چۆن سه‌رۆکێکمان پێویسته؟
|
چیا عه‌باس
له چه‌ند ئه‌زمونێکی گه‌لانی دنیادا ده‌رده‌که‌وێت له ئاکامی شه‌ڕ و ماڵوێرانیدا هێزه‌کان گه‌یشتونه‌ته قه‌ناعه‌تێک به‌رێگه‌ی دیالۆگ و دانوستانه‌وه سازش بۆ یه‌کتر بکه‌ن و کۆتایی به‌شه‌ڕ و سه‌رگه‌ردانی بهێنن و بۆ ئایندهی میلله‌ته‌کانیان یه‌کتر قبوڵ بکه‌ن و به‌یه‌که‌وه بژین.ئه‌م گۆڕانکاریانه بونه‌ته به‌شێکی به‌رچاو له بنه‌ما به‌هێزه‌کانی سه‌رهه‌ڵدان و چه‌سپاندنی دیموکراسیه‌ت له ژیانی ئه‌و میلله‌تانه‌دا.
کورد له باشور له رابوردودا ده‌رده‌سه‌ری و مه‌ینه‌تی زۆری بینیوه، له ئێستادا کێشه و ئاڵۆزی خه‌ست یه‌خه‌یان گرتوه و بۆ ئاینده‌ش تموحاتی گه‌وره‌ی هه‌یه.
شه‌ڕی ناوخۆ براوه و دۆڕاوی نه‌بو، به‌زه‌بری ئه‌مەریکا شه‌ڕ راگیرا، پێش روخاندنی سه‌دام له ساڵی 2002 سه‌رکرده‌ی دو هێزی ده‌سه‌ڵاتدار له فرانکفۆرت به ئاماده‌بونی ئه‌مەریکا دانیشتن و له‌سه‌ر قۆناغی دوای سه‌دام رێککه‌وتن.له روخاندنی سه‌دامه‌وه پرۆسه‌ی دیموکراتیزه‌کردن له‌سه‌ر پشتی کیسه‌ڵ به‌ڕێوه‌ده‌چیت، ساڵانێکی زۆر (1998-2014) نمونه‌یه‌کی حوکمڕانی دو ئیداره‌یی و " به‌یه‌که‌وه و جیا" به‌کاربوه.
ده‌بوا دوای قۆناغی سه‌دام بناغه‌ی به‌هێزی دیموکراتیزه‌کردن دارێژرایه، مه‌خابن له پراکتیکدا به‌زه‌بری به‌رژه‌وه‌ندیه حیزبی و تایبه‌ته‌کان سه‌رکه‌وتنی به‌رچاو له چه‌سپاندنی سیسته‌مێکی دیموکراسی نه‌هاته‌دی، چونکه: کۆمه‌ڵگا دابه‌شبوه، ده‌سه‌ڵاته‌کان ئۆتۆریتێرن، ژێرخانی ئابوری لاواز و ناجێگیره، به‌غداد و وڵاتانی دراوسێ رێگری به‌هێزن، جه‌مسه‌رگه‌ری دۆخی سیاسی هه‌رێمی هه‌وێن کردوه، رێکه‌وتنی ستراتیژی رۆحی پرۆسه‌ی دیموکراسی ئه‌تک کردبو و چه‌ند فاکته‌رێکی تریش.یه‌که‌م تاقیکردنه‌وه‌ی دیموکراسی له دروستبونی گۆڕان و روداوه‌کانی 17 شوبات و دواتردا سه‌لماندی که ئه‌قڵیه‌تی سیاسی ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد ئه‌هلی ره‌سه‌نی دیموکراسی نه‌بون و نین.
دابه‌شبونی کورد به‌سه‌ر دو به‌ره‌ی جوگرافیای سیاسی وده‌سه‌ڵاتدا دابه‌شبونێکی فکری و قه‌ناعه‌ت نه‌بو، (وه‌ک له نمونه‌کانی کۆماری و دیموکراتیه‌کانی ئه‌مریکا و دیگۆلیست و سۆسیالیسته‌کانی فه‌ره‌نسا و موحافیزکار و سۆشیال دیموکراته‌کانی به‌ریتانیا)، به‌ڵکو زیاتر زاده‌ی ئیرسی مێژو و خوێنرشتن و رکابه‌ری سه‌رکرده‌کان و ده‌مارگیری کوردی و به‌رژه‌وه‌ندیه تایبه‌ته‌کان بو، رێکه‌وتنی ستراتیژی ئه‌م راستیانه‌ی سه‌لماندوه.
زۆربه‌ی هێزه کوردیه‌کان له ره‌حمی خه‌باتی چه‌کداریدا چاویان کردۆته‌وه و گه‌وره بون، هیچ بوارێکیان بۆ چاره‌ی سیاسی و دیموکراسی له گه‌ڵ به‌غداد نه‌بوه، به‌درێژایی مێژو بانگه‌شه‌یان بۆ دیموکراسی وه‌ک ئه‌نتی دۆت (دژ) بۆ شهر و ململانێکان کردوه، کاتێک قۆناغی شه‌ریان تێپه‌راند نه‌یانتوانی له قهواغه کۆنه‌که‌یان ده‌رباز بن و ئه‌وه‌ی توانیان جورعه‌یه‌کی خه‌فیفی ئه‌و ئه‌نتی دۆتهیان بهرهچهتهی ده‌ره‌وه وه‌رگرت، ئه‌وه‌ی لێکه‌وته‌وه که له به‌ر ده‌ستدایه، ده‌سه‌ڵاتێکی ئۆتۆریتێری داخراوی خۆپه‌رست.
شێکردنه‌وه‌ی چه‌ند پسپۆر و شاره‌زا له سه‌ره‌تای به‌هاری ئه‌مساڵدا بۆ کتێبی دو نوسه‌ر، David Romano و Mehmet Gurses به‌ناوی: ململانێ، دیموکراتیزه‌کردن و کورد له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌راست، له ئۆگۆستی 2014 بڵاوکراوه‌ته‌وه، باس له دۆخی ئێستای باشوری کوردستان ده‌کات و ده‌ڵێت: هێرشه‌کانی داعش بۆ سه‌ر شاره‌کانی کورد جارێکی تر بایه‌خی نێوده‌وڵه‌تی بۆ کورد وروژاند و پرۆسه‌ی ململانێ و دیمکراتیزهکردن و کورده‌کانی بوژاندۆتهوه.دو نوسه‌ره‌که جه‌خت ده‌که‌نه‌وه له‌وه‌ی که پرۆسه‌ی دیموکراتیزه‌کردن جێگیر نابێت ئه‌گه‌ر داواکانی کورد له ناوچه‌که پشتگوێ بخرێن.چاودێره‌کان جه‌ختیان له رۆڵی ئه‌رێنی هاوڵاتیان له پرۆسه‌ی دیموکراتیزه‌کردن کردوه، وه‌ک له پرۆتێسته‌کانی هه‌ڵه‌بجه و دواتر 17 شوباتدا ده‌رکه‌وتون.
حکومه‌تی "سه‌ودا و مامه‌ڵه" CLIENTALISM
له به‌شێکی لێکۆڵینه‌وه‌که‌دا هاتوه: حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان کلتوری ده‌وڵه‌تی حیزبی هه‌یه و پره‌نسیپی "سه‌ودا و مامه‌ڵه" له گه‌ڵ هاوڵاتیان پێره‌و ده‌کات، به‌واتایه‌کی تر خزمه‌تگوزاری و ده‌سکه‌وت به‌رامبه‌ر وه‌لای سیاسی پێشکه‌ش ده‌کات، ئه‌مانه‌ش له‌مپه‌ری سه‌رسه‌ختن له به‌رده‌م پرۆسه‌ی دیموکراتیزه‌کردن.
حکومه‌تی ئێستا به‌ناو بنکه‌فراوانه، له واقیعدا زۆربه‌ی کاره‌کانی حکومه‌ت له‌لایه‌ن چه‌ند که‌سێک، ژماره‌یان له ژماره‌ی په‌نجه‌کانی یه‌ک ده‌ست تێناپه‌رێت، به‌ڕێوه‌ده‌برێن، چه‌ند ئه‌نجومه‌نێکی قۆرخکراو له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ههڵتۆقێنراون و ئه‌رکه‌کانی وه‌زاره‌ته‌کان ناراسته‌وخۆ به‌رێوه‌ده‌به‌ن.پرسی نه‌وت بۆته هیوایه‌تێكی شه‌خسی و به‌مه‌زاجی تایبه‌ت به‌رێده‌کرێت.ده‌یان هه‌زار سه‌ر و ژێر و لا دیواری حیزبی و مسکێن و سه‌پان موڵکی گشتیان هه‌راسان کردوه، گه‌نده‌ڵی سه‌رتاپای جومگه‌کان و پرۆژه‌کانی گرتۆته‌وه.له به‌رامبه‌ر قه‌یرانه سه‌خته‌کاندا، وه‌ک شه‌ری داعش و بودجه و موچه و په‌رته‌وازه‌یی نێوماڵی کورد و ده‌ستتێوه‌ردانی ئیقلیمی له ئارامی و ئاسایش و دۆخی سه‌ربازی هه‌رێم، حکومه‌ته‌که‌مان ده‌سته‌وه‌سان وه‌ستاوه و واقیشی ورماوه، پینه و په‌رۆ ده‌کات نه‌ک چاره‌کردن.ئه‌وه‌ی مایه‌ی دڵخۆشیه دۆخی ئاسایشی هه‌رێم به‌باشی پارێزراوه، پێشمه‌رگه نه‌به‌ردانه به‌رگری ده‌کات و خاک ده‌پارێزێت.
له‌لاکه‌ی تریشه‌وه پارله‌مانی کوردستان، ئێستاشی له گه‌ڵدا بێت، نه‌گه‌یشتۆته ئاستێک بتوانێت رۆڵی خۆی ببینێت، زۆربه‌ی کات فراکسیۆنه‌کان به‌زه‌بری وه‌لای حیزبی بیرده‌که‌نه‌وه و ده‌نگ ده‌ده‌ن و پرۆژه یاسا ساز ده‌که‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌و چاودێریه که‌مه‌ی حکومه‌ت ده‌یکه‌ن زیاتر زاده‌ی خواست و نیه‌تی حیزبی و سیاسیه و بۆ ناشیرین‌کردنی یه‌کتریش به‌کاری ده‌هێنن.دۆخه‌که گه‌یشتۆته ئاستێک پارله‌مانتاره میلیتانته چهقاوهسوهکانی حیزب بۆکس و شه‌ق له رکابه‌ره‌کانیان له ناو هۆلێ پارله‌ماندا ده‌ده‌ن. مایه‌ی سه‌رسوڕمانه زۆربه‌ی پارله‌مانتاران له نه‌وه‌ی نوێن، که‌چی زۆر فاناتیکتر و درندانه‌تر له دێرینه‌کانی حیزب قه‌ڵغانێکیان به‌ده‌وری حیزب و سه‌رکرده‌کانیان دروست کردوه، پێده‌چیت بۆ زۆربه‌یان پارله‌مان ویستگه‌یه‌کی په‌رینه‌وه بێت بۆ به‌رپرسیاریه‌تی گه‌وره له ناو حیزبه‌کانیاندا، دیارده‌یه‌ک ئومێد به ئاینده‌یه‌کی گه‌شی دیموکراسی نابه‌خشێت.
به‌ره‌ی به‌ناو ئۆپزسیۆنی پێش‌و، تایبه‌ت بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، نه وه‌ک هیزێکی ئۆپۆزسیۆن گهییبو و نه ئه‌ڵته‌رنه‌تیڤی جدی و تۆکمه‌ی هه‌بو بۆ ئه‌و نه‌مه‌ته له حوکمڕانیه که لێی یاخی بوبو. ئێستاش له پارله‌مان و حکومه‌تدا یاخیبونێکی پچرپچری په‌رته‌وازه و خۆگونجاندنێکی بێده‌نگی ژێربه‌ژێر پێره‌و ده‌کات، به‌رده‌وامبونی به‌م شێوازه زۆربه‌ی کاریگه‌ریه‌کانی کاڵتر ده‌کاته‌وه.
ئه‌مه جۆری حکومه‌ت و پارله‌مانه که له به‌رده‌ستدان و به‌ناو دو کۆڵه‌که‌ی سه‌ره‌کی ده‌سه‌ڵاتن، ده‌مێنێته‌وه سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم وه‌ک کۆڵه‌که‌ی سێیه‌می ده‌سه‌ڵات.
مەسعود بارزانی و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم
ئێستا هه‌راکه له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆکی هه‌رێم ده‌ستی پێکردوه، لایه‌ن و چاو‌دێر و پارله‌مانتار و نوسه‌ر چه‌ندین سیناریۆی جیاجیای نهسجی خه‌یاڵ و حه‌زه‌کانیان بۆ ئه‌و بابه‌ته ده‌خه‌نه‌ڕو. نهسجێک زاده‌ی سه‌رلێشوان و ترس له ئاینده‌یه‌کی نادیار و غیابی ئه‌ڵته‌رنه‌تیڤی جدیه، له‌نێو ئه‌م گێژاوه‌دا هێشتا سه‌ره‌داوێکی دیار و رونمان نه‌دۆزیوه‌ته‌وه، هه‌ر لایه‌نێک چاوه‌ڕوانه لایه‌نێکی تر شتێک بدرکێنێت.
وێڕای ئه‌وه‌ی هه‌مو ده‌زانن په‌راوێزکردنی مەسعود بارزانی کارێکی ئه‌سته‌مه، به‌ڵام بۆ مه‌به‌ستی پۆپۆلیزم و دڵنه‌وایی جه‌ماوه‌ره‌که‌یان له ئاوازێکی تر ده‌خوێنن.
له‌م ناوچه‌یه‌ی ئێمه هیچ پارله‌مانێک نه‌یتوانیوه سه‌رکرده دروست بکات (نمونه‌ی ئه‌ردۆگان له پله‌ی یه‌که‌مدا زیاتر زاده‌ی حیزبه‌که‌ی بوه وه‌ک له‌وه‌ی پارله‌مان رۆڵێکی کاریگه‌ری له دروستکردنیدا هه‌بوبێت، نمونه‌ی لوبنانی پێش‌و له‌سه‌ر بنه‌مای تایفی بوه و سه‌رکرده‌کان له پاکێجێکی گریسدا ئاماد کراوبون)، به‌ڵکو پارله‌مان بۆته ئه‌و ده‌زگا و مینبه‌ره‌ی سه‌رکرده‌ی به‌هێزتر کردوه و له خزمه‌تیدا بوه و ره‌وایه‌تی به‌کاره‌کانی به‌خشیوه.
پێگه‌ی به‌هێزی به‌ڕێز مەسعود بارزانی له‌وه‌وه هه‌ڵقوڵاوه که کوڕی سه‌رکرده‌یه‌کی گه‌وره‌ی کورده، هاوکاتیش له ته‌مه‌نی گه‌نجیه‌وه له گه‌ڵ باوکی و براو که‌سوکاری تێکه‌ڵاوی کاری سیاسی و پێشمه‌رگایه‌تی بوه.
مەسعود بارزانی پێشئه‌وه‌ی پارله‌مانی بینیبێت و ناسیبێت ئولفه‌تی له گه‌ڵ ریتمێکی سیاسی دیاریکراو و که‌شوهه‌وایه‌کی رێکخراوه‌یی و سه‌ربازی چه‌سپاودا گرتوه، به‌ڕێزی فێری ئه‌لفوبای سیاسه‌ت بوه له روداوه‌کانی زیاتر له 35 ساڵ له شاخ و مه‌نفا و شه‌ڕدا (تا ساڵی 1998)، له‌و مێژوه درێژه‌دا به هه‌مو هه‌ڵکشاندن و نشێوییه‌کاندا گوزه‌ری کردوه، که‌سێک له حیزبه‌که‌ی و له ده‌وروبه‌ری نه‌بوه لێی بپرسێته‌وه و له گوڵ که‌متری پێنه‌وتراوه. کاتێک له شه‌ڕی ناوخۆدا سه‌رسه‌خت بو حیزبه‌که‌ی چه‌پڵه‌ی بۆ لێده‌دا، کاتێک کاره‌ساتی 31 ئابی کرد حیزبه‌که‌ی چه‌پڵه‌ی بۆ لێده‌دا، کاتێک شه‌ڕی وه‌ستان حیزبه‌که‌ی چه‌پڵه‌ی بۆ لێده‌دا، کاتێک به‌توندی به‌رامبه‌ر گۆڕان وه‌ستایه‌وه حیزبه‌که‌ی زۆر توند چه‌پڵه‌ی بۆ لێده‌دا و کاتێک ئیدلالی گۆڕانی کرد هه‌ر هه‌مان چه‌پڵه ده‌بیسترا، کاتێک بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌وڵه‌تی کوردی کرد حیزبه‌که‌ی چه‌پڵه‌ی بۆ لێده‌دا، کاتێک هه‌ڕه‌شه‌ی له به‌غداد ده‌کرد حیزبه‌که‌ی چهپڵەی بۆ لێده‌دا، کاتێک ستراتیژیه‌تی نه‌وتی هه‌رێمی به تورکیاوه به‌سته‌وه هه‌وادارانی سه‌رچۆپی هه‌ڵپه‌رکێیان گرتبو و به‌توندی زه‌وی ژێر پێلاوه‌کانیان دهکوتیهوه و ...تاد، کاتێک له به‌شێک له‌مانه پاشه‌کشه‌ی کرد هه‌ر چه‌پڵه‌ی بۆ لێده‌درا. ئه‌م که‌له‌پوره ئیرسێکه له پله‌ی یه‌که‌مدا ملکه‌چی یاسا و رێساکانی خۆی ده‌بێت، ملکه‌چی ئه‌و زه‌مینه‌یه ده‌بێت که تێیدا چێنراوه و چرۆی کردوه و ره‌گ و رهیشهی داکوتیوه، له‌م کهلهپورهدا پارله‌مان و یاسا و ده‌ستور شانۆکه ده‌رازێننه‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌مه نه‌که‌ن گڵۆلهیان ده‌که‌وێته لێژی.
براده‌ران، ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌مو لێدوان و دانوستان و کۆبونه‌وه و گفتوگۆ و ته‌سریحات و شێکردنهوانه بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تیه بۆ پۆستی سه‌رۆکی هه‌رێم، ئه‌وا به‌داخه‌وه خه‌ریکی کارێکی زۆر ئه‌سته‌من، ئه‌گه‌ر بۆ رازاندنه‌وه‌ی شانۆی سیاسیه، ئه‌وا پربه‌پێستی کلتوری سیاسیتانه، چونکه ئه‌وه‌ی ده‌وترێت (هه‌موارکردنه‌وه‌ی ده‌ستور و یاسای سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم و سیسته‌می پارله‌مانی) به‌شێکه له "نه شیش بسوتێت و نه که‌باب". ده‌شێت پێش ئه‌م هه‌مو هه‌رایه له خۆمان بپرسین پێویستمان به چ جۆره سه‌رۆکێکه تا به قه‌د باڵای کاڵای بۆ بدروین، ئه‌و جۆره سه‌رۆکه‌ی هه‌ڵیده‌بژێرین ده‌بێت له‌نێو خۆماندا بێت، ناکرێت له ئاسمانه‌وه یا وڵاتێکی وه‌ک سویسرا یا فه‌ره‌نساوه هاورده‌ی بکه‌ین.
هێشتا کورد خاوه‌نی بنه‌ما ره‌سه‌نه‌کانی دیموکراسی و حوکمڕانی سه‌رده‌م نیه، ناشێت بانگه‌شه بۆ شتێک بکه‌ین که نیمانه (فاقد الشیء لا یعطیه).
|
|