تارمایی رێکه‌وتنی ستراتیژی
|
چیا عه‌باس
پاش زیاتر له ساڵێک گرژی و ئاڵۆزی و روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی سیاسی و راگه‌یاندن نێوان پارتی و یه‌کێتی، له گه‌ڵ روداوه‌کانی ماوه‌ی رابوردوشدا له باشور و رۆژئاوا کێرڤی په‌یوه‌ندیه‌کانیان زیاتر روی له داکشان کردوه، دو شاندی باڵای ئه‌و دو حیزبه له 12 ئۆکتۆبه‌ر و دواتر دانیشتن بۆ باسکردنی کێشه‌کانی نێوانیان و چاره کردنیان.
له‌م دۆخه‌ی ئێستای کوردستان ئه‌گه‌ر پارتی و یه‌کێتی بیانه‌وێت له چوارچێوه‌ی پرسه نه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا کێشه‌کانیان چاره بکه‌ن مایه‌ی دڵخۆشی و ئومێده.
دوای دانیشتنه‌کان هه‌ر دولا جه‌خت له زیندوکردنه‌وه و هه‌موارکردنه‌وه‌ی رێکه‌وتنی ستراتیژی نێوانیان ده‌که‌ن وه‌ک رێگه چاره، هاوکاتیش رایانگه‌یاندوه گۆڕانیش ناراسته‌وخۆ تێهه‌ڵکێشی پرۆسه‌که بکه‌ن.
ئه‌گه‌ر ئه‌و دو لایه‌نه بیانه‌وێت رێکه‌وتنه‌که به پێوه‌ره‌کانی رابوردو زیندوبکه‌نه‌وه، ده‌بێت هه‌ڵسه‌نگاندنێکی تایبه‌ت بۆ ئه‌م ته‌وه‌ره بکرێت و گۆڕان هه‌ڵوه‌سته‌یه‌کی جدی بکات. له مه‌قامی یه‌که‌مدا ناشێت بێده‌نگی بکرێت له‌وه‌ی به‌پاساوی دۆخی ئاڵۆزی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه رێکه‌وتنێک زیندو بکرێته‌وه که قۆرخکردنی ده‌سه‌ڵات و زه‌وتکردنی داهات و نائارامی کۆمه‌ڵایه‌تی و به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی دیموکراسی به‌رهه‌م هێنابێت، له‌ئێستادا ئاسه‌واره نه‌رێنه‌کانی رۆژ به رۆژ به‌رچاو ده‌که‌ون، له سه‌رویانه‌وه بونی هێزی چه‌کداری تایبه‌ت به‌و دو هێزه، ئه‌گه‌ر ئه‌مەریکا فریانهکهوتایه ئه‌و پهرتهوازیبونه ده‌بوه هۆکارێکی سه‌ره‌کی کاره‌ساتێکی گه‌وره‌تر له‌وه‌ی له شه‌نگاڵ و جه‌له‌ولا و چه‌ند شوێنێکی تر رویاندا.
ماهیه‌تی رێکه‌وتنه‌که
کێشه‌که له‌وه‌دا نیه رێکه‌وتنێک نێوان دو هێز هه‌بێت، ئه‌مه کارێکی سیاسی ئاساییه، به‌ڵکو له‌وه‌دایه ئه‌م دو هێزه کێشه‌ی گه‌وره و بنه‌ره‌تیان هه‌یه، مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی له رێکه‌وتنه‌که بۆ چاره‌ی ئه‌و کێشانه نه‌بوه، به‌ڵکو به‌مه‌به‌ستی سڕکردن و شاردنه‌وه و داپۆشینیان بوه، به‌دانانی چه‌ند پێوه‌ریك له‌سه‌ر حسابی چه‌ندین به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی بۆ ئیحتواکردنی نیه‌تی شهرهنگخوازی و بێ متمانه‌یی نێوانیان رێکه‌وتنه‌که کراوه، رێکه‌وتنه‌که وه‌ک نه‌عامه سه‌ری خۆی له لیتاو و قوڕ و ته‌پ و تۆز و خۆڵدا نوقم کردبو، ئه‌وه‌تا پاش حه‌وت ساڵ له ته‌مه‌نی رێکه‌وتنه‌که ده‌گه‌رێنه‌وه بۆ خاڵی سه‌ره‌تا.
وێڕای ئه‌وه‌ی له واقیعدا به‌شێکی که‌م له به‌رپرسه باڵاکانی ئه‌و دو هێزه ئاگادری ورده‌کاریه‌کانی رێکه‌وتنه‌که بون، وه‌ڵی ئه‌و رێکه‌وتنه له بنه‌ڕه‌تدا رێکه‌وتنی تایبه‌تی نێوان دو سه‌رکرده‌ی کورد بوه، که به‌درێژایی مێژو رکابه‌ر و ناحه‌زی یه‌کتربون و زۆر که‌متر په‌یوه‌ندی به حیزبه‌کانیان وبهرنامهکانیانهوه هه‌بوه، به‌ڵکو حیزبه‌کان له‌و رێکه‌وتنه‌دا له ئامرازێک زیاتر نه‌بون، بۆ ئه‌و رۆڵه ئه‌و دو سه‌رکرده‌یه پاداشتیان کردون.
ئه‌مه کرۆکه ره‌سه‌نه‌که‌ی رێکه‌وتنه‌که‌یه: "سه‌کی غهفرانی" دو سه‌رکرده که به‌رێژه‌ی جیاواز گوناهیان به‌رامبه‌ر یه‌کتر و به‌رامبه‌ر به میلله‌ت کردوه، بۆ ره‌وینه‌وه‌ی ترس و نائارامیان له دۆخێکی له‌باردا و له‌ژێر فشاری ده‌ره‌کیدا رێکه‌وتون وه‌ک دو شه‌ریک کاره‌کان به‌ڕیوه ببه‌ن. ئه‌م هاوکێشه‌یه سود و زه‌ره‌ری بۆ هه‌ر دولا هه‌بوه، دو ته‌وه‌ر که له میانی پرۆسه‌که‌دا بونه‌ته مایه‌ی کێشه‌ی زۆرتری نێوانیان، چونکه هه‌ر دولا له بنه‌ره‌تدا و بۆ مه‌به‌ستی جیاواز یه‌ک تێڕامانی هاوبه‌شیان بۆ رێکه‌وتنه‌که هه‌بوه، ئه‌ویش راگرتنی هاوسه‌نگی و برامان برایی و کیسه‌مان جیایی. ئێستاشی له گه‌ڵدا بێت که پارتی زۆر ده‌سه‌ڵاتدارتره، یه‌کێتیه‌کان خۆیان به مه‌غدور ده‌زانن و ناوبه‌ناو بۆ هاوکێشه‌ی سه‌ره‌تایی ده‌گه‌رێنه‌وه و داوای هاوسه‌نگیه‌کی وه‌ک ئه‌وه‌ی سه‌ره‌تا ده‌که‌نه‌وه( فیفتی به فیفتیه حه‌یاته‌که به‌شێوازێکی تر).
یه‌کێتیه‌کان نایانه‌وێت واقیعبینانه کار به‌و ئاراسته‌یه بکه‌ن، که پشکی قورساییان له رێکه‌وتنه‌که قورسایی که‌سایه‌تی به‌ڕێز مام جەلال بو و بۆ پارتیش قورسایی که‌سایه‌تی به‌ڕێز مسعود بارزانی بو، حیزب رۆڵێکی ئه‌وتۆی له ئیداره‌دان و جێبه‌جێکردنی رێکه‌وتنه‌که‌دا نه‌بوه، ته‌نانه‌ت چه‌ندین جاریش داوای شۆڕکردنه‌وه‌یان بۆ بنکه‌ی رێکخراوه‌ییان کردوه، کارێک هیچکات نه‌هاتۆته‌دی.
بۆیه له ساتی غیابی سیاسی مام جەلاله‌وه کۆله‌که‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی رێکه‌وتنه‌که‌ش غائیبه و لایه‌نی دوه‌م لێی سودمه‌ند بوه.
له سایه‌ی ئه‌و رێکه‌وتنه‌دا ناعهدالیهتیهکی بێئه‌ندازه ئه‌نجام دراوه، سه‌روه‌ت و سامانێکی زۆر دیار نه‌ماوه، هه‌روه‌ها ئۆلیگارشیهکی سیاسی پاوانخواز و خۆپه‌رست دروستبوه، ئیلیتێکی بچوکی چاوچنۆکی ئابوری حیزبی باڵاده‌ست کۆنترۆڵی زیاتر له نیوه‌ی بازرگانی و ژیانی ئابوری باشور ده‌کات. بانگه‌شه و ریکلام کردن بۆ زیندوکردنه‌وه‌ی رێکه‌وتنه‌که یا به‌شێک لێی به پاراستنی کرۆکه کۆنه‌که‌ی، له سه‌رده‌مێکدا زۆر شت له باشور گۆراوه، گورزێکی هه‌ستیاره له گۆڕانکاریه ئهرێنهکانی ماوه‌ی دوایی و له چاروانیهکان بۆ ئاینده.
بۆ به‌رچاوڕونی لایه‌نگرانی ئه‌و رێکه‌وتنه و بۆ وردکردنه‌وه‌ی حساباتی رێکه‌وتنه‌که چه‌ندین دۆکیۆمێنت و به‌ڵگه‌ی فه‌رمی و هه‌واڵگری له به‌رده‌ستدان که زۆر له ورده‌کاریه‌کانیان باسکردوه (چۆنیه‌تی دابه‌شکردنی سه‌رجه‌م پۆسته‌کان له کابینه‌کانی هه‌رێم و له به‌غداد، ده‌سه‌ڵاته‌کان، پاره و پول، هه‌ڵوێست له که‌رکوک و خه‌باتی باکوری کوردستان... تاد)، ئێستا کاتی بڵاوکردنه‌وه‌یان نیه، به‌ڵام کاتێک ئه‌م ورده‌کاریانه بخرێنه به‌رچاو ئه‌وسا هاوڵاتی کورد تێده‌گات چۆن له سایه‌ی رێکه‌وتنه‌که‌دا چه‌واشه کراوه و غه‌دری لێکراوه.
له‌م روانگایه‌وه پێویست ناکات لایه‌نگرانی رێکه‌وتنه‌که به‌ناوی کورده‌وه فرمێسکی تمساحی بۆ برێژن. هاوکات پێم وایه ته‌نها دۆخی ئاڵۆز و گرژی نێوان ئه‌و دو هێزه هۆکاری سه‌ره‌کی ئه‌و دانیشتنانه و لیژنه دروستکردن نیه، زیاده بۆ ئه‌مه‌ش چه‌ند هۆکارێکی تایبه‌تی که‌سایه‌تی و دارایی و حیزبی زه‌مینه‌یه‌کی گرنگی تری ئه‌و دانیشتنه و ئاکه‌مه‌کانی ده‌بێت.
چه‌واشه‌کردن و به‌لاڕێدابردنه کاتێک چاوه‌روانی بچێنرێت کێشه‌کانی نێو ئه‌و دو هێزه به‌ئاسانی و به‌بریارێكی فه‌وقی چاره بکرێن، کێشه‌کان پێشئه‌وه‌ی زاده‌ی دۆخی ئێستا بن، له ناخی مێژویی هه‌ر دولادا به‌توندی ره‌گیان داکوتیوه. ئه‌وه‌ی مایه‌ی مه‌ترسیه بۆ ماوه‌یه‌ک په‌یوه‌ندیه‌کانیان بچێته‌وه سه‌ر سکه به‌رته‌سکه خوار و خێچ و رزیوه ژه‌نگاویه‌که‌ی جارانی، به‌واته‌یه‌کی تر قۆرخکاری و زه‌وتکردن و ئیفلیجکردنی پرۆسه‌ی دیموکراسی.
ئه‌گه‌ر ئه‌و دو هێزه ئه‌وه‌نده متمانه‌یان به‌یه‌کتره، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده په‌رۆشی یه‌کڕیزی نێوماڵی کوردن و ئه‌گه‌ر نمونه‌ی حوکمرانی بنکه‌فراوانیان به پێداویستی ئه‌م قۆناغه ده‌زانن (نه‌ک ته‌نها به‌قسه و دروشمی سواو، به‌ڵکو به‌کرداریش)، ئه‌گه‌ر... تاد، چی پێویست به زیندوکردنه‌وه و پێداچونه‌وه‌ی کاغه‌زه کۆنێکی کاڵبوی واژۆکراوی به‌سه‌رچودا ده‌کات، بۆ خۆیان به هه‌موارکردنه‌وه‌ی شتێکه‌وه سه‌رقاڵ ده‌که‌ن که پایه‌کانی مانه‌وه‌ی دارماون. تۆ بلێی نه‌توانن هاوکێشه‌یه‌کی نوێی سه‌رده‌مانه‌ی گونجاو بۆ په‌یوه‌ندیه‌کانیان له‌م ساتانه‌دا بدۆزنه‌وه؟ بۆ ده‌بێت وه‌ک حه‌لیمه بۆ نه‌ریته کۆنه‌کان بگه‌ڕێنه‌وه؟ ناشێت واز له‌م گه‌مه سیاسیه لابه‌لایه بهێنن و وه‌ک دو هێزی مۆدێرن له په‌رڵه‌مان و حکومه‌ت و میدیا و رێکخراوه دیموکراتیه‌کاندا ململانێی دروستی خۆیان بکه‌ن؟ بۆ ده‌بێت به‌رده‌وام پێگه و به‌های تایبه‌تیان هه‌بێت و به‌خۆیانی ببه‌خشن؟ ئه‌گه‌ر ئه‌و دو هێزه وه‌ڵامی موقنیعیان بۆ ئه‌م پرسیارانه نه‌بێت، ئه‌وا بێگومان نیشانه‌ی په‌ککه‌وتن و بێتواناییانه، نه‌ک ئیبداع و خۆگونجاندن. ئه‌قڵیه‌تێکی له‌م جۆره یا چه‌قی به‌ستوه و ئه‌سته‌مه گه‌شه بکات، یا بۆ مه‌رامی تایبه‌ت کاری وا ده‌کات. خۆ ئه‌م دو هێزه له دو به‌ره‌ی جیادا نین، خۆ هه‌ر ئه‌م دو هێزه به‌ته‌نیا له گۆره‌پانه‌که‌دا نین.
هاوسه‌نگی نێوان پارتی و یه‌کێتی
له ته‌وه‌ری هاوسه‌نگی هێزی نێوانیاندا زه‌ره‌ربه‌خش نیه باسێکی لێبکه‌ین.
راسته ئه‌و دو حیزبه خاوه‌نی هێزی چه‌کدار و ده‌زگای تیابه‌ت و سه‌رچاوه‌ی پاره‌ی خۆیانن، به‌ڵام به‌رده‌وام پشکی بنه‌ڕه‌تی هاوسه‌نگی و لاسه‌نگی نێوانیان به‌ده‌ست هێزه ده‌ره‌کیه‌کانه‌وه بون. دوای رێکه‌وتنی واشنتۆن بۆ کۆتاییهێنان به‌شه‌ڕی ناوخۆ به‌رپرسیاریه‌تی راگرتنی هاوسه‌نگی که‌وته ئه‌ستۆی ئه‌مریکاوه و به‌وردی چاودێری کردوه. دوای روخاندنی سه‌دام وه‌سیقه‌ی هێزه‌کانی ئۆپۆزسیۆن، که پێش روخاندنی سه‌دام له له‌نده‌ن به‌چاودێری ئه‌مریکا سازکرا، بوه زامنی هاوسه‌نگی به‌به‌شداری یه‌کێتی و پارتی له ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند، دواتر رێکه‌وتنی ستراتیژی بوه زامنی سه‌ره‌کی هاوسه‌نگی سه‌رده‌می پاره و پله و جاه و نیعمه‌ت. به‌درێژایی ئه‌و بیست ساڵه هه‌رچی ناعهدالیهتی و گه‌نده‌ڵی و سته‌مکاری به‌رامبه‌ر به‌خه‌ڵکی ناڕه‌زا و کپکردنی ده‌نگی ئازاد و شه‌رکردنی کورده شۆرشگیره‌کانی پارچه‌کانی تری کوردستان له‌سایه‌ی "هاوسه‌نگی هێزدا" (لێکتێگه‌یشتن و رازیبونی هه‌ر دولا) ئه‌نجام دراون.
هاوسه‌نگیه‌که له‌سه‌ر ئاستی عێراق توانیه‌تی تاڕاده‌یه‌ک پێگه‌ی کورد له‌رزۆک رابگرێت، سه‌یری وه‌زعمان له گه‌ڵ به‌غداد و له که‌رکوک و ناوچه دابڕێنراوهکای تر بکه‌ین کافیه بۆ تێگه‌یشتنی دۆخه‌که. ته‌نانه‌ت هێرش و په‌لاماره‌کانی داعش، وه‌ک هێزێکی تێرۆریستی نامۆی ده‌ره‌کی، هاوسه‌نگی نێوان پارتی و یه‌کێتی گۆریوه.
لهوساتهوهش ئه‌و هاوسه‌نگیه له ئاکامی ده‌نگی هاوڵاتیانه‌وه له‌نگی تێکه‌وتوه دۆخی کوردستان به‌ره‌و گۆرانکاری جوڵه‌ی باشی تێکه‌وتوه، چونکه راگرتنی هاوسه‌نگی به‌ئاراسته‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه تایبه‌تیه‌کان پارێزگاری واقیعه چه‌سپاوه‌که ده‌کات و رێگره له گۆرانکاری. ئه‌وه خه‌ونێکی زۆر نه‌زۆکه ئه‌و گۆرانکاریانه بخرێنه سه‌ر " سینیه‌کی زێر " و بدرێن به‌وانه‌ی خه‌ون به زیندوکردنه‌وه‌ی ئه‌و جۆره هاوسه‌نگیه‌وه ده‌بینن، ئیتر ئه‌و سه‌رده‌مه به‌سه‌رچو ته‌نها له روانگایه‌کی کلاسیکی هاوسه‌نگی هێزه‌وه هێڵه سیاسیه‌کان دابڕێژرێن.
راسته یه‌کێتی ده‌توانێت له هاوکێشه‌کاندا ده‌وری گه‌وره ببینێت، به‌ڵام نه‌ک به گه‌ڕانه‌وه بۆ هاوسه‌نگیه‌کی به‌سه‌رچو، نه‌ک ته‌نها بهچاوبرین له پشکه‌کانی ئه‌م و ئه‌و. ئه‌وه ته‌نها گۆڕانه توانیویه‌تی زۆر باش پهستهڵۆکی هاوکێشه‌ی سیاسی باشوری کوردستان به‌شێوه‌یه‌ک بشکێنێت که هه‌مو لایه‌نه‌کانی تر خۆشیان بوێت یا تاڵ بیر له شێوازێکی تری مامه‌ڵه‌کردن ده‌که‌نه‌وه، یه‌کێتیش به‌ره‌فتار و هه‌ڵوێسته‌کانی دو ساڵی دوایییدا خۆی زیاتر له په‌یوه‌ندیه‌کان له گه‌ڵ پارتیدا بینیوه‌ته‌وه و کاری جدیشی بۆ کردوه و ده‌یکات، پارتیش به‌رده‌وام به‌شێوازی جیا ئه‌م ته‌وه‌ره‌ی لای یه‌کێتی وروژاندوه به‌مه‌به‌ستی کارێکی زۆر ئه‌سته‌م: "ده‌سته‌مۆکردنی یه‌کێتی".
مه‌به‌سته‌کان؟
پێده‌چێت چه‌ند به‌شداربویه‌کی کۆبونه‌وه‌که به ئاماژه‌کردن بۆ زیندوکردنه‌وه‌ی رێکه‌وتنه‌که چاو له گۆڕان سوربکه‌نه‌وه. ئه‌مه هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره و کاڵفامیهکی سیاسیه، چونکه پێش هه‌مو شتێک گۆڕان له ساته‌کانی ئه‌وجی عه‌زه‌مه‌تی رێکه‌وتنه‌که‌دا روبه‌روی هه‌ر دو هێزه‌که‌ی رێکه‌وتنه‌که بۆته‌وه، گه‌یشتبوه راده‌یه‌ک نیه‌تی جدیان هه‌بو به‌هێزی چه‌کداریان گۆڕان له ناوبه‌رن، جاچی ئێستا گۆڕان له حکومه‌تدایه و زۆر هێمنانه و بێ هه‌ڵڵا نانه‌وه ئه‌رکه‌کانی جێبه‌جێ ده‌کات و دنیای ده‌ره‌وه و به‌شێکی به‌رچاوی هێزه‌کانی تری کوردستان و تایبه‌ت له ناو پارتیشدا گۆڕان وه‌ک هێزێکی بنه‌ره‌تی له بزافی کوردایه‌تی و حوکمرانیدا ده‌بینن که متمانه‌ی سیاسی پێده‌کرێت و مهرجهعێکئ به‌هێزی هه‌یه، بۆیه کاتێک نیه‌ت هه‌بێت بۆ چاوسورکردنه‌وه له گۆڕان کێشه‌یه‌کی زۆر گه‌وره و ئاڵۆز به‌رپا ده‌که‌ن، له‌و باوه‌ره‌دام به‌زه‌ره‌ری گه‌وره‌ی نه‌ته‌وه‌یی بشکێته‌وه.
ناشێت لایه‌نگرانی ئه‌م رێکه‌وتنه رێکه‌وتنه‌که وه‌ک مقاشێک به‌کاربهێنن بۆ یه‌کلاکردنه‌وه‌ی حساباتی تایبه‌تی خۆیان، حساباتی پێگه و ده‌سه‌ڵات و ململانێکانی نێو خودی حیزبه‌کانی خۆیان. لێره‌شدا ده‌یانه‌وێت بهزیندوکردنهوهی رێکه‌وتنه‌که گرژی و ئاڵۆزی له گه‌ڵ گۆڕاندا دروست بکه‌ن، ئه‌مه‌ش بکه‌نه پاساوێک بۆ هه‌نگاوه‌کانی ئاینده‌یان و فشارکردنه سه‌ر گۆڕان.
ئه‌م دو هێزه له سایه‌ی رێکه‌وتنه‌که بێئه‌ندازه سودمه‌ند بون، بۆ نمونه له بردنی پاره‌ی گشتی بۆ کاروباری حیزبیان (35 ملیۆن دۆلار له مانگێکدا)، ئێستا ئه‌م به‌لوعه‌ی ئاوه توندکراوه، حیزب هاواری لێهه‌ڵساوه و ناتوانن وه‌ک جاران پاره بۆ سوپایه‌ک له موچه‌خۆری حیزبی و ده‌یان ده‌زگای راگه‌یاندن و تارماییه زۆره بندیواره‌کانی حیزبی دابین بکه‌ن، لێره‌دا به‌تایبه‌ت یه‌کێتی زیاتر زه‌ره‌رمه‌ندتره، بۆیه کارده‌که‌ن تا بوژاندنه‌وه‌ی رێکه‌وتنه‌که به‌هه‌ر جۆرێک بێت به‌شێک له‌و که‌لێنه‌یان بۆ پڕکاتهو.
کورد له باشور و له کوردستانی گه‌وره پێویستی بنه‌ڕه‌تی به میساقێکی نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه، ئه‌م پهرتهوازهبونه و رێکه‌وتنی دو و سێ لایه‌نه سه‌لماندیان نابنه قه‌ڵغانی نه‌ته‌وه‌یی بۆ پاراستنی خاک و نه‌ته‌وه، به‌ڵکو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ش زه‌ره‌ری زۆریان به کورد گه‌یاندوه.
|
|