چیا عه‌باس
گاز و نه‌وتی کوردستان پشکی گه‌وره‌ی سامانی نه‌ته‌وه‌یی پێکده‌هێنن، به‌کارهێنانیان له سایه‌ی یاسایه‌کی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی و له لایه‌ن ده‌زگا و ده‌سه‌ڵاتێکی متمانه‌پێکراو و پسپۆڕ و به‌شێوه‌یه‌کی شه‌فاف و دادپه‌روه‌رانه ئێستا و ئاینده‌یه‌کی گه‌ش بۆ نه‌ته‌وه‌که‌مان مسۆگه‌ر ده‌کات و ئاماده‌سازی گه‌وره بۆ داڕشتنی بنه‌ما بنه‌ڕه‌تیه‌کانی بنیاتنانی ده‌وڵه‌تی کوردی ده‌کات.
له‌و ساته‌وه‌ی پرسی نه‌وت و گاز له هه‌رێمی کوردستان پێگه‌یه‌کی زۆر به‌هێزی له ئه‌جێندای سیاسی و ئابوری‌دا به‌ده‌ست هێناوه بۆته مایه‌ی ئومێد و زه‌مینه‌ی بایه‌خ و ململانێی ناوخۆیی و ده‌ره‌کی. له هه‌مان کاتیش‌دا به‌سودوه‌رگرتن له ئه‌زمونه‌کانی پرسی نه‌وت له ناوچه‌که‌مان و وڵاته دواکه‌وتوه‌کانی دنیا زۆر دروست و ره‌وایه به‌ئاگابون و ترسێکی ده‌سته‌جه‌معی لای خۆمان له مهر ئه‌م پرۆسه تازه‌یه له جه‌سته‌ی کوردایه‌تیدا سه‌ری هه‌ڵداوه.
پرۆسه‌یه‌ک نادیار و ته‌ماوی به‌ڕێوه ده‌برێت و ئاراسته ده‌کرێت و به چه‌ندین تارمایی و مه‌ترسی ناوخۆ و ده‌ره‌کی گه‌مارۆ دراوه، ناسنامه‌ی یاسایی و سیاسی نێوده‌وڵه‌تی هه‌رێم تۆکمه و به‌هێز نیه و روبه‌ڕوی چه‌ندین مه‌ترسی ناو عێراق و ناوچه‌که بۆته‌وه. گه‌مه‌که‌ره به‌رچاو و شه‌به‌حه‌کان له‌م پرۆسه ئاڵۆز و جنجاڵه سیاسی و ئابوریه‌دا زۆرن، ناوخۆیی و ده‌ره‌کین، به‌رژه‌وندی جیاواز و دژ به‌یه‌ک، دۆست و نه‌یار و دوژمن تێدا کۆبونه‌ته‌وه، بۆیه ده‌بێت ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیانه تێهه‌ڵکێشی پرسی نه‌وت بکرێن و له سه‌رویانه‌وه داڕشتنی سیاسه‌تێکی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و چاودێریکردنی ورد و دروست و کراوه‌ی پرۆسه‌که.
وێرای ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی لایه‌نه‌کانی کورستان کۆکن له‌سه‌ر تهموڵێلی پرۆسه و داهاتی نه‌وت، له هه‌مان کاتیش‌دا زۆر که‌م زانراوه لەمه‌ڕ پێوه‌ر و میکانیزمه‌کانی سازدانی گرێبه‌سته‌کان و بژارده‌کردنی کۆمپانیا بیانییه‌کان و رۆڵی ده‌ڵال و گروپه نێوده‌وڵه‌تیه تایبه‌ته‌کان به لۆبیکردن بۆ نه‌وت و رۆڵی ده‌زگا گه‌وره داراییه‌کانی دنیا و کۆمپانیا بیانیهکهن بۆ گواستنه‌وه‌ی نه‌وت و بۆ دروستکردنی ژێرخانه‌ی پیشه‌سازی نه‌وت و گاز له کوردستان و چه‌ند لایه‌نێکی تری ئه‌م پرسه.
بڵاوکردنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌کانی نه‌وت له سه‌ر ماڵپه‌ره‌کان کارێکی باشه، به‌ڵام تینویه‌تی شه‌فافیه‌ت و پێره‌وکردنی یاسا و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و هه‌مو پرسیاره رهوایهنه ناشکێنێت، کارێکه لایه‌نه ئاشکراکراوه‌کانی ئه‌و پرۆسه‌یه پێشان ده‌دات که زۆربه‌ی کۆمپانیا بیانییه‌کان له سایته‌کانی خۆیاندا بڵاویان کردۆته‌وه. خه‌ڵک هیواداره ئه‌مه بۆ گه‌وجاندنی نه‌بێت.
به ساده‌ترین جه‌مع و زه‌رب و ته‌رحێک چه‌ندین ملیار دۆلار داهاتی نه‌وتی هه‌رێم بوه. داهاتێک تا ئه‌م ساته‌ش سه‌روبنی رون نیه، نه په‌رله‌مان و نه زۆربه‌ی زۆری وه‌زیره‌کان نه‌ک هه‌ر بێخهبهرن ته‌نها زۆر خهمساردیشن به‌رامبه‌ر کۆی گشتی پرۆسه‌که و به‌ڕێوه‌بردنی. به‌ته‌نیشت ئه‌م دۆخه ناتهندروستهشهوه هه‌ڵمه‌تێکی نه‌شازی راگه‌یاندنیش ده‌هۆڵ و زورنا بۆ پرۆسه‌ی نه‌وت له هه‌رێم لێده‌دا.
وه‌زیری سامانه سروشتیه‌کان پێیوایه ره‌خنه‌گرتن له کاره‌کانی وه‌زاره‌ته‌که‌ی و جانتا سحراویه‌که‌ی، ده‌شیت به فانوسه سحراویه‌که‌ی عه‌لادین بشوبهێنرێت، کاری تێکده‌رانه و ساخته‌کاری و خیانه‌تکاریه. له چاوپێکه‌وتنێک لەگه‌ڵ کوردیش گڵۆب له 4-9-2012 دا بڵاوکراوه‌ته‌وه له وه‌ڵامی پرسیارێکی کوردیش گڵۆب: که‌سانێکی زۆر له کوردستان هه‌ست به‌م ده‌سکه‌وتانه ده‌که‌ن، بۆچی نیگه‌رانیت له تۆمهتکردنهکانی گۆڕان؟
ئاشتی هه‌ورامی له وه‌ڵامدا ده‌ڵێت: هه‌ست ده‌که‌م که په‌لاماردانه به‌رده‌وام و بێ بنه‌ماکانی گۆڕان بۆ سه‌ر سیاسه‌تی حکومه‌تی هه‌رێم سه‌ری له چه‌ند که‌سانێک شێواندوه و باوه‌ڕیان به حوکمی خۆماڵی و پشتبه‌ستن به‌خۆ لاواز کردوه، بۆیه دڵخۆش نیم به‌و که‌سانه‌ی له پشت ئه‌م هێرشانه‌وه‌ن.
له درێژه‌ی وه‌ڵامدا به‌ڕێز هه‌ورامی ده‌ڵێت: بۆ نمونه که‌سانێک له‌ناو گۆڕاندا، بێئه‌وه‌ی هیچ سهلمێنهرێکیان هه‌بێت به‌رده‌وام باس له که‌می شه‌فافیه‌ت له ئیلتزاماتی دارایی کۆمپانیاکانی نه‌وت ده‌که‌ن، ئه‌وان له‌م کاره‌دا راستیه‌کان ده‌شێوێنن تا خه‌ڵک بۆ ئامانجه سیاسیه‌کانی خۆیان ههڵبخهڵێتنن.
له درێژه‌ی په‌لاماردانی گۆڕاندا ده‌ڵێت: ئاشکرایه که که‌سانێک له گۆڕاندا (هه‌مویان نا) به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکی کوردستانیان لا گرنگ نیه. بێگومان ئه‌و که‌سانه بنیانته‌ری ئایندهی نه‌ته‌وه نین، بۆ من ئه‌وانه تێکده‌ری به‌رچاون. پێده‌چیت ئه‌وانه هیچ هه‌ستێکیان نه‌بێت له ئه‌زیه‌تدانی که‌سانی تردا. بۆ ئه‌وان یاسا و راستیه‌کان هیچ به‌هایه‌کیان نیه و بۆیه ئاکامه‌کانی کاره‌کانیان به‌لاوه گرنگ نیه. ئه‌وان له‌گه‌ڵ هه‌مو که‌سێکدا، به دوژمنانیشه‌وه، کارده‌که‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئامانجه سیاسیه‌کانیان. درۆ فابرهکه کردن و شێواندنی راستیه‌کان ئه‌و ئامرازانه‌ن که زۆربه‌ی جار به‌کاریان ده‌هێنن. به‌داخه‌وه ئه‌مه کاری هه‌ندێک که‌سن له‌ناو گۆڕاندا. خه‌ڵکی ئێمه ئه‌م تاکتیکه بێشه‌رمانه ده‌بینێت و ئه‌و جۆره خیانه‌تکاریه له هیج لایه‌نێک دژ به‌به‌رژه‌وه‌ندی نهیهوهییمان قبوڵ ناکه‌ین.
ئه‌م وه‌زیره وێرای شاره‌زایی له‌بواری نه‌وتدا له ته‌کنۆکراتێکی بێده‌سه‌ڵات تێناپه‌ڕێت و پێویست ده‌کات رێز له پۆسته‌که‌ی وه‌ک وه‌زیرێک بگرێت و له قه‌واره‌ی خۆی گه‌وره‌تر هه‌ڵپه نه‌کات و ناسنامه‌ی دڵسۆزی و تۆمه‌تی خیانه‌تکاری به میزاجی خۆی نه‌به‌خشێته‌وه. ئه‌و چه‌مکانه وه‌ک نه‌وت کاڵایه‌ک نین تا به‌ڕێزی باش لێی تێگه‌یشتبێت و به‌راست و چه‌پدا بازرگانی پێوه بکات. ئه‌وه نیه چه‌ند په‌رله‌مانتار و سیاسه‌تمه‌داری یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان له‌م دواییانه‌دا به‌بیریاندا هاتۆته‌وه و وه‌زاره‌تی سامانه سروشتیه‌کان به ناڕێک و هه‌ندێک کاری به نایاسایی وه‌سف ده‌که‌ن و ره‌خنه و تێبینی تا ئاستی نه‌بونی شه‌فافی له داهاتی نه‌وتدا به‌یان ده‌که‌ن، تۆ بڵێی ئه‌م به‌شه‌ی ده‌سه‌ڵاتیش به مه‌زه‌نده‌ی وه‌زیر تێکده‌ر و خۆفرۆش بن؟ بێگومان که‌مته‌رخه‌می و غیابی ده‌نگێکی زوڵاڵی ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌کێتی به‌رامبه‌ر ئه‌م پرۆسه‌یه ماستێکی بێ م‌و نیه، پێده‌چیت ئه‌وان زیاتر دڵگران بن و گله‌ییان له‌وه بێت پشکێکی که‌م له داهاتی نه‌وتیان پێدراوه.
به‌شێکی تر له‌م راگه‌یاندنه سواو و به‌سه‌رچوه ره‌خنه و تێبینی و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌کان له‌مه‌ڕ پرۆسه‌ی گاز و نه‌وت له هه‌رێم به خزمه‌تی دوژمن وه‌سف ده‌کات. تۆ بڵێی حکومه‌تی تورکیا که کۆڵه‌که‌ی بنه‌ڕه‌تی سیاسه‌تی نه‌وتی هه‌رێمه و یه‌که‌م سودمه‌نده لێی له مێژه‌وه دۆستی باو وباپیرانمان بن؟ تۆ بڵێی ئه‌و هه‌زاران ته‌نکه‌ره نه‌وتانه‌ی به هه‌رزان به ئێران ده‌فرۆشرێت پیاو و سیخوڕه‌کانی ئه‌و وڵاته له هه‌رێمه‌وه بۆیان بنێرن؟ تۆ بڵێی مالیکی و ده‌سته‌که‌ی که که‌م یا زۆر ته‌مویلی پرۆسه‌ی نه‌وتی هه‌رێم ده‌که‌ن دوژمنه سه‌رسه‌خته‌که‌ی کورد بن؟ تۆ بڵێی ئه‌و کۆنه به‌عسی و جاش و فایلچی و ئه‌نفالچی و به‌کرێگیراوانه‌ی رژێمی سه‌دام که ئه‌وانیش له نێو قافڵه‌ی سودمهندانن له‌و نه‌وته به نوشته و دوعای ده‌سه‌ڵاته شهبهحدارهکانی نه‌وت له هه‌رێم پاکژ بونه‌ته‌وه و له ریزبه‌ندی نیشتمانپه‌روه‌ر و دڵسۆزه‌کانی نه‌ته‌وه‌دا مه‌قامی عالیان پێبه‌خشراوه؟
ئه‌م پێشه‌کیه‌م به پێویست زانی تا خوێنه‌ری به‌ڕێز له هستیریای ده‌سه‌ڵاتی نه‌وت به ئاگابێت.
با بێینه سه‌ر باسی بابه‌ته‌که و بزانین ده‌سه‌ڵاتی نه‌وت له هه‌رێم له کوێه‌وه سه‌رچاوه‌ی کردوه و چۆن کار ده‌کات و ئه‌و تارماییانه‌ی ئه‌م پرۆسه‌یه‌یان ده‌ست پێكردوه و به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن و ئاراسته‌ی ده‌که‌ن چیان ده‌وێت؟
ئاوڕدانهویهک
دیک چینی و پاوڵ ۆڵفۆڤیتز، دو که‌سایه‌تی ناوداری ره‌وتی کۆنسێرڤه‌تیزمی نوێ، به‌یه‌که‌وه ره‌شنوسی پێنتاگۆنیان له شوباتی 1992 به‌ناوی "ده‌لیلی پلانی وه‌زاره‌تی به‌رگری بۆ ساڵانی دارایی 1994-1999" Defense Planning Guide for the Fiscal Years 1994-1999 یان ئاماده کردبو. له‌م نوسینه‌دا بۆچونی خۆیان بۆ ئه‌گه‌ره‌کانی سیاسه‌تی ده‌ره‌و داڕشتبو و هه‌روه‌ها تێڕامانێکیان خستبوه رو، که دواتر هانده‌ر بو بۆ ئیداره‌ی بوش له ساڵی 2003 په‌لاماری عێراق بدا و داگیری بکات. له به‌شی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باشوری خۆرئاوای ئاسیای نوسینه‌که‌دا هاتوه: "هه‌می سه‌ره‌کیمان مانه‌وه‌مانه وه‌ک هێزێکی ده‌ره‌کی باڵاده‌ست له ناوچه‌که و دابینکردنی گه‌یشتنی ئه‌مەریکا و خۆرئاوا به نه‌وتی ناوچه‌که. له هه‌مان کاتیش‌دا رێگری له توندوتیژی زیاتر له ناوچه‌که بکه‌ین و کار له‌سه‌ر باشترکردنی ئارامی ناوچه‌که بکه‌ین، ئه‌مەریکیه‌کان و مومته‌له‌کاتیان بپارێزین و رێگه ده‌ریایی و ئاسمانیه‌کانی ناوچه‌که بۆ خۆمان کراوه بن و بشیان پارێزین. وه‌ک له داگیرکردنی کوەیت له لایه‌ن عێراقه‌وه ده‌رکه‌وت زۆر گرنگه رێگری بکرێت که هێزێکی یه‌ک ره‌نگ (موتهجانس) یاخود گرێدانه‌وه‌ی چه‌ند هێزێک کۆنترۆڵی ناوچه‌که بکه‌ن، ئه‌مه زۆر گرنگه بۆ ناوچه‌ی نیمچه دورگه‌ی عه‌ره‌بی. بۆیه ده‌بێت به‌رده‌وام کاربکه‌ین و رۆڵمان هه‌بێت، ئه‌میش به‌رێگه‌ی چاوسورکردنه‌وه و باشکردنی هاریکاری و هه‌ماهه‌نگیمان بۆ ئاسایشی ناوچه‌که".
له 12-9-2011 Lawrence Wilkerson ، سه‌رۆکی دیوانی Colin Powell وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مەریکا له یه‌که‌م خولی ئیداره‌ی بوشی کوڕ (2001-2005) له چاوپێکه‌وتنێکی ته‌له‌فزیۆنیدا ده‌ڵێت: "دیک چینی و بوش به‌بیانوی ئه‌لقاعیده و چه‌که کۆمه‌ڵکوژه‌کانی سه‌دامه‌وه په‌لاماری عێراقیان دا، له راستیدا چاویان له یه‌ده‌کی نه‌وتی ئه‌و وڵاته بڕیبو که ئه‌گه‌ر هه‌یه بگاته زیاتر له 300 ملیار به‌رمیل، به‌مجۆره عێراق ده‌توانێت رۆڵی سعودیه ببینێت". ویڵکیرسۆن له درێژه‌ی قسه‌کانیدا ده‌ڵێت: "ئه‌وسات ده‌ترسان ئه‌گه‌ر نه‌وت له بازاڕدا که‌م بێت نرخی به‌رمیلێک بگاته 300-400 دۆلار. چاککردنه‌وه‌ی پیشه‌سازی نه‌وت و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی له عێراق ئه‌و بۆشاییه پرده‌کاته‌وه... تاد".
نه‌وت وه‌ک به‌رهه‌مێکی سیاسه‌ت
ئه‌م سیاسه‌ته له لایه‌ن ئیداره جیاکانی ئه‌مەریکاوه له سه‌رده‌می بوشی باوکه‌وه و تا ئه‌م ساته به ورده‌کاریه‌کانیه‌وه پێڕه‌و کراوه. خاڵی سه‌ره‌کی سیاسه‌تی ئه‌مەریکا له ئێستادا سه‌باره‌ت به عێراق پاراستنی ئارامی ناوچه‌که و سیاده‌ی عێراق و یهکپارچهییهتی. بابزانین نه‌وتی هه‌رێم له چوارچێوه‌ی ئه‌م سیاسه‌ته داڕێژراوه‌دا چ رۆڵ و کاریگه‌ری هه‌یه.
به‌ڕێز مسعود بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان له 4 نیسانی 2012 له واشنتۆن چاوی که‌وت به سه‌رۆک باراک ئۆباما و جێگره‌که‌ی جۆزف بایدن، بۆ لێدوان و قسه‌کردن له سه‌ر دۆخی عێراق و په‌یوه‌ندیه‌کانی ئه‌مەریکا له‌گه‌ڵ کوردستان و گه‌لی کورد و دۆسیه‌ی نه‌وت. وێڕای ئه‌وه‌ی ئه‌مەریکیه‌کان له‌و چاوپێکه‌وتنه‌دا دوپاتی پاراستنی کوردی باشور و په‌یوه‌ندیه‌کانیان له‌گه‌ڵ کورد کرده‌وه، وه‌لێ جه‌ختیان کرده‌وه که ئه‌و هه‌ڵوێسته له چوارچێوه‌ی ستراتیژیه‌تی ئه‌مەریکا به‌رامبه‌ر عێراقێکی دیموکراسی و فیدراڵ و یه‌کگرتودا خۆی ده‌بینێته‌وه. به واتایه‌کی تر ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد سنوره‌کانی ئه‌و سیاسه‌ته به نهوتێشهوه نه‌به‌زێنن.
پاش کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مەریکا له کۆتایی 2011دا راسته‌وخۆ گرژبونی دۆخی سیاسی و تێکچونی زیاتری باری ئه‌منی و توندبونه‌وه‌ی ناکۆکی و شه‌ڕی مه‌زهه‌بی و تایفی و نه‌ته‌وه‌یی روخساری عێراقی شه‌که‌ت و په‌ککه‌وته‌یان زیاتر رازانده‌وه.
بۆ ئه‌مەریکا، پاش کشانه‌وه‌ی هێزه سه‌ربازیه‌که‌ی، ئاسان نیه کاریگه‌ری و ده‌سه‌ڵاتی خۆی له عێراق بپارێزێت. به‌ته‌نیشت نزیکه‌ی 17.000 کارمه‌ند له باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مەریکا له به‌غدا و کونسوڵگه‌ریه‌کانی له چه‌ند شارێکی تری عێراق و ژماره‌یه‌کی نه‌زانراوی بنکه و کارمه‌ندی ده‌زگا تایبه‌تیه‌کان کۆمپانیا گه‌وره‌کانی ئه‌مەریکی له عێراق بونه‌ته به‌شیکی گرنگ بۆ پاراستن و به‌رده‌وامبونی ده‌سه‌ڵات و کاریگه‌ری ئه‌مەریکا له عێراق. له پێشه‌نگی ئه‌مانه‌دا کۆمپانیا نه‌وته‌کانی ئه‌مەریکی له عێراق و زۆر تایبه‌ت له هه‌رێمی کوردستان. ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی چه‌ندین سیاسه‌تمه‌دار و کۆنه به‌رپرسی باڵا و کۆماندۆی ئه‌مەریکی به پێچ و په‌نای لاڕێوه پێگه‌یه‌کی به‌هێزیان له پێشه‌سازی نه‌وت و گاز له کوردستان به‌ده‌ست هێناوه.
ئه‌مەریکا ده‌توانێت به‌رێگه‌ی کۆمپانیاکانی نه‌وتیه‌وه له کوردستان کاربۆ دانانی سنورێک بۆ ده‌سه‌ڵاتی ئێران و هاوپه‌یمانیه‌کانی له شیعه‌ی عێراق بکات و رێگری له زیاتر ئاڵوزبون و نائارامی ناوچه‌که بگرێت.
یه‌کێتی ئه‌وروپا و ئه‌مەریکا پلانیان بۆ دروستکردنی هێڵێکی بۆری که گازی کوردستان راسته‌وخۆ به بازاڕه‌کانی ئه‌وروپاوه ده‌به‌ستێته‌وه هه‌یه، ناسراو به هێڵی نابوکۆ Nabucco . جێبه‌جێکردنی ئه‌م پرۆژه‌یه چه‌ندین ده‌سکه‌وتی ده‌بێت، وه‌کو: زیادکردنی په‌یوه‌ندی ئابوری باشوری کوردستان و یه‌کێتی ئه‌وروپا، کردنه‌وه‌ی مه‌نفه‌زێک بۆمان بۆ هه‌نارده‌کردنی گازی سروشتی بێئه‌وه‌ی پێویستیمان به هێڵی که‌رکوک-جیهان هه‌بێت و خاڵێکی تر ئه‌م هێڵی بۆریه ئیعتمادی ئه‌وروپا له‌سه‌ر گازی روسیا (هه‌نوکه زیاتر له 38% ه) که‌م ده‌کاته‌وه.
به‌پێی پسپۆرانی نه‌وت له کوردستان له ساڵی 2005 ه‌وه نزیکه‌ی 8 ملیار به‌رمیل نه‌وت و گاز دۆزراوه‌ته‌وه. به‌پێی راپۆرتی حکومه‌تی هه‌رێم 45 ملیاربهرمیل نه‌وت و 200 تریلیۆن سێجا فوت گازی سروشتی له هه‌رێم هه‌یه.
تا نۆڤه‌مبه‌ری 2011، 44 کۆمپانیای نێوده‌وڵه‌تی گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ حکومه‌تی هه‌رێم واژۆ کردوه. له‌و کۆمپانیانه به‌لایه‌نی که‌مه‌وه شه‌شیان ئهمەریکین: ExxonMobil, Hess, HKN, Hunt Oil, Marathon Oil, Murphy Oil زۆر باس له پرۆسه‌ی نه‌وت له هه‌رێم کراوه، زۆر که‌میش باسی ئه‌و کۆمپانیایانه کراوه که به‌دوای نه‌وتدا ده‌گه‌ڕێن، ده‌ری ده‌هێنن، ده‌یپاڵێون، ده‌یگوازنه‌وه و ده‌یفرۆشن. ئه‌م کۆمپانیا تایبه‌تیانه بونه‌ته گه‌مه‌که‌ری ئابوری و سیاسی به‌هێز له هه‌رێم.
کۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌کانی نه‌وت و گاز، وه‌ک شێل و تۆتاڵ و بریتیش پێترۆڵیه‌م و ئێکسۆ‌ن مۆبایل، به‌گشتی له ره‌وشی سیاسی وڵاته‌کانی دنیادا ناوبانگێکی باشیان نیه، ئه‌م جۆره کۆمپانیانه به‌درێژایی مێژو به‌ره‌نگاری خه‌ڵکی ئه‌و وڵاتانه‌ی کاریان تێدا کردوه بونه‌ته‌وه و زۆربه‌ی هێز و لایه‌نه سیاسیه‌کانی ئه‌و وڵاتانه‌ش به‌رامبه‌ریان وه‌ستاونه‌ته‌وه. له زۆربه‌ی وڵاته دواکه‌وتوه‌کان ئه‌م جۆره کۆمپانیایانه به‌ته‌نیشت به‌ده‌ستهێنانی قازانجێکی زۆر له نه‌وت و گاز بونه‌ته سه‌رچاوه‌یه‌کی گه‌نده‌ڵی و به‌رتیل و پێشێلکردنی یاسا و نه‌ریته کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان، بۆ نمونه کاریگه‌ری و رۆڵی شێڵ و هه‌ندێک له کارمه‌ندانی له پشتگیری قه‌زافی و له بڵاوبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و تاوان و نائارامی کۆمه‌ڵایه‌تی و پیسکردنی ژینگه له نێجیریا و به‌هه‌مان شێوه‌ش بریتیش پێترۆڵیه‌م له ساحلی ئه‌فریکا. به‌کرێگرتنی تۆنی بلێر له لایه‌ن ده‌زگایه‌کی دارایی سه‌ر به کۆمپانیاکانی نه‌وت بۆ نزیکبونه‌وه له قه‌زافی و ئارایشتهکردنی روخساری و هه‌مان رۆڵی کۆمپانیای وزه‌ی ئیتاڵی و به‌کارهێنانی بیرلسکۆنی بۆ ئامانجه‌کانی کۆمپانیاکه، نمونه قێزه‌وه‌نه‌کانی ئه‌م 2 تا 3 ساڵه‌ی دوایین. ته‌نانه‌ت ئه‌م کۆمپانیا گه‌ورانه له چه‌ندین وڵات گه‌مه‌که‌رێکی سیاسی به‌هێزی پشت په‌رده‌ن و هۆکاری نائارامی و توندوتیژی و ئاڵۆزین.
ئه‌م کۆمپانیه ده‌سه‌ڵاتدارانه چه‌ند ده‌زگایه‌کی به‌هێز و ناوداری دنیایان، وه‌ک Monitor Group و The Carlyle Group و راگه‌یاندنه‌کانی وه‌ک The Fox, The Economist, CNN, News Week ته‌مویل کردوه و که‌سایه‌تیه‌کانی وه‌ک بوشی باوک و کوڕ، جێمس به‌کر، بنه‌ماڵه‌ی بن لادن، بنه‌ماڵه‌ی پاشای سعودیه، تۆنی بلێر، جۆن مهجۆر و نوسه‌ر و رۆشنبیرانی وه‌ک تۆماس فریدمان و شارڵ پێرڵ و ده‌یانی تریان به‌کرێ گرتوه و لای ده‌سه‌ڵاتداران وڵاته به‌رهه‌مهێنه‌ره‌کانی نه‌وت به‌کاریان هێناون.
گرژی هه‌ولێر و به‌غدا و رۆڵی کۆمپانیاکان
کاتێک کۆمپانیا گه‌وره‌کانی نه‌وت رویان له کوردستان کرد سه‌ره‌تاکانی جه‌نگێکی گه‌رم له عێراق و ناوچه‌که چاوه‌ڕوان ده‌کرا. له‌و ساتانه‌دا به‌غدا ئاماده‌کاری بۆ وه‌ڵامێکی توند ده‌کرد.
دوای ئێکسۆ‌ن مۆبایل له ئۆکتۆبه‌ری ساڵی پار و شێڤرۆن له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا تۆتاڵی فه‌ره‌نسی و گازپرۆمی روسیش هه‌نگاویان نا و به‌غدایان پشتگوێخست. به‌هه‌ڵسه‌نگاندنی چه‌ندین چاودێری سیاسی ئه‌م گۆڕانکاریانه مه‌ترسی شه‌رێک له شێوازی شه‌ڕه‌کانی به‌ڵکانی جۆش ده‌دا.
له سه‌ره‌تادا به‌غدا هه‌ڕه‌شه‌ی کۆتایی هێنان به گرێبه‌سته‌کانی ئه‌م کۆمپانیایانه‌ی له‌گه‌ڵ حکومه‌تی عێراقدا ده‌کرد. دواتر ده‌رکه‌وت که ئه‌م هه‌ڕه‌شانه کاریگه‌ری ئه‌وتۆیان نه‌بو و حکومه‌ته‌که‌ی مالیکیش سیاسه‌تێکی دیاریکراو ئاشکرای گه‌ڵاڵه نه‌کردبو. ئێکسۆ‌ن مۆبایل و تۆتاڵ له کارکردنیان له عێراق به‌رده‌وام بون.
به‌پێی چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌کی پسپۆڕی و ئاگادار وێرای ئه‌وه‌ی گرێبه‌ستی ئێکسۆ‌ن مۆبایل له‌گه‌ڵ حکومه‌تی هه‌رێم چاوه‌ڕوانی مه‌ترسی زیاتر گرژبون و ئاڵۆزبونی سیاسی نێوان هه‌رێم و به‌غدای لێده‌کرا، به‌ڵام به‌لایه‌ن هه‌ندێک له سه‌نته‌ره‌کانی بڕیاردان له واشنتۆن به‌رێگه‌یه‌کی گونجاو و باش ده‌بینرا بۆ نزیکبونه‌وه‌ی هه‌ولێر و به‌غدا و رێکه‌وتن له سه‌ر یاسای گاز و نه‌وت و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌یه‌کی گونجاو بۆ که‌رکوک. ئێکسۆ‌ن پێش گرێبه‌سه‌ته‌که داوای ئامۆژگاری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مەریکای کردبو. به‌قسه‌ی وته‌بێژی وه‌زاره‌ت Victoria Nuland" داوامان لێکردن چاوه‌ڕوانی یاسای نیشتمانی بکه‌ن و پێمان وتن که به‌هه‌ڵسه‌نگاندنی ئێمه ئه‌مه باشترین رێگه‌یه بیگرنه‌به‌ر". دواتر ده‌رکه‌وت که هه‌نگاوه‌که‌ی ئێکسۆ‌ن له خزمه‌تی ئامانجه‌کانی ئه‌مەریکادا بو له عێراق و تایبه‌ت رێکه‌وتنی کاتی نێوان هه‌رێم و به‌غدا و ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی دانوساندنیان له‌سه‌ر یاسای نه‌وت و گاز نیشانه‌ی گرنگی ئه‌و کاریگهریهن. هه‌رچه‌نده هه‌نوکه ئێکسۆ‌ن له کێڵگه‌کانی کوردستان کار ده‌کات و به گرێبه‌ستی خه‌ده‌مات له گه‌وره‌ترین کێڵگه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، خۆرئاوای قورنه - 1ی عێراقدا کارده‌کات، به‌ڵام له ئاینده‌دا کاتێک ده‌ست به دانوستان له گه‌ڵ به‌غدا ده‌کات بۆ گۆڕینی گرێبه‌سته‌که‌ی و سازدانی گرێبه‌ستی نوێ ئه‌گه‌رێکی زۆر له ئارادایه ئه‌مه به‌زه‌ره‌ری هه‌رێم بشکێته‌وه. به‌واتایه‌کی تر ئێکسۆ‌ن هه‌رێم وه‌ک کارتێکی فشار به‌رامبه‌ر به‌غدا به‌کار بهێنێت.
بێجگه له‌و کۆمپانیایانه‌ی موڵکی ده‌وڵه‌تن، وه‌ک کۆمپانیای نه‌وتی فه‌نزویلا، زۆربه‌ی گرێبه‌ستی کۆمپانیا تایبه‌تیه‌کانی نه‌وت له گه‌ڵ هه‌رێم و مه‌رجه‌کانیان له دنیای نه‌وتدا به‌رچاو ده‌که‌ون و به‌پێی ئه‌م جۆره گرێبه‌ستانه قازانجی کۆمپانیاکان له کاتی سه‌رکه‌وتنیاندا خه‌یاڵیه، له گرێبه‌ستی خزمه‌تگوزاریدا، بۆ نمونه ئێکسۆ‌ن مۆبایل له گه‌ڵ حکومه‌تی عێراق له هه‌ر به‌رمیلێک نه‌وت که له کیڵگه‌ی قورنه-خۆرئاوا 1 ده‌ری ده‌هێنێت 1.90 دۆلار وه‌رده‌گرێت و کۆمپانیای Lukoil ی روسی 1.15 دۆلار بۆ به‌رمیلێک نه‌وت له کیڵگه‌ی قورنه-خۆرئاوا 2 وه‌رده‌گرێت.
ده‌سه‌ڵاتی نه‌وتی هه‌رێم بۆ به‌رمیلێک نه‌وتی هه‌رێم بێجگه له‌وه‌ی بڕێکی باش پاره (به 3-6 دۆلار مه‌زه‌نده ده‌کرێت بۆ به‌رمیلێک نه‌وت) به کۆمپانیاکان ده‌ده‌ن (له هیچ شوێنێکی ناوچه‌که ئه‌م بری پاره‌یه نادرێت)، پشکێکیش له یه‌ده‌کی کێڵگه‌که‌یان پێده‌ده‌ن. بۆ نمونه گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ شیڤرۆن له دو بلۆکدا 80%ی خاوه‌نداریه‌تی به کۆمپانیای شێڤرۆن دراوه. هه‌ر دو و کۆمپانیای تۆتاڵ و ماراتۆن رایانگه‌یاندوه که گرێبه‌سته‌که‌یان له گه‌ڵ هه‌رێمدا مافی 35% پشکی ده‌داتێ له بلۆکه‌کانی نه‌وت له هه‌ریر و سه‌فین.
بۆ کۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌کانی نه‌وت خاڵه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی نه‌وتی هه‌رێم بۆ گرێبه‌سته‌کان زۆر سودمه‌ند و بێ کێشه و بێ مه‌رجی قورسن. گرێبه‌سته‌کان له‌گه‌ڵ به‌غدا ئه‌وه‌نده قازانج به‌خش نین و بۆیه مه‌ترسی له ده‌ستدانی گرێبه‌سته‌کانیان له گه‌ڵ به‌غدا ئه‌وه‌نده به‌لاوه گرنگ نیه.
زیاده له‌مه‌ش له کوردستان رێگه به کۆمپانیاکان دراوه که پشکێکی باش له یه‌ده‌کی نه‌وت که ده‌یدۆزنه‌وه وه‌ک موڵکی خۆیان ناسسناوی که‌ن، ئه‌مه‌ش نرخی پشکه‌کانیان له بازاری داراییدا به‌رز ده‌کاته‌وه. لایه‌نی عێراقی ئه‌م شێوازه له مامه‌ڵه‌کردن به سامانه سروشتیه‌کان به به‌خشینی کۆنترۆڵکردنیان به ده‌ست بیانیه‌کانه‌وه ده‌زانێت و هۆکارێکی سه‌ره‌کیه که به‌غدا له‌و جۆره گرێبه‌ستانه‌ی هه‌رێم رازی نیه.
تورکیا و گاز و نه‌وتی هه‌رێم
له‌گه‌ڵ زیاتر گرژبونی دۆخی عێراق و تایبه‌ت نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له سه‌ر سامانه سروشتیه‌کان تورکیا ده‌ستی به‌چنینی دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتداران له حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان کرد، دوای کێشه‌که‌ی هاشمی هه‌ر دو لا ده‌ستوبردیان له‌و چنینه کرد.
به‌شێک له چاودێرانی سیاسی وه‌رچه‌رخاندنی هه‌ڵوێستی تورکیا له دژایه‌تیکردنی هه‌رێم بۆ مامه‌ڵه‌ی بازرگانی و ئه‌منی به ژیری و دوربینی تورکیا و لاوازی پێگه‌ی حوکمرانی له باشور ده‌زانن. به‌شێکی تر پێیان وایه له مێژه، تایبه‌ت که کۆندۆلا رایس پۆستی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مەریکا له خولی دوه‌می سه‌رۆکایه‌تی بوش‌دا وه‌رگرت، ئه‌رکی به‌رپرسیاریه‌تی چاودێریکردن و به‌ئاگابون له "باکوری عێراق" به تورکیا سپێردراوه. له‌هه‌ر دو بۆچوندا تورکیا گه‌مه‌که‌ره سودمه‌نده سه‌ره‌کیه‌که‌یه.
له‌و کاته‌وه‌ی ئه‌نکه‌ره چه‌ند رێکه‌وتنێکی له‌گه‌ڵ هه‌ولێر له پشت به‌غداوه ساز کردوه پرسیاری سه‌ره‌کی ئه‌وه‌یه: تورکیا بۆ ئه‌مه ده‌کات؟ به‌پێی شێکردنه‌وه‌ی پسپۆره‌کانی بواری هه‌واڵگری ئه‌م هه‌نگاوه‌ی تورکیا چاوه‌ڕوانکراو بو و کارێکی نا مه‌نتیقی نه‌بو. وه‌ک Michael Bagley سه‌رۆکی ده‌زگای Jellyfish ده‌ڵێت: "گرنگه تێبگه‌ین که باکوری عێراق گه‌وره‌ترین بازاڕه بۆ به‌رهه‌مه‌کانی تورکیا و ئه‌و نه‌وت و گازه‌ی له کوردستانه‌وه هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه ده‌کرێت به رێگه‌ی تورکیادا ده‌ڕوات. بۆیه له روانگای دارایی و لۆجیستیکیه‌وه هاوسه‌ریه‌تی ئه‌نکه‌ره و هه‌ولێر مایه‌ی خۆشیه‌کی تایبه‌ته. باکوری عێراق ده‌بێته یه‌کێک له ناوچه گه‌وره‌کانی ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌راست بۆ وه‌به‌رهێنان و حکومه‌تی هه‌رێم تا ئه‌م ساته توانیویه‌تی به‌غدا بخاته ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌که".
له مانگی مایسی ئه‌مساڵدا ده‌سه‌ڵاتدارانی نه‌وت له هه‌رێم و تورکیا پلانێکیان راگه‌یاند بۆ دروستکردنی هێڵی بۆری گواستنه‌وه که هه‌رێم به مینای جیهانی تورکی ببه‌ستێته‌وه. به ته‌واوبونی ئه‌م هێڵه توانای گواستنه‌وه‌ی یه‌ک ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی له رۆژێکدا ده‌بێت. چاوه‌ڕوان ده‌کرێت ئه‌م پرۆژه‌یه زو ته‌واو بێت. بێجگه له‌مه‌ش هێڵێکی تر له 2014 دا راسته‌وخۆ به هێڵی که‌رکوک-جیهانه‌وه ده‌یبه‌ستێته‌وه. هه‌رێم پلانیان هه‌یه بۆ هه‌نارده‌کردنی نه‌وتی خام بۆ تورکیا بۆ پاڵاوتنی و ناردنه‌وه‌ی بۆ هه‌رێم.
په‌یوه‌ندیه ئابوریه‌کانی هه‌رێم و تورکیا رۆڵی به‌رچاویان له گه‌شه‌کردنی په‌یوه‌ندیه‌کانیاندا هه‌بوه، 50%ی گه‌وره کۆمپانیاکان که له هه‌رێم کارده‌که‌ن تورکین.
راگه‌یاندنی پلانی هێڵی بۆری گواستنه‌وه نێوان هه‌رێم و تورکیا کاریگه‌ری له سه‌ر قه‌باره‌ی بازرگانی نێوان هه‌رێم و ئێران کردوه و له کاتی جێبه‌جێکردنیدا زۆر که‌می ده‌کاته‌وه.
به هه‌ڵسه‌نگاندنی چاودێرانی سیاسی ئه‌م "هاوسهریهتهی نێوان تورکیا و هه‌رێم" نابێته هۆی سازدانی زه‌مینه بۆ ئه‌گه‌ری دروستبونی ده‌وڵه‌تی کوردی، چونکه تورکیا زۆر به توندی پێی خۆی له هه‌رێم چه‌قاندوه و کاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌و به‌شه‌ی عێراق بێئهندازهیه و ده‌سه‌ڵات و توانای به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمدا هه‌یه بۆ کۆنترۆڵی هه‌ر خواست و ویستێک بۆ ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کورد. تورکیا ئه‌م کاره ده‌کات وێرای کاردانه‌وه‌ی ئه‌و هه‌نگاوه له سه‌ر کوردی باکور.
تورکیا ده‌یان ساڵه شه‌ڕێکی هه‌مه‌جیانه‌ی خوێناوی دژ به کورد به‌رپاکردوه و به‌تایبه‌ت دژ به پەکەکە. پەکەکە ساڵانێکه له باشوری کوردستان پێگه‌ی سه‌ربازی و رێکخراوه‌یی به‌هێزی هه‌یه.
تورکیا له هه‌مو هه‌وڵه‌کانیدا شکستی هێناوه و ماوه‌یه‌که ده‌سه‌ڵاتدارانی کارده‌که‌ن تا به‌رێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم و نه‌وته‌که‌یه‌وه کورده‌کانی باکور دابمرکێننه‌وه و بێده‌نگیان که‌ن.
بێگومان ئه‌مەریکا و ئه‌وروپا پشتگیری ته‌واو له گه‌شه‌پێدانی په‌یوه‌ندیه‌کانی ئه‌نکه‌ره و هه‌ولێر و راکێشانی هێڵێکی بۆری گواستنه‌وه‌ی نێوانیان ده‌که‌ن.
به‌لای وه‌به‌رهێنه‌رانی تورکه‌وه گرێبه‌ستیه نه‌وتیه‌کانی هه‌رێم و تایبه‌ت له‌گه‌ڵ ئێکسۆ‌ن مایه‌ی ناکۆکی نیه، چونکه لایه‌نی کوردی عێراق و لایه‌نی تورکی ده‌رکیان کردوه که پێویسیان به یه‌کتره. تورک ئاسایشیان بۆ دابین ده‌کات و کوردیش وزه‌یان پێده‌ده‌ن.
ئه‌مانه روده‌ده‌ن له کاتێکدا ئێران به‌خه‌ستی سه‌رقاڵی باشوری عێراق و نه‌وت و گازه‌که‌یه‌تی. به‌واتایه‌کی تر عێراق به‌شێوه‌یه‌کی ته‌ماوی به‌سه‌ر ناوچه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدا دابه‌ش کراوه، به‌غدا و باشور بۆ ئێران و هه‌رێمیش بۆ خۆرئاوا و تورکیا.
ئه‌م هه‌مو کار و کاردانه‌وه و ئاڵوگۆر و به‌رژه‌وه‌ندیه سیاسی و ئه‌منی و ئابوریانه ئه‌و تارماییانه‌ن گه‌مارۆی پرۆسه‌ی نه‌وتیان له هه‌رێم داوه و ئاراسته‌ی ده‌که‌ن. کورد هیچ رێگه‌یه‌کی له‌به‌رده‌مدا نیه و ده‌بێت نه‌وت و گازه‌که‌ی بفرۆشێت. بازرگانیه‌ک به‌ده‌سته‌جه‌معی نه‌ته‌وه‌یی و به‌بڕیاری ده‌سته‌جه‌معی بکرێت، وه‌ک هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کی سه‌ر ئه‌م زه‌مینه خوا و سروشت ئه‌و سامانه‌ی پێبه‌خشیوه ده‌بێت ده‌زگایه‌کی تایبه‌ت به گاز و نه‌وتمان هه‌بێت له‌ژێر چاودێری لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کانه‌وه ئه‌و پرۆسه‌یه به‌ڕێوه ببات و نه‌که‌وێته ژێر ره‌حمه‌تی چه‌ند که‌سێک و هه‌موی له جانتایه‌کی سیحراویدا هه‌ڵبگیرێت.
|