وه‌همی چاکسازی و سه‌رابه‌که‌ی ئۆپۆزسیۆن و داتاشینی ده‌سه‌ڵات
|
چیا عه‌باس
ده‌سه‌ڵات له روداوه‌کانی 17 شوبات رێگه‌ی به‌کارهێنانی هێز و سه‌رکوتکردنی هه‌ڵبژارد. کاتێک ئه‌م رێگه‌یه دادی نه‌دان و هه‌ستیان به ته‌شه‌نه‌کردنی گڕی ناڕه‌زایی خه‌ڵک و شه‌قام کرد په‌نایان بۆ زمانی نه‌رم برد. له‌و ساته‌وه له په‌رله‌مان و له په‌یوه‌ندی و دانوستانه‌کانیان له گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆن ته‌نها خه‌می سه‌ره‌کیان کوشتنی کات و موراوغه و له خشته‌بردنی خه‌ڵکه.
ده‌سه‌ڵات له کۆی ئه‌و پرۆسه‌یه‌دا ئاراسته نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی له نیه‌ت و رهفتارکردنیدا به‌لادا داوه. سه‌رجه‌م به‌ڵێن و رێکه‌وتن و پلانه‌کانیان بۆ چاکسازی و گۆڕینی شێوازی حوکمڕانی نه‌ک ته‌نها مایه پوچ ده‌رچون، به‌ڵکو تێوه‌گلانیان له گه‌نده‌ڵی و زه‌وتکردنی سامانی میلله‌ت و پێشێلکردنی مافه‌کانی ئازادی و دیموکراسی و دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی و قۆرخکردنی سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵاته‌کانی هه‌رێم گه‌شتونه‌ته ئاستێک، که له شه‌ریعه‌تی جهنگهڵیشدا قابیلی قبوڵکردن نین.
ئه‌وه چه‌ند ساڵێکیشه زه‌وتکردنی داهاتێکی بێئه‌ندازه‌ی نه‌وت روخساری گه‌نده‌ڵی ره‌شتر کردوه، ده‌یانه‌وێت به پاشماوه‌ی به‌رده‌م (فتات الموائد) خه‌ڵکی بێده‌نگ بکه‌ن.
قه‌یرانی ده‌سه‌ڵات
وێڕای ئه‌وه‌ی دو هێزی ده‌سه‌ڵات ئه‌و پاره زۆره‌ی میلله‌ت بۆ خۆیان ده‌به‌ن، وێڕای ئه‌و هه‌مو سوپا و هێزی چه‌کداری تایبه‌ت و ده‌زگاکانی سیخوری و ئه‌من و ئیمپراتۆریه‌تێک له ده‌زگاکانی راگه‌یاندن و تۆڕێکی به‌رفراوانی په‌یوه‌ندی، وه‌لێ له واقیعدا ده‌سه‌ڵات له قه‌یرانێکی زۆر ئاڵۆز و کوشنده‌دا گوزه‌ر ده‌کات. ئه‌م قه‌یرانه سه‌رتاپای جومگه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی ته‌نیوه و رۆژ به‌دوای رۆژدا گڵۆلهیان به‌ره‌و لێژی ده‌بات. بابزانین ئه‌م قه‌یرانه چیه.
کرۆکی سه‌ره‌کی ئه‌م قه‌یرانه ته‌نها زاده‌ی ده‌سه‌ڵاتی شه‌راکه‌ت و دیموکراتیه ئیفلیجهکهیان، که کردویانه‌ته "قه‌میسه‌که‌ی عوسمان" بۆ وروژاندن و ئاراشتهکردن و چه‌واشه‌کردن نمایشی ده‌که‌ن، نیه، به‌ڵکو رۆحی قه‌یرانه‌که ئه‌قڵیه‌ت و که‌له‌پورێکی شێواوه که به‌رهه‌می به‌شێک له مێژوی قێزه‌وه‌نی نێوان لایه‌نه‌کانی ده‌سه‌ڵاته.
له ئاکامی ئه‌م زام و ده‌ردانه‌ی مێژویانهوهیه ترس و بێ متمانه‌ییه‌کی زه‌به‌لاح به‌رامبه‌ر به‌یه‌کتر سه‌رتاپای زهنی سیاسیانی ته‌نیبو. رێکه‌وتنی پارتی و یه‌کێتی و حوکمڕانیشیان به زه‌بری ترس له یه‌کتر و بێمتمانه‌یی نێوانیان سازدراون و به‌ڕێوه‌براون، ئه‌مه‌ش به راشکاوی له به‌ند به‌به‌ند و وشه به‌وشه‌ی رێکه‌وتنامه‌ی شه‌راکه‌ت (ستراتیژی) نێوانیان به‌رجه‌سته بوه. ئه‌وان نزیکه‌ی ده ساڵ (1998 – 2007) له‌نێوان راگرتنی شه‌ڕی خوێناوی نێوانیان و واژۆکردنی رێکه‌وتنه‌که له فه‌زایه‌کی پر ترس و بێ متمانه‌دا حوکمی میلله‌تیان به له‌تکراوی ده‌کرد و دواتریش و تا ئه‌م ساته‌شی له‌گه‌ڵدا بێت ترس و بێ متمانه‌یی نێوانیان له سه‌دان روداو و نمونه‌دا ده‌رده‌که‌ون و ورده‌کاریه‌کانی حوکمڕانی لهتکراویش له ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتیان به‌زه‌قی به‌رچاون.
ده‌کرا کارێک بکه‌ن کاریگه‌ریه‌کانی لاپه‌ڕه ره‌شه‌کانی ئه‌و مێژوه‌ی لێوان لێو له دوژمنایه‌تی و رق و کینه و بێ متمانه‌یی زۆر که‌م که‌نه‌وه، به‌پێچه‌وانه‌وه له‌و رۆژه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان گرتۆته ده‌ست، زۆر تایبه‌ت دوای روخاندنی سه‌دام، زامه‌کانی مێژو ته‌شه‌نه پێده‌که‌ن، ئه‌مجاره‌یان به‌پاساوی "یه‌کریزی و یه‌ک هه‌ڵوێستی و مه‌ترسی ده‌ره‌کی" و به‌رێگه‌ی به‌ناو شه‌رعیه‌تی ده‌ستوری و یاسایی و دیموکراتیه‌وه و به گۆچانه‌که‌ی "رێکه‌وتنی ستراتیژیه‌وه" پاڵی پێوه ده‌نێن.
وێڕای ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌رک به‌وه ناکه‌ن که ئه‌و ئیرسهی به‌شێک له مێژویان ده‌ردێکی کوشنده‌یه له جه‌سته‌ی کوردایه‌تیدا، وه‌لێ بۆ شاردنه‌وه و بیرچونه‌وه‌ی وایان کردوه میلله‌ت باجه‌که‌ی بدات. به‌واتایه‌کی تر میلله‌ت جاران به‌خوێن باجی هه‌ڵمه‌تی باڵاده‌ستی لایهنێکیانی داوه و ئێستاش ده‌یانه‌وێت به کۆیله‌تی و سه‌رله‌قاندن و بێده‌نگی باجی پاراستنی عه‌رشی هاوبه‌شیان بدات.
ئه‌وان به یاسا و رێسای دیموکراسیه‌ت رێک نه‌که‌وتون و حوکمیش ناکه‌ن. زه‌بری پاره و به‌رژه‌وه‌ندی و گۆڕانکاریه‌کان وای لێکردن له‌سه‌ر دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات و پاره رێککه‌ون. له‌و جۆره هاوکێشه‌یه‌دا دیموکراسیه‌ت بۆ ئه‌وان ململانێ و جێگۆڕکێی فیکر و دید و هه‌ڵسه‌نگاندن نیه، به‌ڵکو ململانێ و جێگۆڕکێی پاره و پله و ده‌سه‌ڵاته، بۆ ئه‌وان به‌گه‌ڕخستنی دیموکراسیه‌ت به‌مه‌به‌ستی شاردنه‌وه و داپۆشینی بێ متمانه‌یی و زامه‌کانی نێوانیانه. ئه‌مانه کرۆکی ئه‌و قه‌یرانه‌ن که به‌م سه‌رۆک و رابه‌ر و سه‌رکردایه‌تیانه مه‌حاڵه بنبڕ بکرێت، چونکه خۆیان هۆکار و گه‌مه‌که‌ری سه‌ره‌کی ئه‌و پرۆسه‌یه بون و هه‌ن.
تاک جه‌مسه‌رگه‌ری ده‌سه‌ڵات
یه‌کێک له کاراکته‌ره سه‌ره‌کیه‌کانی ده‌سه‌ڵات، به‌ڕێز تاڵه‌بانی، به‌هۆی نه‌خۆشیه‌کی قورسه‌وه غیابی سیاسی له ئێستادا بۆشاییه‌کی گه‌وره‌ی دروست کردوه و هیچ کام له کاراکته‌ر و جه‌مسه‌ره‌کانی یه‌کێتی نه کاریزما و نه ئه‌زمون و نه توانای پڕکردنه‌وه‌ی به‌شێکیش بێت له بۆشایی غیابی تاڵه‌بانیان نیه، بۆیه پانتاییه‌کی زۆری ده‌سه‌ڵات به تاکه جه‌مسه‌رگه‌ری پارتی به‌ڕێوه ده‌چێت، ئه‌م لاسه‌نگیه نائارامی و دڵه‌ڕاوکێ و ترسی له کۆی گشتی ده‌سه‌ڵات به‌رپا کردوه و به‌تایبه‌ت له‌ناو جه‌ماوه‌ری یه‌کێتی و به‌شێک له سه‌رکرده‌کانی که به‌هیچ جۆرێک به‌و باڵاده‌ستیه‌ی پارتی رازی نابن. گریمان له به‌رژه‌وه‌ندی پارتیدایه یه‌کێتی په‌رته‌وازه نه‌بێت و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش کارده‌کات، به‌ڵام ناشێت ئه‌وه‌نده ساویلکانه له که‌شوهه‌وای عاتیفیدا له یاد بکرێت که ده‌سه‌ڵاتدارانی پارتی کار بۆ حیزبی ره‌ها ده‌که‌ن و غیابی تاڵه‌بانی ( گه‌وره‌ترین رکابه‌ری پارتی و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی له مێژوی کوردا) هه‌لێکی زێرینی بۆ ره‌خساندون.
لێره‌دا پێویست ده‌کات ئاماژه به رۆڵی ئێران له‌و کێشه‌یه‌دا بکرێت، مه‌حاڵه ئێران رێگا بدات بۆشایی سیاسی له "ناوچه‌ی سه‌وز" کاریگه‌ری نه‌رێن له‌سه‌ر ئاسایش و ئارامی نیشتمانی ئێران بکات، ئه‌زمونه‌کانی ده ساڵی دوایی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی پارتی بۆ ئێرانی سه‌لماندوه که پارتی فاکته‌رێکی جێگیر نیه بۆ ستراتیژیه‌تی ئێران له عێراق به‌گشتی و کوردستان به‌تایبه‌تی. ئه‌م راستیه ده‌سه‌ڵاتدارانی پارتی هه‌م نیگه‌ران کردوه و هه‌روه‌هاش رێگره له‌به‌رده‌م به‌دیهێنانی ده‌سه‌ڵاتێکی ره‌ها بۆ ئه‌و حیزبه.
کێشه‌کانی هه‌ولێر و به‌غدا
کێشه‌یه‌کی تر که قه‌یرانی ده‌سه‌ڵاتی خه‌ستتر کردوه کێشه‌ی هه‌ولێره له‌گه‌ڵ مالیکیدا، ئه‌م ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ی کورد خۆیان له تێگه‌یشتنی کرۆکی په‌یوه‌ندی کورد و به‌غدا گێل کردوه، به روکه‌ش و زاره‌کی باس له ده‌ستور و رێکه‌وتنه‌کان و داهات و کێشه‌ی ناوچه دابڕێنراوه‌کان ده‌که‌ن (ناوه‌ڕۆکی نه‌ته‌وه‌یی)، له راستیدا ته‌نها خه‌می سه‌ره‌کیان وه‌رگرتنی پاره‌یه له به‌غدا که 96% داهاتی هه‌رێم پێکده‌هێنێت، له په‌نای ده‌وڵه‌تی عێراقدا تۆری به‌رژه‌وه‌ندیه ئابوریه‌کانیان گه‌شه پێبده‌ن و له هه‌مان کاتیش‌دا به‌ناوی سه‌روه‌ری عێراقه‌وه خۆیان له نه‌یاره‌کانی ناوچه‌که ده‌پارێزن. بۆ ئه‌وان به‌غدا ئه‌و مریشکه‌یه هێلکه‌ی ئاڵتونیان بۆ ده‌کات و کاتێک ژماره و ره‌نگ و بۆنی هێلکه‌یان به‌دڵ نه‌بو دێن به‌چه‌قۆیه‌ک ده‌که‌ونه هه‌ڕه‌شه‌کردن. قه‌یران و کێشه‌کانی عێراق زیاده له‌وه‌ی زاده‌ی پێکهاته و مێژوی ئه‌م وڵاته وێرانه‌یه هاوکێشه‌یه‌کی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیشه، پێگه‌ی کورد له‌و هاوکێشه‌یه‌دا به‌هۆی ره‌فتاری نابه‌رپرسانه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی کورده‌وه بۆته دارده‌ستێک نه‌ک یه‌کلاکه‌ره‌وه و بڕیارده‌ر. وه‌ک چۆن له چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌کی هه‌واڵه‌وه ده‌رکه‌وتوه که ئیداره‌ی ئۆباما پاش ره‌تکردنه‌وه‌ی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم بۆ داواکه‌یان بۆ رێکه‌وتن له‌گه‌ڵ مالیکیدا زۆر نیگه‌ران بون و کوردیان به دۆڕاو له‌و پرۆسه‌یه‌دا ناوبردوه. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم زۆرتر ئاکامی فشاری تورکیا و به‌رژه‌وه‌ندیه هاوبه‌شیه‌کانی تورکیایه له‌گه‌ڵ ئۆلیگارشی نه‌وت له هه‌رێم.
نه‌وت و بێباکی ده‌سه‌ڵات
نه‌وت و گاز ده‌بنه مایه‌ی خۆشگوزه‌رانی و گه‌شه‌کردن و به‌هێزبونی ده‌وڵه‌ت و میلله‌ته‌کان کاتێک، سیاسه‌تی نه‌وتی له‌گه‌ڵ کۆده نێوده‌وڵه‌تیه‌کاندا بگونجێت و شه‌فافانه به‌ڕێوه‌بچێت و داهاته‌که‌شی له خزمه‌تی وڵات و میلله‌تدا بێت و ببێته مایه‌ی گه‌شه‌کردنی ئابوری و دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی و ئاشتی و ئارامی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی. به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌م پێوه‌رانه نه‌وت خودی ئاغاکانی خۆی ده‌سوتێنێت و وڵاتیش دوچاری ماڵوێرانی و سه‌رگه‌ردانی ده‌کات.
له ئێستادا سیاسه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارانی نه‌وتی هه‌رێم (ئۆلیگارشی نه‌وت) دو لایه‌نه‌یه:
یه‌که‌میان به‌ئاراسته‌ی به‌غدا و پشتبه‌ستن به‌چه‌ند بڕگه‌یه‌کی ته‌مومژاوی ده‌ستور گرێبه‌سته‌کانی گاز و نه‌وت له‌گه‌ڵ کۆمپانیاکانی دنیادا ساز ده‌ده‌ن، لایه‌نی دوه‌م گرێبه‌سته‌کانی تر و هه‌نارده‌کردنی نه‌وته به‌رێگه‌ی نایاساییه‌وه و له‌م ئاراسته‌یه‌دا ده‌سه‌ڵات زۆر پشتی به تورکیا به‌ستوه و داهاته‌که‌شی نادیاره و به‌ته‌واوی نازانرێت ده‌چێته کام له گیرفانهکانهوه. به‌هۆی ئه‌و لایه‌ن و فاکته‌ره گرنگانه‌ی له هه‌ر دو ئاراسته‌که‌دا رۆڵ ده‌بینن ده‌شێت بوترێت که سیاسه‌تی نه‌وتی ده‌سه‌ڵاتداران وێڕای ئه‌وه‌ی ته‌م و مژاویه له هه‌مان کاتیش‌دا لاوازی و نه‌بونی ژێرخانه‌یه‌کی دروست بۆ پیشه‌سازی گاز و نه‌وت ده‌سه‌ڵاتدارانی ناچار کردوه له‌و پرۆسه‌یه‌دا هه‌م پاشکۆیه‌تی بۆ وڵاتانی ناوچه‌که بکه‌ن و هه‌روه‌هاش رازیان بکه‌ن. ئه‌م قۆرخکردن و ناچاری و رازیکردنه پێگه‌ی باشوری کوردستانی له به‌رده‌م کارتڵه زه‌به‌لاحه‌کانی نه‌وت لاواز کردوه (به‌تایبه‌ت تا ئه‌م ساته‌ش یاسای گاز و نه‌وتی عێراق په‌سند نه‌کراوه) و ئه‌مه‌ش هۆکارێکی سه‌ره‌کیه که کۆمپانیاکانی نه‌وت به مه‌رجه ئاڵتونیه‌کان بۆ خۆیان گرێبه‌سته‌کانیان له‌گه‌ڵ حکومه‌تی هه‌رێم ساز ده‌ده‌ن. راسته به‌هۆی نه‌وته‌وه پاره‌یه‌کی زۆر دێته هه‌رێم، به‌ڵام به‌رده‌وامبون به‌م شێوه‌یه ئاکامی مه‌ترسیداری بۆ میلله‌ت لێ چاوه‌روان ده‌کرێت.
ئابوریه‌کی بێسه‌روبه‌ر
ده‌سه‌ڵات زۆر بێباکانه پرۆسه‌ی بودجه بهقهبهیی نمایش ده‌کات و مه‌خابن ئۆپۆزسیۆنیش هه‌مو جارێک ده‌که‌وێته داوی ده‌سه‌ڵاته‌وه له زلکردنی پرۆسه‌که، وه‌ک ئه‌وه‌ی له سیسته‌مێکی دیموکراسی عه‌یاره 24دا به‌ڕێوه‌بچێت، چونکه کێشه‌ی سه‌ره‌کی ده‌سه‌ڵات له‌و پرۆسه‌یه‌دا ئه‌وه‌یه که له سه‌یرکردنی جزدان و گیرفانه‌وه بودجه داده‌ڕێژێت نه‌ک له پرۆسه‌یه‌کی عه‌قڵانی سه‌رده‌مانه‌دا. زیاده بۆ هه‌ڵڵای بێ سه‌روبه‌ری بودجه هه‌رێمه‌که‌مان له ته‌ماته و ده‌رزی و دهرزوهوه تا ته‌کنۆلۆجیای سه‌رده‌م له وڵاتانی ده‌ستی دو و سێ هاورده ده‌کات و بۆ گواستنه‌وه‌ی سامانه سروشتیه‌کانی پشتی به حکومه‌تێکی شۆڤێنی له خۆبایی بوی تورکیا به‌ستوه، بۆیه ئه‌م دۆخه ئابوریه نه‌یتوانیوه و ناش توانێت کۆڵه‌که سه‌ره‌کیه‌کانی ئاسایشی خۆراک و وزه و یه‌ده‌کی دراوی قورس و به‌ره‌نگاربونه‌وی ته‌زه‌خومی دارایی و فه‌رمانره‌وایی و پێره‌وکردنی سیاسه‌تێکی ئابوری هاوسه‌نگ و چاکسازی بنه‌ره‌تی و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی ئاستی به‌رزی ترسناکی بێ‌کاری و... دابین بکات. کورت و به کوردی ده‌سه‌ڵات به ده‌ستێک پاره وه‌رده‌گرێت و به ده‌یان ده‌ست به‌فیرۆی ده‌دات، ئه‌وه‌شی به‌لادا ده‌درێت موڵکی میلله‌ت نیه.
قه‌یران و هزری نه‌ته‌وه‌یی
له ئاکامی ئه‌م قه‌یران و کێشانه‌دا ئاشتی کۆمه‌ڵایه‌تی زۆر له‌رزۆکه و ناڕه‌زایی خه‌ڵک گه‌یشتۆته لوتکه، بۆیه هه‌رێم حه‌شارگه‌ی بورکانێکی نه‌ته‌وه‌ییه که له ئان و ساتدا ده‌کرێت بته‌قێته‌وه.
له‌م دۆخه‌داو به‌مه‌به‌ستی رزگارکردنی میلله‌ت زۆر پێویست ده‌کات هزری نه‌ته‌وایه‌تیمان بخرێته‌به‌ر چه‌قۆی تیژی هه‌ڵسه‌نگاندن و پێداچونه‌وه.
یه‌کێک له ئه‌رکه بنه‌ڕه‌تیه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان مامه‌ڵه‌کردنی دروسته له‌گه‌ڵ ئه‌م دۆخه‌دا. زیاتر له ساڵێکه گۆڕان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانی تری ئۆپۆزسیۆن فرسه‌تیان به ده‌سه‌ڵات داوه بۆ چاکسازی و گۆرانکاری بنه‌ره‌تی، تا ئه‌م ساته‌ش ده‌سه‌ڵات نه‌هاتۆته سه‌ربار. ته‌نها کاری به‌رچاو رێکه‌وتنه‌که‌ی ده‌باشانه که به‌ڕیزان مام جەلال و نه‌وشیروان مسته‌فا رێکه‌وتن له‌سه‌ر هه‌موارکردنه‌وه‌ی ده‌ستور و گۆڕینی سیسته‌می حوکمڕانی بۆ په‌رله‌مانی له هه‌رێمدا. ئایندهی ئه‌م رێکه‌وتنه له غیابی تاڵه‌بانی و فشاری زۆری پارتی که‌وتۆته به‌ر ره‌حمه‌تی روداوه‌کان.
ناشێت گۆڕان ئایندهی کاره‌کانی به‌توندی به به‌ڵێن و بهلاغهکانی ده‌سه‌ڵاته‌وه گرێ بدات. سیاسه‌تی چاکسازی هه‌نگاو به‌هه‌نگاو و سه‌بر و دان به‌خۆداگرتن کاتی به‌سه‌رچو، چونکه پاش دو ساڵ له‌و چاوشارکێیه شتێکی ئه‌وتۆ دروێنه نه‌کراوه، له راستیدا ده‌سه‌ڵات هیچ نیه‌تێکی چاکسازی بنه‌ڕه‌تی نیه. په‌نابردنیش بۆ گۆڕین و روخاندنی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ده‌ریایه‌ک له خوێن و ماڵوێرانیه‌کی گه‌وره‌ی لێده‌که‌وێته‌وه، نێوان وه‌همی چاکسازی و چاکسازی خوێناوی چه‌ندین ئه‌گه‌ری تر له ئارادان، کاریگه‌رترینیان داتاشینی ده‌سه‌ڵاتی هه‌ولێره و دابڕاندن و سنوردارکردنی ده‌سه‌ڵاته‌کانیه‌تی له ناوچه جیاکانی کوردستان.
رێکه‌وتنی سیاسی نێوان چه‌ند هێزی سیاسی و رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگا له چه‌ند ناوچه‌یه‌ک ئاماده‌سازیه‌ک ده‌بێت بۆ راگه‌یاندنی پارێزگا یاخود هه‌رێمی سه‌ربه‌خۆ، که ده‌ستوری عێراق رێگه‌ی پێداوه و پشکی خۆی له بودجه‌ی عێراق وه‌رده‌گرێت و ئیداره‌که‌شی به‌رپرس ده‌بێت له سامانه سروشتیه‌کانی سنوری ئیداری ناوچه‌که.
له‌م سه‌رده‌مه‌دا له زۆربه‌ی وڵاتانی پێشکه‌وتو یه‌که ئیداریه لۆکاڵیه‌کان کاره‌کان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن. له کوردستانیشدا به‌ده‌ستهێنانی دۆخێکی له‌و جۆره که‌س ناکات به دوژمنی کورد و کوردایه‌تی و ره‌گه‌زنامه‌ی کوردی که‌سیش به‌و شێوازه‌ی حوکمڕانیه ناگۆڕیت به‌شتێکی تر. بۆ مه‌سه‌له نه‌ته‌وه‌ییه‌کانیش چه‌ندین رێگه و شیوازی گونجاو له به‌رده‌ستدان تا کورد بتوانێت سودیان لێ بکات.
ئه‌م وه‌رچه‌رخاندنه له هزری کلاسیکی شمولیه‌تی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه بۆ هزری واقیعبینانه‌ی لۆکا‌ڵی سه‌رده‌م کارێکی ئاسان نیه، به‌ڵام زۆر باشتره له ئه‌گه‌ری به‌هێزی ته‌قینه‌وه‌ی دۆخی باشوری کوردستان و ئه‌و ئاکامه نهخواستانهی لێی ده‌که‌وێته‌وه.
|
|