چیا عه‌باس
حه‌زره‌تی ئیمامی عه‌لی فه‌رمویه‌تی:
" نعیب زماننا والعیب فینا وما لزماننا عیب سوانا"
له‌نێوان گه‌شبینی ورهشبینیدا له‌دنیای سیاسی دیموكراسی ئاسای لای خۆمان پانتایی واقیع بینین به‌رته‌سك وتهماویه. زه‌مینه وپێكهاته‌ی ئه‌م بیركردنه‌وه وهه‌ڵسه‌نگاندنه سیاسیه هه‌م بنه‌مای دینی له‌خۆگرتوه وهه‌روه‌هاش ئیرسێكی عه‌قڵیه‌تی سیاسی وعهقائیدێكی داخراوه كه به رابه‌ر وپێشه‌وای نه‌مر وحیزبی ته‌ڵیعه وحیزبی قائید وحیزبی نمونه‌یی وتاقم وده‌سته‌ی نایاب وههڵبژارده و...تاد رازێنراوه‌ته‌وه، به‌واتایه‌كی تر ئه‌و هزرانه‌ی ره‌وایی خاوه‌نداریه‌تی راستیه‌كانیان بۆ خۆیان پاوان كردوه.
حیزب ورێكخستن وسه‌ركرده وعه‌قیده له فكری سیاسیماندا بونه‌ته سیمبۆڵه‌كانی فریادره‌سی وعهسای سیحری ودروستكه‌ری موعجیزه و خوڵقێنه‌ری به‌هه‌شتی سه‌رزه‌مین ویه‌كسانی وداستانهكانی پاڵه‌وانی وئازایی وجوامێری.
به‌م شێوازه شۆڕه‌سوار و داستانه ئه‌فسوناویه‌كان گشت سوچ و قوژبنێكی مۆراڵی سیاسیمانیان داگیركردوه.
كورد به درێَژایی مێژو پێویستی به‌م په‌یكه‌ر وسیمبۆڵانه هه‌بوه، چونكه هیچ ده‌رفه‌تێكی تری بۆ نه‌ره‌خساوه تا بتوانێت خۆی له قهتیسبونهوه وپهنگخواردنهوه وكهڵهَكهبونی سته‌م وچه‌وساندنه‌وه وكوشتن وده‌ربه‌ده‌ری قورتاربكات وئه‌و سیمۆڵانهی به فریادره‌س بینیوه وپێناسه‌ی كردون وپه‌نای بۆبردون. به‌درێژایی ئه‌و مێژوه‌ش كاتێك میلله‌ت هه‌لێكی بۆ ره‌خسابێ تا ئاهێكی پێدابێته‌وه، بۆ نمونه له كاته‌كانی دانوستاندن له‌گه‌ڵ حكومه‌ته‌كانی ناوه‌ند یا رێككه‌وتنێك، ئه‌وا سه‌رجه‌م میلله‌ت له شار وشارۆچكه وگونده‌كانی كوردستان وه‌ك هه‌وره‌تریشقه وپه‌ڵه‌ی به‌هاران گه‌رمی وههڵچونی هه‌ست وده‌رونیان بۆ ئه‌و سیمبۆڵ وسهركردانه خستۆته جۆش ونمایشكردوه وجاریش هه‌بوه ئه‌م نمایشهكردنه تائاستی په‌رستن خهستبۆتهوه.
پسپۆرێكی ده‌رونی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌توانێت توێژینه‌وه ولێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ورده‌كاری ئه‌م دیاردانه بكات. ئه‌وی شیانی لایه‌نه سیاسی وفكریهكانی ئه‌م دیاردانه‌ی پابه‌ند به بزوتنه‌وه‌ی گۆرانه‌وه بابه‌تی نوسینهكهمه.
له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی بزوتنه‌وه‌ی گۆران وخۆ ئاماده‌كردن بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی پارڵه‌مانی كوردستان، هه‌ڵچونێكی به ته‌وژمی جه‌ماوه‌ری سه‌رتاپای به‌شێكی گه‌وره‌ی باشوری كوردستانی گرته‌وه. به‌رنامه وپهیامهكانی گۆران وخه‌سڵه‌ته به‌هێزه‌كانی كه‌سی یه‌كه‌می بزوتنه‌وه‌كه توره‌بونی خاك ومیلله‌ت وئه‌و هه‌ڵچون وپێشوازیكردنهی كرده هه‌وێنی ئومێدێكی گردار بۆ حوكمی یاسا ودادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی وئاواته نه‌ته‌وه‌ییه‌كانمان. ئه‌م دۆخه تازه‌یه وهه‌ڵگرتنی ئه‌م باره قورسه، كۆرپه‌یه‌كی سیاسی كات وشوێنی خۆی بو وپێویستی به كه‌ش وهه‌وای گونجاو له‌گه‌ڵ ئه‌و كات وشوێنه‌دا بو تا به‌شێوازێكی ته‌ندروست گه‌ش ونما بكات.
سه‌رگه‌رمی گۆران پاش سه‌ركه‌وتن وله‌گه‌ڵ رۆیشتنی كاتیش‌دا تێكه‌ڵاوبونی ئومێد وكار به‌رگی فریادره‌سی وسیمبۆڵه ناسراوه‌كانی مێژومانی به‌به‌ریاندا ئاڵاند. له ئاكامدا ئیفۆریایهكی* بزێوی وروژێنه‌ر وبێباك روخساری ئاسمان وئاسۆی مه‌مله‌كه‌تی گۆران یان ته‌نیبو.
مه‌خابن قه‌تیسبونی چاوه‌روانی لای خه‌ڵك وچهپۆكی بێره‌حمی گه‌مه وكهڵتوری سه‌ركرده سیاسیه‌كان وكاریگه‌ری جادویانه‌ی ئیرسهكانی مێژومان له‌سه‌ر كاراكته‌ره‌كانی گۆران دۆخێكی ته‌نراو به فشار وپاڵه‌په‌ستۆ وفانتازیای خهڵقاند وئه‌و فاكته‌رانه‌ش بون كه تابلۆی گۆران و سه‌دای په‌یامه ره‌سه‌نه‌كه‌یان له‌سوچێكی ئاسۆدا گیرسانه‌وه.
وه‌ك گۆرانخوازێك ئه‌ركی سه‌ر شانمه یه‌كه‌مجار به‌ناو ماڵه‌كه‌ی خۆمدا بگه‌رێم. لێره‌وه ده‌ڵێم به‌م نه‌فه‌س وسیمایه وله‌و دۆخه‌دا چوینه حهلبهی هه‌ڵبژادنێكی تره‌وه. ده‌بوا دركمان بكردایه كه زۆرانبازی ئه‌مجاره له‌گه‌ڵ چه‌ند زۆرانبازێكی موحهنهكه وگهمهكه كراوه وبێ حه‌كه‌مه، بمانزانیایه كه سنوره‌كانی حهلبهكه خه‌یاڵاوین وله‌گه‌ڵ هه‌ر جموجۆڵ وپهلاماردان وگرژكردنهوهی مهچهكمان به‌ئاگا بین چه‌پۆك ومست له هه‌وادا نههاوێژین. ده‌بوا زۆر ورد سه‌رنج وپشتیوانی بینه‌رانی زۆرانبازیهكهمان بۆخۆمان بروژاندایه، ده‌بوا و..... ده‌بوا.
هه‌رچۆنێك بێت گۆران له‌م خوله‌ی زۆرانبازیدا ژێر نه‌كه‌وتوه وبازوی سه‌ركه‌وتنیشی ته‌واو به‌رزنه‌كردۆته‌وه. جه‌ماوه‌ر وهه‌ڵسوراوانی گۆران كه چاوه‌روانی ژماره‌یه‌كی زیاتر له‌و 8 خاڵه‌ی له‌م زۆرانبازیهیهدا به‌ده‌ستمان هێناوه ده‌كرد، هه‌نوكه یا كونجی قه‌ناعه‌ت وچاوه‌روانی ده‌گرن، یاخود سه‌رله‌نوێ ئاسۆی گۆران فراوانتر ورۆشنتر ده‌رازێننه‌وه.
ئه‌گه‌ر هیچ نه‌كه‌ین، دواتر نابێت هۆكاره‌كان بۆ عه‌یبی زه‌مانه وشوێن بگه‌رێنینه‌وه، ئه‌وه هه‌ر خۆمانین بهرپسیارین له هه‌مو بیر ورهفتارێكمان.
|