چیا عه‌باس
له‌م فه‌زا هه‌ڵچو وگه‌رمه‌ی هه‌ڵبژاردندا، له‌م سه‌نگه‌رگرتن وپه‌لاماردان وبێنه وبیبه‌دا كه قه‌تماغه‌یه‌كی ته‌نكی دیموكراسیان له‌خۆ گرتوه، به‌تایبه‌تی له پارێزگای سلێمانی وناوچه‌كانی گه‌رمیان، ده‌ركه‌وت كه هه‌ڵچون و وبزوتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری یه‌خه‌ی ده‌سه‌ڵاتی گرتوه ولێ‌ی توڕه‌یه ومه‌به‌ستیه‌تی به‌پرۆسه‌ی ده‌نگدان سزایه‌كی ره‌وای پر به‌پێستی بدات.
خه‌ڵك له‌وان توڕه‌یه، له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه وبه‌تایبه‌ت دوای روخاندنی سه‌دام خاك ومیلله‌ت پێویستیه‌كی ژیانیان به بنیاتنانه‌وه‌ی وڵات وهه‌مو سیسته‌مه‌كانی حوكمرانی وخزمه‌تگوزاری بو، پێویستمان به حوكمی یاسا ودادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی وسیسته‌مێكی دیموكراسی وكراوه بو. ده‌بوا نه‌ریته به‌سه‌رچوه‌كانی رابوردوی سیاسی بزافه‌كه‌مان كه له‌كاتی خۆیدا كاریگه‌ر بون به رێزه‌وه ته‌نها بۆ مێژو به‌جێهێشتایه ورێگایه‌كی نوێیی گونجاو له‌گه‌ڵ سه‌رده‌م وحوكمرانی وئازادی خۆمان وعێراقێكی نوێ بگرتایه به‌ر. ده‌بوا خاكه‌كه‌مان كه چه‌ند سه‌ده‌یه‌كه ته‌فروتونا ده‌كرێت به‌و پاره زۆره‌ی به‌شێكه له هه‌قی خۆمان ئاوه‌دان ودروست بكردایه‌وه.
ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خاوه‌نی زۆر كاری قێزه‌وه‌ن وناشیرینیشن له مێژوی سیاسیاندا كه به هیچ شتێك ناسرێنه‌وه، به‌ڵام میلله‌ت ده‌رفه‌تی تری پێدان بۆئه‌وه‌ی به‌یه‌كه‌وه بۆ خاك ومیلله‌ت بژین، نه‌ك ته‌نها بۆ خۆیان.
ئه‌وان وده‌سه‌ڵات
ئه‌وان به گه‌نده‌ڵی وپاوانكردنی ده‌سه‌ڵات وزه‌وتكردنی سامان وقوتی میلله‌ت تێرنه‌بون، له‌م فه‌زایه‌دا به ئه‌نقه‌ست وبه مه‌به‌ستی سیاسی گوناهێكی گه‌وره‌ی تریان كرد كاتێك به ده‌نگی فه‌قێ گوێراڵه‌یه‌كانیان له حوجره‌ی پارڵه‌مان ده‌ستورێكی عه‌شایرانه‌ی سه‌پاند بۆ رێگرتن له ته‌وژم ونیه‌تی گۆڕانی ئه‌و بزوتنه‌وه جه‌ماوه‌ریه وبه‌نیازیشن به‌زۆره‌ملی وئاغا ئاسا ره‌زامه‌ندی میلله‌تی بۆ مسۆگه‌ر بكه‌ن.
ده‌سه‌ڵات ئه‌وه‌نده شڵه‌ژاو وپه‌شۆكاوه، به هه‌ڵپه وچاوچنۆكانه وپر له رق وكینه، له‌لایه‌كه‌وه راشكاوانه میلله‌ت به عه‌بد ده‌زانێت ولای وایه ویست وخواستی تاكی كورد كاڵایه‌كه بۆ كرین وفرۆشتن، بۆیه ده‌یه‌وێت له رێگه‌ی پاره وده‌مانچه وپله به‌خشین وده‌م چه‌وركردنه‌وه پشتگیری دانیشتوانانی هه‌رێم بۆ ئه‌و ته‌ماع وچاوچنۆكیه‌ی مسۆگه‌ربكات، له‌لایه‌كی تریشه‌وه شه‌ق وه‌شاندن ولێدان وهه‌ره‌شه وچاوسوركردنه‌وه ونانبرین وده‌ركردن ودۆگمای سیاسی بێتام وسوا و تۆمه‌تكردنی بێبنه‌مای لایه‌نه‌كانی ناره‌زای كردۆته ناوه‌رۆكی كه‌مپینی هه‌ڵبژاردن.
ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات نه‌فه‌سی دیموكراسی ومرۆڤ دۆستانه‌ی هه‌بوایه گوێی له خه‌ڵك ده‌گرت وپه‌نای ده‌برده به‌ر به‌خۆداچونه‌وه وقه‌ناعه‌ت ودیالۆگ وپێره‌وكردنی یاسا، نه‌ك سه‌نگه‌ر گرتن ودژایه‌تیكردن وفرۆشتن وكرین وهه‌ره‌شه وچاوسوركردنه‌وه وته‌خش وبه‌خشكردنی پاره‌ی میلله‌ت وحكومه‌ت وسه‌د پاكردنه‌وه‌ی ئه‌م سه‌خایه‌ی كاتی هه‌ڵبژاردن ومنه‌تكردن ونازونوزكردن وه‌ك ئه‌وه‌ی پاره‌ی خۆیانه وله گیرفانی شه‌خسیانه‌وه بۆ خه‌ڵكی خه‌رج ده‌كه‌ن.
ئه‌وان وراستیه‌كان
كاتێك خه‌ڵك كۆده‌كه‌نه‌وه شاڵڵا ده‌سه‌ڵاتداران ئه‌وه‌نده بوێربن به خه‌ڵك بڵێن به لایه‌نی كه‌مه‌وه له‌و شه‌ش ساڵه‌دا چیان له‌و هه‌مو ملیار دۆلاره كردوه كه له كوردستاندا هیچ ئاسه‌وارێكی دیار نیه ونه‌ش ماوه، چیان له پاره‌ی ده‌یان پرۆژه‌ی وه‌همی گران وگرنگ كردوه كه ته‌نانه‌ت گیایه‌كیشیان لێ سه‌وز نه‌بوه، بۆ نایه‌ن باس له فراندنی سه‌دان ملیۆن دۆلاری موڵكی میلله‌ت بۆ ده‌ره‌وه ناكه‌ن وباسی ته‌لار وسه‌روه‌ت وسامانیان ناكه‌ن له وڵاتانی ده‌ره‌وه وبه‌تایبه‌ت له ئوردون و وڵاتانی دۆرگه‌ی عه‌ره‌بی وچالاكیه بازرگانیه‌كانی خۆیان وموریده‌كانیان له ئێران وتوركیا وئوردون وچین وكۆریا ودۆرگه‌ی عه‌ره‌بی، بۆباس له به‌دواداچون ولیكۆڵینه‌وه وراپۆرته نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ناكه‌ن له‌مه‌ر گه‌نده‌ڵیان كه ژماره‌ی لاپه‌ره‌ی ئه‌و راپۆرتانه خۆی له هه‌زار ده‌دات، بۆ باس له فه‌رمانه‌كانی ئینته‌رپۆل ناكه‌ن بۆ ده‌ستگیركردنی چه‌ند دزێكی زه‌قی گه‌وره‌ی نێو رێزه‌كانیان كه له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه پارێزراون وحه‌شاردراون، بۆ باس له راپۆرت وداواكاره فه‌رمیه‌كانی سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی وحكومه‌تی عێراق ناكه‌ن، كه خۆیان به‌خاوه‌نی ده‌زانن وبۆ ئه‌و حكومه‌ته دنیایان به‌هاتو وهاوار پركردوه، له‌سه‌ر شێوه‌ی سه‌رفكردنی ده‌یان ملیار دۆلار كه وه‌ریان گرتوه ئه‌و پاره زۆره‌ی گومرگه‌كان وفرۆشتنی به‌قاچاغی نه‌وتی هه‌رێم، بۆ باس له به‌ئاگاداركردنه‌وه‌ی توندیان له‌ڵایه‌ن ئه‌مه‌ریكا وچه‌ند لایه‌نێك ورێكخراوێكی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه ناكه‌ن له‌مه‌ر كوشتن وبه‌رته‌سك كردنه‌وه‌ی ئازادی بیر‌ورا وپێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤ له هه‌رێم.... تاد.
ئه‌وان ودو رویی
ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردی له‌م سه‌رده‌مه‌دا خۆیان له سه‌روی یاسا ولێپرسینه‌وه داده‌نێن، ئه‌وان به‌رده‌وام له‌هه‌مان كاتدا دو روه‌كه‌ی هه‌مو روداو وشتێك بون، دادوه‌ر وپارێزه‌رن، ئه‌وان خالق ومه‌خلوقن، له‌سه‌ر هه‌قن وهه‌قیش ده‌خۆن، ئه‌وان تاوانبار وبه‌رگریكه‌رن، ئه‌وان كوردن وله‌هه‌مان كاتیش‌دا كه‌ف وكوڵی باوه‌شپیاكردنی به‌سۆز وماچكردنی دوژمنانی كوردیان زۆر لا ئاساییه، له‌ناویاندا كه‌سانێك هه‌ن وزۆر باشیش ناسراون خیانه‌تیان له هاورێ وپێشمه‌رگه وتێكۆشه‌ره‌كان كردوه كاتێك بونه‌ته پیاوی پیاوی سه‌دام وئێستاش ده‌سه‌ڵات بۆ چه‌ند مه‌رامێكی تایبه‌ت رایان گرتون وبه‌كاریان ده‌هێنن وباڵاده‌ستن وزۆر بێشه‌رم وبه‌كه‌ڵه‌گایه‌تیه‌وه كوردایه‌تی به تێكۆشه‌ره ره‌سه‌نه‌كان وخه‌ڵك ده‌فرۆشنه‌وه. ئه‌وان بونه‌ته نمونه‌ی شیزۆفرینای عه‌قلیه‌تی سیاسی ودژ به قه‌ناعه‌تی میلله‌ت كارده‌كه‌ن بۆیه ده‌مێكه مۆراڵی سیاسیان له‌ده‌ست داوه.
ئه‌وان له‌م فه‌زا گه‌رمه‌دا خۆیان به یه‌كه‌م به‌رگریكه‌ری قوربانیانی ئه‌نفال وكیمیاوی وخانه‌وه‌دای شه‌هیده‌كانمان نمایش ده‌كه‌ن ودێن ماچێكی یوداس* ئاساییان ده‌كه‌ن، ئه‌وان باس له دڵی پر به‌زه‌یی وشه‌فاعه‌تی خۆیان به‌رامبه‌ر به تاوانباره درنده‌كانی ئه‌و كاره‌ساتانه ناكه‌ن. ئه‌وان باس ناكه‌ن كێبو سوڵتان هاشم، یه‌كێك له عه‌رابه‌كانی ئه‌نفال، كرده ئه‌ستێره گه‌شه‌كه‌ی سوپای سه‌دام له كوردستان، كێبو وه‌فیق سامه‌رایی به‌رپرسی ئیستخباراتی سه‌دام وخوێن مژ‌و وره‌گه‌زپه‌رستی عه‌ره‌بی كرده راوێژپێكراو، باس ناكه‌ن كێبو یه‌كێك له تاوانبارانی كیمیاوی هه‌ڵه‌بجه دژ به هه‌مو یاسا وعرفێكی مرۆڤایه‌تی له زیندان ده‌ركرد وده‌ربازی كرد بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، ئه‌وان باس له كه‌ره دێزه‌كه‌ی سه‌دام، ته‌ها میحه‌دین، ناكه‌ن كێبو داڵده‌ی دا وئه‌میشی ده‌ربازكرد.
ئه‌وان وكه‌ركوك ومێژو
ئه‌وان بۆ باس له‌وه ناكه‌ن كه له گه‌رانه‌وه‌ی یه‌ك میلیمه‌تری ناوچه دابراوه‌كان بۆ سه‌ر كوردستان شكستیان هێناوه وچه‌ند سالێكه به‌ده‌وری ماده‌ی 140 وه‌ك به‌ده‌وری كه‌عبه‌دا ده‌سورێنه‌وه وخه‌تاكه‌یان خستۆته ئه‌ستۆی به‌ردی نزا وهه‌ر رۆژێك بابه‌ت وبالوره‌یه‌ك به گوێماندا ده‌خوێنن. بۆ باس ناكه‌ن كه له به‌رامبه‌ر نه‌وت بۆ خۆیان خه‌مسارد وبێباكن له مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك، خۆ ئه‌مه لێكۆڵًینه‌وه وراپۆرتی باوه‌رپێكراوی ده‌زگا بیانییه‌كانه وبه‌شێك نیه له كه‌مپینی هه‌ڵبژاردن وهه‌ڵبه‌سته‌ی ناحه‌زه‌كانی ئه‌وان.
ئه‌وان بۆ باس له شه‌ر ومه‌رافه‌ی دو لایه‌نی "شه‌راكه‌ت" له شاری كه‌ركوك ناكه‌ن تا گه‌یشته راده‌یه‌ك به‌رێز سه‌رۆكی هه‌رێم به‌توندی به ئاگایان بهێنێته‌وه، ئه‌وان باس ناكه‌ن چه‌ند كۆنه جاش وجاشۆلكه وفه‌رمانده‌ی ته‌واری وبكوژی پێشمه‌رگه وتێكۆشه‌ران وخاوه‌ن فایله‌كان له خزمه‌تكاره‌كانی رژێمی سه‌دام یان له‌ناودا هه‌ن وباڵاده‌ستن وئه‌مرۆ به‌دژی ئه‌و بزوتنه‌وه جه‌ماوه‌ریه به‌كاریان ده‌هێنن، ئه‌وان باس ناكه‌ن كێبو سوپای سه‌دامی هێنایه ناو پایته‌خی هه‌رێم وبه‌های پیرۆزی كوردایه‌تیان ئه‌تك كرد وسه‌دان كه‌سیان كوشت، ئه‌وان بۆ باس له ...... تاد، ناكه‌ن.
ئه‌وان وكوردستانی گه‌وره وده‌ره‌وه
ئه‌وان بۆ باس ناكه‌ن وله‌خۆیان ناپرسن بۆچی هیچ حزب وهێزێكی ره‌سه‌نی كوردستانی گه‌وره نیه كه به گومان وته‌نانه‌ت ترسیشه‌وه سه‌یریان نه‌كه‌ن، تۆ بلێی 40 ملیۆن كورد هه‌موی هه‌ڵه بێت وته‌نها ئه‌م تاقمه بێ وینه‌یه‌ی لای ئێمه بلیمه‌تانه به‌ته‌نگی به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای نه‌ته‌وه‌ی كورده‌وه بێت.
ئه‌وان بۆ بۆمان رون ناكه‌نه‌وه بۆچی هه‌ڵسه‌نگاندنی دۆسته دیموكراتی وبیانییه‌كانی كورد له ئه‌وروپا وئه‌مریكا بۆ حوكمرانی كورد وده‌سه‌ڵاتداران له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا وا نێگه‌تیفه وبه راشكاوی باسی لێده‌كه‌ن وه‌ك نمونه‌یه‌كی گه‌نده‌ڵ وشكست له‌بواری دیموكراسیه‌ت ورێزگرتن له مافی مرۆڤ.
ئه‌وان وهه‌ڵبژاردن
ئه‌وان بۆ نایه‌ن خانه‌واده‌كانی ده‌یان هه‌زاران قوربانیانی هه‌مو شه‌ره‌كانی ناوخۆ كۆناكه‌نه‌وه، تا هه‌نوكه‌ش روفاتی به‌شێك لێیان نه‌چۆته‌وه لای خێزان وخۆشه‌ویسته‌كانیان، و په‌یامی خۆیانیان پێ رابگه‌یه‌نن وپێیان بڵێن بۆ ئه‌و هه‌مو رۆڵه وخۆشه‌ویستانه‌یان كردنه سوته‌مه‌نی تونی مه‌رگ بۆ حیفنه‌یه‌ك له دۆلار.
ده‌سه‌ڵات ده‌سكه‌لا وپاشكۆكانی، له خه‌ڵكانی به‌چاو ماسوڵكه ئه‌ستور، چاودێره ره‌ش بیره‌كانیان، پێنوسه پرۆگرامكراوه‌كانیان، ده‌موچاوه زۆر " ناسراو وبه‌ناوبانگه‌كان" ی خۆیان لای كۆمه‌ڵگای كوردی، شایه‌ره‌كانی گه‌ڵا وده‌فته‌ر، فایلداره‌كان له سیخور وپیاوه‌كانی ئیستخبارات وئه‌منی سه‌دام، بۆ ئه‌م موقایه‌زه وكرین وفرۆشتنه ده‌ڵاڵ ئاسا له بازاری عه‌كازیاندا جۆشده‌ده‌ن. ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له پاره وده‌سه‌ڵات په‌رسته خۆماتكه‌ر وئۆپۆرچینیسته‌كان زۆر بێباكانه قه‌وانی خوێنی شه‌هیدان وخه‌بات بۆ مه‌رامی قه‌تیسماوی ئه‌م بازاره‌یان هه‌راج ده‌كه‌ن وبه‌و نه‌فه‌سه كاڵ وكرچه وبێشه‌رمانه شه‌هید بۆ مه‌رامی تایبه‌تی خۆیان به‌كارده‌هێنن.
ئه‌وانه نازانن هه‌رساتێك به‌و نه‌فه‌س ومێتۆده بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن بكه‌ن ئه‌وه‌نده‌ی تر جه‌ماوه‌ر وكه‌س وكاری شه‌هید وئه‌ندامانی حزبه‌كانیان لێیان دورده‌كه‌ونه‌وه. توڕه‌یی خه‌ڵك به‌پاره دانامركێته‌وه وئه‌و خه‌ڵكه ئه‌وه‌نده به ئاگایه كه بزانێت ئه‌م دۆخه‌ی كوردستان به‌رهه‌می چیه وچۆن ده‌یپارێزێت وگه‌شه وگۆرانی تێدا بكات، چونكه به‌رهه‌می خه‌بات وماندوبونی خۆیانه، بۆیه ئه‌م وه‌عزه بێتامانه‌ی ده‌سه‌ڵات توڕه‌یی تونتر وگردارتر ده‌كات.
ئه‌وان واده‌زانن خه ڵك گێله بۆیه وا ره‌فتاری له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن، بێگومان ئه‌وان پێنوسه‌كانیان خستۆته گه‌ر بۆ وه‌لامدانه‌وه ونوسین وبه‌شان وباڵدا هه‌ڵدان، رۆژانه له ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی ئه‌واندا به‌رچاو ده‌كه‌ون. ناوه‌رۆكی په‌یامه‌كانی هه‌مویان هه‌راسان كردنی ئێستایه به خه‌بات وماندوبون له مێژودا، هه‌زار پاتكردنه‌وه‌ی رسته و وشه سواوه‌كانه كه ئه‌وان یه‌كه‌م پێشێلكه‌ر وفه‌رامۆشكه‌ری بون له‌ماوه‌ی نزیكه‌ی بیست ساڵی رابوردودا.
ئه‌وان له‌پشت مێژویه‌ك كه خودی خۆیان تێدا وله هه‌ندێك له قۆناغه‌كانیدا خاوه‌ن خه‌بات وسه‌روه‌ری بون خۆیان حه‌شارداوه، به ئێستایان زۆر له به‌هاكانی ئه‌و مێژوویه‌یان ئه‌تك كردوه ولێره‌وه‌ش مه‌به‌ستیانه به‌م شانۆگه‌ریه كۆمیدی ئاسایه ئه‌م هه‌نوكه‌یه به‌رده‌وام پێبده‌ن.
ئه‌وان سه‌روبنی زمانیان باسكردنه له ده‌سكه‌وته‌كان، له‌مه‌دا نكۆڵی ناكرێت كورد ده‌سكه‌وتی به‌ده‌ست هێناوه، به‌ڵام چۆن؟ ئه‌وان سۆز وهه‌ستی خه‌ڵك ده‌وروژێنن كاتێك هاوارده‌كه‌ن ئه‌مه به‌رهه‌می خوێنی شه‌هیدانه وده‌یانه‌وێت خۆشه‌ویستی وپیرۆزی شه‌هید بۆ مه‌رامی سیاسیان پاوان بكه‌ن. ئه‌وان له هه‌ڵبژاردنی 2005 دا متمانه‌ی زۆرینه‌ی میلله‌تیان پێدرابو وئه‌ركی سه‌رشانیان بو له حكومه‌ت كار بۆ میلله‌ت بكه‌ن، ئیتر پێویست به‌م هه‌مو منه‌تكردنه ناكات. وڵات هه‌یه به‌درێژایی مێژوی یه‌ك ته‌قه‌ی تیانه‌كراوه وپێشمه‌رگه‌شی نه‌بوه وئه‌مرۆ له‌حوكمرانیدا نمونه‌ی پێشكه‌وتن وخۆش گوزه‌رانیه چونكه ده‌سه‌ڵاتداران لێوه‌شاو وبه‌وه‌فان له به‌رێوه‌بردنی خاك ومیلله‌ته‌كه‌یان.
خه‌ڵك زۆر باش تێگه‌یشتوه كه مانای دیموكراسیه‌ت ئه‌وه‌یه خۆیان حوكم بكه‌ن وبریاربده‌ن، نه‌ك گروپێك یا ده‌سته‌یه‌ك خۆی به نایاب بزانێت وده‌سه‌ڵات پاوان بكات وهه‌مو شتێك بۆخۆیان بێت، بۆیه خه‌ڵك یه‌خه‌ی ئه‌وانی گرتوه چونكه ده‌یانتوانی به‌رهه‌می كاركردنیان سه‌د قاتی ئێستا باشتر وتۆكمه‌تر ودادپه‌روانه‌تر وكراوه‌تر بوایه. ئه‌وان پشكی شێریان بۆ خۆیان زه‌وت كردوه و لابه‌لاشه‌وه به‌ده‌ستێكی ده‌ره‌به‌گ ئاسا خێرێك به ره‌عیه‌ت ده‌كه‌ن. ئه‌مه له ده‌سكه‌وت ده‌رده‌چێت وده‌چێته خانه‌ی خێر وسه‌ده‌قه‌وه وبه‌زه‌یی هاتنه‌وه‌وه.
ئه‌وه‌ی نوسراون له‌سه‌ر ئه‌وان مشتێكن له خه‌روارێك، وا باشتره له‌م فه‌زا گه‌رمه‌دا نه‌چینه ناو ورده‌كاری وسه‌رجه‌م به‌ڵگه ودۆكیۆمێنته‌كان نه‌خرێنه رو، چونكه وا بریاره ئه‌وه‌نده به رابوردودا گوزه‌ر نه‌كرێت.
به‌ڵام ده‌بێت رۆژێك ئه‌وان روبه‌روی ئه‌و راستیانه بكرێنه‌وه تا نه‌توانن به ئاسانی كوردێكی دڵسۆزی نیشته‌جێی گوندێكی خاكه‌كه‌م به چه‌ند گه‌ڵایه‌ك وقسه‌ی سواو وسه‌مای شایه‌رێك چه‌واشه بكه‌ن.
ئه‌وان كه نرخی تاكی كورد به پاره وموقایه‌زه بخه‌ڵمێنن ئیتر مانای دیموكراسیه‌ت ویاسا وده‌ستور ونوێبونه‌وه وئاوه‌دانكردنه‌وه لای ئه‌وان چیده‌گه‌یه‌نێنن؟ به‌داخه‌وه ئه‌وان له‌م سه‌رده‌مه‌دا هه‌مو شتێك بون ته‌نها ئه‌وه‌نه‌بون كه میلله‌ت ویستویه‌تی.
با چاوه‌روان بین بزانین ئه‌وان به‌رده‌وام ده‌بن له‌م ره‌فتاره دژ به دیموكراسیه‌ت وناشیرینانه وبا بزانین ساخته‌كاریه‌كی فراوان ده‌كه‌ن. چاوه‌روانین تا ئه‌و رۆژه.
* یوداس (Judas): یه‌كێك بۆ له هاورێ نزیكه‌كانی حه‌زره‌تی مه‌سیح ودوای ئه‌وه‌ی سێ ساڵ له‌گه‌ڵیدا بو خیانه‌تی لێ‌كرد ودایه ده‌ستی رۆمانیه‌كان كه دواتر هه‌ڵًیان واسی وله‌و كاته‌ی حه‌زره‌تی مه‌سیحی ماچ كردوه خه‌ریكی ئه‌و پلانه‌ش بوه دژی.
|