ئه‌مجاره ده‌نگ به هه‌مو ره‌نگه‌کان بده‌م؟
|
چیا عه‌باس
هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن له سایه‌ی دوا قۆناغه‌کانی پێکهێنانی کابینه‌ی هه‌شته‌مدا پێده‌نێته دوا رۆژه‌کانی و ته‌نها قه‌ده‌ر ده‌زانێت پاش چه‌ند ساڵی تر ناچاری هه‌ڵبژاردنێکی تر ده‌بینه‌وه.
له‌م هه‌ڵمه‌ته‌دا زۆر توند و خه‌ست شه‌ڕی کاندیده‌کان قوماتکراو به ره‌نگ و په‌رۆ و لۆگۆی بێشکهکانیانهوه به‌رچاوه، هه‌ر یه‌ک لێیان مه‌به‌ستیه‌تی خۆی له رکابه‌ر و هاوڕێکه‌شی به‌هێزتر نمایش بکات، ئه‌و لای گرنگ نیه کێ ته‌ماشاکاره، گرنگه به‌م نمایشکردنه و پشتئه‌ستور به‌کاری پشت په‌رده‌شه‌وه هه‌رچۆنێک بێت ده‌نگی پێبدات. بۆیه له‌سایه‌ی ئاڵۆزی پێکهێنانی کابینه‌و و رکابه‌ری توندی لایه‌نه‌کان و خواستێکی به‌رچاوی تۆڵه‌کردنه‌وه و هه‌ستانه‌وه و سه‌رکه‌وتنی گه‌وره و ره‌هادا هات و هاوار و شیرهشیر و هه‌ڵچون و زمانی زبر و تۆمه‌تبارکردن و شکاندن و سوکایه‌تیکردن و ته‌قه‌کردن و تۆقاندن بونه‌ته به‌شێک له سیماکانی هه‌ڵمه‌ته‌که.
له‌م هه‌ڵمه‌ته‌دا زۆر ئاسان که‌سانێک هه‌ن رێوی ئاسا له کونی خۆیان هه‌ڵده‌گه‌ڕێنه‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌و زاتانه قه‌ناعه‌تی ده‌نگدانیان سه‌ر له نوێ داڕشتۆته‌وه چی پێویست به‌م هه‌مو عه‌رزه هه‌رزان به‌هایه‌یان له بازاڕی عه‌کازی سیاسی‌دا وه‌ک کاڵای ده‌ستی دو و سێ ده‌کات، ده‌یانتوانی بێده‌نگ به ئاسوده‌یی ویژدانیانه‌وه ده‌نگ به‌وه بده‌ن که له جاران پێیان باشتره، من پێموایه ئه‌وانه شه‌ڕی قه‌ناعه‌ت ناکه‌ن، شه‌ڕی رق و کینه و ترس و تۆڵه‌کردنه‌وه‌یه و بێشه‌رمانه به‌کوردی ده‌فرۆشنه‌وه. دیارده‌یه‌کی ئه‌وه‌نده قێزه‌وه‌ن و ئاست نزمه ناشێت ئه‌و هێزانه‌ی هه‌ستی به‌رپرسیاریه‌تیان به‌رزه بچنه ژێر باریه‌وه.
خه‌یاڵ پڵاونیم کاتێک له به‌راوردکردنی هه‌ڵمه‌ته‌کانی هه‌ڵبژاردن له وڵاته‌که‌م له گه‌ڵ هۆڵه‌ند که نزیکه‌ی 40 ساڵه تێیدا ده‌ژیم چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی ئێره له کوردستان بکه‌م. له‌و به‌راوردکردنه‌دا ده‌توانم زۆر جیاوازی ده‌ستنیشان بکه‌م، وه‌لێ ته‌نها یه‌کێکیان زۆر بنه‌ڕه‌تیه، ته‌نها جیاوازیه‌که که مه‌ودای ئه‌رز و ئاسمانی نێوان ئێمه و پرۆسه‌ی دیموکراسی راسته‌قینه‌ی پێوه دیاره.
لای خۆمان، هه‌ر له مێژه زۆربه‌ی هێزه سیاسیه‌کانی باشور ده‌سته‌واژه‌ی دیموکراسیان خزاندۆته به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینییانه، ئه‌وانه کاتێک بۆ ساڵانێکی دورودرێژ سه‌رگه‌رم سه‌رقاڵی کوشتن و برینی یه‌کتر و نیشتمان بون، باسی سه‌رزمان و ژێرزمانیان دیموکراسی و پۆست مۆدێرنیزم و مافه‌کانی مرۆڤ بو.
له وڵاته‌که‌م سروشتی ره‌سه‌نی ره‌نگ وده‌نگ و وشه و دواتریشیان مرۆڤ شێواو و زامداره، ئه‌م به‌هره جوانانه‌ی سروشت و ژین و ژیان کۆیله ئاسا له قه‌فه‌سی هه‌ڵبژاردندا دیل کراون و وه‌ک له سه‌رده‌می رۆمانیه‌کاندا نمایش ده‌کرێن، له گه‌ڵیشدا گوند و شار و شارۆچکه و ناوچه و گه‌ڕه‌ک و روبار و گرد و شاخ و گوڵ و دار و ده‌شتی وڵاته‌که‌م به‌و شێواندنه ئارایشته کراون و وه‌ک بوکه‌شوشه‌ی سهماپێکهر جامخانه‌ی سیاسی ده‌رازێننه‌وه. وڵاته‌که‌م له ناخی ده‌رونیدا لهتلهت بوه، سنوره‌کانی ده‌یان هێنده‌ی سنوره ده‌سکرده‌کانی داگیرکه‌ران به ره‌نگه جیاکان دارێژراون.
له‌م که‌ش و هه‌وایه‌دا ئه‌کته‌ره‌کانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌شێکن له‌و واقیعه و کورد وته‌نی له‌و قوڕه هه‌ر ئه‌و تۆزه هه‌ڵده‌سێت، بۆیه سیما زاڵبوهکهی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن زاده‌ی هه‌ستێکی زه‌وتکراو و لهتلهت و بریندار و دڕنده و هه‌ڵچوه، بۆیه کاتێک ده‌رژێنه نێو حولبهی زۆرانبازیه‌وه زۆر درندانه په‌لاماری یه‌کتر ده‌ده‌ن. ئه‌مه ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌قڵیه‌تی سیاسی زاڵبوه له وڵاته‌که‌م، ئه‌قڵیه‌تێک تا ئه‌م ساته نه‌یتوانیوه هه‌ستێکی بنیاتکهر و به‌رپرس له بێشكه‌ی سیاسی‌دا به‌خۆشه‌ویستی و سه‌بر و یه‌کتر قبوڵکردن بلاوێنێته‌وه.
کاتێک ره‌نگه‌کان له وڵاته‌که‌م به‌و شێوه‌یه دێنه قسه، سنوره‌کانی مانای سیمبۆڵیان ده‌به‌زێنن، کاتێک ره‌نگه‌کان وه‌ک فیشه‌ک بکوژ و بریندارکه‌رن. کاتێک ره‌نگ کراوه‌ته موڵکی تایبه‌تی تاپۆکراو، کاتێک ره‌نگ بۆته سته‌مکارێکی بێ‌ویژدان بۆ جیاوازیکردن و سزادان و تۆقاندن، ئیتر من به‌چی ئه‌م ره‌نگانه دڵخۆش بم و چاوه‌ڕوانی چیان لێبکه‌م تا ساتێکی ئارام و هێمنی به رۆحم ببه‌خشن.
له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا و دوای چل ساڵ ژیان له یه‌کێک له هه‌ره بێشه به‌هێزه‌کانی دیموکراسی ناتوانم ده‌نگ به هه‌مو ره‌نگه‌کان بده‌م یا ده‌نگ به‌هیچیان نه‌ده‌م، منیش هه‌ر گرێدراوی ره‌گ و ریشه ره‌سه‌نه‌که‌ی باوباپیرانمم و له‌وێوه ئاو و هه‌وای ژیان هه‌ڵده‌مژم، بۆیه ده‌نگم ده‌ده‌م به‌و ره‌نگه‌ی له‌نێو ئه‌و رهنگانهدا چاوه‌ڕوانی زیاتری لێده‌که‌م.
|
|