ئاسۆ حامدی
ماوه‌یه‌که هێزه سه‌ربازیه‌کانی کۆماری ئیسلامی هێرشێکی به‌رده‌وامی بۆ سه‌ر کوردستان ده‌ست پێکردوه، به گوێره‌ی هه‌واڵه‌کان چه‌ندین کیلۆمه‌تریش هاتۆته ناو سنوری هه‌رێم، ئه‌گه‌رچی سنوری هه‌رێم له هیچ لایه‌کی دیارینه‌کراوه و کوردستانیش له هه‌مو لایه‌ک هێرشی سه‌ربازی ده‌کرێته سه‌ر، دیاره میژوی سیاسی و جیوپۆلیتیکی کوردستان چۆنه. به‌کورتی وڵاتێکی داگیرکراوه له‌لایه‌ن چه‌ندین وڵاته‌وه و به‌گوێره‌ی پرۆتۆکۆله ده‌ولیه‌کان له قۆناغێکی مێژویدا و هیچیتر.
کۆماری ئیسلامی ئێران نه ئیعتراف به کورد و کوردستان ده‌کات و مه‌هانه بونی هێزه‌کانی پژاک و په‌که‌که ده‌کاته بیانو بۆ بۆردومان کردنی کوردستان، میلله‌تی کورد و قوربانیه‌کانی بۆ ئازادی هه‌ر به‌رده‌وامی ده‌بێت جا با هه‌مو دوژمنانی میلله‌ت هێرشه‌کانیان توند بکه‌نه‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاتو کورد وه‌کو نه‌ته‌وه‌یه‌ک مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌مو ئه‌وگرفتانه کرد ئه‌وه مه‌سه‌له‌کان ده‌گۆڕێن. تائێستا کورد وه‌کو نه‌ته‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌مو دوژمنکاریه نه کردوه، میلله‌تی کورد گرفته ناوخۆییه‌کانی زاڵکردوه به‌سه‌ر مه‌سه‌له ده‌ره‌کیه‌کانی ئه‌مه‌ش بوه‌ته به‌شێ له که‌ڵتوری میلله‌ت.
دیاره کۆماری ئیسلامی گه‌ره‌کیه‌تی وه‌زعیه‌تی مێژوی ئه‌م ناوچه‌یه چۆن بوه هه‌روا بمێنێته‌وه یانی سه‌رکوتی میلله‌تی کورد بکات و ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی بۆیان ره‌وا نابینێ. له کاتێکا دونیا گۆڕاوه و هه‌مو میلله‌تانی دونیا به کوردیشه‌وه داوای ئازادی و به‌یه‌که‌وه‌ژیان و کۆمه‌ڵگای سه‌ربه‌ست ده‌که‌ن.
ئاڵوگۆڕه‌کانی عێراق به‌تایبه‌تی رۆڵی میلله‌تی کورد له ته‌واوی پرۆسێسه‌کان بۆ هه‌مو ناوچه‌که رۆشنه، هه‌روه‌ها ده‌وڵه‌مه‌ندی ناوچه کوردنشێنهکان له باری سامان و کانه سروشتیه‌کان ئه‌مه‌ش رۆشنه و تائێستا میلله‌تی کورد هه‌ندێ هه‌نگاوی روبه‌ده‌ره‌وه ناوه، به‌ڵام زۆر گرفتی ناوه‌خۆمان هه‌یه، کۆمه‌ڵگایه‌که له هه‌مو ئاراسته‌کان گرفتی هه‌یه. به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌مو ئه‌مانه‌ش مه‌سه‌له‌ی میلله‌تی کورد بوه‌ته مه‌سه‌له‌یه‌کی گرنگ له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ند و هه‌مو دوژمنانی میلله‌تی کورد کۆکن له‌سه‌ر یه‌کگرتن ئه‌گه‌ر پێویستیه‌تی کات بو. به‌ڵام یه‌کگرتوی میلله‌تی کورد له‌نێو خۆیدا بۆته گرفتێکی کوشنده هه‌ر ده‌ڵێ دکتۆر بۆی نوسیه‌وه هه‌رگیز یه‌کگرتو نه‌بن!.
تۆپبارانه‌کانی ئێران و تورکیه به گوێره‌ی پرۆسه‌ی سیاسی ئێستا له عێراق ده‌بێ حکومه‌تی عێراق بۆی بێته مه‌یدان ئه‌مه‌ش بوه‌ته مه‌ته‌ڵ، میلله‌تی کورد بۆ دژایه‌تی ئه‌م هیَزانه هێزی خۆی ده‌بێ بێته مه‌یدان نه حکومه‌تی عێراقی و نه په‌رله‌مان له واقعدا هه‌ندێ له په‌رله‌مانتاره عێراقیه‌کان خۆشیان به‌م هێرشانه دێت و ئاخ هه‌ڵده‌کێشن که ناتوانن به‌شداری له لایه‌نی خۆیانه‌وه بکه‌ن.
ئه‌م به‌خشینه‌ی به‌رگری به حکومه‌تی عێراقی ته‌نها له رسته‌یه‌ک له یاساکانی جیَبهجێ نه‌کراو ده‌چێت و هیچی تر.
به‌داخه‌وه هاوڵاتیانی خه‌ڵکی کوردستان هێشتا به هۆشیاریه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ کێشه‌کانی ده‌ره‌کی و ناوه‌کی ناکه‌ن، له کاتێکا که هه‌ردو کێشه ده‌بێ هاوشان چاکبکرێن. ئه‌مه‌ش سلوکی سیاسه‌تێکی نوێیه‌و میلله‌تی کورد ده‌بێ لێرابێت و هێزی بۆ ئاماده‌بکات.
راپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری و گه‌لی دژی ئه‌م هێرشانه ده‌بێ هه‌مو کوردستان بگرێته‌وه، لێره کوردستان مه‌به‌ست کوردستان عێراقه، چونکه هێرشه‌که بۆ ئیستفزازی و تێکدانی ره‌وشی هه‌رێمه به گشتی تا راونانی هێزه‌کانی پژاک.
له‌لایه‌کی تر ئێرانیه‌کان و حکومه‌تی کۆماری ئیسلامی گه‌ڵێ به‌رژه‌وه‌ندی ئابوری یان له کوردستان هه‌یه ده‌کرێ ئه‌مانه وه‌کو فشار به‌کاربهێنرێن، ئه‌مه جگه له بونی یان له مه‌سایلی دیپلۆماسی و ناوه‌ندی فه‌رهه‌نگی ...هتد. میلله‌تی کورد ده‌بێ زۆر هۆشیارانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ گشت مه‌سه‌له‌کان بکات و دوفاقه له‌گه‌ڵیان مامه‌ڵه بکات له‌لایه‌ک زه‌ختی گه‌ل و له‌لایه‌ک دیپلۆماسیه‌تی حکومی، به‌ڵام ئه‌م دوانه ده‌بێ به ئاراسته‌ی چاککردن و بردنه‌وه‌ی ره‌وشه‌که بۆ قازانجی میلله‌تی کورد و ناوچه‌که بێت.
به‌داخه‌وه هێشتا دیپلۆماسیه‌تی حکومه‌تی هه‌رێم له‌م ئاسته نیه و هاولاَتیانی میلله‌تی کوردیش ئاوا بۆ هه‌مو روداوه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان نایه‌نه مه‌یدان. تا میلله‌تی کورد نه‌توانێ له ناوه‌وه یه‌کگرتو و نه‌رم و نیان و له‌ڕو به‌ده‌ره‌وه به‌هێز و توانا نه‌بێت ناتوانێ وجودی سیاسی خۆی بسه‌لمێنێ.
به‌نمونه هه‌ڕه‌شه‌کانی سه‌رۆکی هه‌رێم بۆ مه‌سه‌له‌ی نانه‌وه‌ی ئاشوب و تێکدانی وه‌زعی ئازادی له کوردستان رو به‌ناوه‌وه و بێ ده‌نگی به‌رامبه‌ر به ئێران رێک نمونه‌یه‌کی ئه‌م وه‌زعه‌یه یان هه‌ڵسانی کۆمه‌لانی خه‌ڵک بۆ کێشه ناوخۆییه‌کان و بێ ده‌نگی له هێرشه ده‌ره‌کیه‌کان هه‌مان مه‌سه‌له‌ن. پرسیار ئه‌وه‌یه که‌ی هۆشیاری نه‌ته‌وه‌یی گه‌ل له خه‌وی کۆنی هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌و که‌ڵتورێکی سیاسی نوێ دێنێته ئاراوه.
|