چیا عه‌باس
" ده‌گێرنه‌وه مه‌مله‌كه‌تی ده‌سه‌ڵاتی پیغهمبهرێك زۆر وشك وبێبهرهكهت بوه وئه‌ویش له خوا پاراواتهوه چاره‌یه‌كی بۆ بدۆزیته‌وه، خواكهشی فرمێسكی رشتوه وتهریی بۆ به‌رپاكردوه"
له‌و ساته‌وه‌ی ناكۆكیه‌كانی ناو سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی زه‌قتر و توندتر‌و ئاراستهكراوتر بونه‌وه، هه‌وڵی دڵسۆزانه‌و نیه‌ت پاك دراوه بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگه چاره‌یه‌ك، به‌ڵام ئه‌و هه‌وڵانه له‌به‌رده‌م ده‌روازه‌ی چه‌ند گروپێكی خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی و مه‌رامی تایبه‌ت له‌ناو ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌كێتیی دا چهقیبون وپهنگیان خواردبوه‌وه و ئه‌و ده‌روازه‌یه زۆر به‌توند و قایمی به روی چاره‌دا داخرابو.
پاش شكستیه به‌رچاوه‌كه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌كێتیی له دواههڵبژاردنهكانی پارڵه‌مانی كوردستان كه به‌پێی ئه‌نجامه‌كان ئه‌و ده‌سه‌ڵاته متمانه‌ی زیاتر له 60% جه‌ماوه‌ری حزبه‌كه‌ی خۆی له‌ده‌ست داوه، پێویست بو هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كی بوێر‌و كراوه‌و بابه‌تیانه بكه‌ن، ده‌بوا به‌پێی لۆجیكی دیموكراسیه‌ت و ریاڵیستیك د‌رك بكه‌ن و دانبه‌وه‌دا بنێن كه‌چی زیاتر ته‌نها خۆیان خاوه‌نی ئێستا وئاینده نین. هه‌روه‌هاش ده‌بوا به‌ده‌نگێكی بیستراو ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن له ده‌نگدان به لیسته‌كه‌یان و كاندیده‌كه‌یان بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم له ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتیان بهپێوهرهكانی دیموكراسی و شه‌فافیه‌ت شێبكردایهوهو باسیان بكردایه‌و مانا‌و ئاكامه‌كانی كاریگه‌ری ئه‌م كه‌مبونه‌وه زه‌ق و هه‌ستیاره‌ی متمانه‌ی خه‌ڵك پێیان چیبون.
هه‌روه‌ك چاوه‌ڕوان ده‌كرا ئه‌وان نه‌عامه ئاسا هیچیان نه‌بینی و به‌قسه‌و لێدوان‌و نوسینه دیمۆگاگیهكانیان هۆكاری شكستیهكهیان ته‌نها بۆ ناڕه‌زایی له كاره‌كانی حكومه‌ت و چه‌ند به‌رپرسێكی لۆكاڵی بێده‌سه‌ڵات ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌و به نیه‌تێكی ته‌نراو به گومان و مه‌رامی كه‌مكردنه‌وه له مانا و كاریگه‌ری سه‌ركه‌وتنی بزوتنه‌وه‌ی گۆران و ناڕه‌زایی و "نه‌خێری" جه‌ماوه‌ر بۆیان به دیارده‌یه‌كی ناوچه‌یی له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. به‌هه‌مان عه‌قلیه‌تی پێش شكست ده‌ڕواننه ئه‌و راپه‌رینه هێمنه هاوچه‌رخه‌ی زۆربه‌ی حزب و جه‌ماوه‌ر به‌رامبه‌ریان په‌رپای كردوه‌و تادێت ته‌شه‌نه‌ده‌كات. ده‌یانه‌وێت گوناه و هۆكاره‌كانی بخه‌نه ئه‌ستۆی بیرۆكانی " پلانگێران و دژایه‌تی" و " مه‌ترسی و هێزی ده‌ره‌كی" و رۆڵی " ناحه‌زان" و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته بهچنگیان به‌قایمی ته‌نانه‌ت پوشێكیش ده‌گرن.
جارجاریش به‌نه‌رمی گله‌یی و گازنده‌یه‌كی لابه‌لاش له‌خۆیان ده‌كه‌ن، بێئه‌وه‌ی هه‌ست بكه‌ن كه لوتیان له‌به‌ردی ئه‌لحه‌دی داوه‌و ره‌فتاری شانۆگه‌ری ده‌كه‌ن، ئه‌ڵێی نه‌بایان بینیوه‌و نهبارانو خۆیان بهسهركهوتو نمایش ده‌كه‌ن.
ناشێت له‌م جۆره كه‌س و عه‌قڵیه‌تانه گله‌یی و گازنده بكرێت چونكه ده‌مێكه ئه‌وه سروشت و سیما و كار و كرده‌وه‌یانه، گوناه له‌وه‌دایه كه به‌ناوی حزب و میلله‌ته‌وه له لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتدان و به "شه‌رعیه‌تی 50 به 50 ی رێككه‌وتنامه‌ی شه‌راكه‌ت" ه‌وه حزب و حوكمڕانیان به‌ره‌و شكستی و هه‌ڵدێر بردوه، وجارێكی تر،له گه‌ڵ ئه‌و شكسته گه‌وره‌یه‌شدا، ده‌یانه‌وێت به‌هه‌مان كه‌سان و عه‌قڵیه‌ته‌وه شانسی خۆیان تاقیكهنهوه.
ئه‌وان دان به‌وه‌دا نانێن گه‌ر " دڵفراوانی و گه‌وره‌یی " سه‌ركردایه‌تی پارتی نه‌بێت كه كورسیه‌كانیان وه‌ك برا له‌گه‌ڵدا دابه‌ش كردون و قایل بون سه‌رۆكی حكومه‌تیان پێببه‌خشن، چونكه له قازانجی پارتیدا نیه ئه‌و به‌شه‌ی له یه‌كێتیی ماوه‌ته‌وه زیاتر ته‌ره‌و بێسه‌روبه‌رتر بێت، و گه‌ر ئه‌و هه‌مو ساخته و فڕوفێڵانه له هه‌ڵبژاردن نه‌بوایه ده‌بوا به‌شه كه‌مینه‌كه‌ی یه‌كێتیی وه‌ك هێزێكی پله سێ یا چوار له ژیانی سیاسی‌دا گوزه‌رانیان بكردایه. داخ و هه‌زار داخ یه‌كێتیی یان به‌ده‌ستی خۆیان گه‌یانده ئه‌م مه‌قامه.
ئایا ده‌كرێت ئه‌و هه‌مو فرمێسكانه‌ی پشت په‌رده‌ی ئه‌م ده‌سته وتاقمانه ده‌یڕێژن و له هه‌مو ههڵسهنگاندنو بۆچونهكانیاندا ناوی به‌ڕێز مام جه‌لال ده‌خزێننه نێو پاساوه ههڵبهستراوهكانیانهوهو وه‌ك قه‌ڵغانێك بۆ پاراستنی خۆیان به‌كاری ده‌هێنن ببێته مایه‌ی قورتاربونیان له حوكمێكی دادپه‌روه‌رانه؟ ئایا ره‌وایه ته‌نها به لابردن و تڕۆكردنی چه‌ند به‌رپرسێكی ئاستی مامناوه‌ندی و گۆڕانی چه‌ند ده‌موچاوێك بۆیان بلوێ خۆڵ بكه‌نه چاوی رێكخستن‌و خه‌ڵكه‌وه‌و شكستیان ته‌نها له كه‌موكورتی حكومه‌تدا حه‌شاربده‌ن؟ له كاتێكدا كابینه‌ی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی له هه‌مو ئه‌وانه‌ی پێشوتر سه‌ركه‌وتوتر بوه.
ئه‌م عه‌قڵیه‌ته سیاسییه جگه‌له‌وه‌ی نامۆیه به بیر‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی ره‌سه‌نی دیموكراسی، كوده‌تایه‌كی ره‌شیشه به‌سه‌ر لۆجیك و پراكتیزه‌كردنی سیاسه‌تی واقیعیانه و ئاوێنه‌ی نیه‌تی خۆسه‌پاندنه به‌هه‌ر نرخێك بێت، له هه‌مان كاتیش‌دا نیشانه‌ی په‌رستنی ده‌سه‌ڵات و بهرژهوهندیهكانیهتی و جهختكرنهوهشه له چه‌مكی پاشایه‌تی و ره‌عیه‌ت كه باوه‌ڕیان پێهێناوه‌و له ئه‌رزی واقیعدا سه‌پاندویانه و پێڕهویشیان كردوه.
كێن ئه‌م تاقم وده‌ستانه و چیان كردوه‌و چیان ده‌وێت؟
ئه‌مانه به‌ڕاده‌ی سه‌ره‌كی له سێ گروپ پێكهاتون:
یه‌كه‌م: تاقم و ده‌سته‌ی به‌غدا، له‌و ساته‌وه‌ی مام جه‌لال بوه به سه‌رۆك كۆمار و تا ڕاده‌یه‌ك له كوردستان و له یه‌كێتیی دور بو، ئه‌م تاقمه هاتن به ره‌فتاره‌كانیان سه‌رۆك كۆمار، كه سه‌رۆكی هه‌مو پێكهاته‌كانی عێراقه و سه‌ركرده‌یه‌كی ناوداری كورده، بچوكیان كرده‌وه بۆ سه‌ركرده‌ی ته‌كه‌تولێك و چه‌ند ده‌سته‌و تاقمی ده‌سه‌ڵاتداری ناو یه‌كێتیی و بازنه‌یه‌كی توندیان له‌ده‌وری قوتكرده‌وه و به زانیاری نادروست و هه‌ڵه‌و ناته‌واو مام جه‌لال-یان له شته‌كان ئاگادارده‌كرده‌وه. ئه‌م تاقمه گوناهباره كه له‌نێو خۆیاندا گونجاو نه‌بون و نین و بۆ پاراستنی پله و به‌رژه‌وه‌ندیان به‌یه‌كه‌وه‌و به‌جیاش كاریان كردوه بۆئه‌وه‌ی دڵی مام جه‌لال رابگرن و وه‌لا و سۆزی شانۆگه‌ری بۆ نمایش كه‌ن و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر بریار و رێنماییه‌كانی به‌ڕێزی هه‌بێت.
به‌شێك له‌م تاقمه‌ی به‌غدا زۆر له مام جه‌لاله‌وه نزیكن و كاریگه‌ریان له‌سه‌ری هه‌بوه‌و هه‌یه‌و باڵادهستیشن له ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌تی عێراق وله پشت په‌رده‌وه هه‌میشه خه‌ریكی چنینی تۆڕی جه‌مسه‌رگه‌ری جاڵجۆڵهكه ئاسای خۆیان بون بۆ مسۆگه‌ركردنی به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تیه باڵاكیانیان له‌دابینكردنی ده‌سه‌ڵات و پاره‌و پلاندانان‌و ده‌سته‌مۆكردنی ئه‌وه‌ی پێیان كراوه له ئه‌ندامانی لیستی هاوپه‌یمانی كوردستانی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق‌و یاریكردن له‌سه‌ر چه‌ندین په‌تی عێراقی و ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی.
ئه‌م ده‌سته‌یه پشكی شێریان له ئیمتیازات و گرێبه‌سته گه‌وره‌كانی هه‌رێم و به‌شێك له عێراق به رێگه‌ی دژ به یاسا‌و عورف بۆخۆیان و منداڵه‌كانیان و براو زاوا‌و خزم‌و كه‌سوكاریان مسۆگهركردوهو ته‌نانه‌ت ئینته‌رپۆڵ به‌دوای هه‌ندێك لێیان ده‌گه‌ڕا. به‌خه‌ستی ده‌ستیان له‌ناو ده‌ستی كۆنه به‌عسیه‌كان و به‌ناو "نیشتمانپه‌روه‌ره قزمهكان" كردوه كه ئه‌مڕۆ له سه‌نته‌ری ده‌سه‌ڵات و بڕیاردان بۆئه‌وه‌ی پایه‌وپله‌ی خۆیان قایم بكه‌ن.
خوێندنه‌وه‌یه‌كی وردی راپۆرتی تایبه‌تی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌به‌غدا له‌ساڵی 2007 و راپۆرتی ساڵی 2009 ی به‌رپرسی ده‌زگای ئه‌مه‌ریكی بۆ بنیاتنانه‌وه‌ی عێراق و چه‌ند لایه‌نێكی تریش له‌مه‌ڕ گه‌نده‌ڵیه‌كانی سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت و ده‌سه‌ڵاتداران له به‌غدا به راشكاوی باس له‌ڕۆڵی ئه‌م جۆره ده‌سته‌وتاقمانه ده‌كات. گومان له‌وه‌دا نیه كه چه‌ند كه‌سایه‌تیه‌كی باڵاده‌ستی ئه‌مه‌ریكی له یه‌كه‌م چركه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی حاكم برێمه‌رو تا ئه‌مڕۆش هه‌م كارئاسانیان بۆ كردون و هه‌م وه‌ك برا گه‌وره شه‌ریكیان بون. هه‌روه‌ها ئه‌م تاقمه به‌رپرسی یه‌كه‌من له كه‌مته‌رخه‌می له جێبه‌جێنه‌كردنی چه‌ندین خاڵی گرنگی پابه‌ند به بزاڤه نهتهوهییهكهمانهوه، هه‌روه‌ها به‌رپرسیاریه‌تی ته‌وایان هه‌یه لهتهخش و په‌خشكردنی پۆسته باڵاكانی رێژه‌ی كورد له حكومه‌تی عێراق چ له كاری دیبلۆماسی و چ له پۆسته باڵاكانی كاڕگێری و بازرگانی و سه‌ربازی به‌سه‌ر منداڵ و كه‌سوكار و دهستوپێوهندیاندا.
راسته مام جه‌لال له ژیانی سیاسی و رێكخراوه‌ییدا ده‌یان سه‌رچاوه‌ی جیاوازی هه‌واڵ و روداوه‌كانی هه‌یه و رۆژانه ئاگاداری ده‌كه‌نه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ئه‌ركی ئۆرگانێكی باڵای حزبی و ئه‌ندامه‌كانیه‌تی، به‌تایبه‌تی بازنه‌ی یه‌كه‌م، كه راستگۆیانه‌و به دروست و پاكیه‌وه زانیارییه‌كان به‌لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵات بده‌ن تا بڕیاری دروستی لێبكه‌وێته‌وه. ئه‌م تاقمه‌ی به‌غدای ده‌وری مام جه‌لال زۆر به‌ده‌گمه‌ن ئه‌م ئه‌ركه‌یان جێبه‌جێ كردوه، به‌شی گرنگی ئه‌م تاقمه لینكی تایبه‌ت و داخراویان له‌گه‌ڵ به‌شێك له ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مه‌ریكی له عێراق هه‌یه‌و كهشوههوایهكیان سازكردوه كه زۆر ئه‌سته‌م بوه بتوانن سنوره‌كانی پلان و هاوكێشه‌كانی ئه‌وان ببه‌زێنن. ئه‌م راستیه له كێشه‌كانی ناوچه دابڕاوه‌كان له هه‌رێم و به‌تایبه‌ت كه‌ركوك و ماده‌ی 140، له یاسای نه‌وت وگاز، له رۆلُی توركیا و ئێران له هه‌رێم و عێراق، له گرێبه‌سته‌كانی نه‌وتی هه‌رێم، له رۆڵی كۆنه به‌عسی و سوننه‌كان و چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌كی تردا به‌رچاوه.
ئه‌م كه‌سانه تا كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كان كه‌م یا زۆر خۆیان دوره‌په‌رێز له كوردستان راگرتبو،له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی بانگه‌شه‌ی ههڵبژاردنداو ده‌ستبه‌كاربونی لیستی گۆڕان ئه‌مسه‌روئه‌وسه‌ری كوردستانیان پێوا بۆ پیشاندانی روخساری كاڵبوهوه و لهبیرچویان، به‌ڵام وه‌ك گروپه‌كانی تری ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌كێتیی نائومێدی و بێمتمانه‌یی خه‌ڵك پێیان دروێنه‌كرد
.
دوه‌م: تاقم و ده‌سته‌ی سلێمانی،ئه‌مان له‌وه‌ی به‌غدا جیاواز بون: راسته‌وخۆ له حوكمدا نه‌بون و له‌نێو خۆیان زۆرتر شیروتیریان له‌یه‌كتر دهسو و زۆربه‌ی ئۆرگانه‌كانی حزبیان لهژێردهستدا بو و چاوی راسته‌وخۆی سكرتێری گشتیان له‌سه‌ر نه‌بو، هه‌ریه‌ك له‌مانه له قه‌وانێكی ده‌خوێند و قه‌ڵایه‌كی رێكخراوه‌یی و دارایی له‌ناو حزب و له ده‌ره‌وه‌ی بۆخۆی بنیات نابو.
زه‌مینه‌ی گه‌مه‌كانی ئه‌م ده‌سته‌یه تاده‌هات له‌بارتر و خۆشتر ده‌بو به قوڵبونه‌وه‌ی ناكۆكیه‌كانی نێو ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌كێتیی و تا بۆیان ده‌لوا ئاگره‌كه‌یان خۆش ده‌كرد و به ناوی یه‌كڕیزی‌و پێڕه‌وی یهكیتیییهوه كه‌وتبونه "پاككردنه‌وه‌ی" یه‌كێتیه‌كه‌ی خۆیان له ده‌نگ و ره‌نگی ركابه‌ر و ریفۆرم و گۆڕان. ئه‌مانه وه‌ك " جه‌سته‌یه‌كی تایبه‌ت" له‌ناو جه‌رگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتیدا له سلێمانی كاریان ده‌كرد. هه‌می سه‌ره‌كی ئه‌م ده‌سته‌یه پاوانكردنی ده‌سه‌ڵاتی حزب بو له‌بواری رێكخراوه‌یی و راگه‌یاندن و داراییه‌وه. زۆربه‌ی كات سكرتێری گشتیان به ناڕاستی و نیوه‌چڵی له كاروباری حزب ئاگادار كردۆته‌وه‌و هه‌میشه به خۆهه‌ڵكێشان و فوكردن به كاره‌كانی خۆیاندا ویستویانه سكرتێری گشتی به رێگای چه‌وتدا به‌رن. له هه‌مان كاتیش‌دا باسیان له‌وه كردوه كه كێشه‌كان و ناڕهزاكانی ناو یه‌كێتیی بچوك وكهمن و ئاماری زۆر نادروست و هه‌ڵبه‌ستراویان به‌رزكردۆته‌وه، چه‌ندین جاریش ئاگری كێشه‌كانیشیان بۆ یه‌كێتیی و مام جه‌لال خۆشتركردوه.
ئه‌مانه ته‌نها به‌ده‌هۆڵ لێدانیان بۆ پێڕه‌وو به‌ستنی كۆنگره پێشنیازی ئه‌و بیرۆكه سه‌قه‌ته‌یان ده‌كرد كه هه‌مو شتێك له‌ژێر كۆنترۆڵدایه و به "پاككردنه‌وه‌ی" ریزه‌كانی یه‌كێتیی له " گێره‌شێوه‌ن و ئاژاوه‌چیه‌كان" سه‌روه‌ریه‌كانی خه‌بات و خوێنی شه‌هیدان به‌رز راده‌گرن و یه‌كێتیی ده‌خه‌نه‌وه سه‌ر سكه‌ی خۆی. ئه‌م تاقمه به به‌رنامه‌ی ئۆرگانی تایبه‌ت و بودجه‌ی تایبه‌ت و كۆبونه‌وه‌و بڕیاری تایبه‌تی خۆیان كاریان كردوه به‌ده‌ر له‌مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی و لاسایی ئێرانیه‌كانیان كردۆته‌وه له دروستكردنی ده‌سته‌ی "پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه باڵاكانی یه‌كێتیی" دا، كه له‌چه‌ند ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی و به‌رپرسی مهڵًبهند و ده‌زگا تایبه‌ته‌كان و چه‌ند به‌رپرسێكی هێزی پێشمه‌رگه پێكهاتبو. ئه‌م ده‌سته‌یه نه‌ك ته‌نها مه‌رام و بڕیاره‌كانی خۆیان به‌سه‌ر یه‌كێتیی دا سه‌پاندوه، به‌ڵكو ئیداره‌ی ململانێكانی نێو سه‌ركردایه‌تیان به‌و ئاراستانه‌دا بردوه تا به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان پارێزراو بن. ئه‌مانه هۆكاری سه‌ره‌كی تێكچونی یه‌كڕیزی ناو یه‌كێتیی و پێشێلكردنی پره‌نسیپه‌كانی رێكخستن بون‌و گه‌رای ته‌كه‌تول و ناوچه‌گه‌رییان داناوه‌و گه‌وره‌ترین دو فاقهییان سازداوه‌و تا ده‌هات گۆمی كێشه‌كانیان قوڵتر ده‌كرده‌وه تا مه‌له‌ی خۆشی خۆیان بكه‌ن.
سێیه‌م: تاقم وده‌سته‌ی فره‌ره‌نگ،ئه‌مانه له نێو ده‌سه‌ڵات و خانه‌واده‌كانی ده‌سه‌ڵاتداران و له په‌راوێزیدا كاریان ده‌كرد، وه‌ك كه‌سانێك له ده‌زگا تایبه‌ته‌كان، هه‌ندێك له فه‌رمانده‌كانی هێزی پێشمه‌رگه، به‌رپرسه باڵاكانی پاره‌وپول و بازرگانییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌كێتیی. ئه‌مانه زۆرتر هه‌ڵسوڕێنه‌ر بون و فه‌رمانه‌كانیان جێبه‌جێكردوه، له‌هه‌مان كاتیش‌دا بوئره‌ی گه‌نده‌ڵی و كرداری نادروست بون، راپۆرت و هه‌ڵسه‌نگاندنی نادروست و هه‌ڵبه‌ستراویان بۆ سه‌نته‌ری ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر هه‌ڤاڵ و هاو خه‌باته‌كانی خۆیان به‌رزكردۆته‌وه. تا پێیان كرابێت بازاڕیان دۆشیوهو گوشیوه. ئه‌مانه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه خه‌ڵكانی لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان تێدابوه، به‌ڵام هیچ په‌یامێكی سیاسی و فكریان نه‌بوه، ژیان و به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان بهخۆشكردنی ئاگری ململانێكان به‌ڕێوه‌چوه‌و ده‌سكه‌لایه‌ك بون به‌ده‌ست لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی تاقمه‌كانی تره‌وه.
ئه‌م تاقمانه لق و پۆپیان له ناو‌و ده‌وروبه‌ری رێكخستنداو له هه‌مو بوارێكدا داكوتیوه و بونه‌ته تۆڕێكی شاراوه‌ی زۆر ده‌سه‌ڵاتدار، له تاران و شام و ئه‌نقه‌ره‌و ئه‌بو زه‌بی و عه‌مان تا وڵاتانی ئه‌وروپا، وڵات هه‌یه كه زیاتر له ده نوێنه‌ری نوینه‌ره زۆره‌كانی یه‌كێتیی و سكرتێری گشتی و جێگره‌كانی تێدایه و هه‌مویان موچه‌خۆرن و به‌شێك لێیان تۆڕێكی بازرگانی و بازنی گومانلێكراویان دروستكردوه، له هه‌مان كاتدا وه‌ك چاودێرێكی گوێرایه‌ڵ و بێ ویژدان به‌سه‌ر هه‌ڤاڵان و ئه‌ندامه دڵسۆزه‌كانی رێكخستنه‌وه قوتكراونه‌ته‌وه و له‌لایه‌ن سه‌روی خۆیانه‌وه یارمه‌تی و پشتگیری كراون.
سكرتێری گشتی و پرسیارێكی به‌جێ
پرسیارێكی ره‌وا لێره‌دا خۆی ده‌سه‌پێنێت ئه‌ویش: هه‌نوكه به‌شێكی زۆری ئه‌م ده‌سته و تاقمانه‌ی ناو یه‌كێتیی به‌شێكی گوناهه‌كانی شكست ده‌خه‌نه ئه‌ستۆی یه‌كتر و هه‌ر تاقمێكیش مام جه‌لال یان كردوه به قه‌ڵغان بۆ پاراستنی خۆی. به‌ڵام ئایا مام جه‌لال نه‌یده‌توانی ئاراسته‌كان به‌شێوه‌یه‌كی تر به‌ڕێوه‌ببات و به رێگایه‌كی تردا بیانخاته گه‌ڕو ئه‌م تاقمانه له نه‌خشه‌ی رێكخراوه‌یی یه‌كێتیدا پشتگوێ بخات و لێیان بپرسێته‌وه؟
بۆچی به‌ڕێز مام جه‌لال به‌ڕاشكاوی رۆڵی خراپی ئه‌و ده‌وروبه‌ره‌ی مه‌حكوم ناكات و له‌رێگای لێكۆڵینه‌وه‌و لێپرسینه‌وه‌ی حزبیه‌وه سزای گوناهباره زه‌به‌لاحه‌كان نادات؟ كه‌س گومانی له‌وه نییه كه مام جه‌لال مێژوو كه‌سایه‌تی و ده‌ماری یه‌كه به‌یه‌كی ئه‌و زاتانه ده‌ناسێت و ده‌زانێت. ئه‌گه‌ر ئه‌م كاره نه‌كات ئه‌وا مانای ئه‌وه‌یه یا خودی خۆی ئه‌و تاقمانه‌ی به‌كارهێناوه‌و به‌ڕێوه‌ی بردون، یا مه‌به‌ستی نیه یا ناتوانێت كارێكی له‌و جۆره بكات. هه‌ر كامێك له‌م ئه‌گه‌رانه له ئارادابن مام جه‌لال هه‌ر به‌رپرسیاری یه‌كه‌مه چونكه سكرتێری گشتی یه‌كێتی یه و باوه‌ڕیش ناكه‌م فرمێسكه‌كانی ئاسمان وشكی ئه‌م وه‌رزه‌ی ژیانی سیاسی ئاودار بكات.
ئه‌م ده‌سته و تاقمانه شهریحهیهكی بچوكی ناو یهكێتییین، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدار و لاده‌رو تێكده‌رن، به‌شێك له‌مانه كه‌سانێكی لاوازن و هه‌ندێكشیان خاوه‌ن مێژویهكن كه زۆر پرسیاری له‌خۆ گرتوه، كه‌میش نین له‌وانه‌ی ناو ئه‌و ده‌سته‌و تاقمانه و زۆر نزیكه‌كان لێییان كه خاوه‌نی فایلی خیانه‌ت و روڕهشین و له پلینیۆمی 2007 دا به چه‌پڵه‌ڕێزان "لێبوردنیان" پێبه‌خشراوه. لێبوردن مانای ئه‌وه‌یه تاوانباربون، ئه‌گینا لێبوردن له‌چی؟
هه‌ندێكی تر له كاراكته‌ره‌كانی ئه‌و ده‌سته و تاقمانه زۆر گورج گۆڵ و به‌گه‌رمیه‌وه سه‌نگه‌ری دژایه‌تی و شهڕهنگخوازیان له هاوخه‌بات و هاوسهنگهرهكانیان گرتوه‌و به تایبه‌ت له كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، ئه‌گه‌ر چاودێریی ورد‌و توندی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا نه‌بوایه و به‌ده‌ست ئه‌م ده‌سته شهڕهنگخوازو دواكه‌وتوه بوایه ده‌مێك بو به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه شاری سلێمانی یان خهڵًتانی خوێن كردبو.
كه‌سانێكی به‌رچاو له‌و تاقم و ده‌ستانه جوانی و به‌هاكانیان به رۆژی نیوه‌ڕۆ ئه‌تك كردوه‌و به‌تایبه‌تی له سلێمانی، كه‌سانێكن له نه‌ریتی ره‌سه‌نی كوردایه‌تی هه‌ڵگه‌ڕاونه‌ته‌وه‌و هاتون به‌ناوی شۆڕشگیری و خه‌باته‌وه، له‌گه‌ڵ به‌رزنرخاندنی قوربانی وخه‌بات وماندوبون، ده‌یانه‌وێت به‌رژه‌وه‌ندی و ئاره‌زو و حه‌زه شه‌خسیه ناڕه‌واكانی خۆیان به‌زۆره‌ملێ و چاوسوركرنهوه له‌ناو جه‌رگه‌ی شاری ههڵًمهتی گۆڕاندا بهێننه‌دی، چونكه له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م شاره ده‌سه‌ڵاتێكی وایان نیه، بۆیه زۆربه‌ی خه‌ڵكی ئه‌م ده‌ڤه‌ره له‌یه‌كه‌م ده‌رفه‌تی دیموكراسیدا سزایه‌كی قورسی داون و ده‌بێت ئه‌مه ببێته وانه‌یه‌كی قورس بۆیان تا دوپاتی نه‌كه‌نه‌وه.
ئه‌ركێكی مێژویی به‌ڕێز مام جه‌لاله كه به وردی و جدی و راشكاوانه خۆی له‌م ده‌سته و تاقمه تێكده‌رانه بپچڕێت و سزای رێكخراوه‌ییان بدات.
مام جه‌لال، خۆشمان بوێت یا تاڵ، له پایزی ژیانی سیاسیدایه، ئه‌ركی به‌ڕێزیه‌تی، ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌و یهكێتیییهی ئێستای به‌رده‌ستیشی بێت كه ته‌مه‌نی 35 ساڵ له ژیانی پر خه‌بات و ماندوبونی تێدا به‌سه‌ربردوه‌و سه‌ركرده‌ی بوه و له هه‌مو سه‌ركه‌وتن و شكستیه‌كانی به‌رپرسی یه‌كه‌مه، له‌و جۆره ده‌سته‌و تاقمانه پاك بكاته‌وه و بژاری حزبه‌كه‌ی بكات له " ناحه‌زه شاردراوه‌كانی خۆی" كه ئه‌زمونی دوا هه‌ڵبژاردن سه‌لماندی كه ئه‌وانه هه‌ر له مێژه‌وه خه‌ریكی بچوككردنه‌وه‌ی یه‌كێتیی و كه‌سایه‌تی ئه‌ون.
ناكرێت له‌كاتی شكستی سیاسی و دیموكراسیدا سه‌ركرده كاراكته‌ره باڵاكانی شكست له لێپرسینه‌وه و سزادان قورتار بكات و به هه‌مان ئه‌و كه‌سایه‌تیانه پشتئه‌ستور بێت بۆ راستكردنه‌وه و به‌رده‌وامبون. ئه‌مه هه‌وڵدانێكی نه‌زۆكه‌و وشكایی ئه‌م وه‌رزه فه‌رامۆش ناكات.
|