چیا عه‌باس
لەماوەی دواییدا ململانێکانی نێوان دەسەڵات لەلایەک و گۆڕان و میدیای ئازاد و کۆمەڵ و رێکخراوە سیڤیلەکان و دەنگەکانی ناڕەزایی لەلایەکی ترەوە چونەتە قۆناغێکی نوێه‌وه، قۆناغێک دەمامکی لکێنراو بە روخساریەوە رادەماڵێنێت و بەردەوامبونی بەو شێوازە ئەگەرەکانی یەکلاکردنەوە گەرمتر دەکات.
لەنێو تەوژم و هەڵچونی ئەم قۆناغەدا دەسەڵاتداران داوا لە گۆڕان دەکەن پێرەوی ئۆپۆزسیۆنکردنی ئەقڵانیەت و واقیعبینانە بکات و بە پەنابردنەبەر خەڵقاندنی گرژی و راگەیاندنی توند گوناهباری دەکەن.
دەسەڵات ئاغا ئاسا وکەللـەرەق و بێباکانە تا ئەم ساتەش ددانی بەیەک هەڵەی خۆیدا نەناوە و بۆ کەسێک شارەزایان نەبێت بە فریشتەیان لەقەڵەم دەدات، ئەم گەمە و چاوشارکێیەی دەسەڵات لەگەڵ گۆڕان ماوەی ساڵ و نیوێکە بەچەندین سیناریۆ نمایشده‌کرێن.
ئەزمونی ساڵ و نیوێک لە تەمەنی گۆڕان بە دو ئاڕاستەدا رۆیشتوە:
وێرای ئەوەی ئەو ساڵ و نیوە بۆ گۆڕان و بەرپرسانی و هەڵسوڕاوانی ئەزمونێکی نوێ و زۆر سەخت و دژوار بو، وەلێ گۆڕان وەک بزوتنەوەیەک پێگە و هێزی سیاسی بەدەستهێناوە و بۆتە فاکتەرێکی پایەدار لە ره‌وشی سیاسی کوردستان.
فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان هێزیکی ئۆپۆزسیۆنی بەرچاوە و فراکسیۆنه‌که‌شی له به‌غدا به ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ده‌ست به‌کاربوه.
هەر دو ئاراستەکە ئامێری سیاسی و یاسایی کارکردنن بۆ بەرنامەی بزوتنەوەکە.
لەم تەمەنە کورتەدا مامەڵەی دەسەڵات وەک سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتی هەرێم و نوێنەرەکانی دەسەڵات لە پەرلەمان و سەرۆکایەتی پەرلەمان و دو حیزبەکەش لەگەڵ گۆڕان ئارام نەبوە و بە شێوزاکانی زیگزاگ و ناڕۆشن به‌ڕێوه‌یان بردوه و تەنانەت ستەمکاری و ناهەقی زۆریشی لەخۆ گرتوە، هۆکاری سەرەکی ئەم جۆرە لە مامەڵەکردنە ئەوەیە کە ده‌سه‌ڵاتداران گۆڕان به سه‌رسه‌ختترین ئاسته‌نگ بۆ به‌رنامه و خواستیان ده‌بینن و ئەم دامودەزگایانە بونەتە ئامرازێک بەدەست لوتکەی دەسەڵاته‌وه و بە قورمیشکردن و ریمۆتی ئەوان نوزه‌یان لێوەدێت، سەرۆکایەتی هەریَمیش لە چەند ساتێکی گرنگدا وەک دەزگایەکی یاسایی و بێلایەن مامەڵەی روداو و گۆڕانکاریەکانی نەکردوە، لە بەرامبەریشدا مامەڵەی گۆڕان لەگەڵیاندا سەقامگیر و رون نەبوە، گۆڕان تاپێی کرابێت بە کاریگه‌ری ئەو مامەڵە توندە بەردەوامەی دەسەڵات لەگەڵیدا خۆی لە دەسەڵات دور راگرتوە، لەئاکامدا قەیرانی له‌رزۆکی و لاوازی متمانە دروستبوە و کار و رەنگدانەوەکانیش بێسەروبەرانە لەو بازنەیەدا په‌نگیان خواردۆته‌وه، جارجار بۆ هه‌ناسه‌دان و که‌مکردنه‌وه‌ی فشاره‌کان گرژی و ته‌قینه‌وه روده‌ده‌ن، له‌م حاڵه‌تانه‌دا ده‌سه‌ڵات گۆڕان تۆمه‌تبار ده‌کات و گۆڕانیش زیاتر خۆی وه‌ک قوربانیه‌کی ده‌سه‌ڵات نمایش ده‌کات، له‌م دۆخه‌ی بێنه‌وبیبه‌دا ده‌زگایه‌ک یا لایه‌نێکی بێلایه‌ن نیه حو‌کمێکی ره‌وا بدات و له‌و خاڵه‌وه رێگه‌چاره‌یه‌ک سازبکرێت، له پره‌نسیپدا یه‌که‌م ده‌زگا بۆ ئه‌و کاره ده‌بێت په‌رله‌مان بێت و سه‌رۆکی هه‌رێمیش سه‌رپه‌رشتی و چاودێری پرۆسه‌که بکات.
لە ئەزمونەکانی ئەم ساڵ و نیوەدا دەرکەوتوە گوێڕایەڵی کوێرانەی پەرلەمان و حکومەتی هەرێم بۆ ویستی دەسەڵاتداران هەم بەرپرسیاریەتیانی خستۆتە بەردەم پرسیارەوە، هەروەهاش زەمینەیان بۆ کەڵەکەکردنی چەندین مەترسی لە خودی حوکمڕانی و دەسەڵاتە حیزبیەکەی پشتیانەوە خۆش کردوە، زۆرینەیان لە پەرلەماندا هه‌روه‌ک که‌مینه‌ش مافی نوێنەرایەتیکردنی میللەتیان پێنابه‌خشێت و ئەو زۆرینەیە رەنگدانەوەی واقیعی قۆناغێکی ئاڵۆز و سەختە و تا ئه‌م ساته‌ش نه‌بۆته زه‌مینه و پێوەرێک بۆ عەدالەت و حوکمی یاسا و راست و دروستی بڕیارەکانیان و ئایندەیەکی روناک، زۆرینه‌ی لای خۆمان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه کراوه‌ته ئامێر و چه‌کوشێک له‌به‌ر ده‌ستیدا و بۆ گورزوه‌شاندن به‌کاریان هێناوه و مانا دیموکراسی و مۆراڵه‌که‌ی کاڵبۆته‌وه.
ئەم پەرلەمانە لە 19 ساڵی تەمەنیدا روبەڕوی چەند قەیران و کێشەی گەورە بۆتەوە، سەختترینیان لە ئاکامی شەڕی ناوخۆ لەتکردن و ئیفلیجکردنی بو بۆ چەند ساڵێک، پاشکۆیەتی بۆ دەسەڵاتداران، لەکەداربونی متمانەی نەتەوەیی لە ئاکامی بونی چەند ئەندامێک لە خولەکانی کارکردنیدا کە کۆنە بەعسی و جاش و لەبەرەی خیانەت بون و بە قودرەتی دەسەڵاتداران کراون بەنوێنەری قوربانیەکانی تاوانەکانیان، لاوازی و لایەنداریەتی سەرۆکایەتی پەرلەمان و کارکردنیان بەشێوازی کارکردن لە حوجرەی حیزبی داخراودا، ئەم پەرلەمانە نەشیتوانیوە ببێتە مەرجەعێک بۆ مەسەلە نەتەوەییەکان، بڕیارەکان لەلایەن لوتکەی دەسەڵاتی حیزبەوە بەساریاندا دەسەپێنرێت، ئەوان، ئەگەر پێویست بکات، تەنها لەسەریانە مۆر و ئیمزایەکی "دیموکراسی ئاسای" بۆ دابینبکەن، بەتەنیشت ئەمانەشەوە پەرلەمان لە چەندین مەسەلەی زۆر گرنگدا پەراوێزکراوە، وەک پەیوەندیەکانی هەرێم لەگەڵ دنیای دەرەوە، گرێبەستە نەوتیەکان، شێواز و چۆنیەتی بەشداریکردن لە حکومەتی بەغدا و کێشە هەڵسەپێنراوەکانی تری هەرێم، بەکورتی پەرلەمان بۆتە شەبەحی وەهمێکی دیموکراسی کە بەرهەمی خەیاڵێکی نەزۆکە بۆ پاوان‌کردنی نوێنەرایەتیکردن و بەڕێوەبردنی خاک و نەتەوە.
حکومەتی هەرێمیش لە پەرلەمانەکە باشتر نەبوە، بێدەنگی لەئاستی تۆقاندن و نانبڕین و ئەزیەتدانی گۆڕانکاران، دوڕویی و گەمەی بێتامی لەمەڕ بودجەی گۆڕان و حیزبه‌کان و رێکخراوه‌کان، کەموکوڕی لە زۆربەی کارەکانی و کلۆرکردنی جەستەکەی بەهۆی گەندەڵی و دەستتێوەردانی حیزبیەوە بونەتە مایەی بەرفراوانبونی بەرەی نارەزایی ئۆپزسیۆنی فەرمی و ناڕەزایی شەقامی کوردی، ده‌سه‌ڵات خۆشی بوێت یا تاڵ حکومه‌تی هه‌رێم ئاوێنه‌ی رێککه‌وتنی شه‌راکه‌تی سیاسیه‌تی به به‌رگێکی یاساییه‌وه زیاتر له‌وه‌ی ره‌نگدانه‌وه‌ی پرۆسه‌یه‌کی دیموکراسی بێت. ورده‌کاریه‌کانی ده‌رئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردنه‌کانی ته‌مموزی 2009 ئه‌و راستیه ده‌سه‌لمێنن.
لەسایەی ئەم دۆخەدا هەم پەرلەمان و هەم حکومەتەکەشی وەک دەسەڵاتێکی کارتۆنی بەرچاو دەکەون.
تا دەسەڵات ئەم جۆرە لە پەرلەمان و حکومەتە بەرهەم بهێنێت بواری ئۆپۆزسیۆنکردنی ئەقڵانیەت تێدا زۆر ئەستەمە.
گۆڕان لەو ساڵ و نیوەدا نەک تەنها روبەروی گەمارۆدانی یاسایی ناو پەرلەمان بۆتەوە، بەڵکو روبەروی ستەمی سیاسی و دارایی و چاودێریکردنی توندی دەزگاکانی هەواڵگری دەسەڵاتدارانیش بۆتەوە، بەزانینی راستیەکی حاشاهه‌ڵنه‌گر کە گۆڕان هێزێک نیە دەستەمۆ بکرێت، بەردەوامبونی ئەم شێوازە لە کارکردن پرسیارێکی جدی دەوروژێنێت: ئایا ئەو ساتە لە پێشماندا نیە کە گۆڕان فراکسیۆنەکەی لەو پەرلەمانە سڕبکات و کارەکانی ئۆپۆزسیۆن لەدەرەوەی پەرلەمان لە پلاتفۆرمێکی کۆمەلاَیەتی و نەتەوەیی وەک ئەڵتەرنەتیڤێک بەئەنجام بهێنێت؟
بەشێک لە دەسەڵات، بەتایبەت یەکێتی نیشتمانی کوردستان، کە خودی خۆی بۆتە قوربانی هەڵە سیاسی و حوکمڕانیەکانی رابوردوی نزیکی، لە بەردەم دەروازەی پارتی هاوپەیمانیدا تامی چاوەڕوانیەکی بێهودەی چێشتوە، یەکێتی بۆ قوتاربون لەم بازنە داخراوە راشکاوانە بانگەشە بۆ چەمکی تەوافق لەگەڵ هەمو لایەنەکاندا دەکات، بەشێک لەم هەڵوێستەی یەکێتی هەوڵێکە تا لاسەنگی هاوسەنگی هێز لە کوردستان راستبکرێتەوە، کرانەوەشی لەماوەی دواییدا بەروی گۆڕان و ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامی لەو روانگایەشه‌وە سەرچاوەی کردوە، کەسێک بە مێژو و سروشتی پێکهاتەکانی یەکێتی نامۆ نەبێت بەباشی لەو هەوڵی قوتاربونە تێدەگات، دەشێ گۆڕان زۆر ورد ئەم هەڵۆێستەی یەکێتی یا هه‌ر لایه‌نێکی تر هەڵبسەنگێنێت و تا ئەو ئاستەی لە بەرژەوەندی حوکمڕانی و نەتەوەییدا بێت بەپیریەوە بچێت، وێڕای ئەوەی گۆڕان ئەو مقاشە نیە بە فیکەی هەر لایەنێکی دەسەڵات ژیلەمۆی ئاگردانی بۆ دەرهێنێت، وەلێ دەکرێت تەوافقی سیاسی لە کوردستان سەرەتایەک سازبکات تا دەسەڵات رێگەی ئەقڵانیەت بگرێتەبەر و لە مەغروریەت و بێباکی پاشەگەز بێتەوە و جۆرێک له عه‌داله‌تی نه‌ته‌وه‌یی شوێن به ناهه‌قی و فه‌رامۆشکردن له‌ق بکات.
|