چیا عه‌باس
له‌م مانگانه‌ی دواییدا چه‌ند گۆڕانكاری و رووداوێك له عێراق و كوردستان ئارامی نه‌خشه‌ی سیاسی وحوكمرانی وسه‌ربازی هه‌رێمی كوردستانی شڵه‌قاند. له دوای روخاندنی رژێمی سه‌دامه‌وه هه‌رێمی كوردستان ئارامیه‌كی نسبی به‌رچاوی له‌خۆ گرتبوو، جارجار ناكۆكی وململانێ له‌نێو هه‌رێم وبه‌غدا سه‌ریان هه‌ڵده‌هێنا له‌مه‌ڕ كۆمه‌ڵیك خاڵی گرنگ، به‌ڵام ئه‌و ئارامیه سه‌پێنراوه‌ی له‌ئه‌نجامی ته‌وافقدا به‌كاربوو تینی ئه‌و ناكۆكیانه‌ی خاودهكردهوه وهه‌ر لایه‌ك بۆخۆی وهه‌موو لایه‌نه‌كان به‌یكه‌وه به‌رده‌وام ئاسایی كاری خۆیان ده‌كرد.
كورد پشتئه‌ستور به ده‌ستور وبه رۆڵی ئه‌مریكا وبه رێككه‌وتنه لابه‌لاكانی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی عێراق وچاوبركێی له‌گه‌ڵ هێز و وڵاتانی ناوچه‌كه پشتێنه‌كه‌ی شل كردبو وسه‌ركرده‌كانی نه‌عامه ئاسایی سه‌ریان له‌زه‌وی ئه‌و پشتئهستووریه وههمیهدا چه‌قاندبوو.
له‌و ساته‌وه‌ی رژێمی سه‌دام روخێنرا سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد بیرێكی ستراتیجی له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و پشتئهستووربونه دارشتبوو، پێكهاته گرنگه‌كانی ئه‌م پلانه ئه‌م خاڵایان له‌خۆ گرتوه:
یه‌كه‌م: دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاتی كوردی له‌به‌غدا وله هه‌رێم.
دووه‌م: رازیكردنی ئه‌مریكا وهاوپه‌یمانه‌كانی له‌به‌رامبه‌ر رازیكردنی ئه‌مریكا بۆ هه‌ندێك له‌ویست وداخوازیه‌كانی سه‌ركردایه‌تی كورد.
سێیه‌م: كاركردن بۆ ئاشتبوونه‌وه‌ی گشت عه‌ره‌به‌كانی عێراق، بۆئه‌م مه‌به‌سته‌ش كاتێك پێگه‌ی كورد له به‌غدا به‌هێزبوو پێویست بوو هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه رازی بكرێن، زه‌مینه‌ی ئه‌م خاڵه له بۆچونێكی سه‌ركردایه‌تی كورد دا ره‌نگ ده‌داته‌وه كه باوه‌ڕی به‌وه هه‌یه كه ئارامی عێراق وبه‌هێزبوونی ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا دابینی مافه‌كانی كورد ده‌كات وشهر ومه‌رافه له ماڵی كوردی دوورده‌خاته‌وه.
چواره‌م: خركردنهوهی هه‌ندێك خاڵی چاره‌نوسساز بۆ كورد له دوو دۆسیه‌دا، ماده‌ی 140 ودۆسیه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێم وبه‌غدا.
پێنجه‌م: له‌ئاستی كوردستانیشدا به‌ستنی رێككه‌وتنامه‌ی ستراتیژی بۆ مسۆگه‌ركردن ودابه‌شكردنی ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی وئیداری ودارایی.
راستیه‌كی مێژووییه كه پێكهاته‌كانی عێراق له مێژه‌وه نه‌ك هه‌ر زۆر له‌یه‌ك جیاواز بوون به‌ڵكو به‌درێژایی ئه‌و مێژووه خه‌ریكی شه‌ڕ وكوشتنی یه‌كتریش بوون. دوای روخاندنی سه‌دام به‌ویستی ئه‌مریكا ئه‌مانه هه‌موو كۆكراونه‌ته‌وه، كورد وته‌نی ئه‌مریكا خه‌ریكی لهقاڵبدانیانه بو ئه‌و مه‌به‌سته‌ی كه به‌پێی ره‌چه‌ته‌ی فه‌نتازیای خۆی عێراقێك بخوڵقێنێت كه له‌سه‌دان ساڵی مێژووی خۆی نه‌چێت. هه‌ر له‌سه‌رده‌می حوكمی برێمه‌ره‌وه وتا ئه‌م ساته‌ش بڕیاره گرنگه‌كانی سه‌باره‌ت به عێراق پێویستی به تیشكی سه‌وزی ئه‌وان هه‌یه. به‌لای ئه‌مریكیه‌كانه‌وه ته‌وافق كلیله سحراویهكهی ئه‌م رێگایه‌یه. بۆیه مه‌جلیسی حوكم، ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، كابینه‌كانی عێراق، پۆسته سیادیه‌كان له عێراق، بودجه وكۆمه‌ڵێك خاڵی تریش به‌ته‌وافق دروستكراون وبهرێوهدهبرێن. به زه‌بری ئه‌م سیاسه‌ته‌ش ئۆتۆماتیكیش ناكۆكیه‌كان ده‌بێت نه‌ك ته‌نها به ته‌وافق چاره بكرێن به‌ڵكو به‌پێی ته‌وافق هه‌ر لایه‌ك به‌شی ئیستحقاق ورۆڵی له‌و كێشه‌یه‌دا هه‌بێت. جاران كێشه‌ی كه‌ركوك كێشه‌ی نێوام بزافی كوردایه‌تی ودهسهوڵاتی ناوه‌ند بوو، كه‌چی ئێستاكه هه‌ر عه‌مامه به‌سه‌رێك له نه‌جه‌ف وسامهرا وهه‌ر كۆنه باخه‌وان ودهرگهوانێكی سه‌دام قسه‌یه‌ك ورۆڵێكی لهكێشهكهدا هه‌یه.
لایه‌نه‌كانی تری عێراقی نوێنهرایهاتی بزاف وكێشهیهكی نه‌ته‌وایه‌تی ناكه‌ن، پێكهاته‌یان ئایینی ومه‌زهه‌بیه. كورده‌كان وه‌ك نوێنه‌ری بزافێكی نه‌ته‌وه‌یی متمانه‌یان پێبه‌خشراوه له به‌غدا وهه‌ولێر ده‌سه‌ڵاتدار بن، بۆیه سه‌رچاوه‌ی به‌شێكی زۆری خاڵه لاوازه‌كانی ستراتیجیه‌ت وكاره‌كانی ئه‌م سه‌ركردایه‌تیه له ناكۆكی نێو ته‌وافق وبزافی نه‌ته‌وه‌یی كورده‌وه هه‌ڵقوڵاوه. ئه‌م دوو لایه‌نه له‌یه‌ك مه‌نجه‌ڵدا دانوله‌یان به‌یكه‌وه ناكوڵێت. ئه‌گه‌ر بكرایه ده‌مێك بوو كێشه‌كانی فه‌له‌ستین وبهڵكان چارهكرابوون وهه‌روه‌ها ئیرله‌ندیه‌كان ئه‌و ده‌یان ساڵه‌ی ماڵوێرانی وخوێن رشتنیان تووش نه‌ده‌بوو.
گوناهێكی گه‌وره‌یه له‌مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تیدا به‌ته‌وافق وبێ گه‌ره‌نتی مسۆگه‌ر وبه‌هێز مافه‌كانی قۆناغ به قۆناغ وپچڕ پچڕ وبهشهرهشهق وكهموكوڕیهوه دابین بكرێن. باشترین نموونه‌ش ماده‌ی 58 ودواتر 140 ومه‌سه‌له‌ی سامانه سروشتیه‌كانی كوردستان وكۆمه‌ڵێك خاڵی تر كه لێكدانه‌وه‌ی جیاوازی ده‌ستور له‌خۆ ده‌گرن.
سه‌ركردایه‌تی كورد زۆر به‌په‌له وبێگهرانهوهی راسته‌قینه بۆ میلله‌ت له‌سه‌ر ئه‌و جۆره ده‌ستوره‌ی عێراق ره‌زامه‌ند بوو. راوه‌رگرتنی خه‌ڵك وره‌زامه‌ندی پارڵه‌مانی هه‌رێم زیاتر كاری حیزبی بوون بۆ خزمه‌تی پلانی سه‌ركردایه‌تی سیاسی. ئێستا له‌چوار چێوه‌ی ئه‌و ستراتیجیه‌ی ئه‌و سه‌ركردایه‌تیه‌دا خۆشمان بوێت یا تاڵ ده‌ستوره‌كه هه‌یه. ده‌سه‌ڵاتدارانی عه‌ره‌بی وبههاریكاری ده‌ره‌كی ده‌یانه‌وێت له روانگه‌ی سیاسیه‌وه كار به‌و ده‌ستوره بكه‌ن، نه‌ك له سه‌رچاوه‌ی چه‌سپاندنی ده‌وڵه‌تی یاساوه.
عێراق پێكهاته‌یه‌كی ته‌ندروست وسروشتی نه‌بووه ونیه تا ئه‌و باره قورسه‌ی ته‌وافق بتوانێت هه‌ڵبگرێت. ئه‌جندای سیاسی پێكهاته‌كانی عه‌ره‌بی له عێراقی ئه‌مڕۆدا به مۆری مێژووی ئایینی ومهزههبیان به‌شانازیه‌وه خه‌تم كردوه، ته‌وافق بۆ ئه‌وان مانای ده‌سه‌ڵاتی زیاتر ویهكلاكردنهوهی حساباتی كۆنی رق وكینه وتۆڵه وئه‌گه‌ر بۆشیان بلوێت ده‌سه‌ڵاتی ته‌واو له عێراقدا.
ئه‌م شڵهقاندنهی ئارامی كوردستان به‌رهه‌مێكی چاوه‌ڕوانكراوی ئه‌و ئه‌جندا سیاسیه‌یه، رازیكردنی كورد بۆ دابینكردنی مافه ره‌واكانی نیه، به‌ڵكو زیاتر بۆ به‌كارهێنانی كورده به‌پێی رۆژ وشوێن بۆ ئه‌و ئه‌جندایه.
ئه‌ركێكی قورسی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورده كه چاوپیاخشاندنهوهیهكی وورد وجدی به‌و ستراتیجهیهتی خۆیدا بكات وئاڕاسته‌ی دارشتنی پلانی نوێ بخاته به‌رده‌م میلله‌ت وئه‌گه‌ر پێویستیش بوو ریفراندۆمێكی بۆسازبدات تا كه‌لێنه گه‌وره‌كانی نێو سه‌ركردایه‌تی ومیلله‌ت كه‌م بكرێنه‌وه وئه‌مه‌ش توانا وهێزێكی تازه به‌و سه‌ركردایه‌تیه ده‌به‌خشێت كه ساڵانێكه بێخه‌م وبهتهنیا رێگایه‌كی داخراوی گرتۆته‌به‌ر.
|