ئێران و بارزانی
|
چیا عه‌باس
ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ک
مێژوی په‌یوه‌ندیه‌کانی کورد له‌گه‌ڵ ئێران له دوا نیو سه‌ده‌دا و به‌تایبه‌ت سه‌رکردایه‌تی شۆڕشی ئه‌یلول به هه‌ر دو باڵه‌که‌یه‌وه، مه‌لایی و جه‌لالی، و دواتر پارتی و یه‌کێتی و ئیسلامیه‌کانیش مێژویه‌کی سهرسوڕمێنهری پڕ نهێنی و پێچوپه‌نا و پلانگێڕان و هه‌ڵکشاندن و داکشاندنه. وێڕای ئه‌وه‌ی راستیه‌کی حاشا هه‌ڵنه‌گره که ئێران به‌رده‌وام رۆڵێکی زۆر کاریگه‌ری له‌سه‌ر بزافی کوردایه‌تی له باشور هه‌بوه، وه‌لێ بێجگه له بابه‌ت و یاده‌وه‌ری و به‌ڵگه و دۆکیۆمێنتی پچڕپچڕ و دابڕاو له‌یه‌کتر تا ئه‌م ساته‌ش شیکردنه‌وه و توێژینه‌وه‌ی ورد و دروست بۆ ئه‌و په‌یوه‌ندیانه و مێژوه‌که‌ی له‌لایه‌ن خودی کورد و هێزه‌کانیه‌وه نه‌کراوه. هێزه‌کانی باشوری کوردستان و سه‌رکرده‌کانیان له‌و په‌یوه‌ندیانه سودی مادی و سه‌ربازی و مرۆییان کردوه، زۆربه‌ی جار ئه‌و سودمهندیه به‌زه‌ره‌ری گه‌وره بۆ کورد شکاوه‌ته‌وه. هاندان و پشتگیری هه‌ڵگیرساندنی شۆڕشی ئه‌یلول به‌مه‌به‌ستی لاوازکردنی عێراقی دوای شۆڕشی 14 ته‌موزی 1958 و به‌کارهێنانی سه‌رکردایه‌تیه‌که‌ی بۆ دژایه‌تیکردنی خه‌باتی خۆرهه‌ڵاتی کوردستان و سه‌رکرده‌کانی، کارکردنی راسته‌وخۆ بۆ له یه‌کترازانی سه‌رکردایه‌تی شۆڕشی ئه‌یلول که مه‌لایی و جه‌لالی لێکه‌وته‌وه و خۆشه‌کردنی شه‌ڕی خوێناوی نێوانیان، له ساتی به‌یاننامه‌ی ئازار له 1970ه‌وه کارکردن بۆ تێکدانی دۆخه‌که و هه‌ڵگیرساندنه‌وه‌ی شه‌ڕ و له‌دوا وێستگه‌کانی شۆڕشی ئه‌یلول لێدانی خه‌نجه‌رێکی زۆر ژه‌هراوی و کوشنده له شۆڕشه‌که به‌ڕێگه‌ی رێکه‌وتنی جه‌زائیر له‌گه‌ڵ سه‌دامدا، ئه‌مانه و چه‌ندین کاری تر ئه‌و نمونانه‌ن ده‌یسه‌لمێنن هێزه کورده‌کان له‌و په‌یوه‌ندیانه‌دا به ده‌سکه‌وتی کاتی دڵخۆش و قایل کراون و به‌کارهێنراون و کوردیش له ئاکامدا نرخه‌که‌ی داوه.
گریمان عیسا پژمان، به‌رپرسێکی باڵای دۆسیه‌ی کوردی عێراق له ساڤاکی سه‌رده‌می حوکمڕانی شاه محەمەد ره‌زادا، له نوسینی ئه‌و مێژوه‌دا به‌شێک له راستیه‌کانی باسکردوه، بێگومان یه‌کێک له‌و راستیانه بێ متمانه‌یی نێوان خوالێخۆشبو مه‌لا مسته‌فا و حکومه‌تی ئێران بوه.
دوای هه‌ره‌سی 1975 ئه‌و بێ متمانه‌ییه له‌لای بنه‌ماڵه‌ی بارزانیه‌وه گه‌یشته لوتکه. له‌م سه‌رده کورته‌وه بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که په‌یوه‌ندیه‌کانی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی به ئێرانه‌وه چه‌ند تایبهتماندیهکی جیاواز له‌وه‌ی هێزه‌کانی تری باشوری کوردستانی له خۆگرتوه. له‌وانه زه‌مینه‌یه‌کی مێژویی درێژی هه‌یه، بێ متمانه‌یه‌کی زۆری دو لایه‌نه که ناچاری بنه‌ماڵه‌ی بارزانی کردوه له ئێران زۆر به‌حه‌زه‌ر بن و له هه‌مان کاتیش‌دا به‌دوای ئهڵتهرنهتیڤهکانی تردا بگه‌ڕێن (وه‌ک به‌غدا و ئه‌نکه‌ره)، به‌شێک له‌مه له کەلتوری سیاسی بنه‌ماڵه‌ی بارزانیدا سه‌رچاوه‌ی کرد‌و، ئه‌ویش چه‌مکی گۆڕینی هاوپه‌یمانی بنه‌مایه‌کی بنه‌ڕه‌تی بوه بۆ مانه‌وه و ده‌سه‌ڵات و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی بنه‌ماڵه‌که له‌ناو بزافی کوردایه‌تیدا.
له ده‌یه‌ی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی رابردو له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی ئێران خۆیان گرێدابو.
له نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی رابوردو خۆیان به ئه‌نکه‌ره‌وه به‌سته‌وه و شه‌ڕی پەکەکە یان کرد.
له 1996 له سه‌دام نزیک بونه‌وه و تاڵه‌بانی و یەکێتییان یان له هه‌ولێر ده‌رپه‌ڕاند و ناچاریان کرد له سه‌ر سنور بگیرسێته‌وه و بۆ راستکردنه‌وه‌ی دۆخه‌که په‌نا بۆ ئێران به‌رێت. له روخاندنی سه‌دامه‌وه زۆر به‌توندی له ئه‌مەریکا و تورکیا نزیک بونه‌ته‌وه.
له‌م سه‌رده‌مه‌دا
له‌م سه‌رده‌مه‌دا گۆڕانکاری بنه‌ڕه‌تی له ناوه‌ڕۆک و ئاراسته‌کانی په‌یوه‌ندیه‌کان له‌گه‌ڵ ئێران‌دا هاتوه. کورد له چوارچێوه‌ی عێراقدا خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتی حوکمڕانی خۆماڵیه و سه‌رۆک کۆمار سه‌رکرده‌یه‌کی ناوداری کورده که به‌گشتی په‌یوه‌ندی باشی له‌گه‌ڵ ئێران هه‌بوه و هه‌یه، هێزێکی مه‌زهه‌بی سه‌ر به ئێران جڵه‌وه‌ی حوکمی له به‌غدا گرتوه و کوردیش تێدا به‌شداره، ئه‌مەریکا گه‌مه‌که‌رێکی سه‌ره‌کیه له عێراق، هه‌رێمی کوردستان گه‌شه‌کردنی سیاسی و ئابوری و کەلتوری و کۆمه‌ڵایه‌تی به‌رچاوی کردوه و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کلاسیکی روبه‌روی ئۆپۆزسیۆنێکی به‌هێز بۆته‌وه، باشوری کوردستان له‌سه‌ر ده‌ریایه‌ک له گاز و نه‌وت دانیشتوه و بایه‌خی ئابوری و سیاسی دنیا پێی رو له ههڵکشاندنه. له به‌رامبه‌ردا ئێران به‌هۆی به‌رنامه مه‌زهه‌بی و نهوهویهکهوه توشی گه‌مارۆدانی سیاسی و ئابوری بوه و هاوپه‌یمانه شیعه‌کانی له ناوچه‌که له سوریا و لوبنان و غه‌زه له غهرغهرهدان. باری ئابوری ئێران رو له زیاتر خراپبونه، ئێران له‌م دۆخه‌دا هیچ مه‌نفه‌زێکی جوگرافی له‌باری نیه بۆ شکاندنی گه‌مارۆدانی تۆکمه‌ی دنیا له سه‌ری. تورکیا وه‌ک هێزێکی ئابوری و سیاسی و سه‌ربازی به‌هێز و ئه‌ندامی ناتۆ به ته‌نیشت ئێرانه‌وه له لایه‌ن ئیسلامی سوننه‌ی میانڕه‌و حوکم ده‌کرێت، تورکیا تا ئاستێکی زۆر ئاراسته‌ی سیاسه‌تی ناوچه‌یی هه‌رێمی کوردستان ده‌کات و بونێکی سه‌ربازی و هه‌واڵگری و ئابوری به‌هێزی له هه‌رێمدا هه‌یه، تورکیا کار بۆ چه‌سپاندنی پێگه‌یه‌کی به‌هێز ده‌کات و پشتگیری شۆڕشی سوریا ده‌کات و مه‌به‌ستیه‌تی بازنه‌ی شیعه له ناوچه‌که پارچه‌پارچه بکات و ئه‌مه‌ش بێگومان به‌شێکی زۆری له سه‌ر حسابی ئێران و به‌رژه‌وه‌ندیه باڵاکانی ده‌بێت.
گۆڕانکاریه‌کانی دنیای عه‌ره‌ب هێزی ئیسلامی سوننه و میانره‌وی هێناوه‌ته سه‌ر حوکم و تادێت بازنه‌ی کاریگه‌ری ئێران له‌و ڵاتانه کاڵتر ده‌بێته‌وه.
له‌م بارودۆخه‌دا ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم و تایبه‌ت به‌ڕێزان مسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی پاش ماوه‌یه‌ک له ساردی و شه‌ڕی راگه‌یاندن و رکابه‌ریکردنی یه‌کتر سه‌رقاڵی داڕشتنه‌وه‌ی پهیوهندیهکانیانن له‌گه‌ڵ ئێران‌دا.
بابزانین زه‌مینه‌ی ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم له کوێوه سه‌رچاوه‌یان کردوه و مه‌به‌سته‌کان لێیان چین؟
سه‌ردانی ساڵی پار
له 29 ئۆکتۆبه‌ری 2011 مسعود بارزانی سه‌ردانی ئێرانی کرد و پێش ئەم سه‌ردانه‌ش نێچیرڤان بارزانی له 20 هه‌مان مانگدا سه‌ردانی تورکیای کرد. بارزانی له‌م سه‌ردانه‌دا چاوی به ئایه‌توڵڵا عەلی خامنەیی و ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد و عه‌لی ئه‌کبه‌ر ساڵحی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران و چه‌ند به‌رپرسێکی باڵای تری ئێرانی که‌وت. خاڵه سه‌ره‌کیه‌کانی ئه‌جندای لێدوانه‌کان له‌و سه‌ردانه‌دا بریتی بون له: کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مەریکا له عێراق، په‌یوه‌ندیه‌کانی عێراق و ئێران و شه‌ڕ دژ به پەکەکە و پژاک.
له کاتی بینینی ئایه‌توڵڵا عەلی خامنەیی مسعود بارزانی ئێرانی به وڵاتێکی دۆست وه‌سف کرد و جه‌ختی له پێویستی به‌و دۆستایه‌تیه کرده‌وه، دوباره‌شی کرده‌وه که: "ئێمه یارمه‌تی و هاریکاری خه‌ڵک و حکومه‌تی ئێران له سه‌رده‌می کاته سه‌خته‌کانی عێراق له یاد ناکه‌ین، بۆ پاراستنی سه‌رکه‌وتنه‌که‌مان پێویستمان به یارمه‌تی و رێپیشاندانی ئێران هه‌یه". له لای خۆشیه‌وه رابه‌ری کۆماری ئیسلامی له وه‌ڵامدا وتی: "ئێران پشتگیری عێراقێکی یه‌کگرتو و ئارام ده‌کات"، جه‌ختیشی کرده‌وه له سه‌ر ئه‌وه‌ی که "پێویسته عێراق بنیات بنرێته‌وه تا پێگه‌ی ره‌وای خۆی به‌ده‌ست بهێنێت". له درێژه‌ی قسه‌کانیدا وتی: "هه‌مو پێکهاته‌کانی عێراق برای نزیکی ئێرانن... و په‌یوه‌ندی دو قۆڵیش باشه و ده‌بێت رۆژ به‌رۆژ گه‌شه بکرێت".
له‌و سه‌ردانه‌دا بارزانی له کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانیدا له‌گه‌ڵ عەلی ئەکبر صالحی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، وتی: به‌پێی پلانی داڕێژراو و ره‌زامه‌ندی ئێران و هه‌رێمی کوردستان کاری پێویست کراوه تا دۆخی رابوردو دوباره نه‌بێته‌وه. هیواشی خواست که ناوچه سنوریه‌کان له‌گه‌ڵ ئێران‌دا ئارام بن و په‌یوه‌ندیه‌کانی له‌گه‌ڵ ئێران به تۆکمه و چه‌سپاو وه‌سف کردن.
سه‌باره‌ت به شه‌ڕ دژ به پەکەکە و پژاک بارزانی رایگه‌یاند؛ که ئه‌و کێشه‌یه چاره کراوه و له ئاینده‌دا هیچ کێشه‌یه‌ک نابێت و سنوره‌کانی ئێران ئارام ده‌بن. بارزانی رونی کرده‌وه ئه‌مه له ئاکامی رێکه‌وتن بوه و پێشێلکردنی ئه‌م رێکه‌وتنه کارێکی ئاسان نابێت و بابه‌تی گروپی پژاک کۆتایی هاتوه و ئێستا هیوادارن کێشه‌ی پەکەکە چاره بکه‌ن. بێئه‌وه‌ی تیشک بخاته‌سه‌ر رێکه‌وتنه‌که و چۆنیه‌تی چاره‌ی کێشه‌ی پەکەکە.
به‌پێی هه‌واڵێکی ئاژانسی میهر بۆ هه‌واڵ بارزانی هه‌ر له‌و سه‌ردانه‌دا و له‌کاتی بینینی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد به سه‌رۆکی ئێرانی وتوه: "ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێران زۆر گرنگه بۆ عێراق، نائارامی سنوره‌کان زه‌ره‌ر له‌هه‌ر دو وڵات ده‌دات، بۆیه ئێمه به‌ته‌واوی ئاماده‌ین بۆ هاریکاری تۆکمه و خه‌ست له‌م بواره‌دا". له وه‌ڵامدا ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد له‌گه‌ڵ بارزانیدا هاوڕا بوه.
کاتێک ساڵی پار بارزانی ئه‌م سه‌ردانه‌ی ئێرانی کرد کێشه‌کانی له‌گه‌ڵ مالیکی نهتهقیبونهوه، په‌یوه‌ندیه‌کانی له‌گه‌ڵ یه‌کێتی و تاڵه‌بانی ساردی و گرژیان پێوه دیار نه‌بون، پێگه‌ی بارزانی لای ئیداره‌ی ئه‌مەریکا وه‌ک گه‌مه‌که‌رێکی به‌هێز بۆ پاراستنی یه‌کگرتویی عێراق و حکومه‌تی شه‌راکه‌تی نیشتمانی حسابی بۆ ده‌کرا.
له ئاکامدا ئه‌و سه‌ردانه بێجگه له چه‌ند ده‌سکه‌وتێکی ئابوری بۆ هه‌ر دولا و راگرتنێکی گرژاوی ئارامی سنوره‌کان شتێکی ئه‌وتۆی به‌رچاوی لێنه‌که‌وتۆته‌وه، زیاتر سه‌ردانی موجامه‌له و به‌سه‌رکردنه‌وه و سوپاسگوزاری بو. ئارامی سنوره‌کانیش هه‌ستی به‌رزی به‌رپرسیاریه‌تی نه‌ته‌وه‌یی پژاک رایگرتوه.
هه‌ڵمه‌ته‌کانی ئێستا
وه‌ک پێشتر ئاماژه‌م به باری ئێستای ئێران داوه، ده‌بێت باسێکی پێگه‌ی ئێستای بارزانیش بکه‌ین.
له‌سه‌ر ئاستی عێراق بارزانی له ململانێیه‌کی سهرسهختدایه له‌گه‌ڵ شه‌به‌حه‌که‌ی ئێران له به‌غدا، که ده‌کاته نوری مالیکی و هاوپه‌یمانی شیعه‌کان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش بارزانی پشتگیری ده‌کرێت له لایه‌ن ناحه‌زه ره‌سه‌نه‌کانی کۆماری ئیسلامیه‌وه له کوتله‌ی سوننه‌کانی عێراق و له لایه‌ن تورکیا و سعودیه و قه‌ته‌ره‌وه (میحوه‌ری سوننه له ناوچه‌که)، تاکه هێزی شیعه، ره‌وتی سەدر، که پشتگیری بارزانی ده‌کرد له‌ژێر فشاری ئێران‌دا له هه‌ڵمه‌ته‌که کشایه‌وه. بارزانی به‌خه‌ستی ده‌ستی له رۆڵی کورده‌کانی خۆرئاوا له شۆڕشه‌که‌ی سوریادا وه‌رداوه و له‌گه‌ڵ تورکیا به‌ردوه‌ام له‌سه‌ر خه‌تن بۆ هه‌ماهه‌نگی کردن بۆ روخاندنی رژێمی ئه‌سه‌د که تاکه رژێمی هاوپه‌یمانی ئێرانه له ناوچه‌که‌دا.
په‌یوه‌ندیه‌کانی به‌ڕێز تاڵه‌بانی له‌گه‌ڵ ئێران‌دا به‌پێچه‌وانه‌ی بارزانی زیاتر جێگیره و هه‌ڵچون و وروژاندن تێاندا به‌دی ناکرێن، ماوه‌ی چه‌ند مانگێکه درزی زۆر که‌وتۆته په‌یوه‌ندیه‌کانی بارزانی له‌گه‌ڵ تاڵه‌بانیدا، به‌تایبه‌ت کاتێک تاڵه‌بانی بیرۆکه‌ی بارزانی بۆ لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له مالیکی ئیفلیج کرد و له‌م دواییه‌شدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز نه‌وشیروان مسته‌فا، رێکخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، له‌سه‌ر هه‌موارکردنه‌وه‌ی ده‌ستوری هه‌رێم و گۆڕانی سیسته‌می حوکمرانی له هه‌رێم له سه‌رۆکایه‌تیه‌وه بۆ په‌رله‌مانی، رێک که‌وتن. ئه‌م گۆڕانکاریه بارزانی ئه‌وه‌نده توڕه و بێتاقه‌ت کردوه که به پلانگێڕان دژ به خۆی ده‌یزانێ، ته‌نانه‌ت له راگه‌یاندنه‌کانی پارتیه‌وه باس له‌وه ده‌کرا که ئێران له پشت ئه‌م پلانه‌وه بوه و بانگهێشتکردنی نه‌وشیروان مسته‌فا له لایه‌ن ئێرانه‌وه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته بوه. به واتایه‌کی تر بارزانی له ئایندهی ده‌سه‌ڵاتی دڵنیا نیه.
له لایه‌کی تره‌وه و به‌هه‌ڵسه‌نگاندنی زۆر له چاودێرانی سیاسی په‌یوه‌ندیه‌کانی بارزانی و ئیداره‌ی ئۆباما ساردوسڕ بونه‌ته‌وه. ئه‌م ساردبونه‌وه‌یه به‌زه‌قی به‌رچاو که‌وت دوای ئه‌وه‌ی بارزانی به‌توندی به‌رامبه‌ر مالیکی وه‌ستا و ئه‌مەریکا نه‌ک ته‌نها پشتیوانی لێنه‌کرد، به‌ڵکو کۆسپی زۆریشی بۆ دروستکرد. له ئاکامی هه‌ڵوێستی بارزانی قه‌یرانێکی سیاسی له عێراقدا دروستبوه که له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی ئه‌مەریکا له عێراق و ناوچه‌که ناگونجێت که خۆی له یه‌کگرتویی عێراق و حکومه‌تی شه‌راکه‌تی نیشتمانی و ئاسایشی ناوچه‌که‌دا ده‌بینێته‌وه. هۆکارێکی گرنگی تر ره‌تکردنه‌وه‌ی چه‌ند داواکاریه‌کی بارزانی بو له ئیداره‌ی ئۆباما، له‌وانه په‌یوه‌ندی تایبه‌ت له‌نێوان هه‌رێم و ئه‌مەریکا و مسۆگه‌رکردنی پشکی کورد له‌و چه‌کانه‌ی ئه‌مەریکا به عێراقی ده‌فرۆشێت.
له‌م بارودۆخه‌دا بارزانی هه‌وڵده‌دات به نزیکبونه‌وه‌ی له ئێران چه‌ند ئامانجێک بپێکێت:
1- مهسهجێک بدات به تاڵه‌بانی، که ئه‌و ده‌توانێت به‌رێگه‌ی کردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌کانی کوردستان به‌روی بازرگانی له‌گه‌ڵ ئێران‌دا هه‌م مه‌نفه‌زێک بۆ ئێران بکاته‌وه بۆ شکاندنی ئابڵوقه ئابوریه نێوده‌وڵه‌تیه‌کان له سه‌ری و هه‌م هه‌رێم بکاته ناوچه‌یه‌کی کراوه بۆ ئاودیوکردنی سه‌دان ملیۆن دۆلار بۆ ئێران. به‌م شێوه‌یه به‌ڕه له ژێر پێی یه‌کێتی رابکێشێت.
2- مهسهجێکی دو مانایه بۆ ئه‌مەریکا: لایه‌نێکی پیشاندانی نیه‌ته بۆ چاره‌ی کێشه‌کانی عێراق و ناوچه‌که ئاماده‌یه له‌گه‌ڵ وڵات و هێزه‌کانی ناوچه‌که لێدوان و هه‌ماهه‌نگی بکات، ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ کرۆکی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی یه‌که‌می ئه‌مەریکادا ده‌گونجێت، چاوه‌ڕوان ده‌کرێت له خولی دوه‌میدا ئۆباما ده‌ستی زیاتر له خولی یه‌که‌م کراوه‌تر بێت و گۆڕانکاری به‌رچاو له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی به تایبه‌ت به‌رامبه‌ر ئێران و سوریا بگرێته‌به‌ر. لایه‌نه‌که‌ی تریش جۆرێکه له فشارکردنه سه‌ر ئه‌مەریکا به‌ڕێگه‌ی به‌کارهێنانی کارتی ئێرانه‌وه.
3- بارزانی له‌گه‌ڵ ئێرانیه‌کاندا هه‌وڵ ده‌دات پشتگیری توند له مالیکی نه‌که‌ن و به‌دوای کاندیدێکی شیعه‌ی تردا بگه‌ڕێن، که ئه‌وه‌نده وه‌ک مالیکی چاوبڕكێ له‌گه‌ڵ ئه‌مەریکادا نه‌کات. به‌هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌وروبه‌ری بارزانی ههنگاوێکی له‌و جۆره له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه پێگه‌ی ئێران له عێراقدا له‌وه‌ی ئێستای به‌هێزتر ده‌کات. ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی له‌م دواییه‌دا ئیداره‌ی ئۆباما پشتگیری خۆی بۆ مالیکی زۆر راشکاوانه دوپات کرده‌وه.
لێره‌دا پێویست ده‌کات ئاماژه به روداوێک بده‌م که گرنگی خۆی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌کانی نێوان ئێران و بارزانی هه‌یه: "رژێمی داگیرکه‌ری قودس خاکی هه‌رێمێکی نزیک سنورمان به‌کار ده‌هێنێت و ته‌نانه‌ت بنکه‌ی مه‌شقکردنی تێرۆریست و سه‌ربازیان له‌و هه‌رێمه هه‌یه" ئه‌مه لێدوانی ئاغای حه‌یده‌ر موسلیح وه‌زیری ئیتلاعاتی ئێرانه له 17 حوزه‌یرانی 2012 دا.
به‌پێی راپۆرتێکی ئێرانی "هه‌رێمی کوردستان بۆته که‌نارێکی ئارام بۆ سیخوڕه‌کانی موساد و له‌وێوه کاره تیرۆریستیه‌کانیان دژ به پسپۆڕه ئێرانیه‌کانی بواری نه‌وه‌وی ئه‌نجام ده‌ده‌ن".
پێشتریش به‌رپرسه ئێرانیه‌کانی تر ئاماژه‌یان داوه به‌وه‌ی که ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی دژ به ئێران له ناوچه‌کانی دراوسێوه ئاراسته ده‌کرێن.
میدیاکانی ئێران پێشتر باسیان کردبو که مه‌سرور بارزانی دو به‌رپرسی ئیسرائیلی بینیوه، ئه‌وانیش: به‌رپرسی ئۆپه‌راسیۆنه تایبه‌ته‌کانی ئیسرائیل و هه‌ماهه‌نگکه‌ری په‌یوه‌ندیه‌کانی ئیسرائیل و هه‌رێمی کوردستان. له دانیشتنێکی یه‌ک سه‌عات و نیودا هه‌ر دولا گرنگیان به‌گه‌شه‌پێدانی په‌یوه‌ندیه سه‌ربازیه‌کانی نێوانیان و بازرگانی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل‌دا داوه.
بارزانی به نزیکبونه‌وه له ئێران و رازیکردنیان له چه‌ند بوارێک‌دا مه‌به‌ستیه‌تی خۆی له‌و قه‌یرانه سیاسیه‌ی تێدا گیرساوه‌ته‌وه له سه‌ر ئاستی عێراق و کوردستان ده‌رباز بکات به‌رێگه‌ی به‌گه‌ڕخستنی رۆڵی ئێران له عێراق و کوردستاندا.
ئێران وه‌ک زلهێزێکی ناوچه‌که به‌ردوام کاریگه‌ری زۆری هه‌یه، ئه‌وه‌ی پێویسته کورد ده‌رکی پێ‌بکات ئه‌م کاریگه‌ریه‌ی ئێران له‌م سه‌رده‌مه‌دا ستراتیژی نیه. هیچ رۆڵێکی به‌رچاوی له ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی که‌نداو نیه، له سیاسه‌تی ئۆپێک دابڕاوه و هه‌نارده‌کردنی نه‌وته‌که‌ی که‌وتۆته ژێر ئابڵوقه و چاودێری توندی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه، له دنیای ئیسلامدا نوێنه‌رایه‌تی که‌مینه‌یه‌کی مه‌زهه‌بی ده‌کات و له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی وڵاتانی ئیسلامی ناوچه‌که (تورکیا و ئه‌فغانستان و پاکستان و وڵاتانی که‌نداو و و میسر ...هتد) کێشه و نه‌گونجاندنی هه‌یه. ئێران به‌رده‌وام له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی لێدانی سه‌ربازیدایه و له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیشدا دابڕاوه. ئه‌وه‌ی ئێران ده‌توانێت کاری له‌سه‌ر بکات ئاراسته تهکتکیهکانه، به واتایه‌کی تر کێشه نانه‌وه و وه‌ساته‌ت کردن و پشتگیری و دوژمنایه‌تی کردنی ئه‌م و ئه‌و.
بارزانی له‌م هه‌وڵه‌یدا تورکیای له بیرنه‌کردوه و بێگومان مه‌به‌ستیه‌تی هاوسه‌نگیه‌ک له‌و روه‌وه ساز بکات. ئه‌م جۆره مامه‌ڵه‌کردنه کارێکی بێ مه‌ترسی نیه، چونکه دۆخی سیاسی ناوچه‌که زۆر ئاڵۆز و گرژه و ته‌نراوه به چه‌ندین هۆکار و زه‌مینه‌ی ته‌قینه‌وه. ته‌نها یه‌ک هه‌نگاوی نه‌گونجا و هه‌ڵه کافیه بۆ به‌رپابونی ئاگرێک که کورد ده‌ره‌قه‌تی نایه‌ت و نمونه‌ی حوکمڕانیش له باشور ده‌بێته یه‌کێک له قوربانیه‌کانی.
مه‌ترسیه‌کی تری ئه‌م هاوسه‌نگی راگرتنه ئه‌وه‌یه کورد له باشور و نمونه‌ی حوکمڕانی تێهه‌ڵکێشی کێشه‌کانی 1400 ساڵی نێوان شیعه و سوننه بکرێت، له کاتێکدا تاران و ئه‌نکه‌ره وه‌ک دو پایته‌ختی به‌هێز نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و دو ته‌ره‌فه‌ی ئیسلام ده‌که‌ن.
|
|
|