چیا عهباس
شەڕفرۆشتن
کار و رەفتارەکانی تاقمە شەڕەنگخواز و توندڕەوەکەی هەرێم بەرامبەر خۆپیشاندەران و رۆشنبیران و رۆژنامەنوسان و ئۆپۆزسیۆن و لایەنگرانی لە سلێمانی و چەند دەڤەرێکی تر، لە ماوەی سێ مانگی رابوردو و بەتایبەت لە 17 شوباتەوە سەلماندیان تەواوکەری ئەو شەڕفرۆشتنە ناڕەوا و دژوارەن کە دو ساڵە دژ بە دەنگی ناڕەزا بەرپایان کردوە.
لوتکەی دەسەڵاتی بڕیاردەری یەکێتی و تاقمێکی توندڕەو خۆیان کردە سورەی بەر لەشکری پەلاماردان و شەڕفرۆشتنەکە، لایان وابو بەم شێوازە حەزە زلەکانی دەسەڵاتداران بۆ تۆڵەکردنەوە و خۆسەپاندن و بەتایبەت بەسەر خەڵکی شاری سلێمانیدا دەهێننەدی. ئەوان بەم ئەقڵیەتەی ئێستایان نەک تەنها زەنگی ماڵئاوایبونیان لە پرۆسەی چاکسازی و نوێکردنەوەی ژیانی سیاسی و حوکمڕانی کوردستان و زۆر بەتایبەت لە سلێمانی لێداوە، بگرە خۆبەخشانە و ئارەزومەندانە روخساری خۆیان ناشیرین کرد و بونەتە دەسکەلایەکی بەردەستی ئامادە بۆ ئەو مەرام و پلانانەی مەبەستیەتی جەماوەری بە ئەمەک و دڵسۆزی سلێمانی و دەڤەرەکانی دەوروبەری بەم جۆرە ستەمکاریە لەت لەت و پەرتەوازە و دەستەمۆ بکات و سزابدات.
لە ئاکامی رەتدانەوەی توندی جەماوەری سلێمانی و دەڤەرەکانی تر بۆ هێنانی هێزی چەکداری تایبەت لە شوێنەکانی ترەوە لە گەرمەی روداوەکانی 17 شوباتدا بۆ سەرکوتکردن و شەڕفرۆشتن بۆ بارزانی و دەسەڵاتدارانی پارتی دەرکەوت ئەمجارە هەڵەیەکی لەو جۆرە نەکەنەوە، بۆیە چەند هێزێکی لۆکاڵی و دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایش و هەواڵگری دەستەمۆکراوی حیزبیان بۆ هەمان مەبەست خستەگەڕ.
ئێستا پاش پەلاماردانە دڕەندەکەیان ناڕەزایی بە گڕوتین و یاخیبونی زۆر جۆشتر و گورزوەشێنتر لەجاران لە دڵ و دەرونی خەڵکدا و روژاوە و لە چاوەڕوانیدایە، ئەم بورکانە تا ئەم ساتەش وەک زریانێکی رەهای کامن (شاردراوە) راگیراوە و هێشتنەوەی بەو شێوەیە بێگومان تەقینەوەیەکی بەزەبری لێدەکەوێتەوە. ئەوان راستەوخۆ و بە رۆژی نیوەڕۆ و بەچەک و تفاق و دەزگا و هێزە تایبەتیەکانیان تەعەدا و سوکایەتی بە نزیکەی یەک ملیۆن دەنگی ناڕەزا دەکەن، کاتێک توڕەیی دەگاتە لوتکە دەبێت چاوەڕوانی ئەوەش بکەن کە خەڵکی چۆن وەڵامیان دەداتەوە. ئەم وەڵامدانەوەیە ئەرک و مافێکی سروشتیە بۆ بەرگریکردن لەخۆ و تەنها پابەندە بە رۆحی یاسای ململانێکردن بۆ مانەوە و بە بەها رەهاکانی کوردەواری. کەسانی تر سەرپشکن بە کودەتا یا بە یاخیبون یا بە ئاژاوەگێڕی یا بەچی تر ناوی دەبەن بیبەن، چونکە ناو و ناتۆرە لێنان هیچ شتێکی ئەوتۆ لە کرۆکی مەسەلەکە ناگۆڕێت.
ئەو تاقمە توندڕەوە بە پاساوی شەرعیەت و پێڕەوکردنی یاسا و دەستەواژەی سواوەوە گەمەیەکی زۆر ترسناک دەکات، گەمەیەک سەردەمانێکە ئولفەتی لەگەڵدا گرتوە و ناتوانێت تەرکی بکات.
تاڵەبانی و قەیرانەکە
تاڵەبانی لە 25/7/2009ەوە و بەتایبەت لە 17 شوباتی 2011ەوە بێدەنگ و لە دوری بەغداوە رابەرایەتی ئەم رەوتە توندە دەکات و خوازیار بوە و کاریشی بۆ کردوە تارمایی ترس و تۆقاندن بەسەر سلێمانی و ئۆپۆزسیۆن و خۆپیشاندەراندا بکێشێت، لەسەرەتادا نانبڕین و تۆقاندنی گۆڕانخوازەکانی بە رەزامەندی بارزانی بۆ چوەسەر، لە17 شوباتدا بە قۆستنەوەی روداوەکەی لقی 4ی پارتی هەوڵیدا ئەمجارە هێزەکانی پارتی ئەوە ئەنجام بدەن. مەبەست پێکانی دو ئامانج بوە:
یەکەم: پەلاماردان و لاوازکردنی گۆڕان لەسەر دەستی پارتی تا لە ئاکامدا دژایەتیەکی سەخت لەنێواناندا دروست بێت و لەو کەین و بەینەدا پێگەی هەر دولا لە سلێمانی لاوازبێت و خۆشیان لە "شارە حەیاتەکە" ببنەوە بە ئاغاکەی جاران و لاسەنگیش لەگەڵ بارزانی دا راست بکەنەوە.
دوەم: تۆڵەی شکستەکانیان لە دو هەڵبژاردندا لە گۆڕان و دەنگدەران و هەوادارانی بکەنەوە.
تاڵەبانی زۆر باش دەزانێت پێگەی پارتی لە پارێزگای سلێمانی لە دوای هەرەسی 1975ەوە گۆڕانی گەورەی بەسەردا نەهاتوە، لە پرۆسەی دەنگدان لەو پارێزگایە بۆ کاندیدەکانی سەرۆکی هەرێم جەخت لەو راستیە کراوەتەوە.
بارزانی زۆرباش دەزانێت پێگەی یەکێتی لە پارێزگای سلێمانی لە تەموزی 2009ەوە و لە شوێنەکانی تری هەرێم رو لە دابەزینە و لە بەرامبەردا گۆڕان وهێزەکانی تری ئۆپۆزسیۆن لە پارێزگای سلێمانی هێزی یەکەمن.
بارزانی دەسەڵات و حیزبی رەها و پشکی شێری دەوێت و تاڵەبانی شەراکەتی بەرواڵەت نیوبەنیوی لەگەڵ بارزانی دەوێت. دور لە عەواتیف و لە سایەی چەمکی واقیعی لە سیاسەتدا ئەم دو ویستە بەئاسانی یەکناگرنەوە. تاڵەبانی لە ناوەڕاستی دەیەی پێشوەوە چاوەڕوانی داکشانی پێگەی خۆی کردوە، بۆ بەرجەستەکردنی رێگەچارەیەک بۆ ئەم هاوکێشە ئاڵۆزە ولاسەنگیە رێککەوتنامەی ستراتیژی ئیبداع کرا. بە دروستبونی گۆڕان و بەهێزبونی هێزەکانی تری ئۆپۆزسیۆن و گەشەکردنی بەرچاوی هێزی بارزانی لە کوردستان و بەغدا رەونەق و بەهاکانی ئەم ئیبداعە کاڵبونەتەوە و لاسەنگی و ئاڵۆزیەکە خەستتر بونەتەوە. تاڵەبانی لە رۆشنایی هەڵسەنگاندنی خۆی هەوڵیداوە گۆڕان لەم هاوکێشە سیاسیە نوێیەی هەرێمدا وەک کارتێکی گەورەی فشارکردن بەکاربهێنێت، بۆیە کێرڤی پەیوەندیەکانی حیزبەکەی لەگەڵ گۆڕاندا ریتمێکی دیاریکراوی نەبوە کە بۆنی گۆڕانکاری و سەقامگیری و خێری لێبکرێت، زۆر یا کەم هەمان تەکتیکی لەگەڵ یەکگرتو و کۆمەڵی ئیسلامیش بەکارهێناوە.
بۆیە خواست و خەون و کارەکانی ئەم تاقمە زادەی نائارامیەکی تاڵی دەرونی پەنگخواردوی ئەو چەند ساڵەیە، لە هەمان کاتیشدا ئاوێنەی راستیەکی تاڵی ترە کە ئەو گروپە وتا ئەم ساتەش هێڵێکی تەواوی بەژێر نیەتی خۆی لەگەڵ پارتی و لەگەڵ لایەنەکانی تردا نەکێشاوە، بەردەوام لە کەمیندا وێڵی فرسەتە بۆ پاشقول گرتن وروشاندن ودێوانە ئاسا خولیای ئەوەیە شکستە گەورەکانی لە سندوقەکانی دەنگدان و لاوازبونی پێگەی کوردستانی و عێراقی و ناوچەیی بەزەبری هێز و چەک و گەمەی سیاسی قێزەوەن راست بکاتەوە.
تاڵەبانی لە هەڵمەت وکارەکانیدا بۆ قەیرانەکە بەردەوام بە لێدوان و قسەکردن جەختی لە شەرعیەتی حکومەت و پەرلەمان و دەزگاکانی هەرێم کردۆتەوە، ئەم راستیە لە وەڵامدانەوەی توند و هیستیریا ئاسا بۆ بەیانە 7 خاڵەکەی گۆڕان بەزەقی ئەزمونمان کرد، لەبری ئەوەی بە نەفەسێکی کراوە و نیەتێکی بنیاتکەر رەخنەی خۆیانی لێبگرن و وەڵامی بدەنەوە وایان پیشاندا کە گۆڕان دوژمنی سەرسەختی نمونەی حوکمڕانییە و دەیەوێت تێکوپێکی بدا و کەوتنە لێدانی دەهۆڵەکانی شەڕ و بەرزکردنەوەی ئاڵاکانی. تاڵەبانی مەبەستی بو پیشانی بدا کە دەسەڵاتی حوکمڕانی هەر دولا ناحهزێکی سهرسهختی هاوبەشی هەیە ومەترسیەکی گەورەشە لەسەریان. هەرکاتێک تاڵەبانی لەم قەیرانەدا پەنای بۆ بارزانی بردبێت بەردەوام هەوڵیداوە لە رێگەی مەکتەب سیاسی دو حیزبەکەوە پلانەکانی بەرەنگاربونەوەی قەیرانەکە دابرێژرێت و سازبکرێت و سەرپەرشتی جێبەجێکردنیان بکرێت. کارێکی نەگونجاو لەگەڵ ئیدعای شەرعیەت و پەرلەمان و حکومەت و تاکرابێت رۆڵی حکومەت و پەرلەمان پەراوێز کراوە، مەبەستیش لەم هەنگاوە گرتکردنەوە و بەیەکەوە بەستنەوەی توندڕەوەکانی ناو دو حیزبەکە بوە، چونکە لەلایەک هەندێک جار بە تەنها لەناو حیزبەکەی خۆیدا سەرکەوتو نەبوە ئەوەی مەبەستیەتی لەم بوارەدا بەدەستی بهێنێت و لەلایەکی ترەوە بێ دەستگرتنی پارتی زۆربەی زۆری دەرگاکان بەرویدا دادەخرێت. هەوڵ و تەقەڵڵایەک بۆ راکێشانی پارتی بۆ ناوجەرگەی گێچەڵکردن و شەڕفرۆشتنەکە کە کۆمەڵێک پرسیار بەدوای خۆیدا رادەکێشێت. لە ئاکامی ئەم تاقیکردنەوە سەرنەکەوتوەدا دۆخەکە رۆژ بە رۆژ ئاڵۆزتر بوەو و ئاسۆی چارەیەکی رەوا و گونجاو وەک فانتۆم بەدیکراوە.
ئێران و تاڵەبانی
راستیەکی تریش هاندەر وهۆکاری ئەم پەلاماردان وتوندیەیە.
ماوەیەکە ئێرانی دراوسێ بەدوای ئەڵتەرنەتیڤێک بۆ دەسەڵاتی تاڵەبانی لەناوچەی دەسەڵاتی پێشوی یەکێتیی دا دەگەڕێت. تا سێ بۆ چوار ساڵ لەمەوبەر هاوکێشەی ئێران – تاڵەبانی سەمامێکی مسۆگەری بەرژەوەندیە زیندوەکانی ئێران بو لە عێراق و کوردستان. مێژوی ئەو هاوکێشەیە بۆ نزیکەی نیو سەدە دەگەڕێتەوە وبەهەمان گروتین لە حوکمڕانی پادشایەتی و ئیسلامی لە ئێران بەگەڕخراوە. ئەگەرچی تا راپەرین ئەو هاوکێشەیە بە ئاشی ناکۆکی و ململانێکانی نێوان ئێران و عێراق دەسوڕایەوە، بەڵام لە 1991ەوە و دواتر رۆڵی ئەمهریکا و تورکیا و ئایندەی عێراق و دەسەڵاتی شیعەکان بەزەقی هاتنە ناو هاوکێشەکەوە. دەوڵەتی ئێران، وەک زلهێزێکی ناوچەکە ولەژێر هەڕەشە و گوشاری ئەمهریکا و نێودەوڵەتیدا، ئەرکێکی خۆیەتی بەدوای دابینکردنی بەرژەوەندیە باڵاکانیدا بڕوات و کاریان بۆ بکات. بۆ ئێران گەڕان بەدوای ئەڵتەرنەتیڤێک بۆ تاڵەبانی بەهۆی پەرتەوازەبون و لاوازبونی بەرچاوی حیزبەکەی و دەسەڵاتەکانی لەبەرامبەر هەڵکشاندنی بەرچاوی دەسەڵاتی بارزانی و بەهۆی تەمەن و باری تەندروستی و دوا خولی وەک سەرۆک کۆمار کارێکی دروست و بەجێیە. تاڵەبانی خاوەنی ئەزمونێکی دەوڵەمەندە لە گەمە سیاسیەکانی ناوچەکە و بەتایبەت ئێران، بۆیە دروستر بو ئەو راستیانەی بە دڵفراوانیەوە قبوڵ بکردایە. لە کۆنگرەی سێی یەکێتییەوە و لەناو کۆنگرەشدا ئێران کاری بۆ ئەو مەبەستەی خۆی کردوە و لە نەبونی کاراکتەرێکی بەهێز و دەسەڵاتداری وەک تاڵەبانی لەناو یەکێتی دا ئێران لەم قۆناغەدا پشتی بەگروپێکی زۆر تایبەت لەناو سەرکردایەتی یەکێتییدا بەستوە. ئەم گەمەکردنە دولایەنە هۆکارێکی سەرەکی بەڕێوەچونی پچڕپچڕ و پڕ کێشەی رۆژەکانی ئەو کۆنگرەیە بو. تاڵەبانی بەتەواوی وردەکاری و سیناریۆکانی گەمەکەی دەبینی و زۆریش پێیان نیگەران و دڵتەنگ بو کە لەژێر تەواوی کۆنترۆڵی خۆیدا نەمابو. پێشتریش کەسانی نزیک لە تاڵەبانی خۆیان وەک ئەڵتەرنەتیڤ لای لوتکەی دەسەڵاتی ئێران عەرزکردبو و شانسی خۆیان تاقیکردبوەوە.
تاڵەبانی لەم دوا هەڵمەتە سەربازیەیدا کە بە ماوەیەکی کەم دوای سەردانی ئێران بەرپاکرا ویستی بەتایبەت مەسەجێک بە ئێرانیەکان بگەیەنێت، ئەویش کە خۆی تا ئەم ساتەش باڵا دەستە لەو ناوچانە و چی بوێت دەتوانێت بیکات. تاڵەبانی پێشتریش رایگەیاندبو کە بزوتنەوەی گۆڕان هێزێکی لۆکاڵیە و ئەزمونی سیاسیان نییە، بە واتایەکی تر زیاتر عەرز و پڕوپاگەندەی سیاسی بۆ خۆی و تاقمەکەی دەکرد. پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا ئێرانیەکان بەم هەڵمەتەی تاڵەبانی قەناعەتەکەیان گۆڕیوە؟ وەڵامدانەوەی نە قورسە و نە حەزورەیە، چونکە راستیەکانی دۆخ و پێگەی سیاسی تاڵەبانی و دەوروبەرەکەی لەم سەردەمەدا وەک خۆیان ماون و بگرە لەجاران زیاتر لاوازتر بون. ئەمە مانای ئەوە نیە ئێرانیەکان پشتی لێبکەنەوە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا لە روانگهی بەرژەوەندیەکانی خۆیانەوە مامەڵەی دۆخەکە دەکەن نەک بە خواست و دوعا و نزای کەسێک یا گروپێک. ئەم راستیە بواری گەمەکردنی تاڵەبانی وهاوبیرەکانی بەرتەسکتر کردوە و ئەگەرەکانی ئاڵۆزبونی دۆخەکەشی بەرفراوانتر کردوە.
تا ئەم ساتەش ئاکامەکانی ئەم پلان و کارانە بەپێچەوانەی ویستی دارێژەران و هەڵسوراوەکانی بون، هۆکارێکی ئەم شکستە دەگەڕێتەوە بۆ دەرککردنی دەسەڵاتدارانی پارتی بە مەترسی گەمەکە و لەلایەکی ترەوە هێوری و خۆراگرتنی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن کە دۆخەکەیان تاڕادەیەک هێورکردەوە و ناشێت رۆڵی لابەلای لایەنە نێودەوڵەتیەکان و بەتایبەت ئەمهریکا و چەند وڵاتێکی ئەوروپی لەهێورکردنەوەی دۆخەکە فەرامۆش بکەین.
ئەمانە دیوە نەبینراوەکانی قەیرانەکەی کوردستانن. ئەم کار و رەفتارکردنەی دەسەڵاتداران بەشێکە لە کەلەپور وکهلتوری سیاسیان و تەنانەت بەشێکە لە ئەجندای تایبەتی سیاسی خۆیان و راستەوخۆ پەیوەندیەکی ئەوتۆی بە داواکاری خۆپیشاندەران ولایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە نیە بەقەدەر ئەوەی ئەو روداوانەی دوایی تێهەڵکێشی ئەجندا تایبەتە سیاسیەکان کراون. بە چ ئەقڵ و پێوەر و لۆژیکێک بۆ چاکسازی و گۆڕانکاری دەبێت رەزامەندی وڵاتێکی وەک ئێران وەربگیرێت ئەگەر گۆمەکە لەوە قوڵتر نەبێت.
نەهێشتن و سڕینەوەی ئاسەوەرەکانی پەلاماردان و توندوتیژی بەقسەی رازێنراو و لێدوانی سواو و بەرزکردنەوەی پەنجەی هەڕەشەکردن و چاوسورکردنەوە و گرتن و فڕاندن و گومکردن و ...و ...تاد نەک نایەنەدی، بەڵکو برینەکان خەستتر دەکەن. ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئەو گروپە توندڕەوە سەرقاڵی ئەو جۆرە کار و رەفتارانەن. بەردەوامبون بەم شێوازە بۆرکانی توڕەبون بەرەو تەقینەوە دەبات، کارێکە هیچ کەسێکی دڵسۆز و بە ئەمەک ناوێرێت خەونیشی پێوە ببینێت.
بۆیە:
وێڕای ئەو هەمو ئاڵۆزکردنە ئەنقەستەی دۆخەکە و گیرسانەوەی لە کەناری کارەساتێکدا دەبێت هەمو لایەک رێگەی دیالۆگ و گوێکرتن لەیەکتر و سازشکردن بۆ یەکتر و مامەڵەی یەکسانی لەگەڵ یەکتر و قبوڵکردنی یەکتر و رێزگرتن لەیەکتر و لێبوردنی بۆ یەکتر بگرنەبەر، تا ئەوەی لە دەستدایە لەدەستی نەدەن و بەیەکەوە گەشەی پێیبدەن و بەیەکەوە ئایندەیەکی باشتر و سەقامگیرتر و پڕ سەروەری و دەسکەوتی زیاتر بۆ نەوەکان دابین بکەن.
|