هه‌ڵه‌ی مێژوو و مێژووی هه‌ڵه
|
چیا عه‌باس
ئه‌گه‌ر باو وباپیرانمان له‌مێژه‌وه هه‌لیان بۆ بره‌خسایه وتوانایان هه‌بوایه سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنن حاڵمان وه‌ك ئه‌مرۆ نه‌ده‌بوو. هه‌نووكه كورد دابه‌شكراو و وڵاته‌كه‌ی هه‌نجن هه‌نجن كرا‌و، دوژمنان وناحهزانی نه‌ك هه‌ر كوردیان چه‌وساندۆته‌وه وماڵوێران كردوه، به‌ڵكو له‌و ملمڵانێ خه‌سته‌ی ئه‌و سه‌دان ساڵه له دیاریكردن ودارشتنی ئه‌نجامه‌كانیشی باڵاده‌ست وخاوه‌ن بریار بوون وبهخواستی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان ره‌فتاریان له‌گه‌ڵ بزافی كوردایه‌تی كردوه. سه‌ركرده‌كانی كوردیش به ویستی خۆیان یا له ناچاریه‌وه له‌په‌راوێزی ئه‌و راستیه‌دا سیاسه‌تیان كردوه وبه‌كه‌مترین ده‌سكه‌وتیش قایڵ بوون وبه‌وه‌ش ویستویانه دڵنه‌وایی كورد بده‌نه‌وه. به‌درێژایی ئه‌و مێژووه‌ش دوژمنه‌كانمان سه‌ركه‌وتوانه كوردیان به‌گژی كوردا كردوه وده‌یان شهر ومهرافهی خوێناویان له نێوانماندا هه‌ڵگیرساندوه وئاگرهكهیان خۆشكردوه. سه‌ركرده‌كانی كورد لهروانگای داخراوی خۆبانهوه وپابه‌ند به فاكتۆره‌كانی دینی وعه‌شایری وجیۆپۆڵیتیكی كوردستان وبهترس وحهزهرهوه له‌گه‌ڵ گۆرانكاری ودوژمن وناحهزهكان وته‌نانه‌ت دۆسته كاتییهكانیش ره‌فتاریان كردوه. به‌رده‌وامیش پاساوی ئه‌و شكستی وسهرگهردانیانهیان به رۆڵی وڵاتانی ناوچه وباری نێوده‌وڵه‌تی وشۆڤێنێزمی نه‌ته‌وه حوكمدارهكان هێناوه‌ته‌وه. زۆر كه‌م چاوێكیان به‌خۆیاندا گێراوه وبه نه‌فه‌سێكی ریاڵیستیكانه خۆیان ورۆڵیان ههلسهنگاندوه. بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ناحه‌زه هاونهتهوهییهكانیان وتۆمه‌ت كردنیان وشهركردنیان وه‌ستای لێهاتوو وپله یه‌ك بوون. لێره‌دا پێویسته بوترێت كه به‌شێكی زۆر كه‌م له سه‌ركرده‌كانی كورد ویستویانه خۆیان له‌و عه‌قڵیه‌ت ونه‌ریته لابده‌ن، به‌ڵام له‌ئه‌نجامدا ناچار به‌داوی تۆرهكهوه بوون.
بێگومان سه‌دان نووسین وده‌یان لێكۆڵینه‌وه وبابه‌ت له‌م رووه‌وه له‌لایه‌ن كورد وناحهزهكانی ودۆستهكانمانهوه نووسراون وئامادهكراون. به‌شێك لێمان به شه‌وق وئیعجابهوه لاپهرهكانیانمان ههڵًداوهتهوه وبۆ ماوه‌یه‌ك له ژیانی سیاسی وحزبیدا كردومانن به بنێشته خۆشه‌ی ژێر زمانمان وبۆململانێی ناوخۆشمان به‌كارمان هێناون.
سه‌دان هه‌زار قوربانی، هه‌زاران گوند وشارۆچكه وشاری وێران، كیماوی وئه‌نفال وتاڵان كردنی سه‌روه‌ت وسامانی خاكه‌كه‌مان، تێكشكاندن وپهرتهوازهكردنی به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تی ونهتهوایهتیهكانمان، دواكه‌وتنمان له شارستانیه‌ت، زه‌وتكردنی سه‌رجه‌م مافه‌كانمان...تاد، ئه‌مانه ئه‌و نرخانه بوون كه كورد به‌درێژایی ئه‌و مێژووه داویه‌تی ودروێنهی ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ی كردوه.
ده‌بێت ئه‌و هۆكاره خۆییانه چیبن كه به‌درێژایی مێژوو وه‌ك مۆته‌كه لێمان نابنه‌وه‌و وبونه‌ته به‌شێكی زیندوو وكاریگه‌ری كه‌ڵتور وعه‌قڵیه‌تی سیاسیمان. بۆچون وراكان جیاوازن وهه‌ر ده‌سته وتاقمێك ومێژووناسێك له‌سه‌رچاوه‌ی بیركردنه‌وه‌ی جیاوازه‌وه ئه‌م مۆته‌كه‌یه ده‌بینن و وه‌سفی ده‌كه‌ن. هه‌رچۆنێك بێت ده‌كرێت ساخته له مێژوو بكرێت به‌ڵام مه‌حاڵه ئه‌و ساخته‌یه بتوانێت راستیه‌كانی مێژوو بگۆرێت.
ئه‌گه‌ر بابه‌ته‌كه ته‌نها له باشووری كوردستاندا بگرسێنینهوه، نموونه‌ی به‌شه‌كانی تری كوردستان زۆر باشتر نه‌بوون له‌وه‌ی لای خۆمان، له ساتی دروستكردنی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه وتا ئه‌م ساته‌ش خه‌باتی بزاڤی كوردایه‌تی له‌م به‌شه‌دا ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی له‌خۆ گرتوه:
وه‌رزه‌كانی شهر ودانوستاندن
یه‌كه‌م: له‌كاتی شێخ محمودی نه‌مره‌وه كه ئینگلیز دژ به تورك هه‌ندێك ده‌سكه‌وت وده‌سه‌ڵاتی پێداو ودواتر شێخ محمود خه‌باتی چه‌كداری دژ به ئینگلیز له 1919 دا راگه‌یاند تا گڤتۆگۆكردنی له‌گه‌ڵ وه‌فدێكی به‌ریتانی له 1926 كه ئه‌میش سه‌رنه‌كه‌وت وشهر ده‌ستی پێكرده‌وه وله ئه‌نجامدا شێخ محمودی نه‌مر رازی بوو كه رێككه‌وتنه‌كه‌ی پێشنیاركراوی پێشووتر له‌لایه‌ن ئینگلزهوه ئیمزابكات. ئه‌مه ئاگری ململانێكه‌ی هێورنهكردهوه وبه‌م شێوه‌یه گڤتوگۆ وشهر به‌رده‌وام بوو تا له ناوه‌راستی 1941 دا شێخ محمود مه‌رجه‌كانی حكومه‌تی عێراق وئینگلیزی قبوڵ كرد. دوابه‌دوای ئه‌م شكستیه شۆرشه‌كانی بارزان هه‌ڵگیرسانه‌وه تا له‌ساڵی 1943 خوالێخۆشبوو مه‌لا مسته‌فا خۆی بۆ خه‌باتی چه‌كداری ئاماده كرد وبه‌م شێوه له نێوان ئاگربه‌ستن ونامهگۆرینهوه وشۆرشی چه‌كداریدا مه‌لا مسته‌فا به‌رده‌وام بوو تا ناچاركرا له‌ساڵی 1947 به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیه‌ت بروات بێئه‌وه‌ی هیچ ده‌سكه‌وتێكی به‌ده‌ست هێنابێت. دواتر وه‌ك هه‌موومان ده‌زانین شورشی ئه‌یلول هه‌ڵگیرسا ودواتریش شۆرشی نوێی دوای هه‌ره‌س وله دواقۆناغی سه‌ده‌ی رابووردوادا راپه‌رینه مه‌زنه‌كه‌ی ساڵی 1991.
له‌ماوه‌ی ئه‌م 70 ساڵه‌دا تا ده‌ستپێكردنی راپه‌رین، سه‌ركرده‌كانی كورد ناچاركراون خه‌باتی چه‌كداری بكه‌ن بۆبه‌رگری له كورد وداواكردنی مافه‌كانی. هه‌رچه‌نده چه‌ندین جار لێدوان وگڤتوگۆ سازكراون، به‌ڵام هه‌میشه كورد تێدا لاواز بوه وپارسهنگی هێز به‌لای ده‌سه‌ڵاتداران له به‌غدا شكاوه‌ته‌وه. سه‌رجه‌م ئه‌و گڤتوگۆ ورێككهوتنه كاتیانه له‌سه‌رده‌می پاشایاتیهوه له عێراقدا ویا دوای كوده‌تای 14 ته‌موزی 1958 له‌گه‌ڵ حكومه‌ته‌كانی عێراقدا كراون به مه‌به‌ستی ته‌كتیكی بوه، بۆ هه‌ناسه‌دان وپشوو وخۆكۆكردنهوه.
هه‌رچه‌نده به‌رێزان مام جلال ومه‌سعود به‌رزانی دواتر هه‌ڵسه‌نگاندنێكی راستیان كردوه سه‌باره‌ت به توندره‌وی وهه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌ڵه‌ی سه‌ركرده‌كانی پارتی وكورد به‌رامبه‌ر به خوالێخۆشبوو عبدالكریم قاسم، به‌ڵام هه‌ر دوای كوده‌تای به‌عسی له 1963 كه‌وتنه‌وه هه‌مان دا‌و وهه‌مان هه‌ڵه‌یان دووپات كرده‌وه. ئه‌مجاره‌یان به وه‌عد وقسه‌ی خوالێخۆشبوو جمال عبدالناصر. بزووتنه‌وه عه‌ره‌بیه نه‌ته‌وه په‌رسته‌كان كه دوای كوده‌تای 1963 ده‌سه‌ڵاتداربوون له عێراق نه به‌رنامه‌ی چاره‌ی كێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیان هه‌بوه ونه راستگۆ وخاوه‌نی قسه‌ی خۆیان بوون. هه‌رچۆن احمد حسن البكر له دوا رۆژه‌كانی گڤتوگۆ دوای كوده‌تای 1963 له‌گه‌ڵ وه‌فدی كوردی له به‌غدا به سه‌رۆكی وه‌فده‌كه، به‌رێز مام جلال ی ووتبو: خیانه‌ت له شه‌ره‌فم بكه‌م له ئێوه‌ی ناكه‌م، له‌كاتێكدا له‌بنه‌وه خه‌ریكی خۆئاماده‌كردن بوون بۆ په‌لاماردانی سه‌ربازی كوردستان. سه‌ركردایه‌تی كورد به‌رده‌وام له‌م ده‌ریای ته‌كتیكی وبێباوه‌ری وپه‌یمانی درۆ وبه‌رنامه‌ی به‌تاڵ وپوچهڵدا گیرساونه‌ته‌وه وتا راده‌یه‌كیش خۆشباوه‌ربوون به‌و په‌یمان ودرۆیانه. وناچاریش بوون بۆ به‌رده‌وامبوونی لێدوان چه‌ندین جار به شانووباڵای نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب و وه‌حده‌ی عه‌ره‌بیدا هه‌ڵبده‌ن بۆ رازیكردنیان، كه هه‌ر هه‌مووشی بێ‌سود بوو. زۆربه‌ی نیوه‌چڵه رێككه‌وتنه‌كانیش ئه‌نجامی قه‌ناعه‌ت وباوه‌ر نه‌بوون. هه‌ردوای روخاندنی رژێمی به‌عس له‌لایه‌ن عبدالسلام عارف ه‌وه ئێران ده‌رگای یارمه‌تیه‌كانی بۆ شۆرشی كورد واڵاتر كرده‌وه وعارفیش لای خۆیه‌وه نه‌رمی پیشاندا وئهنجامهكهی رێكه‌وتنی مشیر-بارزانی بوو كه هیچ شتێكی وای بۆ كورد تێدا به‌ده‌ست نه‌هێنرابوو. رێككه‌وتنه‌كه دواتر له‌لایه‌ن عبدالسلام ه‌وه پشتگوێ خرا وله نیسانی 1965 جارێكی تر شهر ده‌ستی پێكرده‌وه. له‌م ساته‌وه تا رێككه‌وتنامه‌ی 11 ئازاری 1970 كه له نێوانیدا رێككهواتنی 29 حوزه‌یرانی 1966 سازكراوبوو (به‌زاز به رێككه‌وتنامه پێناسه‌ی نه‌ده‌كر، به‌ڵكو به به‌یان ناوی ده‌برد). ئێران زۆر له‌م رێككه‌وتنه بێتاقه‌ت بوبوو ورۆڵێكی به‌رچاوی هه‌بو له توندكردن وخهستكردنی ناكۆكیه‌كانی ناو شۆرش وسه‌ركردایه‌تی پارتی وفشارخستنه سه‌ر مه‌لا مسته‌فا بۆ شهركردنهوه. دواتر به‌زاز له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌كان وناسریهكانهوه ناچاركرا ده‌ست له سه‌رۆك وه‌زیری بكشێنێته‌وه وبه‌م جۆره‌ش جێبه‌جێكردنی به‌نده‌كانی ئه‌و رێككه‌وتنامه‌یه چاویان به‌دنیا نه‌كه‌وت. بزافی كوردایه‌تی كێشمه وگرڤتی زۆری تووش بوو، له‌سه‌روی هه‌موویانه‌وه جیابونه‌وه‌ی باڵی مه‌كته‌بی سیاسی كه ناسراوه به جه‌لالی.
ته‌نها گڤتوگۆ كه ئه‌نجامێكی یاسایی وفه‌رمی بوبێت رێككه‌وتنامه‌ی 11 ئازاری ساڵی 1970 ه، به‌هه‌موو كه‌م وكوری وكرچ وكاڵیهكانیشیهوه. گڤتوگۆ ورێككهوتنهكانی تر وه‌ك موشیر- بارزانی، به‌زاز-به‌یانی حوزه‌یران، جه‌لالی-به‌عس، یه‌كێتیی – به‌عس 1984، به‌ره‌ی كوردستانی – سه‌دام 1991، هه‌مووی له‌بازنه‌یه‌كی داخرا وبێئهنجام وتهكتیكیدا سوراونه‌ته‌وه، سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كانی كورد به‌رگریان له مافه‌كان وداوكاریهكانی كورد كردوه، به‌ڵام زۆربه‌ی كاته‌كان به‌ده‌ستی به‌تاڵ له‌مێزی گڤتوگۆ گه‌راونه‌ته‌وه وبۆ ئه‌م بێئهنجامیهش هه‌زار ویه‌ك به‌هانه‌یان هێناوه‌ته‌وه.
كورد به‌زۆره‌ملی ناچاربوه ده‌ست بداته چه‌ك وبه‌رگری له بوون وكه‌رامه‌ت وشه‌ره‌فی نه‌ته‌وایه‌تی بكات، به‌لام سه‌ركرده‌كانی هه‌ڵه‌ی ستراتیجی گه‌وره‌یان كردوه وبهچهوتی به‌رێوه‌یان بردوه.
راسته لایه‌نی تر دوژمنی سه‌رسه‌خت بوه وباوه‌ری هه‌ر به كورد نه‌بوه، به‌ڵام ئێمه‌ش به لاوازیه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و دوژمنانه چوینه‌ته سه‌ر مێزی گڤتوگۆ ولێدوانهكان وداوای مافه‌كانمان كردوه. زۆربه‌ی سه‌ركرده‌كانی كورد دركیان به‌و راستیه نه‌كردبوو كه خه‌بات وهه‌وڵی ئه‌وان له كاته‌كانی دابه‌شكردنی میراتی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی ودواتر له‌زه‌مانی شه‌ری سارد دا بوه وناوچه‌كه‌ش پێكهیهكی زۆر گرنگی هه‌بوه له‌و ململانێ نێوده‌وڵه‌تیه‌دا، له‌سه‌ره‌تادا بۆ چه‌سپاندنی دابه‌شكردنی غه‌نیمه‌ی شه‌ری یه‌كه‌می جیهان له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانانه‌وه ودواتر نه‌ك وه‌ك فاكتۆرێك بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی شه‌ری سارد، به‌ڵكو بۆ راگرتنی پارسه‌نگی هێز. فاكتۆر وهێزه‌كانی ناوچه‌كه‌ش به كوردیشه‌وه وه‌ك سه‌ربازی شه‌تره‌نج له گه‌مه‌ی شه‌ری سارد دا به‌كار هێنراون. بۆچوونی باڵی مه‌كته‌بی سیاسی كه كاری ده‌كرد له‌لایه‌ن بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌ب ه‌وه شتێك به‌ده‌ست بهێنن له‌په‌یمان وقسه‌ی رازاوه هیچی لێ دروێنهنهكرا. ئه‌م ده‌سته‌ده‌ستی پێكردنه كوردی به‌ته‌واوی هیلاك كردوه ورووناكیشی له‌كۆتایی تونێڵه‌كه‌دا به‌دی نه‌كردوه. شه‌ری كورد له ناوه‌رۆكدا له‌و قۆناغهنهدا بۆ مافه‌كانی بوه به‌ڵام له پراكتیكدا شه‌رێك بوه بۆ پاراستنی مانی كورد وه‌ك نه‌ته‌وه بۆیه ناچاریش بوون ده‌ستیان بۆهه‌مو شتێكی به‌رده‌ست درێژكردوه بۆئه‌و مه‌به‌سته.
له ئه‌نجامی ئه‌م جۆره سیاسه‌ت ورهفتاركردنه سه‌ركرده‌كانی كورد لهدوابریاری چاره‌نوسسازدا خاوه‌ن بریار نه‌بوون. هه‌ربۆیه بینیمان به‌یه‌ك ئیمزا هه‌ره‌سیان به شۆرشی كورد هێناوه وه‌ك له ئازاری 1975 دا، یا راسته‌وخۆ شه‌ری ناوخۆی كوردیان جۆش ده‌دا له‌سه‌رده‌می مه‌لای وجه‌لالی دا. دواتریش هه‌موومان شاهیدی كاره‌ساتی 31 ئابی 1996 ین.
له شۆرشی دوای هه‌ره‌س به‌شێكی زۆری هه‌ڵه‌كانی پێشووتر دووبارهبونهتهوه. له لێدوانه‌كانی 1977 دا ئه‌وه‌ی زۆر جه‌ختی لێكرابوو برایه‌تی كورد وعه‌ره‌ب ودژایه‌تیكردنی هاوبه‌شی ئێران وئیمپریاڵیزم وزایۆنیزم وكۆنه‌په‌رستی بوو. دواتر گڤتوگۆكانی نێوان یه‌كێتی وحكومه‌ت له‌ساڵی 1983 ده‌ستی پێكرد له‌كاتێكدا عێراق تووشی شكستی سه‌ربازی گه‌وره بوبوو له شه‌ریدا له‌گه‌ڵ ئێران‌دا، به‌تایبه‌تی له جه‌بهه‌ی دیزفوڵ وشوش له ئازاری 1982 ولهشهرهكانی خورمشههر له‌هه‌مان ساڵدا. سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی له‌لاوازی حكومه‌تدا هیوایه‌كی به‌دی ده‌كرد بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌سكه‌وت بۆ كورد ومه‌ترسی زیاتر هاتنه ناوه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئێران بۆ ناو كوردستان له‌ئارادا بوون. به‌خواستی هێز و وفیتۆی توركیا رێككه‌وتنامه‌كه وگڤتوگۆ پوچه‌ڵ كراوه‌یه‌وه وجارێكی تریش شهر یه‌خه‌ی كوردی گرته‌وه وئه‌مجاره‌ش روومان له ئێران كرده‌وه بۆ یارمه‌تی وهاریكاری.
وه‌ك لای هه‌موومان ئاشكرایه كه گڤتوگۆی به‌ره‌ی كوردستانی دوای راپه‌رین له‌گه‌ڵ سه‌دام یه‌كێك بوه له‌گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌كانی مێژوویی سه‌ركردایه‌تی كورد، لێره‌دا پێویسته ئاماژه به‌وه‌بكرێت كه مام جلال به‌توندی دژی ئه‌م هه‌نگاوه بوه وله‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی به‌ره‌ی كوردستانیه‌وه ناچاركروه سه‌رۆكی وه‌فدی به‌ره‌ی كوردستانی بێت بۆ خولی یه‌كه‌می گڤتۆگۆ. هه‌روه‌ها بێگومان شێوه‌ی گڤتوگۆ له دوو خوله‌كه‌ی دواییدا وئه‌و دوا وهسیقهیهی هێنرایه‌وه بۆ رێككه‌وتن كه له‌لایه‌ن به‌ره‌ی كوردستانیه‌وه قبوڵ نه‌كرا پیشانمان ده‌ده‌ن كه وه‌فده‌كان تا راده‌یه‌ك به میزاجی خۆیان لێدوان وگڤتوگۆیان كردوه. سه‌دام له‌و لاوازیهیدا له‌و كاتانه ئاماده نه‌بوو لایه‌نی كه‌می داوا رهوكانی كورد قبوڵ بكات، به‌ڵكو له‌بنه‌وه خه‌ریكی تێرۆركردن وتێكدانی ریزه‌كانی سه‌ركرده‌كانی كورد بوو.
له كاتێكدا كورد هه‌ڵی بۆ نه‌ره‌خساوه له‌سایه‌ی سیسته‌مێكی دیموكراتیدا داوای مافه‌كانی خۆی بكات، به‌پێچه‌وانه‌وه ده‌سه‌ڵاتدارانی شۆڤینی عه‌ره‌ب له‌به‌غدا كوردیان وه‌ك به‌شێك له نه‌وه‌ی عه‌ره‌ب بینیوه ومافهكانیشی ته‌نات له عێراقبوونی كورد دا نه‌بینیوه، به‌ڵكو به چه‌ته ورێگر وتێكدهر وعهمیلی ده‌ره‌وه‌یان پێناسهكردوه. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا به‌رده‌وام، ماوه‌یه‌كی كورت نه‌بێت، هه‌ر حزب وسه‌ركرده وتاقم گروپێك به ئاوازێكی جیا له‌گه‌ڵ دوژمنه سه‌رسه‌خته‌كان له به‌غدا دانوستانیان كردوه وته‌نانه‌ت چه‌ك وپاره ویارمه‌تیان له‌وی وه‌رگرتوه وله ساته سه‌خته‌كانیشدا داوای هاریكاری دوژمنیان كردوه. هه‌ر كه‌سێك دوژمنی كورد بێت وئه‌م ره‌فتاره‌ی سه‌ركرده‌كانی كورد ببینێت هه‌زار ویه‌ك پرسیار له‌خۆی ده‌كات وهه‌زار ویه‌ك مه‌رج داده‌نێت بۆ هه‌ر داواكاریه‌كی ئه‌و جۆره سه‌ركردانه. خه‌تای سه‌ركرده‌كانی كورده خۆیان بۆ ئه‌و ئاسته دابه‌زاند وبه‌و شێوه‌یه‌ش كورد وبزافهكهیان تووشی هه‌زار ویه‌ك ده‌رده‌سه‌ری بردوه. میلله‌تی كورد به‌گشتی درێغی له خه‌بات كردن نه‌كردوه، به‌ڵكو سه‌ركرده‌كانی كه‌مته‌رخه‌م بوون له سه‌ركردایه‌تی كردنیان به‌راستی وره‌وانی، یا هه‌رئه‌وه‌نده‌یان پێكراوه كه توانیویانه ئه‌نجامی بده‌ن ؟.
له‌م مێژووه درێژه‌ی شهر وئاگربه‌ستی وگڤتوگۆ ده‌كرێت ئه‌م خاڵانه ئیستینتاج بكه‌ین:
1- زۆربه‌ی په‌یوه‌ندی وگڤتوگۆكان له‌و كاتانه‌دا بوه كه باری رژێم خراپ بوه به‌هۆی شهر له‌گه‌ڵ دراوسێكان، هاوپه‌یمانانی خۆرئاوا، كێشه‌كانی ناوخۆی رژێم خۆی.
2- له زۆربه‌ی دانوستانه‌كان هیچ چاودێریكی سێیه‌م به‌شداری نه‌كردوه، چ نێوده‌وڵه‌تی چ له ناوچه‌كه، بێجگه له چه‌ند دانیشتنێكی گڤتوگۆی یه‌كێتی وحكومه‌ت له 1983 و1984 كه شه‌هید قاسملۆ به‌شداری كردوه.
3- حكومه‌ت هه‌میشه یه‌كه‌م دانیشتنی به پیاوه‌كانی له‌ده‌زگا ئاسایش وههواڵگرهكانی ده‌ست پێكردوه وهیچ ده‌سه‌ڵاتێكیان نه‌بوه وته‌نها بۆ گوێگرتن و وه‌رگرتنی زانیاری نه‌بێت. ته‌نانه‌ت له كاته‌كانی نێو خوله‌كانی گڤتگۆكان ئه‌م پیاوانه زنجیره‌ی په‌یوه‌ندی بوون و وه‌ك ته‌ته‌ر كاریان كردوه. میكانێزمێكی سیاسی روون وداریكراو له‌سه‌رجه‌م پرۆسه‌ی ئه‌و دانوستانانه په‌یره‌و نه‌كراوه.
4- پێكهاته‌ی شانده كوردیه‌كان بۆ خوله‌كانی گڤتوگۆ زوو زوو گۆراون، به‌تایبه‌تی سه‌رۆكی شانده‌كه، هه‌رچه‌نده پاساوی سیاسی وناوخۆیی بۆ ئه‌م میكانیزمه هه‌بوه، به‌ڵام نائارامی به شاندی كوردی به‌خشیوه وده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا هه‌وڵیان داوه له‌و رێگایه‌وه دزه بكه‌ن بۆ ناو ناكۆكیه ناوخۆییه‌كانی كورد. ده‌بوا ئه‌م كه‌لێنه قایمتر وهوشارانیهتر دابخرایه.
5- راگه‌یاندن رۆڵێك گرنگی هه‌یه له‌مه‌ر پرۆسه‌ی گڤتوگۆ وبه‌درێژایی ئه‌و ده‌یان ساڵه ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد نه‌یتوانیوه له‌و بواره‌وه راگه‌یاندنێكی بابه‌تیانه وكاریگه‌ر بۆ ئه‌و كاتانه بخه‌نه‌گه‌ر. چاوپێخشاندنێك به راگه‌یاندنی حزبه‌كان، به‌تایبه‌تی له گڤتۆگۆكانی دوای راپه‌رین ئه‌م راستیه‌مان بۆ ده‌رده‌خه‌ن.
6- زۆربه‌ی دانیشتنه‌كانی خوله‌كانی گڤتوگۆ له ناوچه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌ت بوه وله سه‌نته‌ری به‌هێزی ده‌سه‌ڵاتی ده‌زگا ئه‌منی وههواڵگریهكانی كه به‌غداده. ئه‌مه له‌رووی ده‌روونی وئهمنیهوه بۆ شانده كوردیه‌كان خاڵێكی لاواز بوه.
7- راسته‌وخۆ ولاته‌كانی ناوچه‌كه وهێزه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ده‌ستێكی باڵایان له‌ناو ئه‌و گڤتوگۆیانه وئه‌نجامه‌كانی هه‌بوه.
سه‌ركردایه‌تی وتاكرهوی
دووه‌م: سه‌رجه‌م شورش وخه‌باته چه‌كداریه‌كان وحزبه‌كان له‌لایه‌ن تاكه كه‌سێكه‌وه یا گروپێكی زۆر بچوكه‌وه سه‌ركرده كراون، بێجگه ساڵانی 1964 تا 1970 كه باڵی جه‌لالی له‌و نه‌ریته تهمهرودی كردبوو، ئه‌مانیش بۆخۆیان له‌و رووه‌وه هیچ له‌وانی تر باشتر نه‌بوون وسهرنهكهوتن نموونه‌یه‌كی باشتر پیشان بده‌ن وباوه‌ر به كورد ببه‌خشن. له‌نیوسه‌ده‌ی رابووردودا دوو باڵ وبۆچوونی جیاواز وگه‌وره‌ی بزافی كوردایه‌تی له باشووری كوردستان له‌لایه‌ن هه‌مان كه‌سانه‌وه سه‌ركردایه‌تی ده‌كرێن، ئه‌مه نه‌ریتێكی سیاسی ورێكخراوه‌یی به‌سه‌رچوه كه له بزووتنه‌وه نهتهوایهتیهكاندا له‌مێژه‌وه له ناوچه‌كه‌ماندا چه‌سپاوه. وڵاتانی كه‌نداو وئوردون وسهعودیه له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌كانه‌وه، سوریا ومیسر به‌هه‌مان شێوه له‌چوارچێوه‌ی خێزانه‌كانی سه‌ركرده‌كان. به‌شێكی به‌رچاوی ره‌وایه‌تی سه‌ركرده‌كانی كورد له زه‌مینه‌ی مێژوویی وخه‌باتی شۆرشگیرانه‌وه هه‌ڵقوڵاوه. تاكه حزب تا راده‌یه‌كی باش خۆی له‌م نه‌ریته دوور راگرتوه حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانه. ئه‌م سه‌ركردانه‌ش له‌ته‌نیشت هێزی پێشمه‌رگه وحزبیدا پشت ئه‌ستورتر به وڵاتانی ناوچه‌كه وتواناو هێزی خێله‌كی ودینی ره‌فتار وسیاسه‌تیان كردوه وتاكرهوانه بریاره گرنگه‌كانیان داوه. به‌شێك له ناكۆكی وململانێی نیۆ سه‌ركرده‌كانی كورد له‌چوارچێوه‌ی شه‌ری ده‌سه‌ڵات وبه‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ده‌رنه‌چوه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كورد سه‌ركرده‌ی زۆری هه‌مه ره‌نگی هه‌بوه، وه‌ك ده‌وترێت چه‌پڵه به‌یه‌ك ده‌ست لێ‌نادرێت، هه‌ندێك له‌و سه‌ركردانه ناچاركراون بخزێنرێنه ناو ئاگری ململانێ وشهرێكهوه كه مه‌به‌ستیان نه‌بوه، به‌ڵام به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه ده‌یان توانی خۆیانی لێ دووره‌وپه‌رێز بكه‌ن وبۆماوهیهك كونجی قه‌ناعه‌ت وبێده‌نگی هه‌ڵبژێرن له‌وه‌ی رووبه‌روبونه‌وه وشهر. ئه‌و جۆره سه‌ركردانه زۆر هه‌وڵیان داوه به ره‌نگه‌كانی كوردایه‌تی وئایدیۆلۆژی ودروشمه بریقه‌داره‌كان ململانێكانیان بۆیاخ كه‌ن. ئه‌و جۆره سه‌ركردانه ململانێكانیان ته‌نها به قسه وجنێو وتۆمهتباركردنی یه‌كتری به‌رێوه نه‌بردوه، به‌ڵكو روباری خوێنی كورد له پێناویان‌دا رژێنراوه. ته‌نها بۆ مێژووش بێت ده‌بێت بزانرێت كوژراو كه‌مئه‌ندام وماڵوێرانی كورد له ئه‌نجامی سه‌رجه‌م شه‌ره‌كانی ناوخۆ له‌نێو سه‌ده‌ی رابووردودا چه‌ند بوه؟ پرسیارێكی ره‌وا وره‌ق وته‌ق ئاراسته‌ی ئه‌و سه‌ركردانه ودامو ده‌سته‌كانیان بكرێت، ئه‌م هه‌موو ماڵوێرانی وكوشتنه بۆچی بوو؟ ئه‌گه‌ر جیاوازی فیكری ودڵسۆزی بۆ میلله‌ت بوبێت، ئه‌وا پێویسته لاپه‌ره‌كانی مێژوو یه‌ك به‌یه‌ك ههلبدهینهوه وبه‌شێك لێیان تا ئه‌م ساته‌ش زیندوانه مێشك وهه‌ستی كوردیان ئه‌وه‌نده زامدار كردوه كه بیرچونه‌وه‌یان مه‌حاله. لێره‌دا زۆر جار بۆخۆدزینه‌وه له‌وه‌لامی ئه‌م جۆره پرسیارانه په‌نا ده‌به‌نه به‌ر پاساوی ته‌بایی ودۆستایه‌تی وبه‌رژه‌وه‌ندی كورد. منیش له‌گه‌ڵ ئه‌و بیركردنهوهیهدام. به‌ڵام بۆچی كاتێك كورد ته‌فروتونا ده‌كرا وا بیریان نه‌ده‌كرده‌وه؟
بێده‌سه‌ڵاتی له گه‌مه‌ی ماندا
سێیه‌م: به گشتی بزووتنه‌وه وحزب وشۆرشهكان به‌ناچاریش بێت پشت ئه‌ستوور بوون به دوژمن وداگیركهر وناحهزێكی كورد له ناوچه‌كه‌دا بۆ دابینكردنی لۆجیستیك، په‌یوه‌ندی، یارمه‌تی وچه‌ك وتفاق. ستراتیج وتهكتیكیان له‌و راستیه‌وه بنیات ناوه وله ده‌روازه‌ی ئه‌و ناكۆكی وململانانهی ناوچه‌كه‌وه زۆر به ئاسته‌م ده‌رگای نێوده‌وڵه‌تیان بۆ واڵاكراوهتهوه. شێخ محمودی نه‌مر له‌گه‌ڵ تورك وئینگلیزدا، خوالێخۆشبوو بارزانی له‌گه‌ڵ ئێران وتوركیادا، شه‌هید قاسملۆ له‌گه‌ڵ رژێمی عێراقدا، جه‌لال تاڵه‌بانی وخوالێخۆشبوو ئیبراهیم ئه‌حمه له‌گه‌ڵ ئێران ودواتر له‌گه‌ڵ عێراقدا، هه‌رچه‌نده ئه‌م دوو به‌رێزه توانیان ده‌روازه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بی وچهپرهوهی بۆ بزاڤی كوردایه‌تی بكه‌نه‌وه، كه‌دواتر ده‌ركه‌وت هیچ گاریگه‌ری نه‌بوو، پ.ك.ك وپیشَتریش زۆربه‌ی حزبه‌كانی باكووری كوردستان پشت ئه‌ستوور به عێراق وسوریا به‌رنامه‌ی كار وستراتیجیهتیان دارشتبوو. ئه‌گه‌ر ئه‌مه به ناچاریش بوبێت یا له‌به‌ر لاوازی وبێده‌سه‌ڵاتی سه‌ركردایه‌تی كورده‌وه بێت، یه‌كێك بوه له‌و تیره ژه‌هراویانه‌ی جه‌سته‌ی كوردایه‌تی شه‌ته‌ك كردوه وهۆكارێكی گرنگی شكستیهكان بوه. ره‌نگه لێره‌دا پاساوی ئه‌وه بهێننه‌وه كه هه‌ر ئه‌وه توانراوه بكرێت، منیش له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچونهدام، به‌ڵام ئه‌وان به درێژایی مێژوو زۆر له‌و رێباز وسیاسه‌ته چه‌وتانه‌یان به‌رێوه‌بردوه. ته‌نها ماوه‌یه‌كی كورت نه‌بێت دوای راپه‌رینه مه‌زنه‌كه‌ی 1991 كه به‌شێكی زۆركه‌م له سه‌ركرده‌كانی كورد به ئاراسته‌یه‌كی نوێ بیر وسیاسه‌تیان دارشت، به‌داخه‌وه ئه‌و قۆناغه ته‌مه‌نی زۆر كورت بوو، ئه‌ژده‌های شه‌ری ناوخۆ وفشار وئابلوقهی ئابووری وناوچه‌یی ونێوده‌وڵه‌تی ئه‌و بیركردنه‌وه نوێهیان به كۆرپه‌یی زینده به‌چاڵ كرد.
به‌هانه‌كانی شكستیهكان
چواره‌م: بێگومان هۆكار وفاكته‌ری دهركیش هه‌ن بۆ شكستیه‌كانی شۆرشه‌كانی كورد وبێده‌سه‌ڵاتی سه‌ركرده‌كانی. ئه‌مه‌ش به تایبه‌ت له‌كاته‌كانی شه‌ری سارد دا. پرسیاره‌كه لێره‌دا ئه‌وه‌یه، ( وه‌ك زۆربه‌ی سه‌ركرده كلاسیكیه‌كانی كورد حه‌ز ده‌كه‌ن بۆ پاكانه باس بكرێت) ئایا ته‌نها یاسا وسیسته‌می شه‌ری سارد هۆكاری ئه‌و شكستی وبێئهنجامیهی چه‌ندین شۆرشی كورد بوون، یا لاوازی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد وحزب ورێكخراوه كوردیه‌كان وململانێی وشهرهكانی نێوانیان وایان كردوه ئه‌وان ببنه پارویه‌كی ئاسان له‌خزمه‌ت وبه‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و سیسته‌م ویاسایانه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی نێوده‌وڵه‌تی وناوچهییه؟ به واتایه‌كی تر كورد به‌هۆی لاوازی وبێده‌سه‌ڵاتی سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ی بۆته سووته‌مه‌نیه‌كی به‌رده‌ستی هه‌رزانی شه‌ری سارد له ناوچه‌كه‌مان. راپۆرتی لیژنه‌ی بایك ی كۆنگرێسی ئه‌مریكی دوای هه‌ره‌سی 1975، به‌ڵگه‌نامه‌كانی ئێران دوای روخاندنی شای ئێران له‌مه‌ر كوردی عێراق، به‌ڵگه‌نامه‌كانی ئێرانی له‌مه‌ر په‌یوه‌ندی وشێوهكانی نێوان ساڤاكی ئێران وباڵی جه‌لالی كاتێك له هه‌مه‌دان وئێران بوون، شێوه‌ی په‌یوه‌ندی سه‌رانی كورد وئیسرائیڵ، له‌گه‌ڵ توركیا وده‌زگای میتی توركی، له‌گه‌ڵ ئیداره جیاجیاكانی ئه‌مریكا وبه‌ریتانیا و وڵاتانی تر، به‌ڵگه‌نامه‌كانی عێراق دوای روخاندنی سه‌دام، هه‌موویان ئه‌وه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنن كه زۆربه‌ی سیاسیه كورده‌كان لاواز وبێ به‌رنامه بوون وه‌همی سه‌ره‌كیان لاوازكردن وفهوتاندنی ناحه‌زه كورده‌كانیان بوه و چۆنیش چۆكیان بۆ ویستی نێوده‌وڵه‌تی وزلهێزهكان داداوه.
به‌ره‌نگاربوونه ونهفهسی درێژ
له‌و سه‌رده‌مانه‌دا وبه‌پێی پێوه‌ره‌كانی ئه‌و كاتانه، چه‌ندین نموونه هه‌ن كه زۆر هوشیارانه وئازایانه به‌ره‌نگاری ئه‌و بارودۆخه نێوده‌وڵه‌تیه بوونه‌ته‌وه. له یه‌مه‌نی باشوور حوكمێكی ماركسی نه‌ته‌وه‌یی پێكهێنرا كه نه‌ك سنووربه‌زاندنی پێوه‌ری نێوده‌وڵه‌تی ئه‌و كاته بوه، به‌ڵكو دركێكیش بوه له‌جه‌سته‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بیدا. فه‌له‌ستینه‌كان زۆر به‌دلێری وزیره‌كانه كێشه‌ی خۆیان ئه‌و سات خسته ناو ئه‌جندای نێوده‌وڵه‌تیه‌وه. ڤێتانامیهكان ته‌نها له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی مێزی گڤتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌مركا له پاریس ده‌بێت خر بێت چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك گڤتوگۆكهیان دواخست. هه‌روه‌ها بزووتنه‌وه چه‌پ وزگاریخوازهكان له زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌فریكا، له پێشه‌وه ئه‌فریكای باشووری مه‌ندێلا، و ئه‌مریكای لاتینی زۆر دلێرانه راوه‌ستاون وله ئه‌نجامیشدا ده‌سكه‌وت وسه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ست هێنا.
ئه‌مانه ئه‌و هه‌ڵانه‌ن كه له مێژوودا كراون وئه‌و مێژووه‌ش چه‌ند هه‌ڵه‌یه‌كی به‌رامبه‌ر كردوین كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك راست ناكرێنه‌وه، له‌وانه شوێنی كوردستان، دیانه‌ت وپێكهاته‌ی رۆحی وكۆمهڵایهتیمان...تاد. به‌ڵام تۆ بلێی ئه‌مانه ته‌نها به‌هانه بن بۆ ئه‌و زنجیره شكستیه خه‌ست وتاڵانهی مێژوومان؟
بۆ وه‌لامدانه‌وه‌ی ئه‌م بیرۆكه‌یه جوه‌كان به نموونه ده‌هێنمه‌وه:
جوله‌كه له‌ماوه‌ی زیاتر له نیو سه‌ده‌دا دهوڵهتێكییان بۆخۆیان دروستكرد، خاوه‌نی پێشكه‌وتووترین سیسته‌می حوكمرانی دیموكراتین له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌راست، خاوه‌نی به‌هێزترین سوپای ناوچه‌كه‌ن، خاوه‌نی چه‌كی ئه‌تۆمین، یه‌كێكن له یه‌كه‌مین سێ وڵاتی به‌رهه‌مهێنه‌ری كشتوكاڵ له جیهاندا، له‌زۆربه‌ی وڵاتانی خۆرئاوا وئه‌مریكا به‌هێزترین لۆبی سیاسی، ئابووری وراگهیاندنیان به‌ده‌سته‌وه‌یه. ولاته‌كه‌یان به عه‌ره‌ب گه‌مارۆدراوه، چه‌ندین شه‌ریان له‌گه‌ڵ ده‌یان ملیۆن عه‌ره‌ب وسه‌رجه‌م وڵاته ئیسلامی وسۆشیالیست وچه‌په‌كان كرد‌و وبردویانهتهوه. جووله‌كه پێش دروستبوونی ئیسرائیڵ په‌رته‌وازه وپه‌رش وبڵاو بوون، مردوو وهیلاك له ئه‌نجامی شه‌ری دووه‌می جیهاندا كه نزیكه‌ی شه‌ش ملیۆن قوربانیان دا. له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌موو كاره‌سات ومیحنهتهدا زۆر سهركهتوانه ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستیان بوو هێنایانهدی. وه‌عدی بلفۆر رێگای بۆخۆش كردن، به‌ڵام خۆیان له‌ئاستی لێپرسراویه‌تی مێژووییاندا بون.
ئه‌وان بۆ وا سه‌ركه‌وتن له‌ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌م وئێمه‌ی كوردیش بۆ وا نه‌گبه‌ت وبێ هیوا له چه‌ند سه‌ده‌یه‌كدا.
تۆبلێی جوه‌كان خه‌تمی شارستنیهتیان پێوه بوه وئاینێكیش بزوێنه‌ری بزافهكهیان بوبێت؟ یا ئه‌وان توانیویانه باز به‌سه‌ر هه‌ڵه‌كانی مێژوودا بده‌ن وهه‌ڵه‌ی مێژووش له ئاستیاندا راستكردۆته‌وه ؟.
|
|