ده‌وڵه‌تی کوردی نێوان ده‌ڵه‌مه‌یی و ئه‌گه‌رێکی به‌هێزدا
|
چیا عه‌باس
پرسیارێک
له گه‌ڵ بیرکردنه‌وه له نوسینی ئه‌م وتاره به ئیمهیل پرسیارێکم سه‌باره‌ت به ئه‌گه‌ری دروستبونی ده‌وڵه‌تی کوردستان ئاراسته‌ی Marjolein ’t Hart پرۆفیسۆر له مێژوی دروستبونی ده‌وڵه‌ت له زانکۆی ئه‌مستردام کرد، به‌ڕێزیشی ئه‌م وه‌ڵامه‌ی دایه‌وه:
بۆچونم له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته به‌م شێوه‌یه‌یه:
کێشه‌ی کورد له عێراق ئه‌و دیموکراسیه سنورداره‌ی رژێمی ئێستای عێراقه، کاتێک ده‌رگای ده‌وڵه‌تی عێراق به‌روی ئه‌م پێكهاته بنه‌ڕه‌تیه وه‌ک پێویست واڵا نه‌کرێت ئه‌وا کێشه دروست ده‌بێت و کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆ ئهڵتهرنهتیڤه، لێره‌دا بۆ من گرنگه:
پێگه‌ی دیموکراسی له ده‌وڵه‌تی نوێ‌دا چۆن ده‌بێت؟ ئه‌گه‌ر چه‌ند گروپێکی سیاسی / بنه‌ماڵه کۆنترۆڵی کرۆکی ده‌سه‌ڵات بکه‌ن و له گه‌ڵ ئاین و گروپه‌کانی تر و که‌مایه‌تیه‌کان کار نه‌که‌ن، که بێگومان وجودیان له ده‌وڵه‌تی کوردستاندا ده‌بێت، ئه‌وا به هه‌ڵسه‌نگاندنی من هیچ پێشه‌وه‌چونێک به‌ده‌ست ناهێنن. (کۆتایی وه‌ڵامه‌که).
دروستکردنی ده‌وڵه‌ت پرۆسه‌یه‌که که ده‌سه‌ڵات له سه‌نته‌رێکی سیاسیه‌وه ناوچه‌یه‌ک و دانیشتوانانی ئه‌و ناوچه به‌ڕێوه‌ده‌بات. له مه‌رجه گرنگه‌کان بۆ دروستبونی ده‌وڵه‌ت به‌رجه‌سته‌بونی ئاستێکی به‌رزی ئاراسته جیاکانه (پرۆسه‌یه‌ک که سیسته‌مێکی هۆمۆجینی کۆمه‌ڵایه‌تی دابه‌ش ده‌کرێت به‌سه‌ر چه‌ند سیسته‌مێکی بچوکدا که هه‌ر یه‌ک لێیان ئه‌رک و کار و خه‌سڵه‌ت و پێکهاته‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌یه) له گه‌ڵ میکانیزمی مۆنۆپۆلیکردن (به‌رێگه‌ی ئه‌م میکانیزمه‌وه ده‌سه‌ڵاته به‌هێزه‌کان بتوانن ده‌سه‌ڵاته لاوازه‌کان به هێزێکی ناوه‌نده‌وه ببه‌ستنه‌وه و لێره‌وه‌ش به‌رێوه‌ببرێن و چاودێری بکرێن).
له‌م دۆخه ههڵچوهی هه‌نوکه‌ی باشور زمانی فه‌رمی و نافه‌رمی بانگه‌شه بۆ راپرسی و ئاماده‌سازی بۆ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان ده‌کات. ئاکامه‌که‌ی ئیفۆریا و چاوه‌ڕوانیه‌کی ته‌نراو به‌ترس و دڵه‌راوکێ و ئاینده‌یه‌کی نادیار هه‌ست و مێشکی هه‌مومانی وروژاندوه.
ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی کورد له‌سه‌ر ته‌واوی خاكی کوردستانی گه‌وره ئامانجه مهزنهکهمانه، مێژ و قه‌ده‌ر وایان کردوه پان کوردستانزم و شمولیه‌ت له هزری نه‌ته‌وه‌ییدا بهلاوهدا بنێین و هه‌ر به‌شێک له کوردستان سه‌رقاڵی کار و ئایندهی خۆیه‌تی. مێژوی خه‌بات و شۆرشه‌کانی کورد چه‌ند ئه‌زمونێکی ده‌وڵه‌تی کوردی بۆ ماوه‌یه‌کی کورت بینیوه، کۆماری مه‌هاباد و حکومه‌تی شێخ محمودی نه‌مر، به‌ڵام ئه‌و سه‌رکه‌وتنانه زۆر زو له‌لایه‌ن هێزه ده‌ره‌کی و وڵاتانی داگیرکه‌ره‌وه زینده به‌چاڵ کراون.
پرسی ده‌وڵه‌ت و په‌یامی حیزبی
له‌م دۆخه‌دا و تا ئه‌م ساته‌ش په‌یامی حیزبی له وروژاندنی پرسی ده‌وڵه‌تی کوردی زۆر زاڵتره به‌سه‌ر کرۆکی نه‌ته‌وه‌یی پرسه‌که‌دا، پارتی به‌گه‌رمی بانگه‌شه و کاری بۆ ده‌کات، یه‌کێتیش بهتهحهفوزهوه چاوه‌ڕوانه و هه‌نگاو به‌ئاراسته‌ی جیاواز له پارتی ده‌نێت، کاتێک مه‌کته‌ب سیاسی یه‌کێتی ده‌ڵێت ماده‌ی 140 جێبه‌جی نه‌کراوه و ماده‌یه‌کی ده‌ستوریه و بۆ به‌غداد تا به‌هاری ئاینده واده‌ی جێبه‌جێکردنی دیاری ده‌کات، کاتێک ده‌ڵێت به‌ره‌ی شیعه سه‌رپشکه کێ بۆ سه‌رۆک وه‌زیران کاندید ده‌کات، کاتێک ده‌ڵێت راپرسی له گه‌ڵ به‌غداد ئه‌نجام بدرێت، ئیتر هه‌مو تێده‌گه‌ین ئاراسته‌ی سیاسی یه‌کێتی زۆر جیاوازتره له‌وه‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم و پارتی. هه‌ر هۆکار و بیانو و پاساو له پشت ئه‌م هه‌ڵوێست و کاره جیاوازانه‌دا هه‌بن هاوکات بونه‌ته زه‌مینه‌ی سه‌ره‌کی قوڵبونه‌وه‌ی شه‌قێکی گه‌وره له پرسێکی وا هه‌ستیاردا، لایه‌نه‌کانی تریش چاوه‌روانی بێده‌نگن.
بێگومان وه‌ک واقیعێکی به‌رچاو ئه‌م دابه‌شبونه سیاسیه به‌شێکه له میحوهرگهری نێوان تورکیا (به‌ره‌ی سوننه) و ئێران (به‌ره‌ی شیعه) که له عێراق و کوردستان زۆر خهستبۆتهوه.
هه‌رچی سیاسه‌تی یه‌کێتیه زۆر نزیکه له سیاسه‌تی ئێران و هاوپه‌یمانه شیعه‌کانی له عێراق، ئاشکرایه یه‌کێتی نه ئه‌قڵیه‌ت و نه هێز و نه نیه‌تی هه‌یه له ئێستادا گرێ تونده‌کانی له گه‌ڵ ئێران بچێک خاویان کاته‌وه، سه‌باره‌ت به پارتیش وێرای په‌یوه‌ندی توند و تۆڵی له گه‌ڵ تورکیا، له‌م پرسه‌دا راشکاوانه پێچه‌وانه‌ی هه‌ڵوێستی فه‌رمی تورکیا هه‌ڵوێستی به‌یان کردوه.
هه‌ر چۆنێک بێت دۆخه‌که ناچارمان ده‌کات گه‌لێک پرسیار بکه‌ین، له‌وانه، ئایا لاوازبونی یه‌ک ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری کوردستان به‌هۆی شهر و مه‌رافه‌ی مه‌زهه‌بیه‌وه زه‌مینه‌خۆشکه‌ره بۆ سه‌ربه‌خۆییمان بێئه‌وه‌ی ته‌ره‌فێکی ئه‌و هه‌رایه بین، پرسیار ده‌که‌ین هاتنی داعش، منداڵه لاسار و و زۆڵ و دڕنده‌که‌ی شۆڤینزمی عه‌ره‌بی و تایفی، گیرسانه‌وه‌ی له‌سه‌ر سنوره‌کانمان و به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاڵای ره‌شی کوشتن و جه‌هاله‌ت و ته‌ماعی له خاک و سه‌روه‌تی خاکی کوردستان، که له ئێستادا خۆی له شه‌ڕی کورد لاده‌دا چونکه ده‌ره‌قه‌تی ئه‌و هه‌مو شه‌ره نایه‌ت، سبه‌ینێ بواری بۆ بره‌خسێت چی ده‌کات ؟... چه‌ندین پرسیاری ره‌وای تر.
حیزبه‌کان رێکن به‌رگری له ناوچه دابرێنراوه‌کان بکرێت که هێزه‌کانی پێشمه‌رگه کۆنترۆڵیان کردون، جیاوازیه‌که له نێوان دو هێزی خاوه‌ن پێشمه‌رگه و چه‌کدایه، پارتی ده‌ڵێت ته‌ره‌فێک نیه له شه‌ری تایفه‌گه‌ری و ته‌نها ده‌بێت به‌رگری له‌و سنورانه بکرێت، هه‌رچی یه‌کێتیشه داعش به‌مه‌ترسیه‌کی گه‌وره ده‌بینێت و پێره‌وی پره‌نسیپی "په‌لاماردان باشترین شێوازی به‌رگریکردنه" ده‌کات.
له مێژودا زۆر نه‌ته‌وه له ئاکامی جه‌نگ و شه‌ڕدا سه‌ربه‌خۆییان به‌ده‌ستهێناوه، وڵاتانی دوای یه‌که‌م شه‌ری جیهان، راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی به‌نگلادیش (خۆرهه‌ڵاتی پاکستانی جاران) له ساڵی 1971 دوای شه‌رێکی خه‌ستی خاوه‌ن یه‌ک ملیۆن قوربانی، سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه جیاکانی یۆگۆسلاڤیای جاران دوای شه‌ره ناوخۆییه‌کانی ئه‌و وڵاته و ده‌وڵه‌تی فه‌ڵه‌ستین و باشوری سودان.
ئه‌م نمونانه و چه‌ندینی تر ده‌یسه‌لمێنن بێ ره‌زامه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی و زلهێزه‌کانی ناوچه‌کان ئه‌و وڵاته نوێیانه له دایک نه‌ده‌بون، هاوکاتیش ده‌یسه‌لمێنن به‌رده‌وام ئه‌و میلله‌تانه خۆیان ده‌ستپێشخه‌ریان بۆ کردوه و که‌ش و هه‌وای سه‌پاندنی ئیراده‌ی سه‌ربه‌خۆییان به‌سه‌ر دنیادا خهڵقاندوه.
له‌م دۆخه‌دا سه‌رجه‌م هه‌ڵوێستی فه‌رمی وڵاتانی ناوچه‌که دژ به سه‌ربه‌خۆیی کوردستانن، خۆرئاواش وه‌ک ئه‌مریکا و به‌ریتانیا ناراسته‌وخۆ فکره‌که ره‌تده‌که‌نه‌وه کاتێک جه‌خت له یه‌کپارچه‌یی عێراق و حکومه‌تی شه‌راکه‌تی نیشتمانی ده‌که‌نه‌وه.
ئه‌زمونی حوکمڕانی و پرسی ده‌وڵه‌ت
بهئاوڕدانهوهیهک له ئه‌زمونی حوکمرانی خۆماڵی، تایبه‌ت دوای روخاندنی سه‌دامه‌وه، که له پراکتیکدا وه‌ک ده‌وڵه‌تێکی نیمچه سه‌ربه‌خۆ کاری کردوه، ده‌شێت بوترێت دو هێزه‌که‌ی فه‌رمانڕه‌وا له‌و ماوه درێژه‌دا ئه‌هلی ئه‌وه نه‌بون دیموکراسی به‌رجه‌سته بکه‌ن و پێره‌وی بکه‌ن، تا پێیان کرابێت هێزه‌کانی تر، تایبه‌ت گۆڕان، یان چه‌وساندۆته‌وه و سته‌م و غه‌دری زۆریان کردوه، پێشێلکاریه‌کانی مافه‌کانی مرۆڤ و ئازادی و رۆژنامه‌گه‌ری ئازاد به‌شێکی تۆماری حوکمڕانیانی ره‌ش رهنگکێش کردوه، ئه‌زمونی ده‌سه‌ڵاتیان له که‌رکوک له گه‌ڵ که‌مایه‌تیه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان ده‌یسه‌لمێنێت به قسه پێشه‌نگی دۆستایه‌تی و مرۆڤایه‌تی بون و به‌کرداریش له هه‌وڵی به‌رده‌وامی پهراوێزکردنیاندا بون. ته‌نانه‌ت وای لێهاتوه له شوێنێکی هه‌ستیاری وه‌ک که‌رکوک ئه‌و دو هێزه شیر و تیر له‌یه‌کتر بسون.
ئه‌گه‌ر باسیش له سیسته‌می سه‌نته‌ری ده‌سه‌ڵات و سیسته‌مه لۆکاڵیه‌کان بکه‌ین که‌سمان نامۆ نیه به دو ئیداره‌یی، دو بودجه، دو ناوچه‌ی نفوزی جیاواز، دو ده‌سه‌ڵاتی پێشمه‌رگه و ئاسایش و هه‌واڵگری و پۆلیس، دو ئه‌زمونی به‌حیزبکردنی داموده‌زگاکانی حکومه‌ت له هه‌مو کون و قوژبنێکی باشوردا. که‌سمان نامۆ نیه به بێده‌سه‌ڵاتی هه‌ر لایه‌ک (به سه‌رۆکی هه‌رێمیشه‌وه) له ناوچه‌ی نفوزی لایه‌نه‌که‌ی تر، که‌سمان نامۆ نیه به‌حیزبکردنی راگه‌یاندن و شکستی گه‌وره‌یان له دروستکردنی راگه‌یاندنێکی نیشتمانی بێلایه‌ن، سیسته‌ماکانی دارایی و داد و خوێندن و بازرگان‌یش تا بیناقاقایان به گه‌رای حیزبی ته‌نراون.
شێوازی مامه‌ڵه‌کردنی ئه‌و دو لایه‌نه له گه‌ڵ به‌غداد و رهفتارکردنیان له به‌غداد ئه‌وه‌نده جیاوازیان له گه‌ڵ کوردستان نه‌بوه و... تاد.
ئێستاش که کابینه‌ی هه‌شته‌م ده‌ستی به‌کار کردوه ئاماژه‌کانی گۆڕانکاری شێوازی حوکمڕانی به‌دیده‌کرێن، گرنگه هه‌مو لایه‌نه به‌شداره‌کان به‌نه‌فه‌سی گۆرانکاری کاربکه‌ن و له نه‌ریت و که‌له‌پوری به‌حیزبکردنی جومگه‌کانی حوکمرانی خۆیان دور رابگرن.
ئێستا سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم ده‌یه‌وێت راپرسی بۆ ناوچه دابڕێنراوه‌کانی کوردستان و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان بکرێت، کارێکی پیرۆز و ئه‌نجامه‌که‌شی ئاشکرایه و ده‌سکه‌وتی گه‌وره تێیدا ده‌بێته به‌ڵگه‌یه‌ک به‌کار بهێنرێت بۆ لایه‌نه یاساییه‌کانی پرسی دروستکردنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ.
له وتاره‌که‌ی به‌رێز مسعود بارزانی له په‌رله‌مانی کوردستان له 3 ته‌موز تێیدا جه‌ختی له‌سه‌ر کوردستانیبونی که‌رکوک و ناوچه دابڕێنراوه‌کانی تر کردۆته‌وه و راشیگه‌یاندوه کورد له‌و ناوچانه ناکشێته‌وه، پێشوه‌خت به‌رێزی ئاگاداری لایه‌نه‌کانی تری کردوه و راوێژیشی پێکردون، ئاماژه‌یه‌ک بۆ خه‌مخۆری به‌ده‌ستهێنانی کۆده‌نگی کورد له‌مه‌ر پرسێکی وا پیرۆز و مه‌زندا.
گه‌شبینی بۆ ئاینده
وێرای ئه‌م دۆخ و هه‌ڵومه‌رجه ناله‌بارانه بۆ دروستکردنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی نه‌ته‌وه‌یی وه‌ڵی هه‌ڵوێست و نیه‌ت و هه‌نگاوه‌کانی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم بۆ پرسی سه‌ربه‌خۆیی زۆر ره‌وا و دروستن.
به‌لایه‌نی که‌مه‌وه وروژاندنی پرسه‌که‌ی خستۆته به‌ر باسکردنێکی به‌رفراوانی جدی له دنیادا، دیواری شه‌رم و کروزانه‌وه‌ی ده‌یان ساڵی سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد له‌مه‌ر پرسه‌که داڕماند، عه‌ره‌ب و تورک و فارس و دنیاشی به‌خه‌به‌ر هێنایه‌وه که نه‌ته‌وه‌ی کورد زیندوه و ده‌ست له‌و مافه ره‌وایه‌ی خۆی هه‌ڵناگرێت، گه‌ر ئه‌مجاره بۆی نه‌چێته سه‌ر ئه‌وا له ئاینده‌یه‌کی نزیکدا ده‌بێته ئه‌مری واقیع. بۆ ناوخۆی کوردستانیش کارته سیاسیه‌کان سه‌ر له‌نوێ داده‌رێژێته‌وه، ده‌مامکه‌کان راده‌ماڵێت و روخسار و نیه‌ته راسته‌قینه‌کان به‌رچاو ده‌که‌ون.
له‌سه‌روی هه‌مو ئه‌م کاریگه‌ریانه‌وه پێده‌چێت به‌شێکی گرنگی ئه‌قڵیه‌تی سیاسی کورد ماڵئاوایی له چه‌مکه واقیعبینه کلاسیکیه‌ی کردوه و هه‌نگاو به‌ره‌و خهڵقاندنی ئه‌گه‌ری نوێ بۆ کورد ده‌نێت و کۆتایی بهسوراندنهوهی ئه‌زه‌لی له بازنه ره‌ش و داخراوه‌کانی که‌لاوه‌ی عیراق و پاشکۆیه‌تی بۆ وڵاتانی دراوسێ ده‌هێنێت.
راسته جیۆپۆلیتیکی باشوری کوردستان ناچاری ده‌کات مامه‌ڵه له گه‌ڵ ده‌رودراوسێکانی بکات، ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌و مامه‌ڵه‌کردنه له‌سه‌ر بنه‌ماکانی یه‌کسانی و به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش و دابینکردنی ئاشتی و ئارامی ناوچه‌که بێت، بۆ کورد له باشور ناشێت پرسی نه‌ته‌وه‌یی له به‌شه‌کانی تری کوردستان بکاته قوربانی ئه‌م مامه‌ڵه‌کردنه.
له دۆخی ئێستای ناوچه‌که و دنیا تورکیا بۆته ده‌روازه‌یه‌کی زۆر گه‌وره بۆ باشور بۆ به‌ستنه‌وه‌ی به‌دنیای کراوه و گه‌شه‌دار و پێشکه‌وتو، بێگومان کیان یا ده‌وڵه‌تی کوردی له باشور ده‌توانێت مامه‌ڵه‌ی دروست له گه‌ڵ ئه‌و واقیعه‌دا بکات و خۆی له کێشه له گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌که دور رابگرێت کاتێک ئه‌وان شه‌ڕی پێ نه‌فرۆشن و یه‌خه‌ی نه‌گرن. ئه‌م شه‌رفرۆشتن و یهخهگرتنه ئه‌گه‌رێکی زۆر به‌هێزه، بۆیه کیانێکی کوردی له باشور له ئاینده‌دا ده‌بێت بیر له رێگه‌چاره‌ی تر بکات بۆ پاراستنی خۆی له گه‌رده‌لولی لاسه‌نگی هێزیدا له گه‌ڵ هێزه‌کانی تری ناوچه‌که.
|
|