کورد و زه‌لکاوه‌که‌ی مالیکی
|
چیا عه‌باس
دوای کۆشتنی محەمەد بدێوی له‌لایه‌ن ئه‌فسه‌رێکی کورده‌وه ده‌مامک له نیه‌ت و روخساره ره‌سه‌نه‌که‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی "عێراقی نوێ" به‌ته‌واوی راماڵدرا. عه‌نته‌ره‌که‌ی به‌غدا یه‌کسه‌ر شمشێری هه‌ڵکێشا و هه‌ڕه‌شه‌ی خوێنڕشتنی کرد، مالیکی به‌م ره‌فتاره‌ی ئه‌و کوردانه‌ی له مێژه له ژێر خه‌یمه‌ی "وه‌فای خێڵهکیهکهیدا" ده‌حه‌وێنێته‌وه روبه‌روی دیلێمایهکی سیاسی کردوه که تا ئه‌م ساته‌ش ئاکامه‌کانی دیار نین.
ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ک له مێژو
که‌م نه‌بون ئه‌و به‌رپرس و سه‌رکردانه‌ی کورد له پێش روخاندنی سه‌دام ته‌پڵی عێراقێکی فیدراڵی دیموکراسیان لێده‌دا، له کۆبونه‌وه‌کانی هێزه‌کانی ئۆپۆزسیۆنی عێراق له له‌نده‌ن به‌چه‌ند مانگێک پێش په‌لاماردانی عێراق له ساڵی 2003 به‌شێکی به‌رچاوی سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد به‌وپه‌ری په‌رۆشی و جۆش و خرۆشه‌وه مژدانه‌ی نزیکبونه‌وه‌ی به‌دیهاتنی خه‌ونی عێراقێکی دیموکراسی فیدراڵیان راده‌گه‌یاند.
تاکه سه‌رکرده‌یه‌کی کورد که دو دڵ بو له نیه‌تی هێزه عێراقیه‌کان و تایبه‌ت شیعه‌کان و نه‌یده‌ویست ئایندهی کوردستان به‌توندی به ئه‌جێندای سیاسی ئه‌و هێزانه و به‌عێراقه‌وه ببه‌ستێته‌وه مسعود بارزانی بو. بۆیه له کۆبونه‌وه‌کانی له‌نده‌ن هه‌ڵوێسته‌کانی نه‌رم نه‌بون و له‌ژێر فشاری ئه‌مەریکا (زاڵمای خلیلزاد) کۆبونه‌وه‌کانی جێنه‌هێشت. ئه‌مه ته‌نها ره‌نگدانه‌وه‌ی که‌م متمانه‌یی بارزانی نه‌بو به‌نیه‌تی ئه‌و هێزه عێراقیانه، به‌ڵکو له ژێر زهمینهکهشیدا دڵه‌راوکێیه‌کی واقیعیانه‌ی زاده‌ی ئه‌زمون به‌رامبه‌ر به‌نیه‌تی راسته‌قینه‌ی ئه‌مەریکا گوزه‌ری ده‌کرد.
ئه‌قڵیه‌تی سیاسی بارزانی زیاتر به چه‌مکه‌کانی کوردایه‌تی سه‌رده‌می شه‌ڕی سارد گۆشه کرابو، یه‌کێک له خه‌سڵه‌ته‌کانی ئه‌وه‌بو هه‌ر هاوپه‌یمانی و دۆستایه‌تیه‌ک کاتیه و شیانی متمانه‌ی کوێرانه نیه. کورد له سه‌رده‌می خه‌باتی شاخ و ئه‌و کاره‌ساته گه‌ورانه‌ی توشی هاتبو ئه‌زمونێکی درێژی ده‌یان ساڵی هه‌بو، که هیچ سودێکی سیاسی و ئابوری واقیعی ئه‌وتۆی له عه‌ره‌ب نه‌کردبو بێجگه له هاتوهاواری نه‌بیستراو و به‌کارهێنانی کارتی کوردی بۆ مه‌رامه‌کانیان له به‌رامبه‌ر یارمه‌تی سنورداری هێزه کوردیه‌کان و کارئاسانی مرۆیی بۆ ده‌یان هه‌زار کوردی ده‌ربه‌ده‌ر و ئاواره.
هه‌ر هۆکارێک و هانده‌رێک له‌پشت ئه‌و بیرکردنه‌وه و هه‌ڵوێستانه‌ی سه‌رۆکی پارتیه‌وه بوبن دروست و راستی دڵه‌راوکێ و بێمتمانهییهکهی به‌تاڵ ناکه‌نه‌وه.
ئه‌مەریکا په‌لاماری عێراقیدا و سه‌دام روخێنرا، به‌رێگه‌ی ئه‌نجومه‌نی حوکم هاوکێشه‌ی حوکمڕانی ته‌وافق له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بی و تایفی کرده ئه‌مەریکی واقیع له عێراقی نوێ‌دا، هه‌ڵبژاردنێکی مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌یی به‌ڕێکرا، ده‌ستورێکی نیمچه ئاینیی په‌سندکرا، پشکی کورد له پاره و پله بڕایه‌وه، سه‌رۆک کۆمار بۆ کورد ده‌رچو، فیدراڵیهتیهکی ئیفلیج کرا به‌بناغه‌ی داڕشتنی په‌یوه‌ندیه‌کانی هه‌رێم و به‌غدا، وه‌زیر و په‌رله‌مانتارانی کورد له به‌غدا سه‌مای هاوپه‌یمانی و برایه‌تیان بهشاباشهوه گه‌رم و جۆش ده‌کرد، کورته‌که‌ی نوێنه‌رانی کورد له به‌غدا که‌وتبونه هه‌وای خۆیانه‌وه و سه‌رگه‌رمانه له حسێنیه‌کان شینیان بۆ هه‌ریسه‌که ده‌کرد.
پیته‌ر گاڵبرایت، دیبلۆماتکاری ناوداری ئه‌مەریکا و دۆستی کورد و گه‌وره راوێژپێکراوی سه‌رکرده‌کانی کورد له کاته‌کانی دانوستان له‌سه‌ر ده‌ستوری کاتی و هه‌میشه‌یی عێراق، له کتێبه‌که‌ی به‌ناوی کۆتایی عێراق: چۆن لێنههاتویهتی ئه‌مەریکا شه‌ڕێکی بێ کۆتایی به‌رپا کرد، له 2006 دا بڵاو کراوه‌ته‌وه، له لاپه‌ڕه 166دا نوسیویه‌تی: "له مانگی مایسی 2003 ده‌رکم به‌وه کرد که سه‌رکرده‌کانی کورد کێشه‌ی بیرکردنه‌وه‌ی به‌رته‌سکیان هه‌یه له پلاندانان بۆ عێراقێکی فیدڕاڵ. ئه‌وان بیریان له شۆڕکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌کرده‌وه، به واتایه‌کی تر به‌غدا مافه‌کانیان پێ ببه‌خشێت. من جه‌ختم ده‌کرده‌وه هاوکێشه‌که پێچه‌وانه بکرێته‌وه... تاد". له مانگی ئۆگۆستی 2003دا گالبرایت نامه‌یه‌ک بۆ دو سه‌رکرده‌که‌ی کورد ده‌نوسێت و پێیان ده‌ڵێت: "سه‌یرم لێدێ له‌و پێگه بههێزهتانهوه چاوه‌ڕوانن له به‌غداوه ده‌سه‌ڵات و مافه‌کانتان بۆ شۆڕبکرێنه‌وه".
کاتێک مرۆڤ چه‌ند راپۆرتێکی ئه‌مەریکیه‌کان، له‌لایه‌ن ویکیلیکسه‌وه بڵاوکراونه‌ته‌وه، سه‌باره‌ت به‌هه‌ڵوێستی باڵاده‌سته‌کانی کورد له‌مه‌ڕ به‌غدا و په‌یوه‌ندیه‌کانیان ده‌خوێنێته‌وه دڵته‌نگیه‌کی شه‌رمدار دایده‌گرێت، به‌م بچوککردنه‌وه‌ی خۆیان و کورد لایه‌نه‌کانی تریان، تایبه‌ت به‌ره‌ی شیعه، زۆر گه‌وره کرد.
"مانگی هه‌نگوینی" زۆری نه‌خایاند و هه‌ر زۆر زو شهر و مه‌رافه‌ی مێژویی نێو شیعە وسوننە سه‌ریان هه‌ڵدایه‌وه، وێرای ئه‌وه‌ی ئەم زۆرانبازیەیان هیچ پەیوەندیەکی راسته‌وخۆی بەفێدراڵی و دیموکراسیەت و مافەکانی کورده‌وه نه‌بوه و نیه، که‌چی کورد به "گه‌مه‌یه‌کی" ساده سه‌رقاڵی هێورکردنه‌وه و رازیکردنیان بو.
دەسەڵاتدارانی کورد له‌و دۆخانه‌دا بێلایەن نه‌بون، ئاشکرایە کە تاڵەبانی بەپشتیوانی شیعەی عێراق وبە هاندانی ئێران وسوریا پۆستی سەرۆک کۆماری وەرگرت، لە کاتێکدا ئەمه‌ریکا وعەرەبی ناوچەکە کەسایەتیەکی سونەی عەرەبیان پێ باشتربو. بۆیه له هه‌ڵسه‌نگاندنی سیاسی شیعه و هێزه‌کانی ناوچه‌که تاڵه‌بانی قەرزاری ئەم پشتیوانیکردنهیان بو وئه‌سته‌م بو خۆی لە محوەری شیعە دور رابگرێت. ئێستا باس ده‌کرێت که تاڵه‌بانی له ژێر فشاری ئێران‌دا هه‌وڵه‌کانی بارزانی بۆ سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له مالیکی شکست پێهێناوه.
بارزانی له دروستکردنی کابینه‌ی دوه‌می مالیکیدا هه‌مان هه‌ڵوێسته‌کانی پێشوتری توندتر کرده‌وه، کاتێک له وڵاتی نه‌مسا بو و له‌ژێر فشاری بێئه‌ندازه‌ی جێگری ئۆباما، بایدن، به‌دودڵیه‌وه گه‌ڕایه‌وه بۆ کوردستان و ئاکاماکهی رێکه‌وتنی هه‌ولێر بو که بوه رێگه‌خۆشکه‌ر بۆ مالیکی به‌رده‌وامی به حوکمڕانی بدات. بارزانی لە رێکەوتنی هەولێر کە حکومەتی ئێستای عێراقی لێکەوتەوە خەتمێکی تری پەسندکردنی لە پرەنسیپی تەوافق دا. هەڵەی بارزانی لەو رێکەوتنە بێجگە لەو هەڵڵایەی راگەیاندنەکانی لەسەریان بەرپاکرد، هەڵەی ستراتیژی بو، بارزانی متمانەی بە مالیکی بەخشیەوە بێئەوەی زەماناتی نێودەوڵەتی نوسراو بۆ کورد هەبێت، چونکە لە لایەک دەمێک بو عێراق خاوەنی خۆی نه‌مابو (تایبه‌ت ئه‌و سه‌رده‌مه هێزه‌کانی ئه‌مەریکا له عێراق بون و عێراق له ژێر به‌ندی 7 ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کاندا بو) و لە لایەکی تریشەوە ده‌بوا بارزانی ئه‌و راستیه‌ی ده‌یزانی به‌لادا نه‌دایه که ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی شیعە لە عێراقدا خاوەنی قسە وبەڵێنەکانی خۆیان نین و هێزه سیاسیه‌کانی شیعه تەماعکار و چاوچنۆکن بۆ دەسەڵات وپارە وتۆڵەکردنەوە و سه‌پاندنی ئه‌جێندای مه‌زهه‌بی خۆیان و قوڵاییه‌کی گه‌وره‌یان له ناوچه‌که هه‌یه.
وێرای ئه‌وه‌ی شیعه‌کان به‌درێژایی باڵاده‌ستی سوننه‌کان سته‌مێکی مه‌زهه‌بی خه‌ستیان لێکراوه، وه‌لێ زۆر کاڵفامی بو ئه‌و سته‌مکاریه له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له کورد کراوه بکرێنه زه‌مینه‌ی گرێبه‌ستێکی هاوبه‌شی سیاسی، دو سته‌می زۆر جیاواز له زه‌مینه و مێژو و هۆکار و مه‌دا و ئامانجه‌کان لێی، ته‌نها یه‌ک سته‌مکاری هاوبه‌شیان هه‌بوه. هێزه‌کانی شیعه زۆر زۆرزانانه له سه‌ره‌تای دوای روخاندنی سه‌دام ئه‌م ته‌وه‌ره‌یان به‌کارهێنا و به‌شێک له دسه‌ڵاتدارانی کوردیش، ئه‌م ساته‌شی له گه‌ڵدابێت، به‌سۆز و دیدێکی رۆمانسیهوه مامه‌ڵه له گه‌ڵ ئه‌و ته‌وه‌ره ده‌که‌ن. بۆیه دەبوا بزانرایە ئەم زه‌مینه سه‌پێندراوه کاتیه و ئامانیشی نیه.
ئەگەرچی بارزانی رێکەوتنی هەولێری گۆڕیەوە بە بەڵێنێکی مالیکی بۆ پەسندکردنی یاسای نەوت وگاز بەو شێوەیەی بارزانی لای مەبەست بو، هەر زو دەرکەوت کە مالیکی پیاوی قسە وبەڵێنەکانی خۆی نیە. زیادە بۆ ئه‌مه‌ش سیاسەت ورەفتاکردنی لە کەرکوک وناوچە دابرێنراوەکانی تر و شێوازی تاکره‌وی حوکمرانی تەواوی پێچەوانەی بەرنامەی حکومەت و بەڵێنەکانی بون بە کورد، ره‌تدانه‌وه توند و هیستیریا ئاسای خۆی و شه‌هرستانی هاو مه‌زهه‌ب و هاو خه‌باتی به‌رامبه‌ر به گرێبه‌سته‌کانی نه‌وتی حکومه‌تی هه‌رێم یه‌که‌م فیشه‌کی تهقێنراوی هزری شۆڤێنزمیان بو. دەبوا تاڵەبانی وبارزانی چاوەروانی ئەوەیان بکردایە کە رۆژێک دێت مالیکی نەک تەنها هار ده‌بێت بەڵکو لە ناخی دڵیشیدا سەرکردەیەکی مەزهەبی تاکره‌و و شۆڤێنیە.
حوکمڕانی مالیکی
مالیکی لەو کاتەوەی هاتۆتە ناو بازنەکانی دەسەڵاتەوە بە ئەقڵیەتیەکی پر لە رق وکینە وتۆڵەکردنەوە کاری کردوە. هیچ کاتێک نەیسلماندوە خەمخۆری بنیاتنانی عێراقێکی نوێیە، گه‌مه‌که‌رێکی لێهاتوی میکافیلیه له راگرتنی هاوسه‌نگی نێوان قوڵایی مه‌زهه‌به‌که‌ی، میحوه‌ری شیعه له ناوچه‌که، سه‌رچاوه‌ی هێزی سیاسی و سه‌ربازی، ئه‌مەریکا، له ئاستی ناوخۆشدا هه‌مان پێوه‌ری به‌رامبه‌ر به کورد و سوننه پێره‌و کردوه. مالیکی و دەوروبەرەکەی بەرپرسیاریشن لە رشتنی خوێن ودزین وتاڵان کردنی عێراق، مالیکی دامودەزگاکانی حکوموتەکەی کردوە بەمۆڵگەی هاومەزهەب و هاوبیره‌کانی و وه‌ک ئاماژه‌یه‌ک بۆ گەڕانەوە بۆ سەردەمەکانی جەهالەت مەرجەعیەتی مەزهەبەکهشی کردۆته رێگاپیشاندەری عێراق، هه‌روه‌ها وێڕای ئه‌وه‌ی مالیکی داهاتێکی زۆری له به‌رده‌ستدایه ئاستی خزمه‌تگوزاریه‌کان له عێراقدا مایه‌ی شه‌رمه‌زاریه، عێراق له پێشه‌نگی وڵاتانی دنیادایه بۆ نائارامی و گه‌نده‌ڵی و پێشێلکردنی مافه‌کانی مرۆڤ و له‌سێداره‌دان و کوشتنی رۆژنامه‌نوس و سپیکردنه‌وه‌ی پاره‌ی ره‌ش و زه‌لکاوێکی به‌پیته بۆ تێرۆریزم و... تاد. گومانێکی ره‌وایه کاتێک بپرسین ئایا ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق کارئاسانی ناکه‌ن بۆ داعش و گروپه تێرۆریسته‌کانی تر تا دزه بکه‌نه ناو هه‌رێم و له سه‌ر سنوره‌کانی جێگر بن و خۆیان کۆکه‌نه‌وه و ئاماده بکه‌ن و ئارامی و ئاسایشی هه‌رێم تێکبده‌ن.
ئێستا
له ئێستادا که ناکۆکیه‌کانی کورد و مالیکی به‌به‌راوردکردن به رابوردو گه‌یشتونه‌ته لوتکه و کرۆکه‌که‌ی له هه‌نارده‌کردنی نه‌وتی کوردستاندایه، ده‌بینین مالیکی چۆن دڕندانه تیری که‌وانه‌کانی ئاراسته‌ی کورد ده‌کات، زه‌قترین ره‌فتاری وه‌ستاندنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمه. مالیکی به کارئاسانی ئاره‌زومه‌ندانه‌ی به‌شێک له سیاسه‌تمه‌دارانی کورد ئه‌م دۆخه بۆ زیاتر لێکترازانی رێزی ناوماڵی کورد به‌کار ده‌هێنێت کاتێک به‌بازدان به‌سه‌ر حکومه‌تی هه‌رێمدا
"ره‌حمی به‌زه‌یی" ده‌جوڵێت و پچڕپچڕ برێک پاره‌ی موچه ده‌نێرێت. مالیکی بۆنی شه‌ڕی لێدێت کاتێک ئه‌و هه‌مو چه‌که مۆدێرنه ده‌کرێت و ده‌ستوپێوه‌ند و میلیشیاکانی له ناوچه دابڕێنراوه‌کان ده‌سه‌پێنێت و کورده‌کانی ئه‌و ناوچانه به‌هۆی خراپی دۆخی ئه‌منیه‌وه ناچار ده‌کرێن زێدی باو و باپیرانیان جێبهێڵن و هێزه‌کانی ئۆپه‌راسیۆنه جیاجیاکانی به کۆنه به‌عسی و دوژمنانی کورد ئاماده و پرچه‌ک ده‌کات.
له‌م دۆخه ئاڵۆز و مه‌ترسیداره‌دا کورد یهکرا و یه‌ک ده‌نگ نیه، فشاره سیاسی و ئابوری و سه‌ربازی و ئه‌منیه‌کان له سه‌ر هه‌رێم له ناو عێراق و لهدهرهوهشی رو له هه‌ڵکشاندن، وابهرچاو ده‌که‌وێت که ته‌نها سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم هه‌ڵوێست و کردار و په‌یامی رون و ئاشکرای هه‌یه، ئه‌وانی تر به‌تایبه‌ت یه‌كێتی که له هه‌مو ده‌سه‌ڵاته‌کانی به‌غدا و هه‌ولێردا به‌شداره هه‌ڵوێستێکی ته‌مومژاوی هه‌یه کاتێک جه‌خت له پره‌نسیپێکی گشتی ده‌کاته‌وه به گرتنه‌به‌ری رێگه‌ی دیالۆگ، وه‌ک ئه‌وه‌ی له ساڵانی حوکمڕانی مالیکیدا کورد شه‌ڕی پێفرۆشتبێت و ره‌تی دیالۆگی کردبێته‌وه، له کاتێکدا رێگه‌ی هه‌ولێر به‌غدا بۆ سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێم و به‌رپرسه باڵاکانی تر وه‌ک رێگه‌ی کانی لێهاتوه. سه‌یره له‌و هه‌مو سه‌ردان و دانوستنانهدا نوێنه‌ری باڵای یه‌کێتیش حزوری هه‌بوه و زۆر باش ده‌زانن له زهنیه‌تی مالیکی و تاقمه‌که‌ی چی ده‌گوزه‌رێت.
هێزه‌کانی ئۆپزسیۆنیش سیاسه‌تی نه شیش بسوتێ نه که‌باب یان پێرهوکردوه، بێجگه له هه‌ڵوێستی دروستی گۆڕان نه‌بێت سه‌باره‌ت به هه‌نارده‌کردنی نه‌وتی کوردستان به‌ڕێگه‌ی تورکیادا، دوای سه‌رکه‌وتنی حیزبه‌که‌ی ئه‌ردۆگان له هه‌ڵبژاردنه‌کانی شاره‌وانییه‌کانی تورکیا پرسی هه‌نارده‌کردنی نه‌وتی هه‌رێم زۆر زه‌قتر گۆره‌پانی سیاسی هه‌رێم و عێراق ده‌وروژێنێت، بۆیه زیاتر سوڕاندنه‌وه له بازنه‌ی سیاسه‌تی ته‌مومژاویدا سه‌باره‌ت به‌کێشه‌کانی هه‌رێم و به‌غداد نابێته زه‌مینه‌ی زیاتر به‌هێزکردنی کورد.
بۆچی؟
جارێک با شتێک لامان ئاشکرا بێت: سه‌رۆکی هه‌رێم و سه‌رۆکی حکومه‌ت و جێگره‌کانیان و چه‌ند به‌رپرسی تری گرنگ له هه‌رێم، خۆشیان بوێت یا تاڵ به‌رپرسی یه‌که‌من له هه‌مو ئه‌و کاره ره‌وا و ناوڕهوایهنهی له سنوری ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمیاندا رویانداوه و روده‌ده‌ن، هه‌رچۆن لێکدانه‌وه بۆ ئه‌مه بکرێت به‌رپرسیاریه‌ته‌که هه‌ر له ئه‌ستۆیاندایه، خاڵێکی تر ئه‌م به‌رپرسانه به‌هۆی مێژو و حیزب و پێگه‌ی ئێستایان به‌رپرسیاریه‌تی نهتهوهیشییان هه‌یه و دنیای ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم له‌و روانگایه‌وه مامه‌ڵه‌یان له گه‌ڵ ده‌که‌ن. ئه‌مرۆ له‌م دۆخه‌دا له روبه‌روبونه‌وه‌ی دۆخه‌که‌دا سه‌ری رمهکهن، ئه‌مه دو لایه‌نی له‌خۆ گرتوه، یه‌که‌میان ئه‌رکێکی فه‌رمی خۆیانه، دوه‌میش زه‌مینه‌ی مۆراڵی و مێژویی و تایبه‌تی خۆشیان کاریگه‌ری هه‌یه له سه‌ر هه‌ڵوێست و ره‌فتاره‌کانیان که مه‌خابن به‌شێوازێکی هۆمۆجین له گه‌ڵ خاڵی یه‌که‌مدا یه‌ک ناگرنه‌وه. رۆڵێکی سه‌ره‌کی ئۆپزسیۆن له‌م بواره‌دا هه‌وڵدانه بۆ پرکردنه‌وه‌ی ئه‌و که‌لێن و درزه نه‌ته‌وه‌ییانه به‌رێگه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌کردنی راشکاو و جدی و پشتگیریکردنی ئه‌و سیاسه‌ت و نه‌هجه‌ی دروسته به‌رامبه‌ر به سیاسه‌ته‌کانی به‌غداد، نه‌ک پندۆڵ ئاسا نێو ئه‌م هه‌ڵوێست و ئه‌و هه‌ڵوێست بێن و بڕۆن.
مالیکی و تاقمه‌که‌ی و هه‌ر هه‌مو شۆفێنزمی نه‌ته‌وه‌کانی ده‌وروبه‌ر و ئیداره‌ی ئۆباما به‌به‌کارهێنانی پاساو و بیانوی یاسایی و ده‌ستوریه‌وه ده‌یانه‌وێت رێگری بکرێت له‌وه‌ی کورد خاوه‌نی ژێرخانێکی ئابوری به‌هێزی خۆی بێت، ئه‌وان به‌پاساوی پاراستنی یه‌کپارچه‌یی عێراق ده‌ستیان له گه‌ردنی کورد گیرگرتوه، پاساوێك له‌و ساته‌وه‌ی عێراق دروستکراوه دژ به کورد به‌کارهێنراوه و ئاکامه‌کانیشی سه‌دان هه‌زار قوربانی و جینۆساید و بچراندنی نزیکه‌ی نیوه‌ی خاکی باشوری کوردستان و ده‌ربه‌ده‌ربونی نزیکه‌ی یه‌ک ملیۆن کوردستانی... تاد.
له‌م دۆخه‌دا کاتێک هێزێک یا که‌سێک بێت ئه‌م هه‌مو راستیانه بسڕێته‌وه نیشانه‌ی نه‌فامی و کورت بینینه، کاتێک ره‌خنه و تێبینی له‌سه‌ریان هه‌بێت زۆر شایسته‌ی سه‌رده‌مانه‌یه به لێدوان و گفتوگۆ راست بکرێنه‌وه، کاتێک هیچ له‌م رێگایانه به‌دڵی ئه‌و که‌سانه نه‌بو ده‌بێت رێگه‌یه‌کی تر بۆ خۆیان بدۆزنه‌وه، واته ده‌سه‌ڵاته‌کانی سه‌رۆکایه‌تی و حکومه‌تی هه‌رێم ئه‌مرێکی واقیعه و ئه‌سته‌مه پشتگوێ بخرێن.
به‌شێک له سیاسه‌تمه‌داره‌کانمان، تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی بهرهحیقی چه‌پڕه‌وی رادیکاڵ چێژی سیاسه‌تیان له ساڵه‌کانی ناوه‌راستی سه‌ده‌ی پێشودا کردوه، ئێستاش به‌و چێژه‌وه هه‌ڵوێست داده‌رێژن که زۆربه‌یان له سڕینه‌وه و ره‌تکردنه‌وه‌ی یه‌کتردا کۆده‌بنه‌وه، بۆیه ده‌بینین ئه‌م جۆره ئه‌قڵیه‌ته له هاوکێشه سیاسیه‌کانی ئه‌مرۆدا له‌پشت ئه‌و چه‌مکانه‌وه خۆیان حه‌شار داوه و ئه‌وه‌ی له هزری ئه‌واندا شوێنی بێته‌وه پیاو چاکه و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه چاوه‌روانی هیچ باشیه‌کی لێناکه‌ن، بۆیه پاساو هێنانه‌وه بۆ مالیکی و چاوه‌روانکردن له به‌ر ده‌روازه‌ی سه‌ڵته‌نه‌تیدا تا لوتفی ئاوردانه‌وه و نهتقکردنی ده‌جوڵێت جگه له لێکترازانی زیاتری یه‌کریزی کورد و لاوازکردنی زیاتری پێگه‌ی کورد و به‌خشینی زه‌مینه بۆ مالیکی تا زیاتر هار بێت و به‌پره‌نسیپی "فرق تسد و احکم" کار بۆ مه‌رامه‌کانی بکات، هیچی تری بنه‌ره‌تیان لێناکه‌وێته‌وه. کورته‌که‌ی مالیکی ئه‌و مرۆڤه نیه که‌سانی هوشیار و عاشقی خاک و نه‌ته‌وه هیوای له‌سه‌ر هه‌ڵچنن.
زیاده بۆ ئه‌مه‌ش دەسکەوتەکانی کورد لە ماوەی زیاتر له ده ساڵی رابوردودا خێر و بەرەکەتی جەنابی مالیکی وهاومەزهەبەکانی وعەلاوی ونوجەیفی وهاشمی نەبون، خه‌باتی ده‌یان ساڵی کورد و شەقی زەمانە ئەوەی پێکردون وئەمری واقیعیش بەسەریانیدا سەپاندوە.
ناشێت لێره‌دا باز به‌سه‌ر خاڵێکی زۆر جه‌وهه‌ریدا بده‌ین:
هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئاینده بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به نیه‌ت و هه‌یمه‌نه‌ی مالیکی و هاومه‌زهه‌به‌کانی به‌ڕێوه‌ده‌چن، پێگه‌ی کورد له‌و پشکه‌ی بۆی دیاریکراوه زۆر تێپه‌ڕ ناکات.
له غیابی تاڵه‌بانیدا ده‌بێت چاوه‌ڕوان بین ئه‌وه‌ی له رابوردودا تا راده‌یه‌ک بۆ کورد له به‌غدا لوابو زۆر کاڵده‌بێته‌وه، وه‌ک ته‌وافق و کاریگه‌ری سه‌رۆک کۆمار و پشکی بودجه و ئایندهی ناوچه دابڕێنراوه‌کان، واش چاوه‌ڕوان ده‌کرێت هێزه‌کانی شیعه له دوا مه‌تافدا له نێوان خۆیاندا رێککه‌ون و زۆربه‌ی سوننه‌کان رازی بکرێن. ناشێت کورد له به‌رامبه‌ر ئه‌م دۆخه‌دا یه‌کگرتو نه‌بێت و به‌په‌رته‌وازه‌یی ئێستای بمێنێته‌وه. کارکردن بۆ سازدانی کوتله‌یه‌کی دیموکراسی کوردستانی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌راندا دوای هه‌ڵبژاردنه‌کان ئه‌رکێکی نه‌ته‌وه‌ییه، لێره‌دا و له پله‌ی یه‌که‌مدا زۆر گرنگ رێکه‌وتنه له سه‌ر به‌رنامه‌یه‌کی هاوبه‌ش بۆ کوتله‌که و با قه‌واره‌ی پێگه‌ی هێزه‌کان ببنه پێوه‌ر بۆ دابه‌شکردنی به‌رپرسیاریه‌تی و ئه‌رکه‌کانی کوتله‌که.
له دوا وشه‌دا کفر نابێت بۆ یه‌کجاریش بێت کورد له به‌غدا یه‌ک هه‌ڵوێستی هه‌بێت، با چاوه‌ڕوان بین و بزانین به‌ره‌و کوێی ده‌به‌ن.
|
|