هه‌رێمێکی ره‌ش و سپی
|
چیا عه‌باس
عێراق
به‌پێی هه‌واڵێکی The Wall Street Journal له 30-10-2012 بڵاوی کردۆته‌وه هه‌فتانه زیاتر له 800 ملیۆن دۆلار به نایاسایی له عێراق ئاودیو ده‌کرێت. راپۆرته‌که له لایه‌ن چاودێری گشتی تایبه‌ت به بنیاتنانه‌وه‌ی عێراق ساز کراوه. له سه‌ره‌تای مانگی ئۆکتۆبه‌ر سه‌رۆکی با‌نکی ناوه‌ندی عێراق، سنان الشبیبي، له‌گه‌ڵ چه‌ند به‌رپرسێکی باڵای تر له پۆسته‌که‌یان لابران به تۆمه‌تی به‌شداریان له سپیکردنه‌وه‌ی به‌رفراوانی پاره و ئاودیوکردنی و فه‌رمانی گرتنی 29 کارمه‌ندی با‌نکی ناوه‌ندیش ده‌رچو. زۆربه‌ی چاودێران و عێراقیه‌کان پێیان وایه ئه‌م هه‌ڵمه‌ته به‌شێکه له هه‌وڵه‌کانی نوری مالیکی بۆ کۆنترۆڵ کردنی کاره‌کانی با‌نکی ناوه‌ندی.
رۆژنامه‌ی نیۆرک تایمس له مانگی ئۆگۆستی ئه‌مساڵدا نوسیویه‌تی که چه‌ند بانک و ده‌زگای فه‌رمی عێراقی یارمه‌تی ئێران ده‌ده‌ن بۆ شکاندنی ئابڵوقه‌کانی سه‌ر ئێران به‌هۆی پرۆگرامه نه‌وه‌ویه‌که‌یه‌وه. تۆرێک له بانکه‌کان پاره‌ی ره‌ش سپی ده‌که‌نه‌وه، به‌واته‌ی چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ک چه‌ند که‌سێکی ده‌روبه‌ری نوری مالیکیش له‌م ئاڵوگۆره سودمه‌ندن. هه‌رچه‌نده ئیداره‌ی ئۆباما چاوی له‌م جۆره پراکتیکانه داخستوه، به‌ڵام له‌و سه‌روبه‌نده‌دا ته‌نها با‌نکی ئیلافی ئیسلامی به‌هۆی په‌یوه‌ندیه‌کانی به ئێرانه‌وه قه‌ده‌غه کرد مامه‌ڵه‌ی با‌نکی له‌گه‌ڵ ئه‌مەریکا بکات. ئه‌م با‌نکه نمونه‌یه‌کی بچوکی ده‌ریایه‌ک له‌و جۆره پراکتیکانه‌یه له عێراق. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا حکومه‌ته‌که‌ی مالیکی هیچ هه‌نگاوێکی به‌رامبه‌ر ئه‌م با‌نکه نه‌کردوه و بانکه‌که‌ش له کاره نایاسایی و ساخته‌کاریه‌کانی به‌رده‌وامه.
به‌هه‌ڵسه‌نگاندنی چاودێرێکی دارایی، به‌ڕێوه‌به‌ری کۆمسیۆنی با‌نکه ئه‌هلیه‌کانی عێراق، له چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ " ئاینده‌ی عێراق" له 17 ئۆگۆستی 2011 دا بڵاوکراوه‌ته‌وه، ده‌ڵێت: "چه‌ند گروپێکی تێرۆریست و به‌یارمه‌تی وڵاتانی دراوسێ و به‌ده‌ر له کۆنتڕۆڵی حکومه‌ت به‌ئاسانی پاره له بانکه‌کانی عێراق وه‌رده‌گرن"، له درێژه‌ی قسه‌کانیدا: "ئه‌م وڵاتانه رۆڵێکی گرنگیان له سپیکردنه‌وه‌ی پاره‌ی ره‌ش به‌رێگه‌ی با‌نکه ئه‌هلیه‌کان و حکو‌مه‌ته‌وه بینیوه و به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ سیاسه‌تمه‌داره عێراقیه ناوداره‌کان و به‌رپرسه به‌هێزه‌کانی حکومه‌ت ئه‌م کارانه ئه‌نجام ده‌ده‌ن. ئه‌م چاودێره تیشکی زیاتر ده‌خاته سه‌ر پرۆسه‌که و ده‌ڵێت: "ئه‌م گروپه تێرۆریستانه مانگانه چه‌ند ملیۆن دۆلار به‌ناوی موچه و قازانجی پرۆژه وه‌به‌ر‌هێنه‌ره‌کان و یارمه‌تیدانی رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیه‌وه وه‌رده‌گرن. با‌نکه چالاکه‌کان له‌م بواره‌دا بۆ بانکه‌کانی خه‌لیج کارده‌که‌ن".
به‌غدا ره‌تی تۆمه‌ته‌کانی به‌رپرسانی ئه‌مەریکی کردۆته‌وه که عێراق پێشێلی ئابلوقه نێوده‌وڵه‌تیه‌کانی سه‌ر ئێران ده‌کات به‌رێگه‌ی ناردنی قاچاخی نه‌وتی ئێران بۆ ده‌ره‌وه و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی قازانجی سپیکراوه‌ی ئه‌و بازرگانیه ساخته‌یه بۆ ئێران. به‌واته‌ی عەلی موسه‌وی، وته‌بێژی مالیکی سه‌رجه‌م ئه‌و قسانه "درۆی زلن". ئه‌م کۆمێنته‌ی موسه‌وی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی راپۆرتێکی نیۆرک تایمس بو که له مانگی ئۆگۆستی ئه‌مساڵدا بڵاوی کردبوه‌وه و تێدا باس له تۆرێکی دارایی نهێنی جێگیر له عێراق ده‌کات و یارمه‌تی ئێران ده‌دات بۆ فرۆشتنی نه‌وته‌که‌ی. ئه‌مەریکا له‌م روه‌وه لێدوانی داخراوی له‌گه‌ڵ عێراقدا کردوه.
عێراق ئه‌ندامه له به‌شی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ياست و باکوری ئه‌فریکای ده‌زگای (فافت) – رێکخراوێکه له‌و حکومه‌تانه‌ی ئه‌ندامن تێدا پێکهاتوه و ئه‌رکی سه‌ره‌کی گه‌ڕانه به‌داوی سپیکردنه‌وه‌ی پاره‌ی ره‌ش و سه‌رچاوه‌کانی ته‌مویلکردنی تێرۆره‌زم.
FINANCIAL ACTION TASK FORCE (MENFAFT)MIDDLE EAST & NORTHERN AFRICA
به هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌م ده‌زگایه یاسای ساڵی 2004ی عێراق دژ به‌سپپیکرنه‌وه‌ی پاره سپیکردنه‌وه‌ی پاره‌ی ره‌ش به ته‌واوی ناخاته چوارچێوه‌ی تاوانه‌وه. هۆکارێک عێراق دورگه‌یه‌کی له‌باره بۆ سپیکردنه‌وه‌ی پاره‌ی ره‌ش.
بوارێکی تری گه‌وره‌ی به‌رچاو بۆ مامه‌ڵه‌کردن به دراوه‌وه داهاتی با‌زرگانی موخه‌ده‌راته که برێکی ئێجگار زۆر دۆلار‌ی ئه‌مەریکی تێدا گیرساوه‌ته‌وه و پێویستی به‌سپیکردنه‌وه هه‌یه له رێگه‌ی پرۆژه‌کانی وه‌به‌رهێنان و با‌زرگانی له ناوچه خۆڵه‌مێشه‌کانی دنیا. له عێراق و هه‌رێمی کوردستان له‌ژێر ناوی چه‌ندین پرۆژه‌ی وه‌همی و داپۆشه‌ره‌وه برێکی زۆری پاره‌ی ده‌سه‌که‌وتی ئه‌و جۆره بازرگانیه سپیده‌کرێته‌وه و دواتر ئاودیو ده‌کرێت.
پرۆسه‌ی سپیکرنده‌وه‌ی پاره بریتیه له به‌گه‌ڕهێنانی پاره که به‌کاری نایاسایی به‌ده‌ست هێنراوه له که‌ناڵ و بواره یاساییه‌کانی وه‌به‌رهێنان بۆ شاردنه‌وه‌ی سه‌رچاوه ره‌سه‌نه‌کانی پاره‌که و ده‌رخستنی وه‌ک ئه‌وه‌ی له سه‌رچاوه و کاری یاساییه‌وه به‌ده‌ست هێنراوه. نمونه‌ی ئه‌و جۆره کاره نایاساییانه زۆن، وه‌کو: با‌زرگانی موخه‌ده‌رات و چه‌ک، دزین و پاره‌ی ده‌سکه‌وت له گه‌نده‌لی و قاچاخچیه‌تی و به‌کارهێنانی موڵکی گشتی بۆ با‌زرگانی و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت و... هتد.
هه‌رێم
ئابوری هه‌رێمی کوردستان وه‌ک عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای پاره‌ی کاش به‌ڕێوه‌ده‌چێت. له‌م که‌ش و هه‌وایه‌دا و له غیابی ئیراده‌ی سیاسی و یاسایی بۆ رێگرتن و سزادانی سپیکردنه‌وه‌ی پاره‌ی ره‌ش و ئاودیوکردنی ده‌بینین هه‌رێم وه‌ک به‌شه‌کانی تری عێراق بۆته واحه‌یه‌ک بۆ ئه‌و دیارده مه‌ترسیداره که ئاکامه‌کانی زۆر زه‌ره‌رمه‌ندن بۆ گه‌شه‌کردن و به‌هێزبونی ئابوری هه‌رێم.
له‌م بواره‌دا چه‌ندین کاری نایاسایی بونه‌ته رۆتینیاتی رۆژانه له هه‌رێم و به راشکاوی له‌لایه‌ن به‌شێک له ده‌سه‌ڵاتداران و سه‌رمایه‌داره گه‌وره‌کان و بانده‌کانی مافیای کوردستان و ده‌ره‌وه به‌ڕێوه ده‌برێن، له‌وانه: قاچاخچیه‌تی به هه‌مو شتێک، له جگه‌ره و کحولیات و نه‌وت و به‌رهه‌مه‌کانی نه‌وت و ئاژه‌ڵ و ئاڵتون و که‌ره‌سه‌کانی بینا و خۆراک و ده‌رمان تا ده‌گاته قاچاخچیه‌تی به‌مرۆڤ و با‌زرگانی ساخته‌ی زه‌وی و زار و له‌شفرۆشی و... هتد. هه‌رێم یه‌کێکه له بازاڕه ره‌شه گه‌وره‌کانی ناوچه‌که بۆ ئۆتۆمبێل و ئاودیوکردنی پاره‌ی زۆر و پاره‌ی ره‌ش. چه‌ندین راپۆرتی باوه‌ڕپێکرا ئاماژه ده‌ده‌ن به‌وه‌ی هه‌رێم بۆته بازاڕێکی گه‌وره بۆ با‌زرگانی کاڵا و شتومه‌کی لاساییکردنه‌وه، هه‌روه‌ها بۆته دورگه‌یه‌کی ئارام بۆ سپیکردنه‌وه‌ی پاره‌ی ره‌شی وه‌به‌رهێنه‌ره‌کانی ده‌ره‌وه‌ی کوردستان له تورکیا و ئێران و چه‌ند وڵاتێکی ئه‌وروپای خۆرهه‌ڵات و وڵاتانی عه‌ره‌بی.
نوسینگه‌کانی گۆڕینه‌وه‌ی پاره و حه‌واڵه له هه‌مو کون و قوژبنێکی کوردستان بڵاوبونه‌ته‌وه، به‌تایبه‌ت له هه‌ولێر، رۆڵی زۆر گه‌وره له‌م دیارده ترسناکه‌دا به‌ڕێگه‌ی مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ دراوه بیانیه‌کان و زۆر تایبه‌ت دۆلار ده‌بینن. ئه‌م نوسینگانه، مۆڵه‌تدراو و بێ مۆڵه‌ت، بۆ کاری یاسایی و نایاسایی به‌کارده‌هێنرێن. نوسینگه‌کان و سوڕاندنه‌وه‌ی دراو له هه‌رێم له‌ژێر کۆنترۆڵ و چاودێری پێویستدا نین و حکومه‌تی هه‌رێم ناڕاسته‌وخۆ گڵۆپی سه‌وزی بۆ هه‌ڵکردون. له‌م دۆخه‌دا رێنماییکردن و چاودێریکردنی قۆتاغی فه‌رمی و نافه‌رمی دارایی له ئاستی پێویست و کاریگه‌ردا نیه و له ئاکامدا قۆتاغی تایبه‌ت زۆر لاواز چاودێری ده‌کرێت.
له هه‌رێم یاسایه‌کی تایبه‌ت دژ به سپیکردنه‌وه و به قاچاخ بردنی پاره نیه. به‌رای هه‌ندێک له به‌رپرسان و په‌رله‌مانتاران ئه‌سته‌مه رێگری له قاچاخ بگیرێت و سیسته‌می با‌نکی دروست بێت ئه‌گه‌ر دۆخی سیاسی عێراق یاسایی نه‌بێته‌وه.
بڕی دۆلار که ئاودیوی عێراق ده‌کرێت له زیادبوندایه، ئاشکرایه که بڕێکی زۆر دۆلار ده‌چێته ناو ئێرانه‌وه. ئه‌و بانکانه‌ی له سنوری ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی هه‌رێمدا کارده‌که‌ن پشکێکی گه‌وره‌یان له‌م ئاودیوکردنه به‌رده‌که‌وێت و هه‌روه‌ها بانکه‌کانی تریش له عێراق له پرۆسه‌که‌دا به‌شدارن. بێگومان هه‌مو دۆلار‌ی به‌رده‌ست ناچێته ناو ئێرانه‌وه، ئه‌و پاره‌یه‌ی به‌ڕێگه‌ی به‌رتیل و گه‌نده‌ڵی تره‌وه به‌ده‌ست ده‌هێنرێت ره‌وانه‌ی ئیمارات و بانکه‌کانی وڵاتانی یه‌کێتی ئه‌وروپا ده‌کرێت.
له بازاڕدا گۆڕینی نرخی کاڵا و شتومه‌ک نیشانه‌ی قاچاخکردنه به دراوه‌کان و که‌م ده‌رامه‌ته‌کان ده‌بنه یه‌که‌م قوربانی ئه‌م دیارده‌یه، نه‌بونی چاودێری با‌نکی ناوه‌ند، له‌رزۆکی دۆخی سیاسی و سه‌رقاڵبونی سیاسه‌تمه‌داره باڵاده‌سته‌کان به‌به‌رژه‌وه‌ندیه حیزبی و تایبه‌تیه‌کانیانه‌وه و به ململانێ و ناکۆکی نێوانیان زه‌مینه خۆشکه‌رن بۆ گه‌شه‌کردنی ئه‌م جۆره پراکتیکانه. به‌سود وه‌رگرتن له گرژی و ئاڵۆزی نێوان هه‌رێم و وڵاتانی دراوسێ ئه‌م وڵاتانه سودمه‌ندی سه‌ره‌کین له‌و پراکتیکه و دراوی قورس بۆ خۆیان ده‌قۆزنه‌وه.
به‌هه‌ڵسه‌نگاندنی پسپۆڕ و چاودێره‌کانی دارایی به‌رپرسه باڵاکانی حکومی و حیزبی له سه‌رجه‌م عێراقدا له ئاڵوگۆرکردنی نایاسایی دراو و قاچاخکردن به دۆلاره‌وه تێوه‌گلاون. زۆربه‌ی نوسینگه‌کانی حه‌واڵه‌کردن و گۆڕینه‌وه‌ی دراو له هه‌رێم له‌لایه‌ن خزم و که‌سوکار و خێزان و بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و به‌رپرسانه‌وه به‌ڕێوه ده‌برێن.
نوسینگه‌کان بۆ ته‌حویلی پاره به‌ڵگه‌ی ساخته به‌ناوی با‌زرگانی کردن به‌و بڕی پارانه‌وه به‌کارده‌هێنن. زۆربه‌ی هاوڵاتیان باوه‌ڕیان به دراوی عێراقی لاواز بوه و پاره‌کانیان بۆ دۆلار ده‌گۆڕنه‌وه. به‌پێی چه‌ند ئامارێک مانگانه سه‌دان ملیۆن دۆلار له هه‌رێم ده‌برێته ده‌ره‌وه. یه‌ده‌کی دراوی قورسی عێراق نزیکه‌ی 60 ملیار دۆلاره که‌چی به‌هۆی داوای زۆر له سه‌ر دۆلار ده‌زگا داراییه‌کان ناتوانن هه‌مو داواکاری بۆ دۆلار دابین بکه‌ن. به‌ڕێوه‌به‌ری با‌نکی ناوه‌ندی په‌نجه‌ی تۆمه‌تکردن بۆ حکومه‌ت راده‌کێشێت که راسته‌وخۆ یا ناراسته‌وخۆ له به‌تاڵکردنی خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت له دراوی قورس تێوه‌گلاوه.
کارمه‌ندانی چه‌ند ده‌زگایه‌کی نێوده‌وڵه‌تی بۆ چاودێری و به‌دواداچونی پراکتیکه نایاساییه‌کان، وه‌ک Wanted SA & Monte Friesner ماوه‌یه‌کی زۆر له عێراق و کوردستان کاری کردوه، له ئاکامی لێکۆڵینه و شێکردنه‌وه‌کانیان گه‌یشتونه‌ته ده‌رئه‌نجامێک که سپیکردنه‌وه و ئاودیوکردنی پاره به‌رپرسه باڵاکانی حکومه‌ت و با‌نکی ناوه‌ندی عێراق و هه‌رێمی کوردستانی گرتۆته‌وه. ئه‌م رێکخراوه توانیویه‌تی بزانێت که سپیکرنه‌وه‌ی پاره و ئاودیوکردنی بۆ نه‌مسا، ئه‌مەریکا، که‌نه‌دا، سوید و روسیا له‌ژێر کۆنترۆڵی کورد دایه و گه‌وره‌ترین تۆر له که‌نه‌دا و نه‌مسایه. له ئۆکتۆبه‌ری 2011 رێکخراوه‌که هه‌مو دۆکیومێنت و راپۆرت و وێنه‌کانی راده‌ستی ده‌زگای نێوده‌وڵه‌تی بۆ چه‌سپاندنی یاسا International Law Enforcement کردوه.
کارمه‌نده باڵاکانی بانکه‌کانی جیهان پابه‌ندبونی کارمه‌ندانی هه‌رێم به رێسا و رێنماییه‌کانی با‌نکی پێره‌وکراو له دنیادا به گاڵته و نوکته ده‌زانن. بۆ نمونه ملیۆنه‌ها دۆلار که زۆربه‌ی له ئێران و با‌زرگانی به موخه‌ده‌رات و گه‌نده‌ڵی و دروستکردنی کاڵای لاسایی، قاچاخچیه‌تی و پێشێلکردنی بایکۆته نێوده‌وڵه‌تیه‌کانه‌وه دێت، به‌رێگه‌ی بانکه‌کان و نوسینگه‌کانی دراوه‌وه بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا ده‌نێردرێت. پشکی زۆری سه‌رمایه‌ی رفیو له بانکه‌کانی سویسرا ده‌خه‌وێنرێت.
ئێران و هه‌رێم
راپۆرتی فه‌رمی ئاستی ئاڵوگۆڕی با‌زرگانی نێوان ئێران و عێراق به 7 ملیار دۆلار داده‌نێت، له راستیدا 10 ملیار دۆلاره و 70% ی ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستاندایه.
کۆنسۆڵی گشتی ئێران له هه‌رێم، سەعید عازم حوسه‌ینی، له چاوپێکه‌وتنێک له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر ده‌ڵێت: به‌لایه‌نی که‌مه‌وه 500 کۆمپانیای ئێرانی له هه‌رێمی کوردستان کارده‌که‌ن، قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی با‌زرگانی له 6 ساڵی دواییدا ده قات گه‌شه‌ی کردوه و رۆژ له‌دوای رۆژیش باشتر ده‌بێت.
له به‌رامبه‌ر ئه‌م راستیانه‌دا چه‌ند ده‌نگێکی کاریگه‌ر به‌رزبۆته‌وه و داوا ده‌که‌ن که کارمه‌ندانی یاسایی له یه‌کێتی ئه‌وروپا و ده‌زگا داراییه‌کانی ئه‌مەریکا لێکۆڵینه‌وه‌ی دروست و ورد له‌گه‌ڵ هه‌مو ئه‌وانه‌دا بکه‌ن که مامه‌ڵه‌ی دارایی له‌گه‌ڵ کۆمپانیاکانی کو‌ردستاندا ده‌که‌ن تا رێگری بکرێت له‌وه‌ی ئه‌و کۆمپانیایانه و به‌رپرسه‌کان بۆ قازانجی ئێران ئه‌و مامه‌ڵانه ئه‌نجام بده‌ن. به‌هه‌ڵسه‌نگاندنی چه‌ندین چاو‌دێر هه‌رێمی کوردستان پێشێلی ئابڵوقه نێوده‌وڵه‌تیه‌کان له‌سه‌ر ئێران ده‌کات.
ده‌زگایه‌کی ده‌ره‌کی تایبه‌ت له ماوه‌ی دو ساڵی دواییدا توێژینه‌وه‌ی تۆکمه و وردی له‌سه‌ر چه‌ند پرۆژه و گرێبه‌ست و با‌زرگانی کردن له هه‌رێم کردوه، له ئاکامدا ده‌رکه‌وتوه که زۆربه‌یان پێشێلی ئابلوقه‌کان له‌سه‌ر ئێران ده‌که‌ن، به بۆچونی ئه‌م ده‌زگایه حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان کارئاسانی ده‌کات و هانی ئه‌و کۆمپانیایانه ده‌دات که پێشێلی ئابلوقه‌کان ده‌که‌ن و په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆیان له‌گه‌ڵ ئێران‌دا هه‌یه.
له سه‌رده‌می کۆندا کاروانا‌که‌نی وڵاخ ته‌نراو به جۆره‌ها شتومه‌ک و کاڵا جۆرێک له موغامه‌ره و ته‌حه‌داکردن بون، هه‌نوکه کاروانه درێژه‌کانی بارهه‌ڵگره‌کان به‌سه‌ر رێگای مۆدێرن و قیرتاوی دروستکراو که له کوردستانه‌وه تا ئێران درێژ ده‌بێته‌وه هه‌رچی خوا خوازیاری بێت بۆ ئێران ده‌گوازنه‌وه. له گه‌ڕانه‌وه‌شدا له ئێرانه‌وه بۆ کوردستان پاره‌ی کاش بۆ دانانی له بانکه‌کانی کوردستان ده‌هێننه‌وه.
|
|
|