چیا عه‌باس
هۆکارێکی سه‌ره‌کیی سه‌رکه‌وتنی گۆڕان له هه‌ڵبژاردنه‌کانی(25/7/2009)دا، په‌یامی جدیی گۆڕان بو بۆ گۆڕانی عه‌قڵیه‌تی سیاسی و حوکمڕانی.خه‌ڵک هیوای به جیاوازییه‌کی به‌رچاو هه‌بو، به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ دو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداردا، جیاوازیی له پرۆگرام و پێکهاته و شێوازی کارکردنی بزوتنه‌وه‌که و له سه‌رویانه‌وه له لوتکه‌ی ده‌سه‌ڵاتیدا.
ریفۆرمخوازان و چاوه‌ڕوانییه‌کان
پاش گوریسڕاکێشانێکی درێژخایانی بێ‌سود له‌ناو مه‌کته‌بی سیاسی و سه‌رکردایه‌تیی یه‌کێتیدا له‌نێوان گروپ و ده‌سته‌کانی ریفۆرم و لوتکه‌ی ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتی و پاش ده‌ستبه‌ردانی کاک کۆسره‌ت له گوریسه‌که، کۆتایی به‌و شانۆگه‌رییه هات و زه‌مینه‌ی مانه‌وه‌ی زۆربه‌ی ریفۆرمخوازه‌کان له‌ناو یه‌کێتیی له‌رزۆک و بێ‌سود بو به‌کۆمه‌ڵ رویان له گرده‌که‌و گۆڕان کرد.
ئه‌م به‌ڕێزانه، خاوه‌ن مێژویه‌کی هاوبه‌ش له خه‌بات و کاری سیاسی و رێکخراوه‌یی و پێشمه‌رگایه‌تی بون و زۆربه‌یان له باڵی کۆمه‌ڵه‌ی ناو یه‌کێتییه‌وه هاتبون، وه‌لێ له‌و ساته‌ی یه‌کێتییان به‌جێهێشت، چه‌ند فاکته‌رێکی تریش پابه‌ند به کوتله و کوتله‌کاری و ململانێکانی ناو یه‌کێتیی، هۆکاری ئه‌و به‌یه‌که‌وه گرێدانه و هاوههڵوێستییهیان بون.
ئه‌م روداوه چه‌ند بابه‌تیکی گرنگی له‌ناو گۆڕاندا وروژاند، به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن ئه‌و هه‌ڵسوڕاو و گۆڕانخوازانه‌ی که پێیان وابو، هاتنی ئه‌م گروپه ههنگاوێکی ته‌کتیکییه و کاریگه‌ریی جیاجیا له‌ناو بزوتنه‌وه‌که دروستده‌کات و به‌بۆچونی که‌مینه‌یه‌ک، ئه‌م هه‌نگاوه گۆڕان دوچاری ته‌نگه‌ژه و کێشه‌ی زیاتر ده‌کات.
له‌سه‌ره‌تاوه ئاشکرابو، وێڕای ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی گروپی ریفۆرم، خاوه‌ن قوربانی و ئه‌زمونێکی خه‌باتی پڕسهروهرین و نیه‌تێکی دڵسۆز و گۆڕانئامێزیان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌م راستی و خه‌سڵه‌تانه به ته‌نها ناسنامه‌ی گۆڕانکارییان پێنابهخشێنن، ئه‌گه‌ر به گونجاوترین شێواز گۆڕانکاری له عه‌قڵیه‌تی سیاسی و هه‌ڵسه‌نگاندن و میکانیزمی کاریان نه‌که‌ن و ئه‌زمون و ناوبانگ و کاریگه‌رییه‌کانیان تێهه‌ڵکێشی رێبازی گۆڕان نه‌که‌ن. هه‌ندێک وا چاوه‌ڕوانیان ده‌کرد که ئه‌مه کارێکی ئه‌سته‌م بێت له‌به‌رامبه‌ر ته‌مه‌ن و ژینگه‌ی سیاسی و ململانێ و ئه‌زمون و خه‌سڵه‌ت و مێژوی زۆربه‌ی ئه‌و به‌ڕێزانه و چاوه‌ڕوانیش ده‌کرا، گروپی ریفۆرمخواز کۆی ئه‌زمون و ده‌سه‌ڵات و دید و بۆچونه‌کانیان که له‌ناو یه‌کێتییدا به‌ده‌ستیان هێنابو، له‌ناو گۆڕاندا کۆپی بکه‌ن. هاتنی راسته‌وخۆی ئه‌و تێکۆشه‌رانه له‌ناوجه‌رگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتییه‌وه بۆ ناو لوتکه‌ی گۆڕان، وێڕای ئه‌وه‌ی ته‌وژمێکی توندی به‌بزوتنه‌وه‌که دا‌و له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا کاریگه‌ریی باشیان له‌سه‌ر ناوچه‌کان و جه‌ماوه‌ر هه‌بو، به‌ڵام ئه‌م روداو و بهپیرچونهوهیه له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵیک پرسیار و ته‌م و لێڵییه‌کی شارراوه‌دا تێکه‌ڵاوبون.
گروپی ریفۆرم، تا دواچرکه‌ی کارکردن و مانه‌وه‌یان له‌ناو یه‌کێتییدا، باوه‌ڕیان به‌بیرۆکه‌ی چاکسازیی له‌سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانیدا هه‌بو، مافێکی دروست و ره‌وایان بو که خۆیان به به‌شێک له خاوه‌نی یه‌کێتیی ده‌زانی و له‌سه‌ره‌تای کارکردنیان له‌ناو گۆڕانیشدا ئه‌م نزایه‌یان له‌گه‌ڵ خویان بۆ ناو گۆڕان گواستبوه‌وه و باسیان له سکاڵا و رێگه‌ی یاسایی دژ به ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتیی ده‌کرد بۆ یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی ئه‌و مافه‌یان. ئه‌م نهپچڕانه ده‌رونی و سیاسییه له یه‌کێتیی، روخساری گۆڕانی به‌چروپڕی له گۆڕه‌پانێکی سیاسی ته‌نراو به توندوتیژی و ناهه‌مواری نمایش ده‌کرد. پاساوێکیش بو به‌ده‌ست ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌کێتییه‌وه که دژایه‌تیکردنی گۆڕان توندتر و به‌رفراوانتر بکه‌ن و بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی باڵی ریفۆرم و ته‌واوی پابه‌ندبونی به گۆڕانه‌وه یه‌کلاییکه‌ره‌وه نه‌بو بۆ کۆتاییهێنان به‌و دژایه‌تیکردنه و ده‌ستبه‌رداربون له مافی مه‌عنه‌وی خاوه‌ندارێتیی یه‌کێتی.
له‌مێژه‌وه لای هه‌ندێک له کاراکته‌ره‌کانی ریفۆرمی ناو یه‌کێتی بۆچون و هه‌ڵسه‌نگاندنێک دروستبوبو که بێئهوان پرۆسه‌ی ریفۆرم به‌ڕێوه‌ناچێت و ته‌نیا له رێگه‌ی چاکسازی حیزبییه‌وه پرۆسه‌ی گۆڕان رێره‌وی دروستی خۆی ده‌گرێته‌به‌ر. ئه‌م چه‌مکی "موتڵهقیهته" زاده‌ی ئایدیۆلۆژیای چه‌پی ساڵانی حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی رابردو، ئه‌و زه‌مینه فیکرییه‌یه که تا ئه‌م ساته‌ش ئاسه‌واری هه‌مه‌لایه‌نه‌ی به‌رچاوی له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و له گرده‌که هه‌یه و به‌رده‌وام له ململانێدایه له‌گه‌ڵ چه‌مکی نه‌ته‌وه‌یی میانڕه‌وی کراوه که کرۆکی گۆڕانی وه‌ک بزوتنه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ری و نه‌ته‌وه‌یی دروستکردوه و دهستپێکهرییهکهش له‌لایه‌ن کاک نه‌وشیروان و چه‌ند هاوڕێیه‌کیه‌وه کرا، کاتێک پرۆسه‌ی گۆڕان‌و هه‌ڵمه‌تی ریفۆرمیان له چنگی بیر‌و یاساکانی حیزب قوتارکرد و گهڕانیاننهوه بۆ ژینگه ته‌ندروسته‌که‌ی له‌ناو خه‌ڵکدا.
ریفۆرم‌و گۆڕان
جێگیربونی یه‌کسه‌ری ئه‌و گروپه له لوتکه‌ی بزوتنه‌وه‌که‌دا و به‌حوکمی ئه‌زمون و مێژو و تۆڕی توندوتۆڵی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییان، هۆکار بو که پشکی شێری بواری رێکخراوه‌یی و راگه‌یاندن و لۆجیستیکی گۆڕان، به‌ر ئه‌و به‌ڕێزانه بکه‌وێت، ئه‌مه له‌کاتێکدا که جه‌ماوه‌رێکی زۆر له گه‌نج و خوێندکار و که‌سانی بێلایه‌ن بهههڵچونێکی بێئه‌ندازه و نیه‌تێکی گۆڕانخوازی بێگه‌رده‌وه، ده‌وری گۆڕان‌و گرده‌که‌یان به ژیان و هه‌مو توانایه‌کیانه‌وه داب‌و بۆ چه‌سپاندن و پاراستنی و له گۆڕاندا خه‌ون و هیواکانیان به‌دیده‌کرد و ده‌که‌ن. له‌ئاکامی تێکه‌ڵاوبونی ئه‌م دو ئاراسته‌یه‌دا له‌ناو بزوتنه‌وه‌که‌دا و به‌هۆی سهرقاڵبونێکی خه‌ست به هه‌ڵبژاردنه‌کان و بواری رێکخراوه‌یی گۆڕان و گرفت و کێشه دروستکراوه‌کان بۆ گۆڕان، نه‌توانرا تێهه‌ڵکێشکردنی ئه‌م چه‌مک و ئاراسته جیاجیانه له‌ئاستێکدا بێت که گونجاندن و له‌یه‌کتێگه‌یشتن پێوه‌ری سه‌ره‌کی کارکردن و رێکخه‌ری جیاوازییه‌کانی نێوانیان بێت. لێره‌وه دیدوبۆچونه جیاکان له‌یه‌کتر دورده‌که‌وتنه‌وه و ئه‌م راستییه‌ش بواره‌کانی خۆکۆکردنه‌وه و رێکخستنی گۆڕانی گرتبوه‌وه.
له ئه‌زمونه‌کانی دنیادا، چه‌مکی ریفۆرم به‌شێک بوه له پرۆسه‌ی گۆڕان، به‌پێی هه‌لومه‌رج و تایبه‌تمه‌ندی دۆخه‌کان، قورسایی ئه‌و چه‌مکه له پرۆسه‌که‌دا دیاریکراوه و هیچ کاتێک ریفۆرم شوێنی پرۆسه‌ی گۆڕانی نه‌گرتوه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت له‌و ساتانه‌ی پرۆسه‌ی گۆڕان چهقبهستوبوه، یا توشی شکست هاتوه، هه‌ڵمه‌تی ریفۆرم نه‌یتوانیوه خۆی وه‌ک ئه‌لته‌رناتیڤێکی به‌دیل ساز بکات و به‌کاربێت. کاتێک تۆنی بلێر بوه سه‌رۆک وه‌زیرانی به‌ریتانیا (1997-2007)، هه‌ڵمه‌تێکی گۆڕانی به‌رفراوان له سیاسه‌تی وڵاته‌که‌ی له‌به‌رامبه‌ر ئێرله‌ندا و له‌ناو حیزبه‌که‌ی و له سه‌ندیکاکانی کرێکاران و حکومه‌ت و ده‌زگاکانی گواستنه‌وه و خوێندن و خزمه‌تگوزارییه‌کان راگه‌یاند، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که کۆڵه‌که‌یه‌کی به‌هێزی حیزبه‌که‌ی و رێبازی گۆڕانکارییه‌کانی ریفۆرمخوازه دڵسۆزه‌کانی سه‌ندیکاکانی کرێکاران و رێکخراوه مه‌ده‌نییه‌کان و ناو حیزبه‌که‌ی بون، به‌ڵام له پرۆسه‌که‌ی گۆڕاندا، ته‌نانه‌ت بلێر ده‌سه‌ڵاتی به‌های سهندیکاکانیشی به ئاستێک که‌مکرده‌وه و گۆڕانکاریی تێداکردن که کاریگه‌رییه مێژوییه‌کانیان که‌وتنه په‌راوێزی ساڵانی حوکمڕانی بلێره‌وه و دوای ئه‌وه‌ی که گۆردن براونی دۆستی بلێر زمامی حیزب و حوکمڕانی گرته‌ده‌ست، هه‌ڵمه‌ته‌که‌ی بلێر و حیزبه‌که‌ی توشی شکستێکی گه‌وره هات، بێئه‌وه‌ی ریفۆرمخوازه‌کانی ناو حیزب و سه‌ندیکاکان بتوانن پارتی کار له‌و شکستیه بپارێزن و جێگه‌ی پرۆسه‌ی گۆڕانکارییه‌کان پڕبکه‌نه‌وه.
داڕشتنێکی جیاوازی گۆڕان
ده‌روازه‌کانی گۆڕان واڵان بۆ سه‌رجه‌م چین و توێژه‌کان و بۆچونه فیکرییه‌کان و ئاکامی هه‌ڵبژاردنه‌کانیش، ئه‌و راستییه ده‌خه‌نه‌ڕو که زۆرینه‌ی زه‌مینه به‌هێزه‌که‌ی گۆڕان له گه‌نج و ژنان و خه‌ڵکی هه‌ژار و مافخوراو و چه‌مکه نوێکانی ئه‌م سه‌رده‌مه پێکهاتوه و ده‌بێت ده‌سه‌ڵات و عه‌قڵیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی گۆڕانیش، ره‌نگدانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م پێکهاته و کۆڵه‌که سه‌ره‌کییه‌کانی بێت، هه‌ر په‌راوێزکردن و بچوککردنهوهیهکی ئه‌و پێکهاتانه، له کۆتایی مه‌تافدا سود به‌گۆڕان نابه‌خشێت و بزوتنه‌وه‌که‌ش توشی په‌رته‌وازه‌بون و له‌یه‌کترازان ده‌کات.
ئێستا که گۆڕان سه‌رقاڵی خۆکۆکردنه‌وه و رێکخستنی خۆیه‌تی، پێویستی به داڕشتنێکی واقیعی و کاریگه‌ره، تا بتوانێت له‌ئاستی ئه‌رکه‌کانی قۆناغی گواستنه‌وه‌دا بێت بۆ چه‌سپاندنی وه‌ک کۆڵه‌یه‌کی سیاسیی به‌هێز له بزافی کوردایه‌تیدا و هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی کاریگه‌ر و کارکردن بۆ وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵات به رێگه‌ی سندوقه‌کانی هه‌ڵبژاردن و پشتگیریی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵک و ده‌بێت ئه‌م داڕشتنه جیاوز بێت له پێکهاته و نمونه کلاسیکییه‌کان. جیاواز، به‌مانای ئه‌وه نا که سه‌رجه‌م خه‌سڵه‌ت و لایه‌نه پۆزه‌تیڤه‌کانی ئه‌و جۆره پێکهاتانه بسڕێته‌وه، وه‌لێ به‌مانای نوێکاری بنه‌ڕه‌تی و خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ دۆخی ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا. جیاواز، به‌مانای سازدانی ژینگه‌ی به‌یه‌که‌وه ژیان و کارکردنی جیاوازییه‌کان له‌ناو بزوتنه‌وه‌که‌دا له‌سه‌ر بنه‌ماکانی یه‌کگرتن و ململانێ و به‌باوه‌ڕی توند که هه‌مو خاوه‌نی گۆڕاننو گۆڕانیش موڵکی میلله‌ته. جیاواز، به‌مانای خستنه‌گه‌ڕی توانا‌و هێزی هه‌مو پێکهاته‌کانی گۆڕان بۆ بڕیاردان و به‌شداریکردنی چالاکانه له داڕشتنی ئاینده‌دا. جیاواز، به‌مانای قوتاربون له سوننه‌تی سه‌رکرده‌ی نه‌مرو مافی بڕیاردان و به‌ڕێوه‌بردنی بزوتنه‌وه‌که له‌لایه‌ن "نوخبه‌یه‌کی هه‌ڵبژارده"ی نایابی بێعهیب و هه‌ڵه‌وه. جیاواز، به‌مانای رێگه‌نه‌دان به قۆرخکردنی ده‌سه‌ڵات و ده‌سکه‌وت و تواناکانی بزوتنه‌وه‌که له‌لایه‌ن نوخبه و کادیر و خزم و که‌سوکاری لێپرسراوانیهوه. جیاواز، به مانای دروستکردن و به‌گه‌ڕخستنی چه‌ندین ده‌زگای راوێژکردن و لێکۆڵینه‌وه و شێکردنه‌وه و ئامۆژگاری، تا بتوانن زه‌مینه‌ی داڕشتنی پرۆگرام و بڕیاردان و سیاسه‌تی گۆڕان سازبده‌ن و جیاواز .....تاد.
له‌م داڕشتنه‌دا، ناشێت پرۆسه‌ی دیموکراسی که به‌هێزترین رێگه‌ی دروستبونی بزوتنه‌وه‌که بوه په‌راوێز بخرێت، بۆیه داڕشتنێک که لوتکه‌ی ئۆرگانه‌کان و ده‌سه‌ڵات به متمانه‌ی جه‌ماوه‌ری گۆڕان دیاریکراون، تۆکمه‌ترین شێوازه و زامنی عه‌داله‌تی رێکخراوه‌یی و به‌یه‌که‌وه گرێدانی جومگه‌کانی بزوتنه‌وه‌که ده‌کات.
داڕشتنێک به‌م نه‌فه‌سه و به‌و شێوازه به‌ڕێوه‌بچێت، پێویستی بهبێژنگدان نییه له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی بزوتنه‌وه‌که‌وه، ئه‌وه پرۆسه‌ی دیموکراسییه که ئه‌و ئه‌رکه جێبه‌جێده‌کات.
له‌کۆتاییدا، باوه‌ڕی ته‌واوم هه‌یه که دڵسۆزی و خه‌مخۆری گۆڕانخوازان و گۆڕانکاران، ئه‌و شورا به‌هێزه‌یه كه هه‌مومان کۆده‌کاته‌وه و دهشمانپارێزێت و ته‌نیا به‌یه‌که‌وه ده‌توانین گۆڕان به‌ره‌و که‌ناری ئارام به‌رین.
|