دروست بکات.
گرنگترین هه‌نگاو بۆی چهسپبونی ئه‌م بۆجونهیه له یاسادا و نه‌مانی ده‌سته‌واژه‌ی که‌مه نه‌ته‌وه‌یی و ئایین و مه‌زهه‌بی و شتی له‌م جۆره و بنبڕکردنی ره‌گه‌زپه‌رستی و داڕشتنی بنه‌مای یه‌کسانخوازی ئینسانه‌کان به هه‌مو جۆر و ره‌نگه‌کانیانه‌وه.
ئازادی ژنان و یه‌کسانخوازی ئه‌وان له یاساکان و کۆمه‌ڵگادا ده‌بێ لایه‌نێکی گرنگی هێزه ریفۆرمخوازه‌کان بێت ئه‌گینا نیوه‌ی کۆمه‌ڵ له ته‌ره‌فێکی تردا هه‌ناسه ده‌دات و رهزالهتهکانیان زیاتر ده‌بێت.
ئه‌م هه‌مو کارانه به هێزێک و حیزبێ ناکرێ به‌ڵکو ده‌بێ ته‌واوی کۆمه‌ڵگا بۆی بێته مه‌یدان و هه‌موان ئاماده‌گیان بۆیان هه‌بێت. ئه‌گه‌ر سه‌یری جه‌ره‌یانه سیاسیه‌کان له کوردستان بکه‌یت ئه‌وا رێگریه‌کی زۆر له خودی حیزبه‌کان هه‌یه بۆ چاکسازی کۆمه‌ڵگا تا خودی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک له گشت‌دا. (حه‌تمه‌ن حیزبه‌کانیش به هێزه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی خۆیان تواناکانیان چه‌سپ ده‌که‌ن، دیاره ئه‌مه‌ش هۆکاری خۆیان هه‌یه).
که‌لتوری رێکخراوه‌یی و که‌لتوری کۆمه‌ڵگا وا تێکه‌ڵاوی یه‌کبون ئه‌وه‌بون به یه‌ک بارسته‌ی پته‌و دژی ئاڵوگۆڕه‌کان.
حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کان به هه‌مو شیوه‌یه‌ک له هه‌وڵی پاراستنی وه‌زعیه‌تی مه‌وجودن، خۆیان پێیان وایه هه‌ندێ که‌م و کوڕیان هه‌یه به گۆڕینی هه‌ندێ کاراکته‌ر و مه‌سئولین مه‌سه‌له‌که شیکار ده‌بێت و خه‌ڵکی زۆر داخوازیان هه‌یه و زۆر په‌له‌یانه ئه‌گینا ده‌سه‌ڵاتی کوردستان هه‌ر له خزمه‌تی ئه‌و خه‌ڵکه دایه ئه‌مه وته‌ی سه‌رانی سه‌رکردایه‌تی حیزبی ده‌سه‌ڵاتدارانن. به‌ڵام ئه‌م وشانه له مێژه هیچ پایه‌یه‌کی ماددیان نه‌ماوه له لای قوتابیه‌کانی پۆلی یه‌که‌می سه‌ره‌تاییش.
ریفۆرمی ناو حیزبه کوردیه‌کان به داخه‌وه هه‌ر له رواڵهتدایه تا ناوه‌رۆک چونکه چۆنایه‌تی نه‌بۆته مه‌سه‌له‌ی گرنگ و پێوه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ هه‌بێت. ئه‌م رواڵهتگهریه نه‌ک هه‌ر سیسته‌م بگره ته‌واوی سه‌رخانی کۆمه‌ڵگای گرتۆته‌وه. هه‌ربۆیه‌ش ئه‌گه‌ر ته‌ماشای کۆمه‌ڵگای کوردستان بکه‌یت له رواڵه‌ت هه‌ندێ کاریان بۆ کراوه به‌ڵام له ناوه‌رۆکدا که‌مترین له‌رزینی ماددی هه‌ناوی کۆمه‌ڵگا ده‌هه‌ژێنێ خۆ هه‌ریه‌ک ساڵ بودجه نه‌درێت له ئه‌نجامی کێشه‌ی هه‌رێم و حکومه‌تی فیدراڵی ئه‌وا به‌رهه‌می نه‌ته‌وه‌یی کوردستان که‌مترین ئه‌لته‌رناتیڤی به‌رجه‌سته‌ی بۆ نیه.
ئه‌گه‌ر ریفۆرمیسته‌کانی کوردستان هه‌ست به گرنگی و ئه‌وله‌ویه‌تی تێماکان نه‌که‌ن بۆ گۆڕینی کۆمه‌ڵگا ئه‌وا ئه‌وانیش هه‌ر وه‌کو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار رۆژێ توشی هه‌مان نه‌فره‌ت ده‌بنه‌وه، به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه ئایا کۆمه‌ڵگای کوردستان به ته‌واوی پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵگایه‌وه له گشت مه‌یدانه‌کاندا ئاماده‌گی ریفۆرم و ئازادی له کۆیله‌تیدا هه‌یه؟ له کاتی نه‌بونی هاوسه‌نگی کۆمه‌ڵایه‌تی له کۆمه‌ڵگا و نا هاوسه‌نگی جه‌ره‌یانه سیاسیه‌کان له گشت‌دا به‌نمونه ئه‌م دابه‌شبونه‌ی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆن بۆ کۆمه‌ڵگا و ستراتیژی کارێکی ته‌ندروسته؟ یان تاکی کورد له حیزبه رایجهکاندا هه‌روا کڕنوش بۆ سه‌رکردایه‌تیه‌که‌ی ده‌بات، بۆ مه‌کسه‌بی شه‌خسی و سه‌رکردایه‌تی کوردیش له به‌رامبه‌ر دوژمنانی نه‌رم و نیانه و سازشکهره له دیپلۆماسیدا و توند و به‌هێزه له ناوخۆدا. یان هه‌ر خاڵێکی تری کلتوری کۆمه‌ڵگای کوردی ئه‌وه‌یه هه‌رده‌م بێگانه‌ی له‌لا گرنگه تا خودی خۆی. ئایا کۆمه‌ڵگایه‌کی ئاوا توانای گۆڕینی خێرای له هه‌مو چۆنایه‌تیه‌کان هه‌یه؟ من وه‌ڵامم بۆی نێگه‌تیڤه. ئه‌مه‌ش به‌ره‌نجامی ئاوێزانبونی کلتوری رێکخراوه‌یی و کلتوری کۆمه‌ڵگایه و به‌کورتی بۆ رزگاربون له‌م وه‌زعه یه‌کتر قبوڵکردن و به‌شداری هه‌مو کۆمه‌ڵگا و کات و ئاماده‌یی کۆمه‌ڵگا و قوربانی ده‌وێ.
|