هه‌رێم لە پاشکۆی تورکیادا
|
چیا عه‌باس
له ساڵی 2007 نه‌وشیروان مسته‌فا به رۆژنامهگهره بیانییه‌کانی وتبو: ئه‌نقه‌ره له ئێستادا به رێگه‌ی بازرگانیه‌وه کوردستانی عێراق داگیر ده‌کات نه‌ک به‌رێگه‌ی تانکه‌وه.
له پێشه‌کیدا بۆ تیشکخستنه‌سه‌ر دیدوبۆچونی ئه‌ندازیاری سه‌ره‌کی په‌یوه‌ندیه‌کانی هه‌رێم و تورکیا، نێچیرڤان بارزانی، به‌شێک له چاوپێکه‌وتنێکی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته ده‌خه‌مه‌ڕو.
تورکیا ده‌روازه‌ی هیوا
له چاوپێکه‌وتنێکی نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌گه‌ر Jay Newton-Small له هه‌ولێر له 21 دیسه‌مبه‌ری 2012 بۆ World Time له وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌دا: وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مەریکا رایگه‌یاند له‌گه‌ڵ پرۆژه‌ی بۆری گواستنه‌وه به تورکیادا کۆک نین، چونکه خه‌می ئه‌وه‌یان هه‌یه که ئه‌نجامدانی مه‌ترسیه له‌سه‌ر یه‌کپارچه‌یی و سه‌روه‌ری عێراق، پێت وایه دروستکردنی ئه‌م هێلی بۆریه مه‌ترسیه له‌سه‌ر یه‌کپارچه‌یی عێراق؟
نێچیرڤان بارزانی وتی: ئه‌وه گاڵته‌یه، له راستیدا ئه‌وه گاڵته‌یه، له پێش هه‌مو شتێکدا هه‌مو که‌س درک به سیاسه‌تی تورکیا ده‌کات و ده‌یزانێت. سیاسه‌تی تورکیا دژه به‌هه‌مو سهربهخۆبونێکی کورد، پێموایه ئه‌مه رونه، ئێمه دوچاری ئه‌م راستیه بوینه‌ته‌وه، تورکیا هه‌میشه ئه‌و هێزه‌ی هه‌بوه و هه‌یه‌تی که بتوانێت به‌رێگه‌ی سه‌ربازیه‌وه رێگریمان لێبکات، من پێمخۆشه پێچه‌وانه‌که‌ی ئه‌م راستیه‌م باسکردایه. ئه‌وه‌ی مه‌ترسیه له‌سه‌ر یه‌کپارچه‌یی عێراق کاره‌کانی مالیکی سه‌رۆک وه‌زیرانه له به‌غدا، مالیکی مه‌به‌ستیه‌تی هه‌ڵمه‌ته‌که دژ به‌ئێمه به‌کاربهێنێت. ئێمه ده‌رگایه‌کی هیوامان هه‌یه که تورکیایه، ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌رگایه، ئه‌و هیوایه دابخرێت ئه‌وا مه‌حاڵه ئێمه خۆمان به‌ده‌ست به‌غداوه بده‌ین، شتێک ده‌که‌ین که به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی هه‌مو لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌کان بخاته مه‌ترسیه‌وه.
له وه‌ڵامی پرسیارێکی تردا: مایه‌ی سه‌رسوڕمانه که هیواکانت به تورکیا هه‌ڵچنیوه، ئه‌و تورکیایه‌ی که زۆر خراپ مامه‌ڵه‌ی کوردی کردوه...
بارزانی: شته‌کان له تورکیا گۆڕاون، مه‌سه‌له‌که زۆر ئاسانه، تورکیا شتێکی ده‌وێت که نیه‌تی و ئێمه‌ش چه‌ند شتێکمان ده‌وێت که نیمانه، ئه‌مه زه‌مینه‌ی لێکتێگه‌یشتنی هه‌ر دولای داڕشتوه، ئه‌مه هیچ په‌یوه‌ندیه‌کی به‌سیاسه‌ته‌وه نیه و بابه‌تێکی ئابوریه... تورکیا وڵاتێکی زۆر گرنگه بۆ ئێمه، بێگومان ئه‌گه‌ر بتوانین به‌رێگه‌ی هاریکاری ئابوریه‌وه گه‌شه بهپهیوهندیهکان بده‌ین بێگومان ده‌یکه‌ین (کۆتایی چاوپێکه‌وتنه‌که).
مایه‌ی بایه‌خ و پرسیاری زۆره که سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێم په‌یوه‌ندیه‌کان له‌گه‌ڵ تورکیا ته‌نها وه‌ک ئاڵوگۆڕێکی ئابوری ده‌بینێت و له‌و روانگەیه‌وه تورکیا به ده‌روازه‌ی هیوا ده‌بینێت.
وێڕای ئه‌وه‌ی ئه‌م بۆچونه زاده‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنێکی واقیعبینانه‌یه، وه‌لێ له پراکتیکدا چه‌ندین ئاکامی نه‌خوازیار و زهرهربهخشی لێکه‌وتۆته‌وه، چونکه حوکمڕانی تورکیا شامی شه‌ریف و بێوه‌ی بۆ کورد نیه و ئه‌ردوگان و ده‌ست و پێوه‌نده‌که‌ی ئه‌م بابه‌ته بۆ ئه‌جێندای تایبه‌تی خۆیان به‌کارهێناوه و له هه‌موش گرنگتر لاسه‌نگیه‌کی بێئه‌ندازه له‌و په‌یوه‌ندیانه‌دا به‌رچاوه. ده‌کرا ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم زۆربه‌ی هێلکه‌کانیان نه‌خستایه سه‌به‌ته‌که‌ی تورکیاوه.
کورد له باشور به‌تایبه‌ت و کوردستانی گه‌وره به‌گشتی تا ئه‌م ساته باجێکی زۆری بۆ ئه‌م هه‌ڵسه‌نگاندنه داوه، دواتر بابزانین ئه‌و ده‌روازه‌ی هیوایه بۆ کێیه؟
په‌یوه‌ندیه‌کان و له‌رزۆکی هه‌رێم
له‌و ساته‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی کوردستان، به‌تایبه‌ت لوتکه‌ی ده‌سه‌ڵاتی پارتی، په‌یوه‌ندیه‌کانیان له‌گه‌ڵ تورکیا زۆر به‌رفراوان کردوه، به‌تایبه‌ت له بواره‌کانی گه‌شه‌پێدانی وزه و بازرگانی و هه‌واڵگریدا و خۆیان له به‌غدا دوره‌په‌رێز راگرتوه، به‌شێکی زۆری هه‌رێم توشی دڵه‌رواکێ بون له‌وه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاتدارانه پشتئهستهربونیان بهلایهنێکهوه که ده‌ستورێکی ده‌نگپێدراو و گرێبه‌ستێکی سیاسی و مێژویه‌کی خه‌باتی هاوبه‌شیان هه‌یه ده‌گۆڕنه‌وه به‌لایه‌نێکی تر، که به‌درێژایی مێژو دوژمنێکی سه‌رسه‌ختی هه‌مو کوردن و ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت ئه‌سته‌نگێکی گه‌وره‌ن له به‌رده‌م به‌ده‌ستهێنانی مافه ره‌واکانی کورد. ئه‌م دڵه‌رواکێ ره‌وایه هاوکاته له گه‌ڵ گه‌شه‌کردنێکی ته‌م و لێڵی ئابوری هه‌رێم و ئاڵۆزبونی گۆڕانکاریه‌کان له سوریا و تایبه‌ت له خۆرئاوای کوردستان.
حکومه‌تی هه‌رێم کارئاسانی یاسایی و لۆجیستیکی زۆری بۆ وه‌به‌رهێنانی تورکی له هه‌رێم کردوه، له ئێستادا زیاتر له نیوه‌ی کۆمپانیا بیانییه‌کان له هه‌رێم تورکین (نزیکه‌ی 1200 کۆمپانیا)، کۆمپانیا نه‌وته‌کانی تورکیا (چه‌ند دانه‌یه‌کیان وه‌همین) له هه‌رێم خاوه‌نی پشکێکی به‌رچاوی سامانه سروشتیه‌کانی کوردستانن. تورکیا، بێجگه له‌م پێگه بازرگانیه به‌هێزه له هه‌رێم، کارئاسانی و یارمه‌تی به‌رنامه‌رێژ ده‌کات له مۆدێرنه‌کردنی ژینگه‌ی کەلتوری و کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌رێم، میوزیک و جلوبه‌رگ و زنجیره‌ی ته‌له‌فزیۆنی تورکی، په‌یمانگاکانی خوێندن و خۆراکی تورکی بونه‌ته که‌ره‌سه‌کانی خۆشگوزه‌رانی چه‌ند توێژێکی تایبه‌ت له باشوری کوردستان، به‌تایبه‌ت ئه‌و توێژانه‌ی له‌و په‌یوه‌ندیانه له‌گه‌ڵ تورکیادا زۆر سودمه‌ندن. ئه‌م دیاردانه له ناوچه سنوریه‌کانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ تورکیا زۆر زه‌قه و به‌تایبه‌ت له پارێزگای دهۆک، به‌پێی راپۆرتی چه‌ند چاو‌دێر و رۆژنامه‌گه‌ر له هه‌ندێک رێستورانت و هوتێلی ئه‌و ناوچانه ته‌نها زمانی تورکی به‌کارده‌هێنرێت.
له ئێستادا مه‌ساریفی وزه بۆ تورکیا زۆر گران ده‌که‌وێت، کاتێک هه‌رێم گازی سروشتی به تورکیا بفرۆشێت تورکیا له بری ئه‌وه‌ی بۆ 1.000 مه‌تر سێ جا گازی سروشتی له روسیا و ئێران و ئازه‌ربایجان 450 دۆلار بدات ئه‌وسات 200-250 دۆلار ده‌دات. له‌گه‌ڵ به‌کارخستنی بۆری گواستنه‌وه‌ی گازی کوردستان به‌رێگه‌ی تورکیاوه بۆ دنیای ده‌ره‌وه تورکیا باجی گواستنه‌وه‌ی 3.2 تریلیۆن سێجا مه‌تریش وه‌رده‌گرێت.
ئه‌م گه‌شه‌کردنه به‌په‌له و نائاساییه‌ی له هه‌رێم روده‌دات کاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر رۆحی نه‌ته‌وایه‌تی کردوه و مه‌ترسی جدی له‌سه‌ر کەلتوری ره‌سه‌نی کورده‌واری دروست کردوه، تاڕاده‌یه‌ک وای لێهاتوه به هه‌رێمی کوردستان ده‌وترێت کۆماری مۆزی تورکیا.
سه‌رچاوه سیاسی و رۆژنامهگهریهکانی دنیا پێیان وایه هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ گه‌شه‌کردن و به‌رفراوانکردنی په‌یوه‌ندیه ئابوریه‌کان له‌گه‌ڵ تورکیا و به‌ره‌وپێشچونی بواری وزه له‌نێوانیاندا و کردنی نه‌وت به کاڵایه‌کی ستراتیژی بۆ هه‌رێم تادێت له‌رزۆکی و لاوازی حکومه‌تی هه‌رێم زیاد ده‌کات و زیاتر ده‌چێته ژێر ره‌حمه‌تی خواست و داواکاری و مه‌رجه سیاسی و ئه‌منیه‌کانی ئه‌نقه‌ره‌وه، له ئێستادا هه‌رێم بۆته یه‌کێک له کۆڵه‌که بنه‌ڕه‌تیه‌کان له هاوکێشه‌ی ئاسایشی نیشتمانی تورکیا و ئامرازێکی له‌بار بۆ ته‌ماعه‌کانی تورکیا.
وێرای ئه‌م پاشکۆیه‌تیه بۆ ئه‌نقه‌ره ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم به‌رده‌وامن له پشتئه‌ستور بونیان به تورکیا بۆ گواستنه‌وه‌ی نه‌وت و گاز. له ئێستادا و له ئایندهی دوریشدا ئێران و سوریا ئه‌ڵته‌رنه‌تیڤ نین بۆ ئه‌و گواستنه‌وه‌یه. ناشێت له‌یادی بکه‌ین که 95% داهاتی حکومه‌تی هه‌رێم له نه‌وته‌وه‌یه، ئه‌م راستیه له‌رزۆکی هه‌رێم خه‌ستتر ده‌کاته‌وه و ده‌یکاته پاشکۆیه‌کی بێده‌سه‌ڵات و ئیراده بۆ ئابوری و سیاسه‌ته‌کانی تورکیا.
که‌سێکی هوشیار نیه بتوانێت نکۆڵی له گرنگی دراوسێیه‌کی وه‌ک تورکیا بکات، هه‌رێمی کوردستان به‌هۆی پێگه‌ی داخراوی له جوگرافیای ناوچه‌که و دابڕانی له دنیای کراوه پشتئه‌ستوره به وڵاته‌کانی ناوچه‌که‌وه و تایبه‌ت به تورکیاوه بۆ پێگه‌ی سیاسی و ئابوری.
رۆڵی تورکیا وه‌ک ده‌روازه‌یه‌کی گرنگ بۆ هه‌رێم له سه‌رده‌می نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی رابوردودا سه‌لمێنرا کاتێک هه‌رێم له سایه‌ی دو ئابلوقه‌ی ئابوری‌دا گوزه‌ری ده‌کرد، به‌قاچاخبردنی نه‌وت له سنوری عێراق و تورکیا نزیکه‌ی 85% داهاتی ئه‌وسه‌رده‌مه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم بو.
له‌م سه‌رده‌مه‌دا به‌شێک له ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد تورکیا به شهریكێکی باوه‌ڕپێکراوتر له عێراق ده‌بینن، ئه‌مه رێگه‌ی خۆشکردوه که تورکیا سودمه‌ندی یه‌که‌م بێت له تموحاتی ئابوری هه‌رێم. پشتبه‌ستنی هه‌رێم به تورکیا وه‌ک تاکه رێگه‌ی گه‌واستنه‌وه‌ی نه‌وت و گاز له لایه‌ک بنه‌ما یاسایی و نێوده‌وڵه‌تیه‌کانی زۆر له‌رزۆکن و له‌لایه‌کی تریشه‌وه که‌متر بواری موناوه‌ره‌ی سیاسی بۆ هه‌رێم ده‌هێڵێته‌وه. له ئاکامدا ئه‌م پشتبه‌ستنه به تورکیاوه سه‌روه‌ری هه‌رێم ده‌خاته مه‌ترسیه‌وه، تا ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم و به‌غدا ناکۆکیه‌کانیان له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی نه‌وت درێژه بکێشن کاریگه‌ری تورکیا له‌سه‌ر هه‌رێم زیاد ده‌کات.
کاریگه‌ری تورکیا له سه‌ر هه‌رێم هاوته‌ریب ده‌ڕوات له گه‌ڵ ئه‌جێندای په‌که‌که له سوریا و مانه‌وه‌ی کێشه‌ی کورد له باکور بێ چاره‌یه‌کی ره‌وا و ئه‌و گۆڕانکاریه سیاسیانه‌ی له ناو هه‌رێم روده‌ده‌ن و ئه‌و ته‌حه‌دا گه‌وره‌یه‌ی له‌م دواییه‌دا په‌که‌که بۆ ده‌سه‌ڵاتی بارزانی و ته‌ماعی له رابه‌رایه‌تی کردنی کوردایه‌تیدا ده‌یکات.
نمونه‌یه‌ک له‌و په‌یوه‌ندیانه
له‌دوا سه‌ردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ تورکیا له کۆتایی مانگی ته‌مموزی رابوردو بابه‌ته‌کانی سوریا و رۆژئاوای کوردستان له سه‌روی ئه‌جێندای کۆبونه‌وه‌کاندا بون، هه‌روه‌ها به‌چڕوپڕی باسیان له په‌یوه‌ندیه سیاسیه‌کان و بواری وزه‌ش کردوه. له راگه‌یاندنێکی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی تورکیادا له‌سه‌ر کۆبونه‌وه‌کان هاتوه: تورکیا و حکومه‌تی هه‌رێم "بایه‌خ و هه‌ڵوێستی هاوبه‌شیان" سه‌باره‌ت به روداوه‌کانی سوریا و باکوری سوریا هه‌یه.
ئه‌م سه‌ردانه یه‌کسه‌ر دوای سه‌ردانی ساڵح موسلیم، سه‌رکرده‌ی په‌یه‌ده، ئه‌نجامدرا، بۆیه سه‌ردانه‌که‌ی بارزانی گرنگی تایبه‌تی سه‌باره‌ت به‌رۆڵی سیاسی کوردی له هاوکێشه‌کانی ناوچه‌که‌دا هه‌بو. له ساتی سه‌ردانه‌که‌دا ئاماده‌کاری بۆ سازدانی کۆنگره‌ی نه‌ته‌ویی کورد له هه‌ولێر ده‌کرا، بۆیه به‌بۆچونی چاودێران کاتی هه‌ر دو سه‌ردانه‌که وا لێکدرایه‌وه که تورکیا ویستویه‌تی له نزیکه‌وه کۆنترۆڵی پرۆسه‌ی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی بکات. وه‌ک چۆن له راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی تورکیادا هاتبو: "بایه‌خ و هه‌ڵوێستی هاوبه‌ش" کۆمه‌ڵێک پرسیار و گومانی به‌دوای خۆیدا دروست کرد.
به‌هۆی چالاکیه‌کانی یه‌په‌گه‌وه یه‌ده‌په گۆڕه‌پانی سیاسی و سه‌ربازی رۆژئاوای گرتۆته‌ده‌ست، ئه‌مه بۆته هۆکارێکی سه‌ره‌کی ناڕه‌زایی باڵاده‌ستانی پارتی و حکومه‌تی هه‌رێم و ئه‌سته‌نگ دروست کردنیان بۆ ئه‌و هێزانه. ئه‌م سیاسه‌ته خۆشیان بوێت یا تاڵ خزمه‌تی سیاسه‌تی تورکیا ده‌کات، که هه‌وڵی بێئه‌ندازه ده‌دات یه‌ده‌په لاواز بکات.
له هه‌واڵێکی رۆژنامه‌ی Today’s Zamanی تورکی له رۆژانی سه‌ردانی بارزانی بۆ تورکیا هاتوه: له لێدوانه‌کاندا نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه، داودغلۆ، خه‌مه‌کانی تورکیای سه‌باره‌ت به به‌ستنی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی و بریاردان تێیدا بۆ سازدانی به‌ره‌یه‌کی یه‌کگرتوی کوردستانی که‌مکرده‌وه. سه‌رچاوه دیبلۆماسیه‌کان به Today’s Zaman وت که گرنگترین بابه‌تی لێدوانه‌کان بابه‌تی گرتنی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌ییه له مانگی داهاتو له هه‌ولێر.
ئه‌م نمونه‌یه و چه‌ندین نمونه‌ی به‌ڵگه‌داری تریش ده‌ریده‌خه‌ن چۆن باڵاده‌ستانی پارتی و حکومه‌تی هه‌رێم بۆ رازیکردنی تورکیا و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه بازرگانیه‌کانی نێوانیان سیاسه‌تی تایبه‌تی خۆیان پێره‌و ده‌که‌ن، هه‌ر بۆیه‌ش کۆنگره نه‌ته‌وه‌ییه‌که له بازنه‌یه‌کی وه‌همیدا ده‌سورێته‌وه، ئێستاش زۆر زه‌ق و وه‌ک گۆڵتان کاشناک وه‌سفی کردوه "ئابڕوبه‌رانه" پارتی رێگه نادات سه‌رکرده‌یه‌کی گه‌وره‌ترین هێزی رۆژئاوای کوردستان پێبخاته خاکی باو وباپیرانی، له‌کاتێکدا سه‌رجه‌م هێزه‌کانی کوردستان به هاوپه‌یمانه‌که‌ی پارتیشه‌وه له حکومه‌تدا ئه‌م هه‌نگاوه‌ی پارتی ره‌تده‌که‌نه‌وه، پێده‌چیت ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدارانه وا تێگه‌یشتبن پێگه‌ی یه‌که‌می په‌رله‌مانیان مانای ئه‌وه‌یه خاوه‌نداری هه‌مو کوردستانن.
ئه‌گه‌ر ئه‌مانه لێکه‌وته‌کانی ده‌روازه‌ی هیوا بن ئه‌وا با هه‌ر پیرۆزی ئه‌و جۆره هیواخازانه بێت، کورد به‌گشتی له ئێستا و بێگومان له ئاینده‌شدا قسه‌ی خۆی له‌م روه‌وه ده‌کات.
|
|