وه‌ستان به‌یه‌که‌وه و که‌وتن به‌ته‌نیا
|
چیا عه‌باس
له‌گه‌ڵ ئاشکرابونی ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردنه‌کان بۆ په‌رله‌مانی کوردستان و ئه‌و پاشه‌کشه‌یه‌ی یه‌کێتی کردویه‌تی نوسین و لێدوان و شیکردنه‌وه‌ی زۆری له سه‌ر کراوه.
مه‌به‌ستی ئه‌م نوسینه کولانه‌وه‌ی برینه‌کانی یه‌کێتی نیه، به‌پێچه‌وانه‌وه زۆرم لا مه‌به‌سته ئه‌و برینانه زیاتر نه‌وروژێنرێن، چونکه کات و پشودان و هێورکردنه‌وه بۆ سارێژکردنیان زۆر پێویسته.
هه‌ڵبژاردنی 2009 له چه‌ند راپۆرتێکی ئه‌مەریکادا
ئه‌نجامی راسته‌قینه‌ی هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2009 بۆ یه‌کێتی نێوان 15-18 کورسی بو، به‌هۆی یه‌ک لیستی له گه‌ڵ پارتیدا ده‌نگه‌کانی لیسته‌که‌یا‌ن به 30 بۆ پارتی و 29 بۆ یه‌کێتی خه‌مڵاند، به‌واتایه‌کی تر پارتی له ده‌نگه‌کانی خۆی سه‌رو 10 کورسی به یه‌کێتی داوه. سه‌باره‌ت به‌و هه‌ڵبژاردنه به‌پێویستی ده‌زانم ئاماژه به‌راپۆ‌رتێکی نهێنی و تایبه‌تی ئه‌مەریکیه‌کان بکه‌م که له 10 ئازاری 2008 له لایه‌ن Patricia Butenis به ناونیشانی گێژاوی ناوخۆی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان و هه‌ڵبژاردنه‌کان ئاماده‌کراوه، تێیدا هاتوه:
له کاتێکدا ئێمه چاودێری گرژیه‌کانی نێوان کورد و عه‌ره‌ب ده‌که‌ین، سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد دوچاری له‌رزانی سیاسی جدی بۆته‌وه. دانوستانه درێژخایانه‌کانی ناو یه‌كێتی له گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فا وایکردوه سه‌رکرده‌کانی کورد پێداگری له لیستی داخراو بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی داهاتو له هه‌رێمی کوردستان بکه‌ن.
سه‌رکرده‌کانی پارتی دیموکراتی کوردستان ره‌فزی ده‌که‌ن رێگه بده‌ن نه‌وشیروان لیستێکی جیاوازی له یه‌کێتی هه‌بێت، چونکه هاوسه‌نگی هێزی نێوان پارتی و یه‌کێتی له کورسیه‌کانی په‌رله‌مان تێکده‌چێت. سه‌رکرده‌کانی پارتی جه‌ختیان کرده‌وه که رێکه‌وتنیان له گه‌ڵ یه‌کێتیدا وه‌ک خۆی ده‌مێنێته‌وه، ئه‌وان درک ده‌که‌ن به‌وه‌ی که لاسه‌نگی کورسیه‌کان دوژمنایه‌تی کۆنیان زیندو ده‌کاته‌وه و ئه‌مه‌ش زه‌ره‌ر به هاوپه‌یمانی کورد ده‌گه‌یه‌نێت و له مامه‌ڵه‌کردن له گه‌ڵ حکومه‌تی ناوه‌ند و مالیکی سه‌رۆک وه‌زیران لاوازیان ده‌کات.
وێڕای ئه‌وه‌ی سه‌رکرده‌کانی کورد چاوه‌ڕوانن به‌هۆی لیستێکی نادیموکراسی داخراو رو‌به‌روی ره‌خنه‌ی باڵیۆزخانه و کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ببنه‌وه، وه‌لێ هه‌ست ده‌که‌ن زۆر له ده‌ست ده‌ده‌ن ئه‌گه‌ر هاوپه‌یمانی کورد تێک بچێت.
له خاڵی پێنجی راپۆرته‌که‌دا هاتوه:
هه‌رچه‌نده حکومه‌تی هه‌رێم هێشتا بڕیاری نه‌داوه له سه‌ر کراوه‌یی لیسته‌کان، میرانی رونیکرده‌وه که لیسته‌که‌ی نه‌وشیروان هه‌نگاوێکی ته‌کتیکیه و هانده‌رێکه بۆ پێداگری پارتی و یه‌کێتی له سه‌ر لیستی داخراو. له درێژه‌ی قسه‌کانیدا وتی: کاتێک لیسته‌که‌ی نه‌وشیروان بێته ناو ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی کوردستان پارتی ئه‌و به به‌شێک له یه‌کێتی ده‌زانێت، ئه‌گه‌ر نه‌وشیروان بیه‌وێت لیستی خۆی هه‌بێت، هه‌ر کورسیه‌ک بیباته‌وه له سه‌ر کورسیه‌کانی یه‌کێتی ئه‌ژمارد ده‌کرێت. که‌ریم سنجاری، وه‌زیری ناوخۆی هه‌رێمی کوردستان، وتی پارتی ناتوانێت ریسکی درزکه‌وتنه نێوان یه‌کێتی و پارتی قبوڵ بکات.
له کۆمێنتی ئاماده‌که‌ری راپۆرته‌که‌دا هاتوه:
ناشێت مه‌ترسی هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شه‌ڕی نێوان پارتی و یه‌کێتی له ئاکامی لیستی کراوه به‌ئاسانی و بێ بنه‌ما به‌لاوه بنرێت... هه‌ر دولا لاسه‌نگی هێزی نێوانیان زۆر پێ قورسه، به‌تایبه‌ت کاتێک یه‌کێتی له گێژاودایه. له درێژه‌ی کۆمێنته‌که‌دا هاتوه: به‌لای ئه‌مەریکاوه هه‌ڵبژاردنه‌که وه‌ک خۆی وه‌سف بکرێت: زۆر کراوه نیه و به‌تایبه‌تیش دیموکراسی نیه... له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئێمه له دۆخی تایبه‌تی کورده‌کان تێده‌گه‌ین، به‌ڵام نابێت پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌که به‌دروست بزانین. ده‌بێت له په‌یوه‌ندیه تایبه‌تیه‌کانمان له گه‌ڵیاندا ره‌ق و توند بین و له بواره گشتیه‌کانیشدا ئاگامان له قسه‌کانمان بێت. (کۆتایی راپۆرته‌که)
دژایه‌تیکردنی سه‌رسه‌ختی گۆڕان
ئه‌م دۆکیۆمێنته و دو دۆکیۆمێنتی تر سه‌باره‌ت به‌و هه‌ڵبژاردنه ده‌یسه‌لمێنن که مه‌به‌ستێکی سه‌ره‌کی یه‌ک لیستی و گه‌رموگوڕی "برایه‌تی" ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی پارتی و یه‌کێتی بۆ دژایه‌تیکردنی گۆڕان بوه، له‌و پێناوه‌دا پارتی ئاماده بوه پشکێکی به‌رچاوی کورسیه‌کانی له په‌رله‌مان به یه‌کێتی ببه‌خشێت بۆ وه‌ستانیان به‌یه‌که‌وه به‌رامبه‌ر گۆڕان و بۆ به‌گژاکردنی یه‌کێتی به‌رامبه‌ر به گۆڕان. پارتی له به‌شێکی ئه‌م سیاسه‌تەدا سه‌رکه‌وت، به‌تایبه‌ت دروستکردنی که‌لێنێکی گه‌وره لە نێوان گۆڕان و یه‌کێتی. ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌کێتی له روانگەی ته‌سکی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیانه‌وه گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌ی سیاسیان کرد و خۆیان له‌و راستیه دزیه‌وه که لاوازکردنی گۆڕان مانای لاوازبون و په‌رته‌وازه‌بونی خۆشیان و له‌تله‌تکردنی به‌ره‌ی لیبراڵی عیلمانی له بزاڤی کوردایه‌تدا و ئاراسته‌کردنی حوکمڕانی خۆماڵی به‌ره‌و ئاینده‌یه‌کی ته‌م و لێڵ، پێره‌وکردنی ئه‌م سیاسه‌ته له ره‌تدانه‌وه‌ی هیستیریا ئاسای ده‌سه‌ڵات بۆ به‌یاننامه ناوداره‌که‌ی گۆڕان لە 29/1/2011 و له روداوه‌کانی 17 شوبات و دواتر به‌زه‌قی ده‌بینرێن، هه‌روه‌ها موماته‌ڵه‌کردن و خۆدزینه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له به‌ڵێنه‌کانیان و له جێبه‌جێکردنی چه‌ند بڕیارێکی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مان و له بێبه‌شکردنی گۆڕان له کابینه‌ی دوه‌می مالیکی به‌شێکی تری سیناریۆی دژایه‌تی هاوبه‌شی گۆڕان بو. خه‌می سه‌ره‌کی جوته‌ی ده‌سه‌ڵات دژایه‌تیکردنی گۆڕان بو له‌هه‌مو سوچ و قوژبنێکی دنیادا، چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌یه‌کی ئه‌مەریکا له لایه‌ن ویکیلیکس بڵاوکراونه‌ته‌وه هیچ گومانێک له‌و دژایه‌تیکردنه و له ئاستی زۆر به‌رزی ده‌سه‌ڵاتدا ناهێڵن. ئه‌م دۆخه که‌م یا زۆر به‌رده‌وامبو، خاڵی وه‌رچه‌رخاندن له رێکه‌وتنه‌که‌ی ده‌باشانه‌وه ده‌ستی پێ‌کرد.
دوا هه‌ڵبژاردن
پارتی و یه‌کێتی له دوا هه‌ڵبژاردندا به‌لیستی جیاواز دابه‌زین و له غیابی تاڵه‌بانیدا مه‌به‌ستی ره‌ش نیه‌تیان بۆ دژایه‌تیکردنی گۆڕان ئاگری گرتبو، پێشیان وابو ساحه‌که بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ته‌واو بۆیان ته‌خت بوه، هه‌روه‌ک چۆن مه‌لا به‌ختیار له کۆنگره‌یه‌کی رۆژنه‌ماوانید له گه‌ڵ فازل میرانی رایگه‌یاند دوای تای هه‌ڵبژاردن ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر رێچکه‌که‌ی خۆیان. به‌ڵام ئه‌وه‌ی مه‌لا به‌ختیار و هاوبیره‌کانی نه‌یان ده‌ویست لێی تێبگه‌ن ئه‌وه بو ئه‌وان ئاره‌زومه‌ندانه به‌وه‌کاله‌ت شه‌ڕی پارتیشیان دژ به گۆڕان کرد، له کاتێکدا تیره‌کانی که‌وانی پارتی ئاراسته‌ی خودی یه‌کێتیش کرابون، ئه‌وان باش ده‌یانزانی پارتی ئه‌وه‌نده ده‌ستیان ده‌گرێت و به‌هانایانه‌وه ده‌چێت تا وزه‌ی دژایه‌تیکردنی گۆڕانیان تێدا بمێنێت و سیمای حوکمڕانی به فره‌حزبی ئارایشته بکات.
ئه‌م خۆدزینه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌کێتی له خوێندنه‌وه‌ی دیوه راسته‌قینه‌که‌ی نیه‌تی هاوپه‌یمانه ستراتیژیه‌که‌یان هۆکارێکی سه‌ره‌کی گرنگی ئه‌و سه‌رگه‌ردانیه بو به‌سه‌ر یه‌کێتیدا هێنایان. له وه‌ستاندا به‌یه‌که‌وه بون و که‌وتنی یه‌کێتیش به‌ته‌نیا بو و پارتی پێی باڵا به‌رز بو.
بۆچی؟
به‌درێژایی ته‌مه‌نی پارتی (واز له چه‌ند قۆناغێکی پێش راپه‌رین ده‌هێنین) له دوای راپه‌رینه‌وه به‌ده‌گمه‌ن دڵۆپه فرمێسکێکی بۆ یه‌کێتی رشتوه و ئاهی ساردی بۆ هه‌ڵکێشاوه، زۆر که‌م کاری کردوه سه‌ربه‌رزی و سه‌ربه‌خۆیی به یه‌کێتی و سه‌رکردایه‌تیه‌که‌ی ببه‌خشێت، ته‌نها ئه‌و کارانه کراون که له دوا مه‌تافدا زۆر به‌قازانجی پارتی شکاونه‌ته‌وه، زۆر نمونه له‌به‌رده‌ستدان که چۆن پارتی بۆ خۆدزینه‌وه له یه‌کێتی ئه‌و کارانه‌ی بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆی یه‌کلایا‌نه ئه‌نجام داون. ئه‌وه نوشته و نزاکانی یه‌کێتی بون که به‌رده‌وام به‌کێلی "هه‌ره‌شه و چاوسورکردنه‌وه‌ی" پارتیدا لکێنراون و ئاکامه‌کانیشی خواست و حه‌زه‌کانی پارتی له په‌رله‌مان و حکومه‌ت و به‌غدا و رێکه‌وتنی نێوانیاندا هاتونه‌ته دی. لێره‌وه ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌کێتی په‌یامێکی هه‌ڵه و سیاسه‌تێکی پاشکۆ ئاسایان گه‌یاند به جه‌ماوه‌ره‌که‌ی خۆیان و به نه‌وه نوێکان.
پارتی به چه‌ک و سوپای عێراق و تورکیا نه‌یتوانی چۆک به یه‌کێتی دابنێت، به‌ڵام له‌رێگه‌ی رێککه‌وتنی نێوانیان و حوکمڕانی هاوبه‌ش و هه‌ڵبژاردنه‌وه توانی به‌شێک له خه‌ونی نیو سه‌ده‌ی خۆی به‌دی بهێنێت، باشترین نمونه‌کان له هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له ساڵی 2010 و له ناکۆکیه‌کان له گه‌ڵ مالیکی و له هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای موسڵ و زۆر تایبه‌ت له هه‌ڵبژاردنی 21 سێپته‌مبه‌ردا به‌رچاو ده‌که‌ون.
ده‌سه‌ڵاتدارانی پارتی پێیانوایه هاوپیشه‌کانیان له یه‌کێتی به شیرینی نه‌وت و چه‌ند ئیمتیاز و پۆستێک بۆ کو‌ڕی ئه‌م به‌رپرس و بۆ ئه‌و باڵا ده‌ست ده‌سته‌مۆ کردون. پاشگه‌زبونه‌وه له رێکه‌وتنی ده‌باشان، درێژکردنه‌وه‌ی ویلایه‌تی سه‌رۆکی هه‌رێم، په‌راوێزکردنی یه‌کێتی له پیشه‌سازی وزه له کوردستان (ته‌نانه‌ت جێگری وه‌زیری سامانه سروشتیه‌کان که کادرێکی دێرینی یه‌کێتی بو ناچار کرا پۆسته‌که‌ی به‌جێبهێڵێت)، پشتگوێخستنی یه‌کێتی له کابینه‌ی حه‌وت (تایبه‌ت له ده‌زگا‌کانی سه‌ر به ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و له ده‌سه‌ڵاته زۆر سنوردارکراوه‌کانی به‌ڕێوه‌به‌ریه گشتیه‌کان له پشکی یه‌کێتی و ته‌نانه‌ت له سنوردارکردنی ده‌سه‌ڵاته‌کانی جێگری سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران)، بێده‌نگی یه‌کێتی به‌رامبه‌ر ده‌ستێوه‌ردانی یه‌کلایه‌نه‌ی پارتی له رۆژئاوای کوردستان، بێده‌نگی یه‌کێتی به‌رامبه‌ر به‌کردنی هه‌رێم به کۆماری مۆزی تورکیا، چاونوقاندن به‌رامبه‌ر بێبایه‌خی و پشتگوێخستنی پارتی له‌مه‌ڕ ئاینده‌ی ناوچه دابرێنراوه‌کان و کێشه هه‌ڵپەسێردراوه‌کان له گه‌ڵ به‌غدا و چه‌ند نمونه‌یه‌کی تر ئه‌و بۆچونه‌ی پارتی ده‌سه‌لمێنن. مایه‌ی بایه‌خی تایبه‌ته زۆربه‌ی ئه‌م کارانه به‌خێرایی بروسک له غیابی مام جەلال دا کراون.
ئاینده...؟
مه‌حاڵه له‌م دۆخه‌دا و به‌رده‌وامبون به‌م شێوازه یه‌کێتی بتوانێت هه‌ڵبسێته‌وه، هه‌نگاوی سه‌ره‌کی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته وه‌ک خۆیان له بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا رایانگه‌یاند "سه‌ربه‌خۆی" بونیانه. ئه‌مه‌ش به چه‌ند ئارایشته‌کردنێک له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی شکستخواردوی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی یه‌کێتیه‌وه نایه‌ته دی، خۆشبه‌ختانه جه‌ماوه‌ره به‌ئه‌مه‌که‌که‌ی یه‌کێتی خاوه‌نی دوا بڕیاره.
گرنگی شکستی یه‌کێتی له ژماره‌ی کورسیه‌کانی له په‌رلە‌مان ره‌نگ ناداته‌وه، گه‌ر 99 کورسی په‌رله‌مانیشی هه‌بێت و به‌م ئه‌قڵیه‌ته‌ی ئێستای کاربکات ئه‌و تاکه کورسیه‌ی ده‌مێنێته‌وه دوا حاکم و بڕیارده‌ر ده‌بێت. کرۆکی کێشه‌که له پاشه‌کشه‌ی یه‌کێتیدایه له بزاڤی کوردایه‌تی، ئه‌م راستیه مه‌ترسی له‌سه‌ر ئاینده‌ی ئه‌و حیزبه و بزاڤی کوردایه‌تی دروست ده‌کات.
وه‌ک چۆن چه‌پڵه به‌یه‌ک ده‌ست لێ‌نادرێت راستکردنه‌وه‌ی ئه‌م دۆخه‌ش بۆته ئه‌رکێکی نه‌ته‌وه‌یی هه‌مه لایه‌نه، راستکردنه‌وه‌یه‌ک رێگه‌ی یاسایی و سیاسی و مه‌ده‌نی بگرێته به‌ر.
گۆڕان نا‌بێته دارده‌ستی هه‌ڵساندنه‌وه‌ی هیچ لایه‌ن و گروپێک، به‌ڵکو ئه‌رکی سه‌ره‌کی سه‌رشانیه‌تی فاکته‌رێکی سه‌ره‌کی بێت له پرۆسه‌ی هه‌ڵساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و له به‌رەنگاربونه‌وه‌ی مه‌ترسیه‌کان له سه‌ر نه‌ته‌وه‌که‌مان.
له‌م ساته وه‌خته‌دا گۆڕان ئه‌رکی زۆر قورس و ئاڵۆزی روبه‌رو بۆته‌وه، له پێشه‌نگی ئه‌و ئه‌رکانه‌دا رێگه نه‌دات تاکڕه‌وی و یه‌ک جه‌مسه‌ری له باشور سه‌ر هه‌ڵبدات، ئه‌زمونه‌کانی مێژوی نیو سه‌ده‌ی بزاڤی کوردایه‌تی له سه‌رجه‌م کوردستانی گه‌وره ده‌یسه‌لمێنن یه‌ک جه‌مسه‌ری نه‌هامه‌تی و کاره‌ساتی گه‌وره‌ی لێکه‌وتۆته‌وه.
گۆڕان سوپه‌رمانی گۆره‌پانه‌که نیه، بۆیه لێدوان و دانوستان و لێکتێگه‌یشتن و رێککه‌وتنی نێوان هێزه‌کانی کوردستان یه‌که‌م هه‌نگاوی دروسته.
با چاوه‌ڕوان بین...
|
|