چیا عه‌باس
دیدار و گفتوگۆی به‌رێزان مام جەلال و نه‌وشیروان مسته‌فا له میانه‌ی کۆبونه‌وه‌ی یه‌کێتی و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له رۆژی 24 سێپته‌مبه‌ری 2012 و رێکه‌وتنی هه‌ر دو لا، وه‌ک له راگه‌یاندراوی دوای کۆبونه‌وه‌کدا باسی لێکراوه چه‌ندین پرسیار و لێکدانه‌وه هه‌ڵده‌گرێت.
پێشئه‌وه‌ی باس له کرۆکی بابه‌ته‌که بکه‌م پێویست ده‌کات جه‌خت له راستیه‌کی مێژویی حاشاهه‌ڵنگر بکرێت، ئه‌ویش په‌یوه‌ندی ئه‌م دو که‌سایه‌تیه که له خه‌بات و به‌یه‌که‌وه کارکردنی نزیکه‌ی نیو سه‌ده‌دا دروستبوه کاریگه‌ری و ره‌نگدانه‌وه‌ی زۆریان له‌سه‌ر سازدانی کۆبونه‌وه‌که و ئه‌نجامدان و ئاکامه‌کانی هه‌بوه.
راسته ئه‌و دو به‌ڕێزه به درێژایی خه‌باتی هاوبه‌شیان ناکۆکی و ململانێی سیاسی و فکری ئاشتیانه‌یان هه‌بوه، وه‌لێ له‌و مێژوه درێژه‌دا و زۆر تایبه‌ت له دروستبونی یه‌کێتیه‌وه تا ساڵه سه‌ره‌تاکانی هه‌زاره‌ی نوێ هه‌ر دوکیان ته‌واوکه‌ری یه‌ک په‌یامی هاوبه‌ش بون، به‌تایبه‌ت له سه‌رده‌می خه‌باتی شاخدا بۆ کارنامه‌ی سیاسی و سه‌ربازی و رێکخراوه‌یی و نه‌ته‌وه‌یی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان، وه‌ک دو جه‌مسه‌رگه‌ری به‌هێزی جیاواز و یه‌کگرتوش کاریان کردوه.
دوای دروستبونی گۆڕان ململانێکانی نێوانیان پێیان نایه قۆناغێکی ئاڵۆز و گرژ، له ئاکامدا بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێک راسته‌وخۆ له یه‌کتر دابڕان. له سایه‌ی ره‌وشی دابڕان چه‌ند لایه‌ن و ده‌سته و که‌سانێک سه‌رقاڵی راوکردن بون له‌و گۆمه شڵه‌قاو و لێلهدا و که‌سان و لایه‌نی تریش هه‌بون، که زۆر دڵسۆزانه و بهئهمهکانه تاڵ به‌تاڵ و بست به‌بست په‌یوه‌ندیه‌کانی هه‌ر دوکیان هێور ده‌کرده‌وه و گونجاو له‌گه‌ڵ ره‌وشه نوێکه‌دا هه‌وڵی داڕشتنه‌وه‌یان ده‌دا.
کۆبونه‌وه‌ی 24 سێپته‌مبه‌ر و رێکه‌وتنه‌که‌ش له که‌ش و هه‌وای تهشریفاتیدا ساز نه‌کرابو، ئه‌م روداو و گۆڕانکاریه ته‌نها په‌یوه‌ندی به دو لایه‌نی رێکهوتنهوهکهوه نیه و له سنوری یه‌کێتی و گۆڕاندا ناگیرسێته‌وه و سه‌رجه‌م ژیانی سیاسی و حوکمڕانی و په‌رله‌مانی هه‌رێم ده‌گرێته‌وه. هۆکارێکی زۆر به‌رچاو بۆ ئه‌م چاوه‌ڕوانیه پێگه‌ی به‌هێزی هه‌ر دو لایه‌نه‌که‌یه له دۆخی ئێستای کوردستان و عێراق و ناوچه‌که.
خوێندنه‌وه‌یه‌کی وردی خاڵه‌کانی رێکه‌وتنه‌که ده‌یسه‌لمێنیت که ئاڕاسته‌که‌ی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیه و هیچ ده‌سکه‌وت و ئیمتیازێکی تایبه‌ت به دو لایه‌نه‌که نابه‌خشێت. هه‌موارکردنه‌وه‌ی ده‌ستور و یاساکانی ره‌هه‌ندی نه‌ته‌وه‌ییان هه‌یه، به‌رقه‌رارکردنی سیسته‌می په‌رله‌مانی و چاکسازی سیاسی و حوکمڕانی و مامه‌ڵه‌کردنی نه‌ته‌وه‌ییانه له‌گه‌ڵ به‌غدا کرۆکی به‌رژه‌وه‌ندی باڵای نه‌ته‌وه‌یی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ن و رێکه‌وتنه‌که‌ش جه‌ختی سه‌ره‌کی له‌و کرۆکه کردۆته‌وه.
له‌م روانگەیه‌وه جێبه‌جێکردنی ئه‌و خاڵانه و پشتگیری کردنیان ئه‌رکی هه‌مو لایه‌ن و رێکخراو و که‌سێکه، که به‌ته‌نگی ره‌وشی کوردایه‌تیه‌وه بێت له باشوری کوردستان.
رێکه‌وتنه‌که نه مناوه‌ره‌یه‌کی سیاسیه و نه گهلهکۆمهکردنه و له پێگه و هێزی لایه‌نه‌کانی تری کوردستانی که‌م نه‌کردۆته‌وه، به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی "گریێهکی سه‌ختی ئاڵۆزی" خاوکردۆته‌وه و ده‌شێت هه‌مو لایه‌نێک له‌و هێوربونهوهیه سودمه‌ند بێت، ئه‌مه‌ش به راده‌ی سه‌ره‌کی که‌وتۆته ئه‌ستۆی خودی ئه‌و لایه‌نانه چۆن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ن. ئه‌گه‌ر ئه‌م رێکه‌وتنه جێبه‌جێ کرا ئه‌وا له سنوری گه‌مه‌ی دیموکراسیدا، که زۆر ره‌وا و دروسته، ئه‌گه‌ری زۆر نوێ، جیاواز له بیست ساڵی رابردو، دێنه مه‌یدانه‌وه و خزمه‌تی نمونه‌ی حوکمڕانی خۆماڵی و دیموکراسیش ده‌کات.
ئه‌گه‌رچی رێکه‌وتنی شه‌راکه‌ت "ستراتیژی" نێوان پارتی و یه‌کێتی به راده‌ی سه‌ره‌کی سودی به دو لایه‌نه‌که به‌خشیوه (وه‌ک دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات و داهات)، به‌ڵام ئه‌و به‌خشینه نرخێک بوه کورد به دڵگرانیه‌وه هه‌رای له‌سه‌ر نه‌کردوه، چونکه پاش چه‌ندین ساڵی شه‌ڕی ناوخۆ هانده‌رێک بوه بۆ ئاشتی سیاسی له کوردستان. رێکه‌وتنی 24 سێپته‌مبه‌ر دژ به‌و رێکه‌وتنه ستراتیژیه نیه، به‌پێچه‌وانه‌وه که‌موکوریه بنه‌ڕه‌تیه‌کانی راستده‌کاته‌وه و تایبه‌ت مه‌ودای قۆرخکردنی ره‌وشی سیاسی و حوکمڕانی که‌مده‌کاته‌وه و یه‌کێتی وه‌ک لایه‌نێکی رێکه‌وتنی ستراتیژی ئاماده‌یی ئارهزوماندانهی خۆی بۆ خاوکردنه‌وه‌ی گرێدانه‌وه‌ی به‌و دۆخه‌وه راگه‌یاندوه، رێکه‌وتنی سێپته‌مبه‌ر پێگه‌ی یه‌کێتی له هه‌وڵه‌کان بۆ داڕشتنه‌وه‌ی رێکه‌وتنی شه‌راکه‌ت له به‌رامبه‌ر پارتیدا به‌هێزتر ده‌کات، چونکه به‌ره‌یه‌کی سه‌ره‌کی ناکۆکی و ململانێکانی هێور بۆته‌وه. له هه‌مان کاتیش‌دا رێکه‌وتنی 24 سێپته‌مبه‌ر هه‌وڵدانێکه بۆ راستکردنه‌وه‌ی هاوسه‌نگی هێز له کوردستان، هاوسه‌نگیه‌ک له دو ساڵی دواییدا به‌زه‌قی تێکچوه و ئه‌گه‌ر نه‌خرێته‌وه چوارچێوه دروست و گونجاوه‌که‌ی خۆیه‌وه چاوەڕوانی ئاکامی زهرهربهخشی لێده‌کرێت، هه‌رچه‌نده ئه‌م هاوسه‌نگیه له روکه‌شدا به به‌رگی حیزبیه‌وه نمایش ده‌کرێت، به‌ڵام تێکچونهکهی کاره‌ساتی نه‌ته‌وه‌یی لێده‌که‌وێته‌وه.
بێگومان لایه‌ن و که‌سانێک هه‌ن به‌م رێکه‌وتنه دڵگرانن یاخود تێبینی و گومان و پرسیاریان هه‌یه، یه‌کێک له‌و تێبینیانه له لایه‌ن چه‌ند براده‌رێکی ناو پارتیه‌وه باسی لێده‌کرێت، ئه‌ویش گومانیان هه‌یه که ئێران زه‌مینه‌سازی بۆ ئه‌مه کردبێت.
ئێمه له ناوچه‌یه‌کدا ده‌ژین و سیاسه‌ت ده‌که‌ین که به حوکمی مێژو و ئایین و فاکته‌ره‌کانی کەلتوری و نه‌ریت و نه‌ته‌وه‌ییشه‌وه زۆ به‌توندی، خۆشمان بوێت یا تاڵ، به‌یه‌که‌وه گرێدراوین. کار و ره‌فتارمان ره‌نگدانه‌وه و کاریگه‌ری له سه‌ر یه‌کتری ده‌که‌ن. بۆ کورد و تایبه‌ت لایه‌ن و که‌سایه‌تیه ساسیه‌کانی زۆر گرنگه چۆن له میانه‌ی ئه‌و هاوکێشه‌یه‌دا سه‌ربه‌خۆیی خۆیان بپارێزن و وڵات و حکومه‌ت و لایه‌ن و که‌سایه‌تیه‌کانی تر له خۆیان نهرهنجێنن و نه‌بێته مایه‌ی دروستکردنی کێشه بۆمان. بۆ ئه‌نجامدانی رێکه‌وتنێک له‌و جۆره که ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی سیاسی کوردستان و ناوچه‌که ده‌بێت، زۆر ئاساییه به‌وردی به‌رژه‌وه‌ندیه زۆره‌کانی وڵاتان و هێزه‌کانی ناوچه‌که بخرێنه ژێر زه‌ره‌بینێکی دوربینه‌وه و له هه‌مان کاتیش‌دا سه‌ربه‌خۆیی خۆت له بڕیاردان بپارێزیت.
بێگومان که‌سان و ده‌سته‌ش له ناو هه‌مو هێزه‌کانی کوردستاندا هه‌ن که ئه‌م رێکه‌وتنه له به‌رژه‌وه‌ندیاندا نیه، تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له ململانێ و ناکۆکیه بێ کۆنترۆڵ و بێ ئاڕاستهکراوکانی نێوان گۆڕان و لایه‌نه‌کانی تردا سه‌رقاڵی به‌هێزکردنی پێگه و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان بون و له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی پێشودا وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌نگوینیان له دارێکی کلۆردا دۆزیبێته‌وه سه‌رقاڵی به‌خشینه‌وه‌ی "تفتوتاڵیهکان" شه‌وی به‌راتیان بون. ئه‌مانه ئه‌مڕۆ کهنارگیرن و ده‌بێت هه‌مومان و تایبه‌ت دو لایه‌نی رێکه‌وتنه‌که چاویان له سه‌ریان بێت.
ناشێت ساویلکه ئاسا وا بزانین دوای ئه‌م رێکه‌وتنه شامی شه‌ریفه، به‌ڵام سازدانی و کارکردن له‌سه‌ری و ساڕێژکردنی زامه‌کانی چه‌ند ساڵانی رابوردو ئومێد و و توانا‌مان پێده‌دات بۆ به‌دیهنانی ئه‌و ئاینده‌یه‌ی له رێکه‌وتنه‌که‌دا چه‌سپێنراوه.
|