نه‌ترسان له مێژو
|
چیا عه‌باس
رۆژی 30 حوزه‌یران بوه رۆژێکی زۆر تایبه‌ت له مێژوی مۆدێرنی کوردا. رۆژێک دێت نه‌وه‌کانی ئاینده دور له هه‌ڵچون و عاتیفه و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کان هه‌ڵسه‌نگاندنی ورد و دروستی بۆ بکه‌ن.
30 حوزه‌یران کاریگه‌ری خۆی له‌سه‌ر ئایندهی حوکمڕانی خۆماڵی له باشوری کوردستان جێده‌هێڵێت. گومانیش له‌وه‌دا نیه ئاینده رۆڵی کاراکته‌ره‌کان له روداوه‌کانی ئه‌م رۆژه‌دا وه‌ک خۆی ده‌سه‌لمێنێت. ئه‌و سه‌رده‌مه به‌سه‌رده‌چێت مێژو بهعهرزوڵحاجی کوێره خوێنده‌واری به‌ر ده‌رگا بنوسرێته‌وه و به‌سه‌دای هات و هاوار و هه‌ڕه‌شه و گوشه‌ی ئاغا و سه‌پان و کۆیڵه بهۆنرێته‌وه.
پێش ئه‌وه‌ی بچمه ناو بابه‌ته‌که‌وه و بۆ رۆشنایی خستنه سه‌ر مه‌رامه‌که‌ی ئه‌م روداوه ده‌گێرمه‌وه: Bob Woodward رۆژنامه‌گه‌ری ناوداری ئه‌مەریکی له میانه‌ی چاوپێکه‌تنێکدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆک جۆرج بوشی کوڕ بۆ نوسینی کتێبی دوه‌می (بوش له جه‌نگدا) له‌سه‌ر شه‌ڕه‌کان له ئه‌فغانستان و عێراق لێی ده‌پرسێت: سه‌رۆک تۆ ئه‌م شه‌ڕانه‌ت به‌رپاکردوه ناترسیت له‌وه‌ی له مێژودا چۆن باست بکرێت؟ سه‌رۆک بوش له کورسیه‌که‌ی هه‌ڵده‌سێت و هه‌ر دو ده‌ستی ده‌خاته گیرفانه‌کانی پانتۆڵه‌که‌یه‌وه و کاوبۆ ئاسا خۆی باده‌دات و ده‌ڵێت: بۆب ئه‌وکاته‌ی ئه‌و مێژوه باس ده‌کرێت نه تۆ و نه من نه‌ماوین، گرنگ نیه چی باس ده‌که‌ن.
له‌دوا سه‌ردانم بۆ کوردستان له مانگی چواری ئه‌مساڵ له‌گه‌ڵ دۆستێکی زۆر ئه‌زیزم، که له سه‌رده‌می کارکردنم له یه‌کێتیدا یه‌کترمان ناسیوه و ئه‌و ئێستا وه‌ک ئه‌ندامێکی به‌ئه‌مه‌ک باوه‌ڕی به چاککردنی حیزبه‌که‌ی ماوه، که‌وتینه ناو گۆمی لێدوانی سیاسه‌ته‌وه، له‌نێو قسه‌کانیدا راستیه‌کی باسکرد که که‌م به‌خه‌یاڵی خه‌ڵکیدا دێت بیریشی لێبکاته‌وه، وتی: تۆ ئه‌زانیت زۆربه‌ی سه‌رکرده‌کانی ئێمه له مێژو ناترسن، بۆیه به‌راست و چه‌پدا چیان بوێت ده‌یکه‌ن، منیش ئه‌و روداوه‌ی سه‌ره‌وه‌م بۆ گێڕایه‌وه، له وه‌ڵامدا پێی وتم: بوش له‌به‌رامبه‌ر نه‌ترسی له مێژو لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت، ئه‌وانه‌ی ئێمه تائێستا بۆیان چۆته‌سه‌ر و سوپایه‌ک له حیزبی و په‌رله‌مه‌نتاران و نوسه‌ر و سیاسه‌تمه‌دار و... ده‌ستیان به سنگه‌وه بۆ ده‌گرن و چه‌پڵه‌ی توندیان بۆ لێده‌ده‌ن و عافهرینیان لێ ده‌که‌ن.
له پانۆرامای روداوه‌کانی رۆژی 30 حوزه‌یراندا شوێنده‌ستی جۆره ئه‌قڵیه‌تێکی سیاسی به‌زه‌قی به‌رچاو ده‌که‌وێت. ئه‌قڵیه‌تێک وێرای جیاوازی زه‌مینه‌ی سیاسی و مێژویی و کۆمه‌ڵایه‌تی خاوه‌نه‌کانی وه‌لێ سه‌رتاپای هه‌ست و هۆش و کرده‌وه و حه‌زه‌کانی به‌چاوچنۆکی و ته‌ماعی ناره‌وا ته‌نراوه و داگیرکراوه.
ئه‌قڵیه‌تێک بێئه‌ندازه به‌ده‌ر له ئیستحقاق و به‌شی خۆی ته‌ماعی له ئاینده‌ش کردوه، نه‌ک هه‌ر مێژوی به‌لاوه گرنگ نیه، به‌ڵکو نه سڵی لێده‌کاته‌وه و نه حسابیشی بۆ ده‌کات، کورد وته‌نی چی ده‌بێت باببێت و ئه‌و نانه نانه ئه‌مڕۆ له‌خوانه. گه‌راکانی ئه‌م ئه‌قڵیه‌ته له سه‌رده‌مانی چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و خه‌باتی دژواری کوردا هه‌ڵتۆقیون، سه‌رده‌مانێک کورد بواری نه‌بوه بیر له ئاینده وه‌ک مێژو بکاته‌وه و ته‌نها چاوه‌ڕوانی رۆژی سه‌رفرازی و ئازادی بوه و بۆ گه‌یشتن به‌و مه‌به‌سته چی بۆ ره‌خسا بێت کردویه‌تی و لای گرنگ نه‌بوه ئه‌و کاره‌ی ئه‌و ساته ده‌یکات ده‌بێته مێژویه‌ک گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ نابێت. به‌شێک له‌مه له ناچاریدا بوه و له چوارچێوه‌ی ململانێ بۆ مانه‌وه‌دا سوڕاوه‌ته‌وه. له‌گه‌ڵ رۆیشتنی کات و چه‌ند باره‌بونه‌وه‌ی ئه‌و جۆره ره‌وش و کاردانه‌وانه ده‌بینرێت پشتگوێخستنی مێژو و نه‌ترسی لێی بۆته که‌ره‌سه‌یه‌کی سه‌ره‌کی ئه‌قڵیه‌تی سیاسی کورد. مێژوی کورد ده‌یان نمونه‌ی سیاسه‌ت و ره‌فتارکردن به‌م ئه‌قڵیه‌ته‌ی تێدا به‌دی ده‌کرێن. له ئاکامدا، حساب نه‌کردن بۆ مێژو و نه‌ترسان لێی، سه‌ری ساحیبهکانی خواردوه و کوردیشی دوچاری سه‌رگه‌ردانی و شکست و ماڵوێرانی کردوه.
له سه‌رده‌می شێخ محمودی حه‌فید و شه‌هید پێشه‌وا قازی محەمەد و شۆڕشی ئه‌یلول و شه‌ڕی جه‌لالی و مه‌لایی و شۆڕشی هه‌ڵسانه‌وه‌ی دوای هه‌ره‌سی 1975 و شه‌ڕه‌کانی ناوخۆی دوای راپه‌ڕین و 31 ئاب و هێنانی سوپای پاسداران و سوپای تورکیا و شه‌ڕکردنی تێکۆشه‌رانی خۆرهه‌ڵات و باکور و ... چه‌ندین بڕیار و ره‌فتار و هاوپه‌یمانی سیاسی له‌و روداوانه‌دا زاده‌ی خواستی به‌ده‌ستهێنانی ئامانجێکی تایبه‌تی نامۆ و نه‌گونجاو له‌گه‌ڵ کوردایه‌تی له ماوه‌یه‌کی کورتی دیاریکراودا بون، به‌ده‌گمه‌ن ترس و حسابکردن بۆ مێژو سه‌رکرده‌کانی راچلهکاندوه و به‌ئاگای هێناونه‌ته‌وه له هه‌نگاوه چه‌وت و ماڵوێرانکه‌ر و بێ سه‌مه‌ره‌کانیان. ئاکامه‌که ده‌سکه‌وتی کاتی و لاپه‌ره‌ی ره‌ش بۆ خاوه‌نه‌کانی و سه‌رگه‌ردانی و ماڵوێرانی بۆ میلله‌ت. لێره‌دا گونجاوه ئاماژه بکه‌م به وته‌کانی رۆژنامه‌گه‌ری ناوداری ئه‌مەریکی و دۆستێکی به‌ئه‌مه‌کی کورد Jonathan C. Randal له یه‌کێک له کتێبه‌کانی له‌سه‌ر کورد به‌ناوی After Such Knowledge, What Forgiveness? له سالێ 1997 دا چاپکراوه ده‌ڵێت: هۆکارێکی سه‌ره‌کی کێشه‌کانی کورد سه‌رکرده‌کانیه‌تی.
ره‌وادان به‌هه‌ر کارێک و ئه‌نجامدانی بێ سڵه‌مینه‌وه و ترس له مێژو و میلله‌ت کاره‌ساتێکه له مێژوی کوردا به‌رده‌وام دوباره ده‌بێته‌وه، چونکه نه‌ترسی له مێژو مانای حساب نه‌کردنه بۆ ئایندهی نه‌ته‌وه. ته‌ماعی ناڕه‌وا به‌هه‌مو جۆره‌کانیه‌وه ته‌ماعکاری کوێر کردوه و له خشتهشی بردوه، چونکه دیدی بۆ ئاینده له ده‌ست داوه و زۆر خۆپه‌رستانه بۆ ئه‌و ساته ژیاوه و ده‌رکی نه‌کردوه به‌وه‌ی که ساتی کردار له ئاینده‌دا ده‌بێته مێژویه‌ک و به‌رۆکی ده‌گرێته‌وه. ئه‌گه‌ر پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه بچێکیش پێره‌و بکرایه ئه‌وا ره‌وشی ئه‌و سه‌رکرده و سیاستمهدارانهی کورد به‌م رۆژه‌ی ئه‌مڕۆ نه‌ده‌گه‌یشت (وێڕای خه‌بات و ماندوبونیان، به‌ڵام به‌شێکی به‌رچاو لێیان سه‌رکرده‌ی لۆکا‌ڵی و له‌رزۆک و بێ متمانه و چاوچنۆک و دارده‌ستی ئه‌م و ئه‌و و خاوه‌ن مێژوی له‌که‌دار) (پێویست به‌ناوبردن و گێڕانه‌وه‌ی مێژویان ناکات).
ئه‌م ئه‌قڵیه‌ته له رابوردودا ره‌وایه‌تی ره‌فتار و کاره‌کانی به پاساوه‌کانی عه‌قیده و فکر و نه‌ته‌وه و چه‌مکه‌کانی سه‌رده‌می خۆی داڕشتوه و خه‌ڵکی هه‌ژار و بێده‌سه‌ڵاتی کوردیشی کردۆته سوته‌مه‌نی ئاودان و تاودانی ئه‌قڵیه‌ته‌که. بۆیه ده‌بینین ته‌نها له خوله‌کانی شه‌ڕی ناوخۆدا ده‌یان هه‌زار کوژراو و بریندار و هه‌ڵهاتو و که‌مئه‌ندام و ونبو و ماڵوێرانیه‌کی بێئه‌ندازه کراونه‌ته خۆراک و سوته‌مه‌نی مانه‌وه و ژیانی ئه‌و ئه‌قڵیه‌ته به روخساره فره ره‌نگه‌کانیانه‌وه. ئه‌م ئه‌قڵیه‌ته دوای راپه‌ڕین و زۆر تایبه‌ت دوای روخاندنی سه‌دام و بۆن‌کردن و چێژکردنی ده‌سه‌ڵات و پاره و به‌مۆدێل بونی دیمکراسیهتێکی دیوه‌خان ئاسا، ئه‌و میسقاڵه ترسه‌شی که به‌زه‌بری پێوه‌ره‌کانی حیزبایه‌تی و عه‌شائیری و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینیی و فکری له مێژودا لێی نیشتبو دای به‌ده‌م چڵکاوی زێرابه‌کانه‌وه و وه‌ک برسیه‌کی دڕنده که‌وته هه‌ڵپه‌کردن و په‌لاماردان له جه‌نگه‌ڵی نه‌ته‌وایه‌تیدا، ئاکامی نه‌ترسی له مێژو ئه‌وه‌ی لێکه‌وته‌وه، که ئه‌مرۆ له باشوری کوردستان ده‌یبینین. بێگومان ئه‌مه به‌شێک له سه‌رکرده و که‌سایه‌تیه‌کان ناگرێته‌وە که له مێژودا خاوه‌ن ئه‌قڵ و ره‌فتار و په‌روه‌رده‌ی دروست بون، بۆیه هه‌میشه له مێژو به‌ئاگان و ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت به‌هوشیاریه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ن.
ئه‌و ئه‌قڵیه‌ته له‌به‌رئه‌وه‌ی له بنه‌ڕه‌تدا ئیفلیجه له خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ گۆڕانکاریه خێراکاندا و چه‌قی به‌ستوه و هه‌رچیه‌کی لێبکه‌یت یه‌ک سانتیمه‌تر ناچێته پێشه‌وه، ده‌بینین له‌م سه‌رده‌مه‌دا په‌نا بۆ شتی تر ده‌بات و زۆر هوشیارانه وه‌ک ئامرازی سه‌رده‌م به‌کاریان ده‌هێنن، بۆ نمونه به‌کارهێنانی په‌رله‌مانی کوردستان به ریمۆت کۆنترۆڵ، په‌نابردن بۆ کاغه‌زه شڕ و رزیوه‌کانی رێکه‌وتنێک یا یاسایه‌کی ژهنگههڵگرتو، وته سواوه‌کانی سه‌رکرده‌یه‌ک و بێگومانیش سه‌رگوزشته‌کانی خه‌بات و ماندوبونیان که رۆژانه سه‌دانجار دهیچڕنهوه.
زه‌مینه و بناغه‌ی 30 حوزه‌یران به‌م که‌ره‌سه سه‌قه‌ت و به‌سه‌رچوانه خۆشهکراون و داڕێژراون، خۆ ده‌یانتوانی کوێخائاسا بیکه‌ن بێئه‌وه‌ی له به‌رگێکی شڕی رزیوی یاسایه‌کدا بیپێچنه‌وه. ئه‌وه‌ی یه‌که‌میان ده‌بوه کهڵهگایهتیهکی کوردانه و ئه‌مه‌ی دوه‌میش بۆته چه‌واشه‌کاریه‌کی سه‌رده‌مانه. هه‌رچۆنێکیش بیبه‌ن و بیهێنن و ئاراسته‌ی بکه‌ن و بهدهستخۆشیکی جوان بیهۆننه‌وه هه‌ردو چه‌مکه‌که‌ی تێدا زاڵه، وه‌ک وتویانه "مه‌یمون خۆی زۆر جوان بو ئاوڵه‌شی گرت".
ئه‌وه خه‌سڵه‌ته‌کانی ئه‌و ئه‌قڵیه‌ته‌یه، ئیتر بۆده‌بێت ئێستا چاوه‌ڕوانی شتێکی تری لێ بکریت؟ راسته ئه‌و ئه‌قڵیه‌ته توانای بێئه‌ندازه‌ی هه‌یه بۆ خۆنمایشکردن به‌چه‌ند رویه‌که‌وه، به‌ڵام له گه‌وهه‌ردا شتێکی ئه‌وتۆ نه‌گۆڕاوه تا هانده‌ری ئه‌م چاوه‌ڕوانیه بێت؟
شه‌ڕی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌قڵیه‌ته کاره‌ساته، له‌به‌رئه‌وه‌ی مێژو ناناسێت بۆیه شه‌ڕه‌که‌ی ئه‌و بۆ مێژو نیه، به‌ڵکو بۆخۆیه‌تی، نابینن سیمبوڵه زیندوه‌کانی ئه‌و ئه‌قڵیه‌ته چۆن که‌وتونه‌ته هات و هاوار و هه‌ڕه‌شه و په‌لاماردانی "شه‌لم کوێرم ناپارێزم" ئاسا. ئه‌و ئه‌قڵیه‌ته شه‌یدای خۆشه‌ویستی و وه‌فایی نه‌ماوه و شاده‌ماره‌کانی به رق و کینه و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه ته‌نراون. ئه‌و ئه‌قڵیه‌ته له‌وه ده‌رچوه بتوانێت به مه‌نتیق و بابه‌تیانه و چاوکراوه‌یی دنیای به‌رده‌می خۆی ببینێت. سه‌یره چاوه‌ڕوان بکرێت ئه‌و مێشکه‌ی له کاسهسهردا ئه‌و ئه‌قڵیه‌ته‌ی به‌خێو کردوه و هه‌ڵگرتوه له‌باریشی ببات، چونکه ئه‌وه مانای نه‌مانی خۆیه‌تی.
له‌م هه‌رایه‌ی له‌سه‌ر 30 حوزه‌یران به‌رپاکراوه ئۆپۆزسیۆن و زۆر تایبه‌ت بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان نه‌یتوانیوه مه‌به‌ست به‌ته‌واوی بپێکێت، ده‌بوا قورسایی زۆری شه‌ڕ و ململانێی ئۆپۆزسیۆن له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌قڵیه‌ته زاڵ و باڵاده‌سته بوایه نه‌ک که‌سایه‌تیه‌کان. وێڕای ئه‌وه‌ی ئه‌مانه و ته‌نانه‌ت به‌شێکی به‌رچاوی ئۆپۆزسیۆنیش (به‌لایه‌نی که‌مه‌وه ئیسلامیه‌کان ترسێکیان له خواکه‌یان هه‌یه و کتێبێکی ئه‌زه‌لیان له مێشکدایه) گۆشه‌کراو و به‌رهه‌می ئه‌و ئه‌قڵیه‌ته‌ن، به‌ڵام له راستیدا جیاوازی له‌نێوانیشیاندا به‌رچاوه، ئه‌گه‌ر بێته‌سه‌ر ههڵبژاردهکردن ده‌بێت ئه‌و جیاوازیانه پێوه‌ری ههڵبژاردهکردنهکه بن.
هه‌مو دنیا گه‌وره‌یی ماندێلای له یه‌که‌م ساتی ئازادکردنی پاش 27 ساڵ له زیندان بینی، کاتێک به‌پاسه‌وانی ژوری زیندانیه‌که‌ی وت: "براکه‌م چه‌که‌که‌ت دابنێ با به‌یه‌که‌وه کار بۆ ئایندهی وڵاته‌که‌مان بکه‌ین" ئه‌وه حسابکردنه بۆ ئاینده و بۆ مێژو. بێگومان ماندێلا ده‌یتوانی له نه‌شوه‌ی سه‌رکه‌وتن و به چه‌کی زۆرینه و هه‌ڵچونی جه‌ماوه‌ری تۆڵه‌ی مێژویی بکاته‌وه، هه‌موی به‌لادا دا، چونکه ئه‌و به‌خۆشه‌ویستی و وه‌فاداری بۆ وڵاته‌که‌ی ببوه ئه‌و سه‌رکرده مه‌زنه‌ی دنیا.
سازان له‌گه‌ڵ ئه‌قڵیه‌تێک به‌م خه‌سڵه‌تانه ئاسان نیه، مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵیدا پێویستی به هوشیاری و ئاگابونێکی زۆر و چه‌ندین پێوه‌ری تۆکمه هه‌یه، ترازان لێی گۆره‌پانه‌که‌ی بۆ چۆڵ ده‌کات و میلله‌تیش ده‌که‌وێته به‌ر ره‌حمه‌تی ناسراویانه‌وه، بۆیه ئه‌وه‌ی زاده‌ی ئه‌و ئه‌قڵیه‌ته‌یه و پێی رازیه پیرۆزی بێت، ئه‌وه‌شی ناتوانێت له‌و چوارچێوه‌یه‌دا شوێنێک بۆخۆی بدۆزێته‌وه با ماڵئاوایی ته‌واوی لێبکات. له‌نێوان ئه‌م دو دنیایه‌دا لێکتێگه‌یشتن و بێریزی نه‌کردن به‌یه‌کتر و رێزگرتن له سنوره فکری و سیاسی و ئیداریه‌کانی یه‌کتر به‌لایه‌نی که‌مه‌وه ئارامی و که‌ش و هه‌وایه‌کی گونجاو بۆ رۆیشتن به‌ره‌و ئاینده‌ساز ده‌کات.
کۆمه‌ڵگا و ژیان به دو ئه‌قڵیه‌تی زۆر دور و جیاواز له یه‌کتر و نه‌توانن به‌یه‌که‌وه بژین نه گه‌شه ده‌که‌ن و نه ده‌گوزه‌رێن و نه ئارامیش به‌رقه‌را ده‌بێت. کورد وته‌نی برامان برایی و کیسه‌مان جیایی.
|
|
|