بۆ پارتیه‌کان
|
چیا عه‌باس
وه‌ڵامی فه‌رمی مه‌کته‌ب سیاسیه‌که‌ی پارتی بۆ چه‌ند بابه‌تێکی هه‌ستیار له وتاری نه‌وشیروان مسته‌فا سه‌باره‌ت به رۆڵی سه‌رۆکی پارتی له پرسی ده‌ستور و ماده‌ی 140، وه‌ڵامێکه نامۆ به ئیتێکێتی سیاسی سه‌رده‌م و به‌زمانی توڕه‌یی و شهڕهنگخوازی و هه‌ڵچون و سه‌رلێشێواندن داڕێژراوه.
به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن و تایبه‌ت گۆڕان به‌مجۆره ئه‌قڵیه‌ته سیاسیه نامۆ نیه، له ئه‌زمونی زیاتر له بیست ساڵ له گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی پارتیدا هه‌ر ئه‌وه‌ی لێ چاوه‌ڕوان ده‌کرا، کوشتنی گه‌نجی ناڕه‌زا و بارهگاسوتاندن و نانبڕین و گرتن و تۆقاندنی ده‌نگه ناڕه‌زاکان و گرتکردنهوهی چه‌کدار و تانک بۆ په‌لاماردان و هێرشکردنه‌سه‌ر گۆڕان له خه‌سڵه‌ته دیموکاراسیهکانی ئه‌م هێزه‌ن. مه‌خابن بۆ حیزبێک که نزیکه‌ی 70 ساڵه له بزافی کوردایه‌تیدا کاری و خه‌باتی کردوه بگاته ئه‌م ئاسته له مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ هێزێکی گه‌وره‌ی ره‌سه‌نی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی کوردایه‌تی.
هه‌مو گۆرانخوازێک شانازی به خه‌بات و قوربانیه‌کانی هه‌ر حیزب و لایه‌ن و که‌سێک له بزافی کوردایه‌تیدا ده‌کات، بێگومان پارتیش به حوکمی ته‌مه‌ن درێژی پشکێکی به‌رچاوی له‌و هاوکێشه‌یه‌دا هه‌یه. ئه‌مه مانای ئه‌وه نیه سه‌رجه‌م قۆناغه‌کانی مێژوی پارتی و لایه‌نه‌کانی تر ته‌نها و ته‌نها له‌و روانگایه‌وه هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ بکرێت، چونکه مێژوه‌کانیان زۆر لادانی زه‌قی زه‌ره‌ربه‌خش به کورد و کوردایه‌تیان له‌خۆ گرتوه، زاکیره‌ی مێژو به‌که‌س ناسڕێته‌وه و ناش گۆڕدرێت.
مه‌به‌ست له‌م نوسیهنهم به‌رگریکردن نیه له رێکخه‌ری گشتی گۆڕان یا پشتگیریکردنی ئه‌و وتانه‌ی که پارتی ئه‌وه‌نده سه‌غڵه‌ت کردوه. یه‌که‌م ئه‌و تاوانێکی نه‌کردوه تاپێویستی به به‌رگریکردن بێت و دوه‌میش راستی و ناڕاستی وته‌کانی به‌شێكه له مێژویه‌ک که ناگه‌ڕێته‌وه و ناگۆڕدرێت و به هاتوهاواری هیچ که‌سێکیش به‌هیچ ئاراسته‌یه‌کی تردا نابرێت. ئه‌و به‌شانه له مێژو له برینه سه‌خته‌کانی کوردن و باشتر بو نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌وه‌نده خۆی پێوه‌یان خه‌ریک نه‌کات، چونکه ده‌رکه‌وتوه هیچ سودێکی ئه‌وتۆی نابێت، زام دروستکهرهکانیش نه بایان بینیوه و ناباران.
کرۆکی ئه‌م نوسینه‌م تیشک خستنه له‌سه‌ر ئه‌و جۆره ئهقڵیهتهیهی به‌و شێوازه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ روداوه سیاسیه سیڤیل و دیموکراسیهکانهدا ده‌کات. خۆ رێكخه‌ری گشتی گۆڕان هێز و تانک و میلیشیا و یا هێزی وڵاتێکی داگیرکه‌ری کوردستانی کۆنه‌کردۆته‌وه تا په‌لاماربدات، ته‌نانه‌ت قسه‌کانیشی له هۆڵێکی داخراوی ناو گرده‌که‌ی گۆڕان بۆ گۆڕانخوزان کردوه و نه‌چوه خه‌ڵک کۆبکاته‌وه و هانیان بدات بۆ کاری نه‌شیاو. هه‌ڵسه‌نگاندنێکی بۆ چه‌ند روداوێکی گرنگ له مێژوی کوردا کردوه، ئیتر چ پێویست به‌م هه‌مو توڕه‌یی و ماسولکه گرژکردنه‌وه ده‌کات، پارتی ده‌یتوانی به به‌ڵگه و زمانێکی دیموکراسیهنه و هێمنانه وه‌ڵام بداته‌وه، باوه‌ڕموایه ئه‌و سات زۆربه‌ی خه‌ڵکی کوردستان گوێیان لێده‌گرت و دهشبون بهحهکهم بۆ یه‌کلایی کردنه‌وه‌ی راستیه‌کان.
بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی له نزیکه‌وه گۆڕان ناناسن باشتره شتێکیان بۆ باس بکرێت. له گۆڕاندا وا فێرنه‌کراوین که رێکخه‌ر و سه‌رکرده و رابه‌ر پژمی هه‌مو ده‌سه‌سڕ به‌ده‌ستمانه‌وه بۆی بگرین. کاتێک هه‌ر که‌سێک له‌ناو گۆڕان به نه‌وشیروان مسته‌فاشه‌وه هه‌ڵه بکات یا بڕیارێکی نه‌گونجاو له‌گه‌ڵ رۆحی گۆڕاندا بدات لێی بێده‌نگ نابین، ئه‌م کاره رۆژانه دوباره ده‌بنه‌وه. له گۆڕاندا ده‌رگای شوێنی کارکردن و ته‌نات ده‌رگای ماڵی خودی رێکخه‌ری گشتتی زۆر واڵایه، ئێمه به‌رپرسێكمان نیه ته‌نها له ته‌له‌فزیۆن و روبه‌ڕی رۆژنامه‌دا بیبینین، رێکخه‌ری گشتی گۆڕان به‌چه‌ند راوێژپێکراوێک گه‌مارۆ نه‌دراوه و له چاویلکه‌ی ئه‌وانه‌وه خه‌ڵک و دنیا ببینێت، لای ئێمه سه‌رکرده و بنه‌ماڵه و (پ)ه‌کان (پاره و پول و پله و پێگه و پارچه زوه‌ی و پاروی له‌گامی و..)، کوێر و ئیفلیجی نه‌کردوین و ده‌روێشی که‌سیش نین و نابین. ئێمه له گۆڕان وا په‌روه‌رد نه‌کراوین ملکه‌چ و بێ ئیراده بین، له هامانکاتیشدا راهاتوین سه‌بر و دانگرتن به‌خۆدا خه‌سڵه‌تێکی به‌هاداری ئه‌وانه‌ن که گۆڕانکاری راسته‌قینه‌یان ده‌وێت.
پارتی یا هه‌ر هێزێکی تر سه‌رپشکه چۆن کاری ناوخۆیی رێکده‌خات و چۆن ده‌ڕوانێته سه‌رکرده‌کانی و چیان لێده‌که‌ن، کاتێک هه‌ر هێزێک بیه‌وێت ئه‌و پێوه‌رانه‌ی خۆی به‌سه‌ر میلله‌تیشدا بسه‌پێنێت ئه‌وا بێگومان گۆڕانخوزان لێی بێده‌نگ نابن.
وه‌ڵامه‌کی پارتی له قسه‌ی سوا و ملیۆن جار دوباره‌کراوه تێناپه‌رێت، گوێمان نامۆنیه به‌وجۆره میلۆدیانه‌ی پارتی که له‌کاتی سه‌غڵه‌تیدا به‌گوێی میللهتیدا ده‌دات، خۆیان ده‌که‌ن به پێشره و سه‌رقافڵه‌ی خه‌بات و بێ ئه‌وان کورد هه‌موی مه‌حف ده‌بوه‌وه.
پارتیه‌کان له‌م ههڵچونهیاندا چاویان له چه‌ند قۆناغێکی مێژوی حیزبه‌که‌یان داخستوه و پێیانوایه ده‌بێت مێژو به ئاره‌ز و فه‌رمانی ئه‌وان بنوسرێته‌وه، له‌مه‌دا زۆر هه‌ڵه‌ن، چونکه نه ئێمه و نه ئێوه ته‌نها خاوه‌نی ئه‌و مێژوه نین، ئه‌گه‌ر رۆڵێکمان تێدا هه‌بوبێت ئه‌رکی نه‌ته‌وایه‌تیمانه که زۆر به ئه‌مانه‌ت و به‌ئه‌مه‌که‌وه بیده‌ینه‌وه به نه‌ته‌وه‌که‌مان.
من باش به‌بیرم دێت نه‌وشیروان مسته‌فا چه‌ندجارێک له چاوپێکه‌وتن و نوسیندا زۆر به ئه‌مه‌ک و راستگۆیانه رۆڵ و هه‌ڵوێستی خوالێخۆشبو مه‌لا مسته‌فای له‌سه‌ر سازش نه‌کردنی له‌سه‌ر که‌رکوک باسکردوه و به‌هه‌ڵوێستی ره‌سه‌نی نه‌ته‌وه‌یی پێناسه‌ی کردوه.
کاتێک به‌ڵگه باوه‌ڕپێکراوه‌کانی چه‌ندین سه‌رچاوه‌ی گرنگی دنیا، کاتێک هه‌ڵسه‌نگاندن و راپۆرت و شیکردنه‌وه پسپۆریه‌کانی ده‌زگاو و رێکخراو و که‌سایه‌تیه خاوه‌ن زانیاره دروسته‌کان ده‌مان به‌نه‌وه سه‌ر ئه‌و چه‌مکه‌ی که سه‌رکرده سیاسیه‌کانی کورد و له سه‌رویانه‌وه مام جەلال و مەسعود بارزانی له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی که‌رکوک و ناوچه‌کانی تر و له‌سه‌ر چه‌ند پرسێکی نه‌ته‌وه‌یی تری گرنگ بێ بایه‌خ بون و ته‌نانه‌ت خۆشیان نه‌شیان شاردۆته‌وه، ئیتر بۆ ده‌بێت که‌س بۆی نه‌بێت له سه‌ر رۆشنایی ئه‌و به‌ڵگه و هه‌ڵسه‌نگاندنانه بۆچونێک گه‌ڵاله بکات و باسی بکات، بۆ ده‌بێت راستیه‌کان به ره‌نگ و بۆن و مه‌رامی سه‌رکرده‌کان سه‌مای مه‌رگی خۆیان به‌رپا بکه‌ن؟ ئه‌گه‌ر که‌سانێک هه‌بن ئه‌مه‌یان پێبکرێت مانای ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت به هه‌مو که‌سێکی تر بکرێت.
وه‌ڵامه‌کی پارتی به‌لاڕێدا خۆی له قه‌ره‌ی به‌ڵگه داوه، زۆر باشه لێره‌دا ته‌نها ناوی چه‌ند نمونه‌یه‌ک له به‌ڵگه و دۆکیومێنت و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌کان ده‌به‌ین:
- چه‌ند راپۆرتیك که ویکیلیکس بڵاوی کردۆته‌وه و سه‌رچاوه‌کانیشی ئهمەریکیەکانی دۆستن، له‌وانه راپۆرتی باڵیۆزی ئه‌مەریکا له عێراق له 24 حوزه‌یرانی 2010 سه‌باره‌ت به کۆبونه‌وه‌ی باڵێۆزی تورکیا له عێراق له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی هه‌رێم تێدا هاتوه: بۆ یه‌که‌م جاره کورد رازی بوه هه‌مو ناوچه‌کانی که‌رکوک نه‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر هه‌رێم و بۆماوه‌ی ده ساڵ له‌لایه‌ن ده‌سته‌یه‌کی بێلایه‌نه‌وه به‌ڕێوه‌ببرێن، ته‌نانه‌ت باسکراوه له‌وه‌ی که باڵیۆزی تورکیا پێشنیازی بۆ حکومه‌ته‌که‌ی کردوه که پشتگیری زیاتری بارزانی بکه‌ن تا په‌شیمان نه‌بێته‌وه. سه‌یره پارتیه‌کان ناچن یه‌خه‌ی دۆسته تورک و ئهمەریکیهکانیان بگرن که "بوختانی" له‌و جۆره‌یان به‌فه‌رمی بۆ دروست ده‌که‌ن.
- راپۆرتی رێکخراوی قه‌یرانی نێوه‌ده‌وڵه‌تی له ساڵی 2006 به‌ناوی زەوی به‌رامبه‌ر به نه‌وت له‌سه‌ر پرسی که‌رکوک، هه‌مان سڕکردنی پرسی که‌رکوک بۆ 10 ساڵ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی کورده‌وه باسکراوه له به‌رامبه‌ر پێدانی رێگه پێیان نه‌وتی هه‌رێم به‌کار بهێنن.
- لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی ورد له‌لایه‌ن پسپۆڕی ناسراو Marianna Charountaki له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم و تورکیا و له‌سه‌ر پرسی که‌رکوک له 2012دا ئاماده کراوه. تێدا به‌وردی باس له گه‌شه‌کردنی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه ده‌کات که گه‌یشتۆته ئاستێک هه‌رێمی کوردستان بۆته پرۆتێکتۆراتێکی تورکیا و ئامرازێکی به‌هێز له جێبه‌جێکردنی سیاسه‌تی "قوڵایی ستراتیژی" حیزبه‌که‌ی ئه‌ردۆگان بۆ بهدهستهێینانی مه‌رامه ناسراوه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدارانی تورکیا له ناوچه‌که بۆ قازانجی ئابوری و دژایه‌تیکردنی شیعه و ئێران و ته‌نانه‌ت به‌دیهێنانی خه‌ونی زیندوکردنه‌وه‌ی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانلی. خوێنه‌ری به‌ڕێز ده‌توانێت به‌وردی ته‌واوی لێکۆڵینه‌وه‌که له گوگڵ بدۆزێته‌وه بیخوێنێته‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنی خۆی بۆ بکات.
- په‌یامه به‌ناوبانگه‌که‌ی بارزانی بۆ کۆڵن پاوڵ کاتێک هێزه‌کانی یه‌کێتیی له 2003دا که‌رکوکیان رزگار کرد و تێدا داوای ده‌رکردنی ئه‌و هێزانه له‌و شاره‌دا ده‌کات.
- هه‌ر له‌و سه‌رده‌مانه‌دا سه‌رۆکی پارتی له چاوپێکه‌تنێکی رۆژنامه‌وانیدا رایده‌گه‌یه‌نێت ئه‌گه‌ر هێزه‌کانی یه‌کێتی که‌رکوک چۆل نه‌که‌ن ئه‌و به‌هێزه‌کانی تورکیا پێیان چۆڵ ده‌کات.
- دانپێنانی ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی تورکیا له سه‌رده‌می رێکه‌وتنی پاریسی نێوان پارتی و یه‌كێتی، که پارتی ده‌قی رێکه‌وتنه‌که‌یان پێداون ئه‌وانیش پێش نیشتنه‌وه‌ی فڕۆکه‌ی شاندی هه‌ردولا له خاکی تورکیادا پوچه‌ڵیان کردۆته‌وه.
- پێداگری شاندی پارتی له دانوستانه‌کان بلفاست له‌وه‌ی که په‌که‌که هێزێکی تێرۆریسته.
- نامه‌که‌ی سه‌رۆکی پارتی بۆ تاریق عه‌زیز، که داوای کۆمه‌کی رژێمی سه‌دام ده‌کات تا یه‌کێتی له هه‌لێر ده‌رکات و ئاکامه‌که‌ی 31 ئاب بو.
- هێنانی تانک و فڕۆکه و سوپای تورکیا بۆ باشوری کوردستان له خولی دوه‌می شه‌ڕی ناوخۆدا.
- بێگومان چه‌ند به‌ڵگه و شتی تر ئێمه‌مان لێیان به‌ئاگا نین...
له په‌له‌یی و شپرزه‌یی داڕشتنه‌وه‌ی وه‌ڵامه‌که‌دا، ئه‌گه‌ر وانه‌بێت که‌واته به‌ده‌ستی ئه‌نقه‌ست نوسراوه، هاتوه کاتێک نه‌وشیروان مسته‌فا له به‌ره‌ی دژ به بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی کوردا بوه پارتی به‌رگری له که‌رکوک کردوه. نازانرێت مه‌به‌ستیان له‌چ کاتێکه؟ ئایا ئه‌و کاته‌ی ئه‌و له باڵی جه‌لالی بوه، خۆ ئه‌وکاتانه نه‌وشیروان مسته‌فا نه به‌رپرسی سه‌ربازی و نه سه‌رکرده‌یه‌کی سیاسی جه‌لالیه‌کان بوه، ئه‌وه مام جەلال بوه که سه‌رکردایه‌تی هه‌موی کردوه.
من باش ده‌زانم زۆربه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی پارتی و ئه‌م ساته‌شی له‌گه‌ڵدا بێت خۆیان له قه‌ره‌ی ئه‌و جۆره به‌ڵگه و دۆکیۆمێنتانه ناده‌ن، یا پشتگوێ‌یان ده‌خه‌ن و خۆیان ناکه‌ن به خاوه‌نی، بۆچی وا ده‌که‌ن؟ ده‌بێت له پارتیه‌کان گوێبیستی وه‌ڵام بین.
پارتی هێزێکی گه‌وره‌ی کوردایه‌تیه و که‌سانی زۆر تێکۆشه‌ر و به‌ئه‌مه‌ک له‌و پرۆسه‌یه‌دا گۆشه‌کراون و دروستبون، بارزانی باوک به‌رده‌وام وتویه‌تی: هه‌رچۆنێک بیرده‌که‌نه‌وه کوڕی میلله‌ته‌که‌تان بمێننه‌وه. ئه‌م وتانه له قسه‌کانی تێکۆشه‌رێکی دێرینی پارتی و رۆشنبیرێکی کورد، فه‌له‌که‌دین کاکه‌یی و سه‌رکرده‌یه‌کی ناوداری پێشوی پارتیدا، دکتۆر محمود عوسمان، ره‌نگده‌داته‌وه. زۆر هێمنانه بۆچون و هه‌ڵسه‌نگاندنی خۆیان له‌سه‌ر ئه‌م دوا روداوه به‌یان ده‌که‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵیاندا کۆک نیم ئیتر ده‌بێت ره‌وا بێت ته‌واوی مێژو و خه‌بات و ماندوبونیان بسڕمه‌وه؟ له وه‌ڵامه‌که‌ی پارتیدا ئه‌مه به‌زه‌قی به‌رچاوه، ئه‌مه کێشه‌ی سه‌ره‌کی ئه‌و ئهقڵیهیهتهیه که به‌به‌رده‌وامبونی بێگومان پارتی به‌ره‌و هه‌ڵدێر ده‌بات.
|
|
|