36+ ؟
|
چیا عه‌باس
له سیمینارێکدا سه‌باره‌ت پرسی ده‌وڵه‌تی کوردی له 22 تهمموز له هه‌ولێر سازکرابو به‌ڕێز مه‌لا به‌ختیار - به‌رپرسی ده‌سته‌ی کارگێری مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی، باسی راستیه‌کی کرد، ئه‌ویش که یه‌کێتی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌زگای هه‌واڵگری 36 وڵات‌دا هه‌یه.
گومان ده‌کرێت ئه‌م لێدوانه له سه‌ر بابه‌تێکی وا هه‌ستیار "زهللهتی زمان" بێت، هه‌رچۆنێک بێت مه‌لا به‌ختیار لایه‌نێکی ته‌نکی راستیه‌کی درکاندوه. شیانی تێڕامانه که ئه‌م لێدوانه له‌لایه‌ن هێزه‌کانی ئۆپۆزسیۆن بایه‌خی پێنه‌درا و پشتگوێ خرا.
ئه‌م بابه‌ته باسکردنه له‌و جۆره په‌یوه‌ندیانه‌ی مه‌لا به‌ختیار باسی کردوه و کاری ئه‌و ده‌زگایانه‌ش له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ بابه‌تی ئه‌م نوسینه نیه.
هێزه‌کانی کوردستان به یه‌کێتیشه‌وه له سه‌رده‌مه‌کانی خه‌باتی شاخ ونهێنیدا بۆ مه‌سه‌له‌ی ره‌وای میلله‌ته‌که‌مان له ده‌رگای وڵاته‌کان و رێکخراوه جیهانیه‌کانیان داوه و ئاستی سه‌رکه‌وتنیان به‌هۆی دۆخی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌و سه‌رده‌مانه سنوردار بو. دوای راپه‌ڕینی 1991 و بایه‌خدانی خۆرئاوا به عێراق و کورد په‌یوه‌ندیه‌کانی کورد و زۆر تایبه‌ت له‌گه‌ڵ وڵاتانی هاوپه‌یمان و دراوسێدا پێیان نایه قۆناغێکی نوێوه و په‌یوه‌ندی هه‌واڵگری پشکی شێری له‌و وهچهرخاندنهدا به‌رکه‌وت.
له‌و قۆناغه‌دا و به‌هۆی ساوایی ئه‌زمونی هه‌واڵگری کوردی له‌و ئاسته فراوانه‌دا و برسیه‌تی ده‌سه‌ڵاتی کوردی بۆ ئه‌و جۆره په‌یوه‌ندیانه کرۆکی په‌یوه‌ندیه‌کان وه‌رگرتنی زانیاری بوه له ده‌زگا په‌یوه‌نداره کورده‌کانه‌وه، زانیاری له‌سه‌ر عێراق، که‌سایه‌تیه‌کان، هێزه سیاسیه‌کان و ته‌نانه‌ت زانیاری زۆر تایبه‌ت له سه‌ر وڵاتانی دراوسێ، به‌تایبه‌ت ئێران. ده‌زگا هه‌واڵگریه‌کانی وڵاته‌کان، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی ئه‌مەریکا و به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا و تورکیا و ئێران، په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامیان له‌گه‌ڵ ده‌زگا کوردیه‌کان هه‌بوه هه‌یه.
راستیه‌کی به‌ڵگه نه‌ویسته که یه‌کێتی، وه‌ک پارتی، له هه‌مانکاتدا په‌یوه‌ندی به‌چه‌ند ده‌زگای هه‌واڵگری به‌توانای تا سه‌ر ئێسک دژ به‌یه‌ک هه‌بوه و هه‌یه. به‌ره‌چاوکردنی لاسه‌نگیه‌کی زه‌ق نێوان ئه‌زمون و توانا و پسپۆری و زه‌مینه‌ی سیاسی و یاسایی ده‌زگا هه‌واڵگریه‌کانی ده‌ره‌وه و ده‌زگاکانی هێزه کوردیه‌کان، ده‌شیت هێڵێکی ئه‌ستور به‌ژێر ده‌رئه‌نجامێکی لۆژیکدا بکێشین: له‌م په‌یوه‌ندیانه‌دا ده‌زگا کوردیه‌کان له به‌رامبه‌ر چه‌ند زانیاری و ده‌سکه‌وتێکدا به‌راده‌ی سه‌ره‌کی بۆ مه‌رام و به‌رژه‌وه‌ندیه جیاوازه‌کانی ئه‌و وڵاتانه به‌کارهێنراون و له‌نێوان ده‌زگاکانی وڵاته دژ به‌یه‌که‌کان ئه‌م و ئه‌ویان رازی کردوه و بێ دڵیان نه‌کردون. دو ده‌زگای یه‌کێتی و پارتی، به‌ناو نوێنه‌رایه‌تی کوردی باشور ده‌که‌ن له‌و دنیا تایبه‌ته‌دا، له چه‌ندین قۆناغدا تاسه‌ر ئێسک دژایه‌تی یه‌کتریان کردوه و ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع به‌رنامه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی هاوبه‌ش به‌یه‌که‌وه گرێی نه‌داون.
له‌م سه‌رده‌مه‌دا کارکردن و په‌یوه‌ندیه‌کانی ده‌زگا هه‌واڵگریه‌کان و زۆر تایبه‌ت وڵاته دۆسته‌کان، که له‌گه‌ڵ یه‌کتردا کارده‌که‌ن به‌ئاراسته‌ی به‌رژوه‌ندیه هاوبه‌شه‌کانیانه‌وه به‌ستراونه‌ته‌وه: شه‌ڕی دژه تێرۆریزم، ئاسایش و ئاشتی نێوده‌وڵه‌تی، رادیکالیزم و توندڕه‌وی ئاینی، رێگرتن له بڵاوبونه‌وه و دروستکردنی چه‌کی ئه‌تۆمی و کۆمه‌ڵکوژ، سه‌رچاوه‌کانی وزه، بزوتنه‌وه چه‌کداره‌کان و بواره‌کانی ئابوری هاوبه‌ش.
ده‌زگا کوردیه‌کان له‌م بواره گرنگانه‌ی هه‌واڵگریدا تاڕاده‌یه‌ک توانیویانه پێگه‌یه‌ک بۆ خۆیان له شه‌ڕی دژه تێرۆر دابین بکه‌ن، که خزمهتکردنیشه به به‌رژه‌وه‌ندیه باڵاکانی نه‌ته‌وه‌ییمان، به‌ته‌نیشت ئه‌مه‌وه بێجگه له به‌شێک زانیاری هیچی زیاتری تریان نیه تا بیده‌ن به ده‌زگا هه‌واڵگریه‌کانی وڵاته‌کانی تر، له به‌رامبه‌ردا ئه‌و ده‌زگا کوردیانه چیان ده‌ست ده‌که‌وێت پێویستی به بیرکردنه‌وه‌ی زۆر نیه. له‌نێو دهساڕی به‌رژه‌وه‌ندیه جیاواز و دژ به‌یه‌که‌کانی ئێران و تورکیا و ئه‌مەریکادا، و به‌ڕه‌چاوکردنی کردنه‌وه‌ی ئابوری وڵاتانی دنیا به‌ڕوی حوکمڕانی کوردی‌دا و سه‌ره‌تایه‌کی له‌رزۆکی بازرگانی کردن به نه‌وت و گازی کوردستانه‌وه ده‌زگا کوردیه‌کان به‌ره‌نگاری چه‌ندین ئه‌رک و ته‌حه‌دا بونه‌ته‌وه که چاوه‌ڕوانی لۆژیکانه تێوهگلانیانه له گه‌مه‌یه‌کی قورس‌دا که زۆر له سه‌روی لێزانین و تواناکانیانهوهیه. ئه‌مه‌ش لەکاتێکدایه که کورد تا ئه‌م ساته‌ش ده‌زگای هه‌واڵگری نه‌ته‌وه‌یی نیه و له سایه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌شدا نابێت به‌خاوه‌نی.
لێره‌دا ده‌شێت ئاماژه به‌جۆری ئه‌و په‌یوه‌ندیانه بده‌ین و تێبگه‌ین چۆن ئه‌و کارانه هه‌ڵسوڕاون:
1- سه‌رجه‌م ده‌زگا هه‌واڵگریه‌کانی وڵاته به‌هێزه‌کان مامه‌ڵه‌ی وێستگه‌ی زانیاریان له‌گه‌ڵ به‌شه په‌یوه‌ندیداره‌کانی ده‌زگاکانی هێزه کوردیه‌کان کردوه.
2- سه‌رجه‌م رێکه‌وتن و پرۆتۆکۆڵه‌کانی له‌نێوانیاندا سازدراون ته‌نها بواری هه‌واڵگری گرتۆته‌وه و وڵاتانی دنیا قبوڵیان نه‌کردوه و نایکه‌ن له‌وه تێپه‌ڕێت، له‌ئێستاشدا جیاوازی زه‌ق له ئاماده‌یی ئه‌و دو هێزه‌دا هه‌یه بۆ ئه‌و جۆره په‌یوه‌ندیانه و له‌سه‌ر حسابی کورد و یه‌کتر سازی ده‌که‌ن، نمونه‌ی چه‌ند وڵاتێکی عه‌ره‌بی ئه‌م راستیه ده‌سه‌لمێنن.
3- پاره به‌خشینه‌وه و به‌ناوی هاریکاریهوه رۆڵێکی به‌رچاوی بینیوه له مسۆگه‌رکردنی وه‌رگرتنی زانیاری له ده‌زگا هه‌واڵگریه کوردیه‌کان.
4- به‌رپرسانی باڵای حیزبه‌کان و زۆر تایبه‌ت که‌سایه‌تی یه‌که‌میان راسته‌وخۆ سه‌رپه‌رشتی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌یان کردوه، زۆربه‌ی ئه‌ندامانی سه‌رکردایه‌تی حیزبه‌کان بێ ئاگا بون.
5- هه‌میشه به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌و ده‌زگایانه به‌بڕیاری که‌سایه‌تی یه‌که‌می حیزبه‌که دانراون و ئه‌وانیش بێ یه‌ک و دو گوێرایه‌ڵ بون و فه‌رمانه‌کانیان جێبه‌جێ کردوه. ئه‌م به‌رپرسانه چه‌کی سپی پاره و ئیمکاناتی لۆجیستیکی بێ سنوریان له‌به‌ر ده‌ستدایه، ده‌سه‌ڵاتی بێئه‌ندازه‌یان هه‌یه بۆ پڕکردنه‌وه‌ی پێگه و پله‌کانی راسته‌وخۆی ده‌وروبه‌ریان که زۆربه‌یان له‌سه‌ر بنه‌مای ته‌که‌تولاتی ناو حیزب و بنه‌ماڵه‌یی و خزمایه‌تی داده‌نرێن و بۆ ئه‌نجامدانی کاره قێزه‌وه‌ن و ناشرینه‌کانیان.
6- له‌کاتی ته‌نگانه و قه‌یرانه سیاسیه‌کاندا وڵاتانی ده‌زگا هه‌واڵگریه‌کان له چرکه‌یه‌کدا پشتیان له‌و ده‌زگایانه و کوردیش کردوه، وه‌ک له هه‌ره‌سی 1975 و31 ئاب و له خولی دوه‌می شه‌ڕی ناوخۆ کاتێک تورکیا راسته‌وخۆ هاته ناو شه‌ڕه‌که‌وه و لەوەی یەکێتی ناوی نابو گه‌رده‌لولی تۆڵه.
7- به‌رپرسه باڵاکانی هێزه کوردیه‌کان چاوپۆشیان له تاوانه‌کانی هه‌ندێک له‌و ده‌زگا هه‌واڵگریانه له کوردستان کردوه، ته‌نانه‌ت هاریکاریان کردون له به‌خشینی زانیاری له‌سه‌ر کادر و چالاکه‌وانانی هێزه کوردیه‌کانی به‌شه‌کانی تری کوردستان که له باشوری کوردستانن.
8- وه‌ک نه‌ریتێکی ده‌زگا هه‌واڵگریه‌کان پێده‌چێت ئه‌و ده‌زگا هه‌واڵگریانه پێگه‌ی به‌هێزیان له‌ناو لایه‌نه په‌یوه‌نداره کورده‌کاندا کوتیوه.
کێ ئه‌لفی وت ده‌بێت بێش بڵێت:
مه‌لا به‌ختیار له میانه‌ی لێدوانه‌که‌یدا له‌م روه‌وه شانازی به‌وه‌وه ده‌کات، که به‌هۆی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌وه حیزبه‌که‌ی هه‌ڵه‌ی سیاسی له پرسی ده‌وڵه‌تی کوردی‌دا نه‌کردوه. ده‌شێت لێره‌دا پرسیاری لێبکه‌ین دوای راپه‌ڕین به‌رپرسه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی چه‌ند ده‌زگایه‌کی هه‌واڵگری به‌هێز، وه‌ک CIAی ئه‌مەریکا، بۆچون و هه‌ڵسه‌نگاندنی وڵاته‌کانیان له‌مه‌ڕ ده‌وڵه‌تی کوردی چۆن لای سه‌رکرده‌کانی یه‌کێتی و پارتی به‌یان کردوه و وه‌ڵامی ئه‌وان چی بوه؟ ده‌سکه‌وته سیاسیه‌کانی کورد له‌و په‌یوه‌ندیانه‌دا تا چ ئاستێک ئاشکرا کراون؟ کارکردنی هاوبه‌شی ده‌زگا کوردیه‌کان له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی ئێران و تورکیا تاچ راده‌یه‌ک سودی به بزافی کوردایه‌تی له‌و وڵاتانه گه‌یاندوه؟ ئایا وه‌ک هه‌ڤاڵی له مه‌کته‌بی سیاسی که سه‌رۆکی په‌رله‌مانی هه‌رێمه ده‌ڵێت: ئه‌و جۆره په‌یوه‌ندیانه یاسایی نین و نابێت بکرێن، ئایا له‌ئێستادا یه‌کێتی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ی ماوه، گه‌ر ماویهته چۆن وه‌ڵامی سه‌رۆکی په‌رله‌مان ده‌داته‌وه؟
له‌م سه‌رده‌مه‌دا که دنیای ده‌ره‌وه زۆر زیاتر به‌ره‌و کورد کراوه‌ته‌وه و به‌رژه‌وه‌ندیه سیاسی و ئابوری و هه‌واڵگریه‌کانی وڵاته‌کان له هه‌رێم له گه‌شه‌کردنێکی خێرادایه، ده‌شێت بڵێین ژماره‌ی ئه‌و وڵاتانه 36ی تێپه‌ڕاندوه؟
ئه‌م ده‌زگایانه له‌ساتی دروستکردنیانه‌وه موڵکی حیزب بون و تایبه‌ت دوای رۆخاندنی سه‌دام بونه‌ته موڵکی سه‌رکرده و چه‌ند ده‌سه‌ڵاتدارێکی حیزبه‌کان و ئه‌وانیش بۆ به‌رژوه‌ندی و په‌یوه‌ندیه‌کانی خۆیان به‌کاریان ده‌هێنن. له جه‌نجاڵی ئاڵۆزی ئه‌و په‌یوه‌ندی و بهرژهوهندیانهدا، نمونه‌ی ژه‌نه‌راڵ و لۆرده‌کانی نه‌وت له هه‌ندێک له جه‌رده ئه‌مەریکیه‌کان له کوردستان، پێگه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتداره کوردانه ئه‌وه‌نده له‌رزۆک و لاوازه که سه‌رجه‌م پرۆسه‌که که‌وتۆته به‌رپرسیاری گه‌وره‌وه، له ئاستی نه‌ته‌وه‌یی و حیزبی ده‌رچوه و بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه تایبه‌ته‌کان به‌کار ده‌هێنرێن. به‌ناو ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی هه‌وڵێکی نه‌زۆکه بۆ پینه‌کردن و ئارایشتهکردنی دو ده‌زگای حیزبی که ده‌مێکه خه‌سڵه‌ت و روخساره نه‌ته‌وه‌ییه‌کانیان کاڵبونه‌ته‌وه.
به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌م ده‌زگایانه به‌ناو و مێژو و زمان کوردن. به‌ڕێوه‌به‌ری موسادی ئیسرائیل خودی خۆی سه‌رپه‌رشتی فراندنی تاوانبارێکی نازی له ئه‌رجه‌نتین کرد و به‌ده‌ستی خۆی فراندی بۆ ئیسرائیل بۆ دادگایی کردنی، هه‌ندێک له‌وانه‌ی ئێمه‌ش به کۆنه به‌عسی و ته‌واری و ئه‌نفالچی و فایلچی و فیعلچی ده‌وردراون و ئیشهکانیشیان پێده‌که‌ن و له‌ئاستی خاک و نهتهوهدامێشێکیش میوانیان نیه.
نمونه‌ی ئەوه جۆره په‌یوه‌ندیانه‌ی هێزه کوردیه‌کان به به‌ڵگه و و دۆکیۆمێنته‌وه ئه‌وه‌نده زۆرن، ده‌بێت وه‌ک بابه‌تێکی تایبه‌ت به ورده‌کاریه‌کانه‌وه بۆ که‌سانی شاره‌زا و پسپۆڕی جێبهێڵین.
من لێره‌دا پێم باشه به‌ڕێز مه‌لا به‌ختیار به‌دواداچونێک بکات بۆ رۆڵی ده‌زگا هه‌واڵگری حیزبه‌که‌ی له هه‌ستیارترین بابه‌تی نه‌ته‌وه‌ییمان: تاوانبارانی ئه‌نفال.
یه‌کێک له‌و تاوانبارانه بازرگانی هۆڵه‌ندی فرانک ڤان ئانرات بو. چاوخشاندنه‌وه‌یه‌کی ورد به مه‌له‌فی لێکۆڵینه‌وه‌ی پێش دادگاییکردنه‌که زۆر شت له رۆڵی نه‌رینی چه‌ند به‌رپرسێکی باڵای یه‌کێتی و دهزگاکهیمان بۆ رون ده‌که‌نه‌وه.
سه‌رۆکی ده‌سته‌ی لێکۆڵینه‌وه‌که ده‌ڵێت: ئێمه هاوڵاتیه‌کی خۆمان به‌هۆی رۆڵی له‌و تاوانانه‌ی دژ به مرۆڤایه‌تی کراون دادگایی ده‌که‌ین، که‌چی ئێوه‌ی کورد خه‌مساردانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م دۆسیه هه‌ستیاره‌ی نه‌ته‌وه‌که‌تاندا ده‌که‌ن.
دڵنیام ئاینده زۆرشتی ترمان له‌و بوارانه‌دا بۆ ئاشکرا ده‌کات، من وه‌ک مه‌لا به‌ختیارم ناسیبێت مرۆڤێکه تاسه‌ر ئێسک نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆی خۆشده‌وێت و خه‌مخۆری ئاینده‌یه‌تی. ئایا هه‌نوکه له پێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا ده‌توانێت لایه‌نه شاردراوه‌کانی ئه‌و جۆره په‌یوه‌ندیانه بۆ نه‌ته‌وه‌که‌ی باس بکات و وه‌ڵامی ده‌یان پرسیاری ره‌وا بداته‌وه؟
چاوه‌ڕوانین...
|
|
|