ته‌نگه‌به‌ره‌کانی به‌رده‌م کورد
|
چیا عه‌باس
راپه‌رینی 1991 له باشور و دواتر روخاندنی رژێمی سه‌دام له 2003دا دو وێستگه‌ی زۆر گرنگی مێژویین له بزافی کوردایه‌تی له باشور، چونکه ئه‌زمونی حوکمڕانی خۆماڵی له‌سایه‌ی پاراستنی ئه‌مەریکا و خۆرئاوا ده‌ستی پێ‌کرد. له‌و ساته‌وه دو هێزی ده‌سه‌ڵاتداری حوکمڕانی نه‌یانتوانی کارنامه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی بکه‌نه پێڕه‌وی کارکردن و مامه‌ڵه‌کردن له ئاستی باشور و حوکمڕانی هه‌رێم و مامه‌ڵه‌کردن له گه‌ڵ به‌غداد و دنیای ده‌ره‌وه‌دا، رێکه‌وتنی ستراتیژی زیاتر کارنامه‌ی حیزبی بو له به‌رگێکی نه‌ته‌وه‌ییدا و ده‌رکه‌وت نه‌یتوانیوه پێدوایستیه بنه‌ڕه‌تیه‌کان بۆ حوکمڕانیه‌کی دادپه‌روه‌رانه و یاسایی و یه‌کڕیزی نه‌ته‌وه‌یی و هێزێکی به‌رگری نیشتمانی دابینیان بکات.
قۆناغێکی نوێ
دوای هێرشه‌کانی داعش بۆ سه‌ر کوردستان دۆخێکی نوێ خهڵقاوه، دۆخێێک تێیدا زۆربه‌ی زلهێزه‌کانی دنیا به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان پشتگیری و هاریکاری کورد ده‌که‌ن. شه‌ڕی کورد به‌رامبه‌ر به داعش وه‌ک هێزێکی تێرۆریستی وه‌حشی نه‌ک ته‌نها له چوارچێوه‌ی ئه‌رکێکی پیرۆزی نهتهوهیهتیدا گیرساوه‌ته‌وه، به‌ڵکو ئاراسته‌ی به‌رفراوانی نێوده‌وڵه‌تیشی تێهه‌ڵکێش بوه.
پرسیار و ته‌م و لێڵی به‌رامبه‌ر ئه‌م ئاراسته نێوده‌وڵه‌تیه له شوێنی خۆیاندان، که‌وتۆته سه‌ر ئه‌ستۆی کورد خۆی تا چه‌ند ده‌توانێت کاری جدی له‌سه‌ر ئه‌م ئاراسته‌یه بکات و کاری بێ‌وچان بکات بۆ سودوه‌رگرتنی گه‌وره لێی بۆ ئایندهی کورد.
لێره‌دا چه‌ند پرسیاری گرنگ هاتونه‌ته ئاراوه، یه‌کێک له‌وانه ئایا سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد له‌و ئاسته‌دایه بۆ ئه‌و ئاراسته‌یه کاربکات؟
پرسیارێکی تر، ئایا سهرکرداتی سیاسی و ده‌سه‌ڵاته فه‌رمیه‌کانی هه‌رێم نیه‌ت و نیازیان هه‌یه به‌رامبه‌ر ئه‌و بهدهنگهوههاتنهی کورد له باشور و له به‌شه‌کانی تری کوردستان له به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی داعش و پاککردنه‌وه‌ی خاکی کوردستان لێێان کارنامه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی ده‌سته‌جه‌معی داڕێژن، که سیما گه‌وره‌که‌ی هه‌نگاونانی جدی بێت بۆ قۆناغێکی نوێی کوردایه‌تی؟ قۆناغێک ده‌بێت به چاکسازی گه‌وره له حوکمڕانیدا ده‌ست پێ‌بکات، گوتاری نه‌ته‌وه‌یی یه‌ک بخرێت، مامه‌ڵه‌کردن له گه‌ڵ به‌غداد و وڵاتانی دراوسێ و دنیای ده‌ره‌وه له‌سه‌ر بنه‌ما نه‌ته‌وه‌ییه‌کان به‌ڕێوه‌بچێت، باشوری کوردستان به قوڵاییه‌کی نه‌ته‌وه‌یی بۆ به‌شه‌كانی تری کوردستان دابنرێت.
وێرای ئه‌وه‌ی ئه‌م داواکاریه بنه‌ڕه‌تیانه چه‌ندین جار باسیان لێکراوه و به‌رچاو که‌وتون، به‌ڵام له‌م قۆناغه‌دا که کورد به‌گشتی توشی راچڵهکانێکی نه‌ته‌وه‌یی بو و مه‌ترسیه‌کی کوشنده به‌رده‌رگای گرتوه بونه‌ته پێداویستی زۆر گرنگ.
پێش هه‌مو شتێک ده‌بێت پارتی و یه‌کێتی ده‌رک به‌وه بکه‌ن که وێڕای ئه‌و ناهه‌قی و نادادیه‌ی مێژوی حوکمڕانیان خه‌ڵکی به‌ئه‌مه‌کی کوردستان له‌و میحنهتهدا فریای حوکمڕانی خۆماڵی و خاکی کوردستان که‌وتن و له هه‌ستێکی پاکی کوردایه‌تیه‌وه له روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی داعشدا مه‌سه‌له نه‌ته‌وه‌ییه‌که‌یان کرده کرۆکی هه‌ڵوێست و کاری جوامێرانه‌یان.
ده‌بوا له‌و دۆخه مه‌ترسیدار و ئاڵۆزه‌ی باشوردا په‌رله‌مانتارانی کوردستان له‌بری ئه‌وه‌ی بکه‌ونه گیانی یه‌کتر، پۆل پۆل به‌ناوی کورده‌وه سه‌ردانی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا و رێکخراوه نێوده‌وڵه‌تیه‌کان و وڵاتانی یارمه‌تیده‌ریان بکردایه تا چیرۆکی شه‌ری تێرۆریزم له‌لایه‌ن کورده‌وه بۆ دنیای ده‌ره‌وه رونکهنهوه و سۆز و پشتگیری رای گشتی له‌بابه‌تێکدا که بۆ ئه‌وروپیه‌کانیش زۆر هه‌ستیاره به‌ده‌ست بهێنن، ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتی کوردی له رێگه‌ی په‌یوه‌ندیه‌کانیه‌وه سودێکی زۆر له کامپینی نێوده‌وڵه‌تی دژ به تێرۆریزم وه‌ربگرێت که له ساڵی 2001ه‌وه به‌ره‌یه‌کی زۆر به‌هێز و گه‌وره‌ی دژ به تێرۆریزم دروستکردوه.
له گه‌ڵ ئه‌م که‌موکوڕی و که‌مته‌رخه‌میانه‌ی به‌رچاون، واریدیشه ئه‌م پرۆسه‌یه له‌به‌رده‌م چه‌ند ئه‌گه‌رێکی واقیعیدا دوچاری مه‌ترسی گه‌وره ببێته‌وه، وه‌ک:
1- عێراق و نێوماڵی کورد:
تا ئه‌م ساته‌ش یه‌کڕیزی نێوخۆ له ئاستی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی مه‌ترسیه‌کانی داعش و به‌شداری له حکومه‌تی به‌غداد و مامه‌ڵه‌کردن له گه‌ڵ پشتگیری نێوده‌وڵه‌تی و کوردستانی و هه‌ڵوێست وه‌رگرتن له وڵاتانی ناوچه‌که وه‌ک پێویست نیه. کورد له دانوستانه‌کانی ئێستادا بۆ به‌شداری له کابینه‌که‌ی عه‌بادی وه‌ک جاران ده‌ستی ئه‌وه‌نده کراوه نیه، شه‌ڕی به‌رده‌وام له گه‌ڵ داعش و مه‌رجه نێوده‌وڵه‌تیه‌کان به‌رامبه‌ر پشتگیری‌کردن و فشاری ناوچه‌یی و پاشکۆیه‌تی هێزه‌کان بۆ میحوهرگهری ناوچه‌که بواری سه‌ربه‌خۆیی بریاری کوردیان زیاتر به‌رته‌سک کردوه. بۆیه به‌رده‌وام مه‌ترسی له ئارادایه به‌شێکی زۆری ئه‌زمونی کورد له‌دوای روخاندنی سه‌دامه‌وه له به‌غدا، (ئه‌زمونێک کورد تێێدا به‌شێکی بێده‌سه‌ڵات بوه له هاوکێشه نێوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌ییه‌کان و ده‌سه‌ڵاتدارانی نه‌یانتوانیوه و نه‌شیان ویستوه ئه‌و سنوره ببه‌زێنن)، دوباره‌بێته‌وه و کێشه گه‌وره‌کان پینه‌وپه‌ڕۆ بکرێن، به‌واتایه‌کی تر به‌رده‌وام وه‌ک ده ساڵی رابوردو کورد بگه‌ڕێته‌وه خاڵی سه‌ره‌تا. روداو و هه‌واڵه‌کانی ئه‌مڕۆژانه ئاماژه‌ن به‌نیه‌تی گومانلێکراوی لایه‌نی راسپێردراو بۆ دروستکردنی کابینه‌ی حکومه‌تی عێراق به‌رامبه‌ر به داواکاریه‌کانی کورد. مایه‌ی سه‌رسوڕمانه کورد له‌م دانوستانه‌شدا دوباره‌ی هه‌ڵه مێژوه‌که‌ی ده‌کاته‌وه کاتێک داوای شۆڕکردنه‌وه‌ی ماف و ده‌سه‌ڵات له حوکمڕانیه‌کی نیه‌ت گومان‌لێکراو ده‌کات. ئه‌زمونی هه‌شت ساڵی مالیکی له گه‌ڵ کورد ته‌نها به تهغمهی که‌سایه‌تی خۆی خه‌تم نه‌کراوه، به‌ڵکو به‌شی گرنگ لێی سیاسه‌تێکی سیستیمانهی مه‌زهه‌بی بوه به‌رامبه‌ر به کورد.
2 - هێزه‌کانی پێشمه‌رگه:
وێرای ئه‌وه‌ی ئه‌زمونی ماوه‌ی رابوردو له گه‌ڵ داعش پێگه‌ی دو حیزبی خاوه‌ن هێزی پێشمه‌رگه له چه‌ند ئاستێک‌دا به‌هێزتر کردوه (یارمه‌تی نێوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌یی و چه‌ک و پاره)، وه‌لێ پرسیارگه‌لێکی جدی سه‌باره‌ت به پێکهاته و تواناکانی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌یان به‌رزبونه‌ته‌وه. کێشه‌که ته‌نها به‌نیشتمانیکردنی ئه‌و هێزانه چاره ناکرێت، به‌ڵكو ئه‌و هێزانه پێویستیان به چاکسازی بنه‌ڕه‌تی و نۆژه‌نکردنه‌وه و داڕشتنه‌وه‌ی سه‌ربازی نوێ هه‌یه. کاتێک کاری جدی بۆ ئه‌و چاوەڕوانیه گه‌وره‌یه وه‌ک پێویست نه‌کرێت سیسته‌می به‌رگری نیشتمانی بهکهموکوری و که‌لێنی زۆره‌وه ده‌مێنێته‌وه.
3- هێزه نێوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌ییه‌کان:
به‌کوردی و کورتی کورد له باشور شه‌ڕی دژ به‌تێرۆریزم به‌ناوی ئه‌مەریکا و خۆرئاواوه ده‌کات، له‌لاکه‌ی تریشه‌وه دراوسێی به‌هێزمان، ئێران، شه‌ڕی دژ به داعش وه‌ک زه‌روره‌تێکی مێژویی ده‌بینێت بۆ پاراستنی پێگه و ده‌سه‌ڵات و کاریگه‌ری له ناوچه‌که‌دا، داعش بۆ ئێران نه‌ک ته‌نها هێزێکی تێرۆریسته، به‌ڵکو نوێنه‌رێکی خوێنمژی وه‌حشی مه‌زهه‌بی سوننه‌یه له ناوچه‌که. له‌لاکه‌ی تره‌وه تورکیا که وه‌ستایه‌کی لێهاتوی ئاگرخۆشکه‌ره له ناوچه‌که‌دا له ترسی په‌راوێزکردنی (ته‌نانه‌ت سزادانیش) له‌لایه‌ن ئه‌مەریکا و ئه‌وروپاوه سه‌ری خۆی به‌رامبه‌ر به هێرش و دڕندایه‌تی داعش شۆڕکردوه، ته‌نها چاوی له‌وه‌یه چۆن بتوانێت باشور بێهێز بکات تابتوانێت باشتر بیدۆشێت و چۆن میحوه‌ری شیعه‌ش له ناوچه‌که لاواز و په‌رته‌وازه بکات.
ئه‌م شه‌ڕه‌ی یه‌خه‌ی کوردی گرتوه شه‌ڕێکه نه سه‌قفێکی زه‌مه‌نی هه‌یه و نه زه‌ماناتی فه‌رمی نێوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌یی بۆ کورد، چونکه بۆ ئه‌وان شەڕێکه دژ به تێرۆریزم و بۆ ئێرانیش لایه‌نی مه‌زهه‌بی تێیدا به‌رچاوه و بۆ تورکیاش مه‌رامی ئابوری و مه‌زهه‌بی له پشته‌وه‌یه و بۆ ئێمه‌ی کوردیش، وه‌ک له ئه‌زمونی رۆژئاوای کوردستاندا سه‌لمێنراوه، شه‌ڕێکه له پله‌ی یه‌که‌مدا بۆ پاراستنی بون و ماف و ده‌سکه‌وته نه‌ته‌وه‌ییه‌کانمانه. له‌م هاوکێشه ئاڵۆزه‌دا که چه‌ندین ئاراسته و به‌رژه‌وه‌ندی جیاوازی تێدا کۆبۆته‌وه ده‌بێت کورد زۆر وریا و ژیرانه مامه‌ڵه بکات، به‌جۆرێک نه هاوسه‌نگی هێزه‌کانی هاوکێشه‌که تێکبچێت، چونکه له‌ئێستادا پێویستمان پێیان هه‌یه، نه هیچ لایه‌نێکی کوردی خۆی بکاته سوره‌ی به‌ر له‌شکری هێزێکی ناو هاوکێشه‌که، چونکه یه‌کریزی کورد لاواز ده‌کات و لێوه‌ی دزهدهکرێت. هاوکاتیش ده‌شێت سه‌رجه‌م هێزه کوردی و کوردستانیه‌کانی باشور و کوردستانی گه‌وره وه‌ک رۆژی روناک له به‌رچاویان بێت که مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی له‌م جه‌نگه دژ به داعش به‌رگریکردنه له نمونه‌کانی حوکمڕانی خۆماڵی له باشور و رۆژئاوا و پاککردنه‌وه‌ی خاکی نیشتمانه له‌و وه‌حشانه، چونکه هێزه تێرۆریسته‌کان یه‌خه‌ی ئه‌وانیشیان گرتوه و بونه‌ته مه‌ترسی جدی له‌سه‌ر هه‌مومان. له گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا ده‌بێت کورد له ئه‌زمونه‌کانی مێژوی له گه‌ڵ ئه‌مەریکا و خۆرئاوادا فێربوبێت و به‌ئاگاوه مامه‌ڵه بکات، چونکه تا ئه‌م ساته‌ش ئیداره‌ی ئۆباما ستراتیژیه‌تێکی دیاریکراو و ئاشکرای دژ به داعش نیه، ئێستا به‌کوشتنی دوه‌م رۆژنامه‌نوسی ئه‌مەریکی له‌لایه‌ن داعشه‌وه ئۆباما له‌ژێر فشارێکی زۆردایه بۆ داڕشتنی ئه‌و ستراتیژیه‌ته، پێده‌چیت لێدانی داعش له سوریاش بگرێته‌وه.
به‌ڕه‌چاوکردنی ئه‌زمونی شه‌ڕی تێرۆریزم له ئه‌فغانستان له‌لایه‌ن ئه‌مەریکا و ئه‌وروپا ده‌بێت به‌ئاگابین کورد نه‌خزێنرێته نێو به‌رداشێکی تونده‌وه که به‌شێکی زۆر له سه‌روه‌ری و سه‌ربه‌خۆیی بڕیار و رۆڵی له‌و شه‌ڕه‌دا له‌ده‌ست بدات. تا ئه‌م ساته‌ش روداوه‌کان ئاماژه‌ن به‌وه‌ی ئاسان نه‌بێت کورد بتوانێت له‌و ئه‌جێندا نێوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌ییدا پێگه‌ی حکومه‌ت و حوکمڕانی خۆماڵیه‌که وه‌ک خۆی بپارێزێت و گه‌شه‌ی پێبدات، چونکه پره‌نسیپێکی نه‌گۆڕی سیاسه‌ته: "کێ پاره و چه‌ک بدات بڕیاریش ده‌دات".
4- حوکمڕانی خۆماڵی:
ئه‌م ساته‌شی له گه‌ڵدا بێت کاریگه‌ری و ئاساوهرهکانی ئه‌قڵیه‌تی دو ئیداره‌یی و په‌نجا به په‌نجا و رێکه‌وتنی ستراتیژی به‌سه‌ر به‌شێکی به‌رچاوی حوکمڕانی خۆماڵیدا به‌رچاو ده‌که‌ون، ئه‌مه وێرای ئه‌وه‌ی حکومه‌تێکی بنکه‌فراوان کارده‌کات و رێکه‌وتنی ستراتیژی پێوه‌ری سه‌ره‌کی پێکهێنانی کابینه‌که نه‌بوه. هاوکاتیش له‌سه‌ر ئاستی حوکمڕانیه لۆکاڵیه‌کاندا دورکه‌وتنه‌وه‌ی هێزه‌کان له یه‌کتر و خۆسه‌پاندن و خۆماتکردن و خۆپه‌رستی و خۆشاردنه‌وه و موماته‌ڵه‌کردن و فروفێڵکردن و پاشقول گرتن له دیارده به‌رچاوه‌کانی پێکهێنانی ئه‌و فهرمانڕهوایانهدان. له گه‌رمه‌ی شه‌ڕی داعشدا ئه‌م دیارده ناشیرینانه یه‌کریزی ناوماڵی کوردی لاوازتر کردوه و هاوکاتیش روخسارێکی په‌شێواو به‌دنیای ده‌ره‌وه پیشان ده‌دات، چونکه ئه‌م ئهستهنگانه ته‌کنیکی نین به‌ڵکو ساف ئاوێنه‌ی نیه‌ته سیاسیه‌کانی پشت په‌رده‌وه‌ن.
ئه‌زمونی به‌شداری گۆڕان و هێزه‌کانی تری پێشوی ئۆپۆزسیۆن له حوکمڕانیدا زۆر تازه‌یه، سه‌باره‌ت به گۆڕان ده‌توانم بڵێم له‌م دۆخه‌دا به‌رپرسانه هه‌ڵوێستی هه‌بوه و ره‌فتاری له حوکمڕانیدا کردوه، نه موزایه‌ده‌ی کردوه و نه زیاده‌رۆییش، وێڕای ئه‌وه‌ی به‌شێکی به‌رپرسیاریه‌تی قه‌یرانه گه‌وره‌کانی له ئه‌ستۆدایه، وه‌ک وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و وه‌زاره‌تی دارایی، توانیویه‌تی رۆڵی ئه‌رێن له‌و بوارانه‌دا ببینێت، هه‌روه‌ها له ئاستی دانوستانیش بۆ به‌شداری له حکومه‌تی به‌غدادا زۆر له‌سه‌رخۆ و بێده‌نگ و بێ هه‌ڵاو هه‌را ئه‌رکه‌کانی خۆی جێبه‌جێده‌کات.
له ئێستا و ئاینده‌شدا گه‌ر کێشه و گرفت بۆ گۆڕان دروست نه‌کرێت ده‌توانێت رۆڵێکی به‌رچاو ببینێت له تۆکمه‌کردنی یه‌کریزی کورد و چاره‌ی به‌شێک له‌و کێشه موزمنانهی که هیچ رۆڵێکی له دروستکردنیاندا نه‌بوه و بونه‌ته مۆته‌که به‌سه‌ر حوکمرانی خۆماڵیه‌وه.
له کۆتاییدا ده‌بێت جه‌خت بکه‌ینه‌وه له‌وه‌ی شه‌ڕی داعش ئه‌رکێکی نه‌ته‌وه‌یی گه‌وره‌یه، ئه‌م مه‌ترسیه زۆر ترسناکتره له مه‌ترسیه‌کانی تر له‌سه‌ر کورد، پشتگیری‌کردن له‌هه‌ر هه‌وڵ و هه‌نگاوێک له‌م شه‌ڕه‌دا له سه‌رکه‌وتن نزیکترمان ده‌کاته‌وه.
|
|