ته‌وقه‌کانی سه‌ر سلێمانی و رێگه‌چاره؟
|
چیا عه‌باس
وێڕای پێگه‌ی سیاسی و رۆشنبیری و کۆمه‌ڵایه‌تی به‌هێزی سلێمانی له مێژوی کورد و بزافی کوردایه‌تی و ده‌وڵه‌مه‌ندی زه‌وی و زاره‌که‌ی، وه‌ڵی له دوای راپه‌رینه‌وه و له سایه‌ی حوکمڕانی خۆماڵیدا بایه‌خی به‌رده‌وام و جدی نه‌دراوه بۆ گه‌شه‌کردن و تۆکمه‌کردنی ئه‌و پێگه‌یه.
ساڵانێکی درێژه هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه دواده‌خرێت، له‌سایه‌ی ئه‌و دواخستنهدا توانیان له سلێمانی خۆسه‌پاندن و قۆرخکردنی ده‌سه‌ڵاته ئیداری و سه‌ربازی و ئه‌منیه‌کانی ئه‌نجام بده‌ن، سڵیان نه‌کرده‌وه له‌وه‌ی وه‌ڵامی ده‌نگی ناڕه‌زایی ئه‌و شاره به‌زه‌بری فیشه‌ک و کوشتنی چه‌ند رۆڵه‌یه‌کی به‌جه‌رگ بده‌نه‌وه، درێغیان نه‌کرد له تۆقاندن و زیندانیکردن و لێدان و فڕاندن و نانبڕین و سزادانی سیاسی، زۆر چاوچنۆکانه کۆنترۆڵی بازاڕ و بازرگانییان به‌رێگه‌ی چه‌ند کۆمپانیای حیزبی و تایبه‌ته‌وه کرد، تێر نه‌بون له زه‌وتکردنی زۆربه‌ی موڵکی گشتی، زیاده بۆ ئه‌مه‌ش و بۆ شکاندنی تینویه‌تی تۆڵه‌ی سیاسی سزای مه‌قسودی سلێمانی له چه‌ند بوارێکی زیندودا دراوه.
پاشخان و ژێرخانی ئابوری سلێمانی شه‌که‌ت کراوه، زۆربه‌ی ئه‌وه‌شی کراوه له چوارچێوه‌ی ئابوریه‌کی به‌رخۆر و بێ به‌رهه‌م ده‌رناچێت که چه‌ند کۆمپانیا و سه‌رمایه‌داری حیزبی و نزیك لێیان سودمه‌ندی یه‌که‌من، ته‌نها به دواکه‌وتنی هاتنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و که‌مبونه‌وه‌ی ژماره‌ی گه‌شتیاران له چه‌ند مانگی رابوردودا سلێمانی وه‌ک سڵقی روتی لێهات. پرۆژه بنه‌ڕه‌تیه‌کان، وه‌ک نه‌خۆشخانه و رێگاوبان و خوێندنگا و ئاو و کاره‌با و ته‌ندروستی و نیشته‌جێبون له ئاستی پێویستی پارێزگاکه‌دا نین و نهشبونهته کۆڵه‌که به‌هێزه‌کانی ژێرخانێک بۆ گه‌شه‌کردنی ئابوری. دۆخێک خهڵقێنراوه سلێمانی له ده‌نکه شقارته‌یه‌که‌وه تا خواردن و خۆراک و ده‌رمان و پێداویستیه بنه‌ڕه‌تیه‌کانی تری ژیان هاورده ده‌کات. سه‌رمایه‌داره‌کانی سلێمانی ئه‌نقه‌ست یا بێ قه‌سد وه‌به‌رهێنانی ئه‌وتۆیان له پرۆژه‌ی گه‌وره‌ی به‌رهه‌مهێنه‌ردا نه‌کردوه، پشکیان له نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی ژێرخانی ئابوری و بنیاتنانیدا زۆر که‌م و سنورداره.
پاش ئه‌م هه‌مو سته‌م و ناهه‌قی و که‌مته‌رخه‌میه له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکانی هه‌رێم، که به‌فشاری ئۆپۆزسیۆن بڕیاری لێدرا و له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌نجامه به‌راییه‌کانیدا ده‌رده‌که‌وێت زۆربه‌ی خه‌ڵکی سلێمانی بڕیاری داوه بۆ گۆڕینی پێکهاته‌ی حوکمڕانی پارێزگاکه.
ئه‌م گۆڕانکاریه مایه‌ی دڵخۆشکه‌ریه، به‌ڵام ئه‌مه ته‌نها زامن نیه بۆ سه‌رکه‌وتنی پرۆسه‌که و به‌ده‌ستهێنانی پێگه‌یه‌کی تۆکمه و شیاو بۆ سلێمانی.
هه‌ڵبژاردن به‌شێکی گرنگه له سیسته‌می سیاسی، جۆری سیسته‌مه‌که سه‌نگ و کاریگه‌ری ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردن دیاری ده‌کات. له دوای 25 /7/2009 و تایبه‌ت دوای هه‌ڵبژاردنه‌کانی 21/9/2013 ده‌رکه‌وت که خه‌ڵکی کوردستان متمانه‌ی ره‌های به‌هیچ لایه‌نێک نه‌به‌خشیوه، وه‌رگێڕانی ئه‌مه بۆ زمانی سیاسی واته خه‌ڵک حوکمڕانی هاوپه‌یمانی فره حیزبی پێباشه، له هه‌ڵبژاردنه‌کانیش بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکانی هه‌رێم هه‌مان خواستی خه‌ڵک جارێکی تر جه‌ختی لێکراوه‌ته‌وه. بێگومان حوکمڕانی لۆکا‌ڵی له ئاستی پارێزگایه‌کدا جیاوازتره له حوکمڕانی له ئاستی هه‌رێمدا و ده‌شێت ئه‌م راستیه هاوپه‌یمانی جیاواز بۆ ئیداره‌دانی لۆکا‌ڵی وه‌ک له‌وه‌ی حوکمڕانی گشتی سازبکات. ئه‌م مۆدێله له زۆربه‌ی سیسته‌مه دیموکراسیه‌کانی دنیادا پێڕه‌و ده‌کرێت.
له ئه‌نجامه به‌راییه‌کان بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی ده‌رده‌که‌وێت گۆڕان پله‌ی یه‌که‌می به‌ده‌ست هێناوه، ئه‌مه‌ش ئه‌رکێکی گه‌وره ده‌خاته ئه‌ستۆیه‌وه بۆ بیرکردنه‌وه‌یه‌کی جدی له:
1- پێکهاته‌ی حوکمڕانی لۆکا‌ڵی و دابه‌شکردنی پۆسته گرنگه‌کان: پێکهاته‌یه‌کی هاوپه‌یمانی ره‌نگدانه‌وه‌ی ویستی زۆرینه‌ی زۆری دانیشتوانی پارێزگاکه بێت، مایه‌ی سه‌قامگیری و ئارامی بێت، له پۆسته‌کانیشدا ره‌چاوی لێهاتوی و دڵسۆزی و ده‌ستپاکی بکرێت.
2- کارنامه‌ی حوکمڕانی له سنوری پارێزگاکه، ئه‌مه پابه‌نده به پێداویستیه گرنگه‌کانی پارێزگاکه له مه‌دای کورت‌دا.
3- کارنامه‌ی مه‌دای درێژخایان.
لێره‌دا باسی بابه‌ته‌که‌م له خاڵی سێیه‌مدا کۆده‌که‌مه‌وه. ده‌بێت ئه‌نجومه‌نی ئاینده بیرێکی جدی بکاته‌وه له قوتارکردنی سلێمانی له‌و دابرانه ستراتیژیه‌ی له زۆر بواردا تێیکه‌وتوه. وێڕای ئه‌وه‌ی گۆڕینی به‌رپرسان و به‌رفراوانکردن و باشکردنی شێوازی حوکمڕانی و ئه‌نجامدانی چاکسازی له ئه‌رکه سه‌ره‌کیه‌کانی فه‌رمانڕه‌وایانی نوێی پاریزگاکهن، به‌ڵام بێئه‌وه‌ی کاری جدی نه‌کرێت بۆ به‌ده‌ستهێنانی پێگه‌یه‌کی ستراتیژی ئابوری، سلێمانی له بازنه‌یه‌کی داخراودا ده‌سوڕێته‌وه.
له دنیای ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا شار رۆڵێکی گرنگ له ژیانی سیاسی و ئابوری و که‌لتوری وڵاته‌کاندا ده‌بینێت، بیرکردنه‌وه له ئینگلته‌را بێ له‌نده‌ن و فه‌ره‌نسا بێ پاریس و میسر بێ قاهیره و... بۆته مه‌حاڵ، هاوکاتیش پێگه‌ی به‌هێزی ئابوری شار پێگه‌ی سیاسی له داڕشتنی سیاسه‌ت و حوکمڕانیدا به‌هێزده‌کات.
بۆچی سلێمانی له دابڕانێکی ستراتیژیدا گیرساوه‌ته‌وه؟
سلێمانی پارێزگایه‌کی گه‌وره‌یه، زیاتر له 2 ملیۆن که‌س نیشته‌جێیه‌تی و زۆربه‌ی زۆری دانیشتوانی کوردن، 15 قه‌زای له‌سه‌ره و چه‌ند ئیداره‌یه‌ک به‌سنوری جوگرافی پارێزگاکه‌وه به‌ستراونه‌ته‌وه، به‌شێکی به‌رچاوی سروشته‌که‌ی زنجیره چیای سه‌خت و چڕن، دو به‌نداوی ئاوی گه‌وره‌ی هه‌یه له گه‌ڵ دو ناوچه‌ی زۆر به‌پیت بۆ کشتوکاڵ، ده‌شته‌کانی شاره‌زور و بتوێن، مهنفهزهکانی بۆ ده‌ره‌وه‌ی خۆی که‌م و پڕ گرفت و ئاڵۆزین.
ئێران به‌شێکی درێژی سنوری پێکده‌هێنێت، سنورێکی پر گرفت و کێشمه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و سیاسی و ئه‌منیه. راسته ئێران ده‌روازه‌یه‌کی سیاسی و سه‌ربازی و مرۆیی بوه بۆ کورد له سه‌رده‌می خه‌باتی شاخدا و کورد سودی له‌و ده‌روازه‌یه کردوه، به‌ڵام له‌هه‌مان کاتیش‌دا ته‌وقێکی سیاسی و ئه‌منی و سه‌ربازی بوه له گه‌ردنی کورد، به‌تایبه‌ت سلێمانی که جاران مۆڵگه‌ی به‌هێزی یه‌کێتی و هێزه ئیسلامیه‌کان بوه که به درێژایی زۆربه‌ی ئه‌و مێژوه وه‌ک دۆستێکی سیاسی و سه‌ربازی ئێران به‌رچاو که‌وتون، ئێران به‌رده‌وام و تا ئه‌م ساته‌ش کارئاسانی و هه‌نگاوی جدی نه‌ناوه تا یاریده‌ده‌ر بن تا ئه‌م ناوچه گه‌وره‌یه‌ی سه‌ر سنوری خۆرئاوای که راسته‌وخۆش سنوری له گه‌ڵ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان هه‌یه گه‌شه‌ی ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی به‌هێز ئه‌نجام بدات، ته‌نانه‌ت کردنه‌وه‌ی ئابوری ئێران له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه به‌سه‌ر ناوچه‌که‌دا پابه‌ند بوه به‌چه‌ند مه‌رجێکی سیاسی و ئه‌منیه‌وه، ئه‌مه دۆخێکی خهڵقاندوه که سلێمانی به‌رده‌وام به‌ته‌نگه‌نه‌فه‌سی له‌و دۆخه‌دا گوزه‌ری کردوه و هیچ کاتێک ئێران پشتگیری ستراتیژی سیاسی و ئابوری و ئه‌منی نه‌بوه بۆ ناوچه‌ی سلێمانی، به‌پێچه‌وانه‌وه رویداوه هۆکاری نائارامی و ئالۆزی سیاسی و ئابوریش بوه. ناشێت له یادی که‌ین پێگه‌ی سیاسی و ئابوری ئێران له ئاستی ناوچه‌که و دنیادا ناجێگیره و شوێنی متمانه نیه و وڵاته‌که به‌ده‌ست چه‌ند سزا و ئابلوقه‌ی ئابوری نێوده‌وڵه‌تیه‌وه ده‌ناڵێنێت.
له‌لایه‌کی تره‌وه ته‌نها رێگای باشی مامناوه‌ند و تاڕاده‌یه‌ک به‌کاربێت بۆبه‌ستنی سلێمانی به‌به‌شه‌کانی تری هه‌رێم و عێراقه‌وه رێگه‌ی که‌رکوکه، رێگه‌یه‌ک وێرای نۆژه‌نکردن و چاککردنی ناچێته چوراچێوه‌ی رێگایه‌کی ئه‌مینی بازرگانی ستراتیژیه‌وه. دۆخی سیاسی و ئه‌منی که‌رکوک تا ئه‌م ساته‌ش نه‌بۆته قه‌ڵغانێکی ستراتیژی له پاراستنی ئاسایش و ئارامی سلێمانی و ناوچه‌کانی تری هه‌رێمی کوردستان، سامان و ده‌وڵه‌مه‌ندی که‌رکوک نه‌بونه‌ته پشتگیر و زامنێک بۆ گه‌شه‌کردنی ئابوری سلێمانی، به‌گشتی که‌رکوک نه‌یتوانیوه رۆڵێکی ستراتیژی له به‌هێزکردنی پێگه‌ی ستراتیژی سلێمانیدا ببینێت، جگه له‌م رێگه‌یه به‌ستنه‌وه‌ی سلێمانی به هه‌ولێری پایته‌خته‌وه ئاسان نیه، رێگاکانی تریش (وه‌ک رێگای دوکان - سماقوڵی - کۆیه) زۆر له‌ژێر ئاستی ئه‌و کواڵیهتهدان که رۆڵێکی ستراتیژی ئابوری بۆ سلێمانی ئه‌نجام بده‌ن.
سه‌ره‌ڕای ئه‌م واقیعه واقیعی سیاسیش له کوردستان تائێستا سه‌لماندویه‌تی که نیه‌تی جدی بۆ گه‌شه‌پێدانی پێگه‌ی ستراتیژی سلێمانی لاواز بوه، کردنی به پایته‌ختی رۆشنبیری وه‌ک خۆڵکردنه ناو چاوی دانیشتوانی ده‌ڤه‌ره‌که به‌رچاو ده‌که‌وێت.
فڕۆکه‌خانه‌ی سلێمانیش ئه‌و توانا پێویستیانه‌ی نیه رۆڵێکی ئه‌وتۆ له شکاندنی ته‌وقه‌کانی سه‌ر سلێمانیدا ببینێت.
هه‌ولێر چه‌ندین رێگه‌ی گرنگی تاڕاده‌یه‌ک ستراتیژی به دنیای ده‌ره‌وه‌ی خۆی هه‌یه، له گه‌ڵ موسڵ و به‌غدا، له‌گه‌ڵ ئێران به‌ڕێگه‌ی هێڵی ستراتیژی هامڵتۆن، له گه‌ڵ تورکیا و ده‌ره‌وه به‌رێگای خابور و فرۆکه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێره‌وه، ده‌سه‌ڵاتدارانی پارتی بهراکێشانی هێڵی بۆری گواستنه‌وه‌ی نه‌وت و گاز راسته‌وخۆ بۆ تورکیا به‌هێزترین چه‌كی ستراتیژیان له ده‌ستدایه، له گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا به‌درێژایی ئه‌و هێڵانه هۆمۆجینی سیاسی و باڵاده‌ستی پارتی و نیه‌تی جدیان بۆ کارکردن بونه‌ته زه‌مانه‌ته سه‌ره‌کیه‌کان بۆ گه‌شه‌کردنێکی به‌رده‌وام و به‌رچاوی هه‌ولێر و ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتی، ئه‌مه هۆکارێکی گرنگی پێگه‌ی به‌هێزی پارتیه له سه‌رجه‌م هه‌ڵبژاردنه‌کاندا.
ئه‌مڕۆ له عێراقدا دو ده‌روازه‌ی ستراتیژی بازرگانی زۆر گرنگ کارده‌که‌ن: خابور له‌سه‌ر سنوری تورکیا و دوه‌م ده‌روازه‌ی به‌سره، ده‌روازه‌کانی تر بۆ بازرگانی لۆکا‌ڵی باشن و توانا لۆجیستیک و ته‌کنیکی و مرۆییان زۆر سنورداره، ته‌نانه‌ت وه‌ک رێگه‌یه‌ک بۆ بهقاچاغکردن به نه‌وتی کوردستانه‌وه به‌کار ده‌هێنرێن، که داهاته‌که‌ی ده‌چێته قاسه‌ی دو کۆمپانیای سه‌ر به‌پارتی و یه‌کێتیه‌وه (عێراق ئۆیل و قه‌یوان) و بۆ گهشيپێدانی ژێرخانی ئابوری ناوچه‌ی سلێمانی به‌کار نه‌هێنراوه.
له‌م دۆخه‌دا سلێمانی ته‌نگه‌نه‌فه‌سه و ئاسۆی هه‌ناسه‌دانی سه‌ربه‌ستانه له بیرکردنه‌وه‌یه‌کی جدی بۆ شکاندنی ئه‌و ته‌وقه‌ی له‌سه‌ریه‌تی به‌رچاو ده‌که‌وێت. ئه‌رکێکی سه‌ره‌کی گۆڕان و هێزه‌کانی تری پارێزگای سلێمانیه داڕشتنی پلانێکی ستراتیژی بۆ دۆخی پارێزگاکه‌یان بکه‌ن. ده‌بێت بۆ ئه‌و پلانه ستراتیژیه پێشوه‌خت لێتێگه‌یشتنی سیاسی و رێکه‌وتنی فراکسیۆنه‌کانی پارێزگای سلێمانی ئه‌نجام بدرێن. سه‌رکه‌وتنی ئه‌و پرۆژه‌یه پێگه‌ی سیاسی و ئابوری پارێزگای سلێمانی له چوارچێوه‌ی هه‌رێمی کوردستاندا زۆر به‌هێزتر و سه‌ربه‌خۆتر ده‌کات.
سه‌رکه‌وتن دڵخۆشکه‌ره، به‌ڵام جێبه‌جێکردنی ئه‌رکه‌کان له به‌رامبه‌ریدا پێویستی به ئه‌قڵیه‌تێکی کراوه و دوربین و به‌رپرس و به‌ئه‌مه‌که، به‌پێچه‌وانه‌وه وه‌ک به‌فری به‌ر خۆر زو ده‌توێته‌وه.
|
|