ئاسۆ حامدی
چه‌مکی هاوڵاتی بون له‌نێوان ماف و ئه‌رکه‌کاندا
پیش ئه‌وه‌ی باس له ماف و ئه‌رکه‌کانی هاوڵاتیان له کوردستان بکه‌ین. سه‌ره‌تا باس له هه‌ندێ فاکته‌ر ده‌که‌ین که کاریگه‌ریان له‌سه‌ر ئه‌مانه هه‌یه. ئه‌م فاکته‌رانه‌ش ههندێکیکان ده‌ره‌کین و هه‌ندێکیان ناوه‌خۆن. کۆمه‌ڵگای کوردستان تایبه‌تمه‌ندیه‌کی خۆی هه‌یه به حوکمی مێژویی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی، هه‌ر بۆیه‌ش هه‌ڵوه‌سته‌کردن له‌سه‌ریان گرنگی خۆی هه‌یه له غیابی ده‌ستوری وڵات و یه‌کلانه‌بونه‌وه‌ی سیسته‌می حوکمڕانی و ده‌سه‌ڵاتی یاسایی له تایبه‌تمه‌ندی خۆیدا و هه‌رسێ ده‌زگاکانی یاسادان و جێبه‌جێکردن و قه‌زایی له‌ژێر نیری ستراکتوری حیزبی و دو ئیداترهیی دا قه‌تیس ماونه‌ته‌وه. هه‌ربۆیه‌ش پرنسیپه‌کانی هاوڵاتی بون له ماف‌دا لاسه‌نگه و هاوڵاتیان نه له یاسا و نه له پراکتیکی جێبه‌جێکردنیش و نه له قه‌زاکانیش یه‌کسان نین. پێش ئه‌وه‌ی له باسه‌که نوقم ببین با زۆر به کورتی باس له فاکته‌ره‌کان بکه‌ین که کاریگه‌رییان له‌سه‌ر هاوڵاتی بون هه‌یه:
فاکته‌ره‌کان بریتین له؛
1.فاکتۆره‌کانی دیموگرافی؛ به‌نمونه مه‌سه‌له‌ی ته‌مه‌ن و ئاستی هۆشیاری و پله‌ی خوێنده‌واری، هه‌روا خه‌ڵکی نه‌خوێنده‌وار له کوردستان رێژه‌ی هه‌یه. ئه‌مه جگه له بونی نه‌وه‌یه‌ک له پیروخهڵوهته له پرۆسێسه‌کانی کۆمه‌ڵگا.
2.فاکتۆره‌کانی ئیکۆنۆمی؛ وه‌زعیه‌تی ئابوری وڵات و وابه‌سته‌یی ئابوری. که خۆی له خۆیدا له هاوسه‌نگی ئابوری له کۆمه‌ڵگا و کۆمه‌ڵگایه‌کی به‌رهه‌مهێن و به‌رهه‌می نه‌ته‌وه‌یی به‌هێز و سیسته‌می ئابوری دروست لێی بێبه‌شه. کاریگه‌ری زۆر نێگه‌تیڤ له‌سه‌ر هاوڵاتی بون داده‌نێن.
3.فاکتۆره‌کانی سیاسی؛ وه‌زعیه‌ت کوردستان و جیۆپۆلتیکی کوردستان بۆ هه‌موان رۆشنه که حیزبه سیاسیه‌کان هه‌ر یه‌کێکیان له‌به‌ر قازانجی حیزبی و ئه‌جندای تایبه‌تی خۆیان ئه‌وا قازانجی به‌رزی نه‌ته‌وه‌یی به قوربانی قازانجی حیزبی ده‌که‌ن ئه‌مه‌ش له‌گشتدا چه‌نده کاریگه‌ری نێگه‌تیڤیان له‌سه‌ر هاوڵاتی بون کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک هه‌یه.
4. فاکتۆره‌کانی ئیکۆلۆجی؛ مه‌سه‌له‌کانی ژینگه و چۆنایه‌تی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ بنه‌ماکان و چۆنایه‌تی پێکهاته‌کانی ئه‌م چۆنایهتیهتیه له کوردستان له سه‌ره‌تایی دایه و هێشتا ئه‌م چۆنایتهیه نه‌بۆته پێویست و خه‌ڵکی هه‌روا بێ ئاگان له کاره‌ساته‌کانی ژینگه‌دا و نازانن، که تهندروسبتی مرۆڤه‌کان چه‌نده به‌های پێویسته له به‌رهه‌می نه‌ته‌وه‌یی دا. به کورتی کێ له گرفته‌کانی ره‌نگ و ده‌نگ و بارسته وورده‌کان له هه‌وادا ده‌گات، هه‌روا ئه‌مانه نه‌بونه‌ته گرفتی کۆمه‌ڵایه‌تی. ره‌نگه چه‌ندین که‌س به ده‌نگی بانگدانی مزگه‌وته‌کان بمرن به‌س خۆ هه‌رگیز دراسه‌یه‌کی ژینگه‌یی و ئه‌کادیمی بۆ ئه‌م ده‌نگه نه‌کراوه. ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵگا گرفتی نانی نه‌ما ئینجا بیر له ده‌نگ و ره‌نگ و کاریگه‌ره نێگه‌تیڤه‌کانی ده‌کاته‌وه. ئه‌گه‌رچی له‌واقعدا هه‌ر ئێستا خه‌ڵکی پێیویستی به ژینگه‌یه‌کی پاک و ته‌میز هه‌یه.
5.فاکتۆره‌کانی ته‌کنه‌لۆژیا؛ به حوکمی ژیانی کۆمه‌ڵگای کوردستان له‌ژێر نیری داگیرکه‌ران و نه‌بونی ئینفراستهکجهری وڵات و بێبه‌شبونی کۆمه‌ڵگا له ته‌کنه‌لۆژیا و کۆمه‌ڵگایه‌کی به‌رهه‌مهێن و پیشه‌سازیدا. کۆمه‌ڵگا به‌ته‌واوی گرفتی زۆری هه‌یه.
6.فاکتۆره که‌لتورییه‌کان؛ که‌لتوری کۆمه‌ڵگای کوردستان که‌لتورێکی ده‌وڵه‌مه‌نده، به‌ڵام لێره‌دا چڕی ده‌خه‌ینه‌سه‌ر لایه‌نه نێگه‌تیڤه‌کانی که کاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر هاوڵاتیان هه‌یه تا به ماف و ئه‌رکه‌کانیان ئاشناببن.
که‌لتوری گرنگیدان به رواڵه‌ت وی میزاجی تاوهرۆک و مه‌سه‌له درێژخایه‌نه‌کان.
7.فاکتۆره کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان؛ که‌لتوری کۆمه‌ڵگا و به‌هاکان و نۆرمه‌کانی کۆمه‌ڵگا کاری گرنگیان له‌سه‌ر چه‌مکی هاوڵاتی بون و ماف و ئه‌رکه‌کانیان هه‌یه، تێکه‌ڵاوبونی که‌لتوری کۆمه‌ڵگا و که‌لتوری رێکخراوبون له کۆمه‌ڵگا هێنده‌ی تر وهزعهکانی ئاڵۆزکردوه.
هاوڵاتیه‌ک به حوکمی ئه‌م فاکتۆره ناوهخۆیانه و سیسته‌می حوکمڕانی له وڵات په‌روه‌رده‌ی وهزعیێکه که هه‌رده‌م مافه‌کانی پێشێل و داغانکراوه، ته‌نانه‌ت هه‌ستی هاوڵاتیبون و مافه‌کانی به هۆشیاری ناناسێ و هه‌ربۆیه‌ش زۆرکه‌م لێپرسراویهتێ له ئه‌ستۆی خۆی ده‌بینێ و له گشت دا هه‌ر خۆی قوربانیه.
تاکی کۆمه‌ڵگای کوردستان که‌مترین به‌های هه‌یه و هه‌مو رۆژێ تهجاوزیی مافه‌کانی ده‌کرێت له هه‌مو لایه‌کدا چ هێزه ده‌ره‌کیه‌کان بن یان هێزه ناوه‌خۆیه‌کان. به‌داخه‌وه هاوڵاتی له کوردستان هه‌مان نه‌خۆشی مهسولانی گرته‌وه و ئه‌وانیش زۆرکه‌م هه‌ست به ئه‌رکه‌کانیان ده‌که‌ن. به‌نمونه دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی هه‌مو کۆمه‌ڵگای گرتۆته‌وه و که‌م که‌س لێی بێبه‌شه. له‌هه‌مان کاتدا هێشتا هێزێکی کۆمه‌ڵایه‌تی له کۆمه‌ڵگادا نیه به پان و به‌رین و درێژخایان هه‌مو تێماکانی کۆمه‌ڵگا بگرێته به‌ر ره‌خنه و گرفت و چاره‌سه‌ری گرفته‌کان بۆ کۆمه‌ڵگا به به‌رنامه بخاته‌ڕو. هه‌ر بۆیه‌ش کۆمه‌ڵگا له جیاتی بهرهوپێشهوهو هه‌نگاو بگرێ ئه‌وه به بازدان له زۆر له مه‌یدانه‌کانی ژیاندا بۆ دواوه ده‌چێت.
|