هیتله‌ره‌که‌ی ئیسلام
|
چیا عه‌باس
گه‌لێک له‌سه‌ر رۆڵی تورکیا و پشتگیری و یارمه‌تی بۆ داعیش وتراوه و نوسراوه.
له گه‌ڵ دوا هێرشه به‌رفراوانه‌کانی داعش بۆ سه‌ر کۆبانێ تادێت ده‌مامک له نیه‌ته شه‌یتانیه‌کانی تورکیا رادهماڵرێت، ئه‌وانه‌شی تا ئه‌م ساته دودڵن له راستی ئه‌و نیهتانه گه‌ر پێداچونه‌وه به‌خۆیاندا نه‌که‌ن شه‌رمه‌زاریان بۆ ده‌مێنێته‌وه.
له‌م که‌ین و به‌ینه‌دا چه‌ند ده‌نگێکی کوردی شرۆڤه‌ی سیاسی بۆ ره‌فتار و هه‌ڵوێستی تورکیا ده‌که‌ن، ئه‌وه‌نده بێشه‌رمانه خۆیان له راستیه‌ک لاده‌ده‌ن، ئه‌ویش لایه‌نی مۆراڵی نه‌خۆش و بێڕه‌وشتی حاکمه‌کانی تورکیایه، وێرای درۆ و ده‌له‌سه و چه‌واشه‌کاری ئه‌ردۆگان و داودئۆغلۆ یارمه‌تی و پشتگیری‌یان بۆ گروپه وه‌حشیه‌که‌ی داعش به‌پێی عرف و یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌کان جیاوازیه‌کی ئه‌وتۆیان له گه‌ڵیاندا نیه و شه‌ریکی تاوانه‌کانی ئه‌و تاقمهشن.
ئه‌م ده‌نگۆیانه زیاده بۆ خۆدزینه‌وه له‌م راستیه دێن پاساوی سیاسی بۆ ئه‌ردۆگان و بانده‌که‌ی داده‌ڕێژن، ناراسته‌وخۆ پێمان ده‌ڵێن تورکیا وه‌ک ده‌وڵه‌تێکی زه‌به‌لاح مافی خۆیه‌تی به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ک به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی بپارێزێت و ئه‌گه‌ر کورد "عاقڵ" نه‌بێت و لێی تێنه‌گات و ره‌چاوی نه‌کات ئه‌وا با بۆ "بئس الجحیم" بڕوات.
ئه‌م ئه‌قڵیه‌ته کلاسیکیه ترسنۆکه‌ی باو له‌ناو کوردا ئیرسێکه که له مێژودا هۆکار و زه‌مینه‌ی هه‌بوه، کاتێک ده‌بوا حساب بۆ مێشوله‌یه‌کی ده‌وروبه‌ریش بکرێت تا خۆت له زیانی دور رابگریت، یاخود بتوانیت بیکه‌ی به‌گژ یه‌کێک له ناحهزهکانتا و به قازانجت بشکێته‌وه. زیاده بۆ ئه‌مه‌ش ململانێی نێوان هێزه‌کانی کوردستان هۆکارێکی تر بون و هه‌ن بۆ قوڵکردنه‌وه‌ی ئه‌و چه‌مکه و حه‌زه‌ری بێئه‌ندازه له یه‌کتر و دۆستایه‌تی و فرتوفێڵکردن له یه‌کتر.
ئه‌مڕۆ دنیا زۆر گۆڕاوه، کورد سودی له‌و گۆڕانکاریانه کردوه، مه‌خابن له گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی هه‌ر کێشه و قه‌یرانێکدا به‌شێک له سیاسه‌تمه‌دارانی کورد، به‌تایبه‌ت له باشور، وه‌کو حه‌لیمه بۆ نه‌ریته کۆنه‌کانیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه، به‌شێک لییان بۆ داپۆشینی شکست و بێتواناییان دێن ریزبه‌ندی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی گه‌وره و بچوکی ده‌وروبه‌رمان و ناوخۆ ده‌که‌ن، پاش زه‌رب و ته‌رح و بێنه و بیبه شتێکی ئه‌وتۆ بۆ سه‌ربه‌خۆیی و سه‌روه‌ری بڕیاری سیاسی کورد ناهێڵنه‌وه، له ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵسه‌نگاندنه‌کانیاندا وای لێدێت کورد ببێته پاشکۆیه‌کی ئه‌مری واقیع و له بازنه‌یه‌کی داخراودا بسوڕێته‌وه، کاتێکیش بوێری هه‌بێت ئه‌و سنورانه ببه‌زێنێت ده‌بێت هه‌زار و یه‌ک حساب بکات تا که‌س لێی توڕه و زویر نه‌بێت و هاوکات هه‌موشیان رازی بکات.
هاوکێشه‌یه‌کی مه‌حاڵ له‌و ناوچه‌یه‌ی کورد تێیدا ده‌ژی، ناوچه‌یه‌ک نه‌ته‌وه و که‌مایه‌تی و ده‌وڵه‌ت و حکومه‌ت و هێزی سیاسی و ئاین و مه‌زهه‌به‌کانی نه‌ک له گه‌ڵ یه‌کتر ناگونجێن، به‌ڵکو شه‌ڕ و مه‌رافه‌ی خوێناوی له نێوانیاندا هه‌بوه و هه‌یه، خه‌یاڵ پڵاویه کورد بتوانێت هه‌مو ئه‌مانه له هاوکێشه‌یه‌کدا کۆبکاته‌وه و رازیان بکات و خۆی له ئاگری غه‌زه‌بیان دور رابگرێت.
له گه‌ڵ توندکردنی هێرشه‌کانی داعش بۆ سه‌ر کۆبانێ، وێرای گورزی گه‌وره‌ی ئاسمانی ئه‌مەریکا و هاوپه‌یمانان لێی، پرسیاریک دێته ئاراوه: ئه‌م کهڵهگایهتیهی داعش پشتی به‌چی ئه‌ستوره و بۆ چ مه‌به‌ستێکی سیاسی ئه‌نجام ده‌درێت؟
بێگومان داعش هه‌تیوه زۆڵه‌که‌ی هاوبیر و مه‌زهه‌بیه‌تی که پشتگیری ده‌که‌ن و به‌کاری ده‌هێنن، ره‌فتار و کرده‌وه‌ی ئه‌م گروپه ئیسلامیه وه‌حشیه هیچیان له نازیه‌کان که‌متر نیه، له چه‌ند بوارێک‌دا نازیه‌کان زۆر له‌م مه‌خلوقاته وه‌حشانه به رهوشتر و نه‌رمتر بون، بۆ نمونه هیتله‌ر هیچ کات رێگای نه‌داوه که‌نیسه و بینا و شوێنه گرنگ و مێژویه‌کان بۆردومان بکرێن یا تێک بدرێن، وه‌ک بورجی ئیڤڵ له پاریس، چه‌ندین که‌نیسه و کاتیدرالی کریستانی له شاره‌کانی ئه‌وروپا، ته‌لاره‌کانی میوزیک و هونه‌ر و مۆزه‌خانه‌کان.
که‌سایه‌تیه‌کی وه‌ک ئه‌ردۆگان که ره‌چه‌ڵه‌کی ئه‌وه‌نده رون نیه، زاده‌ی ئه‌قڵیه‌تێکی نه‌خۆش و وهحشگاری چه‌ندین سه‌ده له‌مه‌وبه‌ره. پشتگیری رژێمه ئیسلامیه‌که‌ی بۆ داعش زاده‌ی ئه‌و هزر و باوه‌ڕه نه‌خۆش و کوشنده‌یه‌یه که به ئیرس بۆی ماوه‌ته‌وه. هیتله‌ر، مۆسۆلینی، سه‌دام و چه‌ندین فاشیست و دکتاتۆری تر هه‌ر وه‌ک ئه‌م له‌ناو حیزب و ده‌وروبه‌ریاندا په‌روه‌رده و گۆشه‌کراون. ئه‌و خوێنه ده‌مێکه به‌ده‌ماره‌کانی ئه‌ردۆگاندا گوزه‌ر ده‌کات و ته‌وژم ده‌دات، بۆیه زۆر گونجاوه ئه‌ردۆگان به هیتله‌ری ئیسلامی پێناسه بکرێت.
له‌و ساته‌وه‌ی ئه‌ردۆگان و بانده‌که‌ی ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌سته‌وه‌یه کوده‌تایه‌کی گه‌وره‌یان به‌سه‌ر که‌مالیزم له تورکیادا کردوه، باوکی تورکه‌کان فێری کردبون رو له رۆژئاوا بکه‌ن، ئه‌م زاته موسڵمانه به‌بیانوی ئه‌وه‌ی رۆژئاوا تورکیای له یه‌کێتی ئه‌وروپا ناوێت ئاراسته‌ی باشوری به رۆژئاوا گۆڕیه‌وه. خه‌ونی سازدانی ئیمپراتۆریه‌تێکی ئیسلامی له ناوچه‌که، که کاری بۆ کردوه به له‌ناوبردنی خه‌ونی کورد بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌کانی و سه‌ربه‌خۆیی، به‌دیبهێنێت.
ئه‌وانه‌ی دوای راماڵینی ده‌مامکه‌کان له روخساری ئه‌ردۆگان و بانده‌که‌ی پێیان وایه ده‌بێت کورد ره‌چاوی به‌رژه‌وه‌ندی و ته‌ماعه‌کانی تورکیا بکات ئه‌هلی ئه‌وه نین کار بۆ ئاینده‌یه‌کی نوێ به‌ده‌ر له تێڕامانی خۆیان بۆ کورد بکه‌ن.
که‌وتنی کۆبانێ ته‌نها شکستی هێز و لایه‌ن و ئه‌زمونێکی سیاسی کورد نیه، به‌ڵکو شکستی هه‌مو کورد و کوردستانه، له مه‌قامی یه‌که‌مدا شکستی نمونه‌ی حوکمڕانی باشوره که نه‌توانێت زۆر گه‌وره‌تر بێت له جیاوازیه سیاسیه‌کان و لێکتێنه‌گه‌یشتن له یه‌کتر و نه‌توانێت ئه‌رکی نه‌ته‌وه‌یی خۆی له رۆژی میحنه‌تدا ببینێت.
ئه‌گه‌ر کورد له باشور قوڵاییه نه‌ته‌وه‌ییه‌که‌ی له‌ده‌ست بدات، ئه‌و کاره‌ی تورکیا کاری بۆ ده‌کات، ئیتر شتێک نامێنێته‌وه بتوانێت وه‌ک شاده‌مار رایبگرێت و مایه‌ی سه‌ربه‌رزی و شانازکردن بێت.
بۆ ئێمه‌ی کورد یه‌ک به‌رژه‌وه‌ندی له سه‌روی هه‌مو شتێکه‌وه‌یه، له هه‌مو شتێک پیرۆزتره، یه‌ک به‌رژه‌وه‌ندی قابلی گفتوگۆ و دانوستاندن نیه، یه‌ک به‌رژه‌وه‌ندی ناخرێته بازاڕی موزایه‌ده‌ی سیاسیه‌وه و مامه‌ڵه‌ی بازرگانی پێ ناکرێت، ئه‌ویش کوردبونمان و خاکه‌که‌مانه. هه‌ر که‌سێک له‌مه هه‌ڵگه‌ڕێته‌وه گه‌ر میلله‌تیش ریسوای نه‌کات ئه‌وا حوکمی مێژو گهڕولولی ده‌کات.
|
|
|