بودجه و به‌قاڵی
|
چیا عه‌باس
جاران، ئه‌وه‌نده‌ی به بیرمدا بێت، له شه‌ست و هه‌فتاکانی سه‌ده‌ی پێش‌و فرۆشیارێکی گه‌رۆک له سلێمانی هه‌بو، ئه‌و به‌ڕێزه سندوقێکی ته‌خته‌ی گه‌وره‌تر له یه‌ک دوجا مه‌تر و به‌قوڵایی بیست سانتیمه‌ترێک به قایشیکهوه ده‌به‌ست و به‌ملی هه‌ڵیده‌گرت، سندوقه‌که‌شی کردبو به‌چه‌ندین خانه‌وه و هه‌ر خانه‌یه‌ک که‌لوپه‌ل و کاڵای تێدانابو. ئه‌م فرۆشیاره به‌و شوێنانه‌دا ده‌گه‌ڕا که بازاڕ و دوکانی زۆریان لێنه‌بو و هاواری ده‌کرد: " ئه‌وه لفکه، ئه‌وه لیره، ئه‌وه زیره، ئه‌وه ده‌رزی و دهرزو و ئه‌وه نوقڵی بادام و ئه‌وه گومشک...". که‌لوپه‌له‌کان به‌پێوه‌ره‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه زۆرباش بون و نرخه‌کانیشیان جێگیر و گونجاوی ئه‌و سه‌رده‌مه بون، به‌م شێوه‌یه شه‌ڕی بۆ قوتی ژیانی خۆی و خێزانه‌که‌ی ده‌کرد.
به‌پێی راپورتێکی ساڵی 2010ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان 56% دانیشتوانانی هه‌رێم ته‌مه‌نیان له‌ژێر 20 ساڵدایه، هه‌رێم و یه‌مه‌ن و گواتیمالا یه‌که‌م سێ ناوچه‌ی دنیان بۆ گه‌نجیه‌تی ته‌مه‌نی دانیشتوانانیان. ئێستا به هه‌زاران فرۆشیاری گه‌نجی گه‌ڕۆک له هه‌رێم رۆژانه خه‌ریکی فرۆشتنی کاڵا و که‌لوپه‌لی ساخته‌ی هاورده‌ن و شه‌ڕێکی سه‌خت بۆ دابینکردنی به‌شێک له مه‌ساریفی خۆیان و خوێندن و خێزانه‌کانیان ده‌که‌ن.
له هه‌مو کار و کردارێکی حکومه‌تی هه‌رێم پشتگوێخستنی ئه‌م پێکهاته مه‌زنه مانای پشتگوێخستنی ئاینده‌یه. به هه‌مان وه‌تیره له داڕشتنی بودجه و بڕیاردان لێی ده‌بێت بایه‌خ و خه‌مخواردنی نه‌وه‌کانی داهاتو کرۆکه بنه‌ره‌تیه‌که‌ی بێت و ئه‌وه‌ش به‌رێزگرتن له به‌ها و که‌رامه‌تیان و ره‌خساندنی ئه‌گه‌ره‌کانی گه‌شه‌کردنیان ده‌ست پێده‌کات.
هه‌ر بانگه‌وازێک و پرۆژه‌یه‌ک بۆ چاکسازی له بودجه‌دا ئه‌و خاڵانه پێڕه‌و نه‌کات وێرای هه‌ڵڵا و په‌نجه به‌رزکردنه‌وه بۆی به سه‌قه‌تی دێته دنیاوه. به‌ره‌چاوکردنی دۆخی ئێستای هه‌رێم ده‌بێت چاکسازی له بودجه‌دا کارێکی بنه‌ڕه‌تی بێت بۆ به‌ده‌ستهێنانی بودجه‌یه‌کی هاوسه‌نگ و ره‌خساندنی گونجاوی ئه‌گه‌ر و هه‌له ئابوریه‌کان بۆ هه‌مو که‌سێک.
له‌م رۆژانه‌دا باس باسی بودجه‌ی 2013ی هه‌رێمی کوردستانه. ده‌سه‌ڵات پرۆژه یاسایه‌کی ئاماده کردوه و لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزسیۆنیش که‌وتونه‌ته گیانی و له ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانیش خه‌ڵکی به جۆره‌ها هه‌ڵسه‌نگاندنی جیاواز دیدوبۆچونی خۆیان له سه‌ری به‌یان ده‌که‌ن.
له دنیای پێشکه‌وتودا بودجه‌ی ساڵانه له لایه‌ن گه‌وره‌ترین ده‌سه‌ڵاتی دادپه‌روه‌ری و پسپۆڕیهوه وه‌ک پێشنیازی پرۆژه یاسایه‌ک بۆ وه‌زاره‌ته‌کان پێشکه‌ش ده‌کرێت و وه‌زیری دارایی رۆڵی ههماههنگکهر ده‌بینێت، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و خه‌مڵاندنی بودجه‌یه ده‌که‌وێته به‌ر مقه‌ستی چه‌ندین ده‌زگای سه‌ربه‌خۆی پسپۆڕ و خاوه‌ن پێگه‌ی متمانه و باوه‌ڕپێکراوه‌وه، بۆنمونه ده‌زگای پلاندانان، ده‌زگای ئامار، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی ده‌کات. له‌نێوان پێشکه‌شکردنی پرۆژه‌که و ده‌نگدان له‌سه‌ری چه‌ندین پسپۆڕ و رێکخراو و سه‌ندیکا و ده‌زگای تر دیدوبۆچونی خۆیانی له‌سه‌ر ده‌رده‌بڕن.
وه‌ک وتراوه بودجه بۆ هه‌مو که‌سێکه بێ جیاوازی ره‌گه‌ز و ئایین و ته‌مه‌ن و پێگه‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی. له هه‌مانکاتیشدا سه‌رجه‌م سه‌رچاوه‌کانی داهات و بواره‌کانی سه‌رفکردنی ده‌بێت شه‌فافانه و به پلانڕێژی و به به‌ڵگه‌وه بخرێنه به‌رده‌م په‌رله‌مان و خه‌ڵک.
ئه‌وه‌ی له شێوازی کۆی پرۆسه‌ی بودجه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمدا به‌دی ده‌کرێت زیاتر له مامه‌ڵه‌کردنی عه‌تاری و به‌قاڵی ده‌چێت، بێگومان ئه‌مه‌ش له وه‌زاره‌تی داراییه‌وه ده‌ست پێده‌کات. له ده‌فته‌رێکی خورشیدا به مهستهرهیهک چه‌ند هێڵێکیان کێشاوه و به شتومه‌ک و کاڵا و پرۆژه و چالاکی و له به‌رامبه‌ریشدا به نرخه‌کانی پڕیان کردۆته‌وه.
له ئه‌زمونه‌کانی دنیادا ده‌رکه‌وتوه که بودجه ئاوێنه‌ی خواست و ویستی ده‌سه‌ڵاتدارانه، بۆیه ناشێت شێوازی ده‌وڵه‌تمه‌داری له بودجه‌ی پێویست بۆ ئه‌و شێوازه جیابکرێته‌وه. بۆ نمونه له سه‌رده‌می حوکمڕانی سه‌دامدا نزیکه‌ی 40% داهاتی عێراق بۆ لایه‌نی سه‌ربازی و هه‌واڵگری ته‌رخان ده‌کرا، له ده‌وڵه‌تێکی وه‌ک هۆڵه‌ندا 73% بودجه‌ی 2013 بۆ خزمه‌تگوزاری و کار و خوێندن و بواره‌کانی زانستی ته‌رخانکراوه. وه‌ک پره‌نسیپێکی پێڕه‌وکراو ناشێت بودجه وا بخهڵمێنرێت و بڕیاری لێبدرێت وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌مو چاوه‌ڕوانیه‌کان جێبه‌جێ ده‌کرێن، ده‌بێت وا دابڕێژرێت که داهات که‌متر ده‌بێت و خه‌رجیات زیاتر. ناشێت ئه‌وه‌ش له بیر بکرێت که هه‌ندێک شتی چاوه‌ڕوان نه‌کراو روده‌دات و مه‌ساریفی ده‌وێت.
"ئه‌گه‌ر" په‌رله‌مانی هه‌رێم ئاوێنه‌ی راسته‌قینه‌ی خه‌ڵکی کوردستان بێت، نه‌ک ده‌زگایه‌ک به مۆری حیزبی و وه‌لا مۆرکراو و قۆرخکراو، ده‌شێت ئاوڕێک له رۆڵی ئه‌م په‌رله‌مانه بده‌ینه‌وه له سه‌پاندنی بودجه‌ی ساڵانی ته‌مه‌نی و له ئه‌رکی لێپرسینه‌وه‌ی له حکومه‌تی هه‌رێم.
پێش هه‌مو شتێک ئه‌م په‌رله‌مانه لۆکاڵیه و له چوارچێوه‌ی ده‌ستوری حکومه‌تێکی به‌ناو فیدراڵ‌دا کارده‌کات و سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی داهاتی هه‌رێم له به‌غداوه دێت. ئه‌م په‌رله‌مانه له‌ماوه‌ی کارکردنیدا کارێکی ئه‌وتۆی نه‌کردوه خه‌ڵکی سه‌رسوڕمان کردبێت، هه‌ر یاسایه و ده‌ریده‌کات بێئه‌وه‌ی به‌دواداچون بۆ جێبه‌جێکردن و کاریگه‌یه‌کانی بکات، له زۆربه‌ی ئه‌و بڕیار و یاسایانه‌ی به زۆرینه‌ی ده‌سه‌ڵات په‌سند کراون له پله‌ی یه‌که‌مدا به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ده‌سه‌ڵاتداران و خواسته‌کانی ره‌چاوکراون، هه‌نێکیشیان به‌ناوی به‌رژه‌وه‌ندی گشتیه‌وه ئاراشته کراون هه‌ر زو ده‌مامکه‌ی که‌وتوه و روخساره ره‌سه‌نه‌که‌ی به‌رچاو که‌وتوه.
لێره‌دا ناشێت هه‌ڵوێستی چه‌ند په‌رله‌مانتارێکی سه‌ر به ده‌سه‌ڵات که نیه‌تی نه‌ته‌وه‌ییان زۆر زاڵتره به‌سه‌ر حیزبیهکهدا به‌هه‌ند وه‌رنه‌گیرێت. به‌داخه‌وه ده‌رکه‌توه ئه‌و چه‌ند به‌ڕێزه بوێر و بهئهمهکانه ئاسنی سارد ده‌کوتنه‌وه.
له‌م بودجه‌ی ئه‌مساڵدا به‌راشکاوی ده‌رده‌که‌وێت که ده‌وڵه‌تمه‌داری هه‌رێم خه‌می خۆی و ده‌ست و پێوهندیهکانیهتی. من که‌م له ئابوری ده‌زانم، به‌ڵام له ژماره‌ی عه‌تاری و به‌قاڵی تێده‌گه‌م، بۆیه ته‌رخانکردنی ئه‌و بڕه زه‌به‌لاحانه بۆ ده‌روازه و و تولهرێی پیاسه و په‌رژین و ته‌لبه‌ند و ئالیک و مۆبایل و رابواردنی فه‌رمی و کڕینی ماشێن و رۆژنامه و پرۆژه وه‌همیه‌کان و...هتد، پێم ده‌ڵێن سودێکی ئه‌وتۆ نیه له‌م هه‌مو هه‌را و هه‌ڵڵایه‌ی ئۆپۆزسیۆن له‌سه‌ر ئه‌م دوکانی به‌قاڵیه به‌رپای کردوه. دوکانێک له زیره و ده‌رزی و دهرزوی تورکی و ئێرانی و چینیه‌وه تێدایه تا... (به‌شه شاردراوه‌که‌ی کاڵا و داهاتهکهنی تر) و به قایشه‌که‌ی په‌رله‌ماندا ده‌خرێته گه‌ردنی ده‌سه‌ڵاته‌وه.
ده‌وڵه‌تمه‌داری هه‌رێم به‌م شێوه‌یه راست ناکرێته‌وه، کاتی ئه‌وه هاتوه ئۆپۆزسیۆن و زۆر تایبه‌ت گۆڕان هه‌ڵسه‌نگاندنێکی وردی مامه‌ڵه‌کردنی له‌گه‌ڵ ئه‌م بهقاڵیهدا بکات و خۆی له ده‌ستی ده‌ستی پێکردنی ده‌سه‌ڵات و کوشتنی کات قورتار بکات.
|
|
|