گۆڕان و پارتی و دڵته‌نگبوه‌کان
|
چیا عه‌باس
له سه‌روبه‌ندی دو کۆبونه‌وه دو قۆڵیه‌که‌ی به‌ڕێز نه‌وشیروان مسته‌فا له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان مسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی چه‌ند ده‌نگ و پێنوسی ناڕه‌زا که‌وتونه‌ته شیکردنه‌وه و لێکدانه‌وه‌ی روداوه‌که به‌و ئاراسته‌یه‌ی به‌دڵیانه، که‌سانێکیش تیره‌کانی که‌وانیان به‌پاساوی ئه‌نجامدانی کۆبونه‌وه‌کان به‌داخراوه‌یی و له ژوره تاریکه‌کاندا هاوشتوه. خوێندنه‌وه‌یه‌کی بابه‌تیانه‌ی ئه‌و هه‌ڵوێست و بۆچونانه ده‌یسه‌لمێنێت زۆربه‌یان له سایه‌ی رابوردویه‌کی کاک نه‌وشیروان (کاتێک له‌ناو یه‌کێتیدا بوه و دواتر له گۆڕان) له‌گه‌ڵ پارتی و بنه‌ماڵه و رابوردوی چه‌ند ساڵه‌ی نێوان گۆڕان و پارتیدا دارێژراون، رابوردویهک ته‌نراو به گرژی و دورکه‌وتنه‌وه له‌یه‌کتر.
گەڕانهوه بۆ ئه‌و رابوردوه و باسکردنیان چه‌ند ته‌وه‌رێکی فیکری و سیاسی ده‌وروژێنن:
هزری به‌سه‌رچو و سه‌رلێشێواوی
ئایا ده‌کرێت ته‌نها به‌پێوه‌ره‌کانی رابوردو، مه‌به‌ستم له رابوردو دوێنێش ده‌گرێته‌وه، به‌رده‌وام سیاسه‌ت و هه‌ڵوێست به‌رامبه‌ر گۆڕانکاریه زۆر و و به‌په‌له‌کانی ئه‌م سه‌رده‌مه و لایه‌نه‌کانی گۆڕه‌پانی سیاسی دابڕێژرێن؟
راستیه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گره زۆربه‌ی نه‌وه‌کانی شه‌ست و حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی رابوردو، که ئێستا چونه‌ته ته‌مه‌نه‌وه، له ته‌مه‌نی گه‌نجی و شۆڕشگیرییاندا به هزره‌کانی چه‌پ و شۆڕشگیری گۆشه و په‌روه‌رده بون و خه‌باتی سیاسی و نه‌ته‌وه‌ییان توند به‌و هزرانهوه گرێدابو.
دوای روخاندنی دیواری به‌رلین و گۆڕانکاریه گه‌وره‌کان له عێراق و کوردستان، هزرێکی موحافیزکاری ناسه‌قامگیر تێکه‌ڵ به‌چه‌ند چه‌مکێکی سۆشیال دیموکرات هێڵه سه‌ره‌کیه‌کانی سیاسه‌ت و دنیابینین و هزری نه‌ته‌وه‌یی ئه‌و نه‌وه‌یه‌یان داڕشتۆته‌وه.
له ئێستادا به‌شێکی به‌رچاوی ئه‌و نه‌وه‌یه به‌رپرسیاریه‌تیان له حکومه‌تی هه‌رێم و حیزبه‌کانی کوردستان له ئه‌ستۆدایه، ئه‌م گۆڕانکاریه له زه‌مینه‌ی فکری و سیاسیاندا دید و توانایانی بۆ ئاینده کزکردوه و به‌و هۆیه‌وه ئه‌مڕۆ سیاسه‌ت به‌ڕێده‌که‌ن نه‌ک سیاسه‌ت وه‌ک رێگه‌یه‌ک بۆ ئاینده دابڕێژن، بۆیه له‌م دۆخه‌دا به‌شێکی به‌رچاو له کاراکته‌ره‌کانی ئه‌و نه‌وه شۆڕشگیرهی مێژو له سایه‌ی حیزب و ده‌سه‌ڵاتدا سواری پشتی مێژو بون و که‌فوکوڵی خۆپه‌رستیان ده‌کوڵێت. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ره‌وا و ناڕه‌وا ده‌ستیان که‌وتوه به "مافێکی مێژویی" و "ئیستحقاقێکی شۆڕشگێڕی" ده‌زانن و کاته‌که‌ش به "هه‌لێکی زێڕینی" بێهاوتا ده‌بینن، به‌زه‌بری ئه‌م چه‌مکانه‌ش ئیدیعای ته‌واوی خاوه‌نداریه‌تی سه‌رده‌مه‌که ده‌که‌ن. هه‌ر ده‌نگۆ و داوا و کار و خواستێک ریتم و نه‌شئه‌ی پاشایه‌تیان تێک بدات ده‌کرێنه تێکده‌ر و ئاژاوه‌چی و ناحه‌زی کورد و کوردایه‌تی. به‌م شێوازه پێشوه‌خت سنورێکی ئه‌ستوریان نێوان خۆیان و "ئه‌وانی" تر داڕشتوه و دیارکردوه.
من دڵنیام که دنیابینین و تێڕامانی گۆڕان و رێکخه‌ری گشتی له‌م سه‌رده‌مه‌دا چه‌قبه‌ستو و دابڕاو نین و له سه‌رچاوه‌یه‌کی فیکری نه‌گۆڕی تایبه‌ته‌وه هه‌ڵنه‌قوڵاون، بگره زیاتر له‌مه گۆڕان ده‌ستی بهكڵاوهکهیهوه نه‌گرتوه، به‌ڵکو به‌رده‌وام کاری بۆ خهڵقاندنی هه‌ل و ئه‌گه‌ری نوێ کردوه، ئه‌مه‌ش له‌ماوه‌ی زیاتر له چوار ساڵی رابوردو توشی چه‌ندین گرفت و کێشمه‌ی گه‌وره‌ی کردوه، ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت گۆڕان به‌و دینامیکیه سیاسی و جه‌ماوه‌ریه سه‌رکه‌وتنی گه‌وره‌ی به‌ده‌ستهێناوه.
شایانی باسکردنه که ئه‌م ئەقڵیهته هه‌رکاتێک هه‌ست به دڵته‌نگی و په‌رێشانی بۆ پێگه و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی بکات راسته‌وخۆ خۆی ده‌خزێنێته‌وه رۆژگاره جوانه‌کانی مێژو و له‌و مهرقهدهوه هه‌م مه‌به‌ستیه‌تی خۆی بپارێزێت و هه‌م نه‌یاره‌کانیشی به‌کافر و مولحد پیشان بدات. گۆڕان به‌گشتی له‌م دۆخه‌دا کاری کردوه و کاردانه‌وه‌کانی ده‌وروبه‌ریشی هه‌مان ریتم و په‌یامیان هه‌بوه.
ترس و دڵه‌ڕاوکێ
زه‌مینه‌ی ئه‌م هه‌ڵوێستانه وه‌ک یه‌ک نین، به‌شێک لێیان هه‌ڵقوڵاوی ترس و دڵه‌راوکێی سیاسیه له ئاکامی گۆڕینی هاوسه‌نگی هێز له کوردستاندا و به‌رچاوکه‌وتنی دو جه‌مسه‌ری به‌هێز له وێستگه‌یه‌کی هه‌ستیاری پێکهێنانی کابینه‌ی هه‌شتدا و نیه‌تی جدی گۆڕان بۆ به‌شداریکردن تێیدا.
هه‌ندێک له کاراکته‌ر و نوسه‌ره‌کانی یه‌کێتی، له‌سایه‌ی ئه‌و ترس و دڵه‌راوکێیه شاراوه‌دا، مه‌ترسی خۆیان بۆ ئارامکردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌کان و "رێکه‌وتنێکی ژێربه‌ژێر"ی نێوان گۆڕان و پارتی ده‌ربڕیوه. ئه‌م ترسه بێ بنه‌مایه ترسێکه له پهراوێزکردنیان، له هه‌مانکاتیشدا بۆ ره‌وینه‌وه‌ی ترسه‌که هاتون په‌نا بۆ رێکه‌وتنی ستراتیژی ده‌به‌ن و ته‌نانه‌تیش ده‌ڵێن به‌پێی رێکه‌وتنه‌که بێت سه‌ره‌ی یه‌کێتیه کابینه‌ی هه‌شت دروست بکات، ئه‌م بۆچونانهن که یه‌كێتی بچوک ده‌که‌نه‌وه، چونکه یه‌كێتی گه‌ر مه‌به‌ستی ده‌سه‌ڵاتدارانی بێت ده‌توانێت به‌ته‌نیا له‌سه‌رپێی خۆی بوه‌ستێت و پێویستی به‌ده‌ستگرتنی له‌و جۆرانه نه‌بێت. ئه‌مه له‌کاتێکدا چه‌ند مانگێک له‌مه‌وبه‌ر کادر و به‌رپرسانی ئه‌و حیزبه وه‌ک به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن که‌وتبونه گیانی رێکه‌وتنه‌که و هه‌ر رۆژێک دێرێک و خاڵێکیان لێ ده‌قرتاند. زیاتر له شه‌ش ساڵه رێکه‌وتنێکیان له‌گه‌ڵ پارتی کردوه و به‌زه‌بری ئه‌و رێکه‌وتنه ده‌ستیان بهسهروبنی کوردستاندا گرتوه، هه‌زارانجار گوێبیستیان بوین که ئه‌و رێکه‌وتنه زۆر پێویست بوه بۆ رێگری له سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی شه‌ڕی ناوخۆ و دابینکردنی ئارامی و سه‌قامگیری، که‌چی ته‌نها دو کۆبونه‌وه‌ی 3 سه‌عاتی رێکخه‌ری گشتی گۆڕان له‌گه‌ڵ لوتکه‌ی پارتیدا ئه‌وه‌نده بێتاقه‌ت و دڵته‌نگی کردون که نزیکه‌ی 50.000 سه‌عاتی (6 ساڵ) رێکه‌وتن و حوکمڕانی هاوبه‌ش و دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات و داهاتیان له‌گه‌ڵ پارتیدا بیرچۆته‌وه.
زۆر ره‌وایه پرسیارێک له‌و به‌ڕێزانه بکه‌ین: به‌پێی چ یاسا و شه‌ریعه‌ت و نه‌ریتێک ئه‌م مافه به‌خۆیان ده‌به‌خشن و له که‌س و لایه‌نی تری زه‌وت ده‌که‌ن؟
گۆڕان و پارتی و بنه‌ماڵه
بابه‌تێکی تری وروژێنراو له‌لایه‌ن دڵتهنگبوهکانهوه ته‌وه‌ری هه‌ستیاری پێگه‌ی بنه‌ماڵه‌یه له سیسته‌می سیاسی و ده‌سه‌ڵاتدا و هه‌ڵوێستی گۆڕان له‌و چه‌مکه.
ئه‌وان هه‌ڵسه‌نگاندنه‌کانیان به‌جۆرێک نمایش ده‌که‌ن که چونی رێکخه‌ری گشتی بۆ لای سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و کاندیدی پارتی بۆ پێکهێنانی کابینه‌ی هه‌شت، دانپێنانه به حوکمی بنه‌ماڵه و شه‌رعیه‌ت دانه به سه‌رۆکی هه‌رێم.
لێره‌دا پێویست به‌وه‌نده قسه ناکات، چونکه به‌شێک له خاوه‌نه‌کانی ئه‌م قسانه چه‌ند ساڵێکه شه‌و و رۆژ سه‌رقاڵن چۆن ئه‌و دو به‌ڕێزه‌ی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی رازی بکه‌ن و دڵیان رابگرن. به‌شێکی تر لێیان کاتێک له‌گه‌ڵ پارتیدا هاوپه‌یمان و حوکمڕانن له‌و باوه‌ڕه‌دان "به‌ڕێگه‌ی رێکه‌وتن و هاوپه‌یمانی و قوڵکردنه‌وه‌ی دیموکراسی و پێداگری له مافه‌کانی مرۆڤ و ئازادی و ئازادی بیروڕا" ده‌توانن پێگه و هێزی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی لاواز بکه‌ن، ئه‌وه‌ی به‌شه‌ڕ نه‌کرا به ئاشتی بیهێننه‌دی (له‌دوا هه‌ڵبژاردندا ته‌واوی پێچه‌وانه‌ی ئه‌م بۆچونه راست ده‌رچو). هاوکێشه‌یه‌کی ستراتیژی چاره‌نوسساز بۆ کورد (رێکه‌وتنی ستراتیژی و حوکمڕانی هه‌رێم و په‌یوه‌ندیه‌کان له‌گه‌ڵ به‌غدا) نیه‌تێکی له‌و جۆره له پشتیه‌وه خۆی مات دابێت ده‌بێت له‌دوا مه‌تافدا به‌چی بگات؟
چه‌ند بنه‌ماڵه‌یه‌ک له بزافی کوردایه‌تی له باشور رۆڵی زۆر گه‌وره و به‌رچاو و قوربان به‌خشیان هه‌بوه، بنه‌ماڵه‌ی بارزانی یه‌کێکه له‌و بنه‌ماڵانە، به‌تایبه‌ت له شۆڕشی ئه‌یلوله‌وه، کاریگه‌ریه‌کی بێئه‌ندازه‌یان له‌سه‌ر بزافی کوردایه‌تی هه‌بوه و هه‌زاران قوربانیان داوه و دوچاری ماڵویڕانی و سه‌رگه‌ردانی بون. به‌درێژایی ئه‌و مێژوه‌ی خه‌بات هه‌ڵه و که‌موکورتیشیان هه‌بوه، پێویسته لایه‌نی گه‌شه‌داری خه‌باتیان به‌رز و به‌نرخه‌وه هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ بکرێت و لایه‌نه‌که‌ی تریش له یاد نه‌کرێت و هه‌ڵسه‌نگاندنی دروستی بۆ بکرێت.
له سه‌ره‌تای دروستبونی گۆڕانه‌وه هه‌وڵێکی بێئه‌ندازه دراوه، به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن خودی کاک نه‌وشیروانه‌وه، که رابوردوی په‌یوه‌ندیه‌کانی خۆی و چه‌ن به‌ڕێزێکی تر له به‌رپرسانی گۆڕان له‌گه‌ڵ پارتی و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی ره‌نگدانه‌وه‌یان له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌کانی گۆڕان له‌گه‌ڵ پارتیدا نه‌بێت، چونکه گۆڕان درێژکه‌ره‌وه‌ی ئه‌و مێژوه نیه و جێگره‌وه‌شی نیه. مه‌خابن که‌سانێک له‌ناو پارتی به چاویلکه‌ی مێژو سه‌یری گۆڕانیان ده‌کرد و وا تێگه‌یشتبون که گۆڕان بۆ دژایه‌تی و له‌ناوبردنی ئه‌وان هاتۆته ئاراوه. به‌رۆیشتنی کات و سه‌بر و دانبه‌خۆداگرتنی گۆڕان لوتکه‌ی ده‌سه‌ڵاتی پارتی و به‌شێکی زۆری کادره‌کانی تێگه‌یشتن که په‌یامی گۆڕان زۆر دوره له‌وه‌ی بیریان لێکردۆته‌وه. هه‌ڵوێستی گۆڕان به‌رامبه‌ر به‌پارتی له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی کردبو که هێزێکی سه‌ره‌کی حوکمڕانیه له هه‌رێم و گۆڕان کاری کردوه بۆ گۆڕانکاری بنه‌ڕه‌تی له‌و شێوازه‌ی حوکمڕانیدا، هه‌ڵوێستی گۆڕان دژ به‌پارتی نه‌بوه وه‌ک حیزبێکی ره‌سه‌نی کوردایه‌تی و باوه‌ڕیشی وایه ئه‌و حیزبه سه‌رپشکه کێ ده‌کات به سه‌رکرده و چۆن دیاری ده‌کات. گۆڕان رۆڵ و کاریگه‌ری هیچ بنه‌ماڵه‌یه‌کی ره‌ت نه‌کردۆته‌وه، به‌ڵکو کۆک نیه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی حوکمی بنه‌ماڵه بکرێته نه‌ریتێکی سیاسی و حوکمڕانی.
وه‌ک چۆن گۆڕان به‌رامبه‌ر به یه‌کێتی وه‌ک هێزێکی ده‌سه‌ڵات ململانێ و رکابه‌ری کردوه (ئه‌مه له‌کاتێکدا زۆربه‌ی به‌رپرسانی گۆران له‌گه‌ڵ هه‌مو سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی له به‌ڕێز مام جەلال تا کادره‌کانی خواره‌وه بۆ زیاتر له 30 ساڵ هاوڕێی ناو یه‌ک حیزب بون و هاوسه‌نگه‌ر بون) به‌هه‌مان ناوه‌رۆکیش له‌گه‌ڵ پارتیدا کردویه‌تی.
ئه‌نجامه‌کانی دوا هه‌ڵبژاردنه‌کان ئه‌گه‌ر شتێکیان سه‌لماندبێت ئه‌ویش پێگه‌ی به‌هێزی گۆڕانه که له به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆنبونیهوه به‌ده‌ستیهێناوه. په‌یامی سه‌ره‌کی تێیدا ئه‌وه‌یه که ته‌وه‌ره‌کانی ئۆپۆزسیۆن کردنی گۆڕان لای ده‌نگده‌رانی دروست و واقیعین و بۆیه دوای چوار ساڵ پاداشتی گۆڕانیان دایه‌وه. لێره‌وه زه‌روره‌تی به‌شداربونی گۆڕان له حکومه‌تی هه‌رێمدا سه‌ری هه‌ڵداوه و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش یه‌که‌م هه‌نگاو به‌ئاراسته‌ی گۆڕان و لایه‌نه‌کانی تریش له‌لایه‌ن به‌رێز نێچیرڤان بارزانی، کاندیدی پارتی بۆ پێکهێنانی حکومه‌ت، نرا.
بۆ پارتی و گۆڕان زۆر ئاسایی و پێویسته په‌یوه‌ندیه‌کانیان هێمن و ئارام بکه‌نه‌وه، چونکه چونه ناو یه‌ک حکومه‌ت به نه‌فه‌سێکی گرژاوی و نائارام مانای ئیفلیجبونی حکومه‌ته‌که‌یه پێشئه‌وه‌ی یه‌که‌م دانیشتنی سازبکات، ئه‌وه‌ی کراوه و ده‌شکرێت هه‌ر بۆ خزمه‌تی خه‌ڵکه به‌ڕێگه‌ی بنیاتنانی کابینه‌یه‌کی به‌هێز و ئارام له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رنامه‌ی هاوبه‌ش و کارکردن وه‌ک یه‌ک تیمی به‌رپرس و لێهاتو.
شاردراوه نیه که پانتایی جیاوازی نێوان گۆڕان و پارتی له‌ڕوی به‌رنامه‌ی حوکمڕانی و شێوازی داڕشتنی ده‌سه‌ڵاته‌کانی هه‌رێم به‌رفروان و قوڵن، ئه‌گه‌رچی له رابوردودا ئه‌م جیاوازیانه به‌شێوه‌یه‌ک له‌شێوه‌کان به حەماس و گرژیه‌وه نمایش کرابن و گهیشتبێتیشه ئاستی دابڕان و لێکترازان، له‌ئێستادا به‌ڕێگه‌ی دیالۆگ و دانوستان مامه‌ڵه‌ی هێمنانه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت، ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت که به یه‌ک سه‌ردان و نزیکبونه‌وه جیاوازیه‌کان سڕاونه‌ته‌وه و بونیان نه‌ماوه، به‌ڵکو ئێستا به‌شێوازێک مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌کرێت که هیچ لایه‌نێک ناسنامه‌ی خۆی تێیدا له‌ده‌ست نه‌دات و به به‌رژه‌وه‌ندی کوردیش بشکێته‌وه، له سیاسه‌تدا ئه‌مه کارێکی مه‌حاڵ نیه و هه‌زاران نمونه‌ی له‌وجۆره له‌دنیادا که‌له‌پوری سیاسی مرۆڤایه‌تیان پێکهێناوه. پێچه‌وانه‌ی ئه‌م شێوازه سه‌نگه‌ر گرتنه له یه‌کتر و دوربه‌دور وه‌ک له مێژ باوبوه په‌یامه‌کانیان به‌تیشکی پارچه ئاوێنه‌یه‌کی شکاو به‌یه‌ک بگه‌یه‌نن.
گۆڕان و تاریکی و ژوره داخراوه‌کان
گۆڕان بهمانداتی جڤاتی نیشتمانی بزوتنه‌وه‌که که‌وتۆته لێدوان و دانوستان بۆ به‌شداری له کابینه‌ی هه‌شتدا بۆ هه‌مان مه‌به‌ستیش رێکخه‌ری گشتی له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی پارتی و کاندیدی پارتی بۆ پیکهێنانی کابینه کۆبۆته‌وه، هه‌مو ئه‌مانه پێشتر له راگه‌یاندنه‌کانی گۆڕاندا بڵاوکراونه‌ته‌وه. داخراوه‌یی کۆبونه‌وه‌که مافێکی ئاساییه کاتێک لایه‌نه‌کان ئه‌وه‌یان پێ دروستر بێت. له‌سه‌رجه‌م وڵاتانی دنیا، به‌وانه‌ی له لوتکه‌ی دیموکراسیشدان، ئه‌و جۆره شێوازه له کۆبونه‌وه ئاساییه. ئه‌وه‌ی نائاساییه که کۆبونه‌وه‌ی ژوره تاریکه‌کان بۆ مه‌رام و مه‌به‌ستی تایبه‌تی لایه‌نه‌کان به‌کاربهێنرێت و که‌س بابه‌ت و ناوه‌رۆکه‌که‌ی نه‌زانێت.
ده‌رئه‌نجامی سیاسی بۆ به‌شێک له‌و بۆچون و ناڕه‌زایه‌تیانه مه‌به‌ستێکی سیاسی شاردراوه‌ی مه‌قسودی تێدا به‌دی ده‌کرێت: گرژی و ئاڵۆزی نێوان گۆڕان و پارتی بمێننه‌وه و به‌ته‌نیشت ئه‌و دۆخه‌شه‌وه که‌سان و لایه‌نی تر لرفی خۆیان لێبده‌ن.
|
|