چیا عه‌باس
له ئارشیفی وه‌زراه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا:
"كاتێك ئێمه (ئه‌مه‌ریكا) لامان وابوو كه ئێوه (عێراق) سه‌ر به سۆڤیه‌تن، ئێمه هیچ بهرههڵستیهكمان نه‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی ئێران له ناوچه‌ی كوردی ده‌یكرد. ئێستا كه ئێران وتۆ چاره‌تان كردوه ئێمه هیچ هۆیهكمان نیه كاری له‌و جۆره بكه‌ین. من پێت ده‌ڵێم كه ئێمه له‌و جۆره كارانه به‌شدار نابین كه دژن به سه‌روه‌ری عێراق". كیسینجه‌ر
كورد و ئه‌مه‌ریكا:
باسكردنی په‌یوه‌ندی نێو كورد له باشووری كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا وه‌ك ئیداره و ده‌وڵه‌ت بابه‌تێكی هه‌ستیاره و پێویستی به وورده‌كاری زۆر هه‌یه. بۆ ئه‌وه‌ی باسكردنهكه بابه‌تیانه و وه‌ك خۆی بخریته پێش چاو ده‌بێت به راشكاوی وبێ په‌رده‌ی شه‌رم و لایه‌نگری و چاوپۆشین باسی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه بكرێت.
بێگومان ئه‌م باسكردنه ناته‌واوی وكه‌م وكوری پێوه دیارده‌بێت، هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه كه به‌شێك له به‌ڵگه و دۆكیۆمهنتهكانی ئه‌مه‌ریكا به‌رده‌ست ناكه‌ون و هه‌ندێكیان زۆر نهێنی وتایبه‌تن وهۆكارێكی تریش به‌رپرسان وسیاسه‌تمه‌دارانی كورد له‌م رووه‌وه زۆر كه‌میان بۆ حیزب ومیللهتهكهیان دركاندوه ونوسیوه.
باسكرندی ئه‌م په‌یوه‌ندیه ده‌گه‌رێته‌وه بۆ سه‌ره‌تای ساڵه‌كانی په‌نجای سه‌ده‌ی رابووردوهوه وبه‌تایبه‌تی دوای كوده‌تای 1958، چونكه دوای ئه‌و كوده‌تایه وگۆرانكاریهكانی تر له عێراق وباشووری كوردستان ئه‌و په‌یوه‌ندیانه سه‌ره‌تایه‌كی گه‌رم وخهستی ده‌ست پێكردوه.
ده‌كرێت ئه‌و مێژووی په‌یوه‌ندیانه بكه‌ین به پێنج قۆناغه‌وه:
قۆناغی یه‌كه‌م:
له پێش كوده‌تای 1958 ه‌وه تا سه‌ره‌تای ساڵی 1972.
قۆناغی دووه‌م:
له دوای 1972 تا هه‌ره‌س
قۆناغی سێیه‌م:
له هه‌ره‌سه‌وه تاداگیركردنی كوێت وراپه‌رین له باشووری كوردستان.
قۆناغی چواره‌م:
له‌دوای راپه‌رینه‌وه تا روخاندنی رژێمی سه‌دام.
قۆناغی پێنجه‌م:
له روخاندنی رژێمی سه‌دام ه‌وه تا ئه‌مرۆ.
له‌م نووسینه‌دا تیشك ورووناكی ده‌خه‌مه سه‌ر قۆناغی دووه‌م، ئه‌گه‌ر بكرێت له ئاینده‌دا كۆكردنه‌وه ونووسینی قوناغه‌كانی دواتریش پێشكه‌ش ده‌كه‌م. به‌تایبه‌تی ئه‌و قۆناغانه جۆره‌ها به‌لگه ولێكدانه‌وه‌ی جیاواز له‌خۆ ده‌گرن.
هه‌رچه‌نده ئه‌مه‌ریكا هێزێكی تازه‌یه له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌راست به‌ڵام كاریگه‌ریه‌كی بێئه‌ندازه‌ی هه‌یه له‌سه‌ر دارشتنه‌وه‌ی سیاسی وئابووری ناوچه‌كه، زه‌مینه‌ی ئه‌م راستیه‌ش له مه‌سه‌له‌كانی وزه وبه‌رژه‌وه‌ندی دۆسته‌كانی ئه‌مه‌ریكا وگرنگی جیۆپۆڵیتیكی ناوچه‌كه وهه‌روه‌ها له سه‌رهه‌ڵهێنانی ئیسلامی سیاسی وتیرۆریزمدا خۆی حه‌شارداوه.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كوردستان له‌لایه‌ن هێزه‌كانی دنیاوه دابه‌شكرا وبێئهوهی رای كورد ببپرسن بۆیه كورد بۆ مانه‌وه‌ی خۆی ومافه‌كانی ناچار بوه شه‌ری چه‌ند لایه‌ن بكات وهاوكاری ویارمه‌تی بێ یه‌ك ودوو قبوڵ بكات. ئه‌م راستیه له مێژووی كورددا زۆر به‌خراپی وبهمهبهست له‌لایه‌ن زۆر لایه‌نه‌وه به‌خراپی به‌كارهێنراوه.
ئه‌مه‌ریكا كه تێكه‌ڵاوی ناوچه‌كه بوه به كوردیشه‌وه هه‌روه‌ك خۆرئاوا و وڵاتانی كۆڵۆنیاڵزم بیریان كردۆته‌وه كه خه‌ڵكه‌كه‌ی كه‌م توانا وتوندرهو وسهرلێشواون وناتوانن حوكمی خۆیان بكه‌ن، بۆیه خه‌ڵكه‌كه‌و بزوتنه‌وه وشۆرشهكانی وه‌ك ئامرازێك وكارتێك به‌كارهێنراون.
قۆناغی یه‌كه‌م:
له‌م ساڵانه‌دا ئه‌مه‌ریكا رۆڵێكی گرنگ وبه‌رچاوی نه‌بوه له بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد له باشور. به‌پێی دۆكیومێنته تایبه‌ته‌كانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له 4 ی مانگی نیسانی 1954 دا چه‌ند كارمه‌ندێكی دیبلۆماسی ئه‌مه‌ریكا له باڵیۆزخانه‌كه‌یان له به‌غدا سه‌ردانی كوردستان یان كردوه وله‌و سه‌ردانه‌دا به‌یان وپرۆپاگهندهیان بڵاوكردۆته‌وه بۆئه‌وه‌ی كورده‌كان نه‌بن به‌دۆستی سۆڤیه‌ت. له‌و كاتانه‌دا چه‌ند نوسینێكی كورت سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندی كوردی ئه‌مریكیه‌وه هه‌بوه، به‌ڵام لێكۆڵینه‌وه‌ی قوڵ وئه‌كادیمی له‌سه‌ری نه‌بوه. له‌دوای كوده‌تای به‌عسیه‌كان له 1963 دا ئه‌مه‌ریكا داوای له‌سه‌ركردایه‌تی كورد كردوه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی نوێی عێراق رێككه‌ون. به‌درێژایی ئه‌م ساڵانه رۆڵی ئه‌مه‌ریكای راسته‌وخۆ زۆر كه‌م بوه تا سه‌ره‌تای ساڵی 1972. له‌هه‌مان كاتدا به‌درێژایی ئه‌و ساڵانه كه كورد شۆرشێكی گه‌وره‌ی بهرپاكردبوو ئه‌مه‌ریكا له‌رێگای دۆسته‌كانی له‌ناوچه‌كه (شای ئێران وئوردون وئیسرائیڵ) چاوێكی له‌سه‌ر شۆرش وگۆرانكاریه‌كان بوه.
قۆناغی دووه‌م:
بۆ باشتر شێكردنه‌وه وتێگه‌یشتن له په‌یوه‌ندیه‌كانی كورد وئه‌مه‌ریكا به باشی ده‌زانم باسێكی كه‌سه‌یاتی هینری كیسنجه‌ر وسه‌رده‌می شه‌ری سارد بكه‌ین. كیسنجه‌ر ئه‌ندازیاری سه‌ره‌كی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ئه‌مه‌ریكا بوو ولهمهر مه‌سه‌له‌ی كورد له باشوور رۆڵی گرنگ وبه‌رچاوی بینیوه.
هینری كیسنجه‌ر:
Heinz Alfred Kissinger له‌خێزانێكی جوله‌كه له ناوچه‌ی به‌ڤاریا له‌ساڵی 1923 له ئه‌ڵمانیا له‌دایكبوه، كه ته‌مه‌نی 15 ساڵ بوه له‌ساڵی 1938 وله‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی نازی له‌گه‌ڵ خیزانه‌كه‌ی به‌ره‌و ئه‌مه‌ریكا ده‌رۆن. پاش ئه‌وه‌ی وه‌ك سه‌رباز له سوپای ئه‌مه‌ریكا له كۆریا وئه‌ڵمانیا كاری كردوه له زانكۆی هارڤارد ده‌خوێنێت ودكتۆرا له په‌یوه‌ندیه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان به‌ده‌ست ده‌هێنێت. له سه‌ره‌تای ژیانی سیاسی‌دا ئه‌ندامی حزبی دیموكرات بوه ودواتر چۆته ناو حزبی كۆماریه‌كانه‌وه، له‌ساڵی 1968 ده‌بێته راوێژپێكراو بۆ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی نكسۆن بۆ سه‌رۆك كۆمار. پاش هه‌ڵبژاردنی نكسۆن پۆستی راویژَپێكراوی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی پێده‌درێت ولهم پۆسته‌دا ده‌توانێت كۆنترۆڵی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بكات. له‌ساڵی 1973 كرا به وه‌زیری ده‌ره‌وه ولهم پۆسته‌دا مایه‌وه تا كۆتایی سه‌رۆكایه‌تی جیراڵد فۆرد. هه‌ر له‌كۆنه‌وه هه‌وڵی داوه كه شه‌ری سارد له ململانێی دولایه‌نی نێوان ئه‌مه‌ریكا وسۆڤیهتهوه بكاته ململانێی چه‌ند لایه‌نێك. كیسنجه‌ر په‌یوه‌ندیه‌كی كاركردنی زۆر تایبه‌تی له‌گه‌ڵ نكسۆن هه‌بوه. له‌م رووه‌وه له یاداشته‌كانی خۆیدا له‌كاتی كاركردنی له كۆشكی سپی كیسنجه‌ر ده‌ڵێت:
له‌ساڵی یه‌كه‌مدا پێشنیازه‌كان وبیرو راكانم ده‌خسته به‌رده‌م نكسۆن، زۆر به‌ده‌گمه‌ن گۆرانكاری تێدا ده‌كردن، له‌كۆتای 1970 دا نكسۆن رایگه‌یاند كه‌پێویست به‌و لێدوانانه ناكات وقایڵه به پلانه‌كانی ئه‌و. ئه‌م راستیه وای كرد كه كیسنجه‌ر ببێته به‌رپرسی یه‌كه‌می رووداوه‌كان له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌كاتی ده‌سه‌ڵاتیدا.
كیسنجه‌ر مرۆڤێكی به‌توانا وزیره‌ك بوه وبۆچون وبیرۆكه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌بوه له‌مه‌ر سیاسه‌ت وبریارهكانیشی بۆخۆی وه‌رگرتوه، ته‌نانه‌ت وه‌سفی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به ده‌رگای پشتی حه‌وشه‌وه كردوه. له كاته پێویسته‌كاندا خۆی یا سه‌رۆكه‌كه‌ی له ژووری به‌رێوه‌بردنی رووداوه‌كان له كۆشكی سپیه‌وه راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی وڵاتانی دنیا په‌یوه‌ندیان كردوه بێئه‌وه‌ی بگه‌رێنه‌وه بۆ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه.
كیسنجه‌ر بیركردنه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تی له‌مه‌ر خه‌ڵك ومیللهتهكانی خۆرهه‌ڵات هه‌بوه، به كورتی زۆر به كه‌متری زانیون له‌وانه‌ی خۆرئاوا وبه توندره‌و ودرنده. بێگومان سیاسیه‌كی پراگماتیك وریاڵیستیك بوه. هه‌رگیز دوو دڵ نه‌بوه وره‌ق وسارد وبێبهزاییانه ره‌فتاری له‌گه‌ڵ ئه‌و كێشه ومهسهلانهی سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی كردوه. سه‌یره بۆ پیاوێكی وا له‌ده‌ستی نازی هه‌ڵهاتوه ئه‌و جۆره بیركردنه‌وه ورهفتارهی هه‌بێت.
بێگومان یه‌كێك له‌گه‌وره‌ترین كاریگه‌ره‌كانی پراكتیزه‌كردنی ئه‌وه‌ی ناسرابوو به دۆكترینی نكسۆن كه له‌راستیدا بیرۆكه‌ی كیسنجه‌ر بوه وناوهرۆكهكهی ئه‌وه‌بوو كه ئه‌مه‌ریكا هاریكاری ویارمه‌تی هێزه ناوچه‌ییه‌كان بكات تا به‌ناوی ئه‌مه‌ریكاوه كاریگه‌ری خۆیان بخه‌نه‌كار. بۆ نموونه به‌هێزكردنی ئێرانی سه‌رده‌می شا. یه‌كێك له‌گه‌وره‌ترین سه‌ركه‌وتنه‌كانی نزیكبوونه‌وه له چین بوو وسه‌ردانی نكسۆن له 1972 بۆ ئه‌و وڵاته ودروستكردنی په‌یوه‌ندی دیپلۆماسی له‌گه‌ڵیدا له‌سه‌ر حسابی تایوان. ئه‌م كردنه‌وه‌یه به‌رامبه‌ر به‌چین یه‌كێك له‌خه‌ونه‌كانی كسنجهری هێنایه‌دی به‌وه‌ی كه گهمهكهری تازه‌ی هێنایه سه‌ر گۆره‌پانی ملمڵانێكانی شه‌ری سارد كه ناچاری سۆڤیه‌تیش كرا به‌م راستیه قایڵ بێت و به‌ماوه‌یه‌كی كورت دوای سه‌ردانی چین نكسۆن سه‌ردانی برجنێفی كرد ولهكۆتایدا له‌ساڵی 1972 رێكه‌وتنامه‌ی ساڵت 1 یان ئیمزاكرد. (رێككه‌وتنامه بوو بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی چه‌كه ئه‌تۆمیه ستراتیجیه‌كانی هه‌ردوولا).
كیسنجه‌ر رۆڵی سه‌ره‌كی بینی له‌كاتی شه‌ری ئۆكتۆبه‌ری 1973 نێوان میسر وئیسرائیل ورێگای له ئیسرائیڵ گرت كه سوپای 3 ی میسری له بیابانی سینا ته‌فروتونا بكات، دوای كۆتایی شهر میسر بوه به‌و هێزه ناوچه‌ییه‌ی ئه‌مه‌ریكا به‌كاری ده‌هێنا. بێگومان رۆڵی كیسنجه‌ر له گڤتوگۆ ولێدوان له‌گه‌ڵ ڤێتنامی باشوور له پاریس زۆر به‌رچاوه له مێژوودا وبۆ ئه‌و كاره‌ش جایزه‌ی نۆبڵًی بۆ ئاشتی پێدراوه، هه‌رچه‌نده مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی كسنجه‌ر بهڤێتنامهكردنی شه‌ره‌كه بوو.
تا ئه‌مرۆش چه‌ندین دادپه‌ره‌وه‌ر ودادگا ورێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ ویاسا ناسه‌كان مه‌به‌ستیانه لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵ كیسنجهردا بكه‌ن سه‌باره‌ت به‌رۆڵی خۆی وزانیاری له‌سه‌ر چه‌ندین ئۆپه‌راسیۆنێك كه به‌هه‌زاران كه‌سی تیدا كوژراون، له‌وانه ئۆپه‌راسیۆنی كۆندۆر، كوده‌تا دژ به سلڤادۆر ئهیهندی شیلی، جینۆسایدی تیمۆری خۆرهه‌ڵات، ئۆپه‌راسیۆنی گلادیۆ وكوشتنی سیاسه‌تمه‌داری ئیتاڵی ئاڵدۆ مۆرۆ.
شه‌ڕی سارد:
شه‌ری سارد وه‌ك هه‌موو دیارده‌كانی تر له مێژووی مرۆڤدا چه‌ند لایه‌نی له‌خۆ گرتبوو، یه‌كێك له‌م لایه‌نانه‌ی شه‌ری سارد به‌پێچه‌وانه‌ی یاسا وسیسته‌م وپێوه‌ره ئاساییه به‌كاره‌كانی سه‌رده‌می خۆی كاری كردوه. گه‌ران بۆ دۆزینه‌وه‌ی راستیه‌كان له‌م بواره‌دا پێویستی به كار وهه‌ڵمه‌ت ولێكۆڵینه‌وه‌ی زۆری هه‌یه له ناو ئه‌رشیفی كۆنی رووداوه‌كاندا.
هه‌ردوو زلهێزی ئه‌و سه‌رده‌مه نه‌ك ته‌نها چاویان له زه‌وی بریبوو به‌ڵكو خواستی كۆنترۆڵكردنی هه‌موو شتێكیان هه‌بوو. بۆئه‌م مه‌به‌سته‌ش خه‌ریكی كێبركێ وململانی بوون. تێگه‌یشتنی خۆرئاوا بۆ شه‌ری سارد مانای ئه‌وه‌بوو كه خوێن رشتن وگۆرهپانی شهر نه‌بوو، تێگه‌یشتنێك زۆر جیاواز له‌وه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ده‌روازه‌كانی خۆرئاوا. راسته ئه‌مه‌ریكا ویه‌كیتی سۆڤیه‌ت راسته‌وخۆ شه‌ری یه‌كتریان نه‌كردوه به‌ڵام راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندار بوون به چه‌ندین شهر ومه‌رافه، به‌تایبه‌تی له‌ده‌ره‌وه‌ی خۆرئاوا، كه تێدا به‌سه‌دان هه‌زار كه‌س كوژراو بریندار وسه‌رگه‌ردان بوون. له‌م شه‌ره‌دا گۆره‌پانه‌كان جیاواز بوون، شه‌ره‌كانی ئه‌مه‌ریكای لاتینی، ئه‌فریكا، ئاسیا وخۆرهه‌ڵاتی ناوه‌راست وله‌چه‌ند شوێنێكی ئه‌وروپا وجیاوازیشیان هه‌بووه له‌قه‌باره وئاراسته‌ی په‌یوه‌ندی زلهێزه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌و شه‌رانه‌دا.
ئاواته‌كانی كورد بۆ ئازادی ورزگاری وفاكتۆری جیۆپۆڵیتیكی كوردستان یه‌كێك بووه له به‌پیتترین زه‌مینه بۆ ئه‌و جۆره شه‌رانه‌ی سه‌رده‌می شه‌ری سارد.
یه‌كێك له وڵاتانی گۆره‌پانی ململانێیی سۆڤیه‌ت وئه‌مه‌ریكا عێراق بوو، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی حزبی به‌عس له 1968 هاته سه‌رحوكم وبه‌رنامه‌یه‌كی هه‌بوو كه له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ئه‌و كاته‌ی رۆژئاوا نه‌ده‌گونجا، وا چاوه‌روان ده‌كرا كه عێراقی ژێر ركێفی سه‌دام ببێته دهستوپێوهندێكی نزیكتر بۆ یه‌كێتی سۆڤیه‌ت.
ئه‌مه‌ریكا وكیسنجهر وكورد:
ده‌ستتێوه‌ردان وبه‌شداری ئه‌مه‌ریكا له كێشه‌ی كورد كاتێك به‌خه‌ستی ده‌ستی پێكرد كه ئه‌مریكیه‌كان زانیان كه عێراق ویه‌كێتی سۆڤیه‌ت رێككه‌وتنامه‌یه‌كی ستراتیجیان له 1972 دا ئیمزا كردوه. هه‌ر ئه‌و كاتانه‌ش 15 هه‌زار پسپۆر وراوێژپێكراو وسه‌ربازی سۆڤیه‌ت له میسر بوون. مه‌ترسی ئه‌وه ده‌كرا كه تێكرا خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌راست بچێته ژێر كاریگه‌ری سۆڤیه‌ته‌وه. ئێران وئوردون دوو وڵاتی دراوسێی عێراق مه‌ترسیان له ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌عسی هه‌بوو وهه‌روه‌ها ئیسرائیڵیش سه‌غڵه‌ت بوو به یارمه‌تی سۆڤیه‌ت بۆ عێراق. هه‌ر ئه‌م سێ وڵاته‌ش كورده‌كانی عێراقیان وه‌ك كارتێك به‌كارده‌هێنا تا شهر ومهرافهی به‌عس له خۆیان بهدوورخهن.
پاش ئیمزاكردنی رێككه‌وتنامه‌كه فشاری گه‌وره خرایه سه‌ر ئه‌مه‌ریكا له‌لایه‌ن شای ئێرانه‌وه. له یاداشتنامه‌یه‌كدا كه هارۆڵد ساونده‌رس له 27 ئازاری 1972 له ته‌هرانه‌وه ئاراسته‌ی جه‌نه‌راڵ هێگ ( ئه‌و كاتهسهرۆكی ستافی كۆشكی سپی) كردوه وله باسی یارمه‌تیدانی یاخیبوونی كورده‌كان دا هاتوه: "ده‌زگای هه‌واڵگری ئێرانی، ساڤاك، هه‌میسان جه‌ختی كرده‌وه كه ئێمه له‌رێگای – باس نه‌كراوه – یارمه‌تی سه‌ركرده‌ی كوردستانی عێراق، مه‌لا مسته‌فا بارزانی، بده‌ین". له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا شا ونكسۆن به‌ئاگابوون كه سۆڤیه‌ت بۆ رێككه‌وتنی كورد وحكومه‌تی عێراقی كارده‌كه‌ن. له یاداشتێك له نوسینگه‌ی به‌رێوه‌به‌ری CIA ه‌وه ژماره واشنتۆن د.س. 20505 دا هاتوه:
" فشاری راسته‌وخۆ خراوه‌ته سه‌ر كورده‌كان له‌لایه‌ن شاندێكی سۆڤیه‌ته‌وه كه سه‌ردانی كوردستان یان كردوه له كۆتایی شوباتی 1972". به‌ڵام بۆ خوالێخۆشبوو مه‌لا مسته‌فا ئاسان نه‌بوو كه جارێكی تر متمانه‌ی خۆی به سۆڤیه‌ت ببه‌خشێت.
له‌سه‌ره‌تادا ئه‌مریكیه‌كان دوودڵ وبهحهزهر بوون له یارمه‌تیدانی كورده‌كان، به‌تایبه‌تی به‌هۆی شكستیهكانیان له ڤێتنام وگران كه‌وتنی ئه‌و شه‌ره، به‌ڵام دواتر داواكاریه‌كانی شای ئێرانیان په‌سندكرد.
له‌م بواره‌وه هینری كیسنجه‌ر له به‌رگی سێهه‌می یاداشته‌كانی ساڵی 1999 ده‌ڵێت: هاوكاری ئه‌مه‌ریكا بۆ كورده‌كان ده‌گه‌رێته‌وه بۆكاتی سه‌ردانه‌كه‌ی نكسن بۆ تاران له مایسی 1972 دا كه دوای كۆبونه‌وه‌ی لوتكه‌ی نێوان نیكسن وبریجنێڤ بوو له مۆسكۆ. له ئه‌نجامی لێدوانی له‌گه‌ڵ شادا نكسن سه‌باره‌ت به كورده‌كانی عێراق گه‌یشته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه شۆرشی كورد دژ به حكومه‌تی عێراق بێ هاوكاری تووشی شكستی ده‌بێت. په‌كخستنی گه‌نجینه‌ی عێراق وبه‌رزكردنه‌وه‌ی هێزی سه‌ودای كورده‌كان مه‌به‌ستی ئه‌مه‌ریكا بوو وه‌ك كیسنجه‌ر ئاماژه‌ی پێده‌كات وبهوهۆیهوهش عێراق ناچار بكرێت سیاسه‌تی هێوربوونه‌وه بگرێته به‌ر.
به‌لای كیسنجهرهوه ئه‌م یارمه‌تیه به به‌راوردكردنی به هیندی چینی بایه‌خێكی ئه‌وتۆی نه‌بوو. لیژنه‌كانی كۆنگرێس رازی نه‌بوون ئیداره‌ی نیكسۆن یارمه‌تی كورده‌كان بدات بۆ هێنانه‌دی ئۆتۆنۆمی. كیسنجه‌ر بۆ ئه‌و هاریكاریهی ئه‌مه‌ریكا باس له دوو بنه‌ما ده‌كات، له‌رووی ئایدیۆلۆژیه‌وه ده‌گه‌رێته‌وه بۆ مه‌بادئی ویلسۆن بۆ پشتیوانی مافی چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌كان وبۆ بنه‌مای دووه‌میش كه به سیاسی ناوی ده‌بات ئاماژه به‌وه ده‌كات كه گرنگی ناوچه كوردیه‌كان له‌و وڵاتانه‌ی تێدا ده‌ژین به‌خه‌ستی كاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا هه‌بوه. یه‌كێك له فاكته‌ره ئاڵۆزه‌كانی یارمه‌تیدانی كورده‌كان ئه‌وه بوو كه ده‌بوایه له‌رێگای یه‌كێك له وڵاته هاوپه‌یمانه‌كانه‌وه ئه‌نجام بدرێت، ئێران له‌سه‌رده‌می فۆرد دا وتوركیا له‌سه‌رده‌می كلنتۆن دا. ئه‌و دوو وڵاته‌ش هاوبه‌شی ئامانجی ئه‌مه‌ریكا بوون كه نه‌هێڵن كۆمینیست یا رژێمێكی خراپ ده‌ست به‌سه‌ر ناوچه كوردیه‌كاندا بگرێ. ئه‌م وڵاتانه‌ش به‌و مه‌به‌سته یارمه‌تی كورده‌كانیان ده‌دا تاخۆیان له گێچه‌ڵی عێراق بپارێزن وبه هیچ شێوه‌یه‌كیش ئاماده نه‌بوون رێگا به‌دروستكردنی دهوڵًهتێكی كوردی بده‌ن. به‌هه‌مان پێوانه‌ش نه ئیداره‌ی نیكسن ونه فۆرد ونه بوش ونه كلنتن هه‌رگیز یشتیوانیان له‌سه‌ربه‌خۆیی كورده‌كانی عێراق نه‌كردوه.
له 1 ئۆگۆستی 1972 نكسن فه‌رمانی راسته‌وخۆی پرۆگرامه نهێنیه‌كانی ئیمزاكرد. شا ومه‌لیك حسێن ی ئوردون له‌سه‌ر زه‌ریای قه‌زوین له نێوان 31 ته‌موز و2 ئۆگۆستدا كۆبونه‌وه وپێخۆشحاڵی خۆیان به‌یارمه‌تی ئه‌مه‌ریكا ده‌ربری وهه‌ردووكیان بارزانی یان ئاگادار كرده‌وه كه‌كارێكی دراماتیكی ئه‌وتۆی وه‌ك راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردی نه‌كا.
كیسنجه‌ر له نووسینه‌كه‌ی كاره‌ساتی كورده‌كان نووسیویه‌تی: " له یاداشتنامه‌یه‌كدا روونم كردبوه‌وه كه عێراق بۆته هاوپه‌یمانێكی سه‌ره‌كی یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌راستدا وحكومه‌تی به‌عس وسه‌دام به‌رده‌وامن له پێشكه‌شكردنی یارمه‌تی ماڵی به رێكخراوه تێرۆریسته‌كان وهێزێكی پشتگیریكهرن له به‌ره‌ی ناره‌زایی وڵاتانی عه‌ره‌بی بۆبه‌ستنی ئاشتی له‌گه‌ڵ ئیسرائیڵ دا، له‌به‌ر هه‌موو ئه‌م هۆیانه داوام كرد كۆمه‌كی ساڵانه‌ی كورده‌كان له پێنج ملیۆن دۆلار زیاتر بێت. شاش به‌ڵێنی دا یارمه‌تیه‌كه‌ی زۆر زیاتر بكات تانزیكه‌ی 30 ملیۆن دۆلار. ئه‌مه جگه له به‌رده‌وامبوونی یارمه‌تی سه‌ربازی وتۆپ وته‌قه‌مه‌نی له‌لایه‌ن ئێرانیه‌كانه‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سه‌رۆكم به‌ئاگا هێنایه‌وه كه كورده‌كان كارێك نه‌كه‌ن هه‌وڵه‌كانیان بگاته سه‌رو ئاستی به‌رگریكردنه‌وه". كیسنجه‌ر زیاتر تیشك ده‌خاته سهربۆچوونی خۆی له‌و یاداشتنامه‌یه‌دا: " ئێمه ده‌مانه‌وێ دووركه‌وینه‌وه له‌و باوه‌ره‌ی گوایا بۆ ماوه‌یه‌كی دوور ودرێژ به‌ره‌وام ده‌بین له دانی كۆمه‌كی ماڵی. ده‌بێ به بارزانی بووترێ كه له‌ئایینده‌دا به‌حسابی مانگانه یارمه‌تییان پێده‌ده‌ین.....تاد". له‌هه‌مان كاتیش‌دا سه‌رجه‌م پرۆژه سه‌ره‌كیه نهێنیه‌كانی ئه‌و ساته، چیلی، كورده‌كان وئهنگۆلا له‌لایه‌ن كۆشكی سپیه‌وه به‌رێوه ده‌چوون وبه نهێنی كاره‌كان ده‌كران. كیسنجه‌ر سه‌باره‌ت به‌شێوه‌ی ره‌فتار له‌گه‌ڵ كورده‌كان ده‌ڵێت: ده‌بوا باشتر كورده‌كانمان بناسیایه كه رارا بوون وئاسان نه‌بوو تاسه‌ر بخرینه هه‌ر ستراتیژییكهوه، ئَێمه ئه‌وه‌مان ده‌زانی كه كورده‌كان ئازا وفهخور بوون، خۆشتره له‌سه‌ریان بخوێنرێته‌وه وه‌ك له‌وه‌ی مامه‌له‌یان له‌گه‌ڵدا بكه‌یت. یارمه‌تیه‌كه بۆ كورده‌كان له‌رێگای CIA ه‌وه ئه‌نجام ده‌درا..له‌چاوپێكه‌وتنێكی دكتۆر محمود عوسمان له‌و كاتانه‌دا ووتی: ئێمه له راستیدا به‌و یارمه‌تیه دڵخۆش بوین چونكه سنورێكی به‌زاند وبیرمان كردۆته‌وه كه به رۆیشتنی كات یارمه‌تیه‌كه باشتر وفراوانتر بێت وله‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا هاتۆته ناو كێشه‌كه‌وه ده‌بێت باشبونێك ئه‌نجامه‌كه‌ی بێت. له‌مه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت كه كورده‌كان هیوایه‌كی زۆریان به‌و یارمه‌تیه‌ی ئه‌مه‌ریكا بنیات نابوو. هه‌روه‌ها خوالێخۆشبوو سامی عبداالرحمن بۆ جه‌ختكردنه‌وه له قسه‌كانی دكتۆر مه‌حمود ده‌ڵێت: له ناخی دڵیه‌وه بارزانی ئه‌مه‌ریكای خوش ویستوه.
به‌لای كیسنجهرهوه ده‌بوو یارمه‌تی كورده‌كان له چوارچێوه‌ی ئۆپه‌راسیۆنه نهینیهكاندا بێت كه له‌لایه‌ن CIA ه‌وه به‌رێوه‌ده‌برا. هه‌روه‌ك دكتۆر محمود عوسمان له‌سه‌ر ئه‌و یارمه‌تیه باسیكردوه: " په‌یوه‌ندیه‌كانمان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا له ده‌ستپێكردنه‌وه له‌گه‌ڵ CIA دا بوو ونهێنی بوو وله‌لایه‌ن به‌رپرسی ئه‌و ده‌زگایه ریشارد هێلمس ه‌وه سه‌رپه‌رشتی ده‌كرا. ئه‌وان قه‌د ئاماده‌نه‌بوون په‌یوه‌ندی ئاشكرا یا په‌یوه‌ندی سیاسی بكه‌ن. سه‌رجه‌م ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه له‌ده‌ستی كسنجه‌ر خۆیدا بوو ودوا بریاردهریش خۆی بوو. به‌هۆی سروشتی نهێنی یارمهتیهكهوه كێشه‌ی كوردیش له كۆنگرێس وراگه‌یاندن ورای گشتی ئه‌مه‌ریكا دوورخرابوهوه وبه‌م شێوه‌یه‌ش به‌رده‌وامبوو تا مه‌لا مسته‌فا كۆچی دوایی كرد. كسنجه‌ر له یاداشته‌كانیدا كورد وسه‌ركرده‌كانی به‌و شێوه‌یه باسدهكات كه له‌هه‌ست وبیریدا بیری لێكردۆته‌وه به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی خۆرهه‌ڵات.
كیسنجه‌ر له كاره‌ساتی كورده‌كان ده‌ڵێت: "ئه‌و كاته‌ی شه‌ری عه‌ره‌ب وئیسرائیڵ ده‌ستی پێكرد ته‌مه‌نی پرۆگرامه نهێنیه‌كه له‌گه‌ڵ كورد زیاتر له‌ساڵێك بوو، كورد ژماره‌یه‌كی كه‌م چه‌كی قۆرسیان له ئێران وه‌رگرتبوو، كورده‌كان له توانایاندا بوو ناوچه شاخاوییهكانیان له هێرشی عێراق بپارێزن، به‌ڵام نه‌یان ده‌توانی له ده‌شته‌كان دژی سوپای پرچه‌كی عێراق خۆیان رابگرن، هێرشی ده‌ره‌وه‌ی هێڵی به‌رگری ده‌بوه هۆی تێكشاندنی ته‌واوی هێزه‌كانی كورد". كیسنجه‌ر به‌رده‌وامه وده‌ڵێت: " له 15 ئۆكتۆبه‌ردا، نۆهه‌مین رۆژی شه‌ره‌كه، ئیسرائیڵ سنورێكی بۆ پێشكه‌وتنی سوپای میسر بۆناو سینا دانا‌و به‌ری پێ‌گرتن، ئێمه په‌یامێكی به په‌له‌مان له بارزانیه‌وه پێگه‌یشت كه تێدا رای ئێمه ده‌پرسێت سه‌باره‌ت به ئامۆژكاری ئه‌فسه‌ره په‌یوه‌ندیه‌كانی ئیسرائیڵ كه داوایان لێكردبوو هێرش بكاته سه‌ر ناوچه دهشتییهكانی عێراق. له ئیسرائیڵیش به‌په‌رۆشه‌وه خوازیاری ئه‌م داواكاریه بوون. په‌یامه‌كه له رێگای CIA ه‌وه گه‌یشت، ویڵیه‌م كۆلبی W. Colby به‌رێوه‌به‌ری نوێی CIA راسته‌وخۆ نارازی بوو شه‌ره‌كه ته‌شه‌نه‌بكات. كاتێك له‌گه‌ڵ شادا راوێژمان كرد ئه‌ویش لایه‌نگری بۆچونه‌كه‌ی كۆڵبی بوو وبه‌په‌له به كورده‌كانی راگه‌یاند كه‌بۆ ئه‌وه چه‌كدار نه‌كراون بكه‌ونه هێرش بردن به‌تایبه‌تی له ناوچه دهشتییهكاندا. من رازی بووم ، چونكه پێشنیازی له‌و جۆره‌ی ئیسرائیڵ واده‌كات كارتی كوردی [Kurdish Card] له‌ده‌ست بچێ. هه‌روه‌هاش ئه‌وه‌م لێكدایه‌وه كه به‌ستنه‌وه‌ی راسته‌وخۆی كورده‌كان به تاكتیكی ئیسرائیڵه‌وه كارێكی عاقڵانه نیه. به ره‌زامه‌ندی نكسن له 16 ئۆكتۆبه‌ردا ئه‌م په‌یامه‌م بۆ بارزانی نارد: " ئێمه دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه، كهدهستپێكردنی هێرشی سوپایتان له‌سه‌ر داخوازی ئیسرائیڵ، بۆ ئێوه كارێك نیه بیری لێبكرێته‌وه..". ئه‌و رۆژه‌ی بارزانی په‌یامه‌كه‌ی منی پێگه‌یشت جه‌نه‌راڵ ئاریل شارۆن له كه‌ناڵی سویس په‌رییه‌وه. شه‌ش رۆژ دواتر ئاگربه‌ستی شه‌ری خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌راست راگه‌یاندرا.
له 11 ی مارتی 1974 شهر له‌نێوان حكومه‌تی عێراق وكورد ده‌ستی پێكرده‌وه وله واشنتنیش سه‌رجه‌م باس ولایه‌نه سیاسیه‌كانی سه‌باره‌ت به كورد كه‌وتنه‌وه به‌ر پێداچوونه‌وه ولێكۆڵینه‌وه:
• شای ئێران لای وابوو شكستی كورده‌كان ده‌بێته لابردنی یه‌كێك له چه‌رخه‌كانی پارسهنگیهتی له‌ناو عێراقدا.
• ئیسرائیڵ داوای یارمه‌تی زیاتری بۆ كورده‌كان ده‌كرت.
• بارزانی به‌ته‌واوی ئاماده‌بو رووبه‌رووی ململانێكه ببێته‌وه به مه‌به‌ستی دامه‌زراندنی جۆره ئۆتۆنۆمیهك كه زیاتر له سه‌ربه‌خۆیی بچێت. له 16 مارتی 1974 دا بۆ جێبه‌جێكردنی پێشنیازی ستراتیجی خۆی دوو رێگای خسته به‌رده‌م ئه‌مه‌ریكا: 180 ملیۆن دۆلار بۆ ئۆتۆنۆمی راسته‌قینه، 360 ملیۆن دۆلار بۆ سازدانی زه‌مینه‌ی ته‌واوی سه‌ربه‌خۆیی.
وه‌ك كیسنجه‌ر باسی لێده‌كات: بارزانی لێكدانه‌وه‌ی یه‌كلایه‌نی هه‌بوو، مه‌سه‌له‌كان له ئه‌ستۆی خۆیدا بوون، بێئه‌وه‌ی خه‌ڵكی تر هاوبه‌شی له‌گه‌ڵدا بكات، هه‌میشه باوه‌ری به‌خۆی هه‌بوو... ئه‌و جۆره خه‌باتكردنه پابه‌ندبوو به پشت به‌خۆبه‌ستن وقهدهرهوه. تێگه‌یشتن ولێكدانه‌وه‌ی بارزانی بۆ ئۆتۆنۆمی هیچ كاتێك له‌لایه‌ن شاوه پشتیوانی لێنه‌كراوه یا له‌لایه‌ن توركیاوه. ئه‌مه‌ریكاش له‌و باودۆخه‌دا نه‌بو بتوانێت كۆمه‌ك وپشتیوانی به‌رده‌وامیان بۆ مسۆگه‌ربكات. ئه‌گه‌رچی كه‌مترین داواكاری دارایی بارزانی له‌سه‌روو هه‌موو بودجه‌ی ئۆپه‌راسیۆنه نهێنیه‌كانه‌وه بوو كه له‌ئه‌ستۆی ئه‌مه‌ریكادا بوون. له گه‌رمه‌ی وهتهرگێت Watergate دا له‌ساڵی 1974 كۆنگرێس به‌یاسا ده‌ستیگرت به‌سه‌ر كۆمه‌ك بۆ هێندی چینی، بۆیه هه‌ر كۆمه‌كێك بۆ شه‌ری پارتیزانی كورده‌كان له شاخه‌كانی نزیك سۆڤیه‌ته‌وه داوابكرایه به‌دڵنیاییه‌وه دواده‌خرا. كارێكی بێ ماناش بوو شا كه سنورێكی دوور ودرێژی له‌گه‌ڵ سۆڤیه‌تدا هه‌بو هانبدرێ به‌ئاشكرا ده‌ستوه‌رداته خاكی وڵاتێكی هاوپه‌یمانی سۆڤیه‌ته‌وه.
بارزانی داوای كه‌ره‌سه‌یه‌كی زۆری په‌یوه‌ندی له كۆڵبی ده‌كرد كه رازی نه‌بوو به‌زیادكردنی كۆمه‌كی ئه‌مه‌ریكا بۆ كورده‌كان.
كیسنجه‌ر ئاماژه به‌وه ده‌كات كه‌ئه‌و كاری كردوه بۆ زیادكردنی یارمه‌تی بۆ كورده‌كان. له سه‌ره‌تای نیسانی 1974 دا پێشنیازكرا كه كۆمه‌كی نهێنی ئه‌مه‌ریكا له 5 ملیۆن دۆلاره‌وه بكرێ به 8 ملیۆن دۆلار، سه‌رچاوه ئاشكراكانیش 1 ملیۆن بده‌ن بۆ یارمه‌تیدانی په‌نابه‌ران. شا رازیبوو به‌شه‌كه‌ی خۆی ساڵانه له 30 ملیۆن دۆلاره‌وه بكا به 70 ملیۆن دۆلار. به‌ریتانیا وئیسرائیڵ یش لای خۆیانه‌وه به‌رده‌وام بن به یارمه‌تییه‌كان. بۆ گه‌رمكردنی زه‌مینه‌ی ستراتیجی هاوبه‌ش، به‌ڵام هه‌ریه‌كه بۆ مه‌به‌ستێك.
كیسنجه‌ر ده‌ڵێت: من رینمایی هێلمزم كرد كه شا وبارزانی ئاگادار بكاته‌وه كه به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ئه‌مانه‌ن:
1- هێندهیارمهتی كورده‌كان بكرێت كه زه‌مینه‌یه‌كی مه‌عقولیان هه‌بێت بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئامانجه‌كانیان له ده‌وله‌تی عێراقی.
2- حكومه‌تی ئێستای عێراق به‌رده‌وام مه‌شغول بكرێت.
3- نابێ به‌هیچ جۆرێك عێراق دابه‌ش بكرێ.
هه‌ر لایه‌و وله روانگای خۆیه‌وه مه‌به‌ستی جیاوازی هه‌بو: CIA پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، شا رێككه‌وتنێكی به‌رگریانه وخۆپارێزراو به‌ده‌ست بهێنێ. بارزانیش سه‌ركه‌وتن وله‌گه‌ڵ پاراستنی بنكه سه‌خته‌كانی.
كێشه له‌گه‌ڵ كۆلبی ئه‌وه‌بو ده‌یویست خۆی له گێچه‌ڵی لیژنه‌كانی كۆنگرێس به‌دوور بگرێ وه‌ك له‌وه‌ی بایه‌خ به بارودۆخی سه‌ر زه‌وی بدا. كێشه له‌گه‌ڵ ستراتیجی بارزانی ئه‌وه بوو كه ته‌نها به‌جه‌نگی ئاسایی ده‌یویست كاره‌كه ته‌واوبكات نه‌ك به‌شه‌ری پارتیزانی وكێشهش له‌گه‌ڵ ستراتیجیه‌تی كۆشكی سپی وئێران ئه‌وه‌بوو ئه‌وه‌نده یارمه‌تی نهێنی بزووتنه‌وه‌كه بده‌ن كه ئۆتۆنۆمی كورد بكه‌نه ته‌گه‌ره‌یه‌ك دژی ناحه‌زانی سیاسه‌تیان له‌ناوچه‌كه‌دا.
له‌وه‌ده‌چوو كورده‌كان هه‌ندێك جار نا‌ئومێد بن وكاتێكی تریش شاگه‌شگه بوون. له 27 ته‌موزی 1974 دا شا هاوارێكی به‌په‌له‌ی بارزانی به ئه‌مه‌ریكا راگه‌یاند كه‌داوای كۆمه‌كی ده‌كرد، هه‌ردوای چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك، له‌سه‌ره‌تای ئه‌یلولدا، بارزانی پێشنیازی هێرشی خۆیانی بۆ سه‌ر چاڵه نه‌وته‌كانی كه‌ركوك له 18 ئه‌یلولدا كرد، كه ئه‌مه‌ریكا ره‌دی كرده‌وه. وه‌ك كیسنجه‌ر باسی ده‌كات: فشاره ناوبه‌ناوه‌كانی بارزانی بۆ به‌هێزكردنی له‌شكری كورد بوو، بۆئه‌وه بوو تا كۆمه‌كی زیاتر به‌ده‌س بهێنێ.
هاوینی 1974 هاوینێكی زۆر گه‌رم وپر گیروگرڤت بوو بۆ ئه‌مه‌ریكا. له ته‌موزدا كاره‌ساتی قوبرس وله 11 ئۆگۆستدا وازهێنانی نكسن له سه‌رۆك كۆماری ودوای ئه‌وه قۆناغی گواستنه‌وه وچه‌ند گرفتێكی تر له‌سه‌رویانه‌وه زیانی كێشه‌ی فێتنام. كیسنجه‌ر له‌م بواره نووسیویه‌تی: له 26 ئۆگۆستی 1974 دا كاتێك سه‌رۆكی تازه، جیراڵد فۆرد، م به‌كورتی له ئۆپه‌راسیۆنی هاوكاری كورد ئاگاداركرد وپێم راگه‌یاند كه شا بیری كردۆته‌وه كه هێزی ئاسایی بنێرێ، شا پێش ئه‌وه سه‌ربازی ئێرانی به جلوبه‌رگی كوردیه‌وه ناردیوو، سه‌رۆكم لێ ئاگاداركرده‌وه كه كاری له‌وجۆره به‌ئاشكرا مه‌ترسییه‌كی زۆر دروست ده‌كا وبه ئاسانیش كۆتایی نایه‌ت. ئاره‌زووم وابو بابه‌ته‌كه وازی لێبهێنرێ وسه‌رۆكیش سوور نه‌بوو له‌سه‌ری.
له 26 ئۆگۆستدا فۆرد پرۆگرامی كیسنجه‌ر وباڵیۆزی ئیسرائیڵ Simcha Dinitz ی په‌سند كرد، پرۆگرامه‌كه بریتی بوو له گواستنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌ل وپه‌له جه‌نگیه‌ی سۆڤیه‌ت كه ئیسرائیڵ له‌شه‌ری 1973 دا ده‌ستی كه‌وتبوون وبدرێن به كورده‌كان وبه‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ش ئیسرائیڵ چه‌كی ئه‌مه‌ریكایی وه‌ربگرێت. له كۆتایدا بری 28 ملیۆن دۆلار وه‌ك نرخی چه‌كه‌كان درا به ئیسرائیڵ.
به‌هاتنی پایزی 1974 هێرشی سوپای عێراق له دژی كورد له پێشكه‌وتندا بوو وكوردیش داوای یارمه‌تی زیاتری له ئه‌مه‌ریكا ده‌كرد وشاش پشتگیری ده‌كرد. بۆ نموونه له 22 ئۆكتۆبه‌ری 1974 دا كۆڵبی راپۆرتێكی دابوو كه زۆربه‌ی رێگاكانی یارمه‌تیدانی ئێران بۆ بارزانی وسه‌ركردایه‌تی له مه‌ترسیدان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا داواكه ره‌تكرایه‌وه.
كیسنجه‌ر ده‌ڵێت: كۆمه‌كی ئێمه بۆ بارزانی له‌ساڵانی 1973، 1974 و1975 دا به‌یه‌كه‌وه نزیكه‌ی 28 ملیۆن دۆلار بوو و1250 ته‌ن چه‌ك وته‌قه‌مه‌نی.
له كۆبونه‌وه‌ی 18 ی شوبات 1975 له زوریخ نێوان كیسنجه‌ر وشای ئێران شا كیسنجه‌ری ئاكادار كردۆته‌وه كه بیری له گفتوگۆردن له‌گه‌ڵ سه‌دام دا كردۆته‌وه وكیسنجهریش سه‌رۆك فۆردی ئاگادار كردۆته‌وه كه ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه شا وسه‌دام بگه‌نه ئه‌نجامێك. كیسنجه‌ر واباسی ده‌كات كه شای ئاگادار كردۆته‌وه كه هه‌ر به‌ڵێنێكی سه‌دام بیدا بۆ فه‌رمانره‌وایی ناوچه كوردیه‌كان شتێكی پوچه‌ڵه وناچێته سه‌ر. ئه‌و ده‌مه له توانادا نه‌بوو یارمه‌تی كورده‌كان به‌رێگای نهێنی به‌رده‌وام بێت ودرێژه‌پێدانی بزوتنه‌وه‌كه‌یان پێویستی به ده‌ستتێوه‌ردانی ئاشكرای ئێران بو وئه‌وه‌ش به پشتیوانی ئه‌مه‌ریكا دهچوهسهر. بۆ ئه‌و كاره وا مه‌زه‌نده ده‌كرا كه دوو تیپی سه‌ربازی و300 ملیۆن دۆلار پێویست بوو. لای ئێرانیه‌كان وابوو ئه‌و پرۆگرامه له‌ناو ئه‌مه‌ریكا په‌سند ناكرێت.
هه‌رچه‌نده كیسنجه‌ر له نووسینه‌كانی ده‌یه‌وێت واپیشانی بدات كه ئه‌و به‌ئاگا نه‌بووه له‌و كه‌ین وبهینهی شا وسه‌دام، به‌ڵام زۆربه‌ی دۆكیومێنت وبهڵگهكان پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه ده‌سه‌لمێنن، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بوه له‌وه‌ی بیرورای شا بگۆرێت.
له 3 مارتی 1975 بارزانی نامه‌یه‌ك بۆ كیسنجه‌ر ده‌نێری كه تێدا هاتبوو: " بزووتنه‌وه‌كه‌مان وخهڵكهكهمان به‌شێوه‌یه‌كی درندانه له‌ناوبراون له‌گه‌ڵ بێده‌نگی هه‌موو كه‌سیك. ئێمه هه‌ست ده‌كه‌ین كه به‌رێزتان و ولایه‌ته یه‌كگرتوه‌كان به‌رپرسیاریه‌تی ره‌وشتی وسیاسیان به‌رامبه‌ر به میلله‌ته‌كه‌مان هه‌یه، كه‌خۆیان به سیاسه‌تی ولاته‌كه‌تان به‌ستۆته‌وه".
به‌پێی راپۆرتی پایك Pike Report كیسنجه‌ر له وه‌لامیدا كه به ئه‌ندامێكی ستافه‌كه‌ی راگه‌یاندبوو: " به‌ڵێنی هه‌ر شتێكیان پێبده، ئه‌وه‌یان بده‌ری كه وه‌ریده‌گرن وسوكایهتیشیان پێبكه ئه‌گه‌ر ته‌حه‌مولی نوكته‌یه‌ك نه‌كه‌ن".
سه‌باره‌ت به رێككه‌وتنامه‌ی جه‌زائیر كیسنجه‌ر ده‌ڵێ: " له‌سه‌ر ئاستی ئینسانی كاره‌كه‌ی شا درندانه وبێ به‌زه‌ییانه بوو، قابیلی بیانوو هێنانه‌وه‌ش نه‌بوو، به‌ڵام له‌رووی سه‌رنجی پاراستنی ئێرانه‌وه بریارێكی تێگه‌یشتوانه بوو".
كیسنجه‌ر بۆ پاككردنه‌وه‌ی رۆڵی خۆی ده‌ڵێت: " ئاشكرا بوو كه شا پێشه‌كی بریاری دابوو واز له كورده‌كان بهێنێت. ئێمه‌ش نه‌مانتوانی په‌شیمانی كه‌ینه‌وه... هه‌روه‌ها كاتێك چه‌قۆ له‌سه‌ر ملی كورده‌كان دانرابوو كۆنگرێس كورده هاوپه‌یمانه‌كانی به‌جێهێشتبوو".
خه‌باتی كورده‌كان هه‌ره‌سی هێنا. كۆڵبی له‌و باوه‌ره‌دا بوو كه شا یارمه‌تی خۆی بۆ كورده‌كان ناوه‌ستێنێت وبۆیه ناكرێت ئه‌مه‌ریكا یارمه‌تی به‌رده‌وامیان بدات ولای ده‌زگاكه‌ی كۆڵبی وابوو هه‌رچی یارمه‌تیه‌كی زیاتر بدرایه به كورده‌كان بێ كه‌ڵك بوو وهه‌ره‌سی كورده‌كانی رانه‌ده‌گرت.
مێژووی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌راست دووپاتی ده‌كاته‌وه كه كورد ته‌نها میلله‌تێك نین په‌رش وبڵاو كراون له وڵاتانی دیكتاتۆری وتوندرهو، به‌ڵكو به‌شێكی زیندوون له ناوچه‌یه‌كی ستراتیجی زۆر گرنگ وبۆ خه‌باتی چاره‌نووسی خۆیان هیچ هێز وسیاسهتێك نیه بتوانێت رێگایان لێبگرێت. هه‌روه‌ك Ralph Peters له 2006 دا باسی كردوه:
" گردارترین نادادپه‌روه‌ری نێوان شاخه‌كانی به‌ڵكان وهیمالایا نه‌بوونی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆی كوردیه".
سه‌رئه‌نجام:
1- كورد له روانگای كه‌ڵتور وتێگه‌یشتنی سه‌ره‌تایی خۆیه‌وه ئه‌مه‌ریكای وه‌ك رزگاركه‌رێك بینیوه وئهمهریكاش كوردی وه‌ك كارتێك له‌گه‌مه‌ی سیاسی‌دا به‌كار هێناوه.
2- له‌به‌ر زلهێزی وده‌سه‌ڵاتی بێئه‌ندازه‌ی ئه‌مه‌ریكا وفراوانی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی شوێنی كورد وه‌ك میلله‌تێكی دابه‌شكراو یهكنهگرتو له‌و هاوكێشه‌یه‌دا قابیلی جێگۆركێ وبه‌رزی ونزمبونهوهیه وته‌نانه‌ت خراپتریش.
3- كورد به‌درێژایی مێژووی خیانه‌تی لێكراوه وچه‌ندین جار دووپات بۆته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وا ره‌فتارده‌كات كه باوه‌ری به خیانه‌ت نیه، ره‌دی ده‌كه‌نه‌وه چونكه زه‌ق وبه‌رچاو نیه له كهڵتوریاندا وبه‌كاری مرۆڤێكی ترسنۆكی له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. ئه‌مه‌ش یه‌كێك له لاوازترین ئه‌ڵقه‌ی مێژووی پهیوهندیهكانبان بوه.
4- شێوه‌ی بیركردنه‌وه‌ی سیاسه‌تمه‌دارانی ئه‌مه‌ریكا له كیسنجهرهوه تا ئه‌وانه‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ش له‌مه‌ر ئێمه‌ی خۆرهه‌ڵات هۆكاری زه‌ره‌ری زۆر بوون بۆ ئیمه وناوچه‌كه‌مان. پشتگیری ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌دام له‌كاتی جینۆسایدكردنی كورد له‌سه‌رده‌می حوكمی رۆناڵد ریگه‌ن وتا چه‌ند رۆژێكیش پێش داگیركردنی كوێت، هاریكاری وپشتگیری ئه‌مه‌ریكا بۆ توركیا كه ته‌نانه‌ت نایه‌وێت دان به‌بوونی كورد دا بنێت له به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌و جۆره بیركردنه‌وه‌ن كه پێكهاته‌ی واقیعی سه‌ر زه‌وی رهددهكهنهوه وهه‌وڵ ده‌ده‌ن پێكهاته‌یه‌كی دروستكراوی خه‌یاڵیان بسه‌پێنن.
5- له‌كۆی گشت ئه‌م راستیانه‌دا په‌یوه‌ندی ورهفتاركردن له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكادا بۆته پێداویستیه‌كی سیاسی ئه‌م سه‌رده‌مه، به‌ڵام هه‌رگیز نابێت له‌یادی كه‌ین كه ئه‌مه‌ریكا هێزێكی بێ ئامانه.
سه‌رچاوه‌كان:
• گوڤاری باسكار: ژماره 3 ساڵی 1999.
• ئه‌مه‌ریكا، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه (1972).
• پرۆپاگه‌نده‌ی ئه‌مریكی به‌رامبه‌ر به‌كورد (1950).
• ئه‌دوار سه‌عید (2003) “Orientalism”.
• رانداڵ جۆناتان (1998) Kurdistan: After Such Knowledge what Fogiveness”
• چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی تر كه له به‌شه‌كانی داهاتودا ناویان ده‌به‌م.
|