ناڕه‌زایه‌تی له گۆڕان... بۆچی؟
|
چیا عه‌باس
گۆڕان و ئه‌م سه‌رده‌مه
له‌م سه‌رده‌مه‌دا دنیا و کوردایه‌تی و دۆخی کورد زۆر گۆڕاون، دۆخێک خهڵقاوه چه‌ندین جۆری شۆڕشگێڕ و هزری کوردایه‌تی و حوکمڕانی و گه‌نده‌ڵی و ریفۆرم و گۆڕانکاری له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی باشور چالاک و به‌کارن. یه‌کێک له خه‌سڵه‌ته زه‌قه‌کانی دۆخه‌که کاڵبونه‌وه‌ی سنوره‌کانی نێوان شێخ و موریده‌کانی ئه‌و چه‌مکانه‌یه، دیارده‌یه‌کی زۆر مه‌ترسیدار کاتێک کۆمه‌ڵگایه‌ک نه‌توانێت جیاوازی نێوان باش و خراپ و نێوان ره‌ش و سپی ببینێت، وه‌ک نمونه به‌رپرس هه‌یه تا بیناقاقای له جه‌رده‌یی و گه‌نده‌ڵیه‌وه تێوه‌گلاوه، که‌چی به لێدوان و نوسین بۆته سه‌رقافڵه‌چی ریفۆرمخوازان و ده‌سته‌یه‌کی "رۆشنبیری" کۆیله ده‌هۆڵ و زوڕنایان بۆ لێده‌ده‌ن.
له سه‌رده‌می ئۆپۆزسیۆنی گۆڕان ده‌نگی ناڕه‌زا و "شۆڕشگێڕه‌کان" و ریفۆرمخوازان ئاراسته‌ی کاریان دیار و رۆشن بو و ئامانجه‌کانیشیان له‌ناو کارنامه‌ی بزوتنه‌وه‌که ره‌نگیان دابوه‌وه. نزیکه‌ی چوار ساڵ زۆربه‌ی چه‌مکه جیاکانی چه‌پ و نیشتمانپه‌روه‌ری و ریفۆرم و سۆشیالیزم و کۆنسێرڤه‌تیزم و لیبرالیزم و ئاینی، وێڕای جیاوازی نێوان ئه‌رز و ئاسمانی نێوان به‌شێک لێیان، به‌یه‌که‌وه کاریان بۆ یه‌ک ئامانج ده‌کرد: چه‌سپاندنی پێگه‌ی سیاسی بزوتنه‌وه‌که له بزافی کوردایه‌تیدا تا له‌و رێگه‌یه‌وه کار بۆ گۆڕانکاری و چاکسازی بکرێت.
سه‌رکه‌وتنه مه‌زنه‌که‌ی گۆڕان له 25/7/2009 و به‌ده‌ستهێنانی 25% کورسیه‌کانی په‌رله‌مانی کوردستان نه‌بوه زامن بۆ چه‌سپاندنی ئه‌و پێگه‌یه‌ی لای گۆڕان مه‌به‌ست بو. ده‌سه‌ڵات له گه‌ڵ دۆسته‌کانیان له عێراق و ناوچه‌که که‌وتنه دژایه‌تیکردنی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی خه‌ست و توندی بزوتنه‌وه‌که، خوا چی پێ خراپه ده‌سه‌ڵات درێغی نه‌کرد له ئه‌نجامدانی به‌رامبه‌ر به گۆڕان، گۆڕان و به‌رپرسانی له دۆخێک‌دا بون مرۆڤ بۆ دوژمنه‌که‌شی خوازیاری نابێت.
زۆربه‌ی زۆری گۆڕانخوازان و به‌رپرسانی گۆڕان زۆر دلێرانه و به‌ئه‌مه‌ک به‌رپرسیاریه‌تی ئه‌و دۆخه‌یان له ئه‌ستۆ گرت و کۆڵ‌یان نه‌دا و له گه‌ڵ گۆڕاندا توشی دڵه‌راوکێ نه‌بون.
به‌لای منه‌وه کارێکی ئاساییه له بزوتنه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ری گه‌وره‌دا که‌سانێکی لاوازی تێدا بێت و به‌رگه‌ی هه‌مو شه‌پۆله‌کان نه‌گرن.
گۆڕان له هه‌مو لایه‌که‌وه گهمارۆدرابو، فشارێکی زۆری سیاسی و ئابوری و سه‌ربازی و ئه‌منی و ده‌ره‌کی له‌سه‌ر بو، بواری جموجۆڵی سیاسی له سێ ئاراسته‌ی سه‌ره‌کیدا گیرسابونه‌وه:
یه‌که‌م: په‌رله‌مان و شه‌قام
هه‌مو کوردستان و ته‌نانه‌ت چاو‌دێر و خه‌مخۆره بیانیه‌کانیش ده‌یانزانی کاریگه‌ری فراکسیۆنی گۆڕان و دواتر یه‌کگرتو و کۆمه‌ڵیش له‌ناو په‌رله‌مان زۆر سنوردار بو، ته‌نانه‌ت کرانه‌وه‌ی سنورداری ده‌سه‌ڵات له په‌رله‌مان بۆ سپیکردنه‌وه‌ی روخساره ره‌شه‌که‌ی بو بۆ دنیای ده‌ره‌وه.
گرێدانی ئۆپۆزسیۆنی په‌رله‌مانی به ئۆپۆزسیۆنی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان (لێره‌دا زۆربه‌ی ناڕه‌زایی شه‌قام و رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و رۆژنامه‌گه‌ری ئازاد دهگڕیتهوە) یه‌کێک له کاره‌کانی گۆڕان بو که‌کاری له‌سه‌ر ده‌کرد. ئه‌زمونی 17 شوبات و روداوه‌کانی دواتر سه‌لماندیان که دڕنده‌یی ده‌سه‌ڵات بۆ پاراستنی خۆی بێ سنوره، بۆیه چاوه‌ڕوان ده‌کرا دوباره‌کردنه‌وه و به‌رفراوانکردنی ئه‌و ئه‌زمونه خوێنڕشتنێکی زۆری لێبکه‌وێته‌وه، هاوکاتیش دۆخی به‌شێک له شوێنه گرنگه‌کانی باشوری کوردستان، وه‌ک هه‌ولێری پایته‌خت، بۆ هه‌ڵمه‌تێکی ناڕه‌زایی گه‌وره له‌بار نه‌بو. چه‌ند ده‌نگێک له‌ناو گۆڕاندا، بۆ خۆم یه‌کێک بوم له‌و ده‌نگانه، له‌و باوه‌ڕه‌دا بون له‌هه‌ر شوێنێک بتوانرێت شکست به‌ده‌سه‌ڵات بهێنرێت بکرێت و چاوه‌ڕوانی پێگه‌یینی دۆخی هیچ شوێنێکی تر نه‌کرێت (به‌واتایه‌کی تر چه‌مکی شمولیه‌ت نه‌بێته سوننه‌ت بۆ پرۆسه‌ی گۆڕانکاری)، ته‌نانه‌ت کاریش بکرێت بۆ ئه‌گه‌ری به‌هه‌رێمکردنی پارێزگای سلێمانی و ئیداره‌ی گه‌رمیان. به‌رپرسانی گۆڕان و له‌سه‌رویانه‌وه کاک نه‌وشیروان له‌و باوه‌ڕه‌دا بون ده‌بێت گۆڕان به‌رده‌وام خۆی له لێکترازان و دابه‌شبونی نه‌ته‌وه‌یی دور رابگرێت و به‌ره‌نگاریشی بێته‌وه و کار بۆ یه‌کڕیزی و لێکتێگه‌یشتن بکرێت.
راسته گۆڕان چه‌مکی واقیعبینانه‌ی سه‌رده‌مانه‌ی له‌و بواره‌دا پێڕهوکردوه، به‌واتایه‌کی تر وێڕای ئه‌وه‌ی گۆڕان پاره‌ی نه‌بو، هێزی چه‌کداری نه‌بو، ده‌سه‌ڵات هه‌مو جومگه‌کانی به‌ده‌سته‌وه بوه، دۆخی ناو عێراق و ناوچه‌که هانده‌ر نه‌بون، به‌ڵام گۆڕان ده‌سته‌و وه‌سان دانه‌نیشت و کاری بۆ خهڵقاندنی ئه‌گه‌ره نوێکان ده‌کرد. وێڕای ئه‌و دۆخه سه‌خت و ناله‌باره گۆڕان توانی زۆر شتی به‌هادار بێنێته ناو کایه‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی کورده‌واریه‌وه.
دوه‌م: به‌رده‌وامی له ئۆپۆزسیۆنبون
گه‌وره‌ترین ئاراسته‌ی کارکردنی گۆڕان مانه‌وه‌ی بو وه‌ک هێزێکی سه‌ره‌کی ئۆپۆزسیۆن، هاوکاتیش گرێدانه‌وه‌ی به‌شێکی ئه‌م کاره له گه‌ڵ یه‌کگرتو و کۆمه‌ڵی ئیسلامی‌دا وه‌ک له پاکێجه هاوبه‌شیه‌کاندا ره‌نگی دایه‌وه و کاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌رفراوانکردن و یه‌کڕیزی ئۆپۆزسیۆن هه‌بو. لێره‌شدا ناڕه‌زاکان و بۆقی چه‌واشه‌کاری ناحه‌زان له‌سه‌ر ته‌وه‌ری ئه‌و کاره هاوبه‌شه‌ی نێوان گۆڕان و دو هێزه ئیسلامیه‌که هه‌ڵمه‌تێکی چه‌واشه‌کاری توندیان به‌ڕێوه‌برد، وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌و دو هێزه کورد نه‌بن و له قه‌ناعه‌ت و بیروباوه‌ڕی تایبه‌تی خۆیانه‌وه خوازیاری دادپه‌روه‌ری و راستگۆیی و ده‌ستپاکی و چاکسازی نه‌بن، ئه‌زمونه‌کانی لای خۆمان ده‌یسه‌لمێنن که زۆربه‌ی زۆری ئه‌ندام و هه‌وادارانی ئه‌و دو هێزه زۆر ده‌ستپاک و به‌ئه‌مه‌ک و راستگۆن، به‌لایه‌نی که‌مه‌وه له گه‌ڵ خوا و دوه‌روبه‌ری خۆیان. گهرکردن به گۆڕان له‌م بواره‌دا گهرکردنێکی سیاسی بو و بۆ مه‌به‌ستی سیاسی و هه‌ڵبژاردنی هه‌رزان به‌ها به‌کارده‌هێنرا.
سێیه‌م: کارکردنی سیاسی و رێکخراوه‌یی
له‌م بواره‌دا گۆڕان کاری زۆری کردوه بۆ پته‌وکردنی په‌یوه‌ندیه‌کانی له گه‌ڵ هێزه کوردستانیه‌کان و باڵیۆز و هه‌یئه دبلۆماسیه‌کانی دنیا له هه‌رێم و له ده‌ره‌وه‌ی عێراقیش و پێشکه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه. هاوکاتیش گرنگی زۆری به رێكخستنه‌وه‌ی ناوماڵی خۆی داوه. ئه‌م خاڵه هه‌ڵوه‌سته‌یه‌کی جدی پێویسته تا به‌رچاوی هەمو رون بێت. له‌م خاڵه‌دا ناشێت باز به‌سه‌ر چه‌ند روداو و راستیه‌کدا بنرێت:
3-1 یه‌کێتیه دێرینه‌کان: به‌شێکی به‌رچاوی هه‌ڵسوڕاو و کادیر و به‌رپرسانی گۆڕان له حیزبه‌کانی تره‌وه هاتون و له‌مه‌دا یه‌کێتی پشکی شێری به‌رکه‌وت، ئه‌م گروپانه کاتێک هاتنه ناو گۆڕانه‌وه خاوه‌نی ئه‌زمونێکی درێژ و ده‌وڵه‌مه‌ندی سیاسی و رێکخراوه‌یی و پێشمه‌رگایه‌تی بون و کاریگه‌ری زۆریان له‌سه‌ر ده‌وروبه‌ری خۆیان هه‌بو، هه‌گبه‌که‌یان نه به‌تاڵ بو و نه وشک و ره‌ق و ته‌ق. له‌ناو یه‌کێتیدا بێجگه له ئه‌زمونێکی زۆر ده‌وڵه‌مه‌ندی پێشمه‌رگایه‌تی ئه‌زمونه‌کانی فره مینبه‌ری و بۆچونی جیاواز و لامه‌رکه‌زیه‌تی ئۆرگانه‌کان و دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵاته‌کانیان تێپه‌ڕاندبو، هاوکاتیش هه‌ر له‌ناو یه‌کێتیدا ته‌ماشاکه‌ر یاخود گه‌مه‌که‌ری چه‌ند دیارده‌یه‌کی نه‌رێنیش بون.
به‌هه‌ردو دیوه‌که‌دا سه‌رمایه‌کی گه‌وره بون بۆ گۆڕان، له قۆناغه سه‌ره‌تاییه‌کانی گۆڕاندا ئه‌م کادیر و هه‌ڵسوراوانه بیریان له داڕشتنی رێکخراوه‌یی گۆڕان کرده‌وه و له‌م بواره‌دا زۆر سودیان به گۆڕان گه‌یاند.
3- 2 گه‌نجه یاخیبوه‌کان: به‌ته‌نیشت ئه‌م گروپانه‌وه گه‌نجێکی زۆر رویان له گۆڕان کردبو، ئه‌مان کرۆکی هه‌ڵچون و ته‌حه‌داکردن و خه‌ونه نوێکانی گۆڕان بون، هاوکات خاوه‌نی ئه‌وه‌نده ئه‌زمونی سیاسی و رێکخراوه‌یی نه‌بون، به‌لایانه‌وه گۆڕان وێستگه‌یه‌کی شۆڕشێکی حه‌تمی فره ره‌نگ و فره ئامانج بو، بۆیه ته‌واوی وزه و په‌رۆشی و دڵسۆزیان بۆ گۆڕان ته‌رخان ده‌کرد. به‌کاریگه‌ری روداوه‌کانی چه‌ند وڵاتێکی عه‌ره‌بی و رۆڵی به‌رچاوی گه‌نج تێیاندا نه‌وه‌ی گه‌نجی گۆڕان په‌له‌ی بو و له تێرامانێکی رۆمانسیهوه و بێگوێدانی پێویست بههاوکێشه سیاسیه‌کانی گۆره‌پانی باشوری کوردستان تابلۆی یاخیبون و شۆڕ‌شیان داده‌ڕشت. دروست و راسته ئه‌م نه‌وه‌یه هه‌ڵگری مه‌شخه‌ڵی نوێی شۆڕشێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و کەلتوری بون، به‌ڵام له‌مه‌دا زۆر پێویستیان به خاوه‌ن ئه‌زمونه‌کان هه‌بو و به‌ته‌نیا بۆیان نه‌ده‌کرا.
3-3 نه‌وشیروان مسته‌فا: به‌ڕێزی له لوتکه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وکاته‌ی گۆڕاندا کاری بۆ دۆزینه‌وه‌ی هاوکێشه‌یه‌کی هاوسه‌نگ ده‌کرد، هاوکێشه‌یه‌ک هه‌مو له گۆڕاندا شوێن و پێگه‌یان هه‌بێت و بتوانن کاری خۆیان بکه‌ن. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پێگه‌ی گه‌نج له‌و ساتانه‌دا له فراکسیۆنی گۆڕان له په‌رله‌مانی کوردستان و له پێکهاته‌ی رێکخراوه‌یی و له به‌ڕێوه‌بردنی ئۆرگانه‌کانی گۆڕاندا زۆر به‌رچاو بو. ئه‌وه خودی نه‌وشیروان مسته‌فا بو ده‌روازه‌کانی گرده‌که‌ی بۆ گه‌نج و رۆژنامهگهره گه‌نج و یاخیبوه‌کان و چالاکوانه مه‌ده‌نیه بزێوه‌کان واڵاکرد و له چه‌ند به‌شێکی هه‌ستیاری کاری گۆڕاندا ئازادی و سه‌ربه‌ستی کارکرنی بۆ دابینکردن. زیاده بۆ ئه‌مانه‌ش به‌وپه‌ڕی توانایه‌وه له هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسیه‌کان له‌سه‌ر هه‌ندێک لێیان بێده‌نگ نه‌بوه و په‌یامی پێویستی گه‌یاندۆته شوێنی مه‌قسود.
هیچ که‌سێک نه‌یوتوه کێشه و ناهه‌قی له‌ناو گۆڕاندا نه‌بوه، ئه‌وه ته‌نها نیه‌ت پاکی و ئهمهکیه کرۆکی هێزی زاڵبون به‌سه‌ریاندا دروست ده‌که‌ن، به‌ته‌نیشت ئه‌م راستیه‌وه به‌رنامه‌ی تێروته‌سه‌ل ده‌سته‌جه‌معی و راوێژکردن دروست زۆر پێویستن، به‌ڵام بێ نیه‌ت پاکی و خه‌مخۆری جدی هیچ کاریگه‌ریه‌کیان نامێنێت، به‌پێچه‌وانه‌وه له‌وانه‌یه ببێته زه‌مینه‌خۆشکه‌ر و هۆکاری پێکدادانی نیه‌ته جیاوازه‌کان. مه‌خابن ئه‌مه تاڕاده‌یه‌ک له‌ناو گۆڕاندا رویداوه و تایبه‌ت له مه‌سه‌له‌ی جڤاتی نیشتمانیدا.
3-4 جڤاتی نیشتمانی: یه‌کێک له‌و خه‌سڵه‌تانه‌ی له‌ناو یه‌کێتیدا بۆته ئیرسێک دهستهگهریه، له سه‌ره‌تای دروستبونی کۆمه‌ڵه و دواتر یه‌کێتی گروپی بچوک له‌سه‌ر بنه‌ماکانی دۆستایه‌تی و متمانه و دڵسۆزی و بهدهنگچونی یه‌کتره‌وه رۆڵی زۆر ئه‌رێن و کاریگه‌ریان له ژیانی رێکخراوه‌یی و پێشمه‌رگایه‌تیدا بینیوه، بهمروری زه‌مان و تایبه‌ت له دوای راپه‌ڕینه‌وه لایه‌نه نه‌رێنه‌کانی ئه‌م دیارده‌یه رو له زاڵبون بون، وه‌ک سازدانی سه‌نته‌ره جیاکانی هێز و ده‌سه‌ڵات و به‌رژه‌وه‌ندی، دیارده‌یه‌ک که یه‌کێتی تا ئه‌م ساته‌ش به‌ده‌ستیه‌وه ده‌ناڵێنێت و وای لێهاتوه که‌س گوێ له که‌س ناگرێت. بۆیه رێگرتن له سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م دیارده‌یه له‌ناو گۆڕاندا ئه‌رکێکی زۆر پێویست بو.
دروستکردنی جڤاتی نیشتمانیش ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی بۆ به‌رچاوکه‌وتنی نیه‌ته‌کان ره‌خساند. ئه‌گه‌رچی به‌شێک له تێبینی و بۆچونه‌کان له‌سه‌ر جڤاته‌که دروست و ره‌وا بون، به‌ڵام شێوازی ده‌ربڕینیان و نه‌نواندنی نه‌رمی و تێنه‌گه‌یشتن بۆ ئه‌و بارودۆخه‌ی جڤاته‌که‌ی تێدا دروستکرا و گوێنه‌دان به هه‌وڵه‌کان بۆ نزیککردنه‌وه‌ی بۆچونه جیاکان و پێداگری له بۆچونی ده‌مارگیری و جۆرێک له بایکۆت کردنی کۆبونه‌وه‌کان و کارکردن بۆ سازدانی گروپگه‌رایی له‌ناو گۆڕاندا به‌خزمه‌تی گۆڕان نهشکانهوه. مایه‌ی سه‌رسوڕمان و پرسیارێکی زۆر بو که جڤاتێک له یه‌که‌م ئه‌زمونیدا و به‌پێکهاته‌یه‌کی که‌م یا زۆر گونجاو و وێرای که‌موکوڕیه‌کان بکرێته نیشانه‌ی پێکان به‌تیری نیه‌ته بهرچاونهکهوتوهکان.
هه‌ڵمه‌تی ناڕه‌زایی ئێستا
به‌ڕێز نه‌وشیروان مسته‌فا ته‌نها رێکخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان نیه، به‌ڵکو سه‌رکرده‌یه‌کی پێگه‌دار و تایبه‌تی کورده، خاوه‌ن مێژو و ئه‌زمونێکی پاک و ده‌وڵه‌مه‌نده له بزافی کوردایه‌تیدا. باسکردنی کاک نه‌وشیروان وه‌ک تاکڕه‌وێک وێرای ئه‌وه‌ی ناهه‌قیه‌کی گه‌وره‌یه به‌رامبه‌ری له هه‌مانکاتیشدا زه‌مینه‌یه‌کی سیاسی نادۆستانه له‌خۆ ده‌گرێت.
تاکڕه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌کی سیاسیه که زۆر له دکتاتۆره‌وه نزیکه، به‌واته‌ی به‌ته‌نیا دۆخه‌که به‌ڕێوه ده‌بات، ده‌شێت ئه‌وانه‌ی ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه به‌کارده‌هێنن چاوێک به‌نه‌خشه‌ی سیاسی و رێکخراوه‌یی باشوری کوردستاندا بخشێننه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنێک بۆ بۆچونه رادیکاڵهکانیان بکه‌ن.
ئه‌زمونی کوردایه‌تی له باشور له نیو سه‌ده‌ی رابوردودا یه‌ک سه‌رکرده‌ی تاکڕه‌وی به‌رهه‌م نه‌هێناوه، چونکه ئه‌و به‌رهه‌مه له گه‌ڵ زه‌مینه و ره‌گ و ریشه‌ی ئه‌و سه‌رکردانه‌دا نه‌گونجاوه.
به‌رده‌وام له ده‌وری ئه‌و سه‌رکردانه گروپ و ئاراسته‌ی سیاسی و فکری و کۆمه‌ڵایه‌تی جیاواز کۆبونه‌ته‌وه و ئه‌وانه سه‌رچاوه‌یه‌کی گرنگی هێزی سه‌رکرده‌کانن، بازدان به‌سه‌ر ئه‌مانه‌دا مانای لاوازکردنی هێز و ده‌سه‌ڵاتی خودی سه‌رکرده‌که‌یه، بۆیه ئه‌و سه‌رکردانه له بڕیاره گرنگه‌کاندا ره‌چاوی به‌رژه‌وه‌ندی و بۆچونه جیاکانی ده‌روبه‌ریان کردوه و راوێژیان پێکراوه و بۆچونیان وه‌رگیراوه، دوای ئه‌م پرۆسه‌یه سه‌رکرده‌کان خۆیان دوا بڕیاریان داوه، ته‌نانه‌ت به‌ڕێز مسعود بارزانی که سه‌رکرده‌ی حیزبێکی هه‌ره‌می تۆکمه‌یه و که‌متر ئه‌و ره‌وشه‌ی روبهروبۆتهوه له گه‌ڵ ده‌روبه‌ری راوێژ ده‌کات و ئه‌نجا دوا بڕیار ده‌دات. کاک نه‌وشیروانیش به‌هه‌مان شێوه‌ی به‌ڕێزان مام جەلال و مسعود بارزانی و ئاپۆ و سه‌رکرده‌ی هێزه‌کانی تر دوا بڕیارده‌ره نه‌ک تاکڕه‌و و ته‌نها بڕیارده‌ر. له سیسته‌مه دیموکراسیه پێشکه‌وتوه‌کانی دنیادا سه‌رکرده‌ی حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کان، وه‌ک مێرکلی ئه‌ڵمانیا، تۆنی بلێری ئینگلته‌را، سارکۆزی فه‌ره‌نسا و پێشتریش چه‌ند سه‌رکرده‌یه‌کی تر له‌ناو حیزبه‌کانیان و له ده‌سه‌ڵاتیشدا دوا بڕیارده‌ر بون، جیاوازیان له گه‌ڵ تۆتالیتێر و دکتاتۆر و تاکڕه‌و له‌وه‌دایه ترس و تۆقاندن و پۆلیس و ئاسایش و هێز بۆ سه‌پاندنی بڕیاره‌کانیان به‌کارناهێنن، به واتایه‌کی تر "ئیرهابی" جه‌سته‌ی و ده‌رونی به‌کارناهێنرێت.
بۆیه بژارده‌ی ده‌سته‌واژه‌ی "تاکڕه‌و" له گه‌ڵ واقیعی سیاسی‌دا یه‌کناگرنه‌وه و جه‌ختکردنه‌وه لێی پرسیاری ره‌وا به‌رامبه‌ر نیه‌تی به‌کارهێنه‌رانی دروست ده‌کات.
گۆڕان له ده‌سه‌ڵاتدا
گۆڕان له دوای به‌شداریکردنی له ده‌سه‌ڵات و ده‌ستبه‌کاربونی کابینه‌ی هه‌شته‌م روبه‌روی چه‌ند تێبینی و ره‌خنه‌ی دڵسۆزانه‌ی هه‌ڵسوڕاوان و هه‌وادارانی بۆته‌وه، هه‌ندێکیش به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌م هه‌نگاوه‌ی گۆڕان ده‌قۆزنه‌وه بۆ تانه‌دان و نانی فیشه‌ک به‌تاریکیه‌وه.
له گه‌ڵ ده‌ست به‌کاربونی کابینه‌ی هه‌شت و سه‌رهه‌ڵدانی داعش له عێراقدا، هه‌ڵمه‌تی ناحه‌زه‌کانی گۆڕان خه‌ست بۆته‌وه، زیاده‌رۆیش ده‌کرێت کاتێک به پاشکۆی پارتی ده‌درێته قه‌ڵه‌م، به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌ی باش چێژی پاشکۆیه‌تیان کردوه و ده‌یانه‌وێت ده‌سته چه‌وره‌کانی خۆیان به‌خه‌ڵکی تردا بسوێنن. نه ئه‌م هه‌ڵمه‌ته ونه ئه‌م دیدوبۆچونانه زاده‌ی بۆشایی نین، زۆربه‌ی هه‌ڵقوڵاوی ئاراسته‌یه‌کی سیاسی دیاریکراوه که کاری له‌سه‌ر کراوه و ده‌ست به‌پشتیدا ده‌نرێت، ناوه‌رۆکی ئه‌م بژارده سیاسیه تایبه‌ته به ترس له‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن "هاوپه‌یمانی گۆڕان و پارتی". په‌لاماردانی ئه‌و "هاوپه‌یمانیه‌ته" به چه‌مکه فکری و سیاسیه‌کان رازێنراوه و ئارایشتهکراوه.
چه‌مکه فکریه‌کان:
ئاراسته‌ی فکری"شۆڕشگێڕی و یاخیبونی" ئه‌م سه‌رده‌مه دوژمنێکی دیاریکراو و ئامانجێکی رونی به‌رچاوی نیه تا کاریان له‌سه‌ر بکه‌ن. نه به‌رچاویان رونه بۆ (سیاسه‌تی نه‌رم و نیان و نه‌فه‌س درێژی) و نه بیر له چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نیش ده‌که‌نه‌وه (سیاسه‌تی پێره‌وکردنی هێز و په‌لاماردان). به‌شیک له‌م ئاراستانه تا ماوه‌یه‌ک ده‌ستیان به گۆڕانه‌وه گرتبو، چونکه مینبه‌رێکی گونجاو بو بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی و خواسته‌کانیان. له‌و ساته‌وه‌ی ئه‌و مینبه‌ره‌ی گۆڕان، تایبه‌ت به‌به‌شداربونی گۆڕان له حوکمڕانیدا، وه‌ک جاران بۆیان گونجاو نیه ئه‌وه‌ی هه‌یه و نیانه په‌یامی ئاگرین و دروستکردنی رکابه‌ر و دوژمنی وه‌همی و فیشه‌ک نانه به‌تاریکیه‌وه، به‌واتایه‌کی تر بۆشایی سیاسی به‌م شێوازه پرده‌که‌نه‌وه و زه‌مینه‌ی مانه‌وه‌یان درێژه پێده‌ده‌ن. من گومانم له دڵسۆزی به‌شی زۆری ئه‌و ده‌نگانه نیه، وه‌لێ نائارامی و له‌رزۆکی و ناجێگیری په‌یامه‌کانیان و بهشهخسهنهکردنی کێشه‌کان و ده‌ستدان له پشتیان هۆکارن بۆ کزبونیان له نێو گۆڕان و لای هه‌وادارانی گۆڕان. له ئاکامدا دێن پاساوی ئه‌م کزبونهیان بۆ "تاکڕه‌وی" رێکخه‌ری گشتی ده‌گه‌ڕێننه‌وه (گوایه گوێی لێنه‌گرتون و په‌راوێزی کردون و پۆستی ته‌نها به‌خه‌ڵکی خۆی داوه). گۆڕان چه‌ندین جار رایگه‌یاندوه هه‌ڵگری ئایدیۆلۆژایهکی تایبه‌ت و دیاریکراو نیه، بهمهزهندی زۆرێک له هه‌ڵسوراوان کاتێک گۆڕان ئه‌وه بکات گۆڕی خۆی به‌ده‌ستی خۆی هه‌ڵده‌که‌نێت.
له نه‌خشه‌ی سیاسی باشوردا هیچ هێزێکی کوردستان (بێجگه ئیسلامیه‌کان) خاوه‌نی ئایدۆلۆژیایه‌کی تایبه‌ت و نه‌گۆڕ نیه، له هه‌ڵوێست و په‌یامه‌کانی هه‌مویاندا له‌م په‌ڕی چه‌په‌وه تا ئه‌وپه‌ڕی راست ده‌بینرێت، بۆ نمونه ماقوله هێزێکی وه‌ک یه‌کێتی که خۆی به‌نمونه‌ی زیندوی سۆشیال دیموکراتی ناوچه‌که ده‌زانێت و سه‌رکرده‌که‌ی جێگرێکی سه‌رۆکی سۆشیال دیموکراتی نێوده‌وڵه‌تیه، په‌یوه‌ندیه‌کی توندوتۆڵی له گه‌ڵ کۆنسێرڤهترین حوکمڕانی ئاینی له دنیادا هه‌بێت که هیچ رێزێکی بۆ ئازادی و ئازادی راده‌ربرین نیه. په‌لاماردانی گۆڕان جۆرێکه له گه‌رمکردنی بازاڕی سیاسی و له سایه‌ی گه‌مه‌ی ''دیموکراسی" و "ئازادی راده‌ربرین"دا ده‌کرێت، له ئاکامدا خزمه‌ت به‌پرۆسه‌ی گۆڕانکاری و گه‌شه‌کردن و ئهقڵانیهتبونی ئه‌و چه‌مکه فکریانهش ناگه‌یه‌نێت.
چه‌مکه سیاسیه‌کان:
هه‌مو ده‌زانین گۆڕان ناحه‌زی سیاسی زۆره و ده‌شزانین ناحه‌زی سیاسی هه‌میشه‌یی نیه.
هه‌ڵه‌یه‌کی گۆڕان له سه‌ره‌تادا ئه‌وه‌بو چاوه‌ڕوانیه‌کی زۆری خهڵقاند کاتێک راشکاوانه رایگه‌یاند کار بۆ په‌راوێزکردنی هێزه‌کانی ده‌سه‌ڵات ده‌کات. به‌شێک له ئاراسته فکریه ناڕه‌زاکان ئه‌م راگه‌یاندنه‌یان زۆر به‌دڵ بو، به‌شێکی زۆرینه‌ی ناو گۆڕان به ناواقیعی و په‌له‌کردنیان ده‌زانی. روداوه‌کانی 17 شوبات و روداوه‌کانی دواتر ئه‌م هاوکێشه‌یه‌ی له‌ناو گۆڕاندا گه‌رموگوڕتر کرد، ئاکامه‌که‌ی بهزاڵبونی ئاراسته‌ی واقیعبینهر شکایه‌وه. له‌م ململانێ ناوخۆییه‌دا چه‌ندین لایه‌نی سیاسی ده‌ره‌وه‌ی گۆڕان و کاراکته‌ر گه‌مه‌ی خۆیان ده‌کرد. مایه‌ی سه‌رسوڕمانه ئه‌و ئاراستانه‌ی ناو گۆڕان که خوازیاری رکابه‌ری توندی هه‌ر دو هێزی ده‌سه‌ڵاتدار بون، تایبه‌ت یه‌کێتی، که‌چی دواتر که‌وتنه چاوبڕکێ له گه‌ڵ یه‌کێتیدا و ته‌نانه‌ت به‌شان و باڵی ئه‌م حیزبه‌دا هه‌ڵده‌ده‌ن، بۆ هه‌ر مه‌به‌ستێکی تریش بێت تیری که‌وانه‌کانیان به‌توندی ئاراسته‌ی پارتی کردوه.
له سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی ناڕه‌زاییه‌کاندا هه‌وڵێکی زۆر درا جارێکی تر هه‌مو ئاراسته‌کان له‌ناو گۆڕاندا یه‌ک بگرنه‌وه، نه‌بونی نیه‌تی جدی لای ناڕه‌زاکانی ئه‌و سه‌رده‌مه به‌ربه‌ست بون.
هه‌ر له‌و سهردهمانهو و دواتریش (تایبه‌ت دوای رێکه‌وتنی ده‌باشان)، کاتێک هه‌وڵه‌کانی گۆڕان بۆ زیاتر نزیکبونه‌وه له گه‌ڵ یه‌کێتی مه‌خابن به‌پێچه‌وانه‌ی رۆحی رێکه‌وتنی ده‌باشان بێ ئه‌نجام بون، تاده‌هات ده‌رده‌که‌وت به‌شێک له ده‌سترۆیشتوانی یه‌کێتی ئه‌وه‌نده سازشیان بۆ پارتی کردوه و راشکاوانه کاری جدیان ده‌کرد بۆ ته‌واو په‌راوێزکردنی گۆڕان و دوباره‌کردنه‌وه‌ی ریتم و رێچکه‌ی حوکمڕانی هاوبه‌شیان له گه‌ڵ پارتیدا، هاوکاتیش فشاری ناوچه‌که له‌سه‌ر گۆڕان گه‌یشتبوه لوتکه و سێ هه‌ڵبژاردنی گه‌وره له‌به‌رده‌مدا بون، له‌و دۆخه‌دا ده‌بو گۆڕان بیری زۆر جدی له پلانی سیاسی کارکردنی بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێک بکاته‌وه.
ئه‌گه‌ر به خواست و ده‌ستی گۆڕانخوازان بوایه ئاسۆی تێڕامان زۆر رون و ئاشکرا بو، له مێژوه‌وه فێربوین هه‌ندێک جار ئاراسته‌ی گۆڕانکاریه‌کان به‌دڵی سه‌رکرده و هێزه‌کان نابێت، ژیری له‌وه‌دا نیه بچیته ململانێ و شه‌ڕێکی زهرهرمهندبهخش، به‌ڵکو هونه‌ر له‌وه‌دایه چۆن خۆت بپارێزیت و بۆ ئاینده به‌هێزتر بکه‌یت، بۆیه بڕیاری "گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات – به‌شداری حوکمڕانی" له‌و دۆخه‌دا زۆر دروست و واقیعی بو. ئه‌وانه‌ی له گه‌ڵ ئه‌م بڕیاره کۆک نه‌بون ئهڵتهرنهتیڤێکی واقیعی و کۆنکرێتیان نه‌بو، بێجگه له چه‌ند دروشمێکی بریقه‌دار و وروژێنه‌ر نه‌بێت. له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م ئاراسته‌یه خۆیان رێك نهخستبو، ناکۆکی و جیاوازیان هه‌بو، باشیش ده‌یانزانی له‌ناو گۆڕاندا ئه‌وه‌نده سه‌دای ده‌نگه‌کانیان نابیسترێت بۆیه به‌په‌له و له‌ساتی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا به‌هاوکاری یه‌کێتی نیه‌تی راسته‌قینه‌ی خۆیان نمایش کرد، کارێک له ئاکامدا یه‌کێتی زیره‌کانه به‌کاری هێنا و دروێنه‌ی به‌رهه‌مه‌کانی کرد و ئه‌وان زه‌ره‌ریان به گۆڕان گه‌یاند.
هه‌ر که‌سێک سه‌رپشکه چ ئاراسته‌یه‌کی سیاسی هه‌ڵده‌بژێرێت، به‌ڵام کاتێک بژارده‌که‌ی به‌شێوه‌یه‌کی کاتی ده‌خاته خزمه‌تی رکابه‌ر و ناحه‌زه‌کانی خودی خۆی ئه‌وا ده‌یان پرسیار و گومان زۆر ره‌وان.
گۆڕان و ده‌سه‌ڵات
گۆڕانکاری و چاکسازی پرۆسه‌یه‌کی درێژخایانه، له وڵاتێکی سه‌ربه‌خۆ و سیسته‌مێکی سیاسی دیموکراسیدا پرۆسه‌که بۆته سوننه‌تی ژیان و حوکمڕانی، له‌و جۆره سیسته‌مانه‌دا به‌ده‌گمه‌ن هێزێک یا حیزبێکی سیاسی تایبه‌ت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته به‌رچاو ده‌که‌وێت، کاتێک هێزێک گۆڕانکاری و چاکسازی نه‌کات خه‌ڵکی له ده‌نگداندا سزای قورسی ده‌ده‌ن.
له ناوچه‌ی خۆمان هێزێکی سیاسی دیاریکراو بۆ گۆڕانکاری و چاکسازی به‌دی ناکرێت، تێگه‌یشتن بۆ چه‌مکی گۆڕان و چاکسازی له هێزێکه‌وه بۆ هێزێکی تر ده‌گۆڕێت و هه‌ر هه‌موشیان زه‌مینه‌ی سیاسی و فکری و ئاینی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه.
ئیخوانه‌کانی میسر و ناڕه‌زاکانی لیبیا و تونس به‌گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات و سه‌پاندنی رێسا و یاساکانیان گۆڕانکاری و چاکسازیان ده‌بینی. ئاکه‌په‌ی تورکیا گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات و پێره‌وکردنی شه‌ریعه‌تی ئیسلام و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و که‌مکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سوپا و چاکسازی حوکمڕانی و ئابوری کرۆکی به‌رنامه‌ی گۆڕانکاری و چاکسازیان بو و...تاد.
سه‌رجه‌م ئه‌م روداو و گۆڕانکاریانه به‌دابڕاوی له دۆخی سیاسی ناوخۆ و ده‌ره‌کی ئه‌و وڵاتانه به‌ڕێوه نه‌چون.
گۆڕان و جه‌ماوه‌ره‌که‌ی له هه‌ساره‌یه‌کی تره‌وه نه‌هاتون، وه‌لێ جیاوازیان له گه‌ڵ هێزه‌کانی تر له‌وه‌دایه به‌سیسته‌می حوکمڕانی رازی نه‌بون و بژارده‌ی رێگه‌ی په‌رله‌مانی و سیاسیان کرد بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌کانیان، له‌و پرۆسه‌یه‌دا قۆناغ به قۆناغ کار بۆ به‌ده‌ستهێنانی داواکاریه‌کانیان ده‌که‌ن بۆ گه‌یشتن به ئامانجه سه‌ره‌کیه‌کان، بۆیه به‌شداری گۆڕان له حوکمڕانی هه‌رێم و جێبه‌جێکردنی گۆڕانکاری و داواکاریه ره‌واکان به‌شێکن له پاکهجێکی گه‌وره‌تر و ئه‌وه‌ی ئێستا کۆتایی مهتاف نیه. له هه‌مو سیسته‌مه‌کانی دنیادا وایه ناشێت به‌شداری حوکمڕانی بیت و له‌هه‌مان کاتیش‌دا دژی بوه‌ستیته‌وه، دروست و ره‌وایه به‌چاو و نه‌فه‌سی چاو‌دێر و ره‌خنه هێزه به‌شداربوه‌کانی حوکمڕانی سه‌یری خۆیان و کۆی گشتی حوکمرانیه‌که بکه‌ن. ئه‌مه ئه‌رکێکی گه‌وره‌ی فراکسیۆنی گۆڕانه له په‌رله‌مانی کوردستان به‌رێگه‌ی دوالیزمی په‌رله‌مانیه‌وه پێره‌وی بکات. ئه‌م فراکسیۆنه له ئه‌رک و ئه‌داکردندا زۆر جیاوازتره له‌وه‌ی پێش‌و، چونکه ئه‌رکه‌که زۆر قورستره و ئهداکهش چه‌ندین ئاراسته‌ی جیاواز له‌خۆ ده‌گرێت، بۆیه سه‌دان هه‌زار چاوی گۆڕانخوازانیان له‌سه‌ره و به‌رده‌وام هه‌ڵسه‌نگاندنی وردیان بۆ ده‌کرێت. ئێمه‌ی گۆڕانخوازان له‌ناو گۆڕاندا وا په‌روه‌رده و فێرکراوین هیچ کات له هه‌ڵه و لادان و خۆپه‌رستی و به‌رخۆری و دیارده قێزه‌وه‌نه‌کانی تر له‌ناو گۆڕان بێده‌نگ نه‌بین و هه‌ڵوێست و بۆچونمان راشکاوانه به‌یان بکه‌ین.
هێشتا له باشوری کوردستان چه‌ندین کێشه و مه‌ترسی نه‌ته‌وه‌ییمان له‌سه‌ره، وه‌ک: تێرۆریزم، شۆڤێنیزمی نه‌ته‌وه‌یی، گه‌مارۆدانی ناوچه‌یی و کێشه ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان، ئه‌رکی نه‌ته‌وه‌یی وا پێویست ده‌کات گۆڕان به‌شێکی چالاک و زیندو بێت له روبه‌روبونه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسی و کێشانه. یه‌کێک له پێگه زۆر گرنگه‌کان بۆ ئه‌و ئه‌رکه ده‌سه‌ڵاته، دوری گۆڕان لێی کۆسپێکی زۆر گه‌وره‌ی بۆ دروست ده‌کات.
له به‌رامبه‌ر ره‌خنه و ناڕه‌زایه‌تیه دروست و دڵسۆزانه‌وه پێویست ده‌کات گۆڕان گوێیان لێبگرێت و بکه‌وێته دیالۆگێکی بنیاتکهر له گه‌ڵیاندا، ئه‌وه ئه‌رکێکی سه‌ره‌کی جڤاتی نیشتمانیه سوچ بهسوچ و کۆلان به‌کۆڵان و گوند به‌گوند و شار به‌شار بهدواچونونیان بۆ بکات و له گه‌ڵ ئه‌و ده‌نگ و ره‌نگه جیاوازانه‌دا تێکه‌ڵی ته‌واو بێت.
هاوکاتیش وا پێویسته گۆڕانخوازان و هه‌وادارانی گۆڕان ببنه قه‌ڵغانێکی توندی گه‌وره بۆ چاودێری و پاراستنی گۆڕان له ئه‌زمونی حوکمڕانیدا. با په‌له نه‌که‌ین له حوکمدان و تانه‌دان، با چاوه‌ڕوان بین دنیا زۆری به‌به‌ره‌وه ماوه.
|
|