سه‌رۆک کۆمارێکی بێ شانس
|
چیا عه‌باس
که‌لاوه‌که‌ی عێراق سه‌رۆک کۆماره تازه کورده‌که‌ی به ئاڵا شڕه‌که‌ی قومات کرد، ئه‌م سه‌رۆکه موخه‌زه‌رمه ده‌بێت یه‌کپارچه‌یی عێراق بپارێزێت، شتێک ده‌مێکه بۆته چه‌ندین پارچه‌ی دژ به‌یه‌ک و هه‌ر رۆژێک پارچه‌یه‌کی تریشی لێده‌بێته‌وه، ده‌بێت به‌رگری له ده‌ستور بکات، شتێک له پراکتیکدا بۆته پاشکۆی چه‌ند سوننه‌ت و ده‌ستوری تر، ده‌بێت نه‌یه‌ڵیت سه‌روه‌ری عێراقیش له‌نگه بکات، شتێک یه‌ک چاره‌که سه‌ده‌یه له درۆیه‌کی زل و روت زیاتر نیه.
به‌سود وه‌رگرتن له ئه‌زمونی نزیکه‌ی 10 ساڵی رابوردو ئه‌م سه‌رۆکه تازه‌یه‌ی عێراق له گه‌ڵ ئه‌و هه‌مو ئه‌رکه بنه‌ڕه‌تیه ده‌ستوریه "پیرۆزه" مه‌حاڵانه‌دا که به‌کاریگه‌ری ده‌نگی شؤڤێنیزمی و مه‌زهه‌بی عه‌ره‌بی له سوننه و شیعه خراوه‌ته سه‌ر عه‌رشی پاشایه‌تی ده‌بێت به‌ناوی "کورده‌وه" رۆژانه‌ش خه‌و‌نه ره‌سه‌نه‌کانی کورد گه‌ر له باریشیان نه‌بات هه‌روه‌ک خه‌ون بیانهێڵێته‌وه، ئه‌وه یاسایه‌کی سروشتی سیاسه‌ته: به‌خۆرایی شتێک وه‌رناگریت، جاچی پۆستی سه‌رۆک کۆمار که له که‌لاوه‌ی عێراقدا هه‌ریه‌که‌و نرخێکی له‌سه‌ر داده‌نێت.
گه‌مه‌ی ده‌سترۆیشتوانی کورد
ده‌سترۆیشتوه‌کانی کورد له گه‌مه‌یه‌کی هه‌رزان به‌هادا، بۆ جارێکی تریش له ساته‌وه‌ختیكی هه‌ستیاردا، هه‌ستیار نێوان راپرسی و سه‌ربه‌خۆیی و پاشکۆیه‌تی بۆ به‌غداد، ره‌سه‌نی روخسار و نیه‌ته گوماناویه دو فاقه‌کانیان به‌رچاوکه‌وت، کاتێک به‌په‌رۆشی سه‌رگه‌رمێکه‌وه و له‌و دۆخه‌ی ئێستای عێراقدا سه‌رچۆپی زه‌ماوه‌ندی مانه‌وه‌ی که‌لاوه‌ی عێراقیان گرته‌وه ده‌ست. ئه‌وه‌نده بێئۆقره و به‌هه‌ڵپه بون فریای ئه‌وه نه‌که‌وتن پێشوه‌خت داواکاری و پێگه‌ی کورد له حکومه‌تی ئاینده‌ی عێراقدا به‌زه‌ماناتی تۆکمه‌وه بچه‌سپێنن ئه‌نجا سه‌رچۆپیه‌که بکه‌ن و شاباشی خۆیان وه‌رگرن. زۆر په‌له‌یان بو وه‌ک ئه‌وه‌ی چی له‌و که‌لاوه‌یه‌دا به‌پێیه‌وه ماوه بێ سه‌رۆک کۆمارێکی کورد داده‌رمێت و میزۆپۆتۆمیا به‌ته‌واوی وشک ده‌بێت و زه‌رد هه‌ڵده‌گه‌ڕێت. ده‌بوا هاوکێشه‌ی به‌شداری راسته‌قینه‌ی کوردیان له به‌غداد پێچه‌وانه بکردایه: یه‌که‌م مافه‌کان ئه‌نجا به‌شداری له پله و پایه‌دا، مه‌خابن کونه‌به‌بو ئاسا له سه‌ر دیواره روخاوه‌کانی کۆشکێکی ئه‌و که‌لاوه‌یه نیشتنه‌وه. سه‌یره ئه‌م هه‌مو سه‌رکرده به‌ئه‌زمونه به‌سه‌رۆک کۆماریشه‌وه له کاته‌کانی دانوستان له گه‌ڵ سه‌دام یه‌که‌م شت پێداگریان بو له چه‌سپاندنی مافه‌کانی کورد ئه‌نجا به‌شداری له حکومه‌تدا، که‌چی ماوه‌ی ده ساڵه به‌پاساوی ده‌ستورێکی ته‌ماوی و ناجێگیر که زه‌مینه خۆشکه‌ری سه‌رجه‌م کێشه‌کانی کورده له گه‌ڵ به‌غدادا به‌فیکه‌یه‌ک به‌ره‌و ده‌روازه‌کانی به‌غداد راده‌که‌ن.
یه‌کێتی
یه‌کێتی تا سه‌ر ئێسکی عاشقی ئه‌و پۆسته بوه، ئاغاکانی ئێران که که‌لاوه‌ی عێراق به‌به‌شێک له ئیمپراتۆریه‌تی شیعه ده‌زانن، هه‌ر له‌دوای روخاندنی سه‌دامه‌وه به‌هه‌مو هێزیان کاریان کردوه که‌سایه‌تیه‌کی کورد، زۆر باشتره لاواز و گوێرایه‌ڵیشیان بێت، ببێته سه‌رۆک کۆمار تا عێراق له جیهانی عه‌ره‌بی دورخه‌نه‌وه، تا له‌زگه‌یه‌کی نیشتمانی (نه‌ک شیعه‌گه‌رایی مه‌زهه‌بی) به روخساره تێکشکاوه‌که‌ی عێراقدا بلکێنن و تا له په‌نایدا ئه‌و پۆسته بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ئێران له ناوچه‌که و دنیادا به‌کاربهێنن. له‌م روه‌وه چه‌ندین دۆکییومێنت و به‌ڵگه‌ی حاشاهه‌ڵنه‌گر له‌به‌رده‌ستدان که ئه‌و راستیانه ده‌سه‌لمێنن، ئه‌وه که‌سایه‌تی مام جەلال بوه توانیویه‌تی تا راده‌یه‌ک سنورێک بۆ فشار و خواسته‌کانی ئێران دابنێت کاتێک سه‌رۆک کۆمار بو. که‌سێکی شاره‌زا و فامدار تێده‌گات سه‌رۆکی تازه ئه‌وه‌ی هه‌ر پێناکرێت.
بۆیه وێرای ئه‌وه‌ی یه‌کێتی توانی ئه‌و پۆسته بۆ که‌سایه‌تیه‌کی ناسراوی خۆی بپچڕێنێت، به‌ڵام له مه‌دای دوردا گه‌وره‌ترین زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێت، چونکه کێ به‌لاوازی و پێچوپه‌نایه‌کی زۆر و سه‌فقه‌ی ژێربه‌ژێر و به‌په‌رۆشیه‌کی بێئه‌ندازه‌وه پۆستێکی وای بدرێتێ به‌رده‌وام لاواز ده‌مێنیته‌وه و سه‌ربه‌خۆیی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات. به‌تایبه‌ت ئه‌م پۆسته "سحراویه" بوه مایه‌ی کێشمه‌کێش و ململانێی خه‌ست له ئاستی لوتکه‌ی یه‌کێتیدا که ئاسه‌وه‌ره‌کانی هه‌روا ناسڕێنرێنه‌وه. ده‌سترۆیشتوانی یه‌کێتی بۆ پرکردنه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته به گوێرایه‌ڵێکی خۆیان هه‌رچی سه‌روه‌ری و سه‌ربه‌خۆیی خۆیانه خسته به‌ر ره‌حمه‌تی روداوه‌کای ئاینده‌وه.
پارتی
پارتی له گه‌مه سیاسیه گه‌وره‌کاندا وه‌ستایه، پاش کاڵبونه‌وه‌ی گه‌رموگوڕی هه‌ڵمه‌تی سه‌ربه‌خۆیی و به‌ده‌نگه‌وه نه‌چونی تورکیا و ئه‌مەریکا به‌گه‌رمی بۆ ئه‌و هه‌ڵمه‌ته، پاشئه‌وه‌ی بۆ پارتی ده‌رکه‌وت به‌ره‌ی شیعه له عێراق و ناوچه‌که زۆر به‌هێزتره له‌وه‌ی چاوه‌ڕوان ده‌کرا، پاشئه‌وه‌ی ده‌سترۆیشتوانی پارتی له ئه‌رزی واقیعدا بینیان ئێران چۆن که‌فوکوڵی دێت بۆ پاراستنی هه‌یمه‌نه‌ی شیعه له عێراق، هاوکاتیش له ته‌وقێتێکی زۆر ژێرانه‌دا مام جەلال هاته‌وه بۆ کوردستان و له‌روی مه‌عنه‌ویه‌وه وه‌ک مام جەلالی پێش نه‌خۆشکه‌وتنی له زومی کامێراکانه‌وه پێگه‌که‌ی له سیاسه‌تی باشوردا نمایشکرا، پارتی گه‌یشته قه‌ناعه‌ت (پێده‌چێت کاتی بێت) باشتره له چه‌ند وێستگه‌یه‌کدا به‌رامبه‌ر به ویستی ئێران و شیعه نه‌وه‌ستنه‌وه، بۆیه پێیان باشبو ده‌ستی یارمه‌تی بۆ خواستی ده‌سترۆێشتوانی یه‌کێتی له‌مه‌ڕ کاندیدیان بۆ پۆستی سه‌رۆک کۆمار درێژبکه‌ن و ئه‌وه‌شیان به‌سه‌فقه‌یه‌کی حیزبی گه‌یانده "بیت المقصود". پۆستی سه‌رۆک کۆمار به‌لای پارتیه‌وه کرۆکێکی به‌هێزی مه‌سه‌له نه‌ته‌وه‌ییه‌که نه‌بوه و ناشبێت، به‌ڵکو به‌شێک بوه له سه‌فقه‌ی حیزبی له گه‌ڵ یه‌کێتیدا و له هاوکێشه‌ی ته‌وافق له عێراقدا. له ئێستاشدا پارتی زۆر له نزیکه‌وه سه‌رۆک کۆماری تازه ده‌ناسن، پارتی به‌نیازه له‌م پرۆسه‌یه‌دا زۆرترین قازانج به‌ده‌ست بهێنێت، چونکه ئه‌و ته‌ماشاکه‌رێکه له که‌میندایه و دوا بڕیاریش لای خۆیه‌تی.
گۆڕان
هه‌رچی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه پێده‌چیت له‌م پرۆسه‌یه‌دا دوای روداوه‌کان که‌وتبێت. چونکه ئه‌گه‌ر له ناچاریشدا بو ده‌بو گۆڕان هه‌ڵوێست و ره‌فتاری له‌مه‌سه‌له‌یه‌کی وادا رونتر و به‌رچاوتر بوایه و بۆ که‌لاوه‌که‌ی عێراق به‌هێزترین کارتی نه‌ته‌وه‌ییان به‌کاربهێنایه.
ئیسلامیه‌کان
سه‌باره‌ت به هێزه ئیسلامیه‌کانیش هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئاشکرا بو که پێیان باش نه‌بوه ده‌سه‌ڵاتی ئێران و به‌ره‌ی شیعه به‌زه‌قی له که‌سایه‌تی سه‌رۆک کۆمار‌دا به‌رچاو بن.
سه‌رۆک کۆمار
هه‌رچۆنێک بێت که‌سایه‌تیه‌ک به‌ناوی کورده‌وه له کۆشکی کۆماری دانراوه، ئه‌م که‌سایه‌تیه مێژو‌یه‌کی دورودرێژی له بزافی کوردایه‌تیدا هه‌یه، هه‌ر له سه‌رده‌می شۆڕشی ئه‌یلول نوێنه‌ری خوالێخۆشبو مه‌لا مسته‌فا بوه له میسر، دوای شکستی ئه‌و شۆڕشه له ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری یه‌کێتی بوه و بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ له شاخ کاری کردوه، سه‌رۆکی یه‌که‌م ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بوه. دوای روخاندنی سه‌دام له فراکسیۆنی هاوبه‌شی پارتی و یه‌کێتی له په‌رله‌مانی عێراق کاری کردوه، له هه‌ڵبژاردنه‌کانی 2010 بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران نه‌یتوانی له لیستی یه‌کێتی له هه‌ولێر سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت، به‌ڵام به‌ئاڵوگۆرێکی نێوان به‌رێزان مام جەلال و کاک مه‌سعود کرایه‌وه به ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران.
که‌سایه‌تیه‌کی ورده له هونه‌ری داڕشتنی یاسایی و دانوستاندندا، باش ئاشنای ئه‌قڵیه‌تی سیاسی عه‌ره‌بیه، به‌ڵام زۆر سه‌رکه‌وتو نه‌بوه له مامه‌ڵه‌کردن له گه‌ڵیدا، که‌سایه‌تیه‌کی هێمن و که‌مده‌نگ و خۆماتکه‌ری هه‌یه، دیدوبۆچونه‌کانی بۆ کوردایه‌تی و ئاینده‌ی کورد له هزرێکی موحافیزکاری کلاسیکیدا گوزه‌رده‌که‌ن که وزه و توانای نوێگه‌رایه‌تی و فه‌رزکردنی ئه‌مری واقیع و ته‌حه‌داکردنی له گه‌ڵ ئه‌م سه‌ده‌مه‌دا ناگونجێن.
له‌ماوه‌ی دسه‌ڵاتداریدا له یه‌کێتیدا، به‌تایبه‌ت دوای روخاندنی سه‌دام، به‌رده‌وام له بازنه‌یه‌کی ته‌سکی ده‌ورو‌به‌ریدا کاریگه‌ر بوه و ئاگای لێیان بوه، بۆیه تێکه‌ڵاوی له گه‌ڵ خه‌ڵکی و جه‌ماوه‌ری یه‌کێتیدا ئه‌وه‌نده به‌رچاو نه‌بون و به‌هۆی کارکردنیشی له به‌غداد زۆر لێیان دابڕاو بوه.
من پێموایه ئه‌م پۆسته له‌م کاته‌دا و به‌و ئه‌قڵیه‌تیه سیاسیه‌ی ده‌سترۆیشتوانی کورد که پشتگیری کردوه پر به‌پێستیه‌تی، بۆیه ئاستی چاوه‌ڕوانیه‌کانمان ده‌بێت واقیعبینانه نزم رابگرین.
|
|
|