پێش داڕماندن
|
چیا عهباس
"لە کەناری داڕماندندا هەمو گۆڕانکاریمان دەوێت"
بەلایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە ناوەڕۆکی ناکۆکی و ململانێکانی لەگەڵ دەسەڵاتدا لە پەیامی بزوتنەوەکەدا کۆدەبنەوە، پەیامێک کە کارنامەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و نەتەوەییە بۆ ئایندە و کار بۆ گۆڕانکاری بنەڕەتی لە حوکمڕانیدا دەکات. ئەم پەیامە بەدەسەڵات هەزم نەدەکرا، بۆیە رەتدانەوەی توندیان بەرامبەر گۆڕان بەرپا کرد و چیان بۆ لوا بێت دژ بەگۆڕان کردویانە و بونە هۆکاری خوڵقاندنی تەنگەژەو و توندوتیژی و بێ متمانەیی.
لەگەڵ سەرهەڵدانی گۆڕانکاریەکان لە دنیای عەرەب و خەستبونەوەی ناڕەزایی و هەڵچونی خەڵک لە باشوری کوردستان کە لە 17 شوباتی 2011وە و وەرچەرخاندنێکی هەستیاری هێنایە کایەوە و دەسەڵات هستیریا ئاسا مامەڵەی لەگەڵدا کرد، لەگەڵ کەڵەکەبونی مەترسی و فشارەکان لە بەغدا و ناوچەکە و گەشەکردنی ناڕەزایی ناو خودی حیزبەکانی دەسەڵات و فشاری بەردەوامی نێودەوڵەتی لەسەر دەسەڵات بۆ چاکسازی نیشانەکانی داڕماندنی نمونەی حوکمڕانی کەلەپوری دو "بار"ە بونەوە بەدی دەکران.
بەتەنیشت ئەمانەشەوە خۆراگرتنی گۆڕان و بەرەنگاربونەوەی هێمنانە و پێڕەوکردنی سیاسەتی واقیعی و ئەقڵانیەت لایەنەکانی دەسەڵاتیان ناچارکرد مامەڵەی دژایەتیکردنی گۆڕان رابگرن و رێگەی دیالۆگ و لێدوان بگرنەبەر. لە بەرامبەریشدا گۆڕان گرێ کوێر و ئازاردەرەکانی پتر لە دو ساڵ و نیوی نەکردە ئەستەنگ لەسەر رێگەی هێورکردنەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ لایەنەکانی دەسەڵاتدا.
لە سەرەتادا و ئێستاشی لەگەڵدا بێت دەسەڵات سەرقاڵی گەمەکردن و کوشتنی کات بوە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن و بەتایبەت لەگەڵ گۆڕاندا و بیری لە چارەی بنەڕەتی نەکردۆتەوە، بەردەوام هەوڵی پینەکردنی کێشەکانی داوە.
کوردێکی دڵسۆز نیە دڵی بەپرۆسەی هێورکردنەوە و ئاساییکردنەوە خۆش نەبێت، ئەمە مانای ئەوە نیە خۆڵ بەسەر رەفتار و مامەڵەکرنی دەسەڵات لە رابوردودا بکەین و بە دڵ سافی و پەرۆشیەکی سادە و ساوائاسا کەش و هەوای پرۆسەکە بڕازێنینەوە. ئاوڕنەدانەوە لەو مێژوە تەواوی پرۆسەی ئاساییکردنەوە بەسەقەتی هەڵدەسەنگێنێت و نمایش دەکات و زەمینەش بۆ داڕشتنی بنەما بەهێزەکان بۆ ئایندە ساز ناکات، ناشێت نەعامە ئاسا رەفتار بکرێت، کورد وتەنی نە بامان بینیوە و نە باران، مەبەست کولانەوەی برینەکان نیە بەقەدەر ئەوەی دیاریکردنی زامەکان چارەکردنیان گونجاو و ئاسانتر دەکات.
وێڕای ئەوەی پارتی و یەکێتی، کە دو پێکهاتە سەرەکیەکەی دەسەڵاتن، لە رۆژە رەشەکانی ئەو مێژوەدا ئامانجی هاوبەشیان سڕینەوەی گۆڕان بوە و لە ئاستی بەرزدا بەرنامە و کاریان بۆ ئەو مەبەستە سازداوە، وەلێ پرۆسەی هێورکردنەوە و ئاساییکردنەوە لەگەڵ دو لایەنەکەدا جیاوازیان لە ئاراستە و میکانیزم وخێرایی و ئاکامەکانی دەبێت.
پارتی و گۆڕان
لە سەرەتادا لەناو پارتیدا دو بۆچون لەمەر گۆڕان گەڵالە بوبون، توندڕەوە عەقائیدیە کلاسیکیەکانی ناو پارتی هەڵوێستی ناحەزانەیان نەدەشاردەوە و لە فرسەت دەگەڕان بۆ توندکردنی دژایەتیکردن، بەشێک لە رەوتی مۆدێرنی ناو پارتی و لە ئاستی باڵاشدا خوازیاری مامەڵەکردنێکی واقیعیانە بون لەگەڵ گۆڕاندا. هەڵوێستی بەڕێز مەسعود بارزانی بەرامبەر گۆڕان وەک سەرۆکی هەرێم و وەک سەرۆکی پارتی رەنگدانەوەی ئەو دو بۆچونە بو و جێگیر نەبو و بەچەند ئاراستەیەکی جیاواز کاری بۆ ئیحتواکردنی کاریگەریەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دەکرد، بەنیاز بون بەشتی بچوک گۆڕان رازی و دەمکوت بکەن. پارتی لە سەرەتادا هەڵسەنگاندن وشێوازی مامەڵەکردنی چەوتی بۆ گۆڕان هەبو، لای وابو بەرێگەی رێکەوتنی ستراتیژی لەگەڵ یەکێتیدا دەتوانن گۆڕان پەراوێز و لاواز بکەن، لە هەمان کاتیشدا بەشێکی باڵادەستەکانی پارتی گیرۆدەی چەمکەکانی موئامەرە بون و لەبەر کێشەی متمانەکردنی نێوان خۆیان و یەکێتی دروستبونی گۆڕانیان بە فابرەکەی بەرێزان مام جهلال و نەوشیروان مستەفا دەزانی بۆ لاوازکردنی پارتی.
لەو ساتانەدا پارتی زامە خەستەکەی شکستی یەکێتی بەکاردەهێنا بۆ زیاتر سازشکردن بە یەکێتی و لە لایەکی تریشەوە هاوسەنگی حوکمڕانی و پەرلەمانی و پارە و پول و پلەی لەگەڵ یەکێتی دا لاسەنگ نەکرد تا یەکێتی ئەوەندە لاواز نەبێت و نەتوانێت بەرەنگاری گۆڕان ببێتەوە. پارتی لە سەرەتادا لە بەرەنگاربونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ گۆڕاندا خۆی لادەدا و دەیویست بە مقاشی یەکێتی ژیلەمۆکان بگرێت.
ئەو سەردەمە بەهەڵسەنگاندنی ئەقڵیەتی کلاسیکی ناو پارتی گۆڕان مەترسیەکی جەماوەری و نەتەوەیی گەورە بوە لەسەر خودی پارتی و دەسەڵات و بەرژەوەندیەکانیان. ئەوان نمونەی حوکمڕانی کوردیان لە باشور و ئایندەشی لە بازنەیەکی سیاسی کلاسیکی داخراوی دەستەمۆکراودا بەدیدەکرد و گۆڕان یان بە "خەوارجی" ئەو بازنەیە دەبینی.
پارتی لەنێو دێڕەکانی ئەو سیاسەت و هەڵسەنگاندانەدا جار بەجار ختوکەی گۆڕانی دەدا و دەروازەکانی لەسەر درزێک بۆ واڵا دەکرد، بەڵام: گەمارۆدانی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی هەرێم، قۆرخکردنی دەسەڵات لەلایەن پارتیەوە لە ئیتلافی لیستە کوردستانیەکان، لەژێر فشاری پارتیدا بێبەشکردنی گۆڕان لە حکومەتە پوچەڵ و لەرزۆکە بەناو شەراکەتی نیشتمانیەکەی مالیکی، برینی بودجەی فراکسیۆنی گۆڕان لە هەرێمی کوردستان، نیەتی پارتی بۆ هێرشکردنە سەر مەکۆی سەرەکی گۆڕان و چەند پلان و کاری تری نەشیاو بەرامبەر گۆڕان لوتکەی ئەو کێوە بەرزەی دژایەتیکردنی گۆڕانە لە لایەن پارتیەوە.
ئەم زامانە سارێژ نەکراون، ئەوەی بەرچاوە پارتی و گۆڕان لە ماوەی دواییدا ئەو برینانەیان بەهێوری هێشتۆتەوە بەهیوای ئەوەی هێوریەکە کاریگەری لە سارێژکردنیاندا هەبێت. بەشداری رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لە پرسەی خوالێخۆشبو حەمایل خان و سەردانی بەڕێزان مسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی بۆ مەکۆی گۆڕان و کۆبونەوەیان لەگەڵ بەڕێز نەوشیروان مستەفا و سەردانی رێکخەری گشتی گۆڕان بۆلای بەڕێز سەرۆکی هەرێم زەمینە سازیەکی باشیان بۆ پرۆسەی ئاساییکردنەوە خۆش کردوە. ئەم گۆڕانکاریانە بەدەر لە لایەنە فەرمی و سیرۆمۆنیەکانیدا هێشتا پێویستیان بەکاری زۆرتر هەیە، لە سەرویانەوە دەسەڵاتدارانی پارتی دەرک بەو راستیە بکەن کە گۆڕان بزوتنەوەیەکی جەماوەری خۆرسکە و درێژکراوەی هیچ مێژوییەکی تاڵ و ململانێ نیە لەگەڵ پارتیدا و گۆڕان کار و سیاسەت بەوپەڕی سەربەخۆییەوە دەکات و ناکۆکیەکانی لەگەڵ پارتیدا وەک بەشێکی سەرەکی لە دەسەڵاتدا رەنگ دەداتەوە و وەک حیزبیش هەمو لایەک مافیەتی لە کەش و هەوای هێمن و دیموکراسیەنەدا ململانێی حیزبی بکات.
هەنوکە سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت بەدەست سەرۆک و جێگری سەرۆکی پارتیەوەن، ئۆپۆزسیۆن بە گۆڕانیشەوە دەنگیان بە کابینەی حەوت نەداوە و دژیشی دەنگیان نەداوە و چاوەڕوانن، بۆ ئاساییکردنەوەیەکی جێگیر، بێجگە لە جێبەجێ کردنی پاکەجەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ چاکسازی دەبێت خاڵە نەتەوەییەکان لە کارنەمەی ئایندهدا رادەستی گەل و هێز و رێکخراوەکانی بکرێت و پاکەجێکی نەتەوەیی لێ ساز بکرێت و بەیەکەوە کاری بۆ بکەن.
یەکێتی و گۆڕان
ئەگەرچی بەشێکی بەرچاوی هەڵسوڕاوە باڵاکانی گۆڕان لە سەرکردایەتی یەکێتیدا کاریان کردوە و ئاشنا و دۆست و هاوخەباتی زۆربەی سەرکردەکانی ئێستای یەکێتی بون، بەڵام ئەم راستیە کاریگەری دو لایەنەی، ئەرێن و نەرێن، لەسەر پرۆسەی هێورکردنەوە و ئاساییکردنەوە لە نێوانیاندا دەبێت. بەواتایەکی تر ئەو بەشە لە مێژوی هاوبەش کاریگەری پارادۆکسانەی لەسەر پرۆسەکە دەبێت، چونکە ئەو مێژوە بە هەمو باشی و خراپیەکانەوە نەدەسڕێتەوە و نە گەنجینەیەکی تۆکمە و بێ کێشەشە بۆ ئایندەی پەیوەندی ئاسایی و جێگیر، لەلایەکی ترەوە لەو گەنجینە هاوبەشەدا چەمکەکانی وەفایی و بەرزنرخاندن و رێزگرتن هێشتا کەم یا زۆر بەکارن. هەر دو لا خۆشیان بوێت یا تاڵ دەبێت زۆر ورد و واقیعیانە لەگەڵ ئەو راستیەدا مامەڵە بکەن.
لەگەڵ دروستبونی گۆڕان و بەدەستهێنانی 25 کورسی لە پەرلەمان دەسەڵاتدارانی یەکێتی توشی هیستیریایەکی سیاسی و رێکخراوەیی بون کە رەنگدانەوەی تەواوی قەبارەی شکستەکەیان بو. یەکێتی گۆڕانی بەبەشێکی مونشەقی بێ ئەمەک لە جەستەی خۆی هەڵدەسەنگاند، بەپێچەوانەی ناوچەی دەسەڵاتی پارتیەوە زۆربەی جەماوەری هەردولا لە پانتاییەکی جوگرافی دیاریکراودا و بەتەنیشت یەکەوە گوزەرانیان دەکرد. حەساسیەت و ناکۆکیەکانی مێژوی هاوبەش و هەستکردن بە "تەسفیەکردنی" بەشێک لە حساباتی ئەو مێژوە وچەند فاکتەرێکی تریش کاریگەری نەرێنی بێئەندازەیان لەسەر شێوازی مامەڵەکردنی یەکتری هەبو. مامەڵەکردنێک زۆر بەخراپی بۆ هەر دو لا شکایەوە.
یەکێتی لە پێگەی دەسەڵاتەوە و بەو رەتدانەوە توندەی بەرامبەر گۆڕان بەرپای کرد کەوتە نانبڕین، دەرکردن، سزادانی سیاسی، گواستنەوەی زۆرە ملێی و تۆقاندن و پەلاماردان و گرتنی گۆڕانکاران. لە روداوەکانی 17 شوبات و دواتر بەشێک لە سەرکردایەتی یەکێتی بەو کارانە نەوەستان و نیەتی رەشیان بەمەبەستی لەناوبردنی گۆڕان و بەرپرسە باڵاکانی خستە خزمەتی هەڵمەتی ئێسک شکاندنی گۆڕان. ئەوان شەڕێکی سەرانسەریان بەرامبەر گۆڕان راگەیاند و هیچی وایان نەهێشتەوە بۆنی خێری لێبێت. گۆڕان زۆر سەرسامانە دەیڕوانیە ئەم دژایەتیکردنە خەستە، بەتایبەت کە کابینەی شەشەمی حکومەتی هەرێمیان بەدەستەوه بو، ئەوان پشکی شێریان لە ئەزیەتدانی گۆڕان بەرکەوت. لێرەدا پاکانە بۆ هەڵەکانی گۆڕان ناکەم وبەتایبەت کە لە سەرەتای دروستبونیدا زۆری تیری کەوانەکانی ئاراستەی یەکێتی دەکرد. گۆڕان لە بەرامبەردا خۆی راگرت و سەرکەوتوانە بەرەنگاری سیڤیلانەی کرد.
دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەکێتی متمانە و پشتئەستوری بە رێکەوتنی ستراتیژی لەگەڵ پارتیدا لەرزۆکتر و گوماناویتر بو. پارتی ژیرانە پشکی شێری ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی بۆ خۆی دابین کرد و ئیتر چاوەروان دەکرا هاوتەریبانە لەگەڵ ئەو ئاکامەدا پارتی داوای پشکی شێر لە هەمو شتێکدا بکات. لێرە بەدواوە دەسەڵاتدارانی یەکێتی و بەتایبەت بەرێز مام جهلال وچەند ئەندامێکی سەرکردایەتی بەجدی بیریان لە شێوازێک لە راستکردنەوەی ئەو لاسەنگیە دەکرد. پهیوەندی راستەوخۆ وناراستەوخۆ لەگەڵ گۆڕاندا بوە خاڵێکی گرنگی کارنامەی یەکێتی و گۆڕانیش هێمنانە و بەحەزەرەوە مامەڵەی لەگەڵ ئەو نزیکبونەوە دەکرد.
لە ماوەی چەند مانگی رابوردودا چەند دەستپێشخەریەک لەلایەن بەڕێز تاڵەبانیەوە بە ئاراستەی گۆڕان کراوە و بەشێکی زۆریان لە راگەیاندنەکاندا باس کراون. گۆڕانیش لە بەرامبەردا جەختی کردۆتەوە کە خوازیاری پهیوەندی ئاسایی و هێمنانەیە لەگەڵ هەمو لایەنەکاندا و رێگەش نادات پەیوەندیە دو لایەنیەکانی لەسەر حسابی لایەنێکی تر بێت. ئەم پەیامە زادەی فکری گۆڕانە کە بۆتە هێزێکی سەرەکی بزافی نەتەوەیی و پرۆسەی سیاسی و بێگومانیش خزمەتێکی گەورەی مەسەلە نەتەوەییەکەمان دەکات. ئەمە یەکێکە لەو پرەنسیپانەی کە سەرجەم لایەنەکانی تر دەبێت هەڵسەنگاندنی واقیعیانە و دروستی بۆ بکەن و لەو روانگهیەوە ئاساییکردنەوەکە ببینن.
یەکێک لەو فاکتەرە گرنگانەی کاریگەریەکی زۆری لەسەر پهیوەندی نێوان گۆڕان و یەکێتی هەیە لە مێژوی هاوبەشی کادر و بەرپرسە باڵاکانیانەوە هەڵقوڵاوە. کەسانێک بەئەمەک ماونەتەوە بۆ خاک و نەتەوە و بەردەوام فشاری زۆریان کردۆتە سەر هەر دولا و کەوتونەتە بەینەوە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە. ناکرێت رۆڵی ئەم کەسایەتی و گروپانە لە پرۆسەی ئاساییکردنەوەدا پشتگوێ بخرێت و زۆر شیاوە رۆڵ و بەرپرسیاریەتیان هەبێت لە میکانیزمەکانی پرۆسەکەدا.
راستیەکی حاشا هەڵنەگرە کە زۆربەی جەماوەری گۆڕان و یەکێتی لە پانتایی جوگرافی پارێزگای سلێمانی و گەرمیان وبەشێک لە ناوچە دابڕێنراوەکاندا کۆبونەتەوە، زۆربەی بەرپرسیاریەتی ئاسایش و پۆلیس و هەواڵگری و ئیداری لەم ناوچانە بەدەست یەکێتیەوەیە، بۆیە بایەخدان بەم راستیانە بەئاراستەی رێگرتن لە دوبارەبونەوەی گوناهەکانی پێشو بەهەقی هەوادارانی گۆڕان، وەک سزادان و نانبڕین و تۆقاندن و گرتن ...تاد، کۆڵەکەیەکی بەهێزی تری پرۆسەی ئاساییکردنەوە دەبێت.
بەرەچاوکردنی مێژوی هاوبەش و لێتێگەیشتنی فیکری و گوزەرانی هاوبەش لەو ناوچانەدا دەشێت نزیکبونەوەیەکی جەماوەری نێوان هەوادارانی هەر دولا کاریگەریەکی زۆری بۆ ئاساییکردنەوە هەبێت.
دەبێت پرۆسەی ئاساییکردنەوە لە خوارەوە بۆ سەرەوە و بەپێچەوانەوەش تەواوکەری یەکتر بن.
یەکبینین و دانیشتن و کۆبونەوەی لوتکەی نێوان گۆڕان و یەکێتی پێویستە کاتێک ئەو روداوە بتوانێت خاڵهکان لەسەر وشەکان دابنێت و ئاکامەکەی کارنامەیەکی هاوبەشی تۆکمە بێت کە قابیلی جێبەجێ کردن و بەدواداچون بێت.
نابێت برادەرانی یەکێتی لەم حەزەرەی گۆڕان دڵتەنگ بن، چونکە گۆڕان بەدەست هەندێک لە بەرپرسانی یەکێتیەوە زۆر ئەزیەت دراوە و توشی گرفت و ئاڵۆزی قورس کراوە. ئەو مێژوە ناسڕێتەوە، بەڵام ئەمە کۆتایی دنیا نیە و دەبێت بە تێڕامانێکی دروستکەر سەیری ئایندە بکەین و کاری بۆ بکەین، ئایندەیەک چاوەڕوانی هەمومانە بێ جیاوازی حیزبی و فیکری، بۆیە دەبێت ئاساییکردنەوەی بەرنامە داڕێژکراو لە خزمەتی ئایندەی هاوبەشماندا بێت.
|
|
|