تاریكی ئه‌شكه‌وت و سوننه‌تی په‌رستگه
|
چیا عه‌باس
ماوه‌یه‌كه نووسینی توند ورهددهدانهوهی توندتر له رۆژنامه وههفتهنامه و سایته كوردیه‌كان به‌رچاو ده‌كه‌ون. مافی هه‌ر حزب و رێكخراو و گروپ و كه‌سێكه ئازادانه رای خۆی له‌مه‌ر بابه‌تێك یا نووسینێك ده‌ربرێت، به‌تایبه‌تی كه نووسینه‌كه یه‌خه‌ی ئه‌وی گرتبێته‌وه. به‌ڵام ئه‌و مافه رێگای پێنادات وه‌ك مه‌لای مزگه‌وت و قه‌شه‌ی كهلیسه و پشت ئه‌ستوور به كتابی یه‌زدان و سوننه‌تی پێغه‌مبه‌ران ده‌روازه‌ی "په‌رستگه" به‌رووی خه‌ڵكدا دابخات و راستیه‌كان لهروانگای كتاب و و سوننه‌ته‌وه مۆنۆپۆل بكات و وه‌عز و ئامۆژگاری سوا وكرچ و كاڵ په‌خش بكات. دنیا زۆر گه‌وره‌تر و ره‌نگینتر و چڕوپڕتره له "په‌رستگه" و دركردن به‌م راستیه و بینینی دڵنه‌وایی و هێمنی زیاتر به مێشك و ده‌روون ده‌به‌خشێت و به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه تولهرێگایهكی به‌یه‌كتر گه‌یشتنمان بۆ ده‌نه‌خشێنێت. ئه‌مجۆره له دیالۆگه‌ی هه‌نووكه و به تایبه‌تی له‌لایه‌ن كه‌سانێك پایه‌كی دیاریكراویان له ژیانی رۆژنامه‌گه‌ری كوردیدا به‌ده‌ست هێناوه له توره‌بوون و هه‌ڵچونێكی شانۆگهرانیه و دارێژراو ده‌چێت.
له كۆمه‌ڵگا كرا‌و و دیموكراتیه‌كاندا نووسینی به‌سه‌نگ و ره‌سه‌ن هیڵی سوور ته‌نها بۆ به‌رژه‌وه‌ندی وڵاته‌كه‌ی ده‌ناسێت. جارهه‌یه بابه‌تێك یا هه‌واڵێك له به‌ناوبانگترین رۆژنامه‌دا به‌زمانی رێز و رۆژنامه‌وانی ده‌نوسرێت و له هه‌مان ساتیشدا رۆژنامه‌یه‌ك یا گوڤارێكی تر به‌زمانی و روژاندن و زبر هه‌مان بابه‌ت بڵاوده‌كاته‌وه، هه‌ر دوو ستایڵ خۆێنه‌ری خۆی هه‌یه و كه‌سیش خۆی ئه‌وه‌نده سه‌غڵه‌ت ناكات بێت له‌سه‌ر دارشتن و رتوشی ئه‌و بابه‌ته بنوسێت، گرنگ ناوه‌رۆكی بابه‌ته‌كه یا هه‌واڵه‌كه‌یه.
له‌م بێنهوبیبهی وڵاتی خۆمان په‌ناده‌برێته به‌ر "فه‌زڵی- چاكه‌ی" شۆرشگیر و شۆرش. راسته شۆرش چاكه‌ی زۆری به‌سه‌رمانه‌وه هه‌یه وده‌سكه‌وتی گه‌وره‌ی بۆ به‌ده‌ست هێناوین، به‌ڵام نه‌ك به ئاڕاسته‌ی چه‌واشه‌كردن و منه‌تكردن و ده‌م داخستنی خه‌ڵكی وهزهوتكردنی ئازادی. ئه‌م پیرۆزكردنه كوێرانه له ده‌روێشی و له‌كاری مه‌لا و قه‌شه‌ی په‌رستگه ده‌چێت نه‌ك ئه‌ركی رۆژنامه‌نووسێكی ره‌سه‌ن.
كاتێك نووسه‌رێك یا رۆژنامه‌نووسێك له‌و ئاسته‌دا خولانهوهدهكات مانای ئه‌وه‌یه كه پێنوسێكی ئازادی به‌ده‌سته‌وه نیه و هوشیاری و بیركردنه‌وه‌شی وه‌ك رۆبۆتێكی پرۆگرامكراو كارده‌كه‌ن دوور له به‌هاكانی ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی بیركردنه‌وه. لێره‌دا ته‌نها جیاوازی ئه‌و له‌گه‌ڵ په‌لامارده‌ری به‌رامبه‌ریدا ئه‌وه‌یه دووه‌م له بێده‌سه‌ڵاتی و ناره‌زایی و ته‌نانه‌ت رقیشهوه هه‌ڵوێسته ده‌كات و ئه‌میش له بندیواری "ره‌وایی شۆرشگیرانه" و "هه‌یبه‌ت و جه‌زره‌به‌ی ده‌سه‌ڵات" و" پارێزه‌ری میلله‌ت" دا خۆی گڤدهكاتهوه.
زۆرن ئه‌وانه‌ی له‌سایه و په‌راوێزی " فه‌زڵی شۆرشگیرانه" و " پراگماتیكی سیاسی" و" كۆرپه‌یی حوكمرانی له كوردستان" و " بیرۆكه‌ی پلانی دژ" دا گوزه‌ری دێوانه ئاسایی و بێسه‌روشوێن له جه‌نگه‌ڵی رۆشنبیری و رۆژنامه‌گه‌ری كوردیدا ده‌كه‌ن. زۆریشن ئه‌وانه‌ی له ئه‌شكه‌وتی تاریكدا خۆیان حه‌شارداوه و له‌وێوه خه‌ونه بێ ره‌نگه‌كانیان به روناكی چراخانێكی ئهندێشهدار رازاندۆته‌وه.
پرسیار ئه‌وه‌نیه كێ له‌سه‌ر هه‌قه؟ به‌ڵكو له‌و شه‌ڕ و مهرافهیهدا چه‌ند باسی هه‌قیانه‌ت ده‌كرێت؟
كاره‌ساته كاتێك بۆچون ورهخنهیهك و ناره‌زاییه‌ك دڵسۆزانه له هه‌ناوی ده‌روونه‌وه ده‌خرێته به‌رچاو وپشت ئه‌ستوور به چه‌ند رسته‌یه‌كی سوره‌تێك له "قورئانه‌كانی سه‌رده‌م" و شه‌هاده‌ی " ئهسحابهیهكی پایه‌دار" به ماڵوێرانكه‌ر وپلانی ناحه‌زان له‌قه‌ڵه‌م بدرێت. لێدوانی شارستانیانه به‌م شێوه‌یه به‌رێوه ناچێت و سیاسه‌تیش بێت به‌م هه‌راج كردنه هه‌ر بنبه‌ست ده‌بێت.
ئه‌ركی رۆژنامه‌گه‌ری سه‌ربه‌خۆ ئه‌وه‌یه كه بۆقی هیچ ده‌سه‌ڵاتێك نه‌بێت، سنوری سوری نه‌بێت وتا بتوانێت راستیه‌كان وه‌ك خۆی باس بكات، هه‌رچه‌نده به‌شێك زۆر ئازارده‌ر ده‌بن و كه‌سانێك و چه‌ند گروپێك دڵگران ده‌كه‌ن.
پرسیارێك لێره‌دا ئه‌وه‌یه ئایا ئه‌زموونی بزافی كوردایه‌تی له باشووری كوردستان كه حیزب و سه‌ركرده ورابهر رابه‌رایه‌تی شۆرش و به‌رگریان كردوه ولای میلله‌ت خۆشه‌ویست و رێزدار بوون توانیویه‌تی له‌و چوارچێوه داخراو وئاڵۆزهی مێژوویدا رۆژنامه‌گه‌ری ئازاد و بیری ئازاد و جیاواز له حیزب و ده‌سه‌ڵات به‌رهه‌م بهێنن. وه‌ڵام دانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره به هات و هاواری شۆرشگیرانه نادرێته‌وه و نهبهپشت ئه‌ستووری به "فه‌زڵی شۆرش" و"قوربانی شۆرشگیرانه" و"دیاری شۆرشگیران" و بێگومانیش نه‌به "ماچی یوداس". (یوداس هاورێیه‌كی نزیكی حه‌زره‌تی مه‌سیح بوو، له‌وكاته‌ی ماچی مه‌سیحی كردبوو خیانه‌تی لێكردبوو).
هه‌ندێك له نووسه‌ره هه‌رزه‌كاره‌كان كهتێكهڵ به ئاگری ئه‌م ململانێیه بوون له‌یه‌كه‌م رسته و وشهیانهوه بۆنی بۆنكروزیان لێوه‌دێت. به‌راست و چه‌پدا حوكم ده‌ده‌ن و بڕیار و ئامۆژگاری ده‌به‌خشنه‌وه و ئه‌وه‌نده فوویان تێكراوه به‌بێ رێزه‌وه ئه‌م ململانێیه به‌رێوه‌ده‌به‌ن، كاتێك جورئه‌تی ئه‌وه ده‌كه‌ن به زاخاوی بیر‌ورا ژهنگگرتوهكانیان كه‌ڵه پیاوه‌كانی ئه‌م میلله‌ته له تۆری گوماندا بگیرسێننهوه.
ته‌نها رسته‌یه‌ك یا نووسینێك مه‌دالیای كوردایه‌تی و دڵسۆزی به‌وانه نابه‌خشێت كه سێبه‌ری به‌ر ووناكیشان به‌دی نه‌كراوه. نه‌وه‌ی تازه ووروژاندنی خوێنی نوێ له هه‌موو بواره‌كاندا كارێكی پێویست و به‌جێیه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی رێز له رابووردووی میلله‌ته‌كه‌ی و گه‌وره پیاوه‌كانی نه‌گرێت شایانی ئه‌وه نیه ئاورێكیشی لێبده‌یته‌وه.
كۆمه‌ڵێك رۆژنامه‌گه‌ری بیانیی چاوپێكه‌وتنێكیان له‌گه‌ڵ خوالێخۆشبوو مۆشی دایان، وه‌زیری به‌رگری ئیسرائیل، سازكردبوو و له‌كاتی پرسیار و وه‌ڵامه‌كاندا دایان ئاماژه‌ی به‌وه كردبوو كه عه‌ره‌ب له جوو ناباته‌وه. رۆژنامهگهرهكانیش زۆریان لێكردبوو هۆكاره‌كه‌ی روونبكاته‌وه و ئایا له‌به‌ر ئه‌وه‌یه ئیسرائیل چه‌كی ئه‌تۆمی هه‌یه یا ئه‌مریكا دۆستێكی زۆر نزیكیه‌تی، له وه‌ڵامدا دایان پێی ووتبون: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی عه‌ره‌ب ناخوێنێته‌وه.
پێویسته خوێندنه‌وه‌مان بۆ یه‌كتر له چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وایه‌تیمان ده‌رنه‌چێت، و خوێندنه‌وه‌شمان بۆ ده‌وربه‌رمان بۆ به‌گه‌رخستنی ئه‌و وشه و رستانه بێت، هه‌رچه‌نده ره‌ق وشكن بۆمان، بۆئه‌وه‌ی كه‌مترین زه‌ره‌ر بكه‌ین و گه‌وره‌ترین ده‌سكه‌وت به ده‌ست بهێنین. له‌م سه‌رده‌مه‌دا ئه‌وه دۆراوه كه داخراوه و گوێ ناگرێت. هه‌رچۆن مه‌لا و قه‌شه به دڵسۆزی و پاكیوه باوه‌ریان به خواكانیان هه‌یه به‌ڵام تابێت بازنه‌كانی ده‌وروپشتیان به‌ره‌و تهسكیوونهوه ده‌چێت. نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وان راست نین و راستی نابینین، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مۆنۆپۆلی ئه‌و راستیانه ده‌كه‌ن.
|
|